Skip to main content

هه‌رێمی كوردستانی عێراق: ئه‌شكه‌نجه‌دانی مێرمنداڵانی به‌ندكراو

لێدان و به‌كارهێنانی ته‌زووی كاره‌با بۆ ناچاركردنیان به‌ دانپێنان به‌ ئه‌ندام بوون له‌ داعش

ده‌ره‌وه‌ی سه‌نته‌ری چاكسازی ژنان و منداڵان له‌ هه‌ولێر كه‌ تێیدا به‌ ده‌یان منداڵی تێدا به‌نده به‌ تۆمه‌تی هه‌بوونی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ داعش‌ به‌رله‌ دادگایكردنیان و دوای دادگایكردنیان   © 2018 Jo Becker/Human Rights Watch

هیومان ڕایتس ۆوچ له‌ ڕاپۆرته‌كه‌ی ئه‌مڕۆیدا ڕایگه‌یاند، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌شكه‌نجه‌ی مێرمنداڵانی داوه‌ تا ناچاریان بكات به‌ دانپێنان به‌ هه‌بوونی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ داعش.

''جه‌بار''ی ته‌مه‌ن ١٧ ساڵ ووتی ئه‌فسه‌رانی ئاسایش بۆماوه‌ی یه‌ك كاتژمێر له‌كاتی لێكۆڵینه‌وه‌دا له‌ دواوه‌ ده‌ستیان به‌ شێوازێك به‌ستووه‌ به‌  ''دووپشكی'' ناسراوه‌.  
مێرمنداڵان به‌ هیومان ڕایتس ۆوچیان ووت كه‌ له‌ ساڵی ٢٠١٧ و ٢٠١٨ ئه‌فسه‌رانی ئاسایش ئه‌شكه‌نجه‌یانداون به‌ لێدان و به‌كارهێنانی ته‌زوی كاره‌با. زۆرێكیان ووتیان، پارێزه‌ریان نه‌بووه‌و ڕێگه‌یان پێنه‌دراوه‌ نووسراوی دانپێنانه‌كان بخوێننه‌وه‌ كه‌ ئاسایش بۆیان نووسیوون و به‌زۆر پێیان واژۆ كردوون.

جۆو بێكه‌ر، به‌ڕێوه‌به‌ری داكۆكیكردن له‌ مافه‌كانی منداڵ له‌ هیومان ڕایتس ۆوچ ووتی، ''نزیكه‌ی پاش دوو ساڵ له‌ به‌ڵێندان له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ لێكۆڵینه‌وه‌كردن له‌ ئه‌شكه‌نجه‌دانی منداڵانی به‌ندكراو، هێشتا ئه‌م دیارده‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ترسناك به‌رده‌وامه‌. ده‌بێت به‌رپرسانی كوردستان ده‌ستبه‌جێ ده‌ست هه‌ڵگرن له‌ ئه‌شكه‌نجه‌دانی منداڵان و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و كه‌سانه‌ بكه‌ن كه‌ له‌ پشت ئه‌و كاره‌وه‌ن.''  

هیومان ڕایتس ۆوچ له‌ سه‌نته‌ری چاكسازی ژنان و منداڵانی هه‌ولێر له‌ تشرینی دووه‌می ٢٠١٨ چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ ٢٠ مێردمنداڵ كرد كه‌ ته‌مه‌نیان له‌ نێوان ١٤ بۆ ١٧ ساڵدا بوو كه‌ هه‌موویان یان سزادرابوون یان تۆمه‌تباربوون به‌ هه‌بوونی په‌یوه‌ندی به‌ داعش له‌گه‌ڵ سێ مێردمنداڵ كه‌ تازه‌ ئازاد كرابوون. ئه‌و سه‌نته‌ره‌ كه‌ له‌ به‌ندیخانه‌یه‌ك پێك دێت و به‌ دیواری به‌رزی كۆنكرێتی و وایه‌ر ده‌وره‌دراوه‌ یه‌كێكه‌ له‌و سێ سه‌نته‌ره‌ی كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستانی عێراق بۆ به‌ندكردنی منداڵ به‌كارده‌هێنرێ.

له‌كاتی سه‌ردانه‌كه‌یاندا، ستافی سه‌نته‌ره‌كه‌ ووتیان كه‌ ٦٣ مێردمنداڵ له‌ سه‌نته‌ره‌كه‌دا به‌ تۆمه‌تی كاری په‌یوه‌ندیدار به‌ تیرۆره‌وه‌ به‌ندن و ٤٣ منداڵیان سزادرابوون. هه‌روه‌ها هیومان ڕایتس ۆوچ چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ ستافی سه‌نته‌ره‌كه‌و كه‌س و كاری منداڵه‌كان و دوو كوڕی ته‌مه‌ن ١٨ ساڵ كرد كه‌ ده‌ستگیركرابوون و به‌ندكرابوون.

