Skip to main content

عێراق: زیانى کێلگە نەوتییەکانى هەرێمى کوردستان، مافەکان دەخاتە مەترسییەوە

ڕاگرتنى مووچەى فەرمانبەرانى کەرتى گشتیى لەلایەن حکومەتەوە، کورتهێنانى داهاتەکانى زیاترکردووە

دیمەنێكی دوای هێرشە درۆنییەکەی سەر کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ، کە لەلایەن کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن بەڕێوەدەبرێت، لە پارێزگای دهۆك، عێراق، ١٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٥.  © ٢٠٢٥ ئازاد لەشکری/ڕۆیتەرز 

(بەیروت، ٢٩ى تەموزى ٢٠٢٥) – ئەمڕۆ ڕێکخراوى هیومان ڕایتس وۆچ ڕایگەیاند، هێرشە درۆنییەکان بۆسەر پێنج کێڵگەى نەوت لە هەرێمى کوردستانى عێراق، لەلایەن گروپى نەناسراوەوە لەنێوان ١٤ بۆ ١٦ى تەموزى ٢٠٢٥، بەشێوەیەکى کاریگەر زیانى گەیاندووە بە بەرهەمهێنانى ووزە لە هەرێمەکە.

هێرشە درۆنییەکان ئاماژەى پەرەسەندنێکى مەترسیدارن لە ناکۆکى درێژخایەنى نێوان بەغداد و هەولێر لەسەر پرسى کۆنترۆڵکردن و دابەشکردنى داهاتى نەوت. وەک بەشێک لەو ناکۆکییە، بەغداد لە مانگى ئایارەوە دابینکردنى مووچەى فەرمانبەرانى کەرتى گشتیى حکومەتى هەرێمى ڕاگرتووە. دەبێت دەسەڵاتدارانى فیدراڵى عێراق و هەرێمى کوردستان لێکۆڵینەوە بکەن لەبارەى هێرشە درۆنییەکان، ڕێگرى لە هێرشى زیاتر بکەن بۆسەر ژێرخانى ووزە، و دڵنیابن لە پێدانى مووچەى فەرمانبەرانى کەرتى گشتیى بەتەواویى و لەکاتى خۆیدا.

سارە سەنبار، توێژەرى عێراق لە ڕێکخراوى هێومان ڕایتس وۆچ، دەڵێت: "زیانگەیاندنى بە مەبەستى ژێرخانى نەوت کاریگەرى جددى هەیە لەسەر دەستڕاگەیشتنى هاووڵاتیانى هەرێمى کوردستان بە خزمەتگوزارییە گشتییەکان." هەروەها دەشڵێت: "دۆخەکە سەختتر بووە، لەکاتێکدا هەزاران مامۆستا، پزیشک، و پەرستار ناتوانن خەرجییەکانى ڕۆژانەى خۆیان دابین بکەن، بەهۆى ئەوەى مووچەکانیان بووەتە بارمتەى مشتومڕى سیاسیی."

ماڵپەرى نیو عەرەب بڵاویکردووەتەوە، هێرشە درۆنییەکان نزیکەى ٢٢٠ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمى ڕۆژانەیان کەمکردەوە، واتە کەمکردنەوەى کۆى گشتیى لەسەدا ٧٠ى بەرهەمى نەوتى هەرێم. هیچ قوربانییەك بەهۆى هێرشەکان تۆمارنەکران. لەکاتێکدا هیچ گروپێك بەرپرسیارێتى خۆى لە هێرشەکان ڕانەگەیاندووە، بەڵام عەزیز ئەحمەد، جێگرى بەڕێوەبەرى نوسینگەى مەسرور بارزانى، سەرۆکوەزیرانى حکومەتى هەرێمى کوردستان، "میلیشیاى تاوانکارى مووچەخۆرى حکومەتى عێراق"ى تۆمەتبارکرد.

