(به‌یروت) — هیومان ڕایتس ۆوچ له‌ ڕاپۆرته‌كه‌ی ئه‌مڕۆیدا ڕایگه‌یاند، به‌رپرسانی عێراقی هه‌ستاون به‌ ده‌ستگیركردنی زیاتر له‌ ١٤٠٠ ژن له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانیان كه‌ خه‌ڵكی ووڵاتانی بێگانه‌ن و له‌ كۆتایی مانگی ئابی ٢٠١٧ له‌گه‌ڵ چه‌كدارانی داعش خۆیان به‌ ده‌سته‌وه‌ داوه‌. وا ده‌رده‌كه‌وێ ده‌ستگیركردنیان بنه‌مای یاسایی نه‌بێت و هیچ كامیان نه‌هێنرابنه‌ به‌رده‌م دادوه‌ر بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی بنه‌مای یاسایی و پێویستی ده‌ستگیركردنیان. ده‌بێت ده‌ستبه‌جێ به‌رپرسان یان هه‌ستن به‌ لێكۆڵینه‌وه‌و دادگایكردنیان یان ئازادكردنیان به‌سه‌لامه‌تی، له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ڕوونكردنه‌وه‌ بده‌ن له‌سه‌ر شوێن و چاره‌نووسی ٢٠٠ پیاو كوڕ هەرزەكار كه‌ ئه‌وانیش زۆريان خه‌ڵكی ووڵاتانی بێگانه‌ن و له‌هه‌مان كاتدا خۆیان به‌ده‌سته‌وه‌ داوه‌.  

له‌سه‌ره‌تای ٣٠ی ئابه‌وه‌، به‌رپرسانی عێراقی هه‌ستاوون به‌ ده‌ست به‌سه‌ركردنی ئه‌و ژن و منداڵانه‌ له‌ ته‌نیشت كامپێكی ئاواره‌ له‌ شارۆچكه‌ی حه‌مام عه‌لیل كه‌ به‌ دووری ٣٠ كیلۆمه‌تر ده‌كه‌وێته‌ باشووری شاری موسڵ و پاشان ڕاگواستنیان له‌ ١٧ی ئه‌یلول بۆ به‌ندیخانه‌یه‌كی نافه‌رمی له‌ تل كیف كه‌ به‌ دووری ١٠ كیلۆمه‌تر ده‌كه‌وێته‌ باكووری شاری موسڵ.

بیڵ ڤان ئیسڤێڵد، توێژه‌ری مافه‌كانی منداڵ له‌ هیومان ڕایتس ۆوچ ووتی، ''به‌سه‌دان منداڵی بێگانه‌ له‌ مه‌ترسی فه‌رامۆشكردندان له‌ ناوچه‌یه‌كی جه‌هه‌نه‌می نه‌گریسی نادیاردا، به‌بێ ناسنامه‌ی یاسایی و هیچ ووڵاتێك خوازیار نیه‌ خۆی بكاته‌ خاوه‌نیان. نابێت عێراق و ووڵاتانی بێگانه‌و ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان لێبگه‌ڕێن ئه‌م منداڵانه‌ بكه‌ونه‌ حاڵه‌تی بێ ووڵاتی یاخود ڕێگه‌بده‌ن ئه‌م منداڵانه‌و دایكه‌كانیان به‌بێ تاوان به‌ند بكرێن.''

له‌ ڕێكه‌وتی ١٠ و ١١ی ئه‌یلول، هیومان ڕایتس ۆوج سه‌ردانی شوێنێكی به‌ ته‌لبه‌ن كراوی له‌ حه‌مام عه‌لیل كرد كه‌ ١٧ خێمه‌ی گه‌وره‌ی تێدا بوو شوێنه‌كه‌ له‌ ژێر كۆنترۆڵی هێزه‌ عێراقیه‌كاندا بوو. توێژه‌ران چاوپێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵ ٢٧ ژنی بێگانه‌ به‌ تاك و به‌ گرووپ كرد. ئه‌و گرووپه‌ خێزانیانه‌ی چاوپێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵ كرا كوڕه‌كانیان ته‌مه‌نیان له‌ ١٢ ساڵ تێپه‌ڕی نه‌ده‌كردو پیاویان تێدا نه‌بوو.  دوو له‌ ژنه‌كان سك پڕبوون و ده‌رده‌كه‌وت به‌ ده‌یان له‌ منداڵه‌كان ته‌مه‌نیان له‌ خوار ٣ ساڵ بێت.

ژنه‌كان و ستافی ڕێكخراوه‌ مرۆییه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان ووتیان ئه‌م كه‌سانه‌ خه‌ڵكی ووڵاته‌كانی ئه‌فغانستان و ئازربایجان و چین و چیچان و ئێران و ڕوسیاو سووریاو تاجیكستان و ترینیدادو توركیان. ئاژانسی ڕۆیته‌رز له‌ ڕاپۆرتێكیدا ئاماژه‌ی كردبوو به‌وه‌ی كه‌ خه‌ڵكی جزائیرو فه‌ره‌نساو ئه‌ڵمانیاشیان تێدایه‌. هه‌ندێك له‌ ژنه‌كان ناسنامه‌یان پێبوو به‌ڵام زۆرێكیان ناسنامه‌یان پێنه‌بوو. زۆرینه‌یان ووتیان كه‌ له‌ ووڵاته‌كانیانه‌وه‌ چوونه‌ته‌ توركیاو له‌وێشه‌وه‌ چوونه‌ته‌ سووریا به‌رله‌وه‌ی بێنه‌ ناو عێراق. زۆرێك له‌ منداڵه‌كان به‌تایبه‌تی منداڵه‌ بچووكه‌كان كه‌ له‌ عێراق له‌دایك بوون ناسنامه‌ی له‌دایك بوون یان هیچ ناسنامه‌ی تریان نیه‌.

