(به‌یروت)- هیومان ڕایتس ۆوچ له‌ ڕاپۆرته‌كه‌ی ئه‌مڕۆیدا ووتی، هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌ستاون به‌ده‌ست به‌سه‌ركردنی پیاوان و هه‌رزه‌كارانی ‌سه‌رو ته‌مه‌ن ١٥ ساڵی ئاواره‌ی ناوچه‌كانی موسڵ و حه‌ویجه‌ كه‌ له‌كاتی هێرشه‌كانی دژ به‌ گروپی به‌ داعش هه‌ڵهاتوون له‌ شوێنێكی نزیك كامپی دێبه‌گه‌.

ئه‌و پیاو و گه‌نجانه‌ی له‌ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش هه‌ڵهاتوون بۆ ناوچه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ ماوه‌یه‌كی نادیار ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌كرێن سه‌ره‌ڕایی ده‌رچونیان له‌ پشكنینه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم سه‌باره‌ت به‌ بوونی هه‌رپه‌یوه‌ندیه‌كیان له‌گه‌ڵ (داعش).  له‌كاتی پرۆسه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی زیاتر له‌لایه‌ن به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌رێم، هه‌ندێك جار بۆ ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌كرێن و له‌ بوونی پارێزه‌ر بێبه‌ش ده‌كرێن ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕایی ئه‌وه‌ی تۆمه‌تی هیچ تاوانێكیان لێناكرێت. به‌پێی یاسای عێراقی، ته‌نها بنه‌مای یاسایی بۆ ده‌ستبه‌سه‌ركردن گومانی ئه‌نجامدانی تاوانه‌ له‌لایه‌ن كه‌سه‌كه‌وه‌و ده‌بێت پرۆسه‌كه‌ له‌ژێر چاودێری سیستم و یاسای دادگای تاوانه‌كان بێت.

ده‌ره‌وه‌ی كامپی ئاواره‌ی “دێگه‌به" كه‌ تێیدا پیاو كوڕی سه‌رو ته‌مه‌ن ١٤ ساڵی ئاواره‌ی ناوچه‌كانی حه‌ویجه‌و موسڵی تێیاندا بۆ ماوه‌ی هه‌رچه‌ند هه‌فته‌یه‌ك به‌شێوه‌یه‌كی هه‌ڕه‌مه‌كی ده‌ستبه‌سه‌رده‌كرێن    

© Belkis Wille/Human Rights Watch

لا‌ما فه‌قیه‌، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری هیومان ڕایتس ۆوچ له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ووتی، ''به‌ ده‌ستبه‌سه‌ركردنی تێكڕایی پیاوان و گه‌نجانی سه‌رو ته‌مه‌ن ١٥ ساڵ كه‌ له‌ناوچه‌كانی ژێر كۆنترۆڵی داعشه‌وه‌ هه‌ڵهاتوون به‌ گومانی تیرۆر، به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پرۆسه‌ی بنه‌ما یاساییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان وه‌ك له‌ یاسای عێراقی و نێوده‌وڵه‌تیداهاتووه‌ پشتگوێ ده‌خه‌ن. ته‌نها له‌ حاڵه‌تێكدا ده‌ستبه‌سه‌ركردن ڕێگه‌ی پێده‌درێت ئه‌گه‌ر ئه‌گه‌ر هۆكار هه‌بێت له‌ گومان لێكردنی كه‌سێك به‌ ئه‌نجامدانی تاوان.''

هیومان ڕایتس ۆوچ چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ پێنج ژن و هه‌شت پیاو كرد كه‌ به‌م دواییانه‌ له‌ ناوچه‌كانی ژێر ده‌ستی داعش هه‌ڵهاتوون و ئێستا له‌ كامپی دێبه‌گه‌ن. هه‌مویان ووتیان پاش لێكۆڵینه‌وه‌و پشكنینی سه‌ره‌تایی له‌ خاڵه‌كانی پشكنین كه‌ تێیدا چه‌ند پیاوێك ده‌ستگیر كراون،  باقی خه‌ڵكه‌كه‌ هێنراون بۆ كامپه‌كه‌و لێره‌‌ هه‌موو پیاو گه‌نجێكی سه‌رو ته‌مه‌ن ١٥ ساڵ له‌ خێزانه‌كانیان جیاكراونه‌ته‌وه‌و له‌ ناوچه‌یه‌كی به‌ ته‌لبه‌ن ده‌وره‌دراودا ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌كرێن بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی دووه‌م كه‌ هه‌ندێك جار چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك ده‌خایه‌نێ.

