(هه‌ولێر)—هیومان ڕایتس ۆوچ له ڕاپۆرته‌كه‌ی ئه‌مڕۆیدا ڕایگه‌یاند، هێزه ئه‌منیه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانله كۆتای مانگی مارس هه‌ستاون به ده‌ستگیركردنی لانی كه‌م له ٨٤ خۆپیشانده‌رو ٤ ڕۆژنامه‌نووس. ده‌رده‌كه‌وێ زۆرێك له ده‌ستگیركردنه‌كان هه‌ڕه‌مه‌كی بووبن، له‌به‌ره‌وه‌ی یان ده‌ستگیركراون پیاده‌ی مافه‌كانیان كردووه له ئازادی گردبوونه‌وه‌ی ئاشتیانه یان مافه‌كانیان به‌پێی یاسای عێراقی كه ده‌بێت له‌ماوه‌ی ٢٤ كاتژمێردا ده‌ستگیركراو بهێنرێنه به‌رده‌م دادوه‌ر پشگوێ خراوه. دوانزه شاهێدحاڵ ووتیان، هێزه ئه‌منیه‌كان له‌كاتی هه‌وڵی ده‌ستگیركردنی خۆپیشانده‌ران له‌كاتی خۆپیشاندانه‌كان له‌شاره‌كانی ئاكرێ و دهۆك و هه‌ولێر له ژماره‌یه‌كی زۆر له خۆپیشانده‌ریان داوه. هیومان ڕایتس ۆوچ ڕاپۆرتی ده‌ستگیركردنی له شاره‌كانی تری وه‌ك شیله‌دزێ و سۆران و زاخۆش به‌ده‌ست گه‌یشتووه.
هێزه ئه‌منیه‌كان زه‌برو زۆری نایاسایی وهه‌ڕه‌شه‌یان به‌كارهێناوه بۆ ناچاركردنی خۆپیشانده‌ران و ڕۆژنامه‌نووسان له كردنه‌وه‌ی ته‌له‌فۆنه‌كانیان و ئاشكراكردنی پاسۆردی فه‌یسبووكه‌كانیان، و ده‌ستگیركردنی هه‌موویان به‌بێ هیچ تۆمه‌تێك، جگه له یه‌كێكیان نه‌بێت، بۆ ماوه‌ی تا دوو ڕۆژ. هه‌ندێكیان به زۆره‌ملێ ناچاركراون به واژووكردنی دۆكیومێنتی به‌ڵێندان له به‌شداری نه‌كردن له ''خۆپیشاندانی نایاسای''. ڕۆژنامه‌نووسێك ووتی كه هێزه ئه‌منیه‌كان پێیان گووتوه چیتر مافی وێنه‌گرتنی خۆپیشاندانه‌كانی نیه. ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسه ڕه‌تی ده‌كاته‌وه واژووی دۆكیومێنتێكی له‌و جۆره بكات.
له‌ما فه‌قیه، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری هیومان ڕایتس ۆوچ بۆ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ووتی، ''ده‌رده‌كه‌وێ تاكتیكی سه‌ركوتكاری هێزه ئه‌منیه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له وه‌ڵامی خۆپیشاندانه ئاشتیانه‌كان بۆ بێده‌نگ كردنی ناڕه‌زاییه‌كان بێت، ئه‌مه سه‌ره‌ڕایی بانگه‌شه فه‌رمیه‌كانیان له ڕێزگرتن له ئازادی ڕاده‌ربڕین و گردبوونه‌وه. ئه‌وه نیشانه‌ی سه‌ركوتكاریه كاتێك ده‌سه‌ڵاتداران هه‌وڵده‌ده‌ن به زۆر خه‌ڵكی ناچار بكه‌ن له واژووكردنی وازهێنان له مافه بنه‌ڕه‌تیه‌كانیان له خۆپیشاندان كردن.''
له ٢٥ی مارسی ٢٠١٨، به‌هۆی نه‌دانی مووچه‌كانیان فه‌رمانبه‌ران كه زۆربه‌یان مامۆستا‌و كارمه‌ندی ته‌ندروستی بوون هه‌ستان به ئه‌نجامدانی خۆپیشاندان له‌سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستانی عێراق بۆماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێك. وه‌ك ڕێوشوێنێك بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجی به‌هۆی قه‌یرانی دارایی، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ ماوه‌ی سێ ساڵه پێدانی مووچه‌ی مانگانه‌ی فه‌رمانبه‌رانی كه‌مكردۆته‌وه‌و چه‌ند مانگ جارێك مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ده‌دات. مامۆستایه‌ك به هیومان ڕایتس ۆوچی ووت، ئه‌وه ماوه‌ی چوار ساڵه نیوه‌ی مووچه‌كه‌ی وه‌رده‌گرێت به‌و بڕه پاره‌یه ناتوانێ بژێوی خێزانه‌كه‌یی و سێ كچه‌كه‌ی دابین بكات.
