(هه‌ولێر): هیومان ڕایتس ۆوچ له‌ ڕاپۆرته‌كه‌ی ئه‌مڕۆیدا ڕایگه‌یاند، هێزه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌ستاون به‌ ده‌ستگیركردنی ئه‌و پیاو كوڕه‌ نه‌وجه‌وانانه‌ی كه‌ له‌ شه‌ڕی موسڵ هه‌ڵهاتوون، ته‌نانه‌ت دوای ئه‌وه‌ی له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی ئاسایشدا ده‌رچوون. له‌ نێوان ساڵی ٢٠١٤ كاتێك خه‌ڵك ده‌ستیان كرد به‌ هه‌ڵهاتن له‌ ده‌وڵه‌تی ئیسلامی (ناسراو به‌ داعش) به‌ره‌و ناوچه‌كانی هه‌رێم تا كۆتایی مانگی كانوونی دوومی ٢٠١٧، هێزه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان زیاتر له‌ ٩٠٠ پیاو نه‌وجه‌وانیان له ناو شاری هه‌ولێرو‌ پێنج كامپی جیاواز ده‌ستگیركردووه‌. هه‌ندێك جار ده‌ستگیركراوه‌كان بۆ ماوه‌ی چوار مانگ هیچ هه‌واڵ و په‌یوه‌ندیه‌كیان له‌گه‌ڵ خێزانه‌كانیان نه‌بووه‌.

كامپی خازر له‌ باكووری عێراق شوێنی هه‌زاران ئاواره‌ی نێوخۆی شه‌ڕی داعشه‌. له‌ نێوان ساڵی ٢٠١٤ كاتێك خه‌ڵكی ده‌ستیان كرد به‌ هه‌ڵهاتن له‌ ده‌وڵه‌تی ئیسلامی (ناسراو به‌ داعش) به‌ره‌و ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان تا كۆتایی كانوونی دووه‌می ٢٠١٧، هێزه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان زیاتر له‌ ٩٠٠ پیاو نه‌وجه‌وانی ئاواره‌یان له‌ ناو شاری هه‌ولێرو پێنج كامپی جیاواز ده‌ستگیركردوه. 

© 2016 به‌ڵقیس وویڵی / هیومان ڕایتس ۆوچ

هیومان ڕایتس ۆوچ چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ خزم و كه‌س و كاری هه‌شت له‌و پیاو نه‌وجه‌وانانه‌ كرد كه‌ له‌ یه‌كێك له‌ كامپه‌كانه‌وه‌ به‌ گومانی هه‌بوونی په‌یوه‌ندی به‌ داعش بردراون. هه‌روه‌ها هیومان ڕایتس ۆوچ چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ كه‌س و كاری پیاوێكی ئاواره‌ كرد كه‌ له‌لایه‌ن ده‌زگای ئه‌منی نه‌ته‌وه‌یی له‌ بازگه‌یه‌ك ده‌ستگیركراوه‌. خزم و كه‌س و كاری ئه‌م كه‌سانه‌ ووتیان، هێزه‌ عێراقیه‌كان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی شوێن و چاره‌نووسی خزمه‌ به‌ندكراوه‌كانیان ئاگاداریان نه‌كردونه‌ته‌وه‌و ئاسانكاریان بۆ نه‌كردوون له‌ په‌یوه‌ندیكردن پێیانه‌وه‌.

له‌ما فه‌قیه‌، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری هیومان ڕایتس ۆوچ له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ووتی، ''خێزانه‌ ئاواره‌كان پێیان ووتوین كه‌ متمانه‌یان به پرۆسه‌ی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی سه‌نته‌ره‌كانی پێشوازیكردن هه‌بووه‌و پێشبینیان كردووه‌ خۆشه‌ویستانیان له‌ ماوه‌ی یه‌ك دوو ڕۆژدا بگه‌ڕێنه‌وه‌. ئێستاو له‌پاش چه‌ند مانگێك، كه‌س و كاره‌كانیان پێمان ده‌ڵێن خوازیاربوون له‌ موسڵ بمانایه‌ته‌وه‌ له‌ژێر مه‌ترسی هێرشه‌ ئاسمانیه‌كان وه‌ك له‌وه‌ی مێردو كوڕه‌كانیان بێسه‌روشوێن بكرێن.''

