(به‌یرووت)__ئه‌مڕۆ هیومان ڕایتس ۆوچ ڕایگه‌یاند، ده‌بێت به‌رپرسانی كورد ده‌ستبه‌جێ عیسا بارزانی ئازاد بكه‌ن كه ده‌رده‌كه‌وێت ته‌نها هۆكار له پشت ده‌ستگیركردنه‌كه‌ی ڕه‌خنه‌ی ئاشتیانه بووبێت له پارتی دیموكراتی كوردستان و سه‌رۆكی هه‌رێم مه‌سعود بارزانی. ڕۆژی ٤ی ئابی ٢٠١٥، ئه‌ندامانی ده‌زگای پاراستنی سه‌ر به پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵده‌ستن به ده‌ستگیركردنی عیسا بارزانی، پاش ئه‌وه‌ی ناوبراو له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك وێنه‌ی عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان و جه‌لال تاڵه‌بانی بڵاوده‌كاته‌وه. ئه‌ندامانی ده‌زگای هه‌واڵگری پاراستن به خێزانه‌كه‌ی عیسا بارزانی ڕاده‌گه‌یه‌نن كه ناوبراو به‌هۆی ڕه‌خنه‌كانی له پارتی دیموكراتی كوردستان و بنه‌ماڵه‌ی سه‌رۆك بارزانی ده‌ستگیر كراوه.
جۆو ستۆرك، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری هیومان ڕایتس وۆچ له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ووتی، ''به‌رپرسانی كورد له مێژه بانگه‌شه‌ی ئازادی ڕه‌خنه‌گرتن ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئێستا ده‌زگای هه‌واڵگری پارتێكی ده‌سه‌ڵاتدار خه‌ریكی سه‌ركوتكردنی ئۆپۆسیزیۆنی ئاشتیخوازه.''
عه‌بدوڵا ئۆجه‌لانی سه‌رۆكی پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه) ئێستا له زیندانی توركیادایهو جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌ركرده‌ی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و سه‌رۆك كۆماری پێشووی عێراق ئێستا به نه‌خۆشیه‌وه ده‌ناڵێنێ پاش لێدانی جه‌ڵده‌ی مێشك له مانگی دیسه‌مبه‌ری ٢٠١٢.
شیروان شیروانی كه هاوڕێی عیسا بارزانیهو سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری باشووره به هیومان ڕایتس ۆوچی ووت، له مانگی ته‌مووزی ٢٠١٥ عیسا بارزانی پێی ڕاگه‌یاندوه كه به‌رپرسانی هه‌واڵگری ئاگاداریان كردۆته‌وه له دووركه‌وتنه‌وه له ڕه‌خنه‌گرتن له پارتی دیموكراتی كوردستان. ناوبراو به شیروانی ووتووه ئه‌گه‌ر ته‌له‌فۆنه‌كه‌ی گوژایه‌وه ئه‌وه نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه به‌رپرسانی هه‌واڵگری ده‌ستگیریان كردووه.
له ڕێكه‌وتی ٥ی ئاب، پاش ئه‌وه‌ی شێروانی عیسای بۆ وه‌رناگیرێت ناچار ده‌بێت په‌یوه‌ندی به كه‌سوكاریه‌وه بكات، به‌ڵام پێی ڕاده‌گه‌یه‌نن كه به‌رپرسانی ده‌زگای هه‌واڵگری هاتوون ماڵه‌كه‌یان پشكنیووهو ده‌ستیان گرتووه به‌سه‌ر لاپتۆپهكهیی عیسا‌و چه‌ند دۆكیومێنتێكدا. یه‌كێك له ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی عیسا به هیومان ڕایتس ۆوچی ووت، به‌رپرسانی ده‌زگای هه‌واڵگری دڵنیایان كردینه‌وه له ده‌ستگیركردنی عیسا. ئه‌و ئه‌ندامه‌ی خێزانه‌كه‌ی عیسا ووتیشی، ئه‌ندامانی ده‌زگای هه‌واڵگری پێیان ڕاگه‌یاندوون هۆكاری ده‌ستگیركردنی عیسا ڕه‌خنه‌كانی بووه له پارتی دیموكراتی كوردستان و بنه‌ماڵه‌ی بارزانی.
ئه‌ندامه‌كه‌ی خێزانی عیسا ووتی، ئه‌و كه‌سانه‌ی هاتن بۆ پشكنینی ماڵه‌كه خۆیان وه‌ك ئه‌ندامی ده‌زگای پاراستن ناساند. سه‌رۆكی ده‌زگای پاراستن مه‌سرور بارزانی كوڕی سه‌رۆكی هه‌رێمه. له ٩ی ئه‌یلول، ئه‌ندامێكی خێزانه‌كه‌ی عیسا به هیومان ڕایتس وۆچی ووت، ده‌زگای پاراستن له شارۆچكه‌ی مه‌سیفی نزیك سه‌ری ڕه‌ش عیسایان ده‌ستبه‌سه‌ر كردووه.
ئه‌و كه‌سه ووتیشی، به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌رێم هیچ تۆمه‌تێكی فه‌رمیان ڕووبه‌ڕوی عیسا نه‌كردۆته‌وه‌و ڕێگه‌یان به خێزانه‌كه‌ی نه‌داوه سه‌ردانی بكه‌ن. عیسا كه خزمی دووری سه‌رۆك بارزانیه و خه‌ڵكی یه‌ك گووندن له مانگی حوزیران و تهمووز چه‌ند وێنه‌یه‌كی عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان له لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تی خۆی له فه‌یسبووك بڵاوده‌كاته‌وه.