١٦ له‌ ٢٣ مێردمنداڵه‌كه‌ ووتیان كه‌ ئه‌فسه‌رانی ئاسایش له‌كاتی لێكۆڵینه‌وه‌دا له‌ بنكه‌كانی ئاسایش ئه‌شكه‌نجه‌یان داون به‌ لێدانی هه‌موو جه‌سته‌یان به‌ سۆنده‌و كێبڵی كاره‌باو دار. سێ له‌ مێردمنداڵه‌كان ووتیان،‌ ئه‌فسه‌ران به‌ ته‌زووی كاره‌با ئه‌شكه‌نجه‌یان داون. هه‌ندێكی تر ووتیان كه‌ بۆماوه‌ی دوو كاتژمێر به‌شێوازی دووپشكی له‌ دواوه‌ ده‌ستیان به‌ستراوه‌. ژماره‌یه‌ك له‌ منداڵه‌كان ووتیان،‌ بۆماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێك ئه‌شكه‌نجه‌دراون تا ئه‌و كاته‌ی دانپێدانانیان كردووه‌.

چوار مێردمنداڵی تر ووتیان كه‌ ئاسایش له‌كاتی لێكۆڵینه‌وه‌دا هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌شكه‌نجه‌دانیان لێكردوون. مێردمنداڵێكی ١٧ ساڵ ووتی كه‌ ئه‌فسه‌ری لێكۆڵه‌ره‌كه‌ی پێی ووتوه‌، ''ئه‌گه‌ر ڕاستیه‌كه‌مان پێنه‌ڵێی، ئه‌وا كوڕه‌كان بانگ ده‌كه‌م بێن لێتبه‌ن و ئێسقانه‌كانت بشكێنن.''

هه‌ندێك له‌ منداڵه‌كان ووتیان كه‌ په‌یوه‌ندیان به‌ داعش كردووه‌و كاریان له‌گه‌ڵ كردون و مه‌شقی سه‌ربازی و ئاینیان له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ پێكراوه‌. یه‌كێكیان وه‌ك شۆفێر یه‌كێكی تر وه‌ك چێشت لێنه‌ر. ته‌نها یه‌كێكیان ووتی كه‌ له‌ دژی هێزه‌ سه‌ربازیه‌كانی عێراق له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا به‌شداری شه‌ڕی كردووه‌. هه‌ندێكی تریان ووتیان،‌ هیچ تێوه‌گلانێكی شه‌خسیان به‌ داعشه‌وه‌ نه‌بووه‌، به‌ڵام ئه‌ندامی خێزانیان هه‌بووه‌ له‌ناو داعشدا بووه‌. هیومان ڕایتس ۆوچ نه‌یتوانی سه‌ربه‌خۆیانە شێوازو قه‌باره‌ی تێوه‌گلانی ئه‌م مێرمنداڵانه‌ به‌ داعشه‌وه‌ هه‌ڵسه‌نگێنێ.

هه‌موو ئه‌و مێردمنداڵانه‌ی چاوپێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵ كرا دانپێدانانیان كردبوو جگه‌ له‌ یه‌كێكیان نه‌بێ. زۆرێكیان ووتیان چاریان نه‌بووه‌و ئه‌شكه‌نجه‌دراون و ژماره‌یه‌كیان ووتیان كه‌ درۆیان كردووه‌. مێردمنداڵێكی ته‌مه‌ن ١٦ ساڵ ووتی، ''نووسراوی دانپێنانه‌كه‌م ده‌ڵێ كه‌ بۆماوه‌ی ١٦ ڕۆژ په‌یوه‌ندیم به‌ داعش كردووه‌، به‌ڵام له‌ ڕاستیدا به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك په‌یوه‌ندیم پێوه‌ نه‌كردوون. ووتم ١٦ ڕۆژ بۆئه‌وەی ئەشکەنجەدانەکە بوەستنم.''

‌زۆرێك له‌ منداڵه‌كان ووتیان كه‌ ئه‌فسه‌رانی لێكۆڵه‌ر پێیان گووتون چی بڵێن بۆ دانپێنانه‌كانیان. ''یه‌كه‌م جار ووتیان كه‌ ده‌بێت بڵێم له‌گه‌ڵ داعش بووم ووتم باشه‌،'' ئه‌مه‌ ووته‌ی كوڕێكی ته‌مه‌ن ١٦ ساڵ بوو، ''پاشان ووتیان كه‌ ده‌بێت بڵێم بۆماوه‌ی ٣ مانگ له‌گه‌ڵ داعش كارم كردووه‌. پێم گووتن له‌گه‌ڵ داعش نه‌بووم، به‌ڵام ووتیان نا ده‌بێت بڵێم له‌گه‌ڵ داعش بووم.'' ئه‌و ووتی پاش دوو كاتژمێر له‌ لێكۆڵینه‌وه‌و ئه‌شكه‌نجه‌دان ڕازیبووم به‌ ئیعتراف كردن.

هه‌موو مێردمنداڵه‌كان ووتیان، ڕێگه‌یان پێنه‌دراوه‌ نووسراوی دانپێنانه‌كان بخوێننه‌وه‌ كه‌ ئاسایش بۆی نووسیوون و ناچاریان كردوون به‌ واژوكردنی. زۆرێكیان پاش خوێندنه‌وه‌ی دانپێنانه‌كان له‌ دادگادا ئینجا زانیویانه‌ چی تێدا نووسراوه‌.