دیندار زێباری، ڕێكخه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ داكۆكی نێوده‌وڵه‌تی، له ٢٧ی مارس ووتی، ''ژماره‌یه‌ك له خۆپیشانده‌ران له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منیه‌كانه‌وه ده‌ستگیركراون. ئه‌و خۆپیشانده‌رانه تۆمه‌تباركراون به هاندانی تووندوتیژی و ڕاده‌ستی دادگا كراون''. ئاماژه‌شی به‌وه‌كرد كه خۆپیشاندانه‌كان مۆڵه‌تی یاساییان نه‌بووه. زێباری ووتیشی لایه‌نه سیاسیه‌كان خۆپیشاندانه‌كانیان وه‌ك هه‌لێك قۆزتوه‌ته‌وه‌و هه‌وڵی هاندانی تووندوتیژیان داوه. ئه‌و ووتیشی كه هیچ سكاڵایه‌كی یاسایی له‌دژی هێزه ئه‌منیه‌كان پێشكه‌ش نه‌كراوه‌و خۆپیشانده‌رانی به هێرش كردنه سه‌ر ئه‌ندامێكی ئاسایش تۆمه‌تبار كرد.''
دوانزه شاهێدحاڵ كه له نێوان ٢٥ بۆ ٢٨ی مارس ئاماده‌ی خۆپیشاندانه‌كانی ئاكرێ و دهۆك و هه‌ولێر بوون، ئه‌و لێدوانه‌یان ڕه‌تكرده‌وه‌و ووتیان كه خۆپیشانده‌ران چه‌كیان پێنه‌بووه‌و هێرشیان نه‌كردۆته سه‌ر هیچ ئه‌فسه‌رێكی ئاسایش. ده‌رده‌كه‌وێ گرته ڤیدیۆییه‌كان پشت ڕاستكه‌ره‌وه‌ی ووته‌ی شاهێدحاڵه‌كان بێت. كلیپی ڤیدیۆیی خۆپیشاندانه‌كانی ٢٥ی مارسی هه‌ولێر نیشانی ده‌ده‌ن كه هێزه ئه‌منیه‌كان به گازی فرمێسك ڕێژ هێرش ده‌كه‌نه‌سه‌ر گردبوونه‌وه‌یه‌كی هێمنانه. له گرته‌یه‌كی تری ڤیدیۆیی هه‌مان خۆپیشاندانده‌ردكه‌وێ ئه‌فسه‌رێك له له خۆپیشانده‌رێكی ئافره‌ت ده‌دات له‌كاتی وێنه‌گرتندا. ئه‌و گرته ڤیدیۆییانه‌ی له خۆپیشاندانه‌كانی ٢٦ی مارسی دهۆكو ٢٨ی مارسی هه‌ولێرله‌لایه‌ن خۆپیشانده‌رانه‌وه گیراون نیشانی ده‌ده‌ن كه ئه‌فسه‌ران به جل و به‌رگی ئاسایشه‌وه به تووندی پاڵ به خۆپیشانده‌رانه‌وه ده‌نێن و ڕایان ده‌كێشن، به‌ڵام له ڤیدیۆكاندا چه‌ك وهێرشكردنه سه‌ر خۆپیشانده‌ران ده‌رناكه‌وێ.
هیومان ڕایتس ۆوچ چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌نووسێك كرد كه وێنه‌ی خۆپیشاندانه‌كه‌ی ٢٧ی مارسی ئاكرێی بۆ كه‌ناڵێكی ناوخۆیی گرتبوو. ئه‌و ووتی له ده‌وروبه‌ر كاتژمێر ١٠:٣٠ خوله‌كی به‌یانی ئه‌فسه‌رانی ئاسایش ڕوبه‌ڕوی ده‌بنه‌وه‌و ده‌یبه‌ن بۆ بنكه‌یه‌كی ئاسایش و له‌وێ له‌گه‌ڵ ١٤ خۆپیشانده‌ری تر ده‌ستگیری ده‌كه‌ن. ئه‌و ووتی، فه‌رمانیان پێ‌كردم ته‌له‌فۆنه‌كه‌م بكه‌مه‌وه‌و ته‌ماشای گرته ڤیدیۆییه‌كانیان كرد كه گرتبووم و هه‌موویان سڕیه‌وه. ''پێیان گووتم كه ڕێگه‌م پێنادرێ وێنه‌ی خۆپیشانده‌ران بگرم و هۆشیاریان پێدام ''ئه‌گه‌ر دووباره ئه‌وه بكه‌م، باش نابێت بۆم.'' ئه‌و به هیومان ڕایتس ۆوچی ووت، پاشان داوایان لێكردم كاغه‌زێك واژوو بكه‌م و به‌ڵێن بده‌م چیتر وێنه‌ی هیچ خۆپیشاندانێك نه‌گرم، به‌ڵام ڕه‌تم كرده‌وه واژووی بكه‌م. پاش چوار كاتژمێر به‌بێ هیچ تۆمه‌تێك له‌دژی ئازاد ده‌كرێ.