له‌ ١٧ی تشرینی یه‌كه‌م، حكومه‌تی ناوه‌ندی عێراق و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ هاوكاری هێزی هاوپه‌یمانان ئۆپراسیۆنی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی موسڵیان ڕاگه‌یاند. موسڵ دووه‌م شاری عێراقه‌و له‌ مانگی حوزه‌یرانی ٢٠١٤ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ كۆنترۆڵكرا. هه‌روه‌ها ئه‌و هێزانه‌ی له‌ دژی داعش ده‌جه‌نگێن گه‌مارۆی شاری حه‌ویجه‌شیان داوه‌ كه‌ به‌دووری ٥٧ كیلۆمه‌تر ده‌كه‌وێته‌ ڕۆژئاوای كركوك و ١٢٠ كیلۆمه‌تر باشوری ڕۆژهه‌ڵاتی موسڵ. داعش له‌ مانگی حوزه‌یرانی ٢٠١٤ ئه‌م شارۆچكه‌یه‌شی كۆنترۆڵكرد. له‌سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی ئۆپراسیۆنه‌كان ژماره‌ی دانیشتوانی ناو موسڵ به‌ نزیكه‌ی به‌ ١.٢ ملیۆن و دانیشتوانی ناو حه‌ویجه‌ به‌ ١١٥ هه‌زار كه‌س  خه‌مڵێنراوه‌. له‌دوای ده‌ستپێكردنی ئۆپراسیۆنه‌كه‌وه‌، لانی كه‌م له‌ ٨٩٤٠ هاووڵاتی بۆ باكوری سوریا و هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كانی تری عێراق ئاواره‌ بوون.

دكتۆر دیندار زێباری سه‌رۆكی كۆمیته‌ی پێداچونه‌وه‌و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ڕاپۆرته‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان ڕونكردنه‌وه‌ی بۆ هیومان ڕایتس ۆوچ دا له‌سه‌ر پرۆسه‌ی پشكنین و لێكۆڵینه‌وه‌ی هێزه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم  بۆ ئه‌و ئاوارانه‌. ڕونكردنه‌وه‌كانی سه‌باره‌ت به‌ ماوه‌ی پرۆسه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی دووه‌م و دواكه‌وتنی له‌ پرۆسه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كان هاوتابوون له‌گه‌ڵ ووته‌و ئه‌و ئاوارانه‌ی هیومان ڕایتس ۆوچ چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ كردن، به‌ڵام جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پاپه‌ند ده‌بێت به‌ پاراستنی مافه‌كانی مرۆڤ.

دكتۆر زێباری ووتی، هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی ئاواره‌ی ناوچه‌كانی كوردستان ده‌بن له‌ خاڵه‌كانی پشكنین لێكۆڵینه‌وه‌و پشكنینیان بۆ ده‌كرێت و ناو ناسنامه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئه‌و زانیاریانه‌ی ده‌زگا هه‌واڵگری و ئه‌منیه‌كان كۆیانكردونه‌ته‌وه‌ به‌‌راورد ده‌كرێت ‌. زێباری ووتیشی جگه‌له‌وه‌ش ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌ناوچه‌كانی ژێر كۆنترۆڵی داعشه‌وه‌ هه‌ڵدێن لێكۆڵینه‌وه‌ زیاتریان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت. ووتی بۆ ئه‌م كه‌سانه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی زیاتر ده‌كرێت  له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌زگا هه‌واڵگری و ده‌زگای ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و ده‌زگا ئه‌منیه‌ ناوخۆییه‌كانی ئه‌و ناوچانه‌.

سه‌باره‌ت به‌ كامپی دێبه‌گه‌، به‌پێی ووته‌ی ئاواره‌كان، هیومان ڕایتس ۆوچ له‌وبڕوایه‌دایه‌ كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌كان له‌ ناوچه‌یه‌كی ده‌وره‌دراو به‌ ته‌لبه‌ن وچه‌ند مه‌ترێك له‌ ده‌ره‌وه‌ی كامپه‌كه‌ ئه‌نجام ده‌درێت، به‌ڵام ته‌نها بۆ پیاوان و گه‌نجانی سه‌رو ته‌مه‌ن ١٥ ساڵ.

