Skip to main content

عێراق: هێرشی ئێرانی چەند هاوڵاتیەکی مەدەنی لە هەولێر دەکوژێت

پێویستی دەستبەجێ بۆ بەرپرسیارێتی

دیمەنێکی باڵەخانەیەکی ڕووخاو دوای هێرشە موشەکییەکان، لە هەولێر، عێراق، 16ی کانوونی دووەمی 2024.  © 2024 ئازاد لەشکری/ڕۆیتەرز

(بەیروت) – هیومان ڕایتس ۆوچ ئەمڕۆ ڕایگەیاند کە لە ١٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، هێرشێکی مووشەکی بالستیی ئیرانیی بۆ سەر ماڵێک لە هەولێر، لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەبێتە هۆی کوژرانی چوار هاوڵاتی مەدەنی و برینداربوونی شەش کەسی دیکە. دوای چەند کاتژمێرێک، کاتژمێر ٠٥:٠٥ خولەکی بەیانی ١٦ی کانوونی دووەم، سیستەمی بەرگری مووشەکی ڕێگری لە سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەکات کە لەلایەن بەرگریی ئیسلامی لە عێراق تەقێندرابوون و ناوچەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێریان کردە ئامانج، کە هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا و عێراقی تێدایە، لە ئەنجامدا گەشتە ئاسمانیەکان بەشێوەیەکی کاتی ڕاگیرا.

سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بەرپرسیارێتی هێرشی سەر ماڵەکەی ڕاگەیاند و ووتی هێرشەکان ''ناوەندێکی سیخوڕی موسادیان'' کردۆتە ئامانج، وەک ئاماژەیەک بۆ دەزگای هەواڵگری ئیسرائیلی. حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تەواوی ئەو بانگەشەیەی ڕەتکردەوە کە دەزگا هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل لە هەرێمی کوردستانی عێراق کاربکەن و دەڵێت هێرشەکە "بیانوویەکە بۆ هێرشکردنە سەر هەولێر" و پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەریی هەرێمی کوردستان و عێراقە.

سارە سەنبار، لێکۆڵەری عێراق لە ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ وتی، “سەرەڕای بانگەشەکانی ئێران سەبارەت بەم هێرشە، ئەم کوشتنانە دوای مێژوویەکی دوور و درێژی کووشتن لە لایەن سوپای پاسدارانەوە دێن لە ناوچە نیشتەجێبووەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق کە هاوڵاتی مەدەنیان کردۆتە ئامانج. نەبوونی لێپرسینەوەی یاسایی بۆکوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی لەلایەن ئێرانەوە، تەنها دەبێتە هۆی ئەوەی لە داهاتوودا هێرشی نایاسایی زیاتر بکرێت.“

هێرشەکە بووە هۆی گیان لەدەستدانی دوو بازرگانی ناوخۆیی بە ناوەکانی پێشڕەو دزەیی و کەرەم میخائیل، لەگەڵ  کچەکەی دزەیی؛ کە ۱۰ ڕۆژ مابوو بۆ گەیشتن بە یەکەمین ساڵیادی لەدایکبوونی وە هەروەها کارگوزارەکەی دزەیی. بەگوێرەی بەیاننامەیەکی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، شەش کەسی دیکە، لەنێویاندا ژنەکەی دزەیی و دوو کوڕەکەی بریندار بوون.

ناسر تەحسین نوری، تەمەن ٣١ ساڵ، کە چەند کیلۆمەترێک لە ماڵی دزەییەوە دەژی، بە هیومان ڕایتس ۆوچی ڕاگەیاند کە لە کاتی چوونی بۆ نووستن گوێبیستی تەقینەوەکان بووە. لە کاتژمێر ۱۱:۳۰ شەو، گوێم لە دەنگی یەکەم تەقینەوە بوو. ئەوەندە دەنگی بەرز بوو، وامزانی کەسێک هێرشی کردۆتە سەر ماڵەکەم و دەرگاکەی شکاندووە. پاشان هەستام و چوومە دەرەوە بۆ ئەوەی بزانم چی ڕوودەدات، گوێم لە تەقینەوەی دووەم و سێیەم بوو. ماڵەکە دەلەرزا."

نووری ئاماژەی بەوەشکرد، دوای تەقینەوەکان تەقەی توند دەکرا. ''نازانم کێ تەقەی دەکرد، بەڵام لە دوو ئاراستەوە دەکرا. کوڕەکەم تەمەنی تەنها ١١ مانگە، زۆر دەترسا.''

