(به‌یروت)__هیومان ڕایتس ۆوچ ئه‌مڕۆ ووتی، له ڕێكه‌وتی ٩ و ١٠ تشرینی یه‌كه‌می ٢٠١٥ هێزه‌كانی پارتی ده‌سه‌ڵاتدار له دوو شاری كوردستانی عێراق ته‌قه‌یان له خۆپیشانده‌ران كرد. دوابه‌دوای ئه‌وه، هێزه ئه‌منیه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ستان به داخستنی ئۆفیسی میدیاكانی .ئۆپۆسیزیۆن و ڕێگریكردن له ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كانی پارتێكی ئۆپۆسیزیۆن له چوونه سه‌ر كاره‌كانیان
به هه‌زاران خۆپیشانده‌ری چه‌ند شار‌و شارۆچكه‌یه‌كی سه‌ر به پارێزگای سلێمانی ڕژانه سه‌ر شه‌قامه‌كان و داوای دابینكردنی مووچه‌و ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێم و پارتیان كرد. له ڕێكه‌وتی ٩ی تشرینی یه‌كه‌م له شاری قه‌ڵادزه دوو خۆپیشانده‌رو كه‌سی سێیه‌م كوژران و له ١٠ی تشرینی یه‌كه‌م دووهاووڵاتی تری بێ چه‌ك له شارۆچكه‌ی كه‌لار گیانیان له‌ده‌ستدا.
جۆو ستۆرك، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری هیومان ڕایتس ۆوچ له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ووتی، ''ده‌بێت، وه‌ك ئه‌وله‌ویاتی یه‌كه‌م، به‌رپرسانی كورد بچنه بنج و بنه‌وانی ئه‌وه‌ی كه بۆچی پێنچ كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه. هه‌روه‌ها ده‌بێت لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی بێ پاشكۆ بۆ دۆزینه‌وه‌ی به‌رپرسیاران و له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئایا بیانوو هه‌بووه بۆ به‌كارهێنانی چه‌ك ئه‌نجامبدرێت، ئه‌گه‌ر بیانوو نه‌بووه، ئه‌وا ده‌بێت لێپرسیه‌نه‌وه له به‌رپرسیاران بكرێت.''
له ١٠ی تشرینی یه‌كه‌م له شارۆچكه‌ی كه‌لار كه ده‌كه‌وێته باكووری ڕۆژهه‌ڵاتی به‌غدا، به سه‌دان خۆپیشانده‌ری به‌ردهاوێژ له سێ لاوه گه‌مارۆی باره‌گای پارتی ده‌سه‌ڵاتدار ده‌ده‌ن. چه‌كدارانی ناو ئه‌و باره‌گایه ده‌ستڕێژی گوله له خۆپیشانده‌ران ده‌كه‌ن و له‌ئه‌نجامدا عه‌دنان عوسمان محه‌مه‌دی ته‌مه‌ن ١٩ ساڵ و ئاراز بایزی ته‌مه‌ن ٣٥ ساڵ ده‌كوژرێن. ئاراز محه‌مه‌دی ڕۆژنامه‌نووس كه له‌كاتی ڕووداوه‌كه‌دا له‌و نزیكانه ده‌بێ به هیومان ڕایتس ۆوچ ی ووت، ئه‌و دوو كه‌سه هه‌ردوكیان بێ چه‌ك بوون و چه‌ند مه‌ترێك له باره‌گاكه‌وه دووربوون.
هه‌رچه‌نده دیاره كه هۆكاری كوژرانی ئه‌و دوو كه‌سه له ئه‌نجامی ئه‌و ته‌قانه‌وه بووه كه له ناو باره‌گاكه‌وه كراوه، به‌ڵام به‌رپرسانی ئه‌و پارته خۆپیشانده‌رانیان تاوانباركرد. محه‌مه‌د ووتی، ئه‌و خۆپیشانده‌ری چه‌ك به‌ده‌ستی نه‌بینیووه.