به‌رپرسێكی هه‌واڵگری سووپای عێراق كه‌ ڕه‌تی كرده‌وه‌ ناوی ئاشكرا بكرێت له‌و شوێنه‌و له‌ ڕێكه‌وتی ١٠ی ئه‌یلول به‌ هیومان ڕایتس ۆوچی ووت،‌ ژن و منداڵه‌كان ''بۆ سه‌لامه‌تی خۆیان'' له‌و شوێنه‌ ده‌ست به‌سه‌ركراون.'' به‌پێی یاسای عێراقی هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی یاسایی نیه‌ بۆ ده‌ستگیركردنی خه‌ڵك له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ و یاسایی نیه‌ خه‌ڵك ده‌ستگیر بكرێت ته‌نها له‌به‌ره‌وه‌ی هاوسه‌ره‌كانیان یان دایك و باوكیان ئه‌ندامی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی (داعش) بوون. به‌پێی یاسای نێوده‌وڵه‌تی، به‌رپرسانی عێراقی ته‌نها له‌ حاڵه‌تی دوا ڕێگه‌چاره‌دا بۆیان هه‌یه‌ منداڵان ده‌ستگیربكه‌ن و ده‌بێت هه‌موو ده‌ستگیركردنێك بنه‌مای یاسایی ڕوونی هه‌بێت و بڕیاری ده‌ستگیركردن له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌ر تاكێك بێت و ده‌بێت ده‌ستبه‌جێ هه‌موو به‌ندكراوێك بهێنرێته‌ به‌رده‌م دادوه‌ر بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی به‌ یاسایی بوون یان پێویستی ده‌ستگیركردنه‌كه‌ی.

به‌پێی ووته‌ی به‌رپرسانی ڕێكخراوه‌ مرۆییه‌ نێو ده‌وڵه‌تیه‌كان و ژنه‌كان، له‌ كۆتایی مانگی ئاب، ئه‌و ژن و منداڵانه‌ هه‌ڵهاتوون له‌ هێرشێكی سه‌ربازی بۆ گرتنه‌وه‌ی شارۆچكه‌ی ته‌له‌عفه‌ری عێراق له‌ داعش و خۆیان داوه‌ته‌ ده‌ست هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه‌ بۆماوه‌یه‌كی كاتی له‌ قوتابخانه‌یه‌كدا ده‌ستبه‌سه‌ریان كردون به‌رله‌وه‌ی ڕاده‌ستی هێزه‌ عێراقیه‌كانیان بكه‌ن.

ئه‌و ژنانه‌ی هیومان ڕایتس ۆوچ چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ كردن ووتیان پیاوان و كوڕانی سه‌رو ته‌مه‌ن ١٢ ساڵ جیاكرانه‌وه‌و ده‌ستیان به‌ستراو له‌به‌رده‌م دیواری ناو قوتابخانه‌كه‌ وه‌ستێنران. ئه‌و ژنانه‌ی كه‌ خۆیان له‌وێ بوون له‌ ڕێكه‌وتی ٢٨ی ئاب ووتیان ئه‌و ڕۆژه‌ ژنێك هێرشێكی خۆكوژی له‌ قوتابخانه‌كه‌ ئه‌نجامداو دوای ڕووداوه‌كه‌ هێزه‌ كوردیه‌كان هه‌ستان به‌ كووشتنی شەش كه‌س كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی قوتابخانه‌كه‌ به‌جیا ده‌ستبه‌سه‌ركرابوون و له‌ نێو كوژراوه‌كان ڕه‌نگه‌ دوانیان مێردمنداڵ بووبن. كاتێك ژنه‌كان له‌ ڕێكه‌وتی ٣٠ی ئاب ده‌گوازرێنه‌وه‌ بۆ حه‌مام عه‌لیل، پیاوه‌كان له‌وێ ده‌مێننه‌وه‌ و ژنه‌كان نازانن چیان به‌سه‌ر هاتووه‌.

به‌پێی ووته‌ی به‌رپرسانی ڕێكخراوه‌ مرۆییه‌كان كه‌ خۆیان له‌ شوێنه‌كه‌ بوون و بۆ هیومان ڕایتس ۆوچ، له‌ ١٧ی ئه‌یلول، ئه‌فسه‌رانی سووپای عێراق و به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ ده‌گه‌نه‌ حه‌مام عه‌لیل و ژن و منداڵه‌كان له‌ دژی خواستی خۆیان ده‌خه‌نه‌ ناو چه‌ند پاسێك و ده‌یانبه‌ن و ده‌ڵێن كه‌ له‌ به‌غداوه‌ فه‌رمانیان پێكراوه‌ بیانگوێزنه‌وه‌ بۆ به‌ندیخانه‌یه‌كی هه‌واڵگری سووپا له‌ تل كیف. هیومان ڕایتس ۆوچ ووتی، به‌رپرسانی عێراقی پێشوه‌خت خێزانه‌كانیان ئاگادار نه‌كردۆته‌وه‌و پێیان نه‌گوتون بۆ كوێیان ده‌به‌ن. ئاشكرا نیه‌ ئایا ژنه‌كان هاوكاری مرۆییان پێده‌گات یان چاودێری و پارێزگاری ده‌كرێن كه‌ ئه‌وه‌ش جێگه‌ی نیگه‌رانیه‌.

