Skip to main content

بۆچى منداڵان بەبێ پرۆسەی دادگایی كردن لەزيندانێكی هەولێر گيريان خواردووە

Published in: Rudaw

هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە ١٥٠ کوڕیان بە گومانی ئەندامێتیی لە دهوڵهتی ئیسلامی (ناسراو بهداعش)  لە ناوچەکانی دەرەوەی کۆنتڕۆڵی حکومەتی هەرێم دەستگیرکردووە. ئەم مێرمنداڵانە بۆ چەندین هەفتە و مانگە دەست بەسەركراون و لە ماوەی دەستبەسەربوونیشیاندا مامەڵەی خراپيان لەگەڵ كراوە و ناڕوونی لەبارەی تۆمەتەکانیان بەدیکراوە، بۆ نموونە بە پێی کام یاسا تۆمەتبار کراون و لە کام سیستەمی یاساییدا دادگایی دەکرێن. هەموو ئەمانەش وایکردووە ئەوان نەتوانن خۆیان بۆ بەرگری [لە دادگا] ئامادە بکەن.

لە ناوەڕاستی کانوونی یەکەم، ئێمە (واتە تیمی هیومان رایتس وۆچ) لەگەڵ ١٩ کەس لەو کوڕانە چاوپێکەوتنمان کرد، کە تەمەنیان لە نێوان ١١ بۆ ١٧ ساڵ بوو. هەندێکیان باسی ئەوەیان دەکرد بۆ ماوەی ٥ مانگ راگیراون بەبێ ئەوەی چاویان بە دادوەر کەوتبێ. ١٧ کەسیان باسی ئەوەیان دەکرد کە ئەشکەنجەدراون یان سووکایەتیان پێکراوە تا ناچاربكرين دان بە تۆمەتەکانیاندا بنێن. تەنیا چوار کەسیان رێگەیان پێدرابوو چاویان بە خێزانەکانیان بکەوێ، ئەوەندەی ئێمەش ئاگادار بین هیچیان پارێزەریان نەبوو. یەکێک لە بەرپرسانی حکومەتی هەرێمیش پێی راگەیاندین کە ئەوە هەڵەی بەندکراوەکان بووە کە داوای پارێزەریان نەکردووە.

مێردمنداڵانی به‌ندكراو له‌ حه‌وشه‌ی سه‌نته‌ری چاكسازی ژنان و منداڵان له‌ هه‌ولێر. زۆرێك له‌ كوڕه‌ مێردمنداڵه‌كان به‌ گوومانی هه‌بوونی په‌یوه‌ندی به‌ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ده‌ستگیركراون.   © 2016 هیومان ڕایتس ۆوچ

زۆرینەی مێرمنداڵەکان رەتیان کردەوە پەیوەندییان بە داعشەوە کردبێ، بەڵام ژمارەیەکیان دەمودەست قەبووڵیان کرد کە لەگەڵ داعش بوون، کە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا وەکوو پاسەوانی خاڵی پشکنین یان چێشت لێنەر کاریان کردووە. هەندێکیان ئاماژەیان بەوەدا کە بۆ پەیداکردنی پارە بۆ خێزانەکانیان لە ناو داعش ناونووسیان کردبوو. ژمارەیەکی دیکەشیان باسیان لەوە دەکرد داعش گوشاری بۆ هێنابوون کە دەبێ لة وانەکانی قورئان و راهێنان چەکدا بەشداری بکەن.

چوار دادوەر کە کار لەسەر کەیسی مێرمنداڵانی پەیوەندیدار بە تیرۆریزم دەکەن رایانگەیاندووە کە لە مانگی تشرینی یەکەمەوە، واتە لەو کاتەی ئۆپەراسیۆنی گرتنەوەی مووسڵ دەستیپێکرد و دەستبەسەرکردنی خەڵکانی گومانلێکراوی سەر بە داعش رووی لە زیادبوون نا، ئەوان تەنیا ٢٠ کەیسی مێرمنداڵانی تۆمەتبار بە تیرۆریان لە ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە بەدەست گەیشتووە.

