Skip to main content

ئێران/تورکیا: هێرشەکانى کۆتایى ساڵى 2011 بۆسەر هاووڵاتیانى مەدەنى کوردستانى عێراق لانى کەم 12 کەس

کوژراوون و بە هەزارانى تر ئاوارە بوون

(بەغداد) - هیومان ڕایتس وۆچ لە ڕاپۆرتەکەى ئەمڕۆیدا ڕایگەیاند، لە ناوەڕاستى مانگى تەموزەوە  تا کۆتایى تشرینى دووەمى ئەم ساڵ هێرشە سنوریەکانى سوپاى ئێران و تورکیا، کوژرانى زیاتر لە 12 هاووڵاتى مەدەنى و ئاوارەبوونى  هەزارانى ترى  لێکەوتوەتەوە.  تەنانەت بەو ناوچانەشەوە کە وا دەردەکەوێت هیچ ئامانجێکى  سەربازیان تێدا نەبووە.

ئێران و تورکیا بانگەشەى ئەوە دەکەن  کە هێرشەکانیان وەڵام و کاردانەوەى  سنوربەزاندن و هێرشە چەکداریەکانى گەریلا و گرووپە چەکداریەکانە.  بەڵام دانیشتوانى ئەو ناوچانەو بەرپرسە عێراقیەکان بە هیومان ڕایتس وۆچ، کە پێشترو  لە مانگى تشرینى دووەمى ئەم ساڵدا سەردانى ناوچە زیان لێکەوتووەکانى کردبوو، ووت زۆرێک لەو ناوچانەى بوونەتە ئامانجى هێرشەکان  تەنها ناوچەى مەدەنین و چالاکى هیچ جۆرە گرووپێکى چەکدارى تێدا نیە تالێیانەوە هێرش بکەنە سەر ئێران و تورکیا هەروەها هیچ ئامانجێکى سەربازى لەو ناوچانەدا بوونى نەبووە.

سارا لى ویتسن بەڕێوەبەرى بەرنامەی خۆرهەڵاتى ناوەڕاست لە هیومان ڕایتس وۆچ ووتى، “ڕەنگە ئێران بڵێ بۆردومانەکانیان کاردانەوەى ئەو هێرشە چەکداریانەیە کە لەناو خاکى کوردستانى عێراقەوە ڕووبەڕووى دەبنەوە، بەڵام هێرشە مووشەکیەکانى سوپاى ئێران بۆ سەر گوند و گوندنشینەکان گەورەترین زیانى بە هاوڵاتیانى مەدەنى ئەو ناوچانە گەیاندووە.

پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە) و پارتى ژیان و ئازادى کوردستان (پژاک) کە بارەگا و چالاکیەکانیان نزیکە لە هەندێک لەو ناوچانەى هاوڵاتیانى مەدەنى لێ نیشتەجێن لەناو کوردستانى عێراقدا. هەروەها هیومان ڕایتس وۆچ ووتى کە پێویستە هەردوو گرووپ چالاکیە چەکداریەکانیان بە دوور بگرن لەو ناوچانەى هاووڵاتیانى مەدەنى لێیە.

بەرپرسانى ناوخۆى حکومەت بە هیومان ڕایتس وۆچیان ووت کە لە دواین هێرش و بۆمبارانەکانى  فرۆکەکانى سوپاى تورکیا لە شەوى 22ى تشرینى دووەمى ئەم ساڵدا  بۆسەر هەندێک لە ناوچە سنوریەکانى پارێزگاى هەولێر و سلێمانى هاووڵاتیەکى مەدەنى تەمەن 20 ساڵ بریندار بووەوەو زەرەروو زیانێکى زۆرى گەیاندووە بە کشتوکاڵ و مەڕوماڵاتى گوندنشینەکان، ئەمە لە کاتێکدایە کە  هیچ ئامانجێکى سەربازى لەو ناوچانەدا بوونى نەبووە.

پاش ئاگربەستى سوپاى ئێران و پارتى ژیان و ئازادى کوردستان (ئەم گرووپە لە ساڵى 2004 دامەزراوە پەیوەندیەکى بەهێزى هەیە بە پارتى کرێکارانى کوردستانەوە)  لە مانگى ئەیلولى ئەم ساڵدا،.بارودۆخى ناوچە زەرەروو زیان لێکەوتووەکان بەهۆى بۆمبارانەکانى سوپاى ئێرانەوە  باش بووە.

