Skip to main content

ئێران: سەرکوتکردن و تووندوتیژی لەدژی خۆپیشاندەران لەلایەن هێزە ئەمنیەکان

کوشتن و بریندارکردنی خۆپیشاندەران و داخستنی هێڵەکانی ئینتەرنێت

كۆبوونه‌وه‌ی خۆپیشانده‌ره‌ ئێرانیه‌كان به‌ ده‌ووری ئوتومبێلێكی سووتاودا له‌ تارانی پایته‌ختی ئێران له‌ كاتی خۆپێشاندان له‌ دژی بڕیاری به‌رزكردنه‌وه‌ی نرخی سووته‌مه‌نی له‌ ١٦ی تشرینی دووه‌می ٢٠١٩. ئه‌ی ئێف پی\گێتی ئیمه‌یجب ©

(بەیروت) - هیومان ڕایتس ۆوچ لە ڕاپۆرتەکەی ئەمڕۆیدا ڕایگەیاند، وادەردەکەوێ کە هێزە ئەمنیە ئێرانیەکان هێزو تووندوتیژی زیاد لەحەد لەدژی خۆپیشاندانەکانی دژی بڕیارەکەی ‌حکومەت بۆ زیادکردنی نرخی بەنزین لە سەرتاسەری ووڵات بەکاربهێنن. بەرپرسانی ئێران فەرمانیان بە داخستنی نزیکەی تەواوی هێڵەکانی ئینتەرنێت کردووە. سەرەڕای داخستنی هێڵەکانی ئینتەرنێت، ناو بەناو گرتەی ڤیدیۆیی لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاودەکرێتەوە کە تێیاندا دەردەکەوێ هێزە ئەمنیەکان لە چەند شارێکی ئێراندا ڕاستەوخۆ تەقە لە خۆپیشاندەران دەکەن.  

بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی ئێران، لە بەرواری ١٦ی تشرینی دووەم و لە زیاتر لە ١٠٠ شاری ئێران خۆپیشاندان دەستیپێکرد لەدژی بڕیارەکەی ١٥ی تشرینی دووەمی حکومەت بۆ زیادکردنی نرخی بەنزین. سەرچاوەکانی حکومەت ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندان و تووندوتیژیەکانیان بە پێنج کەس لەقەڵەمداوە کە لە نێویاندا پۆلیسێک هەیە، بەڵام گروپەکانی مافی مرۆڤی ئێرانی، ژمارەی قوربانیانی خۆپیشاندانەکانیان بە دەیان کەس لەقەڵەمداوە. ڕێکخراوی ئەمنستی نێودەوڵەتی دەڵێ، ڕەنگە ١٠٠ خۆپیشاندەر کوژرابن. ئاژانسی هەواڵی فارسی ئێرانی نزیک لە سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ڕایگەیاند، تا رۆژی ١٧ی تشرینی دووەم بەرپرسانی ئێرانی هەستاون بە دەستگیرکردنی ١٠٠٠ کەس و لەم ماوەیەدا زیاتر لە ١٠٠ بانک وێران کراون. لە ئێوارەی ١٥ی تشرینی دووەم، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران فەرمانی بە داخستنی هێڵەکانی ئینتەرنێتی ووڵات کردووە. ئەمە لەکاتێکدایە ڕێگە بە کرانەوەی هێڵی ئینتەرنێت بۆ هەندێک لە سەرچاوە میدیاییەکان و فەرمانگەکانی حکومەت درابێت، بەڵام هێشتا بەشێکی زۆری هاووڵاتیانی ئێرانی بێبەشن لە ئینتەرنێت. تا بەرواری ١٩ی تشرینی دووەم، ڕێژەی ئینتەرنێت لە ئێران لە سەدا چوار بووە.