لانی كه‌م له‌ پێنج منداڵ به‌ دادوه‌ری لێكۆڵه‌ریان وتووه‌ كه‌ له‌ ژێر ئه‌شكه‌نجه‌دا ئیعترافیان كردووه‌، به‌ڵام دادوه‌ره‌كان ووته‌كانیان پشتگوێ خستوون. مێرمنداڵه‌كان ووتیان،‌ ده‌ستگیركراو به‌ تۆمه‌تی تیرۆر ده‌هێنرێته‌ به‌رده‌م دادوه‌ری لێكۆڵه‌رو پاشان دادوه‌ری لێكۆڵه‌ر فه‌رمانی گواستنه‌وه‌ی گومانلێكراو  بۆ به‌ندیخانه‌یه‌ك ده‌دات تا كاتی دادگایكردنی له‌به‌رده‌م پانێڵێكی سێ دادوه‌ریدا.

ئه‌و شێوازی ئه‌شكه‌نجه‌دانانه‌ی كه‌ كوڕه‌كان باسیان كرد له‌گه‌ڵ ووته‌كانیان سه‌باره‌ت به‌ نه‌بوونی پارێزه‌رو نه‌بوونی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ كه‌س و كارو خێزانه‌كانیان لێكچووی ووته‌ی ١٧ مێردمنداڵی تربوو كه‌ به‌ تۆمه‌تی هه‌بوونی په‌یوه‌ندی به‌ داعش له‌ هه‌مان سه‌نته‌ردا به‌ندبوون و له‌ مانگی كانوونی یه‌كه‌می ٢٠١٦ قسه‌یان بۆ هیومان ڕایتس ۆوچ كرد. له‌ ٢٠١٧، حكومه‌تی هه‌رێم به‌ڵێنی دامه‌زراندنی كۆمیته‌یه‌كی هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ یۆنامی له‌ عێراق دا بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌م تۆمه‌تانه‌.

هیومان ڕایتس ۆوچ نامه‌یه‌كی ئاراسته‌ی دكتۆر دیندار زێباری ڕێكخه‌ری فه‌رمانگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ داكۆكی نێوده‌وڵه‌تی كرد بۆ كۆمێنتدان له‌سه‌ر ئه‌م تۆمه‌ت و ده‌ره‌نجامانه‌. له‌ ١٨ی كانوونی دووه‌م زێباری وه‌ڵامیدایه‌وه‌و ووتی كه‌ به‌رپرسانی ئاسایش ڕێگه‌یان پێنادرێ ئه‌شكه‌نجه‌ی به‌ندكراوان بده‌ن و به‌ندكراو مافی پێشكه‌شكردنی داوای یاسایی فه‌رمی هه‌یه‌ له‌دژی ئه‌و كه‌سه‌ی ئه‌شكه‌نجه‌ی داوه‌. هه‌روه‌ها ووتی كه‌ به‌ندكراو مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ داوای پارێزه‌ر بكات و خێزانی منداڵه‌كان له‌ ده‌ستگیركردنیان ئاگادار ده‌كرێنه‌وه‌ و مێرمنداڵی ده‌ستگیركراو ده‌توانێ په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی ئه‌نجام بدا به‌ ئاماده‌بوونی ئه‌فسه‌رێكی ئاسایش. هیچ وه‌ڵامێكی نه‌بوو سه‌باره‌ت به‌ كۆمیته‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ یان هه‌ر ڕێوشوێنێك كه‌ گیرابێته‌به‌ر بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و ئه‌فسه‌رانه‌ی ئاسایش كه‌ به‌رپرسیاربوون له‌ ئه‌شكه‌نجه‌دان.

مافه‌كانی مرۆڤی نێوده‌وڵه‌تی و یاسا مرۆییه‌كان ئه‌شكه‌نجه‌و مامه‌ڵه‌ی خراپ له‌ دژی زیندانیان قه‌ده‌غه‌ده‌كه‌ن. ده‌بێت ده‌ستگیركردنی منداڵان دوا ڕێگه‌چاره‌ بێت، وە بۆ كورت ترین ماوه‌ بێ. یاسا نێوده‌وڵه‌تیه‌كان سه‌باره‌ت به‌ منداڵ و ململانێ چه‌كداری داوا له‌ ووڵاتان ده‌كات هاوكاری ئه‌و منداڵانه‌ بكات كه‌ به نایاسایی له‌لایه‌ن هێزو گرووپی چه‌كداره‌وه‌ به‌ چه‌كدار كراون، له‌گه‌ڵ دابینكردنی هاوكاری گوونجاو بۆ چاره‌سه‌ری جه‌سته‌یی و ده‌روونیان و تێكه‌ڵ كردنه‌وه‌یان به‌ كۆمه‌ڵگا. ئه‌و منداڵانه‌ی تۆمه‌تبارن به‌ ئه‌نجامدانی تاوانن، مافی هه‌بوونی هاوكاری یاساییان هه‌یه‌و ده‌بێت كه‌یسه‌كانیان ده‌ستبه‌جێ یه‌كلایی بكرێته‌وه‌. هه‌روه‌ها مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ كه‌ ناچار نه‌كرێن به‌ شاهێدی دان و دانپێنان و ئه‌و ووته‌و دانپێنانه‌ی له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه‌دا ده‌ستده‌كه‌وێ ناتوانرێ له‌ دادگادا وه‌ك به‌ڵگه‌ به‌كاربهێنرێت.

