Skip to main content

عێراق: هێرشەکانی ئێران هاوڵاتیانی سڤیل لە هەرێمی کوردستان دەکوژێت

هاوڵاتیانی سڤیل، برینداربوونی ئاوارەکان، کوژران، ئاوارەبوون

یەکێک لە ئەندامانی پارتێکی ئۆپۆزسیۆنی ئێران کە لە هەرێمی کوردستانی عێراق نیشتەجێیە، بە برینداری لەسەر جێگای نەخۆشخانە کەوتووە دوای هێرشە ئاسمانییەکانی ئێران،٢٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٢.   © 2022 Ismael Adnan/picture-alliance/dpa/AP Images

(لەندەن) — ئەمڕۆ هیومان ڕایتس وۆچ ڕایگەیاند کە بە پێی ووتەی دانیشتوانی ناوچەکە، بەشێک لە هێرشەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر ئۆفیسەکانی حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران لەهەرێمی کوردستانی عێراق لە کۆتایی مانگی ئەیلوولدا، چەند شارۆچکە و گوندێکی گرتۆتەوە کە ئەو لایەنانە هیچ چالاکیەکی سەربازییان تێدا ئەنجام نەداوە. بە گوێرەی راپۆرتە میدیاییەکان، لە هێرشەکاندا لانیکەم ١٦ کەس کوژراون، دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون و سەدان خێزانیش ئاوارەبوون.

سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بەرپرسیارێتی هێرشەکانی بۆ سەر ئۆفیسەکانی حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێرانی گرتە ئەستۆ و ئامانجەکانی بە " بنکەی تیرۆریستی" ناوزەند کرد. بەڵام دانیشتووان و شایەتحاڵەکان بە هیومان رایتس وۆچیان راگەیاند کە بەشێک لە هێرشەکان ئەو شارۆچکە و گوندانەیان گرتووەتەوە کە پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن هیچ چالاکیەکی سەربازیی تێیاندا ئەنجام نەداوە. هیومان ڕایتس وۆچ نەیتوانی پشتڕاستی بکاتەوە کە ئەو جێگایانەی لە ناوچە شاخاوییەکان بەرکەوتوون ئۆفیسن بۆ چالاکیی مەشقی سەربازی بۆ ئەو پارتە ئۆپۆزسیۆنانەکە کراونەتە ئامانج، وەک دەسەڵاتدارانی رژێمی ئێران بانگەشەی بۆ دەکەن.  

ئادەم کوگڵ، جێگری بەڕێوەبەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هیومان رایتس وۆچ ووتی: ''هێرشەکانی هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر ناوچە جێنیشینەکان لە هەرێمی کوردستان بەشێکە لە مێژوویەکی دوور و درێژی هێرشی کوشندە بۆ سەر خەڵکی سڤیل، بە کاتی جەنگی سوریاشەوە. ئەو وڵاتانەی کە دەیانەوێت لێپرسینەوە لە ئێران بکەن لەسەر سەرکوتکردنی دڕندانەی ئەم چەند ڕۆژەی دووایی، پێویستە دڵنیابن لەوەی کە ئەو کەسانەی بەرپرسیارن لە کوشتنی هەڕەمەکی خەڵکی سڤیل لە دەرەوەی وڵاتیش بە هەمان شێوە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.”

هێرشەکان بۆ سەر ئەو پارتە ئۆپۆزسیۆنانەی لە هەرێمی کوردستانن هاوکات بوو لەگەڵ خۆپیشاندانە بەربڵاوەکانی ئێران کە لە ١٦ی ئەیلوولەوە دەستی پێکرد، دوای مردنی مەهسا (ژینا) ئەمینی کە لەلایەن “پۆلیسی رەوشت”ی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو بە تۆمەتی “نادروست” حیجاب بەستن. دەسەڵاتدارانی ئێران بە توندوتیژیی و دڕندانە وەڵامی ئەو ناڕەزایەتییانەی چەند هەفتەی رابردوویان داوەتەوە، و سەدان خۆپیشاندەر کوژراون و بریندار بوون.

رۆژی 24ی ئەیلوول، سوپای پاسداران تۆپبارانی ئۆفیسەکانی حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێرانیان لە ناحیەی سیدەكان لە باكووری رۆژهەڵاتی شاری هەولێر کرد. هێرشەکان حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێرانیان کردە ئامانج و زیانی گیانی نەبووە. بەڵام ڕاپۆررتە میدیاکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دانیشتوانی عێراق و ئاوارەکانی ئێران لەو کاتەوە شەش گوندی نزیک ئەو ناوچانەیان جێهێشتووە.

حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە ساڵی 1945 و حیزبی کۆمەڵە لە ساڵی 1969 وەک دوو حیزبی سۆسیال دیموکرات دامەزراوون. هەردوو حیزب پێشتر بەشداریی ململانێی چەکدارییان لە ئێراندا کردووە، و بەپێی ئەو زانیاریانەی دەگوترێت تاوەکو ئێستاش باڵی چەکداریان هەیە.