هیومان ڕایتس وۆچ لە دوورى یەک کیلۆمەتر لە گوندێکى ناوچەى پشدەر پاشماوەى ڕۆکێتێکى ئێرانى (شاهین 333 ملم) بینی و وێنەى فوتۆگرافى گرتووە. ئەم ڕۆکێتە لە کۆتایى مانگى (ئاب) لەلایەن سوپاى ئێرانەوە  هاوێژراوە بۆ ئەو ناوچەیە، کە نەدەبووایە ئەم جۆرە ڕۆکێتە لەو  مەودا دوورەوە بەکاربهێرایە، چونکە لەو دووریەوە ئامانجەکانیان بە باشى ناپێکن ئەمەش دەچێتە چوارچێوەى بۆردومان کردنى کوێرانەی ئەو ناوچانە.

بەپێى ووتەى بەرپرسە ناوخۆیەکان، هێرشەکان لە مانگى تەمووز تا تشرینى دووەمى ئەم ساڵدا ئاوارەبوونى نزیکەى 1350 خێزانى (8000 کەس) لێکەوتەوە، هەرچەندە زۆرێک لە خێزانە ئاوارەبووەکان ئێستا کامپەکانیان جێهێشتووە  بەهۆى سەرماى زستان و نەبوونى خزمەت گوزارى پێویست و داخستنى ئەو کامپانە هەروەها باش بوونى بارودۆخى ناوچەکانیان.

لە نێوان 7 تا 10 ى مانگى ڕابردوودا هیومان ڕایتس وۆچ سەردانى 18 گوندى ناوچە شاخاویەکانى قەڵادزە، قەندیل، سەنگەسەر، ژاراوە و سیدەکانى کرد. هەروەها گفتوگۆى لەگەڵ زیاتر لە 40 گوندنشینى ئاوارەى ناوچە زیان لێکەوتووەکان کردووە  کە لە مانگى ئابى ئەم ساڵەوە ماڵ و حاڵیان بەجێهێشتووە. بە ووتەى  خۆیان لە ژێر گوشارى بۆمبارانەکاندا بۆ سەر گوندەکانیان یاخود نزیک گوندەکانیان ماڵ و حاڵیان جێهێشتووە. پاش سەردانەکەی بۆ ناوچە زیانلێکەووتوەکان هیومان ڕایتس وۆچ بۆى دەرکەوت لە ئەنجامى بۆردوومانەکان  دەیان ماڵ وێران بوون و زیاتر لە 10 گوند چۆڵ کراون. هەروەها دوو کامپى کاتى بۆ نیشتەجێبوونى ئاوارەکان لە ناوچەى سیدەکان بنیاتنرابوون. لەگەڵ ئەوەشدا، هیومان ڕایتس وۆچ جموجۆڵ و چالاکى گەریلاکانى لە بەشێکى زۆرى ناوچەکانى قەڵادزە و قەندیل بەدیکرد. بە تایبەت لە هەندێک لەو شوێنانە پژاک و پەکەکە خاڵى پشکنینیان هەیە. گوندنشینەکانیش جەختیان لە بوونى ئەم دوو گرووپە لە ناوچەکانیاندا کردەوە. بەڵام دانیشتوان و بەرپرسە ناوخۆییەکان ووتیان گرووپە چەکدارەکان هیچ جۆرە چالاکیەکیان لە ناوچە زیانلێکەوتووەکانى سیدەکان و سەنگەسەرو ژاراوە ئەنجام نەداوە. هیومان ڕایتس وۆچیش سەردانى ئەم ناوچانەى کردووە. 

هەروەها هیومان ڕایتس وۆچ گفتوگۆى لەگەڵ هەندێک لەو خێزانە ئاوارانەى ناوچەى ڕانیە کرد، کە لە ماڵى خزم و کەسیاندا نیشتەجێبوون لەبرى چوونە ناو کامپى ئاوارەکان. ئەو خێزانانە بێبەشن لە وەرگرتنى یارمەتى ڕێکخراوە مرۆییەکان. هەموو ناوچە زیانلێکەووتوەکان دەکەونە سنوورى پارێزگاى هەولێر و سلێمانیەوە. ئەم ناوچانە دەکەونە ژێر ئیدارەى دەستەڵاتى حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە، هەرچەندەچەکدارەکانی پارتى کرێکارانى کوردستان و پارتى ژیان و ئازادى کوردستاندان دەستەڵاتیان بەسەر بەشێکى ناوچەکانى قەڵادزە و قەندیل.