ڕۆژنامه‌نووسی دووه‌م ووتی، كاتێك له ٢٧ی مارس ده‌گاته خۆپیشاندانه‌كه‌ی ئاكرێ، ئه‌فسه‌رانی ئاسایش باجی ڕۆژنامه‌وانیه‌كه‌ی پشتگوێ ده‌خه‌ن و پێی ده‌ڵێن ناتوانێ وێنه بگرێ. ئه‌و ووتی، له كاتژمێر ١١:٣٠ خوله‌كی به‌یانی سێ ئه‌ندامی په‌رله‌مان ده‌گه‌نه شوێنه‌كه‌و هانی ده‌ده‌ن وێنه‌ی خۆپیشاندانه‌كه بگرێ و گوێ به قسه‌ی ئاسایشه‌كان نه‌دا. له ناکاو ١٠ ئه‌فسه‌ری ئاسایش ده‌ست به لێدانی ده‌كه‌ن و ده‌یبه‌ن بۆ بنكه‌ی ئاسایشه‌كه‌یان و له‌وێ به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه پرسیار ده‌كات بۆچی خوێنی لێدێ.
''پێم گووت، پیاوه‌كانت ئه‌مه‌یان كردووه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی پشتگوێ خست، پێم گووت بمبه‌نه نه‌خۆشخانه و پاش كاتژمێرێك بردیانم بۆ نه‌خۆشخانه،'' ئه‌و به هیومان ڕایتس ۆوچی ووت. ''پزیشكه‌كه پێی گووتم لووتم شكاوه‌و ده‌بێت نه‌شته‌رگه‌ریم بۆ بكه‌ن.''
هیومان ڕایتس ۆوچ چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌نووسی سێیه‌م كرد كه له‌هه‌مان خۆپیشاندان له‌گه‌ڵ دوو ڕۆژنامه‌نووسی تر له كاتژمێر ١٠:٣٠ خوله‌كی به‌یانی ده‌ستگیركرابوو، به‌ڵام كاتژمێر ١ی نیوه‌ڕۆ ئازادكرابوو به‌بێ ئه‌وه‌ی ناچار بكرێ به واژووكردنی هیچ شتێك یان پێی بگوترێ وێنه‌ی خۆپیشاندانه‌كه نه‌گرێ.
به‌پێی ووته‌ی كۆمیته‌ی به‌رگری له ڕۆژنامه‌نووسان، له‌كاتی ڕوماڵكردنی خۆپیشاندانه‌كان لانی كه‌م له‌١٥ ڕۆژنامه‌نووس دراوه، له‌لایه‌كی تره‌وه حه‌وتیش ده‌ستگیركراوه.
هیومان ڕایتس ۆوچ چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ ٩ خۆپیشانده‌ر كرد كه هه‌موویان گووتیان، له‌كاتی ده‌ستگیركردنیان هێزه‌كانی ئاسایش لێیان داون. دوانیان هه‌ڵدێن و دوانی تریان دوای ٢ كاتژمێر ئازاد ده‌كرێن. پێنج خۆپیشانده‌ره‌كه‌ی تر له ماوه‌ی ١٢ كاتژمێره‌وه بۆ دوو ڕۆژ ده‌ستگیر ده‌كرێن. سیانیان ووتیان كه ڕێگه‌یان پێنه‌دراوه په‌یوه‌ندی به خێزانه‌كانیانه‌وه یان پارێزه‌ر بكه‌ن. ئه‌فسه‌ران فه‌رمانیان كردووه به دوانیان به ئاشكراكردنی پاسۆردی ته‌له‌فونه‌كانیان و پاسۆردی فه‌یسبووكه‌كانیان و هه‌وڵیانداوه ته‌له‌فۆنی یه‌كێكی تر بكه‌نه‌وه. پێنجیان ووتیان، له‌كاتی ئازادكردنیان به‌بێ هیچ تۆمه‌تێك، ئاسایش پێیان گووتون به‌ڵێن بده‌ن له به‌شداری نه‌كردنی هیچ ''خۆپیشاندانێكی بێ مۆڵه‌ت''. سێ له خۆپیشانده‌ره‌كان به‌ڵێن ده‌ده‌ن، به‌ڵام دوانیان ڕه‌تی ده‌كه‌نه‌وه دۆكیومێنته‌كه واژوو بكه‌ن. هه‌موویان نكۆڵیان كرد له‌وه‌ی هیچ هێزو تووندوتیژیه‌كیان له دژی ئه‌ندامانی هێزه ئه‌منیه‌كان به‌كارهێنابێ.