نابێت به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌رێم به‌بێ هه‌بوونی به‌ڵگه‌ی ڕوون له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی تاوان هیچ منداڵێك ده‌ستگیربكه‌ن و ده‌بێت پرۆگرامی چاكسازی و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ كۆمه‌ڵگا بۆ ئه‌و منداڵانه‌ دابین بكرێ كه‌ ڕه‌نگه‌ له‌گه‌ڵ داعش په‌یوه‌ندیان هه‌بووبێ. ده‌بێت به‌رپرسان دڵنیایی بده‌ن له‌وه‌ی كه‌ بنه‌مایه‌كی یاسایی ڕوون ‌ بۆ ده‌ستگیركردنی منداڵ هه‌یه و ده‌بێت منداڵه‌كه‌ ده‌ست به‌جێ ببرێته‌ به‌رده‌م دادوه‌ر بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر یاسایی بوونی ده‌ستگیركردنه‌كه‌ی.

ده‌بێت به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌رێم دڵنیایی بده‌ن له‌ هه‌بوونی پارێزه‌ر بۆ هه‌ر منداڵێك كه‌ تۆمه‌تباره‌ به‌ ئه‌نجامدانی تاوان له‌كاتی لێكۆڵینه‌وه‌شدا له‌گه‌ڵی و ڕێگه‌پێدانی به‌ په‌یوه‌ندیكردن به‌ خێزانه‌كه‌یه‌وه‌‌. ده‌بێت به‌رپرسان هه‌نگاوی به‌په‌له‌ بنێن له‌ كۆتایی هێنان به‌ به‌كارهێنانی هه‌موو شێوازێكی ئه‌شكه‌نجه‌و دانپێنانی به‌زۆر لێكۆڵینه‌وه‌و سزای ئه‌و كه‌سانه‌ بده‌ن كه‌ به‌رپرسیارن له‌و كاره‌. ده‌بێت ئه‌و دادوه‌رانه‌ی ده‌زانن‌ منداڵ ئه‌شكه‌نجه‌دراوه‌  فه‌رمانی گواستنه‌وه‌یان  بۆ به‌ندیخانه‌یه‌كی تر بده‌ن و دڵنیابن له‌وه‌ی پێداویستی پزیشكی ته‌واویان بۆ دابینكراوه‌و هه‌روه‌ها فه‌رمانی دووباره‌ دادگایكردنه‌وه‌یان بده‌ن ئه‌گه‌ر زه‌بروزه‌نگ به‌كارهێنرابێ بۆ ناچاركردنیان به‌ دانپێنان.

بێكه‌ر ووتی، ''زۆرێك له‌م منداڵانه‌ به‌هۆی جه‌نگ و پێشێلكاریه‌كانی داعشه‌وه‌ تووشی ترس و دڵه‌ڕاوكێ بوون و له‌بری به‌دیهێنانی عه‌داله‌ت بۆیان، ئه‌شكه‌نجه‌و دانپێنانی به‌زۆر ته‌نها نه‌هامه‌تیه‌كانیان زیاد ده‌كاو ڕقی زیاتر له‌ ناخیاندا ده‌چێنێ.''

بۆ زانیاری زیاتر له‌سه‌ر ووته‌كانیان سه‌باره‌ت به‌ ئه‌شكه‌نجه‌دانیان و ئه‌زموونی مێردمنداڵه‌كان له‌ به‌ندیخانه‌دا، تكایه‌ ته‌ماشای گێڕانه‌وه‌كانی خواره‌وه‌ بكه‌:

مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ منداڵان

هیچ كام له‌ منداڵه‌كان نه‌براونه‌ته‌ به‌رده‌م دادوه‌ر له‌ماوه‌ی ٢٤ كاتژمێری ده‌ستگیركردنیاندا، وه‌ك له‌ یاساكانی حكومه‌تی هه‌رێمدا هاتووه‌. زۆرێكیان ووتیان كه‌ پاش چه‌ند ڕۆژێك له‌ ده‌ستگیركردنیان دادوه‌ریان بینیووه‌. زۆرێكیان له‌ ماوه‌ی ١٥ ڕۆژی ده‌ستگیركردنیاندا گوێزراونه‌ته‌وه‌ بۆ سه‌نته‌ری چاكسازی هه‌ولێر، به‌ڵام هه‌ندێكیان له‌ ٢ تا ٥ مانگه‌وه‌ له‌ له‌لایه‌ن ئاسایشه‌وه‌ ده‌ستگیركراون.

