Skip to main content

هەرێمی کوردستانی عێراق: گروپی مافەکانی کۆمەڵەی پەلکەزێڕینە داخرا

لۆگۆی ڕەنگی پەلکەزێڕینە وەک بەڵگە ئاماژەیپکراوە

Rasan Organization logo

(بەیروت) - لە 31ی ئایاری 2023، دادگایەک لە هەرێمی کوردستانی عێراق گورزێکی لە کۆمەڵگەی مەدەنی سەربەخۆ دا، بە فەرمانی داخستنی ڕێکخراوی ڕاسان بەهۆی "چالاکییەکانی لە بواری هاوڕەگەزخوازیدا"، هیومان ڕایتس وۆچ ئەمڕۆ ڕایگەیاند. ڕاسان تاکە ڕێکخراوی مافی مرۆڤە کە ئامادەیە بە شێوەیەکی زارەکی پشتگیری لە هاوڕەگەزخوازی مێینە و نێرینە، دوو ڕەگەزخواز، و ڕەگەزگۆڕاوەکانی سەر بە کۆمەڵەی پەلەکەزێڕینە بکات لە هەرێمی کوردستان، لەپاڵ کارەکانی تری لەسەر مافەکانی ژنان و توندوتیژی خێزانی.

ئادەم کوگل، جێگری بەڕێوەبەری ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست لە ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ ووتی: "داخستنی ڕاسان تەنها هێرشکردنە سەر کۆمەڵگەی مەدەنی نییە لە کوردستان، بەڵکو هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ژیان و گوزەرانی ئەو کەسە پەراوێزخراوانەی کە پشتگیریان دەکەن. بە داخستنی ڕاسان، حکومەت پەیامێکی ڕوونی ناردووە کە ڕێز لە ئازادی کۆمەڵەکان ناگرێت”.

تانیا کەمال دەروێش، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڕێکخراوی ڕاسان بە هیومان ڕایتس وۆچی ڕاگەیاند، هۆکاری گریمانەیی بۆ داخستنی گروپەکە بەهۆی چالاکییەکانیانەوە نەبووە، بەڵکو بەهۆی ئەوەوە بووە کە دادوەر کێشەی لەسەر لۆگۆکەیان هەبووە، کە ڕەنگەکانی پەلکەزێڕینەی لەخۆگرتووە. لە فەرمانی دادگادا هاتووە کە “لیژنەی پسپۆڕان پشتڕاستی کردەوە کە لۆگۆی ڕێکخراوەکە دەربڕینێکی ڕوونە بۆ چالاکییەکانی لە بواری هاوڕەگەزخوازیدا”.

ڕاسان تانەیەکی یاسایی داوە، بەڵام ناتوانێت بەردەوام بێت لە کارکردن لە کاتێکدا تانەکە لە چاوەڕوانی بڕیارداندایە.

داخستنی ڕاسان بەشێکە لە شەپۆلێکی بەرفراوانتر لە چەوساندنەوە و بەئامانجکردنی چالاکیەکان و کەسانی سەر بە کۆمەڵەی پەلکەزێڕینە لە لایەن دەسەڵاتدارانی خۆجێی کورد لەم ساڵانەی دووایدا. هیومان ڕایتس وۆچ پێشتر بە ئامانجگرتنی کەسانی سەر بەکۆمەڵەی پەلکەزێڕینەی بە شێوەی ئۆنلاین و توندوتیژی دژی کەسانی سەر بە کۆمەڵەکە لەلایەن گروپە چەکدارەکانی عێراقەوە، بە حکومەتی هەرێمیشەوە بەبەڵگە کردووە.

داخستنەکە دەرئەنجامی سکاڵایەکی یاساییە کە لە مانگی شوباتی 2021 لەلایەن عومەر گوڵپی ئەندامی پەرلەمانی کوردستانەوە لەسەر ڕاسان تۆمارکرابوو، کە ڕاسانی بە "بڵاکردنەوەی هاوڕەگەزخوازی" و "ئەنجامدانی ئەو چالاکیانەی کە سەرپێچی کردنە لە دابونەریت و ڕەوشتی گشتی" تۆمەتبار کرد. هەروەها گوڵپی سکاڵایەکی ئاراستەی بەرزان ئەکرەم مەنتیق سەرۆکی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد، کە دەزگایەکی فەرمی بەرپرسیارە لە تۆمارکردن، ڕێکخستن و چاودێریکردنی سەرجەم ڕێکخراوە ناحکومییەکانی هەرێم.

لە دوای تۆمارکردنی داواکە، پۆلیسی خۆجێی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ 11 چالاکوانی مافەکانی سەر بەکۆمەڵەی پەلکەزێڕینە دەرکرد ،کە کارمەندی ئێستا یان پێشووی ڕاسان بوون بە پشتبەستن بە مادەی 401ی یاسای سزادان، کە "نائاکاری گشتی" بە تاوان دەزانێت.

