Skip to main content

عێراق: لێ پرسینەوە نەکردن لە توندوتیژیەکانی دژەبە خەڵکانی کۆمەڵەی پەلکەزێڕینە

کوشتن و فڕاندن و ئەشکەنجەدان و دەستدرێژی سێکسی لەلایەن گروپە چەکدارەکان

© 2022 John Holmes for Human Rights Watch

(بەغداد)—هیومان ڕایتس ۆوچ لە ڕاپۆرتێکیدا کە ئەمڕۆ لەگەڵ عیڕاق کویر بڵاوی کردەوە ووتی، گرووپە چەکدارەکان لە عێراق هەستاون بە فڕاندن و کوشتن و ئەشکەنجەدان و دەستدرێژی سێکسی لەدژی خەڵکانی کۆمەڵەی پەلکەزێڕینە بەبێ ڕوبەڕوبونەوەی هیچ لێپرسینەوەیەکی یاسایی. ئەمە جگەلەوەی لەلایەن پۆلیسەوە ڕوبەڕوی دەستگیرکردن و توندوتیژی دەبنەوە.

لە ڕاپۆرتە ٨٦ لاپەڕەییەکەیدا لەژێر ناونیشانی "هەموو کەس دەیەوێ بمرم": کوشتن و فڕاندن و ئەشکەنجەدان و توندوتیژی سێکسی لە دژی خەڵکانی کۆمەڵەی پەلکەزێڕینە لەلایەن گروپە چەکدارەکان لە عێراق،" هیومان ڕایتس ۆوچ ڕاپۆرتی بەڵگەنامەیی کردوە بۆ چەندین کەیسی هەوڵی کوشتنی خەڵکانی کۆمەڵەی پەلکەزێڕینە لەلایەن گروپە چەکدارەکانی سەربە حەشدی شەعبی کە بەناو لەژێر کۆنترۆڵی سەرۆک وەزیرانی عێراقدایە. هیومان ڕایتس ۆوچ هەروەها هەستاوە بە بەڵگەکردنی چەندین کەیسی فڕاندن و کوشتن و توندوتیژی سێکسی و کردنە ئامانجی ئۆنلاینی خەڵکانی سەربە کۆمەڵەی پەلکەزێڕینە لەلایەن پۆلیس و گروپە چەکدارەکان. هیومان ڕایتس ۆوچ ووتی، حکومەتی عێراقی بەرپرسیارە لە پاراستنی مافی ژیان و سەلامەتی خەڵکانی کۆمەڵەی پەلکەزێڕینە، بەڵام شکستی هێناوە لە ئەنجامدانی لێپرسینەوە لەو کەسانەی لە پشت ئەم توندوتیژیانەوە بوون.  

ڕەشا یونس، توێژەری مافەکانی خەڵکانی کۆمەڵەی پەلکەزێڕینە لە هیومان ڕایتس ۆوچ، ووتی، "خەڵکانی کۆمەڵەی پەلکەزێڕینە لە عێراق لە دڵەڕاوکێی بەردەوامدا دەژین لەترسی دۆزینەوەیان و کوشتنیان لەلایەن گروپە چەکدارەکان بەبێ هیچ لێپرسینەوەیەکی یاسایی، لەگەڵ ترسی ڕوبەڕوبونەوەی توندوتیژی و بەندکردنیان لەلایەن هێزەکانی پۆلیس کە ئەوەش ژیانی لێ کردون بە دۆزەخ. حکومەتی عێراقی هیچ هەنگاوێکی نەناوە بۆ کۆتایی هێنان بەو توندوتیژیانە یان لێپرسینەوە لە دەستدرێژیکاران."

هیومان ڕایتس ۆوچ و ڕێکخراوی عیڕاق کویر بۆ داکۆکی لە مافی خەڵکانی کۆمەڵەی پەلکەزێڕینە لە عێراق، چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ٥٤ کەسی سەربەکۆمەڵەی پەلکەزێڕینە کرد کە لەلایەن گروپە چەکدارەکان و هێزەکانی پۆلیس توندوتیژیان لەدژی ئەنجام دراوە. هیومان ڕایتس ۆوچ هەروەها چاوپێکەوتنی ئەنجام دا لەگەڵ نوێنەرانی نۆ ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ و دامەزراوەی نێودەوڵەتی لەگەڵ حەوت نوێنەری دیپلۆماسی ووڵاتانی بێگانە لە عێراق و داکۆکیکەرانی مافەکانی خەڵکانی سەربە کۆمەڵەی پەلکەزێڕینە. ئەوانەی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کرا لە بەغدادو شارەکانی تری عێراق و هەرێمی کوردستان ڕوبەڕوی توندوتیژی بونەتەوە. هەروەها هیومان ڕایتس ۆوچ  پێداچونەوەی کرد  بە چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی و وێنەو هەڕەشەی سەرتۆڕەکانی ئینتەرنێت لەدژی کەسانی کۆمەڵەی پەلکەزێڕینە.