دانیشتوویه‌كی قه‌ڵادزه كه شاهێدی ته‌قه‌كان بووه به هیومان ڕایتس ۆوچی ووت، له ٩ی تشرینی یه‌كه‌م له قه‌ڵادزه كه به دووری ٢٦٠ كیلۆمه‌تر ده‌كه‌وێته باكووری كه‌لار، له باره‌گاكانی پارتی ده‌سه‌ڵاتداره‌وه ته‌قه له خۆپیشانده‌ران كرا‌و له ئه‌نجامدا محه‌مه‌د ڕه‌سوولی ته‌مه‌ن بیست ساڵ و محه‌مه‌د عه‌بدوڵای ته‌مه‌ن سی ساڵ گیانیان له‌ده‌ستدا. شایه‌نی باسه، خۆپیشانده‌ران به‌ردیان گرتبووه ئه‌و باره‌گایه‌و هه‌ندێكشیان چه‌كیان به‌ده‌سته‌وه بووه.
پره‌نسیپی بنچینه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له‌سه‌ر به به‌كارهێنانی هێزو چه‌ك ده‌ڵێ، ''ده‌بێت به‌كارهێنانی چه‌ك ته‌نها له حاڵه‌تێكدا بێت كه هیچ ڕێگه‌چاره‌یه‌كی تر نه‌بێت بۆ به‌رگریكردن له خۆت.''
له ١٠ی تشرینی یه‌كه‌م، خۆپیشانده‌ری پێنجه‌م به‌ناوی دیار قادر ڕه‌سوول له كاتی سووتانی باره‌گای پارتی له‌لایه‌ن خۆپیشانده‌رانه‌وه له ناوچه‌ی ڕاپه‌ڕین گیانی له‌ده‌ستدا. به‌پێی ووته‌ی وریا ساڵحی دانیشتووی ئه‌و ناوچه‌یه كه خۆی له شوێنه‌كه‌دا ده‌بێت، ڕه‌سوول له‌ناو باره‌گاكه‌دا گیرده‌خواو ڕێگه‌ی ده‌ربازبوونی نابێت.
سێ چالاكه‌وانی كورد به هیومان ڕایتس ۆوچیان ووت، دوابه‌دوای خۆپیشاندانه‌كان پارتی ده‌سه‌ڵاتدار هه‌ستا به‌ده‌ركردنی ئه‌ندامانی سه‌ر به بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان. له ڕێكه‌وتی ١٢ی تشرینی یه‌كه‌م، هێزه ئه‌منیه‌كان ڕێگه‌یان له یوسف محه‌مه‌د سدیقی ئه‌ندامی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان گرت له چوونه ناو هه‌ولێر. له ڕێكه‌وتی ١١ی تشرینی یه‌كه‌م، هێزه ئه‌منیه‌كان ڕێگریان له چوار وه‌زیری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان كرد له چوونه سه‌ركاره‌كانیان و له ١٢ی تشرینی یه‌كه‌م داوایان لێ‌كردن ده‌ست له‌كاری وه‌زاریان بكێشنه‌وه.
ڕه‌حمان غه‌ریب، به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داكۆكیكردن له مافی ڕۆژنامه‌نووسان به هیومان ڕایتس ۆوچی ووت، له ١٠ی تشرینی یه‌كه‌م، هێزه ئه‌منیه‌كانی حكومه‌ت چوونه ناو ئۆفیسی هه‌ولێری كه‌ناڵی NRT و ستافه‌كه‌یان ده‌ستبه‌سه‌ر كرد. غه‌ریب ووتی كه له په‌یوه‌ندیدا بووه له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌نووسه ده‌ستبه‌سه‌ر كراوه‌كان.
غه‌ریب ووتیشی، ڕۆژنامه‌نووسه‌كان بردراوون بۆ پارێزگای سلێمانی و فه‌رمانیان پێكراوه نه‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ هه‌ولێر. به‌پێی ڕاپۆرتێكی كه‌ناڵه‌كه، له ١٣ی تشرینی یه‌كه‌م، به‌رپرسانی پارتی ده‌سه‌ڵاتدار ڕێگه به ستافی NRT ده‌ده‌ن بگه‌ڕێنه‌وه ناو هه‌ولێرو ئۆفیسه‌كه‌یان بكه‌نه‌وه.