له‌ كه‌یسێكدا، له‌ مانگی كانوونی یه‌كه‌می ٢٠١٦ هێزه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پزیشكێكی سروشتی ده‌ستگیر ده‌كه‌ن پاش ئه‌وه‌ی پێیان ده‌ڵێ کە به‌ زۆر ناچاركراوه‌ چه‌كدارانی داعش چاره‌سه‌ر بكات.لە پێش مانگێک، ئه‌فسه‌رانی ئاسایشی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن و لە پاشان ئازادی دەکەن ، ئه‌مه‌ش له‌دوای ئه‌وه‌ی كه‌ دراوسێیه‌كی پزیشكه‌كه‌ كه‌ ئه‌ویش له‌ هه‌مان كامپ ده‌بێت به‌ هێزه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕاده‌گه‌یه‌نێ كه‌ پزیشكه‌كه‌ بێتاوانه‌ له‌ بوونی هه‌ر په‌یوه‌ندیه‌ك به‌ داعش. كاتێك خێزانه‌كه‌ی چووه‌ته‌ بنكه‌ی ئاسایشی كامپه‌كه‌ بۆ هه‌واڵ پرسینی مێرده‌كه‌ی لە دوای ئەوەی کە بۆ جاری دووەم دەستگیرکراوە،‌ ئه‌فسه‌رێكی ئاسایش پێی ده‌ڵێ، ''دووركه‌وه‌ره‌وه‌ و بوه‌سته‌ له‌ هه‌واڵپرسینی.''

له‌ كه‌یسێكی تردا، له‌ ناوه‌ڕاستی مانگی تشرینی دووه‌م و پاش ده‌ستگیركردنی ئامۆزا ته‌مه‌ن ٢٢ ساڵه‌كه‌ی له‌به‌ره‌وه‌ی هه‌مان ناوی كه‌سێكی تری هه‌بووه‌ كه‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ داعش هه‌بووه‌، ئاسایش كوڕێكی ته‌مه‌ن ١٤ ساڵ به‌ناوی مه‌حموود ده‌ستگیر ده‌كه‌ن. كاتێك به‌رپرسان بۆیان ده‌رده‌كه‌وێ به‌هۆی تێكه‌ڵی ناوه‌وه‌ بووه‌، ئامۆزاكه‌ی ئازاد ده‌كه‌ن، به‌ڵام كوڕه‌ ته‌مه‌ن ١٤ ساڵه‌كه‌ هێشتا زیندانیه‌. ئه‌و ووتی كاتێك ئه‌فسه‌ران هاتن بۆ ده‌ستگیركردنی مه‌حموود، گوێی لێبووه‌ كه‌ ئه‌فسه‌رێك به‌وانی تر ده‌ڵێ بۆچی منداڵێكی وا ده‌ستگیر ده‌كه‌ن. ئامۆزاكه‌ی به‌ گریانه‌وه‌ ووتی، له‌دوای هاتنمان بۆ كامپه‌كه‌، هه‌ركاتێك بچوایه‌ بۆ ته‌والێت داوای ده‌كرد له‌گه‌ڵی بڕۆم. ئه‌و ته‌نها منداڵێكه‌و ده‌ترسێ. زۆر خه‌می ده‌خۆم.'' ئه‌وه‌‌ سێیه‌م جار ده‌بێت ئه‌فسه‌رانی‌ ئاسایشی ناو كامپه‌كه‌ به‌هۆی ناوه‌كه‌یه‌وه‌ ئامۆزاكه‌ی ده‌ستگیر ده‌كه‌ن.

