(هەولێر) –هیومان ڕایتس وۆچ ئەمڕۆ ڕایگەیاند کە پێویستە ئەندامانى پەرلەمانى کوردستان دژى پڕۆژە یاسای پیرۆزیەکان بووەستنەوە چونکە پێشێلکاریەکى ئاشکرایە بۆسەر ماف و ئازادیەکانى ڕادەربڕین. بەپێى پرۆژە یاساکە سزاى 10 ساڵ زیندانى کردن و داخساتنی کەناڵی راگەیاندن بە هەر کەس دەسەپێنرێت لە بەرامبەر سەرپێچێکردنی ناڕوون وەک "وێنەى ناشایستە کردنى پێغەمبەران."
لە ناوەڕاستى مانگى ئایاردا، چەند ئەندامێکی پەرلەمانى کوردستان ڕایانگەیاند کە پرۆژە یاسایەکى لەو جۆرەیان ئامادەکردووە و بەم نزیکانە دەخرێتە بەردەم پەرلەمان بۆ دەنگدان. ئامادەکردنى ئەم پڕۆژە یاسایە دواى ئەوەهات کاتێک گۆڤارى "چرپە" لە هەولێر هەستا بە بڵاوکردنەوەى بابەتێک کە لە فەیسبووکەوە وەرگێرابوو وە بەرپرسانى حکومی بە "سوکایەتى کردن بۆسەر ئاینى ئیسلام" ناوزەندیان کرد. لە 7ى ئایاردا ، پۆلیس سەرنوسەرى گۆڤارەکەى دەستگیر کرد. دوای یەک ڕۆژ لە دەستگیر کردنەکە کۆمەڵێک خەڵکی شارى هەولێر خۆپیشاندانێکى ناڕەزاییان لە دژى گۆڤارەکە ئەنجامدا.
جۆو ستۆرک، جێگرى بەڕێوەبەرى خۆرهەڵاتى ناوەڕاست لە هیومان ڕایتس وۆچ ووتى، "پڕۆژە یاساکە پێچەوانەی بانگەشەکانی بەرپرسانى سیاسى حکومەتى هەرێمى کوردستانە کە هەمیشە کوردستان وەک ناوچەیەک نیشاندەدەن کە تێیدا ڕێز لە ئازادیەکان دەگیرێت." ستۆرک ووتیشى، "یاسا نێودەوڵتیەکان پارێزگارى لە هەموو دەربڕینێک دەکەن، کە ڕەنگە بەلاى خەڵکانى ترەوە سووکایەتیکردن بێت، بە مەرجێک بە ئاشکرا هەڕەشەی تووندوتیژیان تێدانەبێت."
پڕۆژە یاساکە " جنێودان و گاڵتەکردن بە خوا" هەروەها "جنێودان، گاڵتەکردن و وێنەى ناشایستەى پێغەمبەران" بە تاوان لە قەڵەم دەدات. هیومان ڕایتس وۆچ ووتى، سەرەڕای پێشێلکردنى ماف و ئازادیەکانى ڕادەربڕین، یاسایەکى لەم جۆرە کە چەندین دەستەواژەی لاستیکی تێدایە ڕێخۆشکەر دەبێت بۆ دەستگیر کردنى بێ هۆ و بەئەنقەست.
بەپێى پڕۆژە یاساکە، هەرکەسێک تاوانى لەو جۆرە ئەنجامبدات ڕووبەڕووى سزاى 10 ساڵ زیندانیکردن و غەرامەى 10تا 50 ملیۆن دینارى عێراقى دەبێتەوە. یاساکە دەستەڵات دەدات بە بەرپرسانى حکومی هەستن بە داخستنى هەر ڕۆژنامە و گۆڤار و هۆیەکى ڕاگەیاندن بۆ ماوەى یەک ساڵ و غەرامەکردنیان بە بڕ 10تا 50 ملیۆن دینارى عێراقى ئەگەر بڕگەکانی ئەو یاسایە پێشێلبکەن.
لە سەرەتایى مانگى ڕابردوودا، گۆڤارى "چرپە" هەستا بە بڵاوکردنەوەى " پۆستێکى فەیسبووک بە ناونیشانى "من و خوا" " کە گفتوگۆیەکى خەیاڵیە لەگەڵ خوادا کە هەندێ وشەى نەشیاوی تێدا بەکارهێنراوە. بابەتی "من و خوا"ی هەڵمەت گۆرانى دانیشتووى نەرویج سەرەتا لە ساڵى 2010 دا بڵاوکرایەوە.
چەند ڕۆژێک دواى بڵاوکردنەوەی بابەتەکە لە لایەن گۆڤاری چرپەوە، پۆلیس هێمن ئارى سەرنوسەرى گۆڤارەکەی دەستگیرکرد. پاش یەک هەفتە، سەندیکاى ڕۆژنامەنووسانى کوردستان بەیاننامەیەکى بڵاوکردەوەو تێیدا ناڕەزایى خۆى دەربڕى بەرامبەر بە دەستگیر کردنەکەو وتی کە لە یاسای ڕۆژنامەوانى ساڵى 2007 ى هەرێمى کوردستان ڕەچاو نەکراوە. ئەو یاسایە باس لە داخستنی هۆیەکانى ڕاگەیاندن ناکات، بەڵام دەستگیر کردنی سەرنوسەری بەپێى یاسایى سزادانى عێراقى بووە.
