Skip to main content

سوریا: سنوردارکردنی هاوکاریە مرۆییەکان ڕێگر دەبێت لە ڕێوشوێنەکانی ڕووبەڕووبونەوەی کۆڤید ١٩

دەبێت نەتەوە یەکگرتوەکان ڕێگەبدات بە دووباره‌ ناردنەوەی هاوکاریەکان لە عێراقەوە؛ ده‌بێت دیمەشقیش لەوبارەیەوە کارئاسانی بکات

کارمەندانی تەندروستی سەرقاڵی پاککردنەوەی شەقامێکی شاری قامیشلی ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی سوریان لە باکوری ڕۆژهەڵاتی  سوریا لە ڕێکەوتی ٢٤ی مارسیی مارسی © ٢٠٢٠ AP/Baderkhan Ahmad
 

(بەیروت)--هیومان ڕایتس ۆوچ لە ڕاپۆرتەکەی ئەمڕۆیدا ڕایگەیاند، سنووردارکردنی هاوکاریە مرۆییەکان لە ڕێگەی دیمەشق و عێراقەوە بوەتە هۆی ڕێگری کردن لە گەیشتنی ئەو پێداویستیە تەندروستیانەی پێویستن بۆ ڕێگریردن لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کرۆناو چارەسەرکردنی توشبوان بە دوو ملیۆن هاووڵاتی باکورو ڕۆژهەڵاتی سووریا. لە ڕۆژی ١٧ نیسانی ٢٠٢٠، بەرپرسان لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سووریا یەکەمین حاڵەتی مردنیان بەهۆی کرۆنا لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕاگەیاند.

پێویستە لەسەر ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستبەجێ بڕیارەکەی مانگی کانوونی دووەمی ئەم ساڵی هەڵوەشێنێتەوە سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە ناردنی هاوکاریە مرۆییەکان لە ڕێگەی عێراقەوە بۆ باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا. لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ وە، ئەو ڕێکخراوە مرۆییانەی کە سەر بە نەتەوە یەکگرتوەەکان نین و پێشتر بەشێوەیەکی سەرەکی پشتیان بەو ڕێکخراوە دەبەست بۆ پێداویستی تەندروستی نەیانتوانیوە بەپێی پیویست هاوکاری مرۆیی لە هەرێمی کوردستانی عێراقەوە بگەیەننە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا. جگەلەمە، دەبێت بەرپرسان لە دیمەشقی پایتەختی سوریا کۆتایی بهێنن بە ڕێوشوێنە درێژخایەنەکەیان لە ڕيگریکردن و سنوردارکردنی گەیشتنی هاوکاری تەندروستی بە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی کورد لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا.

گێری سیمپسن، یاریدەدەری بەڕێوەبەری بەشی قەیران و ململانێی چەکداری لە هیومان ڕایتس ۆوچ، ووتی، "دوو ملیۆن هاووڵاتی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا گیریان خواردوە بەبێ بوونی پپێداویستی تەندروستی پێویست بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی پەتای کرۆنا. لە کاتێکدا ژمارەی توشبوان بە کرۆنا لە بەرزبونەوەدایە، پێویستە لەسەر سەرکردەکانی ناوچەکەو جیهان دەستبەجێ کارێک بکەن بۆ دوبارە کردنەوەی سنورەکان بۆ گەیشتنی پێداویستی و ستافی تەندروستی بۆ ئەو ناوچانەی کە پێویستیەکی زۆریان بە یارمەتی هەیە."

لە نێوان ٣١ی مانگی مارس بۆ ٢١ مانگی نیسان، هیومان ڕایتس ۆوچ چاوپێکەوتنی لەگەڵ ١٠ کارمەندی مرۆیی و بەرپرسی ڕێکخراوەکانی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەو ڕێکخراوە نا‌حکومیەکانە کرد کە لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا کاردەکەن لەبارەی ئەو بەربەستانەی کە ئەم ڕێکخراوانە رووبەڕووی بونەتەوە لە ڕێگریکردن لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کرۆنا لەو ناوچەیە. لە ٢٢ی نیسان، هیومان ڕایتس ۆوچ چەند پرسیارێکی ئاراستەی حکومەتی سوریاو حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد سەبارەت بەو بەربەستانە. لە ٢٧ی نیسان، حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامیدایەوەو ووتی، لە ١ی مارسەوە بۆ ناوەڕاستی مانگی نیسان هەموو داواکاری ڕێکخراوە ناحکومیەکانی پەسەندکردووە لە لە گەیاندنی هاوکاری تەندروستی بۆ باکوری رۆژهەڵاتی سوریا.