ئه‌م وه‌ڵامه سه‌ركوتكارانه هاوشێوه‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی خۆپیشاندانه‌كانی كانوونی دووه‌می ٢٠١٧ی ناوه‌وه‌و ده‌وروبه‌ری سلێمانیه كه تێیدا هێزه‌كانی ئاسایش هه‌ستان به ده‌ستگیركردنی ڕۆژنامه‌نووسان و خۆپیشانده‌ران بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر به‌بێ هیچ تۆمه‌تێك و بۆ ئازادكردنیان هه‌ندێكیان ناچاركردن به به‌ڵێندان به به‌شداری نه‌كردنی خۆپیشاندانه‌كان.
هیومان ڕایتس ۆوچ ووتی، له‌سه‌ر هێزه ئه‌منیه‌كانە پارێزگاری له مافه‌كانی ئازادی ڕاده‌ربڕین و گردبوونه‌وه بكه‌ن. هه‌رچه‌نده، ده‌رده‌كه‌وێ كه ڕێكخه‌رانی خۆپیشاندانه‌كان هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی مۆڵه‌تیان نه‌داوه وه‌ك له یاسای ناوخۆییدا هاتووه، یاسا نێوده‌وڵه‌تیه‌كان پارێزگاری له‌مافی گردبوونه‌وه‌ی هێمنانه ده‌كه‌ن و ته‌نها له چه‌ند حاڵه‌تێكی زۆر كه‌مدا ڕێگه به‌سنوورداركردنی خۆپیشاندان ده‌ده‌ن.
له یاسای سزادانی عێراقی (ژماره ٢٣ی ساڵی ١٩٧١) دا هاتووه ده‌بێت هه‌موو ده‌ستگیركراوێك له ماوه‌ی ٢٤ كاتژمێری ده‌ستگیركردنیدا بهێنرێته به‌رده‌م دادوه‌ری لێكۆڵه‌ر.
به‌پێی یاسا نێوده‌وڵه‌تیه‌كان ده‌ستگیركردن به هه‌ڕه‌مه‌كی له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێ ئه‌گه‌ر یاسایی ناوخۆیی به ڕوونی ڕێگه‌ی پێنه‌دابێ یان خه‌ڵك ده‌ستگیر بكرێ به‌هۆی پیاده‌كردنی مافه بنه‌ڕه‌تیه‌كانیان وه‌ك ئازادی گردبوونه‌وه، یان پێشێلكردنی بنه‌ما بنچینه‌یه‌كانه وه‌ك مافی هێنانی ده‌ستگیركراو بۆ به‌رده‌م دادوه‌ر به زووترین كات.
فه‌قیه ووتی، ''خه‌ڵكی كوردستان مافی خۆیانه ناڕه‌زاییه‌كانیان به شێوه‌یه‌كی ئاشتیانه له‌به‌رامبه‌ر قه‌یرانی ئابووری ده‌ربڕن. نابێت وه‌ڵامدانه‌وه‌ی حكومه‌ت به سنوورداركردنی خۆپیشاندان و میدیا بێت، ئه‌وه لێگه‌ڕێ له لێدان و هه‌ڕه‌شه‌و ڕه‌شبگیری و پشكنینی نایاسایی ئه‌و خۆپیشانده‌رانه‌ی داوای ماف و مووچه‌ی خۆیان ده‌كه‌ن.''
هه‌ولێر
٢٦ی مارس
هیومان ڕایتس ۆوچ چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ سێ خۆپیشانده‌ر كرد كه له‌لایه‌ن ئاسایشه‌وه له ٢٦ی مارس له نزیك پاركی شانه‌ده‌ری هه‌ولێر ده‌ستگیركرابوون.
یه‌كێكیان به ناوی ''جه‌مال''ی ته‌مه‌ن ٦٨ ساڵ ووتی، له‌كاتێكدا هوتافم ده‌گوته‌وه له كاتژمێر ١٠ی به‌یانی، گوێم له ئه‌فسه‌رێكی ئاسایش بوو فه‌رمانی كرد، ''لێی ده‌ن''، له‌دوای ئه‌و فه‌رمانه سێ ئه‌فسه‌ری تر بۆماوه‌ی چه‌ند چركه‌یه‌ك به‌دار ده‌ستیان به لێدانم كرد. جەمال بە هیومان ڕایتس ۆوچی ووت، ''شان و قۆڵی ڕاستم ده‌ستی به هه‌ڵئاوسان و ئازار كرد.'' ''پاشان له لێدانم وه‌ستان و پۆلیسێكی خۆپیشاندان هات و بردمیه ئه‌ولاوه‌و پرسیاری لێكردم بۆچی خه‌ڵك ده‌وروژێنم بۆ خۆپیشاندان كردن.''
