Skip to main content

هەرێمی کوردستانی عێراق: دەستگیرکردنەکان بۆ رێگریکردن لە خۆپیشاندان

خۆپیشاندەران، ڕۆژنامەنووسان و ئەندامانی پەرلەمان کراونەتە ئامانج

گردبوونەوەی خەڵک کە لەلایەن جوڵانەوەی نەوەی نوێ، پارتێکی ئۆپۆزسیۆن لە شاری سلێمانی، باکووری ڕۆژهەڵاتی عێراق؛ هەرێمی کوردستان داوا کرابوو:   © 2022 Shwan MOHAMMED / AFP via Getty Images

(بەغدا)- هیومان رایتس وۆچ لە ڕاپۆرتەکەی ئەمڕۆیدا ڕایگەیاند، هێزەكانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە 5 و 6ـی ئابی 2022 دەیان رۆژنامەنووس، چالاكوان و سیاسەتمەداریان لە پێش خۆپیشاندانی ڕێکخراوو دەستگیركردووە.

رۆژی ١ـی ئاب شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی پارتی ئۆپۆزسیۆنی نەوەی نوێ داوای كرد خۆپیشاندان لە سلێمانی، هەولێر و دهۆك ئەنجامبدرێت لە بەرامبەر خراپتربوونی "گەندەڵی،  هەژاری و بێكاری" لە هەرێمەکەدا.

ئادەم کوگڵ، جێگری بەڕێوەبەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هیومان ڕایتس وۆچ ووتی: "بەکارهێنانی سەرکوتکردنی هەڕەمەکیانە بۆ دامرکاندنەوەی خۆپیشان و ترساندنی چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان ڕێچکەیەکە بۆ بڵاوکردنەوەی ناڕەزایی زیاتر لەنێو دانیشتوانی هەرێمی کوردستانی عێراق. رێگای باشتر بۆ چارەسەرکردنی توڕەیی خەڵک، مسۆگەرکردنی رێزگرتنە لە ماف و ئازادییە سەرەتاییەکان، لەوانەش مافی خۆپیشاندانی ئاشتیانە”.

لەم ساڵانەی دووایدا، هیومان ڕایتس وۆچ؛ زیادبوونی بەئامانجکردنی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووسانی سەربەخۆی لە هەرێمی کوردستان بەبەڵگە کردووە. هەردوو دەسەڵاتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک بڕگەی یاسایی ناوزڕاندن و هاندانیان لە دژی ڕەخنەگران بەکارهێناوە، لەوانەش ڕۆژنامەنووسان، چالاکوانان و دەنگە ناڕازییەکانی دیکە.

ڕەحمان غەریب، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ کە چاودێری ئازادی ڕۆژنامەوانی دەکات لە هەرێمی کوردستان، بە هیومان ڕایتس وۆچ-ـی ڕاگەیاند، سەنتەرەکە لە کاتی دەستگیرکردنەکاندا ٧٨ پێشێلکاری مافیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە دژی ٦٠ ڕۆژنامەنووس و دەزگای ڕاگەیاندن تۆمارکردووە. هێزە ئەمنییەکان لانیکەم ٢٦ ڕۆژنامەنووسیان دەستبەسەر کردووە، دەستیان بەسەر کەرەستەی ٢٣ ڕۆژنامەنووساندا گرتووە و ڕێگرییان لە ١٦ ڕۆژنامەنووس کردووە ڕووماڵی خۆپیشاندانەکان بکەن.

ڕەحمان ووتی: بۆ ئێمە ڕوون بووەتەوە کە هێزە ئەمنییەکان لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا ڕۆژنامەنوسان دەکەنە ئامانج نەک پاراستنیان. هێزە ئەمنییەکان “لە چاوی کامێراکان دەترسن، چونکە هەڵسوکەوتی نایاسایی خۆیان ئاشکرا دەکەن”.

سیروان غەریب، سەرنووسەری ماڵپەڕی هەواڵی سەربەخۆی وێستگە نیوز ووتی، لە رۆژی خۆپیشاندانەكاندا لە ٦ـی ئاب، بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك لەگەڵ زۆرێك لە هاوكارەكانی لە شاری سلێمانی دەستگیرکراووە.

غەریب وتی: "کاتێک گەیشتین بۆ ڕووماڵکردنی خۆپیشاندانەکان، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سەر بە ئاسایش لە دوورییەکی نزیکەوە وێنەی گرتین بۆ ئەوەی بمانترسێنێت" لەو کاتەدا " ئاماژەم بۆ کردن و ناسنامەی ڕۆژنامەنووسیەکەمم پیشاندان بۆ ئەوەی بزانن کە ئێمە ڕۆژنامەنووسین." هەروەها غەریب وتیشی، هەوڵی داوە پێشوەختە هەلومەرجی سەلامەتی بۆ رووماڵکردنی خۆپیشاندانەکان مسۆگەر بکات بە پەیوەندیکردن بە قائیمقامی سلێمانی؛ ئاوات محەمەد ، کە داوای لێکردووە شوێنێک لە گۆڕەپانی بەردەرکی سەرا، شوێنی خۆپیشاندانەکە، بۆ رۆژنامەنوسان تەرخان بکات، بەڵام قائیمقامی سلێمانی وەڵامی نەبووە.