گروپەکان بۆیان دەرکەوت کە تواناو خواستی خەڵکانی کۆمەڵەی سەربە پەلکەزێڕینە لە بەرزکردنەوەی سکاڵای یاسایی لەکاتی ڕوبەڕوبونەوەی توندوتیژی لەدژیان لەلایەن پۆلیس یان کەسانی تر زۆر بەرتەسک بوەتەوە بەهۆی بڕگەکانی "ڕەوشت" لە یاسای سزادانی عێراقی کە پێناسەیەکی ڕونی بۆ نەکراوە، ئەمە جگەلە نەبوونی سیستمێکی متمانەپێکراو بۆ پێشکەشکردنی سکاڵاو نەبوونی یاسا بۆ پارێزگاری کردن لێیان لە جیاکاری. ئەمەش ژینگەیەکی دروست کردوە کە تێیدا چەکدارانی سەربە حکومەت لەوانەش پۆلیس هەستن بە ئەنجامدانی پێشێلکاری لەدژی کەسانی سەربەکۆمەڵەی پەلکەزێڕینە بەبێ ترس لە ڕوبەڕوبونەوەی هیچ لێپرسینەوەیەکی یاسای.

ژنێکی جێندەرتێپەڕی (ترانسجێندەر) عێراقی تەمەن ٣١ ساڵ ووتی لە مانگی شوباتی ٢٠٢١ لەکاتی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە لەدوای تەواوبونی کارەکەی شەس پیاو لە هامەرێکی جام ڕەشدا لە تەنیشت حاویەیەکی زبڵ لە بەغدا دەیوەستێنن. ئەو بە هیومان ڕایتس ۆوچی و عیڕاق کویری ووت، "گوێزانێک و دەرنەفیزێکیان دەرهێناو هەموو لاشەمیان بڕی و کون کون کرد بەتایبەت پاشم و ڕانم و ناوگەڵم." پاشان ووتی، "لەشیان بڕیم و پێنج لیتر بەنزینیان بە هەموو لەشم و دەموچاومدا کردو ئاگریان تێ بەردام."

پیاوێکی هاوڕەگەزخوازی تەمەن ٢٧ ساڵی بەغدا باسی لە ئەشکەنجەدانی کوڕە خۆشەویستەکەی کرد لەلایەن چوار ئەندامی گروپێکی چەکدار لەبەرچاوی خۆی لە مانگی مایزی ٢٠٢٠. ئەو ووتی، "لە پاش ئەشکەنجەدانی پێج فیشەکیان پێوەنا."

لە هەشت کەیسدا، پێشێلکاری گروپە چەکدارەکان و هێزەکانی پۆلیس، وەک دەستیگیرکردنی هەڕەمەکی و هەراسانی سێکسی لەدژی خەڵکانی کۆمەڵەی پەلکەزێڕینە، لەدژی منداڵانی تا تەمەن ١٥ ساڵ ئەنجامدراوە. زۆرێک لەوانەی ڕوبەڕوی هێرش بونەتەوە توانیان ناسنامەی ئەو گروپە چەکدارانەی لەپشت هێرشەکانەوە بوون دەستنیشان بکەن. ئەو گروپانەی کە تێوەگلاون لە جدیترین پێشێلکاریەکان بریتی بوون لە عسائب اهل الحق و بزوتنەوەی ئیتابات و ڕێکخراوی بەدرو، کتائب الحزب اللە و گروپی ڕەبیع اللە و سرایا السلام.

ئەوانەی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کرا باسیان لە دەستگیرکردن و توندوتیژی بەردەوام لەدژیان کرد لەلایەن بەرپرسانی هێزە ئەمنیەکان لە ڕێگەی سوکایەتی زارەکی و دەستدرێژی جەستەیی و دەستگیرکردن و بەندکردنیان بەشێوەیەکی هەڕەمەکی، زۆرجار بەبێ هیچ بیانویەکی یاسایی.  

خەڵکانی سەربەکۆمەڵەی پەلکەزێڕینە ووتیان لەکاتی بەندکردنیان پێشێلکاری لەدژیان ئەنجام دراوە وەک بێ بەشکردنیان لە خواردن و خواردنەوە یان مافی پەیوەندیکردن بە پارێزەرو ئەندامانی خێزانەکانیان یان دابینکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بۆیان. ووتیان کە پۆلیس دەستدرێژی سێکسی و جەستەیی کردۆتەسەریان و ناچاریان کردون بە واژوکردنی نوسراوێک کە تێیدا هاتووە هیچ پێشێلکاریەک لەدژیان ئەنجام نەدراوە.

لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢١، پۆلیس لە هەرێمی کوردستانی عێراق بەپێی ماددەی ٤٠١ی یاسای سزادانی عێراقی کە "کاری نەشیاو" لە شوێنی گشتی بەتاوان دەکات فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ١١ چالاکەوانی مافەکانی خەڵکانی کۆمەڵەی پەلکەزێڕینە دەرکرد کە هەموویان لەوکاتەدا  یان پێشتر کارمەندی ڕێکخراوی ڕاسانی سلێمانی بوون بۆ مافەکانی مرۆڤ. تامانگی مارسی ٢٠٢٢، کەیسەکانیان لەژێر لێکۆڵینەوەدا بوو، بەڵام بەرپرسان چالاکەوانەکانیان دەستگیر نەکردبوو.  