ووتیشی، پۆلیسه‌كه ده‌یبات بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی پۆلیسی هه‌ولێر؛ ده‌وروبه‌ر كاتژمێر ١:٣٠ خوله‌كی پاشنیوه‌ڕۆ ئه‌فسه‌ره‌كان ده‌یبه‌نه به‌رده‌م به‌رپرسێكی باڵاتری پۆلیس كه تۆمه‌تباری ده‌كات به هێنانی چه‌قۆو چه‌ك بۆ خۆپیشاندانه‌كان، به‌ڵام ئه‌و نكۆڵی له‌وه كرد. له كاتژمێر ٦ی ئێواره، ئه‌فسه‌رێكی تر لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كات و تۆمه‌تباری ده‌كات به ''دروستكردنی كێشه'' له‌كاتێكدا كه حكومه‌ت ناتوانێ مووچه‌ی زیاتر بدات. له ده‌وروبه‌ر كاتژمێر ٧ی ئێواره ئه‌فسه‌ره‌كان ده‌یبه‌نه به‌رده‌م دادوه‌رو دادوه‌ر پرسیاری لێده‌كات بۆچی خۆپیشاندان ده‌كات و ئایا خۆپیشاندانه‌كه مۆڵه‌تی هه‌بووه (مۆڵه‌تی نه‌بووه). له كاتژمێر ٨ی ئێواره، وه‌ك خۆی ده‌ڵێ داوای دادوه‌ر ڕه‌ت ده‌كاته‌وه له به‌ڵێندان له به‌شداری نه‌كردنی هیچ خۆپیشاندانێكی تر‌و دواتر ئازاد ده‌كرێ به‌بێ هیچ تۆمه‌تێك له دژی.
پیاوێكی تر به‌ناوی ''پشتیوان'' ووتی، له ده‌وروبه‌ری كاتژمێر ١٠:٣٠ی خوله‌كی به‌یانی ئه‌فسه‌رێك به جل و به‌رگی ئاسایشه‌وه ته‌له‌فونه‌كه‌ی ده‌بات له‌كاتی گرتنی وێنه‌ی خۆپیشاندانه‌كان. به‌دوای ئه‌فسه‌ره‌كه ده‌كه‌وێت بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ته‌له‌فۆنه‌كه‌ی. ئه‌فسه‌ره‌كه‌و سیانی تر ده‌یگرن و به‌زۆره‌ملێ ده‌یخه‌نه ناو ئۆتۆمبێلێك و ده‌یبه‌ن بۆ بنكه‌ی ئاسایشی گشتی. ئه‌و ووتی، له‌وێ ئه‌فسه‌ره‌كان زانیاره‌كانی له‌سه‌ر ده‌نووسن و تاوانباری ده‌كه‌ن به‌وه‌ی ده‌یه‌وێت ''عه‌ره‌ب حوكمان بكات''. فه‌رمانی پێده‌كه‌ن به ئاشكراكردنی پاسكۆدی ته‌له‌فۆنه‌كه‌یی و پاسۆردی فه‌یسبووكه‌كه‌ی و ته‌ماشای ڤیدیۆكانی ناو ته‌له‌فۆنه‌كه‌یی و پۆسته‌كانی فه‌یسبووكه‌كه‌ی ده‌كه‌ن. كاتژمێر ٤ی ئێواره، پشتیوان ده‌به‌نه به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی پۆلیسی هه‌ولێرو پاش ئه‌وه‌ی په‌نجه‌مۆری دۆكیومێنتێكی پێده‌كه‌ن كه پێی ده‌ڵێن نه‌یخوێنێته‌وه له كاتژمێر ٨ی ئێواره ئازادی ده‌كه‌ن. پشتیوان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ خۆپیشاندانه‌كان و له ٢٨ی مارس له‌كاتی ئه‌نجامدانی خۆپیشاندانێك له‌لایه‌ن ٢٥ كه‌سه‌وه له نزیك په‌رله‌مان ده‌ستگیر ده‌كرێت. دووباره ئاسایش داوای پاسكۆدی ته‌له‌فۆنه‌كه‌ی ده‌كه‌ن و له‌گه‌ڵ ١٦ خۆپیشانده‌ری تر ده‌یبه‌ن بۆ باره‌گای ئاسایش و پاشان له‌وێوه بۆ به‌ندیخانه‌ی محطە ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ. بۆ ڕۆژی داهاتوو ده‌یانبه‌نه‌وه بۆ بنكه‌ی پۆلیس، پشتیوان ووتی، له‌وێ پاش واژۆكردنی دۆكیومێنتێك كه هیچ كه‌سیان نه‌یانخوێندۆته‌وه ئازاد ده‌كرێن.