دكتۆر زێباری نه‌یگوت كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی دووه‌م چه‌ند ده‌خایه‌نێ، به‌ڵام ڕوونی كرده‌وه‌ له‌ پاش ئه‌وه‌ی پیاوان و گه‌نجانی سه‌رو ته‌مه‌ن ١٥ ساڵ له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كان ده‌رده‌چن ده‌گوازرێنه‌وه‌ بۆ ناو كامپه‌كان. هه‌روه‌ها دانی به‌وه‌نا كه‌ ڕه‌نگه‌ پرۆسه‌كه‌ ماوه‌یه‌ك بخایه‌نێ به‌هۆی زۆری ژماره‌ ئاواره‌كان و چڕی پرۆسه‌كه‌ وه‌ك كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری هه‌واڵگری له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌،'' به‌ڵام دووپاتی كرده‌وه‌كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وهێزه‌كانی ئاسایش هه‌موو هه‌وڵێكی جدی ده‌ده‌ن له‌ پاپه‌ندبوون به‌ ستانده‌رده‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی مافی مرۆڤ له‌كاتی پرۆسه‌كه‌دا.

زێباری ووتی،  ئه‌گه‌ر زانرا كه‌‌سێك مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئاسایشی ناوچه‌كه‌ هه‌یه،‌ ده‌بێت له‌ ماوه‌ی ٢٤ كاتژمێردا بگوازرێته‌وه‌ بۆ دادگایه‌كی تایبه‌ت و له‌وێ تاوانه‌كه‌ی دیاری ده‌كرێت، به‌ڵام دانی به‌وه‌نا كه‌ له‌ چه‌ند كه‌یسێكی كه‌مدا، پرۆسه‌ی یاسایی بۆ ئه‌وانه‌ی گومانی په‌یوه‌ندی بونیان به‌ داعشه‌وه‌ لێكراوه‌ دواكه‌وتوه‌ به‌هۆی زۆری  ژماره‌ی  ئاواره‌كان كه‌ له‌ناوچه‌كانی ژێرده‌ستی داعشه‌وه‌ هه‌ڵهاتوون بۆ ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، هۆكارێكی تری دواكه‌وتنی پرۆسه‌كه‌ نه‌بوونی ژماره‌ی پێویسته‌ له‌ ئه‌ندامانی هێزه‌ ئه‌منیه‌كان ‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی پرۆسه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كان و نه‌بوونی سه‌رچاوه‌ی دارایی پێویست.

ته‌نها بنه‌مای یاسایی بۆ ده‌ستبه‌سه‌ركردن وه‌ك له‌ یاسایی عێراقیدا هاتووه‌ گومانه‌ له‌ ئه‌نجامدانی تاوان نه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌گه‌ری دروستكردنی هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌منی به‌هۆی شوێنی نیشته‌جێبوونیان، هه‌دوه‌ها ده‌بێت ده‌ستبه‌سه‌ركردن له‌ژێر سیستم و یاسای دادگای تاوانه‌كاندا بێت.

ده‌بێت به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستبه‌جێ ده‌ستبه‌سه‌ركراوه‌كان ئاگادار بكه‌نه‌وه‌ له‌ بوونی هه‌ر تۆمه‌تێك له‌ دژیان و ڕێگه‌یان پێبده‌ن له‌به‌رده‌م دادگایه‌كی سه‌ربه‌خۆ به‌رگری له‌ كه‌یسه‌كانیان بكه‌ن وه‌ك له‌ یاسای عێراقیدا هاتووه‌. هیومان ڕایتس ۆوچ ووتی، ده‌ستگیركردن و دادگایی بكرێن ده‌بێت ته‌نها له‌ حاڵه‌تێكدا بێت گه‌ر گومانی ئه‌نجامدانی تاوانیان لێكرابێت.

به‌پێی یاسا نێوده‌وڵه‌تیه‌كان ده‌بێت ده‌ستبه‌سه‌ركردنی منداڵان دوا ڕێگه‌چاره‌ بێت و بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر كورت بێت. هه‌روه‌ها به‌پێی ستانده‌رده‌ نێو ده‌وڵه‌تیه‌كان، ئه‌و منداڵانه‌ی گومانیان لێده‌كرێت له‌لایه‌ن داعش به‌ چه‌كدار كرابن یان به‌كارهێنرابن ده‌بێت وه‌ك قوربانی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێت و هاوكاری بكرێن له‌ پرۆسه‌ی چاكسازی و  گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ ناو كۆمه‌ڵگا له‌بری سزادانیان.