چارەسەرکردنی ئەو منداڵانەی لە ریزەکانی داعش بوون یانیش پەیوەندییان بەو گروپەوە هەبووە کێشەی گەورەی بۆ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دروستکردووە. هەندێک لەو منداڵانە لە کردەوەی توندوتیژیدا بەشدارییان کردووە لە کاتێکدا هەر خۆشیان قوربانی دەستی داعش بوون. لە ساڵی ٢٠١١، ئۆفیسی نوێنەری تایبەتی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دۆسیەکانی ئەو منداڵانەی لە شەڕدا بەشدار بوون رایگەیاندبوو کە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو منداڵانەی لە گروپە چەکدارییەکاندا بەشدار بوون “پشتگیری لە  میتۆدی کاریگەر و گونجاوی دیکە جگە لە دەستەبەسەرکردن و لێپێچینەوە دەکەین، واتە ئەو میتۆدانەی وادەکان منداڵەکان رابردووی خۆیان و ئەو کارانەی کردوویانە قەبووڵ بکەن”.

یەکێک لە کێشە گەورەکان ئەوەیە چی لەو منداڵانە بکرێ کە تەنها تۆمەتبارن بە ئەندامێتی لە گروپی وەکوو داعش، بەڵام تۆمەتی هیچ کردەیەکی توندوتیژیان لەسەر نییە. لە ٢٠١٦، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رەخنەی لەو وڵاتانە گرت کە لە وەڵامی توندوتیژی گروپە توندڕەوەکاندا بە شێوەیەکی فەرمی منداڵان بە تۆمەتی بوونی پەیوەندییان لەگەڵ گروپە توندڕەوەکان دەستبەر دەکەن و لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکەن. ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەدا کە بێبەشکردنی منداڵان لە ئازای لە دژی بەرژەوەندییەکانی منداڵەکەیە و دەکرێ نەهامەتییەکانی کۆمەڵگەکە زیاتر بکات.

نوێنەری تایبەتی ئەمینداریش ئاماژەی بەوە دابوو کە نابێ چەکدارە منداڵەکان تەنها بە هۆی “بوونی پەیوەندی لەگەڵ گروپێکی چەکداریی یان بەشداریکردن لە توندوتیژییەکاندا” لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکرێ. زۆربەی وڵاتان نیگەرانن لەوەی منداڵانی ئەندامی داعش دەشێ لە داهاتوودا سەرچاوەی هەڕەشە بن، بەڵام بەم حاڵەشەوە لێپێچینەوە لە منداڵان هەموو کات دەبێ دوایین رێوشوێن بێت و ئامانجی هەموو بڕیارێکی دادگاش دەبێ چاککردنەوەی منداڵەکە و تێکەڵکردنەوەی منداڵەکە لەگەڵ کۆمەڵگا بێت.

بە پێی یاسای نێودەوڵەتی ژمارەی ئەو هەلومەرجانە زۆر سنووردارن کە تێیاندا دەزگا ئەمنییەکان دەتوانن منداڵانی تێدا دەستبەسەر بکەن، ئەمەش لە حاڵەتێکدایە کە منداڵەکە بە شێوەیەکی فەرمی تۆمەتبار کراوە بەوەی لە تاوانێکدا بەشداری کردووە، نەک ئەوەی تەنیا گومانی لەسەر بێ.

دەبێ دەزگا ئەمنییەکان هەموو ئەو منداڵانە ئازاد بکەن کە هێشتا بە شێوەیەکی فەرمی تۆمەتبار نەکراون.

بەڵام دەزگا ئەمنییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوورن لەسەر لێپێچینەوەی یاسایی لەو منداڵانە، ئەگەرچی لەڕووی یاساییشەوە ئاڵۆزییەکی زۆر هەیە کە چی لەسەر ئەو منداڵانە جێبەجێ بکرێ.

حکومەتی هەرێمی کوردستان یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر (ژمارە ٣/٢٠٠٦)ی پەسند کرد، ئەم یاسایە بوو بە شوێنگرەوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی حکومەتی فیدراڵی (ژمارە ١٣/٢٠٠٥). یاساکەی حکومەتی فیدرالی رووبەڕووی رەخنەی توند بوویەوە بە هۆی سەپاندنى لاني كەم لە زينداني هەتا هەيايی بۆ کەیسەکانی پەیوەندیدار بە تیرۆر و رێگەدان بە بڕیاری لەسێدارەدانی کەسانی باڵخ. لە یاسا عێراقییەکاندا رێگە درابوو منداڵانی پەیوەندیدار بە کەیسی تیرۆر هەتا ١٥ ساڵ زیندانیان بۆ ببڕێتەوە. یاساکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پاش سێ جار درێژکردنەوە لە تەمووزي٢٠١٦ بە هۆی وەستانی پەرلەمان ماوەکەی بەسەرچوو. لەو کاتەدا لیژنەیەکی راوێژکاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشنیاری کرد هەموو تۆمەتەکان لە چوارچێوەی بەندەکانی یاسای سزای عێراقی (ژمارە ١١١/١٩٦٩) کاریان لەسەر بکرێ، ئەمەش هەتا کاتی زیندووکردنەوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێ.