له كاتژمێر ١١ی به‌یانی نزیكه‌ی ١٥٠ خۆپیشانده‌ر كۆده‌بنه‌وه، ''ڕه‌وا'' به هیومان ڕایتس ۆوچی ووت. پاش كه‌مێك له گه‌یشتنی ئه‌و به شوێنه‌كه، سێ ئه‌فسه‌ر به جلوبه‌رگی ئاسایشه‌وه هێرش ده‌كه‌نه سه‌ری و له‌سه‌رو پشتی ده‌ده‌ن، ئه‌و ووتی. چه‌ندجارێك به شه‌ق لێی ده‌ده‌ن به‌رله‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ٨ خۆپیشانده‌ری تر بیخه‌نه ژورێكه‌وه له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی پۆلیسی هه‌ولێر. ئه‌و گووتیشی، هه‌ر نۆیان له ده‌وروبه‌ر كاتژمێر ٧:٣٠ خۆله‌كی ئێواره ئازاد ده‌كرێن به‌بێ هیچ تۆمه‌تێك له‌دژیان. ڕه‌وا ووتی، ئه‌فسه‌ره‌كانی پۆلیس ناچاریان كرد به واژووكردنی دۆكیومێنتێك له به‌ڵێندان به‌وه‌ی به‌شداری هیچ خۆپیشاندانێكی نایاسایی تر نه‌كات.
٢٧ی مارس
سێ خۆپیشانده‌ر كه له ٢٧ی مارس له‌لایه‌ن ئاسایشه‌وه ده‌ستگیر ده‌كرێن به هیومان ڕایتس ۆوچیان ووت، نزیكه‌ی ١٥٠ بۆ ٢٠٠ مامۆستا له پاركی شانه‌ده‌ری كۆبوونه‌وه، ده‌ست به‌جێ به‌هه‌مان ژماره له پۆلیسی خۆپیشانده‌رو ئه‌فسه‌ری ئاسایش ده‌وره‌دران و خۆپیشاندانه‌كه‌یان به یه‌ك ئاراسته برد. كامه‌ران ووتی، له ده‌وروبه‌ر كاتژمێر ١١:٤٠ خوله‌كی به‌یانی له‌كاتی گرتنی وێنه‌ی خۆپیشاندانه‌كه كه‌سێك به جل و به‌رگی مه‌ده‌نیه‌وه ته‌له‌فۆنه‌كه‌یی ده‌بات و پێی ده‌ڵێ كه دوای كه‌وێ. چه‌ند مه‌ترێكی كه‌م له‌و شوێنه‌وه، پیاوه‌كه پرسیار له كامه‌ران ده‌كات بۆچی وێنه‌ی خۆپیشاندانه‌كه ده‌گرێت و ووتی ده‌بێت ته‌ماشای گرته ڤیدیۆییه‌كانی ناو ته‌له‌فۆنه‌كه‌ی بكات و پێشی ده‌ڵێ كه بینیوویه‌تی كامه‌ران ئاماده‌ی خۆپیشاندانی پێشووتر بووه.
كامه‌ران ووتی، پیاوه‌كه ده‌یباته بنكه‌یه‌كی ئاسایشی ئه‌و نزیكانه‌و له‌وێ ته‌ماشای لاپه‌ڕه‌ی فه‌یسبووكه‌كه‌ی ده‌كات و تاوانباری ده‌كات به ئه‌ندامی گۆڕان كه پارتێكی ئۆپۆسیزیۆنه. ئه‌فسه‌ره‌كان كامه‌ران و دوو مامۆستای تر ده‌به‌ن بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی پۆلیسی هه‌ولێر؛ گرووپه‌كه بۆ ١٧ ده‌ستگیركراو زیاد ده‌كات ، به‌ڵام چوار له خۆپیشانده‌ره‌كان له نیوه‌ی شه‌و ئازاد ده‌كرێن، ئه‌وان ووتیان.