لاما فه‌قیه‌ ووتی، ''له‌ پێویستی لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌منی تێده‌گه‌ین، به‌ڵام ده‌ستبه‌سه‌ركردنی هه‌موو پیاو گه‌نجێكی ته‌مه‌ن ١٥ ساڵ و سه‌رو ته‌مه‌ن ١٥ ساڵ ته‌نها له‌به‌ره‌وه‌ی خه‌ڵكی كوێن و له‌كوێوه‌ هاتوون جیاكاری كردنه‌ له‌به‌رامبه‌ریان و ئه‌م كه‌سانه‌ كه‌ له‌بارودۆخ و گوزه‌رانێكی قورسدان وه‌ك پێویست پارێزگاریان له‌ناكرێت. به‌ڕه‌چاوكردنی ئه‌و بارودۆخه‌ی پێیدا تێپه‌ڕیوون، ده‌بێت پرۆسه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كان به‌خێرا بكرێت و ڕێز له‌ مافه‌كانیان بگیرێت.''

 

چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌سه‌ركراوان و خێزانه‌كان

هیومان ڕایتس ۆوچ چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ پێنج ژن و هه‌شت پیاو كرد كه‌ به‌م دواییانه‌ له‌ ناوچه‌كانی ژێر ده‌ستی داعش هه‌ڵهاتوون و ئێستا له‌ كامپی دێبه‌گه‌ن كه‌ به‌دووری ٤٠ كیلۆمه‌تر ده‌كه‌وێته‌ باشوری هه‌ولێر. هه‌موویان ووتیان كه‌ له‌ خاڵه‌كانی پشكنینی پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی عێراق وه‌ستێنراون بۆ پشكنین له‌كاتی هاتنیان بۆ ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.  ووتیان كه‌ هه‌موو ئاواره‌كان به‌ ژنان ومنداڵانیشه‌وه‌ پشكێنراون و لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ كراوه‌ له‌لایه‌ن ئه‌و ژنانه‌ی له‌ خاڵه‌كانی پشكنین كارده‌كه‌ن. هێزه‌كان داوایان له‌ پیاوان كردووه‌ كراس و پێڵاوه‌كانیان داكه‌نن و پاشان پێشمه‌رگه‌ ناسنامه‌كانیان بردون و له‌ داتای كۆمپیوته‌ر به‌راوردیان كردوون به‌ ناوی ناو لیستی گومان لێكراوه‌كان.

دوو پیاوی حه‌ویجه‌ ووتیان كه‌ پاش گه‌ڕان به‌ناو لیسته‌كه‌دا، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ نزیكه‌ی ٥٠٠ كه‌سی‌ خاڵی پشكنینه‌كه‌ دوو پیاو  به‌ تۆمه‌تی بوونی په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ داعش ده‌ستگیر ده‌كه‌ن. ئه‌و دوو پیاوه‌ی كه‌ چاوپێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵ كرا ووتیان  ڕه‌نگه‌‌ دوو پیاوه‌ ده‌ستگیركراوه‌كه‌ كاریان له‌گه‌ڵ چاكدارانی داعش  له‌شاره‌كه‌ كردبێت.

ژنێكی خه‌ڵكی موسڵ ووتی كه‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی عێراق له‌ گروپێكی گه‌وره‌ ١٠ پیاویان ده‌ستگیر كرد.  پاشان باقی گروپه‌كه‌ نێردران بۆ كامپی دێبه‌گه‌ به‌ڵام خێزان و منداڵی ١٠ پیاوه‌كه‌ له‌وێ مانه‌وه‌. ئه‌و ژنه‌ نه‌یزانی ئایا ئه‌و پیاوانه‌ په‌یوه‌ندیان به‌ داعش هه‌بووه‌ یان چی به‌سه‌ر خۆیان و خێزانه‌كانیان هاتووه‌.

هه‌ركه‌ ئاواره‌كان گه‌یشتنه‌ كامپی دێبه‌گه‌، هێزه‌كانی ئاسایشی حكومه‌تی هه‌رێم هه‌موو پیاو گه‌نجێكی سه‌رو ١٥ ساڵ له‌ ژنان منداڵان جیاده‌كه‌نه‌وه‌. پاش ده‌ستگرتن به‌سه‌ر ناسنامه‌كانیان ده‌یانبه‌نه‌ شوێنێكی جیاواز كه‌ ته‌لبه‌ن ده‌وره‌دراوه‌وچه‌ند مه‌ترێك له‌ كامپه‌كه‌وه‌ دووره‌و له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئاسایش پاسه‌وانی ده‌كرێن.