بەپێى ڕاپۆرتى میدیا ناوخۆییەکان، لە ڕۆژى دواتردا، خۆپیشاندانى ناڕەزایى خەڵکى هەولێر دژى گۆڤارەکە زەرەروو زیانێکى زۆرى گەیاند بە یانەکانی ناوچەکە و کەناڵێکى تەلەفزیۆنى و سەنتەرێکى ڕۆشنبیرى. ئەمە جگە لە دەستگیر کردنى چەند کەسێک و بریندار بوونى دەیان کەسى تر کە لە نێویاندا هەشت پۆلیس.
هەر بەپێى ڕاپۆرتى میدیاکان، لە کاتى ڕووداوەکاندا، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، نێچیرڤان بارزانى و بەرپرسانى ترى حکومی ڕەخنەیان لە بڵاوکراوەى گۆڤارەکە گرت. بارزانى ڕایگەیاند، "حکومەت بە تووندى دژى هەموو سووکایەتیەک بە ئاینى ئیسلام دەوەستێتەوە." پاشان جێگرى سەرنوسەرى گۆڤارەکە هەستا بە داخستنى ئۆفیسى گۆڤارەکە و لە 14ى ئایاردا هێمن ئارى ئازاد کرا.
لە 11ى ئایاردا، بەشیر خەلیل حەداد، سەرۆکى لیژنەى ئەوقاف و کاروبارى ئاینى لە پەرلەمانى کوردستان، ئامادەکردنى پڕۆژە یاساکەى ڕایگەیاند و ووتى کە لە ماوەیەکى نزیکدا پرۆژە یاساکە دەخرێتە بەردەم پەرلەمان. لە دژى ئامادەکردنى پڕۆژە یاساکە ژمارەیەک لە ڕێکخراوە ناحکومیەکان، سیاسەتمەداران و ڕۆژنامە سەربەخۆکان دەنگی ناڕەزاییان هەڵبڕیوە.
ئارام قادر، سەرۆکى فراکسیۆنى کۆمەڵى ئیسلامى لە پەرلەمانى کوردستان و یەکێک لە داکۆکیکەرانى پڕۆژە یاساکە، بە هیومان ڕایتس وۆچى ووت، "پڕۆژە یاساکە تەنها بۆ بەرگریکردن لە ئاینى ئیسلام نیە، بەڵکو هەموو ئاینەکانى تریش دەگرێتەوە." قادر بانگەشەى ئەوەى کرد "پرۆژە یاساکە زمانى پرسیارو ڕەخنە گرتن لە ئاین و کتێبە ئاسمانیەکان بە تاوان لە قەڵەم نادات، تەنها ڕێگرى لە جنێو سووکایەتى بەرامبەریان دەکات."
دەقى پڕۆژە یاساکە، کە هیوومان ڕایتس وۆچ پێیداچووەتەوە، هیچ پێوەرێکى تێدانیە بۆ جیاکردنەوەى دەربڕینی ڕێگەپێدراو دەبڕینێک کە "سووکایەتى" یان "گاڵتەکردن" یان "جنێودان"ی تێدابێت بەرامبەر بە بابەتە ئایینیەکان. لەوەش زیاتر هیچ بیانوویەکى یاسایى تێدا نیە بۆ بە تاوان لەقەڵەمدانىیان.
بەپێى یاسای نێودەوڵەتی مافى مرۆڤ، حکومەت دەتوانێت تەنها جۆرێک لە دەربڕین دەربڕین قەدەغە بکات کە ڕاستەوخۆ و دەستبەجێ هاندانی بۆ تووند و تیژى تێدابێت. حکومەت بۆى نیە سزاى تاون بەسەر هیچ کەس و لایەنێکدا بسەپێنێ لەبەرامبەر دەربڕینى بیرو ڕاو بۆچوونەکانیان، تەنها لەبەرئەوەى هەندێک خەڵک، بە بەرپرسانى حکومیشەوە، ئەو بۆچوونانە بە سووکایەتیکردن بزانن.
پەیمانى نێودەوڵەتى بۆ مافە مەدەنى و سیاسیەکان ڕێگەدەدات حکومەت ئازادى ڕادەربڕین سنووردار بکات لە پێناو پارێزگاریکردن لە بەها گشتیەکان تەنها مەرجێک سنووردارکردنەکە بە ژمارەیەک تاقیکردنەوەی قورسدابچێت سەبارەت بە پێویستی و گونجاوی سنووردارکردنەکە وە دەبێت جیاکاری نەکات، لەنێویاندا جیاکاری لەسەر بنەمای ئاین و بیروباوەڕ. کۆمسیۆنى مافى مرۆڤ کە هەڵسەنگاندنێکی تەواوی بەندەکانى پەیمانەکەى کردووە، دەڵێ"هەوڵدان بۆ ڕێگریکردن لە نیشاندانەدانی ڕیز بەرامبەر هەر ئاین و باوەڕێک، لەنێویاندا یاساکانی "تجدیف"- پیرۆزییە ئایینییەکان- پێچەوانەى پەیمانەکەیە،" تەنها لە بارودۆخێکى سنووردارو تایبەتدا نەبێت ئەویش ئەگەر ڕاستەوخۆ هانى تووندوتیژى بدات.
ستۆرک ووتى، "سزایەکی قورسی زیندانیکردن، غەرامەکردن و داخستنى هۆکارەکانى ڕاگەیاندن بە دەستەواژە لاستیکییەکانى وەک "سووکایەتى" و "گاڵتەکردن" مایەى سەرسوڕمانە."