بەڵام دادوەرەکان ئاماژەیان بەوەدا کە لە زۆرینەی ئەو کەیسانەی پەیوەندییان بە مێرمنداڵانەوە هەیە، بەرپرسان هەوڵدەدەن بە پێی یاسا بەسەرچووەکە مامەڵەيان لەگەڵ بكەن، لەبەر ئەوەی دەیانەوێ بڕیارێکی دوورودرێژتر لەدژی مێرمنداڵەکان دەربکەن کە یاسای سزای نیشتمانی دایناوە. ئەمەش پێشێلکردنی بنەمای یاسامەندییە، کە دەڵێت کەسێک تەنها لە کاتێکدا دەکرێ بە هۆی کردەوەیەکەوە لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵدا بکرێ ئەگەربێتو کردەوەکە بە پێی یاسایەکی خۆجێی لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکە تاوان بێت، ئەگەریش لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکە و لە کاتی دادگاییکردنەکە هیچ جیاوازییەک لە نێوان سزاکانی سەر ئەو تاوانە هەبێ، ئەوە سزا کەمترەکە بەسەر کەسەکەدا دەسەپەێنرێ.

راوێژکارێکی یاسایی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە (هیومان رایتس وۆچ)ی راگەیاند کە دادوەرەکان دەتوانن بۆ سزادانی خاوەندارێتی، دروستکردن یان بەکارهێنانی کەرستەکانی تەقینەوە پشت بە یاسای ژمارە ٨/١٩٩٢ش ببەستن، ئەم یاسایە رێگە بە بڕیاری لە سێدارەدان بۆ کەسانی باڵخ دەدات. (هیومان رایتس وۆچ) ناتوانێ پشتڕاستی بکاتەوە کە هیچ دادوەرێک ئەم یاسایەی پەیڕەو کردبێ.

یاسای ئیجرائاتی تاوانەکانی عێراق (ژمارە ٢٣/١٩٧١) دەکرێ وەها لێکبدرێتەوە کە دەسەڵاتی ئەوە بە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدات بە هۆی ئەندامێتی لە داعش لێپرسینەوە لە خەڵکی مووسڵ بکات. بەڵام ئەو دادوەرانەی (هیومان رایتس وۆچ) راێژی پێکردوون ئاماژەیان بەوە دەدا کە بە پێی یاساکە گومانلێکراو دەبێ لە سیستەمی دادوەری ئەو ناوچەیەدا دادگایی بکرێ کە تاوانەکەی تێدا کراوە. بە مانایەکی دیکە، ئەو گومانلێکراوە موسڵاویانەی تۆمەتی ئەندامێتیی داعشیان لەسەر دەبێ لە سیستەمی دادگای پارێزگای نەینەوا و لە ژێر چاودێریی حکومەتی ناوەندی عێراقدا دادگایی بکرێن.

دادوەرەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشیان خستەڕوو کە سنوورە دادوەرییەکانی ئەوان ئاماژەیەکە بەوەی کەیسی ئەو خەڵکانەی لە دەرەوەی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان بەشداری چالاکییەکانی داعشیان کردووە دەبێ رەوانەی ئەو دادگا پەیوەندیدارانە بکرێ کە لە ژێر چاودێری حکومەتی ناوەندی دان. بە گوتەی ئەوان بەرپرسانی ئاسایش ئامادە نین ئەو پێگەیە قەبووڵ بکەن و گوشاریان بۆ هێناون بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر ئەو کەیسانە بدەن. بەم پێیەش، وەکوو دادوەرەکان دەڵێن ئەوان داوایان لێکراوە بڕیار لەسەر کەیسەکان بدەن، بە بێ ئەوەی دەسەڵاتی ئەو کارەیان هەبێت.