كۆلۆنێل ئه‌حمه‌د تاءی به‌رۆرسی ئۆپرسیۆنی موسڵ له‌ نه‌ینه‌وا به‌ ئاژانسی ڕۆیته‌رزی ووت له‌ ١٠ی ئه‌یلول سووپای عێراق ئه‌و ژن و منداڵانه‌ی ''له‌ژێر ڕێوشوێنی ئه‌منی تووندا'' ده‌ستبه‌سه‌ر كردووه‌ ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ چاوه‌ڕێی ''فه‌رمانی حكومه‌ت بوون''  له‌ چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵیان، به‌و ژنانه‌شه‌وه‌ كه‌ به‌ گووته‌ی ئه‌و به‌ ''پروپاگه‌نده‌ی تووندی داعش (ده‌وڵه‌تی ئیسلامی) چاوبه‌ست كراون.''  

له‌ ١٢ی ئه‌یلول، ڕێكخراوی ئه‌نجوومه‌نی په‌نابه‌رانی نه‌رویجی ڕایگه‌یاند، ئه‌وان چیتر كامپی حه‌مام عه‌لیل به‌ڕێوه‌ نابه‌ن چونكه‌ سووپای عێراقی ئاماده‌ی تێدا هه‌یه‌و به‌وهۆیه‌وه‌ ئه‌و كامپه‌ چیتر به‌ شوێنی مرۆیی ڕه‌چاو ناكرێت.

ووته‌بێژێكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هێرشه‌ خۆكوژیه‌كه‌ی تەئكيدى كردەوە كه له ٢٨ی ئابی ڕووى دا بو، به‌ڵام نكۆڵی كرد له‌وه‌ی كه‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ هه‌ستابن به‌ ئه‌نجامدانی كوشتاری نایاسای له‌و شوێنه‌. ئه‌و ووته‌بێژه‌ ووتی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ ٣٠ی ئاب ته‌قه‌یان له‌ پیاوێك كردووه‌ له‌به‌ره‌وه‌ی بۆمب وچه‌كی پێبووه‌و هه‌ڕه‌شه‌ی كووشتنی ژنێكی به‌ندكراوی یه‌زیدی و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كردووه‌. ئه‌و به‌رپرسه‌ ووتیشی كه‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی خۆیان داوه‌ به‌ده‌سته‌وه‌ ته‌سلیمی هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی عێراق كردووه‌. دۆزینه‌وه‌ی لاشه‌ی كوژراو له‌ موسڵ له‌ مانگی تشرینی یه‌كه‌می ٢٠١٦ وه‌ ئه‌وه‌ نیشان ده‌دات كه‌ هه‌ندێك له‌ هێزه‌ عێراقیه‌كان هه‌ستابن به‌ كوشتاری نایاسایی گومانلێكراوانی داعش له‌وێ.

له‌ ١٦ی ئه‌یلول، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق حەیدەر عەبادی له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا ڕایگه‌یاند كه‌ زۆرێك له‌ ژن و منداڵه‌كان گوناهبارنین به‌ ئه‌نجامدانی تاوان و حكومه‌ته‌كه‌ی ''له‌ په‌یوه‌ندی ته‌واودایه''‌ له‌گه‌ڵ ووڵاته‌كانیان ''بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڕێگایه‌ك له‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌یان.'' هیومان ڕایتس ۆوچ له‌گه‌ڵ سه‌رچاوه‌ مرۆییه‌كان له‌ ڕێكه‌وتی ١٨ی ئه‌یلول ئه‌وه‌ی پشت ڕاستكرده‌وه‌ كه‌ هیچ كام له‌ ژن و منداڵه‌ ده‌ستگیركراوه‌كانی كۆتایی مانگی ئاب له‌ حه‌مام عه‌لیل نه‌گه‌ڕێنراونه‌ته‌وه‌ بۆ ووڵاته‌كانیان.

ده‌بێت به‌رپرسانی دادوه‌ری تاوانه‌كانی عێراق و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌ستن به‌ ئه‌نجامدانی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی به‌په‌له‌و شه‌فاف كاریگه‌ر له‌ هه‌موو به‌نگه‌شه‌كانی ئه‌گه‌ری ئه‌نجامدانی تاوان به‌ كوشتاره‌ نایاساییه‌كانیشه‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن هه‌ر لایه‌نێكی جه‌نگه‌وه‌ ئه‌نجامداربێت له‌سه‌ر به‌رزترین ئاستی به‌رپرسیارێتی. ده‌ركه‌وت ئه‌وانه‌ی به‌رپرسیار بوون له‌ ئه‌نجامدانی تاوان ده‌بێت ڕوبه‌ڕوی سزای گونجاو ببنه‌وه‌.

ده‌بێت عێراق شوێن و چاره‌نووسی پیاو كوڕه‌ بێسه‌روشوێنه‌كان پشت ڕاستبكاته‌وه‌، ئه‌وله‌ویات بدات به‌ سزادانی ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی داعش كه‌ خراپترین تاوانیان ئه‌نجامداوه‌و ڕه‌چاوی به‌دیل بكات له‌بری سزادان بۆ ئه‌وانه‌ی كه‌ ته‌نها تاوانیان ئه‌ندام بوون بووه‌ له‌ناو داعش یان به‌شێوه‌یه‌كی نایاسایی له‌ سووریاوه‌ هاتوونه‌ته‌ ناو عێراق.