زۆرێک لەوانەی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کرا ووتیان، لانی کەم لە جارێک ڕوبەڕوی توندوتیژی سەخت بونەتەوە لەلایەن پیاوێکی ئەندامی خێزانەکانیان یان کەس و کاریان بەهۆی ئاراستەی سێکسیوازی و شوناسی جێندەری و دەربڕینی جێندەرییان. توندوتیژیەکان بریتی بوون لە بەندکردنیان لە ژورێکدا بۆماوەیەکی زۆرو بێبەش کردنیان لە خواردن و خواردنەوەو سوتان و لێدانیان و دەستدرێژی سێکسی بۆسەریان و لێدانیان بە تەزووی کارەبا و هەڕەشەلێ کردنیان بە چەک و ناچارکردنیان بە چارەسەری هۆرمۆنی بۆ گۆڕینیان و ناچارکردنیان بە هاوسەرگیری بەزۆرو ناچارکردنیان بەکاری زۆرو سەخت بەبێ پێدانی کرێ پێیان.

هیومان ڕایتس ۆوچ ووتی، دەبێت بەرپرسانی عێراقی هەستن بە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لە هەموو ڕاپۆرتەکانی توندوتیژی لەلایەن گروپە چەکدارەکان و توندوتیژیەکانی تر لە دژی ئەو خەڵکانەی دەکرێنە ئامانج لەسەر بنەمای یان گومانی ئاراستەی سێکسی و دەربڕین و شوناسی جێندەری و  دەبێت حکومەت هەستێ بە گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی و دادگایی کردن و سزادانی ئەوانەی بەرپرسیارن لە ئەنجامدانی ئەم توندوتیژیانە و ئیدانەکردنی ئەم توندوتیژیانە بۆ ڕای گشتی. دەبێت حکومەت هەستێ بە گرتنەبەری هەموو ڕێوشوێنێکی گونجاو بۆ کۆتایی هێنان بە ئەشکەنجەدان و بێسەروشوێن کردن و کوشتن و پێشێلکاریەکانی تر لەسەر بنەمای ئاراستەی سێکسخوازی و دەربڕین و شوناسی جێندەری لەگەڵ قەرەبوکردنەوەی ئەوانەی ڕوبەڕوی توندوتیژی سەخت بوونەتەوە خێزانی ئەوانەی لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە کوژراون.

دەبێت هێزە ئەمنیەکان کۆتایی بهێنن بە هەراسان کردن و دەستگیرکردنی خەلکانی کۆمەڵەی پەلکەزێڕینە لەسەر بنەمای ئاراستەی سێکسخوازی و شووناس و دەربڕینی جێندەری و لەبری ئەوە پارێزگاریان لێ بکەن لە توندوتیژی. دەبێت عێراق هەستێ بە تێپەڕاندن و جێبەجێ کردنی یاسای دژبە جیاکاری بەوانەشەوە کە لەسەر بنەمای ئاراستەی سێکسخوازی و شوناسی جێندەری ئەنجام دەدرێ لەدژی خەڵک.

دەبێت ئەو ووڵاتانەی کە هاوکاری سەربازی و ئەمنی و هەواڵگری عێراق دەکەن وەک وویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەریتانیاو ئەڵمانیاو فەرەنسا داوا لە بەرپرسانی عێراقی بکەن هەستن بەئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لە هەموو تۆمەتەکانی توندوتیژی و پێشێلکاری گروپە چەکدارەکان و ڕۆڵی هاوکارەکانی خۆیان لە تێوەگلان لەم توندوتیژیانە. دەبێت ئەم ووڵاتانە هەستن بە هەڵپەساردنی هاوکاریە سەربازی و ئەمنی و هەواڵگریەکانیان بۆ ئەو یەکانەی لەم توندوتیژیانەوە گلاون و هۆکاری هەڵپەساردن و کۆتایی هێنان بە هەر هاوکاریەک بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکەن.  

یونس ووتی، "ئەگەر حکومەتی عێراقی دەستبەجێ هەڵنەستێ بە کۆتایی هێنان بەم توندوتیژیانە، ئەوا ژیانی کەسانی کۆمەڵەی پەلکەزێڕینە لە عێراق بەردەوام ڕوبەڕوی لەناوچوونەوە دەبێت. دەبێت بەرپرسانی عێراقی یەکەم جار بە ئیدانەکردنی توندوتیژیەکان لەدژی کەسانی کۆمەڵەی پەلکەزێڕینە بۆ ڕای گشتی دەست پێ بکەن و هەستن بە پارێزگاریکردنی مافەکانیان لە ووڵاتی خۆیاندا."

Your tax deductible gift can help stop human rights violations and save lives around the world.

Region / Country
Topic