(به‌یروت)—هیومان ڕایتس ۆوچ له‌ ڕاپۆرته‌كه‌ی ئه‌مڕۆیدا ڕایگه‌یاند، له‌ ڕێكه‌وتی ٣٠ی تشرینی یه‌كه‌م لانی كه‌م له‌ شه‌ش پیاوی ده‌مامكدار كه‌ جل و به‌رگی سه‌ربازیان له‌به‌ربووه‌ هه‌ڵده‌كوتنه‌ سه‌ر ماڵی ئه‌ندامێكی چالاكی پارتی دیموكراتی كوردستان (KDP)  له‌ داقوق و به‌ چه‌قۆ ده‌یكوژن.

به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جه‌ختیان له‌وه‌كرد كه‌ كوشتنی ئه‌ركان شه‌ریف له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی حەشدی شەعبی بووه‌و له‌كاتی سه‌رهه‌ڵدانی دوژمنكاریه‌كان له‌گه‌ڵ هێزه‌ عێراقیه‌كان له‌ ناوچه‌ به‌ناو جێناكۆكه‌كان ڕوویداوه‌. له ١٦ی تشرینی یه‌كه‌مه‌وه‌، هیچ هێزێكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ داقوق بوونی نه‌بووه‌. ده‌بێت به‌رپرسانی حكومه‌تی عێراقی هه‌ستن به‌ ئه‌نجامدانی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆو بێلایه‌ن له‌ كوشتنی شه‌ریف و ئه‌نجامه‌كه‌ی بۆ ڕای گشتی ئاشكرا بكه‌ن.

سارا لی وویتسن، به‌ڕێوه‌به‌ری هیومان ڕایتس ۆوچ بۆ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ووتی، ''ده‌بێت به‌رپرسانی حكومه‌تی عێراقی به‌ڵگه‌ی دروست نیشانی ڕای گشتی بده‌ن و وه‌ڵامیان هه‌بێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كێ به‌رپرسیار بووه‌ له‌ كوشتنی ئه‌م چالاكه‌وانه‌ كورده‌، ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌یه‌ی كه‌ ته‌نها هێزه‌ عێراقیه‌كان له‌ شاره‌كه‌ بوونیان هه‌بووه‌. گه‌یشتنه‌ ڕاستیه‌كان له‌سه‌ر ڕووداوه‌كه‌و لێپرسینه‌وه‌ له‌ ئه‌نجامده‌رانی ڕووداوه‌كه‌ هه‌نگاوێكی گرنگ ده‌بێت بۆ ئاشته‌وای كوردو عێراقیه‌كان.''

شه‌ریف به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌ی ئیفتخار بووه‌و له‌ به‌شێكی تری كاته‌كانیدا وه‌ك كامێرامان كاری بۆ ته‌له‌فزیۆنی كوردستان TV كردووه‌ كه‌ كه‌ناڵێكی سه‌ربه‌ پارتی دیموكراتی كوردستانه‌.  به‌ ووته‌ی كه‌سێك كه‌ نزیك بووه‌ له‌ ڕووداوه‌كه‌، له‌ ده‌وروبه‌ر كاتژمێر ١ی سه‌رله‌به‌یانی چه‌ند چه‌كدارێك هه‌ڵیانكوتاوه‌ته‌ سه‌ر ماڵه‌كه‌ی له‌ داقوق كه‌ به‌دووری ٣٠ كیلۆمه‌تر ده‌كه‌وێته‌ باشووری شاری كەركوك.

ئه‌و كه‌سه‌ ووتی، چه‌كداره‌كان یه‌كه‌م جار كاره‌بای ماڵه‌كه‌یان بڕی و پاشان خۆیان به‌ناو ماڵه‌كه‌دا كردوو  لانی كه‌م ١٠ چه‌قۆیان لێداو كووشتیان. هه‌روه‌ها ووتیشی، پاشان ده‌ستیان كرد به‌ گه‌ڕانی ناو ماڵه‌كه‌و نزیكه‌ی ٢٥ هه‌زار دۆلاری ئه‌مریكی و ئاڵتونی خێزانه‌كه‌یان دزی. هیومان ڕایتس ۆوچ وێنه‌كانی لاشه‌ی ئه‌و چالاكه‌وانه‌ی له‌ پاش هێرشه‌كه‌ بینی. ئه‌و كه‌سه‌ ووتی كه‌ پیاوه‌ هێرشبه‌ره‌كان به‌ زمانی توركمانی له‌گه‌ڵ یه‌كتر قسه‌یان كردووه‌.

له‌ ڕێكه‌وتی ١٦ی تشرینی یه‌كه‌مه‌وه‌، داقوق و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری له‌لایه‌ن حه‌شدی شەعبی كۆنترۆڵ كران و ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ پۆلیسی ناوخۆیی و چه‌ند یه‌كه‌یه‌كی كه‌می سه‌ربازی له‌ ناوچه‌كه بوونیان هه‌یه‌. شایه‌نی باسه‌، ژماره‌یه‌كی زۆری توركمانی حەشدی شەعبی له‌ ناوچه‌كه‌ بوونیان هه‌یه‌.

خزمێكی شه‌ریف ووتی، نازانێ بۆچی ئه‌و چه‌كدارانه‌ شه‌ریفیان كردووه‌ته‌ ئامانج، به‌ڵام ڕه‌نگه‌ هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌ بووبێ كه‌ زۆر چالاك بووه‌ له‌ناو پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌ ئاماژه‌ كردن به‌و ناكۆكیه‌ سیاسیه‌ی له‌ نێوان پارته‌ سیاسیه‌كانی ناو هه‌رێمی كوردستانی عێراق هه‌یه‌.