مایکڵ پەیج، جێگری بەڕێوەبەری بەشی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی هیومان ڕایتس ۆوچ، ووتی، "بەرپرسان بەشێوەیەکی وەحشیانە کەوتونەتە سەرکوتکردنی ئەو ئێرانیانەی کە لە تاکڕەوی و مامەڵە خراپەکانی حکومەت و سیاسەتەکانی و تەحەمول کردنی دەرەنجامە نەخوازراوەکانی گەمارۆ ئابوریەکەی ئەمریکا بێزار بوون. بەبێبەشکردنی ئێرانەیەکان لە هێڵەکانی ئینتەرنێت، بەرپرسانی ئێران هەوڵی شاردنەوەی سەرکوتکردنە خوێناویەکانیان لەدژی خەڵکەکەی خۆیان لە جیهان دەدەن."

ئەو وێنەو گرتە ڤیدیۆییانەی لەلایەن هیومان ڕایتس ۆوچ پێداچونەوەیان بۆ کرا نیشانی دەدەن کە لە شارەکانی تاران و ئەسفەهان و شیرازو چەندین شاری تری پارێزگاکانی البورز و ئەسفەهان و تاران و کوردستان و استان کهگیلویه و بویراحمد و ئیلام و کرمان و خوزستاندا چەندین بانک و بەنزینخانە سوتێنراون. تۆڕەکانی هەواڵە فەرمیەکان و بەرپرسانی حکومەت کوژرانی پێنج خۆپیشاندەریان پشت ڕاستکردەوە کە دوانیان لە بومهن و یەکێکیان لە شهریارو و یەکێکی تریان لە اسلام شەهری سەر بە پارێزگای تاران لەگەڵ کوژرانی خۆپیشاندەرێکی تر لە سیرجانی پاریزگای کرمان، ئەمە جگەلە کوژرانی پۆلیسێک.

محەمەد محەمەد عەبادی، پارێزگاری کاتی سیرجان، کوشتنی خۆپیشاندەرێکی لە خۆپیشاندانەکانی شەوی ١٥ی تشرینی دووەمی دژی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین پشتڕاست کردەوەو ووتی کە هێزە ئەمنیەکان بۆیان نیە ڕاستەوخۆ تەقە لە خۆپیشاندەران بکەن و تەنها دەتوانن تەقە بە ئاسماندا بکەن ئەوەش بۆ بەرگریکردنە لە تانکەرەکانی بەنزینی شارەکە. لە ١٧ی تشرینی دووەم، مەسعود مورسەلپور، پارێزگای شەهریار بە ئاژانسی هەواڵی فارسی ووت، هەندێک لە گێرەشێوێنەران وەک ئەو ناوی بردن وویستویانە بچنە سەر بنکەی باسیج لە گەڕەکی چهاردانگ و لە ئەنجامدا کەسێک کوژراوەو حەوت کەسی تریش بریندار بوون.

پەرلەمانتار ئاسۆدال عەباسی بە ئاژانسی هەواڵی ئینتیخابی ووت کە مەحمود شهانشین کە پەرلەمانتارێکی شەهریارە، لە کۆبونەوەیەکی داخراوی پەرلەماندا سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی دژی زیادبوونی نرخی بەنزین وتویەتی کە خۆپیشاندەریک کە لەسەرەتاوە وازانراوە بە گولە کوژرابێت بەردی بەرکەوتوەو بێهۆش بووەو لە ئەنجامدا مردووە. بەڵام، چەندین گرتەی ڤیدیۆیی خۆپیشاندانەکان کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوکراونەتەوە نیشانی دەدەن کە هێزە ئەمنیەکان ڕاستەوخۆ خۆپیشاندەران دەکەنە ئامانج. بۆ نمونە، چەندین گرتەی ڤیدیۆیی کە لە تۆڕی توویتەر بڵاوکراوەتەوە نیشانی دەدەن هێزە ئەمنیەکان لە شارەکانی جوانرودی پارێزگای کرمانشا و شەهریاری پارێزگای تاران ڕاستەوخۆ تەقە لە خۆپیشاندەران دەکەن.  لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی تردا کە دەردەکەوێ لە نزیک شەقامی ڤافەداری تاران گیرابێت دەردەکەوێ کە هێزە ئەمنیەکان ڕاستەوخۆ تەقە لەو خۆپیشاندەرانە دەکەن کە بەردیان تێدەگرن. پۆلیسی کرمانشا کوژرانی پۆلیسێکی پشتڕاست کردەوەو گووتی کە لەکاتی پێکدادانەکاندا بە گولە کوژراوە.