رۆژی 28ی ئەیلوول، جارێکی دیکە سوپای ئێران تۆپبارانی ئۆفیسەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە شارۆچکەی کۆیەی سەر بە پارێزگای هەولێر و حیزبی کۆمەڵە لە کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی زڕگوێز لە پارێزگای سلێمانی دەکات.

فوئاد خاکی بەگی، ئەندامی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە هیومان ڕایتس وۆچ-ی ڕاگەیاند: ''ئێمە پارتێکی سیاسیین نەک گرووپێکی سەربازی. [دەسەڵاتدارانی ئێران] هەوڵدەدەن سەرنج لە خۆپیشاندانەکانی ئێران لابدەن، بۆیە پەنایان بردۆتە بەر تۆپبارانی هەڕەمەکی لەو ناوچانەی دانیشتوانی سڤیلی لێیە لە هەرێمی کوردستان.''

بەپێی ئامارەکانی یونیسێف، هێرشەکان لە کۆیە قوتابخانەیەکی لە کۆمەڵگەی ئاوارەکان تۆپباران کردووە، و بەهۆیەوە دوو منداڵ بریندار بوون و ژنێکی دووگیانیش گیانی لەدەستداوە. هیومان ڕایتس وۆچ ناسنامەی ئەو ژنەی بە ناوی ڕێحان (شیما) کەنعانی ناساند.

زانیار ڕەحمانی، هاوسەری ڕێحان کەنعانی، لە ئۆفیسەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کاردەکات کە هێرشیان کراونەتە سەر، ووتی: “ماڵەکەمان یەک کیلۆمەتر و نیو لە بارەگای حیزبەوە دوورە.” ئاماژەی بەوەشکرد، “[ئێمە] لە کەمپێکدا دەژین کە کەمپی ئاوارەکانە، وە زۆربەی دانیشتووان ژن و منداڵن. ئەو ناوچەیەی من و هاوسەرەکەم لێی دەژین شوێنێکی سەربازی نییە، شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی سڤیلە”.

هاوسەرەکەی کەنعانی دەڵێت، ڕێحان دووگیانی ٣٦ هەفتەمین بووە لەکوڕەکەیان، کە ناویان لێناوە وانیار. دوای هێرشەکە کۆرپەکەیان لەلایەن پزیشکەکانەوە هێنراوەتە دنیا و دواتر نەشتەرگەریان بۆ کەنعانی ئەنجامدا، کە لە پشتی سەری تووشی پێکان و خوێنبەربوونی ناوەوە ببوو. بەهۆی برینەکانیەوە گیانی لەدەستدا. هەروەها وانیاریش تووشی تێکچوونی مێشک بووە و گیانی لەدەستدا. ڕەحمانی ووتی: "کوڕەکەم تەندروست بوو [پێش هێرشەکە]، تاوەکو ئەو ساتە هەموو سۆنەرەکانمان دەریاندەخست کە تەندروستە."

هیومان رایتس وۆچ چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئەفسەرێکی پۆلیسی عێراقی کرد کە لە نەخۆشخانەی کۆیە کاردەکات و هیچ پەیوەندییەکی بەو پارتە ئۆپۆزسیۆنانەوە نییە کە کراونەتە ئامانج. ئەو ووتی: "ڕۆژی 28ی ئەیلوول لە نەخۆشخانەکە کارم دەکرد". ئاماژەی بەوەشکرد، “ژنێکی دووگیانم بینی کە بریندار بوو [لە هێرشەکە]، بیستم دواتر گیانی لەدەستدا. هەروەها منداڵانم بینی کە بریندار بوون، هەروەها هەندێک پاسەوانیشم بینی کە لە بارەگای حیزب کاریان دەکرد”.

ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ پۆلیسه‌ راشیگه‌یاند، نووسینگه‌کانی ئەو پارتە له‌ ناوچه‌کانی نیشته‌جێبوونه‌ که‌ زۆرێک له‌ ئاوارەی ئێرانی تێدا ده‌ژین. ئەفسەری پۆلیسەکە ووتی: "هەرگیز نەمانبینیوە هیچ چالاکیەکی سەربازی لە بارەگاکاندا ئەنجام بدەن چونکە دەکەوێتە ناوچەی نیشتەجێبوون."هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، “ئاگادارم هەندێک چالاکیی سەربازییان هەیە، بەڵام لە شاخەکان نەک لە شارەکان”.

یەکێکی دیکە لە دانیشتوانی شاری کۆیە کە هیچ پەیوەندییەکی بەو پارتە سیاسیانەوە نییە کە کراونەتە ئامانج، بە هیومان رایتس وۆچی راگەیاند ئەو بنکانەی کراونەتە ئامانج تەنها ئۆفیسی سیاسین و شوێنگەی چالاکیی سەربازی نین.