هیومان ڕایتس ۆوچ سه‌ردانی كامپی دێبه‌گه‌ی كردو تێبینی ئه‌و شوێنه‌ی له‌به‌شی ئه‌و دیوی ته‌لبه‌نده‌كه‌وه‌ كردو له‌وێوه‌ توێژه‌رانی هیومان ڕایتس ۆوچ توانیان چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ سێ پیاو له‌به‌شی ئه‌ودیوی ته‌لبه‌نه‌كه‌وه‌ بكه‌ن. ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌یانتوانی به‌ ئازادی له‌ناو شوێنه‌كه‌دا جموجول بكه‌ن و له‌ژێر خێمه‌دا ده‌خه‌وتن و ئاو كاره‌بایان هه‌بوو هه‌روه‌ها جلی ئاساییان له‌به‌ردا بوو. جگه‌له‌وه‌ش، له‌ نێو ته‌لبه‌نه‌كانه‌وه‌ ڕێگه‌ی قسه‌كردنیان له‌گه‌ڵ خێزانه‌كانیان پێده‌درا.  ئه‌و سێ پیاوه‌ی هیومان ڕایتس ۆوچ چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ كردن هیچ گازنده‌یه‌كیان له‌سه‌ر خزمه‌تگوزاری و كه‌شی ناو شوێنه‌كه‌ نه‌بوو. به‌ڵام دیار نه‌بوو ئه‌و منداڵانه‌ی خزم و كه‌س و كارێكیان له‌گه‌ڵ نیه‌ جیاكرابنه‌وه‌ له‌  پیاوه‌كان وه‌ك له‌ ستانده‌رده‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كاندا هاتووه‌.

كه‌سێك كه‌ له‌ناو كه‌مپه‌كه‌دا كاری ده‌كرد به‌ هیومان ڕایتس ۆوچی ووت، ده‌كرێت له‌ ماوه‌ی دوو كاتژمێره‌وه‌ تا چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك لێره‌ بمێننه‌وه‌. ئه‌و سێ پیاوه‌ی هیومان ڕایتس ۆوچ قسه‌ی له‌گه‌ڵ كردن ووتیان، ماوه‌ی ١٥ تا ٢٠ ڕۆژه‌ له‌و شوێنه‌دان و هێشتا نازانن كه‌ی ئازاد ده‌كرێن. یه‌كێكیان ووتی كه‌ دوو پیاوی ناو ئه‌و شوێنه‌ ده‌ناسێ  ماوه‌ی زیاتر له‌ ١٠٠ ڕۆژه‌ له‌وێ ماونه‌ته‌وه‌. ئه‌و پیاوه‌ ده‌ست به‌سه‌ره‌ ووتیشی، نزیكه‌ی ٤٠٠ پیاو گه‌نجی سه‌رو ١٥ ساڵ له‌و شوێنه‌دان و كه‌سیان ڕێگه‌یان پێنه‌دراوه‌ له‌ بوونی پارێزه‌ری به‌رگریكار. هه‌موویان ووتیان كه‌ ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌وان بزانن هه‌موو پیاو گه‌نجێكی سه‌رو ته‌مه‌ن ١٥ ساڵ كه‌ له‌ناوچه‌كانی ژێر كۆنترۆڵی داعشه‌وه‌ ده‌گاته‌ كامپی دێبه‌گه‌ له‌م شوێنه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌كرێ به‌رله‌وه‌ی ڕێگه‌ی چوونه‌ ناو كامپه‌كه‌یان پێ بدرێت.

ئه‌ندامێكی تیمه‌كه‌ی ده‌زگای خێرخوازی بارزانی كه‌ كامپه‌كه‌ به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن به‌ هیومان ڕایتس ۆوچی ووت هه‌رچه‌نده‌ كه‌ ئه‌وان و كۆمسیۆنی باڵای په‌نابه‌ران و ڕێخراوه‌كانی تری سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ڕێگه‌ی چوونه‌ ناو ئه‌و شوێنه‌یان پێده‌درێت بۆ دابینكردنی خواردن و پێداویستی، شوێنه‌كه‌ له‌ژێر كۆنترۆڵی ئاسایشدایه‌. ووتیشی نازانێ چه‌ند كه‌س له‌و شوێنه‌دا ده‌ست به‌سه‌ركراوه‌.