زۆرێك له‌ مێرمنداڵه‌كان كه‌ چاوپێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵ كرا ووتیان، له‌ بازگه‌كانی چوونه‌ ناو هه‌رێمی كوردستان ده‌ستگیركراون، زۆرجار له‌به‌ره‌وه‌ی ناویان له‌ناو لیستی داواكراوانی داعشدا هەبووه‌ و هه‌ندێكی تریان له‌ناو كامپی ئاواره‌كان ده‌ستگیركراون. زۆرێك له‌ كوڕه‌كان له‌وباوه‌ڕه‌دا بوون كه‌ ناویان له‌ناو ئه‌و لیستانه‌دا بووه‌ له‌به‌ره‌وه‌ی ئه‌ندامێكی خێزانه‌كه‌یان په‌یوه‌ندی به‌ داعشه‌وه‌ هه‌بووه‌ یان ناویان هاوشێوه‌ی ناوی گومانلێكراوێكی تر بووه‌ یان خه‌ڵكی گوونده‌كه‌یان ناویان داون به‌هۆی ناكۆكی خێزانیه‌وه‌.

ته‌نها چوار له‌ مێردمنداڵه‌كان پارێزه‌ریان هه‌بوو. هه‌ندێكیان هه‌ر نه‌یانده‌زانی كه‌ پارێزه‌ریان هه‌بووبێ یان نا و زۆرێكیان نه‌یانده‌زانی مافی هه‌بوونی‌ پارێزه‌ریان هه‌بێ. هه‌ندێكیان ووتیان كه‌ ستافی به‌ندیخانه‌كه‌ پێیان وتوون پارێزه‌ر هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر پاره‌ بده‌ن. دوو مێرمنداڵ كه‌ پارێزه‌ریان گرتووه‌ ته‌نها یه‌ك جارو به‌رله‌ دادگایی كردنیان چاویان به‌ پارێزه‌ره‌كه‌یان كه‌وتووه‌ و دوانی تر ووتیان، یه‌ك جار به‌رله‌ دادگایكردنیان كه‌سێكیان بینیووه‌ كه‌ له‌و باوه‌ڕه‌دا بوون پارێزه‌ر بووبێ و هیچ گفتوگۆیه‌كیان له‌گه‌ڵ پارێزه‌ره‌كه‌ نه‌كردوه‌و نه‌یانزانی ئه‌گه‌ر پارێزه‌ره‌كه‌ قسه‌ی له‌گه‌ڵ دادوه‌ر كردبێ چونكه‌ به‌ كوردی بووه‌و ئه‌وان تێنه‌گه‌یشتوون.

ووتیان كه‌ دادگایكردنه‌كه‌یان ته‌نها ماوه‌ی ٥ بۆ ١٠ خوله‌كی خایاندووه‌. ووتیشیان كه‌ هیچ شاهێدحاڵێكیان له‌ دادگایكردنه‌كه‌دا نه‌بینیووه‌و هیچ كام له‌ كوڕه‌كان ئاگادار نه‌بوون له‌وه‌ی كه‌ هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك پێشكه‌ش به‌ دادوه‌ر كرابێ جگه‌ له‌ دانپێنانه‌كانیان. زۆرێك له‌وانه‌ی سزادراون سزاكانیان له‌ نێوان ٦ تا ٩ مانگی به‌ندكردن بووه‌.

هیچ كام له‌ مێرمنداڵه‌كان نه‌یان ووت كه‌ ڕێگه‌یان پێدراوه‌ په‌یوه‌ندی به‌ خێزانه‌كانیانه‌وه‌ بكه‌ن كاتێك لای ئاسایش به‌ندبوون. یه‌ك جارو به‌رله‌ دادگایكردنیان، منداڵه‌كان له‌ سه‌نته‌ره‌كه‌ ڕێگه‌یان پێدراوه‌ سه‌ردانی خێزانی بكرێن، به‌ڵام زۆرێكیان ووتیان  ڕێگه‌ی په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنیان پێنه‌دراوه‌ به‌رله‌ سزادانیان. بۆ هه‌ندێك له‌ زیندانیه‌كان، ڕێگه‌نه‌دان به‌ په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ خێزانه‌كانیان مانای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كه‌س و كاریان سۆراخی منداڵه‌كان نازانن. مێرمنداڵێك ووتی، نزیكه‌ی دوو ساڵه‌ زیندانیه‌ به‌بێ ئه‌نجامدانی هیچ په‌یوه‌ندیه‌ك له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی. ستافی سه‌نته‌ره‌كه‌ ووتیان، ئاسایش بڕیار ده‌دا چ زیندانیه‌ك ڕێگه‌ی سه‌ردانی خێزانی یان ته‌له‌فۆنكردنی پێده‌درێ.

ئه‌شكه‌نجه‌و نه‌بوونی پارێزه‌رو ناعه‌داله‌تی له‌ دادگایكردنه‌كاندا

ئه‌شكه‌نجه‌

''سه‌میر'' وه‌ك ئه‌و مێردمنداڵانه‌ی تر كه‌ چاوپێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵ كرا ناوی ڕاسته‌قینه‌ی ئاشكرا ناكرێ بۆ پارێزگاریكردن له‌ سه‌لامه‌تی، له‌ كۆتایی ٢٠١٧ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی سه‌ربه‌ سووپاوه‌ له‌ بازگه‌یه‌ك ده‌ستگیر ده‌كرێ كاتێك ١٦ ساڵ بووه‌، ئه‌و ووتی.