ڕێبه‌ر ووتی، ئه‌فسه‌ره‌كان ئه‌ویشیان له خۆپیشاندانه‌كه ده‌ستگیر كرد، دوای ئه‌وه‌ی ١٠ پیاو كه شه‌شیان جل‌و به‌رگی ئاسایشیان له‌به‌ربوو به‌به‌رده‌وامی لێیانداوه‌و به پاڵ خستویانه‌ته سه‌ر زه‌ویه‌كه‌و هۆشیاریان پێداوه له‌وه‌ی هه‌ڵنه‌سێته‌وه. ''ئه‌فسه‌رێك پاندانه‌كه‌م و ته‌له‌فۆنه‌كه‌م و عه‌ینه‌كه‌كه‌ی بردم. پاشان جزدانه‌كه‌ی بردم، پاره‌كه‌ی ناوی ده‌رهێناو بۆی فڕێدام و جزدانه‌كه‌ی برد،'' ئه‌و به هیومان ڕایتس ۆوچی ووت. ''پاشان هه‌ڵیان ساندمه‌وه‌و خستیانمه ناو ئۆتۆمبێلێك و یه‌كه‌م جار بردیانم بۆ باره‌گای ئاسایش و پاشان بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیس.'' ڕێبه‌ر ووتی، ئه‌فسه‌رێك به‌رده‌وام تاوانباری ده‌كردم به ئه‌ندامی گۆڕان، به‌ڵام نكۆڵی له‌وه كرد‌و ووتی ته‌نها بۆ مووچه‌كه‌ی خۆپیشاندانی كردووه.
هه‌رسێ خۆپیشانده‌ره‌كه كه چاوپێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵ كرا ووتیان، یه‌كێك له ١٧ ده‌ستگیركراوه‌كه به خه‌ستی خوێنی لێده‌چوو له‌به‌ره‌وه‌ی به خه‌نجه‌ر بۆكس له‌سه‌ری درابوو، ئه‌و ووتی.
سیانه‌كه ووتیان، باقی ١٣ خۆپیشانده‌ره‌كه‌ی تر بردران بۆ زیندانی محطە و له‌وێ وێنه‌یان گیرا. ڕێبه‌ر ووتی، یه‌كێك له ئه‌فسه‌ره‌كان له‌سه‌ر فۆڕمه‌كه‌ی نووسی به‌پێی بڕگه‌ی سفر له یاسای سزادان ده‌ستگیر كراوه، به‌ڵام ئه‌م بڕگه‌یه بوونی نیه. كاتێك پرسیاری لێده‌كرێت مانای ئه‌وه چیه، ئه‌فسه‌ره‌كه به ڕێبه‌ر ده‌ڵێ ئه‌وه بۆ پارێزگاری خۆیه‌تی و گوومانی هیچ تاوانێكی دیاریكراوی لێناكرێت.
به‌یانی ٢٨ی مارس سێ خۆپیشانده‌ری تر ده‌گه‌نه شوێنه‌كه، ئه‌وان ووتیان. دوانیان بریندار ده‌بێت، یه‌كێكیان خوێن له‌سه‌رو پشتی ده‌چێ و ئه‌ویتریان برین به ده‌موچاویه‌وه ده‌بێت. هه‌ردوكیان ووتیان، له‌كاتی ده‌ستگیركردنیان لێیان دراوه. له نیوه‌ڕۆی ٢٨ی مارس، زیندانه‌كه باقی ده‌ستگیركراوه‌كان ئازاد ده‌كات. كامه‌ران ووتی كه به زۆره‌ملێ ناچار كراوه دۆكیومێنتێك واژوو بكات كه نه‌یخوێندۆته‌وه، به‌ڵام پێی گوتراوه ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی به‌ڵێنامه‌یه له دووباره به‌شداری نه‌كردن له خۆپیشاندان.
كاتێك ڕێبه‌ر به‌ندیخانه جێدێڵێ و ته‌له‌فۆنه‌كه‌ی وه‌رده‌گرێته‌وه، ده‌ڵێ زانیوویه‌تی چه‌ند هه‌وڵێك دراوه بۆ كردنه‌وه‌ی ته‌له‌فۆنه‌كه‌ی. ئه‌و نیشانی هیومان ڕایتس ۆوچی دا كه چۆن ئه‌فسه‌رێك وێنه‌ی خۆی گرتووه له‌كاتی هه‌وڵدانی كردنه‌وه‌ی ته‌له‌فۆنه‌كه‌ی. ڕێبه‌ر ووتی له‌دوای ئه‌وه ژماره‌یه‌ك ئیمه‌ڵی له فه‌یسبووكه‌وه پێگه‌یشتووه له‌سه‌ر هه‌وڵی چوونه ناو ئه‌كاونته‌كه‌ی.
دهۆك
٢٥ی مارس
حه‌كیم ووتی له ٢٥ی مارس و له ده‌وروبه‌ری كاتژمێر ٩:٣٠ خوله‌كی سه‌رله‌به‌یانی ده‌گاته خۆپیشاندانه‌كه‌ی ده‌ره‌وه‌ی لقی په‌روه‌رده‌ی دهۆك. ئه‌فسه‌رێكی ئاسایش به‌ره‌وڕووی دێت و پێی ده‌ڵێ گرووپه‌كه مۆڵه‌تی خۆپیشاندانیان نیه. ''پێم گووت پێویستمان به مۆڵه‌ت نیه بۆ ئه‌م خۆپیشاندانه، مافه‌كانمان ده‌وێت و ئه‌گه‌ر داوای مۆڵه‌تیش بكه‌ین پارێزگار مۆڵه‌تمان پێنادات،'' حه‌كیم به هیومان ڕایتس ۆوچی ووت. ''پاشان ئه‌فسه‌ره‌كه به پۆلیسێكی ئه‌و نزیكانه ده‌ڵێ، ''ئه‌ركی سه‌رشانی تۆیه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌مه بكه‌ی.''