له‌ كه‌یسی سێیه‌مدا، به‌رپرسانی كورد له‌ مانگی تشرینی دووه‌م گه‌نجێك ده‌ستگیر ده‌كه‌ن كاتێك ده‌ڕواته‌ دوكانێكی كامپه‌كه‌ بۆ كڕینی مۆبایل. كاتێك باوكی هه‌وڵده‌دات بزانێ چی به‌سه‌ر كوڕه‌كه‌ی هاتووه‌، پێی ده‌ڵێن: ''پرسیاری مه‌كه‌، ئه‌گه‌ر هیچ شتێكی خراپی نه‌كردبێ، ئه‌وا هیچی به‌سه‌ر نایه‌ت، ئه‌گه‌ر شتێكی خراپیشی كردبێ، ئه‌وا ئیتر پرسیاری مه‌كه‌.''

هیومان ڕایتس ۆوچ ڕاپۆرتی ده‌رباره‌ی زیاتر له‌ ٩٠٠ ده‌ستگیركراوی وه‌ك‌ که‌سان وکارکته‌ری ناو كامپه‌كان و کۆمه‌ڵگه‌ ناوخۆیه‌کان ودانیشتوانی ناو کامپه‌کانی له‌ سه‌رچاوه‌ی جیاواز كۆكردۆته‌وه‌. هیومان ڕایتس ۆوچ نه‌یتوانی ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ هێشتا له‌لایه‌ن به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌رن پشت ڕاست بكاته‌وه‌، یان بزانێ ئایا ئه‌م ده‌ستگیركراوانه‌‌ ڕێگه‌یان پێدراوه‌ په‌یوه‌ندی به‌ خێزانه‌كانیانه‌وه‌ بكه‌ن، یان ئایا خێزانه‌كانیان ئاگاداركراونه‌ته‌وه ‌له‌ شوێن و پێگه‌ی هیچ كام له‌م كه‌یسانه‌. هیومان ڕایتس ۆوچ پێشتر ڕاپۆرتی دۆكیومێنتاری له‌سه‌ر ٨٥ كه‌یسی تر كردبوو كه‌ تێیدا خزم و كه‌س و كاری گومانلێكراوانی تیرۆریزم ووتبوویان كه‌ هیچ شتێكیان نه‌زانیوه‌ ده‌رباره‌ی شوێن و چاره‌نووسی خزمه‌ ده‌ستگیركراوه‌كانیان له‌لایه‌ن هێزه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و هێزه‌ عێراقیه‌كانی كامپه‌كان و كۆمه‌ڵگا ناوخۆییه‌كان. هه‌ندێك جار ده‌ستگیركراوه‌كان بۆماوه‌ی چوار مانگ ده‌ستبه‌سه‌ربوون به‌بێ بوونی هیچ په‌یوه‌ندیه‌ك یان هه‌واڵێك به‌ خێزانه‌كانیانه‌وه‌.

ده‌بێت به‌رپرسانی عێراقی و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌وڵه‌كانیان بخه‌نه‌گه‌ڕ له‌ ئاگاداركردنه‌وه‌ی خێزانی ده‌ستگیركراوه‌كان به‌ ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ له‌ ڕێگه‌ی پۆلیسی ناوخۆیی یان به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كامپه‌كان ده‌رباره‌ی شوێنی هه‌موو ده‌ستگیركراوه‌كان. هه‌روه‌ها ده‌بێت به‌رپرسان ژماره‌ی ده‌ستگیركراونی مه‌ده‌نی و چه‌كدار بۆ ڕای گشتی بڵاوبكه‌نه‌وه‌، هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌ بازگه‌كان و سه‌نته‌ره‌كانی پێشوازیكردن و كامپه‌كان له‌كاتی شه‌ڕی داعش ده‌ستگیركراون له‌گه‌ڵ ئاشكراكردنی بنه‌مای یاسایی ده‌ستگیركردنیان و ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی ڕوبه‌ڕویان كراوه‌ته‌وه‌. ده‌بێت به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دڵنیایی خێرا بده‌ن له‌ دابینكردنی پرۆسه‌یه‌كی دادوه‌ری سه‌ربه‌خۆ بۆ ده‌ستگیركراوه‌كان و ڕێگه‌ به‌ ده‌ستگیركراوان بده‌ن له‌ هه‌بوونی پارێزه‌رو چاره‌سه‌ری ته‌ندروستی و په‌یوه‌ندیكردن به‌ خێزانه‌كانیانه‌وه‌.