تا ٢٥ی نیسان بەرپرسان لە دیمەشق تەنها پشکنینیان بۆ ٤٨ کەیس کردبوو لەوانە یەکێکیان پشکنینەکەی ئه‌رێنی بووە. بەشێکی زۆری ناوچەکە لەژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆجێی کورد-دایە کە دەسەڵاتێکی نیمچە ئۆتۆنۆمیە. تا ٢٥ی نیسان، بەرپرسانی حکومەتی سووری ٤٢ کەیسی کرۆنایان لە سەرتاسەری ووڵات ڕاگەیاندووە. نەبوونی توانای پشکنینی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک لە سوریاو بە تایبەت لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا مانای ئەوەیە کە ژمارەکە زۆر لەوە زیاترە. بەرپرسانی دیمەشق ڕەتیانکردۆتەوە هەستن بە کۆکردنەوەی نمونه‌ بۆ پشکنینی کەیسی ڤایرۆسی کرۆنا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریاو هەروەها نزیکەی دوو هەفتە چاوەڕوانیان کردووە لە ناوەڕاستی مانگی نیسان بەرلەوەی ئاگادارکردنەوەی ئیدارەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا سەبارەت بە هەبوونی یەکەم کەیسی کرۆنا لە ٢ی نیسان.

نۆ ساڵ جەنگ ژێرخانی ئابووری سوریاو خزمەتگوزاریە کۆمەڵایەتیەکانی وەک تەندروستی بە تەواوی لەناوبردوەو ئەوەش وایکردوە پیویستیەکی زۆریان بە هاوکاری مرۆیی هەبێت و وابکات نزیکەی شەش ملیۆن ئاوارەی ناوخۆی ووڵات لەژێر مەترسی تووشبوون بە پەتای کرۆنادا بن.

تا مانگی کانوونی دووەم، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێگەی دەدا بە ڕێکخراوە مرۆییەکانی سەربە نەتەوە یەکگرتوەکان لە گەیاندنی هاوکاری مرۆیی لە باکورو بەشەکانی تری عێراقەوە لە ڕێگەی خاڵی سنووری ڕەبیعەوە بۆ الیاروبیەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا. خاڵەکە بەشێوەیەکی سەرەکی لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیەوە بۆ گواستنەوەی پێداویستی تەندروستی بۆ ناوچەکە بەکاردەهێنرا.

الیاروبیە یەکێکە لەو چوار خاڵە سنوریەی کە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بڕیارێکی ساڵی ٢٠١٤ یدا پەسەندی کرد تا لە عێراق و تورکیاو ئەردەنەوە نەتەوە یەکگرتووکان و ڕێکخراوە مرۆییەکانی تر هاوکاری بگەیەننە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا. هەرچەندە هەندێک دیپلۆمات و شارەزا لەو باوەڕەدا بوون دەرکردنی ئەو بڕیارە پێویست نەبوو، ئەنجومەنی ئاسایش ئەو بڕیارەی پەسەند کرد بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک لەبەرامبەر پێداگری و ڕەتکردنەوەی بەردەوامی حکومەتی سوریا لە مۆڵەتدان بە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە مرۆییەکانی تر لە گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتدا نەبوون.

بەڵام لەدوای هەڕەشەکانی ڕوسیا بۆ ڤیتۆکردنی بڕیارەکە، لە ١٠ی کانوونی دووەم، ئەنجومەنی ئاسایش بە فەرمی خاڵی سنووری الیاروبیەو ڕامسای لە سنووری ئەردەن لە چوار خاڵە سنوریەکە دەرهێنا و ئەوەش بووە هۆی ڕاگرتنی هەموو هاوکاریە مرۆییەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا. کارمەندانی مرۆیی ووتیان لەئەنجامی بڕیارەکە بوجەی ئەو ڕێکخراوە ناحکومیانەی پشتیان بە هاوکاریەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان ٤٠ ملیۆن دۆلار کورتبهێنێ کە ٣ ملیۆنیان بۆ بواری تەندروستی بووە بۆ کارەکانیان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا. لەم بوجەیە .٣ملیۆن دۆلاری بە زۆری ڕێگریکردن بووە لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کرۆنا.