لە مانگى حوزەیرانى ساڵى ڕابردووەوە ، هیومان ڕایتس وۆچ ڕاپۆرتى دۆکیومێنتارى ئامادەکردووە  لەسەر قوربانیانى  هاووڵاتى مەدەنى و وێران بوونى ماڵ و حاڵیان لە دەرەنجامى هێرشە سنوریەکانى سوپاى ئێران و تورکیا. لەگەڵ دەرخستنى ئەو بەڵگانەى کە ئاماژە بەوە دەکەن  هێرشە بەردەوامەکانى سوپاى ئێران  ڕەنگە هەوڵێک بێت بۆ وەدەرنانى هاووڵاتیانى مەدەنى هەندێک لەو ناوچانەى نزیکن لە سنورەکانى ئێرانەوە. ئێران بانگەشەى ئەوە دەکات کە لە هەموو هێرشەکانیاندا ئەو ناوچە شاخاویانەى سەر سنور دەکەنە ئامانج کە گرووپە چەکدارەکان چالاکى تێدا ئەنجام دەدەن. هەروەها تورکیاش دەڵێ تەنها پارتى کرێکارانى کوردستان دەکەنە ئامانجى هێرشەکانیان کە بە درێژایى دەیان ساڵە لە جەنگ و ململانێدایە لەگەڵ دەوڵەتى تورکیادا.

هەردوو گرووپى چەکدار بە ئاشکرا ڕایدەگەیەنن کە هێرشەکانیان دژى سەربازانى تورکیا و ئێران زیاد دەکەن و  بەردەوام دەبن لە خەبات کردن لە پێناو یەکسانى نەتەوایەتى بۆ گەلى کورد  لەو ووڵاتانەدا. لە مانگى (ئاب) ى ڕابردووەوە، هێرشە تیرۆرستیەکانى پارتى کرێکارانى کوردستان  لە تورکیا کوژران و برینداربوونى ژمارەیەک هاووڵاتى مەدەنى لە شارەکانى ئەنقەرە، باتمان، سیرت، بینگۆل و تونسێلى لێکەوتووەتەوە.

هێرشەکان بۆسەر کوردستانى عێراق  زەرەروو زیانی بە ئابوورى ناوچە زیانلێکەوتووەکان گەیاندووە. بەرپرسە ناوخۆیى و گوندنشینەکان بە هیومان ڕایتس وۆچیان ووت کە ساڵانە لە ئەنجامى هێرشە سنوریەکانى هەردوو ووڵاتەوە  بە سەدان جووتیارى هەژار ناچار دەبن ڕەزو و دانەوێڵەکانیان جێبهێڵن و هەروەها بەشێکى زۆرى بەرهەمى ئەو ساڵەیان کە بۆ زۆرێکیان  تەواوى داهات و سەرچاوەى بژێوى ئەو ساڵەیانە لەناودەچێت. ژمارەیەک جووتیار ووتیان بە هیومان ڕایتس وۆچ، لەبەرەوەى بۆمبارانەکان هەموو ساڵێک لە وەرزى  چاندن و دورینەوەدایە لەو بڕوایەدان ئەوە هەولێکى ئەنقەست بێت بۆ وەدەرنانى هاووڵاتیانى مەدەنى ئەو ناوچانە ئەوەش بەلێدانى سەرچاوەکانى بژێوى ژیانیان. بەشێکى ترى ئەو زیانانە بریتیە لە وێران بوونى ماڵ، قوتابخانەو بیرى ئاو و مۆلیدەى کارەبایى  هەروەها کوشتنى سەدان سەر مەڕ و ماڵات.

هەروەک لە ساڵانى ڕابردوودا، ئاسان نەبووە بۆ ڕێکخراوە مرۆییەکان  و شارەوانیە ناوخۆییەکان  هەستن بە دابین کردنى پێداویستیە سەرەتاییەکانى ئەو خێزانانەى کە هەڵهاتوون لە ترسى هێرشەکان. بە گووتەى ڕێکخراوە مرۆییەکان و خێزانەکان  تا کۆتایى مانگى تشرینى یەکەم بەشێکى زۆرى خێزانە ئاوارەکان  کامپەکانیان جێهێشتووە  زۆرێکیان بەهۆى سارد و سەرماى زستان  و نەبوونى خزمەت گوزارى وەک ئاو، سوتەمەنى و قوتابخانەى منداڵەکانیان

ویتسن گووتى، "پێویستە تورکیا و ئێران بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن لە بەرامبەر هاوڵاتیانى مەدەنى، تەنانەت ئەگەر لە نزیک ناوچەکانیشیان چالاکى گرووپە چەکداریەکان هەبێت.”هەروەها پێویستە پژاک و پارتى کرێکارانى کوردستان بە شێوەیەکى نا یاسایانە ژیانى هاووڵاتیانى مەدەنى نەخەنە مەترسیەوە ، چ لە شێوازى ئەنجامدانى چالاکیە چەکداریەکانیان یان مانەوەیان لە نزیک ئەو ناوچانەى هاووڵاتیانى مەدەنى لێ نیشتەجێن.