حکومەتى هەرێمى کوردستان بەشێوەیەکى سەرەکى پشت دەبەستێت بە داهاتى نەوت و بودجەى فیدراڵیى بۆ دابینکردنى مووچە و خزمەتگوزارییە گشتییەکان. لە ٢٠١٤ەوە، بەغداد جار بۆ جار پشکى بودجەى فیدراڵیى هەولێر ڕادەگرێت، ئەو بەشە بودجەیە وەکو کارتێك بەکاردەهێنێت بۆ بەزۆر دەستبەرداربوون لە مافەکان لەکاتی دانوستانەکانی پەیوەست بە داهاتى نەوتەوە.

لە ١٧ى تەموزدا، حکومەتى عێراق ڕێککەوتنێکی پەسندکرد لەگەڵ حکومەتى هەرێم بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان و دابینکردنى مووچەى فەرمانبەرانى کەرتى گشتیى. لە ٢٤ى تەموز، وەزارەتى دارایى هەرێمى کوردستان جەختیکردەوە لەوەى کە پارەى مانگى ئایارى وەرگرتووە و دەست دەکات بەدابەشکردنى مووچە. مووچەکانى حوزەیران و تەموز هێشتا یەکلانەبوونەتەوە.

هیومان ڕایتس وۆچ ڕایدەگەیەنێت، ڕاگرتنى مووچەى فەرمانبەرانى کەرتى گشتیى بەشێوەیەکى ڕاستەوخۆ کاریگەرى کردووەتەسەر جۆرێتیى و دابینکردنى خزمەتگوزارییە گشتییەکان، لەوانەش کەرتى تەندروستى و پەروەردە.

بەپێى ماڵپەرى کەرکوك ناو، بەهۆى ڕاگرتنى ناردنى بوجەى پەیوەست بە نەوتەوە، حکومەتى هەرێمى کوردستان نەیتوانیووە مووچەى ١٦ مانگى مامۆستایان بدات، هەروەها لەماوەى دەیەى ڕابردوودا ٤٤ مووچەى بەلێبڕینەوە داوە. مامۆستایان و بەڕێوەبەرانى قوتابخانەکان زوو زوو ماندەگرن بۆ ناڕەزایى دەربڕین لە پێنەدانى مووچەکانیان. لە کۆتاییەکانى ٢٠٢٣دا، نزیکەى ٦٠ هەزار مامۆستا بۆماوەى شەش مانگ مانیان گرت، کە ئەوەش درێژترین ماوەى مانگرتنى بەردەوامى فەرمانبەرانى کەرتى گشتیى بووە لە هەرێمى کوردستان، بەوهۆیەشەوە ٧٠٠ هەزار خوێندکار لەدەرەوەى هۆڵەکانى خوێندن مانەوە.

بەهەمانشێوە، کارمەندانى تەندروستى زوو زوو مانیانگرتووە بەهۆى پێنەدانى مووچەکانیان، ئەوەش چاودێرى فریاگوزارى خێراى سنووردار کردووە. زۆرێک لە پزیشکان، کە ڕووبەڕووى فشارى سەختى دارایى دەبنەوە، ڕوویان کردووەتە نۆڕینگە تایبەتەکان، ئەمەش دەرفەتى چارەسەرى لە نەخۆشخانە گشتییەکاندا کەم کردووەتەوە و کواڵیتى چارەسەریش بۆ ئەو نەخۆشانە دابەزیووە کە ناتوانن خزمەتگوزارى کەرتى تایبەت بەکاربهێنن.

هیومان ڕایتس وۆچ ڕایدەگەیەنێت، هێرشە درۆنییەکان ژێرخانى ووزەى هەرێم دەخەنە ژێر هەڕەشەوە و بەشێوەیەکى ڕاستەوخۆ کاریگەرییان دەبێت لەسەر دابینکردنى کارەبا. ئومێد سەعید، بەڕێوەبەرى ناوەندى کۆنترۆڵى هەرێمى کوردستان لە وەزارەتى کارەبا، لە مانگى نیساندا بە هیومان ڕایتس وۆچى ڕاگەیاند: دەستڕاگەیشتن بە کارەبا لە هەرێم هێشتا سەقامگیر نییە، کە تەنها شەش کاتژمێر کارەباى نیشتمانى لە زستاندا هەیە و لەنێوان ١٢ بۆ ١٤ کاتژمێر لەهاویندا کارەبا هەیە.