هەتا ناوەڕاستی مانگی مارس، گروپە مرۆییە نێودەوڵەتیەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراق کە پێشتر بەشێکی زۆری ئەو پێداویستیە تەندروسیتیانەی بۆ باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریایان تەرخان دەکرد لە ڕێگەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیەوە ئێستاڕێژەیەکی کەم لە هاوکاری و ستاف دەنێرنە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا لەڕێگەی خاڵە سنوریەکانی ترەوە. بەرپرسانی مرۆیی ووتیان لەو کاتەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان ناردنی هاوکاریە تەندروستیەکانی بۆ باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا سنووردار کردوە. لەو چوارچێوەیەدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەستاوە بە قەدەغەکردنی کڕینی ئەو پێداویستیە تەندروستیانەی ڕەوانەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکرێن بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبونەوەی کرۆناو چارەسەرکردنی توشبوانی کرۆنا لەناو هەرێمی کوردستان لەلایەن ڕێکخراوە مرۆییەکانەوە. ئەمە جگە لە نەبونی پرۆتۆکۆڵی ڕوون سەبارەت بە ڕێکخستنی گواستنەوەی پێداویستی لە سنورەکانەوە.

ئەو کارمەندە مرۆییانەی قسەیان بۆ هیومان ڕایتس ۆوچ کرد لەگەڵ ئەو بەیاننامانەی لەلایەن بەرپرسانی کورد لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا بڵاوکراونەتەوە ئاماژەیان بەوەکرد هەرچەندە حکومەتی سوریا هەستاوە بە ناردنی چەند هاوکاریەک لەڕێگەی فرۆکەی بارهەڵگرەوە لە مانگی مارس و نیسان بۆ قامیشلی کەلەژێر کۆنترۆڵی حکومەتدایە، بەربەستی ئیداری لە دیمەشق هۆکارە لە ڕێگریکردن لە ڕێکخراوە مرۆییەکان لە گەیاندنی هاوکاری بۆ ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی حکومەتدا نین.

ژمارەیەک لە کارمەندی مرۆیی ئەو ڕیکخراوانەی لە دیمەشق تۆمارکراون و کارمەندی ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ووتیان سەپاندنی ڕێگریەکان لەلایەن دیمەشق و حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەنجومەنی ئاسایشەوە ڕێگری کردووە لە ئامادەکاریەکانیان بۆ ڕووبەڕووبونەوەی پەتای کرۆنا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا. لە ناوەڕاستی مانگی نیسان، نەتەوە یەکگرتوەکان ووتی "نەبونی توانای تاقیگەیی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا لەگەڵ دواکەوتنی هۆکارەکانی گواستنەوەو دەست نەکەوتنی شتەکان بە ئاسانی بووەتە هۆی ڕێگریکردن لە پشکنین بۆ ئەو کەسانەی گومانی هەبونی کرۆنایان لێدەکرێ لە کاتی خۆیدا."

بارودۆخی باکوری ڕۆژئاوای سوریاش بەهەمان شێوە خراپە و تەنانەت خراپتریشە لەوێش ژێرخانی تەندروستی ناوچەکە بە تەواوی وێران بووەو قەرەباڵغیەکی زۆر لەناو ئەو کامپانەدا هەیە کە ئاوارەکانی ناوخۆی ووڵاتی تێدایە. ئەمە جگەلە هەڕەشەی بەردەوامی جەنگ و ناکۆکی لە ناوچەکە. سێکتەری تەندروستی ناوچەکە کەموکورتی زۆری هەیە لەو ئامێرو پێداویستیانەی پێویستن بۆ ڕووبەڕووبونەوەی پەتای کرۆنا. بەڵام لەوێ نەتەوە یەکگرتووەکان سەنتەری هاریکاری دامەزراندوەو بەردەوامە لە بەکارهێنانی ئەو خاڵە سنوریەی تورکیا کەلەلایەن ئه‌نجومەنی ئاسایشەوە ڕێگەی پێدراوە بۆ گواستنەوەی هاوکاری تەندروستی لە تورکیاوە بۆ ناوچەکە لەلایەن ڕێکخراوە مرۆییەکانەوە.