رۆژنامەنووسان و چالاكوانان ووتیان، کاتێک گەیشتنە شووێنەکە، كارمەندانی ئاسایش لەوێ بوون. لەگەڵ دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکەدا، ئاسایش گازی فرمێسکڕێژیان ئاراستەی خۆپیشاندەران و ڕۆژنامەنووسان کرد، هەرچەندە شایەتحاڵان ووتیان، هیچ توندوتیژییەکیان نەبینیووە کە پاساو بۆ بەکارهێنانی گازی فرمێسکڕێژ یان دەستگیرکردن بهێنێتەوە.

هەروەها غەریب ووتی، لەگەڵ بەردەوامبوونی خۆپیشاندانەکاندا، ئاسایش کامێرامانی تیمەکەی بە ناوی زانیار مەریوان دەستگیرکرد. پاشان، لە کاتێکدا هاوکارەکانی هەوڵیان دەدا هاوکاری بکەن، ئاسایش تەواوی تیمەکەی بە ناوەکانی، لەنیا بەختیار، ئەرکان عەبدولقادر، هێڤار هیوا و سیروان غەریب دەستگیرکرد.

غەریب ووتیشی: “هەموومانیان بە پاسێکی بچووک بردە فەرمانگەکانی ئاسایش، لەوێ دەستیان بەسەر مۆبایلەکانماندا گرت، و وەک تاوانبار مامەڵەیان لەگەڵ کردین. بەڵام ڕووماڵکردنی هەواڵەکان مافێکی بنەڕەتییە نەک تاوان. لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا پێیان ووتم کە ئێمە مۆڵەتمان نییە [بۆ ڕووماڵکردنی خۆپیشاندانەکان]. پێم ووتن، من ڕۆژنامەنووسم و لە کاتی ڕووماڵکردنی خۆپیشانداندا پێویستم بە مۆڵەت نییە”.

ئەوان دوای چەند کاتژمێرێک ئازاد کران، بەبێ تۆمەت.

تەها ئەحمەد سەعید، بەرپرس لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە هیومان رایتس وۆچ-ـی  راگەیاند، هێزەکانی ئاسایش ٨٦ ئەندامی جوڵانەوەکەیانی دەستگیركردووە، هەندێكیان پێش خۆپیشاندانەكان و هەندێكی دیكەش لەگەڵ دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکاندا.

هەروەها ووتیشی، لە ٦ـی  ئابدا، ئاسایش هەڵیکوتاوەتە سەر ماڵەکەی، پاشان ماڵی باوکی کە هەردووکیان لە سلێمانین، و بەبێ بوونی فەرمانی دادگا لە ماڵی باوکی دەستگیریان کردووە. هەروەها دەستیان بەسەر مۆبایلەکەی خۆی، براکەی و خوشەکەکەیدا گرتووە، و تەماشایان کردووە و دواتر گەڕاندوویانەتەوە.

هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بۆ ماوه‌ی چوار رۆژ له‌ زیندانی كانی گۆمه‌ی شاری سلێمانی سه‌عیدیان راگرتووە، و پاشان دوای پێدانی پاره‌ی كه‌فاله‌ت، ئازادیان كردووە، به‌ڵام پێیان نه‌ووتووە کە ئایا هیچ تۆمه‌تێكی لەسەر ماوە یان نا.

سەعید ووتیشی: "لە کاتی لێکۆڵینەوەکەدا، ئەفسەرێک لێی پرسیم، ''بۆچی هانی خۆپیشاندانەکانت دەدا؟". پێم ووت ''مافی گردبوونەوە مافێکی بنەڕەتی لایەنە سیاسییەکان و هەر هاووڵاتییەکە. چۆن ئەمە تاوانە؟”

رێبوار عەبدولڕەحمان، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، لەگەڵ دوو ئەندامی دیکەی پەرلەمانی عێراق لە جوڵانەوەکە بە ناوەکانی ئومێد محەمەد و بەدریە ئیبراهیم لە رێگەی چوون بۆ خۆپێشاندانەکان دەستگیرکراوون.

