Skip to main content

عێراق: ژینگەپارێزان ڕووبەڕووی تۆڵەسەندنەوە دەبنەوە

چالاکوانێکی دیار ئازاد کرا لە دوای ڕفاندنی بۆ ماوەی دوو هەفتە

جاسم ئەلئەسەدی. © 2023 تایبەت

(بەیروت) – ئەمڕۆ هیومان ڕایتس وۆچ ڕایگەیاند، چالاکوانانی ژینگەپارێزی عێراق ڕووبەڕووی هەڕەشە، هەراسانکردن و دەستبەسەرکردنی هەڕەممەکیانە لەلایەن بەرپرسانی حکومەت و گروپە چەکدارەکانەوە دەبنەوە. 

رۆژی 16ی شوباتی 2023، جاسم ئەلئەسەدی، ژینگەپارێزی پێشەنگی عێراقی، دوای ئەوەی لە 1ی شوبات لەلایەن گروپێکی چەکداری نەناسراوەوە ڕفێندرا و بۆ ماوەی زیاتر لە دوو هەفتە دەستبەسەرکرا، ئازادکرا. ئەلئەسەدی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاندووە کە لە کاتی گیرانیدا تووشی "توندترین شێوەی ئەشکەنجەدان" بۆتەوە بە بەکارهێنانی "کارەبا و دار"، هەروەها لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە گواستراوەتەوە. هیومان ڕایتس وۆچ لەگەڵ خێزانەکەی پشتڕاستی کردەوە کە دەنگی ناو چاوپێکەوتنەکە هی خۆیەتی. وا دەردەکەوێت  کە دوای دەستێوەردانی حکومەتی عێراق ئازاد کرابێت. ڕفاندنی ئەسەدی دوایین کردەوەی تۆڵەسەندنەوەیە لە چالاکوانانی ژینگە کە وادیارە مەبەست لێی وەستاندنی داکۆکیکردنەکانیان بووە. 

ئادەم کوگل، جێگری بەڕێوەبەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەهیومان ڕایتس وۆچ دەڵێت: "لەبری ئەوەی هەنگاوی یەکلاکەرەوە بنێن بۆ چارەسەرکردنی کێشە مەترسیدارەکانی ژینگەی عێراق، دەسەڵاتدارانی عێراق هێرش دەکەنە سەر ئەو پەیامبەرە". “لەناوبردنی بزووتنەوەی ژینگەپارێزی وڵاتەکە تەنها توانای عێراق خراپتر دەکات بۆ چارەسەرکردنی قەیرانە ژینگەییەکان کە کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵێک مافی گرنگ هەیە." 

دەزگاکانی حکومەت چالاکوانانی دیکەیان بە تاوانی قسەکردن لەسەر کێشە ژینگەییەکان دەستبەسەر، و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا کردوون. سەلمان خەیرەڵا، یەکێکی دیکە لە ژینگەپارێزەکان و هاودامەزرێنەری ڕێکخراوی هومەت دیجلە (کۆمەڵەی پارێزەرانی ڕووباری دیجلە) بە هیومان ڕایتس وۆچ-ی ڕاگەیاند، پێی وایە گروپە چەکدارەکان و بەرپرسانی عێراقی ئەندامانی سەرەکی بزووتنەوەی ژینگەپارێزی دەکەنە ئامانج بۆ ئەوەی بێدەنگیان بکەن و پەیامێکی هەڕەشەئامێز بۆ کەسانی دیکە بنێرن. 

لە تشرینی دووەمی 2022، هیومان ڕایتس وۆچ ڕاپۆرتێکی بە بەڵگەکراووی بڵاوکردەوە کە دەسەڵاتدارانی عێراق نەیانتوانیوە هیچ لێپرسینەوەیەک لە کارمەندانی ئاسایشی دەوڵەت و گروپە چەکدارەکانی سەر بە دەوڵەت مسۆگەر بکەن کە بەرپرسیارن لە کوشتن، کەمئەندامکردن و بێسەروشوێنکردنی سەدان خۆپیشاندەر و چالاکوان لە ساڵی 2019ەوە. 