له‌ ١٧ تشرینی یه‌كه‌می ٢٠١٦ ، حكومه‌تی ناوه‌ندی عێراق و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ پشتیوانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی ئۆپراسیۆنێكی سه‌ربازیان بۆ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی موسڵ ڕاگه‌یاند كه‌ بووه‌‌ هۆی هاڵهاتنی زیاتر له‌ ١٥٠ هه‌زار هاووڵاتی شارو گونده‌كانی ئه‌و پارێزگایه‌و زۆرێكیان له‌ كامپه‌كانی ژێر كۆنترۆڵی ئاسایش نیشته‌جێ بوون.

له‌ كۆتایی مانگی كانوونی دووه‌می ٢٠١٧، هیومان ڕایتس ۆوچ قسه‌ی له‌گه‌ڵ ١٠ خزم و شاهێدحاڵی ناو كامپی خازر كرد كه‌ ٣٥ كیلۆمه‌تر دووره‌ له‌‌ ڕۆژئاوای شاری هه‌ولێرو وه‌‌ هه‌موویان ووتیان، له‌ مانگی تشرینی دووه‌م و كانوونی یه‌كه‌می ٢٠١٦ له‌ موسڵ هه‌ڵهاتوون. له‌كاتی گه‌شته‌كه‌یاندا له‌ چه‌ندین شوێنی جیاواز لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ كراوه‌ به‌ ئه‌گه‌ری هه‌بوونی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ داعش، سه‌ره‌تا له‌ بازگه‌كانی هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی عێراق و پاشان له‌لایه‌ن ئاسایشه‌وه‌ له‌كاتی گه‌یشتنیان به‌ كه‌مپه‌كان و له‌ هه‌موو ئه‌م شوێنانه‌ بێتاوان ده‌رچوون. به‌ڵام ووتیان، پاش چه‌ند هه‌فته‌ یان مانگێك، هێزه‌ ئه‌منیه‌كان هه‌ستاون به‌ ده‌ستگیركردنی شه‌ش پیاو دوو كوڕی ناو كامپه‌كه‌، له‌ نێوان دوو ڕۆژ و دوو مانگ و نیو به‌رله‌وه‌ی هیومان ڕایتس ۆوج قسه‌ له‌گه‌ڵ خێزانه‌كانیان بكات. هه‌موویان پێان ڕاگه‌یاندین که‌ نه‌یانزانیووه‌ که‌ ئه‌و کوڕو پیاوانه‌ بۆ کوێ ده‌برێن و وه نه‌شیانتوانیوه‌ که‌ په‌ێوه‌ندیان پێوه‌ بکه‌ن.وه نه‌شیانتوانیوه‌ که‌ په‌ێوه‌ندیان پێوه‌ بکه‌ن، سه‌ره‌ڕای هه‌وڵدانیان بۆ ده‌ستکه‌وتنی زانیاری له‌ کارمه‌ندانی ئاسایشی ناو کامپه‌که‌، که‌ پێان ڕاگه‌یاندوون بوه‌ستن له‌ پرسیارکردن له شوێنیان.