سێ ئه‌فسه‌ری ئاسایش بوون. ده‌ستیان له‌ پشته‌وه‌ به‌ستم به‌شێوازی ''دوو پشكی''، ده‌ستێكیان له‌ سه‌ر شانمه‌وه‌و ده‌ستێكیان له‌ پشته‌وه‌. به‌ دار لێیاندام و نزیكه‌ی ٥ تا ١٠ جار ته‌زووی كاره‌بایان لێدام. وایه‌ری كاره‌بایان له‌سه‌ر شان و سكمدا. له‌كاتی لێدانی ته‌زوی كاره‌بادا به‌ داریش لێیان ده‌دام. سێ ڕۆژی یه‌ك له‌دوای یه‌ك به‌م شێوه‌یه‌ ئه‌شكه‌نجه‌یان ‌دام. بۆماوه‌ی چه‌ند كاتژمێرێك له‌ژوره‌كه‌دا بووم ئه‌وان ده‌هاتنه‌ژوره‌وه‌و ده‌چونه‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ پشودان. له‌ ڕۆژی سێیه‌مدا، ئیعترافم كرد. ووتیان كه‌ ده‌بێت ئیعتراف بكه‌م به‌ هه‌بوونی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ داعش بۆماوه‌ی ٢ مانگ. ئیعترافم كرد، به‌ڵام ئه‌وه‌ ڕاست نیه‌. به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ داعش نه‌بووم.

''تاهیر''ی ١٧ ساڵ ووتی له‌كۆتایی ٢٠١٧ له‌ ئاسایشی گشتی ئه‌فسه‌رانی ئاسایش له‌كاتی لێكۆڵینه‌وه‌دا ته‌زووی كاره‌بایان لێدام. ئه‌و ووتی كه‌ ئاسایش بۆماوه‌ی سێ ڕۆژ لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ كردوه‌و ئه‌شكه‌نجه‌یان داوه‌:

ده‌ستم به‌سترابوو له‌ ژورێكدا كه‌ ٦ تا ٧ ئه‌فسه‌ری ئاسایشی تێدابوو. هه‌موویان لێیان ده‌دام. له‌ قاچ و شانیان ده‌دام. هه‌موو ڕۆژێك پێنج جار ته‌زووی كاره‌بایان لێده‌دام. ووتیان كه‌ پێویسته‌ بڵێم له‌گه‌ڵ داعش بوون ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ داعشیش نه‌بووبم. له‌ ڕۆژی سێیه‌مدا ئیعترافم كرد به‌وه‌ی بۆماوه‌ی چوار ڕۆژ له‌گه‌ڵ داعش بووم. ووتیان كه‌ ده‌بێت بڵێم زیاتر به‌ڵام نه‌مگووت ڕه‌تم كرده‌وه‌ ئه‌وه‌ بڵێم.

''حوسین'' له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منیه‌كانه‌وه‌ له‌ كۆتایی ٢٠١٧ له‌ بازگه‌یه‌ك ده‌ستگیركرابوو ئه‌و كاته‌ی ته‌مه‌نی ١٤ ساڵ بووه‌. ئه‌و ووتی كه‌ بۆماوه‌ی ٥ مانگ له‌ ئاسایش ده‌ستبه‌سه‌ر بووه‌و له‌كاتی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵیدا:

ئه‌فسه‌رانی ئاسایش به‌ سۆنده‌ له‌ هه‌موو جه‌سته‌یان ده‌دام و پاشان به‌ شێوه‌ی دوو پشكی ده‌ستیان له‌دواوه‌ بۆماوه‌ی دوو كاتژمێر به‌ستم. پرسیاریان ده‌رباره‌ی داعش لێده‌كردم و ده‌یان ووت، ''ده‌بێت ئیعتراف بكه‌ی كه‌ داعش بووی. به‌زۆر ناچاریان كردم بڵێم كه‌ بۆماوه‌ی یه‌ك مانگ له‌گه‌ڵ داعش كارم كردووه‌. هه‌روه‌ها ووتیان‌ ده‌بێت بڵێم كڵاشینكۆف و ئێم ١٦ و بیكه‌یسیم به‌كارهێناوه‌.''

ئه‌و ووتی هیچ كام له‌م شتانه‌ ڕاست نیه‌، به‌ڵام ئه‌فسه‌رانی ئاسایش پێیان وتووه‌ ئه‌گه‌ر ئیعتراف نه‌كا، به‌رده‌وام ئه‌شكه‌نجه‌ی ده‌ده‌ن و به‌ كێبڵ لێی ده‌ده‌ن.