ده‌بێت به‌رپرسانی عێراقی ڕوونكردنه‌وه‌ بده‌ن له‌سه‌ر بنه‌مای یاسایی بۆ ده‌ستگیركردنی ئه‌و ژن و منداڵانه‌ و دڵنیایی بده‌ن له‌وه‌ی هه‌موو ده‌ستگیركراوه‌كان یان ده‌ستبه‌جێ بهێنرێنه‌ به‌رده‌م دادوه‌رو لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ تاوانه‌كانیان بكرێت، یان ئازاد بكرێن، هه‌روه‌ها ئاگاداربكرێنه‌وه‌ له‌ مافه‌كانیان له‌ داواكردنی هاوكاری یاسایی ئه‌گه‌ر وویستیان. ئاشكرایه‌ زۆرێك له‌ ژنه‌ بێگانه‌كان به‌ نایاسایی هاتوونه‌ته‌ ناو عێراق، به‌ڵام مه‌رج نیه‌ هه‌موویان ئه‌ندامی داعش بن. ده‌بێت عێراق له‌گه‌ڵ ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان كار بكار له‌ پێناو سه‌لامه‌ت گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و ژنه‌ بێگانانه‌ی كه‌ گوناهبارنین به‌ ئه‌نجامدانی تاوان بۆ ووڵاته‌كانیان و ڕه‌چاوی به‌رژه‌وه‌ندی منداڵه‌كانیان بكات به‌ هه‌ژماركردنی ئه‌و ئه‌گه‌ره‌ی كه‌ ڕه‌نگه‌ دایكه‌كانیان زیندانی بكرێن. ده‌بێت حكومه‌ت و ئاژانسه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان هه‌ستن به‌ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێكی به‌په‌له وه‌ك نیشته‌جێكردن له‌ ووڵاتی سێیه‌م بۆ ئه‌و ژن و منداڵه‌ ئازادكراوانه‌ی كه‌ ناتوانن به‌شێوه‌یه‌كی سه‌لامه‌ت بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ووڵاته‌كانیان به‌ هاووڵاتیه‌ سووریه‌كانیشه‌وه‌.  

له‌كاتێكدا عێراق به‌رپرسیاره‌ له‌ سه‌لامه‌تی و ئه‌منیه‌تی ئه‌م ژن و منداڵانه‌، ووڵاته‌كانی خۆیان و باڵوێزخانه‌ی ووڵاتانی بێگانه‌ ده‌توانن ڕۆڵێكی سه‌ره‌كی بگێڕن له‌ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێكی باش وه‌ك ڕه‌چاوی نیشته‌جێكردنیان له‌ ووڵاتی سێیه‌م.

ڤان ئیسڤێڵد ووتی، ''ده‌بێت حكومه‌تی عێراقی دڵنیایی بدات له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌لامه‌تی ئه‌و ژنانه‌ی ئازادیان ده‌كات بۆ ووڵاته‌كانیان یان پێدانی مافی مانه‌وه‌‌و نیشته‌جێ بوون بۆیان، یان دادگایكردنێكی عادیلانه‌ ئه‌گه‌ر تاوانباری كردن به‌ پێشێلكردنی یاسای عێراقی. به‌درۆخستنه‌وه‌و كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ ده‌بێت ئه‌گه‌ر منداڵان، كه‌ قوربانی سه‌ره‌كی ده‌ستی داعش بوون، ناچار بكرێن باجی ژیانی داهاتوویان بده‌ن له‌به‌ر تاوانه‌كانی داعش.''    

‌هه‌ڵهاتن له‌ ته‌له‌عفه‌ر

له‌ حوزه‌یرانی ٢٠١٤ داعش شارۆچكه‌ی ته‌له‌عفه‌ری كۆنترۆڵ كرد. هێزه‌ عێراقیه‌كان له‌ ٢٠ی ئابی ٢٠١٧ هه‌ستان به‌ ئه‌نجامدانی هێرشێكی سه‌ربازی بۆ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی ئه‌و شاره‌و به‌شی ڕۆژهه‌ڵاتی قه‌زاكه‌ له‌ چه‌كدارانی داعش له‌ ٢٦ی ئاب و له‌گه‌ڵ ته‌واوی پارێزگاكه‌ له‌ كۆتای مانگی ئاب. بڵاوكراوه‌یه‌كی نۆژه‌نكراوی مرۆیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ ٢٩ی ئاب ڕایگه‌یاند له‌ نێوان ١٤بۆ ٢٢ی ئاب  ٢٠٠٠٠ كه‌س له‌ ناوچه‌كه هه‌ڵهاتوون، به‌ڵام ته‌نها ١٥٠٠ كه‌س كه‌ له‌ شاره‌كه‌ مابوونه‌وه‌ هه‌وڵی هه‌ڵهاتنیان دابوو له‌ ٢٦ی ئاب.

ئه‌و ژنانه‌ی كه‌ هیومان ڕایتس ۆوچ چاوپه‌كه‌وتنی له‌گه‌ڵ كردن ووتیان، له‌نێو گرووپی ده‌وروبه‌ری ٢٠ تا سەدان كه‌س و له‌ چه‌ند كاتێكی جیاواز به‌رله‌ ٢٦ی ئاب و دوای ٢٦ی ئاب له‌ ته‌له‌عفه‌ر هه‌ڵهاتوون. زۆرینه‌یان ژن و منداڵی ووڵاتیانی تربوون به‌ڵام ژماره‌یه‌كی كه‌میشیان پیرو بریندار یان پیاوی ته‌مه‌ن چه‌كداربوون. زۆرێك له‌ ژنه‌كان ووتیان كه‌ مێرده‌كانیشیان هاووڵاتی عێراقی نین یان له‌ شه‌ڕی موسڵ و شه‌ڕی ئه‌م دواییه‌ی ته‌له‌عفه‌ر كوژراون. زۆرێكیان له‌ گه‌ڕه‌كی حی ئاسكارى ته‌له‌عفه‌ر ژیاوون.

