Skip to main content

بەهۆی کەمتەرخەمیەوە لە عێراق، تراژیدیا لە دایک دەبێت

جێبەجێکردنی زیاتری یاساکانی سەلامەتی پێویستە

ئەندامانی تیمی گەڕان لە هۆڵێکی ئاهەنگی هاوسەرگیریدا کار دەکەن، دوای ئەوەی ئاگرێکی کوشندە لە کاتی ئاهەنگی هاوسەرگیریدا لە هۆڵەکەدا کەوتەوە لە ٢٧ ئەیلوولی ٢٠٢٣.  © ٢٠٢٣ ئیسماعیل عەدنان picture-alliance/dpa/AP Photo

بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە هۆڵێکی هاوسەرگیری ١٢٢ کەس گیانیان لەدەستدا. بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە نەخۆشخانەیەکی کۆڤید-19 ٨٢ کەس گیانیان لەدەستدا. دوای سێ مانگ، بەهۆی ئاگرکەوتنەوەی نەخۆشخانەیەکی دیکە ٩٢ کەسی دیکە گیانیان لەدەستدا.  

هەرچەندە ئەم ڕووداوانە لەچەند ڕووداوێکی چاوەڕواننەکراو و نەخوازراو دەچن، بەڵام هەموویان تراژیدیایەک بوون کە دەتوانرا ڕێگریان لێبکرێت و تەنها یەک ڕەهەندی هاوبەشیان هەبوو؛ کەمتەرخەمیەکی گەورە.

لێکۆڵینەوەکانی حکومەت سەبارەت بە هۆکاری ئەم ئاگرانە دەریخستووە کە دەسەڵاتدارانی خۆجێی کەمتەرخەم بوون لە جێبەجێکردنی یاساکانی سەلامەتی و ئەنجامدانی پشکنین.  بەڵێندەران کەرەستەی بیناسازی زۆرهەرزان و سوتێنەریان بەکارهێناوە بۆ کەمکردنەوەی تێچووەکان. گەندەڵی ڕێگەی بە پێشێلکاران داوە بە بێ ئەنجامدانی لێپرسینەوەی یاسایی کار بکەن. ژمارەی گیان لەدەستدانەکان زیاتر ڕوویان لە هەڵکشان کردن بەهۆی نەبوون یان کەمی ڕێگای دەرچوون، سیستەمی ئاگرکوژێنەوە و پلانی چۆڵکردن.

دەسەڵاتداران لە ساڵی ٢٠٢٢ دا ٣٢،٤٠٠ئاگرکەوتنەوەیان لە عێراقی فیدراڵ و ٧،٥٤٦ لە هەرێمی کوردستانی عێراق تۆمار کردووە. دوو هۆکاری سەرەکی بۆ ئەم ئاگرکەوتنەوانە، لە ناوچە بازرگانی و نیشتەجێبوونەکان، بریتی بوون لە گۆڕانی ڤۆڵتیە و وایەری خراپ بوو، و زۆرجار لەبەر ئەوەی بەڵێندەران کارەکانیان بە خێراترین کات و هەرزانترین نرخ ئەنجامداوە کە پێشێلکردنی یاساکانی بیناسازیە. 

هەربۆیە، تەنها کەوتنەوەی ئاگرنیە.

لە ساڵی ٢٠١٩، بەلەمێکی پرلە سەرنشین لە نزیک موسڵ نوقم بوو کە بووە هۆی گیان لە دەستدانی ١٢٨ کەس، و لابردنی پارێزگاری ئەو کاتەی موسڵ، نەوفەل حەمادی. لێکۆڵینەوەکان پێشنیازی ئەوەیان کردووە کە فەرمانەکانی پۆلیسی ڕووبارەکە کە ئاماژەی بەوە کردووە کە بارودۆخەکە سەلامەت نییە بۆ کارکردن پشتگوێ خراوە، لەگەڵ ئەوەی کە خێرایی ئاوی ڕووبارەکە زیاد لە دووهێندە خێراتر بووە لە خێرایی کاتی ئاسایی. کەشتییەکە ٢٨٧ سەرنشینی هەڵگرتبوو کاتێک کە نوقم بوو؛ بەرزترین ئاست بۆ هەڵگرتنی سەرنشین لە کەشتیەکە ۸۰ کەس بوو.

لە مانگی کانوونی دووەم، بینایەک لە ژێر دروستکردندا ڕووخا و سێ کەس کوژران و نۆ کەسیش بریندار بوون. دوو مانگ دواتر، بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی عێراق هۆشداری دا لەوەی کە زیاتر لە ٢٥٠٠ باڵەخانە لە سەرانسەری عێراق لە لێواری داڕماندان، و بەرپرسانیان تۆمەتبار کرد بە هەڵکردنی گڵۆپی سەوز بۆ ئەو بینایانەی کە کوالیتی سەلامەتی و ستانداردی پەسەندکراوی نیە، و ئەمەش بۆتە هۆی چۆڵکردنی دانیشتوان لەو ماڵانەی کە لەژێر مەترسیدان.

حکومەتی عێراقی ئەوەی کردووە کە دەبێت بیکات؛ وەک زیندانی کردن، دەرکردن یان غەرامەکردنی ئەو کەسانەی کە کەمتەرخەمیەکانیان هۆکار بووە بۆ ڕوودانی ئەم کارەساتانە. بەڵام بە هەمان شێوە گرنگە، دەسەڵاتداران لەسەرەتادا هەنگاو بنێن بۆ ڕێگەگرتن لەم تراژیدیایانە بە جێبەجێکردنی یاساکانی سەلامەتی ئاگرکوژێنەوە، ستانداردەکانی بیناسازیی پەسەندکراو و گواستنەوەی متمانەپێکراو. 

Your tax deductible gift can help stop human rights violations and save lives around the world.

Region / Country