دانپێنان به‌ هه‌بوونی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ داعش هێشتا هه‌ندێكیانی له‌ ئه‌شكه‌نجه‌ ڕزگار نه‌كردووه‌. جه‌بار ووتی، كاتێك پێشمه‌رگه‌ پرسیاریان ده‌رباره‌ی هه‌بوونی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ داعش لێكردوه‌ ، ده‌ستبه‌جێ ئیعترافی كردوه‌ كه‌ بۆماوه‌ی سێ مانگ له‌گه‌ڵ داعش وه‌ك شۆفێر كاری كردوه‌‌. ئه‌و ووتی، ئاسایش هێشتا له‌كاتی لێكۆڵینه‌وه‌دا ئه‌شكه‌نجه‌یان ده‌دا، داوای ناوی سه‌ركرده‌كانی داعش و هاوڕێكانی ناو داعشیان لێده‌كرد. ئه‌و ووتی كه‌ ئه‌فسه‌رانی ئاسایش بۆماوه‌ی ٤٠ خوله‌ك به‌ سۆنده‌ له‌ پشتیان ده‌دا و پاشان به‌ شێوازی دوو پشكی له‌دواوه ده‌ستیان بۆماوه‌ی یه‌ك كاتژمێر به‌ستووه‌. ئه‌و ووتی، ناوی هیچ سه‌ركرده‌یه‌كی داعشی نه‌ده‌زانی، به‌ڵام ناوی هاوڕێكانی پێداون. ووتیشی له‌پاش ئه‌شكه‌نجه‌دان نه‌یتوانیوه‌ بۆماوه‌ی یه‌ك هه‌فته‌ له‌سه‌ر پشت بخه‌وێ.

چه‌ند مێردمنداڵێك ووتیان لێیان نه‌دراوه‌، به‌ڵام ئاسایش هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌شكه‌نجه‌ی لێكردون. ''نه‌سیم''ی ١٧ ساڵ كه‌ له‌ كۆتایی ٢٠١٨ له‌ بازگه‌یه‌ك ده‌ستگیر ده‌كرێ ووتی له‌كاتی لێكۆڵینه‌وه‌دا ئه‌فسه‌رانی ئاسایش ده‌یان ووت، ''ئه‌گه‌ر بڵێی په‌یوه‌ندیت له‌گه‌ڵ داعش نه‌بووه‌ ده‌تنێرین بۆ حه‌شدی شعبی و ئه‌وان ده‌تكوژن. ئه‌و به‌ هیومان ڕایتس ۆوچی ووت كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ داعشه‌وه‌ نه‌كردوه‌ به‌ڵام ئیعترافی بۆ ئه‌فسه‌ری لێكۆڵه‌ر كردوه‌و ڕازیبووه‌ كه‌ پێیان بڵێ بۆماوه‌ی ١٥ ڕۆژ له‌گه‌ڵ داعش بووه‌. ''ووتیان ئه‌وه‌ كیفایه‌ت نیه‌، بۆیه‌ گووتم ٣٠ ڕۆژ. پاش هه‌فته‌یه‌ك دادوه‌ری لێكۆڵه‌رم بینی و پرسیاری لێدكردم ئه‌گه‌ر دانپێنانه‌كه‌م ڕاسته‌. ووتم به‌ڵێ، له‌به‌ره‌وه‌ی ده‌ترسام ئه‌گه‌ر بڵێم نه‌خێر ڕه‌نگه‌ ئه‌شكه‌نجه‌م بده‌ن و شتێكم لێبكه‌ن.''

''سه‌عدون''ی ته‌مه‌ن ١٧ ساڵ ووتی، له‌ كۆتایی ساڵی ٢٠١٨ له‌ بنكه‌ی ئاسایش ئه‌فسه‌رانی ئاسایش چه‌ندجارێك لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ كردووه‌و لێیانداوه‌. ئه‌و ووتی، ''چه‌ندجارێک پێیان ووتم، ئه‌گه‌ر ئیعتراف نه‌كه‌ی ده‌تبه‌ینه‌ ده‌ره‌وه‌و لێت ده‌ده‌ین هه‌تا ئیعتراف ده‌كه‌ی. ناتهێنینه‌ ناو سه‌نته‌ره‌كه‌ هه‌تا ئیعتراف نه‌‌كه‌ی.''

''شه‌ماڵ''ی ته‌مه‌ن ١٦ ساڵ ووتی، له‌سه‌ره‌تای ساڵی ٢٠١٨ كاتێك له‌گه‌ڵ دایكی بۆ هه‌ولێر ده‌ڕوا ئاسایش ده‌ستگیری ده‌كه‌ن. یه‌كه‌م جار، نكۆڵی هه‌بوونی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ داعش ده‌كات. ئه‌و ووتی، كاتێك داعش ده‌گاته‌ ناوچه‌كه‌یان، خێزانه‌كه‌ی مه‌ڕوماڵاته‌كه‌یان ده‌به‌ن و ناوچه‌كه‌یان جێده‌هێڵن. ووتیشی، ئه‌فسه‌رانی ئاسایش لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ كردووه‌و لێیانداوه‌:

وابزانم سێ ئه‌فسه‌ر بوون، دڵنیانیم چونكه‌ چاوم به‌سترابوو. به‌رده‌وام ده‌یان ووت، '' تۆ داعش'' ی و به‌دارێكی درێژ لێیان ده‌دام. له‌ ڕۆژی دووه‌مدا هه‌مان شتیان كرد بۆیه‌ له‌ كۆتایدا ئه‌و ڕۆژه‌ ئیعترافم كرد. ووتیان ده‌بێت بڵێم كه‌ بۆماوه‌ی شه‌ش مانگ له‌گه‌ڵ داعش بووم، به‌ڵام ووتم نه‌خێر ته‌نها ئیعتراف بۆ دوو مانگ ده‌كه‌م.