زۆرێك له‌وانه‌ی هه‌ڵهاتبوون له‌ ناوچه‌یه‌كی ‌نێوان پێشڕه‌وی سووپای عێراق له‌ باشوورو هێڵه‌كانی پێشه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ باكوور گیریان خواردبوو. هه‌موو ئه‌و ژنانه‌ی چاوپێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵ كرا ووتیان خۆیان ته‌سلیمی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه كردووه‌‌ كه‌ ئه‌وانیش دواتر ته‌سلیمی هێزه‌كانی عێراقیان كردوونه‌ته‌وه‌.

ژنه‌كان باسیان له‌ تێپه‌ڕبوونیان به‌ شارۆچكه‌ی ئه‌یادیه‌ كرد كه‌ به‌ دووری ١٧ كیلۆمه‌تر ده‌كه‌وێته‌ باكووری ته‌له‌عفه‌ر به‌رله‌ گه‌یشتنیان به‌ هێزه‌ كوردیه‌كان له‌ ناوچه‌یه‌كی شه‌ڕ له‌سه‌ر ڕێگه‌یه‌كی به‌مین چێنراو. پێنج له‌ ژنه‌كان ووتیان كه‌ پارچه‌ی جه‌سته‌و لاشه‌ی مردویان به‌ درێژای ڕێگه‌كه‌ به‌دیكردووه‌و هه‌ندێكی تریان ووتیان كه‌ هێرشی تۆپ و گوله‌یان بینیووه‌ بۆسه‌ریان كه‌ بووه‌ته‌ هۆی كووشتنی ئه‌وانه‌ی هه‌وڵی هه‌ڵهاتنیان داوه‌. له‌ زۆرێك له‌ حاڵه‌ته‌كاندا نه‌یانتوانی بزانن سه‌رچاوه‌ی هێرشه‌كان له‌لایه‌ن كێوه‌ بووه‌. ژنێك ووتی كه‌ بینیوویه‌تی كوڕێكی ته‌مه‌ن ١٢ ساڵ فیشه‌كێك به‌ر قاچی كه‌وتوه‌و ئه‌ژنۆی ته‌قاندووه‌. ژنێكی تر ووتی،  بینیوویه‌تی كه‌ كۆپته‌ر بۆردومانی گرووپێكی هه‌ڵهاتووی كردووه‌ كه‌ له‌ پێش ئه‌وه‌وه‌ بوون.

خۆبه‌ده‌سته‌وه‌ دان به‌ هێزه‌ كوردیه‌كان و تۆمه‌تی كوشتنی پیاوان و كوڕان

ژنه‌كان ووتیان كه‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ خۆراك و ئاویان پێداون و هاوكاری هه‌ندێك له‌ بریندارو نه‌خۆشه‌كانیان كردووه‌ له‌ گواستنه‌وه‌یان به‌ ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری. هه‌ندێك له‌ ژنه‌كان ووتیان كه‌ سه‌ربازه‌كان پاره‌و ئاڵتونه‌كانیان بردوون. هه‌موو ژنه‌كان ووتیان كاتێك خۆیاندا به‌ده‌سته‌وه‌، پێشمه‌رگه‌ هه‌ستان به‌ جیاكردنه‌وه‌ی ژنه‌كان له‌ پیاو كوڕانی سه‌رو ته‌مه‌ن ١٣ و ١٤ ساڵ و هه‌موویانیان برده‌ قوتابخانه‌یه‌كی به‌تاڵ له‌ گووندی ساڵح مالح. له‌ناو قوتابخانه‌كه‌دا، پێشمه‌رگه‌ ژنان و كچان و كوڕه‌ بچكۆله‌كان ده‌خه‌نه‌ ناو پۆله‌كانه‌وه‌و پیاوان و كوڕه‌ گه‌وره‌كان له‌به‌رده‌م دیواری ناو قوتابخانه‌كه‌ به‌ ده‌ست به‌ستراوی ڕیز ده‌كه‌ن.

ئه‌و ژنانه‌ی كه‌ له‌ دوای نیوه‌ڕۆو ئێواره‌ی ٢٨ی ئاب له‌وێ بوون باسیان له‌ بینینی ١٥٠ بۆ ٢٠٠ پیاو كوڕی به‌رده‌م دیواری ناو قوتابخانه‌كه‌ كرد. دوو ژن ووتیان بینیوویانه‌ له‌نێو ئه‌و پیاو كوڕانه‌ی له‌ به‌رده‌م دیواره‌كه‌دا دانیشتبوون پیاوێكی به‌ته‌مه‌نی قه‌ڵه‌وی سه‌ر سپی كه‌ تیشێرتێكی سووری له‌به‌ردابوو له‌سه‌ر زه‌ویه‌كه‌ ڕاكشابوو به‌بێ جوڵه‌ بۆ ماوه‌ی چه‌ند كاتژمێرێك، ئاشكرابووه‌ كه‌ مردووه‌. ووتیان كه‌ پێشمه‌رگه‌یه‌ك له‌به‌رده‌م پیاو كوڕه‌كان ده‌هات و ده‌چوو به‌ قایشه‌كه‌ی لێی ده‌دان. هه‌روه‌ها سێ له‌ ژنه‌كان ووتیان كه‌ گرووپێكی ٢٠ كه‌سیان له‌ پیاو به‌ده‌ست به‌ستراوی بینیووه‌ كه‌ ته‌مه‌نیان له‌ ده‌وروبه‌ری ٢٠ ساڵیه‌كان و ٣٠ ساڵیه‌كاندا بووه‌ له‌سه‌ر ته‌پۆڵكه‌یه‌كی به‌رده‌م دیواری چواره‌می قوتابخانه‌كه‌ به‌گووته‌ی ئه‌وان چه‌كداری داعش بوون.