 

بۆردومانەکانى تورکیا

لە ناوچەى سیدەکانى نزیک سنورى تورکیا لەسەر ڕێگایەکى شاخاوى، هیومان ڕایتس وۆچ کامپێکى کاتى بەسەر کردەوە کە 100 خێزانى ئاوارەى  گوندەکانى گۆڵێ، لێتان، بەسەرکان، شێخ ڕەش، ناو دارۆک، دارۆک، بێى کەم، سوناى و پێى ڕابراى لەخۆ گرتبوو بەبێ بوونى هیچ خزمەت گوزاریەکى پێویست وەک ئاو و سوتەمەنى. ئەم خێزانانە گوندەکانیان جێهێشتبوو لە ترسى بۆردومانەکانى تورکیا لە مانگى ئەیلول و تشرینى یەکەمى ئەم ساڵدا. ئەسعەد عەلى مستەفا، قایمقامى قەزاى سیدەکان ووتى بە هیومان رشایتس وۆچ، لە مانگى 9ى کانوونى دووەمدا هەستاوە بە پاکردنەوەو ئامادەکردنى زەویەکى 200 مەترى  بۆ ئەو خێزانانەى لە ترسى بۆمبارانەکانى تورکیا هەڵهاتوون.

"حەوت لە گوندەکان بە تەواوى چۆڵکراون هەروەها دوو گوندى تریش زۆرێکى دانیشتوانەکەى هەڵهاتوون لە ترسى تۆپبارانەکان، کە تا ئێستاش  ڕۆژانە ئەو گوندانە تۆپباران دەکرێن. مستەفا ئەم قسانەى دەکرد لە کاتێکدا ووردە ووردە بەفر دەهاتە خوارەوە لە دەووروبەرى خێمەکانى ناو کامپەکە. "پارتى کرێکارانى کوردستان بوونیان هەیە لە هەندێک لە ناوچەکانى کوردستان، بەڵام بە هیچ شێوەیەک بوونیان لەم گوندانەدا نیە. خەڵکى ئەم گوندانە هیچ گوناهێکیان نیە، سەرماى زستان بە تەواوى زۆرى بۆ هێناون، منداڵەکانیان ناتوانن بگەڕێنەوە قوتابخانە. لە ڕووى دەروونیەوە ئاوارە بوون کاریگەرى زۆر خراپى لەسەر ئەم خێزانانە بە جێهێشتووە.   

دانیشتوان و بەرپرسانى ناوخۆیى ناوچەکە ڕایانگەیاند، بەهیچ شێوەیەک تێبینى جموجۆڵى چەکدارانى پەکەکەیان لە هیچ کام لەو 9 گوندەدا نەکردووە  هەروەها بەهیچ شێوەیەک پەناگایان بۆ ئەم چەکدارانە دابین نەکردووە  چ  لە ڕابردوو ئێستا و  کاتى هێرشەکاندا. هەروەها گووتیان  هیچ ئامانجێکى سەربازیان لە دەووربەرى گوندەکانیاندا بەدى نەکردووە.

مەلا عیسا، ووتەبێژى ئاوارەکانى کامپەکە ووتى بە هیومان ڕایتس وۆچ:

چەکدارانى پەکەکە گوندەکانمان بەکار ناهێنن. لە ڕابردوودا هەستمان دەکرد کە تورکیا هەوڵدەدات ناچارمان بکات تا گوندەکانمان جێبهێڵین  بۆئەوەى شەڕى چەکدارانى پەکەکە بکات لەهەر شوێنێک کە بیەوێت. بەڵام بۆمبارانەکانى ئەم دواییەى تورکیا بە تایبەت لەسەرەتاى  مانگى تشرینى یەکەمى ئەم ساڵەوە، کە ماڵەکانمان دەکاتە ئامانج وامان لێدەکات هەست بکەین کە ئێستا تورکیا ئێمە دەکاتە ئامانجى هێرشەکانى.

فەوزیە ڕسول، تەمەن 42 ساڵ ووتى بە هیومان ڕایتس وۆچ، چڕبوونەوەى  هێرشە ئاسمانیەکانى تورکیا بە تایبەت لە مانگى 5ى تشرینى یەکەمەوە بۆ سەر گوندەکەیان (گوندى باسەرکان) ناچارى کردن گوندەکەیان چۆڵبکەن.

کاتێک تۆپبارانەکان دەستى پێکرد، دەستم کرد بە گریان و هاوار کردن. هەندێک هەوڵیاندا بە زووى گوندەکە بەجێبهێڵن، هەندێکى تر هەوڵیاندا خۆیان حەشار بدەن لەژێر تاشە بەردە و ئەشکەوتەکاندا. ناتوانم منداڵەکانم بەم شێوەیە بەخێو بکەم، هەمیشە لەترس و دڵە ڕاوکێدان کە لەهەر ساتێکدا فڕۆکەکان بێن بۆردوماننمان بکەن. خانووەکەمان بە تەواوى وێران بووە. هەموو پەنجەرەکانى شکاوە. 11 سەر مەڕمان لەناوچووە. هیچ پارەمان نیە، خەسارەتێکى زۆرمان لێکەوتووە.