هیومان ڕایتس وۆچ ڕایگەیاندووە، دەسەڵاتدارانی عێراق پێویستە دەستبەجێ لێپرسینەوە لەو کەسانە بکەن کە بەرپرسیارن لە سزای دەرەوەی دادوەری وەک ڕفاندن، بەکارهێنانی سیستەمی دادوەری بۆ هەراسانکردن و تۆڵەسەندنەوە لە چالاکوانانی ژینگەپارێزی ڕابگرن و هەموو دۆسیە یاساییە خراپەکانی بەرامبەر ژینگەپارێزان هەڵبوەشێننەوە.  

برای ئەسەدی بە هیومان ڕایتس وۆچ-ی ڕاگەیاندووە، بەیانی 1ی شوبات، ئەلئەسەدی لەگەڵ ئامۆزاکەی لەسەر ڕێگای خێرا لێخوڕیوە، کاتێک دوو ئۆتۆمبێل لە شەش کیلۆمەتر لە باشووری پایتەختەوە وەستاندوویانە. چەکدارەکان بە جلی مەدەنییەوە دەستبەندیان کردووە و بەزۆر خستوویانەتە ناو یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکانەوە، و بردوویانە بۆ شوێنێکی ئاشکرانەکراو و ئامۆزاکەشی لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا بەجێدەهێڵن لە سایدی ڕێگاکە. براکەی وتی پاڵنەرەکانی پشت ڕفاندنی براکەی نازانێت بەڵام زۆرێک لە پشتیوانانی حکومەت دڵخۆش نین بە چالاکییە ژینگەییەکانی. 

ئەسەدی دامەزرێنەری ڕێکخراوی ناحکومی ناوخۆییە بە ناوی (سروشتی عێراق) کە ئامانجی، "پاراستن و بوژانەوەی ژینگەی سروشتی عێراق و ئەو میراتە دەوڵەمەندە کولتوورییەی کە خۆراکیان پێدەدات." ئەلئەسەدی بە بەردەوامی لە میدیا ناوخۆیی و بیانییەکان دەرکەوتووە بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک لە مەترسییەکانی بەردەم زەلکاوەکانی باشووری وڵاتەکە، لەوانە وشکەساڵی و لەدەستدانی زەویە. 

براکەی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو خێزانە ڕاپۆرتی ڕفاندنەکەیان بۆ فەرمانگەیەکی ئاسایشی نیشتمانی لە بەغدا داوە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە کردووە. دۆسیەکە گەیشتە سەرنجی محەمەد شیاع ئەلسودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، کە دڵنیایی بە خێزانەکەی دا "کە هیچ هێزێکی چەکدار لە سەرووی یاساوە نییە و هەموو کەسێک ملکەچی دەسەڵات و یاسای دەوڵەتە". دوای چەند ڕۆژێک ئەسەدی ئازاد کرا، بەڵام هۆکاری دەستبەسەرکردنی و ناسنامەی ڕفێنەرەکان دەرنەکەوتووە. 

هەرچەندە پێدەچێت حکومەتی عێراق هەنگاوی نابێت بۆ دەستوەردان و دەستەبەرکردنی ئازادکردنی ئەسەدی، بەڵام لە کەیسی دیکەدا دەسەڵاتدارانی عێراق خۆیان بەرپرسیار بوون لە تۆڵەسەندنەوە لە چالاکوانانی ژینگە لە وەڵامی هەوڵەکانیان بۆ ڕاکێشانی سەرنج بۆ پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ کە پەیوەستن بە ژینگە و ئاوهەوای وڵاتەوە. 

لە کۆتایی ساڵی 2019 دەسەڵاتدارانی عێراق هەڕەمەکییانە سەلمان خەیروڵا، ژینگەپارێزێکی دیکەیان دەستبەسەر کرد، ئەمەش وایکرد ڕاپۆرتدەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ داکۆکیکردن لەمافەکانی مرۆڤ دەستوەردان بکات و داوای ئازادکردنی بکات. دوای ئەوەی خەیروڵا بە کەفالەت ئازاد کرا، بەغدای بەجێهێشت. 

 چالاکوانێکی دیکە، ڕەعد حەبیب ئەسەدی، سەرۆکی ڕێکخراوی چاباییش کە ڕێکخراوێکی ژینگەپارێزە، بە هیومان ڕایتس وۆچ-ی ڕاگەیاند، لە ماوەی وشکەساڵیەکانی ساڵی 2019 و 2020 کە عێراقی گرتەوە، ڕەخنەی لە وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو گرت لەسەر وەڵڵامدانەوە و سیاسەتە خراپەکانی بۆ خراپتربوونی دۆخی ئاو . ئاماژەی بەوەشکرد، زانیاری سەرەتایی لەسەر وشکەساڵی زەلکاوەکانی ناسریە بڵاوکردۆتەوە، وەک ئەوەی ئاستی ئاو چەندە دابەزیوە. وەزارەتەکە بە گەیاندنی بۆ دادگا تۆڵەی لێ کردۆتەوە. 