ئه‌م ژنانه‌ ووتیان له‌ ده‌وروبه‌ری ١٠ یان ١١ سه‌رله‌به‌یانی گه‌یشتونه‌ته‌ قوتابخانه‌كه‌و له‌ ده‌وروبه‌ر ١ی نیوه‌ڕۆ ژنێكی بێگانه‌ كه‌له‌لایه‌ن ژنه‌ پێشمه‌رگه‌كانی ده‌روازه‌ی قوتابخانه‌كه‌ پشكنینی بۆ كراوه‌  خۆی ده‌ته‌قێنێته‌وه‌و له‌ ئاكامدا ده‌بێته‌ هۆی كوشتن و برینداربوونی پێشمه‌رگه‌و ئاواره‌كان. به‌رپرسێكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ووتی كه‌ هێرشه‌كه‌ بووه‌ته‌ هۆی گیان له‌ده‌ستدانی سێ پێشمه‌رگه‌. له‌ ڕاپۆرتێكی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كاندا هاتبوو كه‌ هێرشه‌ خۆكوژه‌یه‌كه‌ بووه‌ته‌ هۆی كوژرانی منداڵێك و دوو ژن و بریندار بوونی ١١ كه‌س كه‌ شه‌شیان هاووڵاتی مه‌ده‌نی بوون. شاهێدحاڵێك كه‌ برینێك به‌ ده‌موچاویه‌ بوو له‌گه‌ڵ باندجێك به‌ قۆڵی چه‌پیه‌وه‌ ووتی برینه‌كانی به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌كه‌وه‌ بووه‌.

دوو ژن كه‌ به‌ جیا چاوپێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵ كرا ووتیان چه‌ند خوله‌كێك پاش ڕووداوه‌كه‌ بینیان كه‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌ستیان به‌ ته‌قه‌كردن له‌لانی كه‌م له‌ شه‌ش پیاوی نزیك ته‌پۆڵكه‌كه‌ كرد. ژنه‌كان هیچ كام له‌ قوربانیه‌كانیان نه‌ناسیوه‌و نه‌یانزانی كه‌ ئه‌گه‌ر هیچ مێرد منداڵێكیان تێدابووه‌، به‌ڵام ''دووانیان گه‌نج بوون و چواری تریان ڕیشیان هه‌بووه‌''، ژنێكی خه‌ڵكی سووریا ووتی.   ئه‌وان ووتیان كه‌ پیاوه‌كان قوڵبه‌ست بوون و ده‌رنه‌ده‌كه‌وت جێی هه‌ڕه‌شه‌بن. سێ ژنی تریش باسیان له‌ بیستنی ته‌قینه‌وه‌یه‌ك كردو ٥ تا ١٠ خوله‌ك ته‌قه‌كردن له‌ دوای ته‌قینه‌وه‌كه‌. ژنه‌كان ووتیان كه‌مێك له‌دوای ڕووداوه‌كه‌، پێشمه‌رگه‌یه‌ك له‌ناو پیكابێكی سپیدا كه‌ لاشه‌ی پیاوه‌كانی تێدا بوو برده‌ ده‌ره‌وه‌ی قوتابخانه‌كه‌و بینیان كه‌ پێشمه‌رگه‌كان باقی پیاوه‌كانی گرووپه‌كه‌یان برده‌ ده‌ره‌وه‌ خستیاننه‌ ناو پیكابێكی تره‌وه‌و بردیانن. ئاشكرا نیه‌ چی به‌سه‌ر پیاوه‌كان هاتووه‌.

له‌ ڕووداوێكی جیادا، ژنێكی سووری كه‌ ته‌مه‌نی له‌ ٢٠ ساڵیه‌كاندا بوو ووتی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ ته‌قه‌یان له‌ مێرده‌كه‌یی و پیاوێكی تر كرد كه‌ هه‌ردووكیان تورك بوون و ئه‌ندامی داعش بوون له‌پاش خۆ به‌ده‌سته‌وه‌دانیان له‌ ڕێكه‌وتی ٣٠ی ئاب:

مێردهكه‌م به‌ كورده‌كانی ووت، ئه‌ماندا به‌ده‌سته‌وه‌و كچه‌ یه‌زیدیه‌ كۆیله‌كه‌مان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌و پیان گووت ده‌توانین بڕۆین بۆ توركیا، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی خۆمان به‌ده‌سته‌وه‌دا له‌گه‌ڵ (ئه‌ندامێكی داعش) تری قسه‌ی ده‌كرد. شه‌ش مه‌تر لێوه‌ی دوور بووم. كاتێك ئاوڕم دایه‌وه‌ جه‌سته‌ خوێناویه‌كه‌ی له‌سه‌ر زه‌وی كه‌وتبوو. (ئه‌ندامه‌كه‌ی داعش) تری ده‌ستی به‌ ڕاكردن كرد ته‌قه‌یان له‌ویش كردوو كوشتیان.

له‌ وه‌ڵامێكدا بۆ هیومان ڕایتس ۆوچ، ووته‌بێژێكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ووتی كه‌ ''سه‌رچاوه‌كانی حكومه‌ت به‌ تووندی ئه‌و تۆمه‌ته‌ ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌'' كه‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ هه‌ستابن به‌ ئه‌نجامدانی كوشتاری نایاسایی له‌ناو قوتابخانه‌كه‌دا له‌ گووندی ساڵح الملیح له‌ ٢٨ی ئاب. ئه‌و ووته‌بێژه‌ ووتی كه‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ هه‌وڵه‌كه‌ی بۆ دانوستان له‌گه‌ڵ ژنه‌ خۆكوژه‌كه‌ سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌ كه‌ سێ پێشمه‌رگه‌ی كوشتوه‌و دووانی تریشی بریندار كردووه‌. له‌ ٣٠ی ئاب، ووته‌بێژه‌كه‌ ووتی، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ كه‌ له‌لایه‌ن خێزانی ژنه‌ یه‌زیدیه‌كه‌وه‌ ئاگادار كراونه‌ته‌وه‌ له‌ به‌ندكردنی كچه‌كه‌یان هه‌ستاوون به‌ كووشتنی توركه‌ ده‌ستگیركه‌ره‌كه‌ی كاتێك گه‌یشتوه‌ته‌ هێڵه‌كانی پێشه‌وه‌یان له‌به‌ره‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنی كچه‌ یه‌زیدیه‌كه‌ی كردووه‌.