هه‌رله ١٠ی تشرینی یه‌كه‌م، هێزه ئه‌منیه‌كان ده‌چنه ئۆفیسه‌كانی كه‌ناڵی KNN ی سه‌ر به بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و ستافه‌كه‌یان به‌زۆر ده‌نێرنه‌وه پارێزگای سلێمانی و هێشتا ڕێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ ناو هه‌ولێر پێنه‌دراوه.
ستۆرك ووتی، ''پارتی دیموكراتی كوردستان بانگه‌شه‌ی ڕێزگرتن له مافه‌كان ده‌كات به‌ڵام مێژووی هه‌یه له سه‌ركوتكردنی ده‌نگه ناڕازیه‌كان. ڕێگرتن له ئه‌ندام په‌رله‌مانی هه‌ڵبژێردراو له چوونه سه‌ر كاره‌كه‌ی و ده‌ركردنی ستافی میدیای ئۆپۆسیزیۆن تۆمارێكی تری نزمی ئه‌و مێژووه‌یه.''
درێژه‌ی ته‌قه‌كان
كه‌لار
محه‌مه‌د كه ڕۆژنامه‌نووسێكی ناوخۆییه‌و ڕووماڵی خۆپیشاندانه‌كانی كردبوو به هیومان ڕایتس ۆوچی ووت، له ١٠ی تشرینی یه‌كه‌م بۆ داوای ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم و دابینكردنی كار‌و مووچه به سه‌دان هاووڵاتی ڕژانه سه‌ر شه‌قامه‌كان بۆ ئه‌نجامدانی خۆپیشاندان. ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسه ووتی، له ده‌ووروبه‌ر كاتژمێر ٦ی ئێواره خۆپیشانده‌ران ناوبه‌ناو به‌ردیان ده‌گرته باره‌گای لقی ٢٢ی پارتی دیموكراتی كوردستان و په‌نجه‌ره‌كانیان شكاند. بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌و بڵاوه‌پێكردنی خۆپیشانده‌ران، پاسه‌وانه‌كانی باره‌گای پارتیش ناوبه‌ناو ته‌قه‌یان به ئاسماندا ده‌كرد.
محه‌مه‌د ووتی، له ده‌ووروبه‌ر كاتژمێر ٦:٣٠ی ئێواره دوو پیكاب كه نزیكه‌ی ٣٥ پیاوی تێدا بوو هه‌ندێكیان به جلوبه‌رگی كوردی و هه‌ندێكیان به جلوبه‌رگی ئاسایشه‌وه خۆیان به‌ناو خۆپیشانده‌راندا كرد به مه‌به‌ستی بڵاوه‌پێكردنیان. محه‌مه‌د ووتیشی، له‌به‌رده‌م باره‌گاكه‌ی پارتی پیاوه‌كان له دوو پیكابه‌كه هاتنه‌خواره‌وه‌و بۆ بڵاوه‌پێكردنی خۆپیشانده‌ران نزیكه‌ی بیست كه‌سیان كه چه‌كیان پێ‌بوو ده‌ستیان به ته‌قه‌كردن به ئاسمان و زه‌ویدا كرد. پاشان ته‌قه‌كه‌ران پاشه‌كشه‌یان بۆ سه‌ربانی باره‌گاكه كرد‌و له‌وێوه ته‌قه‌یان له خۆپیشانده‌ران كرد.
محه‌مه‌د ووتی، له‌ده‌وروبه‌ری كاتژمێر ٦:٣٠ ئێواره به دووری چه‌ند مه‌ترێك له پشتی عوسمان عه‌دنان محه‌مه‌دو بایزه‌وه وه‌ستا بوو كاتێك به‌هۆی ئه‌و فیشه‌كانه‌ی له‌ناو باره‌گاكه‌ی پارتیه‌وه ده‌هات به قورسی بریندار بوون.