لە ئێوارەی ١٥ی تشرینی دووەم، نێت بلۆک، کە ڕێکخراوێکی ناحکومی نێودەوڵەتیە بۆ چاودێریکردنی داخستن و سنووردارکردنی هێڵەکانی ئینتەرنێت، ڕایگەیاند نزیکەی تەواوی هێڵەکانی ئینتەرنێتی ئێران داخراون. لە ١٨ی تشرینی دووەم، محەمەد جەڤاد ئازەری جاهرۆمی، وەزیری گواستنەوەو گەیاندنی ئێران، ئەوەی پشت ڕاستکردەوە کە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران فەرمانی کردووە بە داخستنی هێڵەکانی ئینتەرنێت. بەپێی ڕاپۆرتی نێت بلۆک، لە بەرواری ١٩ی تشرینی دووەم، لە سەرتاسەری ئێراندا ڕێژەی ئینتەرنێت لە ٤٪ بووە. ئەمە جگەلەوەی هەندێک لە ئێرانیەکان ووتیان کە لە ڕێگەی نامەی تەلەفۆنیەوە لەلایەن فەرمانگەی دادوەری پارێزگای البورز ئاگادارکراونەتەوە کە بەشداری خۆپیشاندانەکان نەکەن بەپێچەوانەوە ڕيکاری یاساییان لە دژ دەگیرێتەبەر.

لە ١٨ی تشرینی دووەم، ئاژانسی هەواڵی ئیرنا ڕایگەیاند کە هێزەکانی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی لە پارێزگای البورز هەستاون بە دەستگیرکردنی ١٥٠ سەرکردەی خۆپیشاندانەکان. ئاژانسەکە ڕایگەیاند، "هەندێک لە دەستگیرکراوەکان دانیان بەوەناوە کە لەلایەن خەڵکی ناوەوەو دەرەوەی ووڵات بە کرێگیراون و مەشقیان پێکراوە بۆ وێرانکردنی موڵک و ماڵی گشتی. لە هەمان ڕۆژدا، سوپای پاسداران بەیاننامەیەکی بڵاوکردوەو ڕایگەیاند، " ئەگەر پێویست بکات، هێزەکانیان بەشێوەیەکی شۆڕشگێڕانەو یەکلاکەرەوانە وەڵامی خۆپیشاندانەکان دەدنەوە."

هەروەها بەرپرسانی ئێرانی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەستاون بە دەستگیرکردنی چەند چالاکەوان و ڕەخنەگرێک. بەپێی ووتەی گروپە نێوخۆییەکانی مافی مرۆڤ، بەرپرسان هەستاون بە دەستگیرکردنی سوها مورتەزایی کە خوێندکارێکی چالاکەوانەو هەستاوە بە ڕێکخستنی ناڕەزاییەک لە دژی قەدەغەکردنی لە بەردەوام بوونی خوێندن، عەبدول ڕەزا دەڤاری کە چالاکەوانێکی سیاسی نزیک لە سەرۆکی پێشووی ئێران ئەحمەدی مەحمود نەژادو سپێدە گۆلیان کە چالاکەوانیکی مافی کرێکارانەو بەم دوواییانە لە زیندان ئازاد کراوە. گرتەی ڤیدیۆیی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان  نیشانی دەدەن کە گۆلیان بەشداری لە خۆپیشاندانەکان کردوە.