کێلگەى گازى خۆر مۆر، کە دابینکەرى سووتەمەنى زۆرینەى کارەباى هەرێمە، لە ٢٠٢٣ەوە زیاتر لە نۆ جار بە هێرشى درۆنى بەئامانجگیراوە، دواهەمینیان لە شوباتى ٢٠٢٥دا بوو. لە نیسانى ٢٠٢٤دا، هێرشێکى درۆنى بۆسەر خۆر مۆر بووەهۆى کوژرانى چوار کرێکار و ببۆماوەى هەفتەیەک بەرهەمهێنان وەستا. سەرەڕاى بەڵێنى محەمەد شیاع ئەلسودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق، بەڵام حکومەت هەرگیز ئەنجامى لێکۆڵینەوەکانى بڵاونەکردەوە و هیچ کەسێك لەو هێرشانە ڕووبەڕووى لێپرسینەوە نەکرایەوە.

وەزارەتى سامانە سروشتییەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان سەرکۆنەى زنجیرە هێرشە درۆنییەکانى ئەم دواییەى کرد کە "ئەو هێرشە تیرۆریستیانە ئامانجیان زیانگەیاندنە بە ژێرخانى ئابورى هەرێمى کوردستان و سەلامەتى ئەو کارمەندە مەدەنییانە دەخاتە مەترسییەوە کە لە کەرتى ووزەدا کاردەکەن."

لە ١٥ى تەموزدا، محەمەد شیاع ئەلسودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق فەرمانیکرد بە لێکۆڵینەوە لە هێرشە درۆنییەکان بۆسەر کێڵگە و دامەزراوە نەوتییەکان لە هەرێمى کوردستان و بەڵێنیدا کە ئەوانەى بەرپرسیارن ڕووبەڕووى لێپێچینەوە بکرێن.

هیومان ڕایتس وۆچ ڕایدەگەیەنێت، دەسەڵاتدارانى هەردوو حکومەتى فیدراڵ و هەرێم بەرپرسیارن لە پاراستنى ژێرخانى سەرەکى و دابینکردنى خزمەتگوزارییەکان و پاراستنى هاووڵاتیان. دەبێت بە بڕوایەکى باشەوە کاربکەن بۆئەوەى دڵنیابن لەوەى کە دۆخى ئابوورى و کۆمەڵایەتیى و مافە کلتورییەکانى دانیشتووان دابین بکەن و دابینکردنى مووچەى فەرمانبەرانى کەرتى گشتیى دەبێت ئەرکى لەپێشینەبێت بۆئەوەى خزمەتگوزارییە گشتییەکان دابین بکرێن. شکستى درێژخایەنیان لە چارەسەرکردنى ئەو ناکۆکیانە کاریگەرى ڕاستەوخۆ و ڕووخێنەرى هەبووە لەسەر مافى فەرمانبەرانى کەرتى گشتیى، هەروەها ئەو خەڵکانەش کە پشت بە خزمەتگوزارییەکانیان دەبەستن.

عێراق، وەکو دەوڵەتێکى ئەندام لە پەیماننامەى نێودەوڵەتى ئابوورى، کۆمەڵایەتى، و مافە کلتورییەکان، پاپەندە بە دابینکردنى مافى ستانداردى ژیانێکى گونجاو، دابینکردنى مووچە لەکاتى خۆیدا، و دابینکردنى خزمەتگوزارییە تەندروستى و پەروەردەییەکان.

سەنبار دەڵێت: "دەبێت بەغداد و هەولێر مووچەى فەرمانبەرانى حکومیى و دۆخى ژیانیان بەکارنەهێنن وەکو یارییەکى تۆپى پێ لە دانوستانەکانیان لەبارەى نەوتەوە."

GIVING TUESDAY MATCH EXTENDED:

Did you miss Giving Tuesday? Our special 3X match has been EXTENDED through Friday at midnight. Your gift will now go three times further to help HRW investigate violations, expose what's happening on the ground and push for change.
Region / Country