هه‌موو ئه‌وانه‌ی چاوپه‌كه‌وتنیان له‌گه‌ڵ كرا ووتیان كه‌ ئاسایش جارێك یان دووجار لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كات له‌ماوه‌ی دوو ڕۆژی یه‌كه‌م ده‌گه‌نه‌ ئه‌و شوێنه‌ له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كان پرسیاری شه‌خسیان لێده‌كرێت و له‌گه‌ڵ بوونی هه‌رپه‌یوه‌ندیه‌كیان به‌ داعش.

گه‌نجێك ووتی كه‌ خوێندكاری كۆلێژی ئه‌ندازیاری بووه‌ له‌ زانكۆی موسڵ به‌رله‌ كۆنترۆڵكردنی شاره‌كه‌ له‌لایه‌ن داعش و دوو ساڵی خوێندنی له‌ ده‌ست چووه‌. له‌ سه‌ره‌تای تشرینی یه‌كه‌می ٢٠١٦ له‌ موسڵ هه‌ڵدێ له‌به‌ره‌وه‌ی ده‌یه‌وێت له‌ زانكۆی كه‌ركوك ده‌ست به‌ خوێندن بكاته‌وه‌.  پاش گه‌شتێكی سه‌خت له‌ كۆتاییدا ده‌گاته‌ خاڵێكی پشكنینی پێشمه‌رگه‌و له‌وێوه‌ ده‌برێت بۆ شوێنی ده‌ستبه‌سه‌ركردنی نزیك كامپی دێبه‌گه‌. هیوای سه‌ركه‌وتنیان له‌ خوێندنه‌كه‌ی بۆ خواستووه‌و دڵنیایان كردۆته‌وه‌ كه‌ له‌ ماوه‌ی دوو ڕۆژدا ئازاد ده‌كرێ و ده‌توانێ بچێته‌ كه‌ركوك بۆ خوێندن.

به‌ڵام كاتێك هیومان ڕایتس ۆوچ چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ كرد بۆ ماوه‌ی ١٨ ڕۆژ بوو له‌و شوێنه‌دا مابووه‌وه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی نیشان بدرێت له‌ هه‌بوونی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ داعش و ڕێگه‌ی بوونی پارێزه‌ری پێنه‌دراوه‌. ئه‌و ووتی كه‌ ناسنامه‌ی زانكۆی نیشانی ئه‌فسه‌رانی ئاسایش داوه‌و پێیگوتون كه‌ ده‌یه‌وێت بچێته‌وه‌ زانكۆ، به‌ڵام ڕه‌تیان كردۆته‌وه‌ ئازادی بكه‌ن.

به‌پێی ووته‌ی ئه‌وانه‌ی چاوپێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵ كرا، زۆرێك له‌و كه‌سانه‌ی له‌ناو ئه‌و شوێنه‌دان ئازاد ده‌كرێن و په‌یوه‌ندی به‌ خێزانه‌كانیانه‌وه‌ له‌ كامپی دێبه‌گه‌ یان كامپه‌كانی تر ده‌كه‌نه‌وه‌. ووتیان پاشا ئه‌وه‌ی كه‌ پیاو منداڵه‌كان ئازاد ده‌كرێن ده‌توانن به‌ ئازادی له‌ناو كامپی دێبه‌گه‌ هاتوچۆ بكه‌ن، به‌ڵام دانیشتوانی ئه‌و كامپانه‌ ڕێگه‌یان پێنادرێت كه‌مپه‌كه‌ جێبهێڵن ته‌نها له‌و كاته‌دا نه‌بێت كه‌ به‌رپرسان بیانگوێزنه‌وه‌ بۆ جێگایه‌كی تر. له‌ ٢١ی تشرینی یه‌كه‌م هیومان ڕایتس ۆوچ ڕاپۆرتێكی له‌سه‌ر سنوورداركردنی نایاسایی هاتوچۆو جموجۆڵی ئاواره‌كان له‌كامپی نازاراواو له‌یلانی نزیك كه‌ركوك بڵاوكرده‌وه‌.