له ٩ی مایز، عیسا وێنه‌ی ئۆجه‌لان و تاڵه‌بانی بڵاوده‌كاته‌وه به‌م ژێرنووسه، ''كوردستان خوێنی لێده‌چۆڕێ. كوردستان پێویستی به ئێوه‌یه.. ته‌نها ئه‌م دوو سه‌ركرده‌یه ده‌توانن شه‌قامی هه‌ر چوار پارچه‌كه‌ی كوردستان بهه‌ژێنن.'' له ١٢ی حوزه‌یران، عیسا وێنه‌یه‌كی مۆنتاژكراوی مه‌سعود بارزانی و عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان و جه‌لال تاڵه‌بانی له‌سه‌ر نه‌خشه‌یه‌ك به‌ناونیشانی ''كوردستان'' بڵاوده‌كاته‌وه له‌گه‌ڵ ژێرنووسی، ''پشتگیری هه‌مووان بۆ یه‌كگرتنی هه‌رچوار پارچه‌كه‌ی كوردستان.'' له ٢٦ی حوزه‌یران، عیسا وێنه‌ی سێ گه‌نج بڵاوده‌كاته‌وه كه ئاڵای په‌كه‌كه‌یان له پشته‌وه‌یه له‌گه‌ڵ دروشمی، ''سه‌ری ڕێز‌و نه‌وازش بۆ ئازایه‌تی شه‌هیدان داده‌نه‌وێنین.''
بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه‌كانی ئۆجه‌لان و پشتگیریه‌كانی عیسا بۆ په‌كه‌كه له‌كاتێكی هه‌ستیاردایه. له ٢٤ی تهمووز، سووپای توركیا ده‌ستیكرده ئه‌نجامدانی هێرشی ئاسمانی له‌دژی باره‌گاكانی په‌كه‌كه له چیای قه‌ندیلی كوردستانی عێراق و تا ئێستا ئه‌و هێرشانه به‌رده‌وامه، كارگه‌یشته ئه‌وه‌ی سه‌رۆك بارزانی داوا له چه‌كدارانی په‌كه‌كه بكات كوردستانی عێراق جێبهێڵن.
شێراون شیروانیش به‌هۆی كاری ڕۆژنامه‌وانیه‌وه ڕوبه‌ڕوی تۆمه‌ت و ده‌ستگیركردن بووه‌ته‌وه. له نیسانی ٢٠١٢، له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه ده‌ستگیركراو دواتر به تۆمه‌تی ناوزڕاندن له‌لایه‌ن داواكاری گشتیه‌وه تۆمه‌تباركرا، ئه‌مه‌ش له‌دوای بڵاوكردنه‌وه‌ی دوو ڕاپۆرت له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵیه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شاره‌وانی. له ٩ی ئه‌یلولی ٢٠١٥، دادگایه‌كی دهۆك به تۆمه‌تی ناوزڕاندن شێروانی به ٦ هه‌زار دۆلار غه‌رامه ده‌كات.
له ٢ی شووباتی ٢٠١٥، به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان له دهۆك به‌پێی یاسای دژه تیرۆر سه‌باح ئه‌ترووشی ڕۆژنامه‌نووسی كه‌ناڵی (NRT) تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن به‌هۆی چه‌ند لێدوانێكی له‌كاتی به‌رنامه‌یه‌كی ته‌له‌فیزیۆنی له ڕێكه‌وتی ٢٩ی كانوونی دووه‌م. ئه‌تروشی بههیومان ڕایتس ۆوچی ووت، له‌كاتی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌دا داوای ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی فه‌رمانده‌یه‌كی پێشمه‌رگه‌ی كردووه كه كوڕی به‌رپرسێكی باڵایه، ئه‌مه‌ش پاش ئه‌وه‌ی چه‌كدارانی داعش له هێرشێكی له‌ناكاودا به ده‌یان پێشمه‌رگه‌ی ئه‌و فه‌رمانده‌ییه شه‌هید ده‌كه‌ن. له مانگی نیسان له پاش مردنی له‌ناكاوی كوڕه‌كه‌ی، به‌رپرسان ئه‌تروشی ئازاد ده‌كه‌ن و تا كاتی نووسینی ئه‌م ڕاپۆرته ئه‌تروشی نه‌نێردراوه‌ته‌وه بۆ زیندان.
ستۆرك ووتی، ''شانازیكردنی به‌رپرسانی كورد به ده‌سكه‌وتی دیموكراسیه‌وه بایه‌خێكی زۆر كه‌می هه‌یه له‌كاتێكدا حكومه‌ت و پارتی ده‌سه‌ڵاتدار نه‌یاران ده‌ستگیر ده‌كه‌ن به‌هۆی ڕه‌خنه ئاشتخوازانهكانیانهوه. ده‌بێت ووڵاتانی هاوپه‌یمانی كوردستانی عێراق نیگه‌رانی له ئاست ئه‌و جۆره ڕووداوانه ده‌ربڕن و فشار بخه‌نه سه‌ر هه‌رێمی كوردستان بۆ زه‌مینه‌ی زیاتری ئازادی ڕاده‌ربڕین.''