گرتە ڤیدیۆییەکانی دوای هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەیەکە، کە لەلایەن دەزگای میدایی ڕووداوە بڵاوکراونەتەوە ووێرانبوونی نزیکەی تەواوی ماڵەکەی دزەیی لەگەڵ زیانێکی کەم بە بیناکانی دراوسێی دەردەخەن.

لە وەڵامی هێرشەکەدا، وەزارەتی دەرەوەی عێراق باڵیۆزی خۆی لە تاران بانگهێشت کردەوە و پابەندبوونی حکوومەتی ڕاگەیاند بۆ بەدواداچوونی دادپەروەری بە گرتنەبەری هەموو ڕێوشوێنە یاساییە پێویستەکان، بە تۆمارکردنی سکاڵایەکی فەرمیشەوە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان." محەممەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە پێکهێنا و بەڵێنیدا دۆزینەوەکانی بڵاوبکاتەوە بۆ ''ڕەواندنەوەی هەر ناڕاستییەک کە بڵاوکراونەتەوە لەلایەن ئەو لایەنانەی بەرپرسیارن لەو کردەوە ناپەسەندکراوانە'' وەک ئاماژەیەکی دیار بۆ بانگەشەکانی ئێران کە گوایە دزەیی کاری سیخوڕی بۆ ئیسرائیل کردووە.

قاسم ئەلعەرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق ڕایگەیاند، لە پشکنینەکانی ماڵی دزەیی هیچ بەڵگەیەک نەدۆزراوەتەوە کە ماڵەکەی وەک بارەگایەکی موساد بەکارهاتبێت. پێویستە عێراق تەواوی دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی بڵاوبکاتەوە.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هێرشەکەی بە " ترسنۆکانە" ناوبرد و داوای لە حکومەتی فیدراڵی لە عێراق کرد " هەڵوێستی توندیان هەبێت بەرامبەر بەم پێشێلکاریەی دەکرێتە سەر سەروەریی هەرێمی کوردستان و عێراق''

ئەمریکا سەرکۆنەی ئەم کردەوەیەی کرد و بە "بێباکانە و ناڕوون" ناویبرد، و بەریتانیا بە "پێشێلکارییەکی قبوڵنەکراوی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی عێراق" ناوی برد. هەرچەندە شوێنی نیشتەجێبوونی دزەیی لە دەوروبەری کونسوڵخانەی نوێی ئەمریکا بوو کە ئێستا لە قۆناغی دروستکردندایە، بەڵام ئەمریکا ڕایگەیاند کە کارمەندان و دامەزراوەکانی نەکراونەتە ئامانج و کاریگەرییان لەسەر نەبووە.

ڕێکخراوی بەرگری ئیسلامی لە عێراق، کە هاوپەیمانێکی میلیشیاکانی عێراقە کە پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەیە، لە ١٠ ی تشرینی یەکەم ەوە بەرپرسیارێتی زیاتر لە 130 هێرشیان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا ڕاگەیاندوە، کە دەڵێن وەک تۆڵەکردنەوەیەک ئەنجام دراون بۆ پشتیوانییەکانی ئەمەریکا بۆ ئیسرائیل لە شەڕی غەزەدا. بنکەیەکی سەربازی کە هێزە نێودەوڵەتییەکانی تێدایە لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر و بنکەی ئاسمانی هەریر کە نزیکەی ٥٠ کیلۆمەتر دوورە، زۆر جار بوونەتە ئامانجی ئەو هێرشانە.

سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین هێرش و کوشتنی بە ئامانجکراویان لە هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە. لە مانگی ئازاری ساڵی ٢٠٢٢ مووشەکی بالیستی ئێرانی بەر ماڵی بازرگانێکی کورد بە ناوی باز کەریم بەرزنجی کەوت. لە ئەیلوولی ٢٠٢٢، هێرشەکانی سەر نوسینگەکانی پارتی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لانیکەم ١٦ کەسیان کوشت و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون و سەدان خێزان ئاوارە بوون. هەروەها لە ١٥ شوباتی ٢٠٢٤، سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی بەرپرسیارێتی هێرشەکانی بۆ سەر ئامانجەکانی پەیوەندیدار بە دەوڵەتی ئیسلامی لە باکووری سوریا گرتە ئەستۆ.

سەنبار وتی: ''نابێت عێراق ببێتە گۆڕەپانێک بۆ کێبڕکێی دەرەکی لەسەر حیسابی ژیانی هاوڵاتیانی مەدەنی و سەقامگیری وڵات. ڕوودانی ئەمە، تەنها دەبێتە هۆی پێشهاتی هەرێمی و کوشتن و ووێرانبوون.''

Your tax deductible gift can help stop human rights violations and save lives around the world.