قاسم ڕەسولى تەمەن 40 ساڵ ووتى، لە ئەنجامى هێرشە ئاسمانیەکانى تورکیا لەسەرەتاى مانگى تشرینى یەکەمى ئەم ساڵدا خانووەکەى داڕما بەسەریدا و بۆ ماوەى سێ کاتژمێر لەژێر خۆڵ و خاشاکى خانووەکەیدا گیرى خواردوو بوو هەتا ئەوکاتەى ڕزگارکرا. "گوزەران لەناو گوندەکەدا نەماوە،”لە تۆپبارانەکانى ساڵانى ڕابردوودا، پاش چەند ڕۆژێک یان هەفتەیەک دەگەڕاینەوە بۆ گوندەکانمان بۆ چاودێرى کردنى مەڕو ماڵاتەکانمان، بەڵام بۆردومانەکانى ئەم ساڵ  هەموو ڕۆژێک بەردەوامن. زۆربەى مەڕو ماڵاتەکانمان لەناوچوون. زیاتر لە 500 سەر مەڕ و بزن لە گوندەکەماندا لە ناوچوون. 

لە ڕاپۆرتەکەى مانگى ئەیلولى هیومان ڕایتس وۆچ دا هاتووە، بەپێى لێدوانى کەس و کارى کوژراوەکان و ڕاپۆرتى میدیاکان و بەرپرسانى ناوخۆیى لە 21ى ئابى ئەم ساڵدا، فرۆکەکانى سوپاى تورکیا ئۆتۆمبیلێکی مەدەنیان کردە ئامانج لە ئەنجامدا حەوت لە ئەندامانى خێزانێک بوونە قوربانى. بەڵام تورکیا ڕەتى کردەوە کە فڕۆکەکانیان بەرپرسیار بووبن لەو هێرشە. خێزانەکە کە لە نێویاندا چوار منداڵ هەبوون لەسەر ڕێگایەکى سەرەکى لەناو پیکابێکى نیسان 2011 دا گەشتیان دەکرد لە گوندەکەیان (بۆڵێ) وە بۆ شارى ڕانیە بۆ سەردانى خزم و کەس و کاریان. لە بەروارى 9ى تشرینى دووەمى ئەم ساڵدا هیومان ڕایتس وۆچ، پشکنینى کرد  بۆ پاشماوەکانى ئۆتۆمبیلەکە لەگەڵ  شوێنى ڕووداوەکە، کە نزیکە لەو ناوچانەى چەکدارانى پەکەکەى لێیە، دەرکەوت ئەو ڕێگەیەى ئوتومبێلەکەى تێدا کرایە ئامانج ڕێگەیەکى سەرەکیە و هاوڵاتیان بەردەوام گەشتى لەسەر دەکەن.

لە کاتى سەردانەکانى هیومان ڕایتس وۆچ دا بۆ گوندەکانى سیدەکان و سەنگەسەر و ڕانیە زیاتر لە دەیان جار دەرکەوت کە گوندنشینەکان دەکەونە دڵە ڕاوکێ کاتێک دەنگێک دەبیستن کە لێکچووە لە دەنگى فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان، یەکسەر  بەخێرایى منداڵەکانیان کۆدەکەنەوە لەژێر خێمە یان ماڵەکانیاندا. گوندنشینەکان ووتیان هەرپاش کەمێک لە بینینى ئەم  فڕۆکانە بەدوایدا بۆمباران دەست پێدەکات. ئاماژەیان بەوەکرد  کە شێوە و دەنگى ئەم فڕۆکە بێ فڕۆکەوانانە بە شێوەیەکى بەرچاو جیاوازە لە  فڕۆکەى ئاسایى.

لە بەروارى 14ى تشرینى دووەمى ئەم ساڵدا، بەرپرسێکى پەنتاگۆن ووتى بە پەیامنێران کە وویلایەتە یەکگرتووەکان  فڕۆکەى بێ فرۆکەوانى جێگیر کردووە لە نێوان سنورى عێراق و تورکیادا بە مەبەستى چاودێرى کردنى جموجۆڵى چەکدارانى پەکەکە. لە مانگى تشرینى یەکەمى ڕابردوودا، پەنتاگۆن فرۆشتنى سێ هیلیکۆپتەرى کۆبراى لە جۆرى (ئەى. ئێچ 1)  بە تورکیا  ڕایگەیاند. هیومان ڕایتس وۆچ داواى لە بەرپرسانى وویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا کرد کە فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانیان بەکارنەهێنن بۆ پشتگیرى کردن لە هێرش و بۆردومانەکان دژى هاووڵاتیانى کوردى مەدەنى لە گوندەکانى سەر سنوردا.