 بەپێی پێوەرەکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی، ئەفسەرانی هێزە ئەمنیەکان تەنها لەکاتێکدا دەتوانن هێز لەدژی خۆپیشاندەران بەکاربهێنن ئەگەر زۆر پێویست بێت و بۆ بەدەستهێنانی ئامانجێکی شەرعی پۆلیس بێت. هێزە ئەمنیەکان تەنها لەکاتێکدا دەتوانن گازی فرمێسک ڕێژ لە دژی خۆپیشاندەران بەکاربهێنن ئەگەر پێویست بێت بۆ ڕيگریکردن لە زیانی گیانی زیاتر. ئەگەر کرا، دەبێت هێزەکانی پۆلیس بەرلە بەکارهێنانی گازی فرمێسک ڕێژ خۆپیشاندەران ئاگادار بکەنەوە. هەروەها دەبێت ڕەچاوی درەنجامە خراپەکانی بەکارهێنانی گازی فرمێسێک ڕێژ لە دژی خۆپیشاندەران بکەن بەتایبەت لە شوێنی داخراو بەکارهێنانیان لە مەودایەکی نزیک لە خۆپیشاندەران و ئەو خۆپیشاندانانەی کە منداڵی تێدایە. دەبێت بەکارهێنانی گازی فرمێسک ڕێژ لە دژی ئەو خۆپیشاندانانەی کە تووندوتیژیان لێدەکەوێتەوە زیاد لەقەبارەی توندنوتیژیەکان نەبێت و بۆ بەدەستهێنانی ئامانجێکی شەرعی هێزەکانی پۆلیس بێت. دەبێت لەگەڵ بەکارهێنانی گازی فرمێسک ڕێژ پۆلیس ئەو هۆکارانەی تر بەکارنەهێنێ کە زیان بە خۆپیشاندەران دەگەیەنێ. بەکارهێنانی هۆکاری توندوتیژی لە دژی خۆپیشاندەران لەلایەن پۆلیسەوە تەنها لەکاتێکدا ڕێگەی پێدراوە کە پێویست بێت بۆ پارێزگاریکردن لە ژیان و سەلامەتی خەڵک.

پرەنسیپە بنچینەییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان سەبارەت بە بەکارهێنانی هێزو چەک لە دژی خۆپیشاندەران لەلایەن پۆلیسەوە پێویستی دەکات لەسەر بەرپرسان کە دەستبەجێ ڕاپۆرت و لێکۆڵینەوە بکەن لە هەموو ئەو حاڵەتانەی کە تێیاندا هێزە ئەمنیەکان هەڵدەستن بە کوشتن و بریندارکردنی خۆپیشاندەران بە چەک لە ڕێگەی ئیدارەیەکی سەربەخۆو یاساییەوە.

داخستنی هێڵەکانی ئینتەرنێت پێشێلکردنی مافەکانی ئازادی ڕادەربڕین و دەستکەوتنی زانیاری و ئازادی گردبونەوەی هێمنانەیە. بەپێی یاساکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی، لەسەر ئێران پێویستە دڵنیایی بدات لەوەی کە داخستنی هێڵەکانی ئینتەرنێت بەپێی یاساو پێویست بێت و زیاد لە حەد نەبێت و بۆ وەڵامدانەوەی نیگەرانیەکی ئەمنی بێت. نابێت بەرپرسانی دەوڵەت بەشێوەیەکی بەرفراوان و بەبی جیاکاری ڕێگری لە خەڵک بکەن لە دەستکەوتنی زانیاری و گردبونەوەی هێمنانە بەشێوەیەکی ئازادانەو دەربڕینی بۆچونە سیاسیەکانیان.

پەیج ووتی، "بەرپرسانی ئێرانی زۆر پەرۆشانە ڕێگری دەکەن لە بڵابونەوەی زانیاری لە دەرەوەو ناوەوەی ئێران بەهیوای ئەوەی کە جیهان چاوپۆشی بکات لە سەرکوتکاریەکانیان. دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی فشار بخاتە سەر ئێرانیەکان لە دەستبەجێ کردنەوەی هێڵەکانی ئینتەرنێت و لێکۆڵینەوەکردن لە مامەڵەخراپەکان."

Your tax deductible gift can help stop human rights violations and save lives around the world.

Region / Country