گواستنه‌وه‌یان بۆ ده‌ست هێزه‌ عێراقیه‌كان: بێسه‌روشوێنكردنی پیاوان و كوڕان

ژنه‌كان ووتیان كه‌ پێشمه‌رگه‌ بۆ ماوه‌ی جیا جیا كه‌ له‌ ٢٤ كاتژمێر تێپه‌ڕی نه‌كردووه‌ له‌ناو قوتابخانه‌كه‌دا ده‌ست به‌سه‌ری كردوون، پاشان خۆیان و منداڵه‌كانیانیان خستۆته‌ ناو پاسه‌وه‌ كه‌ بردویانن بۆ ناوچه‌كانی ژێر كۆنترۆڵی هێزه‌ عێراقیه‌كان بۆ شوێنێك له‌ حه‌مام عه‌لیل. ئه‌و هێزه‌ سه‌ربازیانه‌ی كۆنترۆڵی پاسه‌كانیان كردووه‌ سه‌ربازی عێراقی بوون نه‌ك پێشمه‌رگه‌.

ژنه‌كان باسیان له‌ هێڵێكی درێژی پاس كرد كه‌ ژماره‌یان له‌ ١٢ پاس زیاتر بووه‌. هه‌ندێك له‌ ژنه‌كان ووتیان كه‌ پیاوانی به‌ته‌مه‌ن و برینداره‌كانیش خرانه‌ ناو پاسه‌كان، به‌ڵام زۆرینه‌ی سه‌رنشینه‌كان ژن و منداڵ بوون.

ژنه‌كان ووتیان ئه‌وه‌ دواجار بوو ئه‌و پیاو كوڕانه‌ ببینن كه‌ له‌به‌رده‌م دیواری ناو قوتابخانه‌كه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كرابوون. هیومان ڕایتس ۆوچ چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ چه‌ند ژنێك كرد كه‌ خزم و كه‌س و كاری چه‌ند پیاوێكی تورك بوون كه‌ ته‌مه‌نیان ٢٠ و ٤٣ و ٧٣ و ده‌وروبه‌ری ٤٥ ساڵ بوون؛ پیاوێكی ئازه‌ری ته‌مه‌نی له‌ ٤٠ ساڵیه‌كانداو له‌گه‌ڵ پیاوێكی ترینیدادی ته‌مه‌ن ٥٣ ساڵی كه‌ دواجار له‌ ناو قوتابخانه‌كه‌ بینیویانن و شوێن و چاره‌نووسیان نازانن. دوو ژنی سووری ناوی هه‌شت ژنیان برد كه‌ چواریان سووری و چواری تریان ئازربایجانی بوون كه‌ دواجار له‌ قوتابخانه‌كه‌ بینیویانن و له‌نێو ئه‌وانه‌ نه‌بوون كه‌ گه‌یشتوونه‌ته‌ حه‌مام عه‌لیل و شوێن و چاره‌نووسی ئه‌وانیش نازانن.

چه‌ند ژنێك ووتیان كه‌ هێزه‌ عێراقیه‌كان له‌ خاڵه‌كانی پشكنینی ڕێگه‌ی حه‌مام عه‌لیل پاسه‌كانیان وه‌ستاندووه‌ بۆ پشكنینی سه‌رنشینه‌كان و گومانلێكراوانی ئه‌ندامانی داعشیان بردووه‌. له‌ یه‌كێك له‌ خاڵه‌كان، ژنێك ووتی، كه‌سێكی ده‌مامكدار١٠ پیاو كوڕی نیشانه‌ كردوو پاشان له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منیه‌كان بردران و ناسنامه‌یانی نه‌زانیوه‌. ژنی دووه‌م ووتی كه‌ هێزه‌ عێراقیه‌كان ئه‌و و سه‌رنشینه‌كانی تری ناو پاسه‌كانیان بردۆته‌ ناو بینایه‌كی به‌تاڵی ته‌واونه‌كراو بۆ پشكنین.

ژنێكی تر كه‌ له‌ناو پاسه‌كی تردا ده‌بێت ووتی، له‌ پاش ئه‌وه‌ی پاسه‌كه‌یان به‌ دوو خاڵی پشكنیندا تێپه‌ڕی، هێزه‌ ئه‌منیه‌ عێراقیه‌كان پاسه‌كه‌یان له‌ خاڵێكی پشكنینی حه‌مدانیه‌ وه‌ستاند كه‌ شارۆچكه‌یه‌كی مه‌سیحیه‌و به‌ دووری ١٦ كیلۆمه‌تر ده‌كه‌وێته‌ باكووری ڕۆژهه‌ڵاتی حه‌مام عه‌لیل له‌وێ كه‌سێكی ده‌مامك دار ده‌ستی بۆ مێرده‌ عێراقیه‌كه‌ی ڕاكێشا كه‌ ته‌مه‌نی ٥٦ ساڵه‌. سه‌ربازێك مێرده‌كه‌یی و سێ پیاوی تر له‌ پاسه‌كه‌ داده‌به‌زێنێ و ده‌یانباته‌ ناو خانوویه‌كی سه‌فه‌ری له‌ بازگه‌كه‌ و سه‌ربازێكی تر پێی ده‌ڵێ، ''ئه‌گه‌ر بێتاوان بێت، ئازادی ده‌كه‌ن.''