ئه‌و ووتیشی، هه‌رچه‌نده خۆپیشانده‌ران له سێ لاوه گه‌مارۆی باره‌گاكه‌ی پارتیان دابوو، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی له‌ناو باره‌گاكه‌دا بوون له پشته‌وه ڕێگه‌ی ده‌ربازبوون و چوونه ده‌ره‌وه‌یان هه‌بوو.
له ١٠ی تشرینی یه‌كه‌م، هێمن هه‌ورامی به‌رپرسی ئۆفیسی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان، بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كرد كه عه‌دنان عوسمان محه‌مه‌د ئه‌ندامی پارتی بووه‌و خزمی له ناو باره‌گاكه‌دا هه‌بووه‌و له‌لایه‌ن خۆپیشانده‌رانی سه‌ر به بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان كوژراوه. نه‌جات حه‌سه‌ن به‌رپرسێكی پارتی له قه‌ڵادزه، تووندوتیژیه‌كانی خسته ئه‌ستۆی خۆپیشانده‌ران و به ڕۆژنامه‌ی الشرق الاوسطی ووت كه خۆپیشانده‌ران ته‌قه‌یان له پاسه‌وانانی باره‌گای پارتی كردووه. ئه‌و به‌رپرسه بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كرد كه بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له پشت تووندوتیژیه‌كانه‌وه بووه.
قه‌ڵادزه
عه‌لی قادر كه دانیشتووی قه‌ڵادزه‌یه به هیومان ڕایتس ۆوچی ووت، له ڕێكه‌وتی ٩ی تشرینی یه‌كه‌م و له ده‌ووروبه‌ر كاتژمێر ٢ی پاش نیوه‌ڕۆ، ژماره‌یه‌كی كه‌م له گه‌نجانی ناوچه‌كه هه‌ستان به ئه‌نجامدانی خۆپیشاندان له‌دژی نه‌بوونی كار‌و داوای ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی مه‌سعود بارزانیان كرد. قادر ووتی، هاوڕێكانی له‌ناو شار له ڕێگه‌ی په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنیه‌وه له خۆپیشاندانه‌كان ئاگاداری ده‌كه‌نه‌وه. ئه‌و ووتیشی، به‌درێژای پاش نیوه‌ڕۆو له‌كاتێكدا خۆپیشانده‌ران به‌ره‌و باره‌گای قایمقام ده‌چوون خه‌ڵكی زیاتر په‌یوه‌ندی پێوه ده‌كردن. له‌وێ به‌كر بایزی قایمقام كه ئه‌ندامی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه هه‌وڵیدا له‌گه‌ڵ خۆپیشانده‌ران قسه بكات. به‌ڵام خۆپیشانده‌ران ده‌ستیان كرده به‌ردگرتنه به‌كرو پاسه‌وانه‌كانی. هاوڕێكانی قادر ووتیان، له ده‌ووروبه‌ری ٥:٣٠ی پاش نیوه‌ڕۆ خۆپیشانده‌ران به‌ره‌و باره‌گای پارتی له ناوه‌ندی شار به‌ڕێكه‌وتن و له‌وێش ده‌ستیان كرده به‌ردگرتنه باره‌گای پارتی. قادر ده‌گاته شوێنه‌كه.
قادر ووتی له ده‌وروبه‌ری كاتژمێر ٦ی ئێواره هه‌وڵیدا ده‌ستی یه‌كێك له چه‌كداره‌كانی به‌رده‌م باره‌گاكه‌ی پارتی بگرێت كه ته‌قه‌ی به‌ره‌و زه‌ویه‌كه ده‌كرد، به‌ڵام قادر لێی دوورده‌كه‌وێته‌وه پاش ئه‌وه‌ی چه‌كداره‌كه لوله‌ی تفه‌نگه‌كه‌ی ئاراسته‌ی قادر ده‌كات. قادر ووتی، پاشان چه‌ند چه‌كدارێك كه هه‌ندێكیان جلوبه‌رگی مه‌ده‌نی و هه‌ندێكی تریان جلوبه‌رگی هێزه ئه‌منیه‌كانیان له‌به‌ربوو چوونه ناو باره‌گاكه‌و له نهۆمی سه‌ره‌وه‌و له سه‌ربانی باره‌گاكه‌وه ده‌ستیان به ده‌ستڕێژی گوله به‌ناو خۆپیشانده‌راندا كرد. قادر ووتی بینی كه به‌هۆی ئه‌و ته‌قانه‌وه شه‌ش كه‌س بریندار بوون، یه‌كێكیان به‌رسه‌ری كه‌وتبوو. هه‌روه‌ها ووتیشی كه بینی نزیكه‌ی ١٠ له خۆپیشانده‌ره‌كان كڵاشینكۆفیان پێ‌بوو، به‌ڵام هیچ كامیان ته‌قه‌یان نه‌كرد.