ڕۆژی 5ی تشرینی یەکەمی 2020، دادگای تێهەڵچوونەوەی فیدراڵی زیقار بڕیاریدا حەبیب ئامادەبێت لە دادگا بەپێی ماددەی 434 لە یاسای سزادان، کە سوکایەتیکردن بە هەر کەسێک یان شکاندنی ناوبانگی کەسێکی دیکە بە تاوان دەزانێت، سزای تا یەک ساڵ زیندانی و/ یان غەرامەکردن لەخۆدەگرێت. 

دادگایەک لە مانگی شوباتی ٢٠٢١دا بێتاوانی دەرکرد، بەڵام دواتر نوێنەرانی وەزارەت دۆسیەی دووەمیان لە دژی تۆمارکرد، بەپێی ماددەی ٢٢٩ لە یاسای سزادانی عێراق، کە سووکایەتیکردن یان هەڕەشەکردن بە، “فەرمانبەرێکی فەرمی یان فەرمانبەرێکی دیکەی حکومی یان ئەنجومەنێک یان ئۆرگانێکی فەرمی لەکاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان یان لە ئەنجامی ئەو ئەرکانەدا". ئەم "تاوانە" سزای دوو ساڵ زیندانی یان غەرامە. 
 
حەبیب بە هیومان ڕایتس وۆچ-ی ڕاگەیاندووە، دادگا بەهەمان شێوە بێتاوانی لە تۆمەتە نوێیەکان دەرکردووە و دوا بێتاوانیش لە 10ی کانوونی دووەمی 2022 دێت، بەڵام بەرپرسانی وەزارەتەکە بەردەوامن لە تانەدان لەسەر بێتاوانییەکە. 

حەبیب ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ دوورکەوتنەوە لە زیندان ناچارە ئامادەی دانیشتنەکان بێت و پێی وایە بەرپرسانی وەزارەت دۆسیەکە دوورودرێژ دەکەنەوە بۆ سزادانی. وتی: "هەموو دووشەممە و پێنجشەممەیەک دەبێت بچمە دادگا [بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ تانەکان]. " - بەڵام کاتێک دەچمە دادگا هیچ ڕوونادات. من ئامادە دەبم و دواتر تانەدانەکە دوادەخرێت – هەفتەیەک یان ١٠ ڕۆژ یان ١٤ ڕۆژ. بەڵام ئەگەر من ئامادە نەبم، دەسەڵات دەتوانێت فەرمانی دەستگیرکردن دەربکات". 

ئاماژەی بەوەشکرد، بەرپرسانی وەزارەت پێشنیاریان کردووە کە دۆسیەی دژی ناوبراو هەڵبوەشێننەوە ئەگەر بەڵێن بدات واز لە ڕەخنەگرتن لە وەزارەتەکە بهێنێت، بەڵام ئەو ڕەتیکردووەتەوە. 

حەبیب دەڵێت: "هیچ هەڵەیەکم نەکردووە، تەنها زانیاریم لەسەر وشکەساڵی لە زەلکاوەکاندا بڵاوکردۆتەوە و وەک تاوانبار مامەڵەیان لەگەڵدا کردووم". ئاماژەی بەوەشکردووە، "ناتوانم گەشت بکەم و هیچ بکەم، چونکە دەبێت هەموو دووشەممە و پێنجشەممەیەک بچمە دادگا. بەرپرسانی وەزارەت پێیان ووتم، "دەمانەوێت بێدەنگتان بکەین". 

کوگل وتی: "دەمکوتکردنی ژینگەپارێزان کە لە هەوڵدان بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لەسەر ئاستەنگە سەختەکانی وڵاتەکە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، بەشێکە لە هەڵوێستێکی فراوانتر کە گروپەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی وەک هەڕەشە دەبینێت نەک وەک هاوبەش." 

Correction

This news release has been updated to reflect that the then-UN special rapporteur on human rights defenders demanded Salman Khairalla’s release in late 2019.

Your tax deductible gift can help stop human rights violations and save lives around the world.

Region / Country