ئه‌و ژنه‌ كه‌ ته‌مه‌نی ٣٩ ساڵه‌ چوار منداڵی هه‌یه‌ جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ مێرده‌كه‌ی لایه‌نگری داعش نه‌بووه‌و خێزانه‌كه‌ی له‌ موسڵ بوون كاتێك داعش شاره‌كه‌ی كۆنترۆڵ كردووه‌و ڕێگه‌ی ده‌ربازبوونیان نه‌بووه‌. كاتێك هاوپه‌یمانه‌كان به‌ ڕێبه‌ری ئه‌مریكا ده‌ستیان به‌ بۆردومانی چڕی  موسڵ كرد، خێزانه‌كه‌ به‌ره‌و ته‌له‌عفه‌ر هه‌ڵدێن، ئه‌و ووتی له‌وێ داعش ڕه‌تیده‌كاته‌وه‌ ڕێگه‌یان پێبدات شاره‌كه‌ جێبهێڵن.

به‌پێی پره‌نسیپه‌ یاساییه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان بۆ مامه‌ڵه‌ كردن له‌گه‌ڵ زیندانیان، به‌رپرسانی عێراقی ئه‌ركی سه‌رشانیانه‌ خێزانی ئه‌و پیاوانه‌ی له‌ پاسه‌كان براون ئاگادار بكاته‌وه‌و به‌شێوه‌یه‌كی مرۆییانه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بكات به‌بێ ڕه‌چاوكردنی ئه‌وه‌ی كه‌ لایه‌نگری داعش بوون یان نا. هه‌ندێك له‌ یه‌كه‌ عێراقیه‌كان پێشینه‌یان هه‌یه‌ له‌ بێسه‌روشوێنكردن و گوله‌بارانكردنی گومانلێكراوانی ئه‌ندامانی داعش.

مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ژنان و منداڵان

به‌پێی ڕاپۆرتی میدیاو سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵ، به‌رپرسانی عێراقی ووتویانه‌ كه‌ عێراق هه‌ستاوه‌ به‌ ئه‌نجامدانی  دانوستان له‌گه‌ڵ ووڵاتانی ژنه‌كان له‌ پێناو گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ ووڵاته‌كانیان. هیومان ڕایتس ۆوچ زانیاری پێگه‌یشتووه‌ كه‌ باڵوێزخانه‌ی ئازربایجان كاری كردووه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی هاووڵاتیه‌كانی له‌ نێو ژن و منداڵه‌ ده‌ستگیركراوه‌كان.

ده‌بێت به‌رپرسانی عێراقی ژنه‌كان ئاگادار بكه‌نه‌وه‌ له‌ مافیان بۆ داواكردنی هاوكاری یاسایی و په‌یوه‌ندی و ئاماده‌كاری بكه‌ن له‌وباره‌یه‌وه‌ بۆ ئه‌و ژنانه‌ی كه‌ خوازیاری هاوكاری یاسایین. له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ده‌بێت دڵنیایی ئه‌وه‌ بده‌ن كه‌ ژنان به‌شێوه‌یه‌كی هه‌ڕه‌مه‌كی له‌ منداڵه‌كانیان جیانه‌كرێنه‌وه‌ جگه‌ له‌ حاڵه‌تێك له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌وه‌ی كه‌ كارێكی له‌وجۆره‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی منداڵه‌كه‌یه‌. ده‌بێت به‌رپرسانی عێراقی دڵنیایی ئه‌وه‌ بده‌ن كه‌ ژنان و منداڵان ناگه‌ڕێندرێنه‌وه‌ بۆ ووڵاته‌كانیان ئه‌گه‌ر ڕوبه‌ڕوی مه‌ترسی سزاو ئه‌شكه‌نجه‌و دادگایی ناعادیلانه‌ ببنه‌وه‌ به‌هۆی تۆمه‌تی په‌یوه‌ندیان به‌ ده‌وڵه‌تی ئیسلامیه‌وه‌.

ده‌بێت به‌رپرسانی عێراقی پارێزگاری له‌ ژنان و منداڵان بكه‌ن له‌ هێرشی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌، به‌ڵام بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ نابێت ده‌ستگیریان بكه‌ن و بێبه‌شیان بكه‌ن له‌ ئازادی هاتوچۆ ته‌نها له‌ حاڵه‌تێكدا نه‌بێت ئه‌گه‌ر گومانیان لێبكرێت له‌ ئه‌نجامدانی تاوانێكی دیاریكراو فه‌رمانی ده‌ستگیركردنیان له‌لایه‌ن دادوه‌ر هه‌بێت. ده‌بێت به‌رپرسانی عێراقی و به‌رپرسانی ئه‌و ووڵاتانه‌ی ژنه‌كانی له‌وه‌هاتووه‌، ئه‌گه‌ر گه‌ڕێندرانه‌وه‌، ئه‌وله‌ویات بده‌ن به‌  سزادانی ئه‌وانه‌ی  له‌ تاوانی جدی تێوه‌گلاون.

ده‌بێت به‌رپرسانی عێراقی هاوكاری مرۆیی بۆ ئه‌و ژن و منداڵانه‌ دابین بكه‌ن و دڵنیایی بده‌ن له‌ دابینكردنی پێداویستی ته‌ندروستی و گوزه‌رانێكی باش بۆیان.   ‌‌