بەپێى یاسا نێو دەوڵتیەکان پێویستە لایەنە شەڕکەرەکان لە هەموو کاتێکدا جیاکارى بکەن لە نێوان هاووڵاتیانى مەدەنى و جەنگاوەراندا. هەر بەپێى یاسا نێو دەوڵەتیەکان، چالاکى سەربازى دەبێت تەنها لە دژى جەنگاوەران و ئامانجە سەربازییەکان ئەنجام بدرێت. نابێت بە هیچ شێوەیەک هاووڵاتیانى مەدەنى بکرێنە ئامانجى هێرشەکان. هەر هێرشێکى بە ئەنقەست و کوێرانە دژى هاووڵاتیانى مەدەنى و سەر و ماڵیان  قەدەغەیە.

بەڵگەى هێرشە ڕۆکێتیەکان لەلایەن ئێرانەوە

بەپێى ووتەى بەرپرسانى ناوخۆیى و گوندنشینانى قەزاى پشدەر،  لە مانگى ئەیلولى ڕابردووەوە و ڕاگەیاندنى ئاگربەست لە نێوان ئێران و پژاکدا،  تۆپبارانەکان لەلایەن ئێرانەوە  بەشێوەیەکى بەرچاو  کەمبووەتەوە  بۆ ناو بە ناو هاویشتنى هاوەن.  سەرەڕایى وێرانکاریەکى بەرفراوان لە زۆرێک لە گوندەکاندا بەڵام  بە دەیان خێزان گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵیان. چەند خێزانێک ووتیان بە هیومان ڕایتس وۆچ، کە بارو دۆخەکە لە ئێستادا باش بووە. ئاماژەیان بەوەکرد  کە تۆپبارانەکانى ئەم ساڵ زۆر چڕو پڕ تربوون بە بەراوورد بە ساڵانى ڕابردوو هەروەها زەرەروو زیانێکى زۆریشى گەیاندووە بە گوندەکانیان.

لە بەروارى 7ى تشرینى دووەمى ئەم ساڵدا، یەک کیلۆمەتر لە دوورى گوندى شەهید ئەیهان لە ناوچەى قەڵادزە هیومان ڕایتس وۆچ ئاسەوارى ڕۆکێتێکى هاوەنى بەدیکرد کە بە هێماکەی سەریدا دەناسرایەوە لە جۆرى (ئێف. ئێڵ 2-ئەى) 333 ملم  ى ئێرانى بوو.  ئەم جۆرە ڕۆکێتە لە ساڵى 2010 دا دروستکراوەو  ناتوانێت ئامانجەکانى بەشێوەیەکى وورد بپێکێت، لەبەرەوە بەکارهێنانى ئەم جۆر  ڕۆکێتانە بۆ مەوداى دوور دەچێتە چوارچێوەى  هێرشى کوێرانە.

بەپێى یاسا نێو دەوڵتیەکان، هێرشى کوێرانە بۆ سەر یان نزیک ئەو ناوچانەى هاووڵاتیانى مەدەنى لێیە قەدەغەیە. هێرشى کوێرانە بریتیە لەو هێرشانەى کە ئاراستەى ئامانجێکى سەربازى دیاریکراو ناکرێن یاخود بنەما و شێوازەکانى جەنگ بەکارناهێنرێ بۆ ئاراستەکردنى ئامانجێکى سەربازى دیارى کراو یان زەرەروو زیانەکانى ناتوانرێت سنوردار بکرێت.

دانیشتوانى گوندى شەهید ئەیهان ووتیان بە هیومان ڕایتس وۆچ، یەکەم جار شوێنى ڕۆکێتەکە لە کۆتایى مانگى ئابدا دۆزرایەوە. یەکێک لە گوندنشینەکان ووتى، کە شەوى پێشتر دوو تەقینەوە  ڕوویداوە لە ئەنجامى بڵاوبوونەوەى پارچەى  یەکێک لە تەقینەوەکان زەرەروو زیانى گەیاندووە بە ماڵەکەى. هیومان ڕایتس وۆچ  ئاسەوارو پارچەى دوو گولە هاوەنى  ترى لە هەمان جۆر بەدیکرد  بە دوورى 50 مەتر لە گوندى زێوکێ کە یەکێکیان لە تەنیشت جۆگەلە ئاوى سەر ڕێگایەک بوو.