دەروێش ووتی: "فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان پشتگیری لە سکاڵاکەی پەرلەمانتار گوڵپی دەکات لە دژی ئێمە، بەڵام ئەوە دواکەوتووییە." ئاماژەی بەوەشکردووە، "دەبوو فەرماگەکە پشتگیریمان بکات، نەک دژی ئێمە بوەستن."

دەروێش ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو دادگایکردنەی کە ساڵی ڕابردوو ڕوویدا، تیشکی خستبووە سەر چالاکییەکانی ڕاسان و هەرگیز باسی هیچ کێشەیەکی سەبارەت بە لۆگۆی گروپەکە نەکردووە. دەروێش ووتیشی: "پرسیاریان لەبارەی چالاکییەکانمانەوە دەکرد، ئێمەش پێمان ووتن چی دەکەین، ئێمە تیشک دەخەینە سەر مافەکانی مرۆڤ. هەرکەسێک بە کێشەیەکەوە بێتە لای ئێمە، بە بێ هیچ جیاکارییەک هاوکاری دەکەین".

کاتێک بڕیاری دادگا بڵاوکرایەوە، ئەو کاتە ڕاسان دەربارەی کێشەی لۆگۆکەی زانی. دەروێش ووتیشی: "چاوەڕوانی ئەوەمان نەدەکرد هیچ ڕێوشوێنێک لە دژی ئێمە بگرنەبەر، بەو پێیەی ئێمە هیچ کارێکی نایاساییمان نەدەکرد، ئەوان لۆگۆکەیان وەکو بیانوو بەکارهێنا، چونکە هیچ شتێکی نایاساییان لە چالاکییەکانماندا نەدۆزیەوە".

ڕاسان کە لە سلێمانی، یەکێک لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی دوو دەیە کاری دەکرد، ڕووبەڕووی زیادبوونی هەڕەشە و تۆڵەسەندنەوەی فەرمی بۆتەوە بەهۆی چالاکی و کارەکانیەوە. گروپەکە پشتگیری یاسایی، دەروونی و کۆمەڵایەتی بۆ ژنان و کەسانی سەر بە کۆمەڵەی پەلکەزێڕینە پێشکەش دەکات، هۆشیاری دەربارەی کۆمەڵەکە و مافەکانی ژنان بەرزدەکاتەوە، هەروەها داتای پەیوەندیدار لەسەر کەسانی سەر بە کۆمەڵەکە و توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەریی کۆدەکاتەوە.

لە مانگی ئەیلولی ساڵی 2022، ئەندامانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان "پڕۆژە یاسای قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوەی هاوڕەگەزخوازیان" پێشکەش کرد، کە سزای هەر تاکێک یان گروپێک دەدات کە داکۆکی بکات لە مافەکانی کەسانی سەر بە کۆمەڵەی پەلکەزێڕینە. بەپێی ئەو پڕۆژە یاسایە و بڕگە ناڕوونەکەی،"بڵاوکردنەوەی هاوڕەگەخوازی" تاوانێکە کە سزاکەی زیندانیکردن بۆ ماوەی ساڵێک و غەرامەکردنی تا پێنج ملیۆن دینار کە دەکاتە 3 هەزار و 430 دۆلاری ئەمریکی دەبێت. هەروەها پڕۆژە یاساکە مۆڵەتی کۆمپانیاکانی میدیا و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کە "هاوڕەگەزخوازی بڵاودەکەنەوە" بۆ ماوەی مانگێک هەڵدەپەسێرێت.

پێدەچێت تەوژمی پەسەندکردنی پڕۆژە یاساکە وەستابێت، بەڵام لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی بە ئامانجکردنی کەسانی سەر بە کۆمەڵەی پەلکەزێڕینە، چالاکوانانی ناوخۆی مافەکانی کۆمەڵەکە ترسیان هەیە کە بە خێرایی زیندووبکرێتەوە و بە ئارەزووی دەسەڵاتدارانی خۆجێی تێپەڕێنرێت.

کوگل ووتی: "بە چوونە دوای ڕاسان، دەسەڵاتداران بە شێوەیەکی کاریگەر ئەو چالاکوانانەی کاردەکەن بۆ پاراستنی پەراوێزخراوترین ئەندامانی کۆمەڵگا، دەکەنە قوربانی، کە نابێت لە تۆڵەسەندنەوە بترسن بەهۆی قسەکردن لەسەر مامەڵەی خراپ. پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوی خێرا بنێت بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ڕێکخراوەکانی وەک ڕاسان ڕێگەیان پێدراوە بە ئازادی کاربکەن، و واز لە هەراسانکردن و بەئامانجکردنی داکۆکیکارانی کەسانی سەر بە کۆمەڵەی پەلکەزێڕینە بهێنن.”
 

Your tax deductible gift can help stop human rights violations and save lives around the world.

Region / Country