به‌ڵام له‌هه‌ندێك كه‌یسدا، ده‌ست به‌سه‌ركراوه‌كان ڕێگه‌ی چوونه‌ ناو كه‌مپه‌كه‌یان پێنه‌دراوه‌. ده‌ست به‌سه‌رێك ووتی كه‌ بینیوویه‌تی ئاسایش دوو پیاوی حه‌ویجه‌یان بردۆته‌ شوێنێكی ده‌ره‌وه‌ی كه‌مپه‌كه‌. ئه‌و نه‌یزانی دوای ئه‌وه‌ چیان به‌سه‌ر هاتووه‌. ژنێكی خه‌ڵكی گوندی كارده‌هاری ناحیه‌ی مه‌خمور ووتی، مانگێك له‌مه‌وبه‌ر كوڕه‌ ته‌مه‌ن ٣٠ ساڵه‌كه‌ی كه‌ كرێكاره‌و هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به‌ داعشه‌وه‌ نه‌بووه‌ له‌ شوێنه‌و‌ دوای ١٨ ڕۆژ بێسه‌روشوێن بووه‌. ئاگادر نیه‌ له‌وه‌ی بۆ كوێ بردراوه‌و بۆچی و ده‌ترسێ پرسیار له‌ ئاسایش بكات ده‌رباره‌ی شوێن و حاڵه‌تی كوڕه‌كه‌ی.

دكتۆر زێباری ووتی كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پاپه‌نده‌ به‌ ئاگاداركردنه‌وه‌ی خێزانی ده‌ست به‌سه‌ركراوه‌كان له‌ شوێن و پێگه‌یان، به‌ڵام جارێكی تر ووتی به‌هۆی كه‌می ئه‌ندامانی هێزه‌كانی ئاسایش و نه‌بوونی سه‌رچاوه‌ی دارایی ئه‌م كاره‌ش ماوه‌یه‌كی پێده‌چێ و قورسه‌.

هومان ڕایتس ۆوچ داوا له‌ به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات ڕێگه‌ به‌ ده‌ستبه‌سه‌ركراوه‌كان بدات له‌ په‌یوه‌ندیكردن به‌ خێزانه‌كنیان تا ئاگادار بكرێنه‌وه‌ له‌ شوێن و هۆكاری ده‌ستبه‌سه‌كردنیان. ده‌بێت هۆكارێكی یاسایی ڕوون هه‌بێت بۆ ده‌ستبه‌سه‌ركردنی خه‌ڵك و به‌خێرایی تۆمه‌ته‌كانیان ڕوبه‌ڕوبكرێته‌وه‌ له‌به‌رده‌م دادوه‌ر یان ئازاد بكرێن. نابێت هیچ ده‌ستبه‌سه‌ركراوێك له‌ بوونی پارێزه‌ر بێبه‌ش بكرێت.

پێشنیازه‌كان

پێویسته‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕێگه‌ به‌ چاودێرانی سه‌ربه‌خۆی مافه‌كانی مرۆڤ  بدات له‌ چوونه‌ ناو سه‌نته‌ره‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌و ده‌ستبه‌سه‌ركردن. ده‌بێت به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عێراقی ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ خاڵه‌كانی پشكنین و سه‌نته‌ره‌كان ده‌ستبه‌سه‌ركراوون ئاشكرا بكات و ڕوونكردنه‌وه‌ بده‌ن سه‌باره‌ت به‌وه‌ی له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌كی یاسایی ده‌ست به‌سه‌ركراون و ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی تۆمه‌تی ئه‌نجامدانی تاوانیان ڕوبه‌ڕوكراوه‌ته‌وه‌ چه‌نده‌.

ده‌بێت به‌رپرسان هه‌موو هه‌وڵێك بخه‌نه‌گه‌ڕ له‌ پێناو ڕێگه‌دان به‌ مانه‌وه‌ی منداڵان له‌گه‌ڵ دایك و باوكیان له‌كاتی لێكۆڵینه‌وه‌و له‌ماوه‌ی ده‌ستبه‌سه‌ریدا. ده‌بێت ئه‌فسه‌ری به‌رپرس له‌ هه‌موو حاڵه‌تێكدا  دایك و باوكی منداڵان ئاگادار بكاته‌وه‌ له‌ ده‌ست به‌سه‌ركردن و گواستنه‌وه‌ی منداڵان بۆ شوێنه‌كانی تر، هه‌روه‌ها ئاگادار بكرێنه‌وه‌ له‌ چۆنیه‌تی پێدانی زانیاری له‌باره‌ی شوێن و بارودۆخی منداڵه‌كانیان.  ده‌بێت ئه‌فسه‌رانی ئاسایش به‌ ئاماده‌بوونی دایك و باوكی منداڵه‌كان لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و منداڵانه‌ بكه‌ن.