هیومان ڕایتس وۆچ هەروەها بینى کە چەکدارانى پژاک لە دەوروبەرى ئەو ناوچانەدا چالاکیان هەبوو، گوندنشینەکان ئاماژەیان بەوەکرد  کە چەکدارانى پژاک ئامادەیى بەردەوامیان لەو ناوچەیەدا هەیە تەنانەت لە مانگى ئابى ئەم ساڵیشدا لەو ناوچەیە بوون لەو کاتەى هێرشى گولە هاوەنەکان ئەنجامدراون. چەکدارانى پژاک کە لەو دەوروبەرەدابوون ووتیان بە هیومان ڕایتس وۆچ  کە بوونیان هەیە لە ناوچەکانى قەڵادزەدا بەڵام هیچ جۆرە چەکێکى دوور هاوێژ یان فرۆکەیان نیە تاکو لەنێو هاوڵاتیانى مەدەنى ئەو ناوچانەوە هێرش بکەنە سەر ئێران.

زیاتر لە 10 گوندنشین کە لەو ناوچانەى نزیک ئاسەوارى گوللە هاوەنەکان دەژین ئاماژەیان بەو کاریگەرى و زیانانە کرد  لە ئەنجامى تەقینەوەى ئەم  جۆرە گوللە هاوەنانەدا  ڕوودەدات، وەک بڵاووبوونەوەى پارچەى زۆر لێیان  بە بەراوورد بە گوللە هاوەنەکانى  ساڵانى ڕابردوو.

پیرەژنێک لە گوندى ماریدۆ ووتى بە هیومان ڕایتس وۆچ:

تەقینەوەکانى ئەم ساڵ  جۆرێکى نوێن کە هەموومانى زۆر ترساندووە. هەروەها ووتى، بەردەوام دەنگى تەقینەوەکان دەبیستن بەڵام تەقینەوە نوێیەکان دەنگیان زۆر بەرزترە. کاتێک گوللە هاوەنەکان دەتەقنەوە  زەرەروو زیانیان زۆر زیاترە چونکە هەزارەها پارچەیان لێدەبێتەوە بە دەوروبەردا. تەقینەوەى گوللە هاوەنەکانى تر تەنها 2 یان 3 سەر مەڕ  دەکوژێ بەڵام تەقینەوەى ئەم گوللە هاوەنە نوێیانە لە هەندێک لە گوندەکانى ئەم ناوچەیەدا تەواوى ڕانە مەڕی لەناوبردووە.

بەپێى ووتەى گوندنشینەکان، هەموو دانیشتوانى گوندى ماریدۆ کە نزیکەى 50 خێزان دەبوون لەو کاتەدا لە مانگى تەمووزى ڕابردووەوە چوار جار گوندەکەیان چۆڵ کردووە لە ژێر فشارى تۆپبارانەکانى ئێراندا. لەکاتى سەردانەکەدا، تەنها پێنج خێزان لە گوندەکەدا مابوونەوە، زۆرێک لە خانووەکانى گوندەکەش ئاسەوارى وێرانکاریان پێوە دیار بوو.

 بەدەنگەوەهاتنى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ ئاوارەکان

 بەرپرسانى ناوخۆیى حکومەتى هەرێم  ژمارەى ئەو خەڵکانەى ئاوارە بوون لە ئەنجامى بۆردومانە سنوریەکانى تورکیا و ئێران  لە نێوان مانگى تەمووز تا تشرینى دووەمى ئەم ساڵ  بە نزیکەى 1350 خێزان  کە دەکاتە  8000 کەس دەخەمڵێنن. بەڵام بە پێچەوانەى ووتەى بەرپرسانى ناوخۆیى حکومەت،  کۆمسیۆنى باڵاى پەنابەرانى نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێن ژمارەى خێزانە ئاوارەکان 850 خێزانە کە دەکاتە 5000 کەس. ئەمە لەکاتێکدایە کە کۆمسیۆنى باڵاى پەنابەران ئەو خێزانانەى هەژمار نەکردووە کە تەنها  بۆ ماوەیەکى کورت لەناو کامپى ئاوارەکاندا ماونەتەوە پاشان ڕۆشتوون و لە شوێنانى تر نیشتەجێبووون. هەرچەندە کۆمسیۆنەکە ووتى  ناکۆک نیە لەگەڵ خەمڵاندنەکەى بەرپرسانى حکومەتى هەرێمدا.   هەروەها سەرژمێریەکە ئەو خێزانانەى نەگرتۆتەوە کە ناونووس نەکراوون لە کامپى ئاوارەکاندا، لەگەڵ ئەوانەى لەگەڵ خزم و کەس و کاریان یان لە شوێنانى تر نیشتەجێبوون.