ئه‌و ووتی، نزیكه‌ی ١٥ پۆلیس ده‌وری ده‌ده‌ن و به‌زۆر ده‌یخه‌نه ناو ئۆتۆمبێلێك. بۆ ڕۆژی داهاتوو له كاتژمێر ٢ی سه‌رله‌به‌یانی ئازاد ده‌كرێ و فه‌رمانی پێده‌كرێ له ٢٧ی مارس له دادگا ئاماده‌بێ كه له‌وێ تۆمه‌تبار ده‌كرێ به هێرشكردنه سه‌ر فه‌رمانگه‌ی حكومی—لقی په‌روه‌رده. ئه‌و ووتیشی، لێكۆڵینه‌وه‌كان ئێستا به‌رده‌وامه‌و ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌و بزانێ خۆپیشانده‌ران بیناكه‌یان وێران نه‌كردووه.
٢٧ی مارس
عه‌لی ئاماده‌ی خۆپیشاندانه‌كه‌ی به‌رده‌م بینای فه‌رمانگه‌ی په‌روه‌رده‌ی دهۆك ده‌بێت له ٢٧ی مارس. ئه‌و ووتی له‌كاتی هه‌وڵی ده‌ستگیركردنیدا دوو ئه‌فسه‌ر چه‌ند جارێك به بۆكز لێیانداوه‌و ڕایانكێشاوه‌ته ناو ئۆتۆمبێلێك، به‌ڵام خۆپیشانده‌ره‌كان ڕایانكێشاوه‌ته‌وه ده‌ره‌وه. ئه‌و بینیوویه‌تی كه ئه‌فسه‌ره‌كان ته‌له‌فۆنی كه‌سێكیان بردووه كه وێنه‌ی ڕاكێش ڕاكێشه‌كه‌ی گرتووه‌و هه‌موو وێنه‌و گرته ڤیدیۆییه‌كانیان تێدا سڕیوه‌ته‌وه.
پێشینه‌ی یاسایی
یاسا كوردیه‌كانی په‌یوه‌ست به‌و بابه‌ته‌وه‌ده‌ڵێن هه‌موو خۆپیشاندانێك پێویستی به مۆڵه‌تی پێشوه‌خت هه‌یه له وه‌زاره‌تی ناوخۆ‌و به‌رپرسانی ناوخۆیی تر. بڕگه‌ی ٢١ له په‌یمانامه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ مافه مه‌ده‌نی و سیاسیه‌كان كه عێراق بووه‌ته ئه‌ندام تێیدا له ساڵی ١٩٧١، ده‌ڵێ، ''ده‌بێت مافی گردبوونه‌وه‌ی هێمنانه دانی پێدابنرێ،'' ئه‌م بڕگه‌یه ڕێگه به سنوورداركردنێكی زۆر كه‌میخۆپیشاندان ده‌دات.
نوێنه‌ری تایبه‌تی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانله‌سه‌ر مافه‌كانی ئازادی گردبوونه‌وه‌ی هێمنانه و بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار له‌م باره‌یه‌وه ده‌ڵێ، ده‌بێت ئازادی یاسا بێ و سنوورداركردن ده‌گمه‌ن بێت. هه‌روه‌ها ده‌شڵێت ، نابێت له‌سه‌ر ڕێكخه‌رانی خۆپیشاندان پێویست بكرێ له به‌ده‌ستهێنانی مۆڵه‌تی فه‌رمی، ئه‌وه‌ی ئه‌وپه‌ڕی له‌سه‌ریان پێویست بێت ئاگاداركردنه‌وه‌ی پێشوه‌خته، ئه‌مه‌ش به‌مه‌رجێك یاساكان ڕوون و پێویست بن له به‌رقه‌راركردنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و سه‌لامه‌تی گشتی وڕێگریكردن له نانه‌وه‌ی پێشووی و پارێزگاریكردن له ته‌ندروستی و ووره‌ی گشتی، یان ماف و ئازادی كه‌سانی تر.
یاسای سزادانی عێراقی (ژماره ٢٣ی ساڵی ١٩٧١) ده‌ڵێ، ده‌بێت هه‌موو ده‌ستگیركراوێك له ماوه‌ی ٢٤ كاتژمێری ده‌ستگیركردنیدا بهێنرێته به‌رده‌م دادوه‌ری لێكۆڵه‌ر.