هاوكاری یاسایی

''سه‌میر'' له‌ ناوه‌ڕاستی ساڵی ٢٠١٨ دادگایی كرا، ئه‌و ووتی:

دڵنیانیم به‌ڵام وابزانم پارێزه‌ره‌كه‌م كچێك بوو. له‌كاتی دادگایكردنی كه‌یسه‌كه‌مدا، به‌ كوردی له‌گه‌ڵ دادوه‌ر قسه‌ی ده‌كرد. به‌هیچ شێوه‌یه‌ك چاوی به‌من نه‌كه‌وت و قسه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌كردم له‌ پێش و له‌پاش دادگایكردنه‌كه‌.

''سامی'' ١٧ ساڵ كه‌ له‌ناوه‌ڕاستی ساڵی ٢٠١٨ ده‌ستگیركرا ووتی:

لێره‌ له‌ زیندان ستافی زیندانیه‌كه‌ به‌ لیستێك ناوی پارێزه‌ره‌وه‌ هاتن و ووتیان پارێزه‌ر چه‌ندی تێده‌چێ. ووتیشیان به‌بێ پاره‌ ناتوانی پارێزه‌رت هه‌بێ. ده‌ترسم داوای پارێزه‌ر بكه‌م كاتێك ده‌چمه‌ به‌رده‌م دادوه‌ر چونكه‌ ڕه‌نگه‌ سزای زیندانیه‌كه‌م درێژبكه‌نه‌وه‌.

دادگایكردن

زۆرێك له‌ مێرمنداڵه‌كان ووتیان كه‌ پرۆسه‌ی دادگایكردنه‌كانیان له‌ ٥ تا ١٠ خوله‌ك زیاتری نه‌خایاندوه‌. ووتیان، عاده‌ته‌ن ده‌دوه‌ر دانپێنانه‌كانیان ده‌خوێنێته‌وه‌وپرسیاریان لێ ده‌كات ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ داعش هه‌بووه‌. هه‌رچه‌نده‌ دادوه‌ره‌كان به‌ عه‌ره‌بی له‌گه‌ڵ مێرمنداڵه‌كان قسه‌ده‌كه‌ن، به‌ڵام به‌ گشتی له‌گه‌ڵ ئه‌وانی ترو له‌ناوخۆیاندا به‌ كوردی قسه‌ده‌كه‌ن.

''خه‌له‌ف''ی ١٤ ساڵ باسی له‌ پرۆسه‌ی دادگایكردنه‌كه‌ی له‌ مانگی ئاب كرد:

له‌ دادگایكردنه‌كه‌دا، دادوه‌ر پرسیاری كرد ئه‌گه‌ر داعش بووم یان نا. ووتم داعش نه‌بووم. ئیعترافه‌كه‌ی خوێندمه‌وه‌. ووتم له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه‌داندا ئیعترافم كردووه‌، به‌ڵام دادوه‌ره‌كه‌ هیچی نه‌گووت. بۆماوه‌ی شه‌ش مانگ حوكمی دام و دادگایكردنه‌كه‌م ١٠ خوله‌كی خایاند.

''شه‌ماڵ''ی ١٦ ساڵ له‌ سه‌ره‌تای ٢٠١٨ ده‌ستگیركراو دوای پێنج مانگ دادگایی كرا. ئه‌و ووتی كاتێك چووه‌ته‌ به‌رده‌م دادوه‌ری لێكۆڵه‌ر، به‌ دادوه‌ره‌كه‌ی ووتوه‌ كه‌ له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه‌داندا ئیعترافی كردووه‌. ''دادوه‌ره‌كه‌ سه‌ری له‌قاندو پێی ووتم ژوره‌كه‌ جێبهێڵم. فه‌رمانی به‌ ئه‌نجامدانی پشكنینی پزیشكی و هیچ شتێكی له‌و جۆره‌ نه‌دا. دادوه‌ره‌كه‌ سزاكه‌ی پشت ڕاست كرده‌وه‌و پاش دوو مانگ، له‌به‌رده‌م سێ دادوه‌ردا سزادرام‌. پارێزه‌ری نه‌بوه‌و دووباره‌ به‌ دادوه‌ره‌كانی ووتوه‌ كه‌ ئه‌شكه‌نجه‌دراوه‌. به‌ڵام دادوه‌ره‌كان قسه‌كه‌یان ''پشگوێ خستووه‌''.

 

 

 

Your tax deductible gift can help stop human rights violations and save lives around the world.

Region / Country