عەبدولڕەحمان ووتیشتی: "کاتژمێر ٠٤:٣٠ خولەکی پاشنیوەڕۆ، ئاسایش لە دووری ٢٠٠ مەتر لە گۆڕەپانی بەردەرکی سەراوە هەرسێکمانیان دەستگیرکرد.'' هەروەها ووتیشی، کە ئێمەیان خستە ناو پاسێکی بچووکەوە، و بۆ ماوەی چوار کاتژمێر بە شارەکەدا سوڕاندیانینەوە، دواتر لە شەقامی ٦٠ مەتری دایانبەزاندین. [هێزە ئەمنییەکان] فەرمانی دەستگیرکردنیان نیشان نەداین، تەنها پێیان ووتین کە فەرمانیان هەیە بۆ دەستگیرکردنمان. تەنها نەیاندەویست کە خۆپیشاندانەکان ڕووبدات”. وتیشی، ئەوان تۆمەتیان لەسەر نەبووە.

تایف گۆران، بەڕێوەبەری ئۆفیسی دهۆكی تەلەفزیۆن و ڕادیۆی نالیا ووتی  “ئێن ئاڕ تیی” ، هێزەكانی ئاسایش ١٨ كارمەندی ئێن ئاڕ تییان لە هەولێر، دهۆك و سلێمانی دەستگیركردووە.

گۆران باسی لەوەشكرد، لە ٥ـی ئابدا، کاتێک کە خۆی و پەیامنێرێك بەناوی (بریار نێروەیی) لە ئۆفیسەكەیان دەرچوون، پۆلیسی ناوخۆ دەستگیریان كردوون و دەستیان بەسەر ئامێرەكانیاندا گرتووە؛ كە پێکهاتوون لە كامێرایەك و دوو ئامێری پەخشی ڕاستەوخۆ ، و بردوویانن بۆ فەرمانگەی پۆلیسی فریاكەوتنی دهۆك.

لەنێو ئەو کارمەندانەی دیکەی کە دەستگیرکرابوون، عادل سەبری، کامێرامانی ئۆفیسی دهۆکی کەناڵەکە و سەباح سۆفی، پەیامنێری ئۆفیسی شێخانی ئێن ئاڕ تی، ئەوانیش برابوونە فەرمانگەی پۆلیسی فریاکەوتنی دهۆک.

گۆران ووتیشی: “هێزە ئەمنییەکان هیچ هۆکارێکی یاسایییان بۆ دەستگیرکردنمان نەخستەڕوو”. ئاماژەی بەوەشکرد، “١١ چالاکوانیشیان دەستگیرکرد. بە هەموومان ١٥ کەس دەستبەسەر بووین”. دوای ٢٧ کاتژمێر لە دەستبەسەرکردن، هێزە ئەمنییەکان هەر ١٥ کەسەکەیان ئازاد کرد، هەریەکەیان بە کەفالەتی ٥ ملیۆن دیناری عێراقی، بەڵام پێیان نەوتن کە تۆمەتیان چییە.

دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان زۆرجار یاسا ناوخۆییەکانیان دژی رۆژنامەنووسان و چالاکوانان لە مافە سەرەتاییەکانی وەک ئازادی گردبوونەوە لەوانەش یاسای ڕۆژنامەوانی و یاسای رێگریکردن لە خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن بەکاردەهێنن. ئەم یاسایانە جگە لە بڕگەکانی تر، خراپ بەکارهێنانی مۆبایل و ئیمەیڵ – یان بە شێوەیەکی فراوانتر ئینتەرنێت – بۆ هەڕەشەکردن لە کەسێک، وەک بەکارهێنانی قسەی ناشرین، بڵاوکردنەوەی زانیاری هەڵە، بڵاوکردنەوەی وێنەی دژ بە بەها گشتییەکان، و بڵاوکردنەوەی زانیاری تایبەتیی قەدەغە دەکەن، تەنانەت ئەگەر ڕاستیش بێت.

بەپێی یاسا لە حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق، ڕێکخستنی هەر خۆپیشاندانێک لە هەرێمی کوردستان پێویستی بە مۆڵەتی نووسراو هەیە لە وەزارەتی ناوخۆ یان دەسەڵاتە خۆجێییەکانی هەرێمەکە، بەڵام ئەگەر مۆڵەتەکە ڕەتبکرێتەوە، خۆپیشاندەران دەکرێت بە تاوان سزا بدرێن.

کوگل ووتی: “زۆرجار دەسەڵاتدارانی کوردی سەقامگیریی و خۆشگوزەرانی هەرێم بە بەراورد دەفرۆشنەوە بە ناوچەکانی دیکەی عێراق. بەڵام دەستگیرکردنی پێشوەختەی چالاکوانان، سیاسەتمەدارانی ئۆپۆزسیۆن و ڕۆژنامەنووسان تەنها لەبەر ڕێکخستن، بەشداریکردن و ڕووماڵکردنی خۆپیشاندانی سیاسی ئاشتیخوازانە هیچ جێگەی شانازیکردن نیە.”

Your tax deductible gift can help stop human rights violations and save lives around the world.

Region / Country