هیومان ڕایتس وۆچ ووتى، هەروەک لە ساڵانى ڕابردوودا، ڕێکخراوە فریاگوزاریەکان و شارەوانیە ناوخۆییەکان نەیانتوانیوە بە ئایاسانى هەڵستن بە دابین کردنى پێداویستیە سەرەتاییەکان بۆ ئاوارەکانى ئەم کامپانە. بەڵام پلانەکانى پارێزگارى هەولێر بۆ دروستکردنى زیاتر لە 550 یەکەى نیشتەجێبوونى  نیمچە-درێژخایەن  بۆ ئاوارەکان لە ناوچەکانى چۆمان و سیدەکان و ڕەواندووز بەپێشکەووتنى باش لەقەڵەمدا، بەڵام لە هەمان کاتیشدا، دروستکردنى ئەم یەکانە ئەوە نیشان دەدات کە ئاوارەبوونى ئەم گوندنشینانە لەسەر ماڵ و حاڵیان بەردەوام دەبێت. مستەفا، قائمقاقى قەزاى سیدەکان ووتى، "هەموو ساڵێک، خەڵکانێک کە ماڵ و حاڵیان جێهێشتووەو ئاوارەبوون هیچ شوێنێکیان نەبووە تێیدا بژین، بۆیە پێویستە پلانى پێش وەختمان هەبێت بۆ ڕووبەڕبوونەوەى ئەم قەیرانە.”

بەپێى ووتەى بەرپرسانى ناوخۆیى و ڕێکخراوە فریاگوزاریەکان تا کۆتایى مانگى تشرینى دووەمى ئەم ساڵ  تەنها نزیکەى 100 خێزان لە نێو ئەو کامپانەدا مابوونەوە کە لەلایەن شارەوانیە ناوخۆییەکانەوە بنیاتنراوون. بەپێى ووتەى دانیشتوانى کامپەکەو ڕێکخراوە فریاگوزاریەکان، زۆر جار خێزانەکان کامپى ئاوارەکان جێدەهێڵن نەک لەبەرەوەى بارودۆخى ئەمنى ناوچەکانیان باش بووە بەڵکو لەبەر سەرمایى زستان و نەبوونى خزمەت گوزارى پێویست لە نێو ئەم کامپانەدا وەک ئاوى خواردنەوە، سوتەمەنى و خوێندنى منداڵەکانیان. هەرچەندە بەرپرسانى ناوخۆیى حکومەت  بانگەشەى ئەوە دەکەن کە خێزانەکان بۆیە کامپەکان جێدەهێڵن تا بگەڕێنەوە گوندەکانیان، بەڵام زۆرێک لە گوندنشینان ووتیان بە هیومان ڕایتس وۆچ، کە ناچار بوون بۆ دۆزینەوەى سەرچاوەى ترى نیشتەجێبوون هەروەها زۆرینەى دانیشتوانى گوندە دوور دەستەکان لە سەرتاسەرى ناوچەکەدا گوندەکانیان چۆڵکردووە. 

لە مانگى تشرینى دووەمى ئەم ساڵدا، کاتێک هیومان ڕایتس وۆچ سەردانى کامپى کۆجارى کرد لە پارێزگاى سلێمانى کەمپەکە بە تەواوى چۆڵ کرابوو. بەرپرسانى ناوخۆیى و ڕێکخراوە مرۆییەکان ڕایانگەیاند لە مانگى تەمووزى ڕابردووەوە 275 خێزانى نیشتەجێى کامپەکە "گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵى خۆیان". بەڵام چەند شایەت حاڵێک ووتیان بە هیومان ڕایتس وۆچ  کە لە مانگى 9ى تشرینى یەکەمدا بەرپرسانى ناوخۆیى  کارەباى کامپەکەیان بڕیوەو مۆلیدەکەیان گواستوەتەوە هەروەها تەواوى ئاوى خواردنەوەى تانکیەکانیان بەتاڵ کردوەتەوە ئەمە لە کاتێکدا هێشتا زیاتر لە 30 خێزان، کە دەترسان بگەڕێنەوە گوندەکانیان، لە ناو کامپەکەدا مابوونەوە.  لە بەروارى 7 و 8ى مانگى تشرینى دووەمدا هیومان ڕایتس وۆچ سەردانى شەش گوندى کرد لە ناوچەى قەڵادزە کە کە زۆرینەى دانیشتوانەکەى گوندەکانیان بەجێهێشتبوو. دووان لە خێزانەکانى ئەو گووندانە ووتیان کە پێشتر لە کامپى کۆجار نیشتەجێبوون  کاتێک بیستیان بۆردومانەکان کەمبوونەتەوە بڕیاریان داوە بگەڕێنەوە بۆ گوندەکانیان. ئەندامانى خێزانێکى تر گووتیان کە کامپەکەیان جێهێشتووە  لەبەر سەرما و بێ خزمەت گوزارى. زۆرێکى تریان ووتیان کە لەگەڵ خزم و کەس و کاریان  لە ڕانیە و ناوچەکانى دەووروبەرى ماونەتەوە. زۆرینەى خانووەکانى ئەو شەش گوندە هێشتا بە چۆڵى مابوونەوە. 

 

Your tax deductible gift can help stop human rights violations and save lives around the world.