له‌گه‌ڵ ئه‌‌وه‌ش، پیاوێك كه‌ له‌گه‌ڵ ئامۆزاكه‌ی به‌ناوی ''فارس'' له‌سه‌ره‌تای مانگی كانوونی دووه‌می ٢٠١٧ له‌ موسڵ هه‌ڵهاتبوون ووتی، به‌رپرسانی ده‌زگای ئه‌منی قه‌ومی له‌ بازگه‌یه‌كی سوپای عێراق فارسیان ده‌ستگیركرد. ئه‌و پیاوه‌ ووتی یه‌كێك له‌ کارمه‌ندانی هێزی ئه‌منی عێراق له‌ بازگه‌كه‌ ناسراوێكی كۆنیان بووه‌، به‌ڵام چه‌ندین ساڵ له‌مه‌وبه‌ر به‌ینیان تێكده‌چێ كاتێك ئه‌و پیاوه‌ ڕه‌تی ده‌كاته‌وه‌ ڕێگه‌ به‌ فارس بدات هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ خوشكه‌ بچوكه‌كه‌ی بكات. ئه‌و پیاوه‌ی كه‌ له‌ موسڵ هه‌ڵهاتبوو ووتی، پیاوه‌كه‌ی تر ده‌ستی بۆ فارس ڕاكێشاو به‌ به‌رپرسانی ده‌زگای ئه‌منی قه‌ومی ووت كه‌ فارس په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ داعش هه‌یه‌ و له‌وكاته‌دا ده‌ستگیریان كردو ئامۆزاكه‌ی هیچی بۆ نه‌كرا جگه‌له‌وه‌ی که‌‌ بازگه‌كه‌ جێیبهێڵێ و به‌ره‌و كامپه‌كه بڕوات‌. ئه‌و پیاوه‌و خوشكه‌كه‌ی فارس ووتیان، له‌وكاته‌وه‌ به‌فه‌رمی هیچ شتێكیان ده‌رباره‌ی شوێنی فارس نه‌بیستووه‌و، فارسی هه‌رگیز هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی له‌گه‌ڵ داعش نه‌بووه‌.

بێسه‌روشوێنكردنی زۆره‌ملێ كاتێك ڕووده‌دات كه‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كان خه‌ڵك ده‌ستگیرده‌كه‌ن و پاشان شوێن یان چاره‌نووسی ده‌ستگیركراوان ئاشكرا ناكه‌ن، بۆیه‌ له‌لایه‌ن یاساوه‌ پارێزگاریان لێناكرێت كه‌ ئه‌مه‌ش پێشێلكاری یاسا نێوده‌وله‌تیه‌كانی مافه‌كانی مرۆڤه‌ و ده‌كرێت به‌ تاوانی نێوده‌وڵه‌تی له‌قه‌ڵه‌م بدرێت. بێبه‌شكردنی ده‌ستگیركراوان له‌ بوونی هه‌ر په‌یوه‌ندیه‌ك به‌ جیهانی ده‌ره‌وه‌و ره‌تكردنه‌وه‌ی داواكانیان له‌ پێدانی زانیاری به‌ ئه‌ندامانی خێزانه‌كانیان ده‌رباره‌ی چاره‌نووس یان شوێنیان ئاماژه‌یه‌ به‌وه‌ی كه‌ ده‌ستگیركردنیان بێسه‌روشوێكردنی زۆره‌ملێیه‌.

دكتۆر دیندار زێباری، به‌رپرسی كۆمیته‌ی باڵای به‌دواداچوون و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ڕاپۆرته‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌وباره‌یه‌وه‌و له‌ كۆتایی مانگی تشرینی یه‌كه‌م  ڕوونكردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر پرۆسه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌و ده‌ستگیركردنی ئاواره‌كانی له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌ش به‌ هیومان ڕایتس ۆوچ كرد. زێباری ڕایگه‌یاند، به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پاپه‌ندن به‌ ئاگاداركردنه‌وه‌ی خێزانی ده‌ستگیركراوان له‌پرۆسه‌كه‌و پێگه‌یان، به‌ڵام، ''به‌هۆی كه‌می فه‌رمانبه‌رو سه‌رچاوه‌ی دارایی ئه‌نجامدانی ئه‌م كاره‌ هه‌ندێك جار قورسه‌.''

فه‌قیه‌ ووتی، ''ده‌بێت به‌رپرسانی عێراقی و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دڵنیابن له‌وه‌ی كه‌ هه‌وڵه‌كانیان بۆ پاراستنی سه‌لامه‌تی هاووڵاتیانی مه‌ده‌نی له‌ هێرشه‌كانی داعش نه‌بێته‌ هۆی پێشێلكردنی مافه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كان.''