قادر ووتی، دواتر بینی وه‌فدێك كه له بایزی قایمقام و به‌رپرسێكی ئاسایشی ڕاپه‌ڕین و ئه‌ندام په‌رله‌مانێكی خه‌ڵكی ئه‌و ناوچه‌یه پێكهاتبوو له‌گه‌ڵ پاسه‌وانه‌كانیان خۆیان به‌ناو باره‌گاكه‌ی پارتیدا كرد. پاش كه‌مێك، ده‌ستڕێژێكی تری گوله له‌سه‌ر سه‌ربانه‌كه‌وه كرا‌و بووه هۆی بریندار بوونی دوو كه‌س به دووری كه‌متر له ٢٠ مه‌تر له قادره‌وه. دره‌نگانێكی ئه‌و ئێواره له كاتێكدا خۆپیشانده‌ران به‌هوتافی دژ به پارتی له باره‌گاكه نزیكتر ده‌بوونه‌وه قادر گوێی له ده‌نگی ده‌ستڕێژی زیاتری گوله ده‌بێت كه له ناو باره‌گای پارتیه‌وه ده‌كرێ. ده‌ستبه‌جێ و له دوای ئه‌و ده‌ستڕێژانه قادر ده‌بینێ كه خۆپیشانده‌ران كوڕێكی ته‌مه‌ن سی ساڵیان به‌ده‌سته‌وه‌یه كه به‌شی دواوه‌ی سه‌ر پێوه نه‌ماوه. پاشان، ئه‌ندامانی هێزه ئه‌منیه‌كان ڕێنموونی به‌رپرس و ئه‌ندامانی پارتی ده‌كه‌ن له چۆڵكردنی بیناكه‌و دواتر خۆپیشانده‌ران ده‌یسووتێنن.
فه‌تاح كه له سه‌ره‌تای ته‌قه‌كاندا له‌و ده‌وروبه‌ره نه‌بووه، به‌ڵام زانیاری له شایه‌تحاڵان سه‌باره‌ت به ڕووداوه‌كه كۆكردۆته‌وه به هیومان ڕایتس وچی ووت، ڕه‌سوول و عه‌بدوڵا له نێو برینداره‌كان بوون و دواتر گیانیان له‌ده‌ستدا.
فه‌تاح به هیومان ڕایتس وۆچی ووت، له ١٠ی تشرینی یه‌كه‌م بینی كه خۆپیشانده‌رانی خه‌ڵكی زاراوه به‌ره‌و قه‌ڵادزه به‌ڕێكه‌وتن و له‌وێ به‌ردبارانی باره‌گای گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و شوعی و سۆشیالیست ده‌كه‌ن و ئاڵای حزبه‌كان ده‌سووتێنن. فه‌تاح كه خۆی له‌وێ بووبوو ووتی، له ناحیه‌ی ڕاپه‌ڕین خۆپیشانده‌ران باره‌گای پارتیان سووتاند. هه‌ندێك له خۆپیشانده‌ران هێشتا له‌ناو بیناكه‌دا ده‌بن كاتێك ئاگری تێبه‌رده‌درێ. زۆربه‌یان خۆیان ده‌رباز ده‌كه‌ن، به‌ڵام له پاش كوژانه‌وه‌ی ئاگره‌كه پیاوانی ئاگركوژێنه‌وه ته‌رمی ڕه‌سول به سووتاوی له ناو بیناكه‌دا ده‌دۆزنه‌وه.