ده‌بێت ئه‌و منداڵ و هه‌رزه‌كارانه‌ی كه‌سیان له‌گه‌ڵ نیه‌ له‌ گه‌وره‌و زگورته‌كان له‌ شوێنی لێكۆڵینه‌وه‌كان و له‌ كامپه‌كان جیابكرێنه‌وه‌و به‌پێی ته‌مه‌نیان مامه‌ڵه‌ی گونجاویان له‌گه‌ڵ بكرێت.

له‌ غیاب و نه‌بوونی به‌ڵگه‌ی سه‌ره‌تایی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ كه‌سێك پێشێلكاری یاسای عێراقی كردووه‌، ده‌بێت به‌رپرسان ده‌ست به‌جێ ئازادیان بكه‌ن بیان گوێزنه‌وه‌ بۆ شوێنێكی سه‌لامه‌ت و هه‌موو هه‌وڵێك بده‌ن له‌ شادكردنه‌وه‌یان به‌ خێزانه‌كانیان. بۆ منداڵان، ده‌بێت به‌رپرسان دایك و باوكی ئه‌و منداڵانه‌ ئاگادر بكه‌نه‌وه‌ له‌ ئازادكردنیان و هاوكاریان بكه‌ن له‌ شادبوونه‌وه‌یان به‌ خێزانه‌كانیان .

ده‌بێت هه‌وڵی تایبه‌ت بدرێت له‌ شادكردنه‌وه‌ی خێزانه‌كان به‌ یه‌كتر له‌و شوێنانه‌ی كه‌ ژنان و منداڵان گوێزراونه‌ته‌وه‌ له‌ كامپی ده‌به‌گه‌ بۆ شوێنێكی تر.

ئه‌گه‌ر به‌رپرسان زانیان منداڵێك تاوانی ئه‌نجامداوه‌، بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی زیاتر ده‌بێت ده‌ستبه‌جێ بیگوێزنه‌وه‌ بۆ سه‌نته‌رێكی گونجاو كه‌ تێیدا چاودێری و پارێزگاری منداڵانی تێدا ده‌كرێت یان ئازادیان بكه‌ن تا له‌ژێر چاودێری كه‌سێكی گونجاودابن وه‌ك خزم و كه‌س و كاریان له‌ كاتی پرۆسه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌و دادگایكردن. ئه‌گه‌ر به‌رپرسان بۆیان ده‌ركه‌وت‌ منداڵێك ده‌بێته‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر ئاسایشی نیشتمانی، ده‌بێت ئه‌و منداڵه‌ بده‌نه‌ ده‌ست پۆلیسی مێرد منداڵان و ئه‌وانیش منداڵه‌كه‌ به‌رنه‌ به‌رده‌م دادگای مێرمنداڵان بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ وه‌ك له‌ یاسای تاوانه‌كانی عێراقدا هاتووه‌. له‌ هه‌موو حاڵه‌تێكدا، ده‌بێت ده‌ستبه‌سه‌ركردن و به‌ندكرنی منداڵان دوا ڕێگه‌ چاره‌ بێت هیچ ڕێگایه‌كی تر نه‌بێت وماوه‌كه‌ی زۆر كورت بێت و جیابكرێنه‌وه‌ له‌ گه‌وره‌كان و ڕێگه‌ی سه‌ردان و په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ خێزانه‌كانیان پێبدرێت.

ده‌بێت به‌رپرسان هاریكاری پرۆسه‌ی چاكسازی و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و منداڵانه‌ی بوونه‌ته‌ قوربانی به‌ چه‌كداركردن بۆ ناو كۆمه‌ڵگا بكه‌ن.  پره‌نسیپه‌كانی پاریسی ساڵی ٢٠٠٧ له‌سه‌ر ئه‌و منداڵانه‌ی په‌یوه‌ندیان به‌ هێزو گروپه‌ چه‌كداره‌كانه‌وه‌ هه‌بووه‌ ده‌ڵێ، ''ئه‌و منداڵانه‌ی به‌ ئه‌نجامدانی تاوان تۆمه‌تبارده‌كرێن له‌كاتی بوونی په‌یوه‌ندیان به‌ هێزو گرووپه‌ چه‌كداره‌كان ده‌بێت وه‌ك قوربانی پێشێلكاری یاسا نێوده‌وڵه‌تیه‌كان ته‌ماشا بكرێن ؛نه‌‌ك وه‌ك تاوانبار. ده‌بێت به‌پێی یاسا نێوده‌وڵه‌تیه‌كان مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێت له‌ چوارچێوه‌ی چاكسازیكردنیان و گه‌ڕاندنه‌ویان بۆ ناو كۆمه‌ڵگا.''