بەپێی یاسا نێودەوڵەتیەکان، لەسەر سوریا پێویستە مافی تەندروستی بۆ هەموو دانیشتوانی ووڵات وەک یەک دابین بکات. هەرچەندە کەمی سەرچاوە ڕەنگە مانای ئەوە بێت کە دابینکردنی هەموو ئەم مافانە پێویستی بە کاتە، بەڵام بەرپرسانی حکومی هێشتا لەسەریانە جیاکاری لەدژی بەشێکی دانیشتوانی ووڵات نەکەن و دەبێت بیانوی دروست بخەنەڕوو لەسەر سنووردارکردنی گەیاندنی هاوکاریە مرۆییەکان. بەپێی یاسای مرۆییە نێو دەوڵەتیەکان پێویستە لەسەر هەموو لایەنەکانی ناو ململانێی چەکداری ڕێگەبدەن و کارئاسانی بکەن لە کردنەوەی ڕێڕەو بۆ ناردن و گەیاندنی خێرای تەواوی هاوکاریە مرۆییەکان بە هاوڵاتیانی مەدەنی. لایەنەکانی جەنگ ناتوانن بە بیانووی بێ بنەماو هەڕەمەکی ڕێگری بکەن لە گەیشتنی هاوکاری مرۆیی بە خەڵک.

بەڕەچاوکردنی خێرا بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە تەنانەت لەو ناوچانەشی کە سیستمی تەندروستیان پێشکەوتوە، دەبێت دەستبەجێ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دوبارە هەستێت بە کردنەوەی خاڵی سنوری الیاروبیەی نێوان باکوری عێراق و باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ گەیاندنی هاوکاری مرۆیی لەگەڵ کردنەوەی خاڵی سنووری تر لەسەر بنەمای پێشنیازەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان و ڕێکخراوە مرۆییەکانی تر. ئەمە ڕێگەدەدات بە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بارودۆخەکە هەڵسەنگینێ و هاوکاریەکانی بۆ ناوچەکە زیاد بکات لەگەڵ دووبارە دابینکردنی هاوکاری و بوجە بۆ ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتیە مرۆییانەی کە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریادا کاردەکەن لە چوارچێوەی پلانی وەڵامدانەوەی مرۆیی جیهانی پەتای کۆڤێد ١٩ و بوجەی مرۆیی هەرێمی بۆ سوریا. هەروەها دەبیت ئەنجومەنەکە هەستێ بەڕێگەدان بە کردنەوەی خاڵی سنوری زیاتر لەسەر بنەمای پێشنیازی نەتەوە یەکگرتوەکان و ڕێکخراوە مرۆییەکانی تر.

هەروەها دەبێت به‌خشه‌ره‌ نێودەوڵەتیەکان فشار بخەنە سەر بەرپرسانی سووری و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کارئاسانیکردن بۆ گەیاندنی هاوکاری تەندروستی و هاوکاریە مرۆییەکانی تر بۆ هەموو باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا و هەروەها بەربەست دروست نەکەن لە گەیشتنی ئەو هاوکاریانە لەسەر هۆکاری بێبنەما یان جیاکاری کردن، هەروەها دەبێت ئەو بەربەستە ئیداریانە لابەن کە دەبنە هۆی دواکەوتنی هاوکاریەکان.  

سیمپسن ووتیشی، "لەکاتێکدا تەنانەت ووڵاتانی خاوەن ئابوری پێشکەوتووش شەکەت بوون لە ڕوه‌به‌ڕوونەوەی ڤایرۆسی کرۆنا، دەبێت حکومەتەکانی جیهان پێکەوە کاربکەن تا دەستبەجێ هاوکاری مرۆیی خێرا بۆ ملیۆنان کەس لەناوچەکانی جەنگ دابین بکەن. نابێت نە ئەنجومەنی ئاسایشی نیودەوڵەتی و نە بەرپرسانی حکومەتی سووریا چاوەڕوانی بکەن تا ئەوکاتەی کارەساتی تەندروستی بەهۆی پەتاکەوە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕودەدات، بەرلە هەنگاونان لە ڕێگریکردن لە مردنی ناپێویستی خەڵکی زیاتر."

Your tax deductible gift can help stop human rights violations and save lives around the world.