لە پارێزگای سلێمانیش فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و مووشەكەكانی ئێران، ئۆفیسە سیاسییەکانی حیزبی كۆمەڵەی كوردستانی ئێران كە دەكەونە کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی زڕگوێز، دەکەنە ئامانج. محەممەد حەکیمی، ئەندامی کۆمەڵە ووتی: ''ئۆفیسی ئێمە لە ناوچەیەکی نیشتەجێبوونە.'' ئاماژەی بەوەشکرد، “ئێمە هیچ چالاکیەکی سەربازیمان نییە. دانیشتوانی ئەو کۆمەڵگەیە هەموویان ئاوارەی ئێرانن کە هەڵهاتوون.'' ئەوەشی خستەڕوو، حزبەكە لە دەرەوەی ئەو ئۆفیسەی لێی دراوە چالاكی سەربازی ئەنجام نادات.

ئەنوەر قوبادی، یەکێکی دیکە لە ئەندامانی کۆمەڵە دەڵێت: “لە ئۆفیسی کۆمەڵە بووم لە زڕگوێز کاتێک فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە پشتمانەوە کەوتە خوارەوە،" هەروەها قوبادی پەنابەرێکە کە بە هیومان ڕایتس وۆچ-ی ڕاگەیاندووە کە لە ساڵی ٢٠١٠ ئێرانی بەجێهێشتووە، دوای ئەوەی تووشی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ بووە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە. ئاماژەی بەوەشکرد کە هەموو دانیشتوانی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی زڕگوێز پەنابەرن.

دوای ئەوەی یەکەم فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە پشت ئۆفیسەکەیان کەوتە خوارەوە، قوبادی و دوو هاوکارەکەی لە باڵەخانەکە هەڵهاتن. ووتیشی: "دوای خولەکێک مووشەکێک و فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دیکە بەر ئۆفیسەکە کەوتوون، پارچەی بۆردوومانەکەش بەر پشتم کەوتووە و هاوکارەکانیشم برینداربوون و بیناکە وێران بووە. کەس نەکوژراوە”.

ئێران پێشتریش هێرشی کردۆتە سەر ئۆفیسە سیاسییەکانی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران کە ئۆفیسەکانیان لە عێراقە. بەپێی هەواڵی میدیا ناوخۆییەکانی ئەو کات، مووشەکەکانی ئێران لە مانگی ئەیلوولی 2018 بارەگای دوو حیزبی کوردی ئێرانیان لە کۆیە بۆردوومان کرد و لانیکەم 14 کەس کوژران.

لە ٨ی کانونی دووەمی ٢٠٢٠دا، سوپای پاسدارانی ئێران فڕۆکەی ٧٥٢ی هێڵی ئاسمانی نێودەوڵەتی ئۆکرانیای خستەخوارەوە و بەو هۆیەوە سەرجەم ١٧٦ سەرنشین و تیمی فڕۆکەکە گیانیان لەدەستدا. دوای چەندین رەتکردنەوە لە سەرەتادا، فەرماندەی ناوەندی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە 11ی رێبەندان دانی بەوەدانا کە سوپای پاسداران "بە هەڵە" فڕۆکە نەفەرهەڵگرەکەی خستۆتە خوارەوە. دواتر دەسەڵاتدارانی ئێران بەشداربوو لە هەڵمەتی هەراسانکردن و سووکایەتیکردن دژی بنەماڵەی ئەو کەسانەی لە فڕۆکەی ٧٥٢ کوژران بۆ کەمکردنەوەی هەوڵەکان بۆ لێپرسینەوە. لە ٦ی نیسانی ٢٠٢١دا دەسەڵاتدارانی ئێران ڕایانگەیاند کە ١٠ کەسیان بە تۆمەتی ڕۆڵبینین لەو ڕووداوە تۆمەتبار کردووە بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەکی گشتییان دەربارەی ناسنامە، پلە و تۆمەتەکانیان نەداوە. دەسەڵاتدارانی ئێران نەیانتوانیوە هیچ لێکۆڵینەوەیەکی باوەڕپێکراو و روون لەبارەی پێشێلکارییە جددییەکانی هێزە ئەمنییەکان ئەنجامبدەن. لێکۆڵینەوەیەکی زانستیی-دادوەری حکومەتی کەنەدا سەبارەت بە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەی ٧٥٢ دیاری کرد کە "ئێران شکستێکی گەورەی هێناوە لە پێشکەشکردنی ڕوونکردنەوەیەکی باوەڕپێکراو سەبارەت بەوەی چۆن و بۆچی سوپای پاسداران فڕۆکەی PS752ی خستۆتە خوارەوە."

Your tax deductible gift can help stop human rights violations and save lives around the world.