بە گوێرەی دادوەرێک کە لە بەغدا داوای گواستنەوەی کەیسی منداڵەکان دەکات، نەبوونی بەرچاوڕوونی لە یاسای دەستبەسەرکردنی ئەو منداڵانەی لە هەرێمی کوردستاندا دەستبەسەرن، وایکردووە ئەو منداڵانە نەک هەر نەتوانن بەرگری لە خۆیان بکەن، بەڵکو درێژەکێشانی مانەوەیان لە هەرێمی کوردستان واشیکردووە بە شێوەیەکی زۆر سنووردار سوود لە یاسای لێبوردنی گشتیی (ژمارە ٢٧/٢٠١٦) وەربگرن کە لە مانگی ئابی رابردوودا پەسند کرا.

بە گوێرەی ئەو یاسایە لێبوردن هەموو ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە دەتوانن بیسەلمێنن ئەوان بە پێچەوانەی ویستی خۆیان چوونەتە ناو داعش یان هەر گروپێکی توندڕەوی دیکە، هەروەها بیسمەلێنن کە لە کاتی ئەندامبوونی خۆیان لەو گروپانەدا توانای وەکوو ئەشکەنجە و کوشتنی خەڵکیان نەکردووە. بە پێی ئەم یاسایە ژمارەیەکی زۆر لەو منداڵە گومانلێکراوانە ئازاد دەکرێن. سەرۆکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق پێی راگەیاندم ئەم یاسایە، کە پەرلەمان باسی درێژکردنەوەی ماوەکەی دەکات، رێگەیەک بوو بۆ هەموارکردنەوەی ناڕاستەوخۆی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمی عێراق، کە یاسایەکی کێشەسازیشە. ئەم یاسایە رێگەیەکیشە بۆ ئازادکردنی هەزاران بەندکراو، کە هەم کەسانی پێگەیشتوو و هەمیش منداڵان لەخۆدەگرێ.

لە کۆتاییەکانی مانگی شوبات، وەزیری دادی حکومەتی عێراق رایگەیاند کە هەتا کاتی راگەیاندراوەکەی ئەوان ٧٥٦ بەندکراو بە پێی یاسای لێبوردن ئازادکراون.

ئەگەربێتو ئەو منداڵانەی لەسەر کەیسی تیرۆر لە هەرێمی کوردستان بەندکراون ناچار بکرێن لە دادگای هەرێمی کوردستان ئامادە بن، ئەوە دەشێ کەیسەکانیان زیاتر دوابکەوێت. پارێزەرێک کە نوێنەرایەتی گومانلێکراوەکانی کەیسی تیرۆر دەکات ئاماژەی بەوە دا کە لە هەرێمی کوردستانی عێراق تەنیا سێ دادوەر هەن کە شارەزاییان لە کەیسی ئەو منداڵانە هەبێت کە گومانلێکراوی کەیسی تیرۆرن. بەڵام لە حکومەتی عێراق، کە لە ٢٠٠٣وە مامەڵە لەگەڵ ئەو جۆرە کەیسانە دەکات، ژمارەیەکی یەکجار زیاتر شارەزای ئەو کەیسانە هەیە. بەبۆچوونی ئەو پارێزەرە، کەیسی ئەو منداڵانەی تۆمەتی مەشرووعی تاوانیان لەسەرە لە دادگاکانی عێراقی فیدرالدا زۆر زووتر بڕیاریان لەسەر دەدرێ و یەکلایی دەکرێنەوە.

بەداخەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان رێگەی پێمان نەدا سەردانی ئەو شوێنانە بکەین کە پیاوانی تۆمەتبار بە تیرۆریان تێدا راگیراوە؛ بۆیەش ناتوانین چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵیان و پێگەی یاساییان پشتڕاست بکەینەوە. بەڵام نیگەرانین لەوەی ئەوانیش دەشێ رووبەڕووی هەمان پێشێلکاری و پشتگوێ خستنی یاسایی بووبێنەوە.

دەبێ دەزگا ئەمنییەکان گەرەنتی ئەوە بکەن کە هەموو ئەو منداڵانەی گومانی بوونی پەیوەندی بە داعشیان لێدەکرێ دەبێ چاکبکرێنەوە و تێکەڵ بە کۆمەڵگا بکرێنەوە. ئەو منداڵانەش کە تۆمەتێکی بڕوا پێکراوی تاوانیان لەسەرە، دەبێ بە پێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی دادپەروەری لەگەڵ مێرمنداڵەکان مامەڵەیان لەگەڵ بکرێ، ئەو پێوارانەش جەخت لەسەر دۆزینەوەی ئەلتەرناتیڤی بەندکردن و ئەولەوییەت دان بە چاککردنەوە و تێکەڵکردنەوەی منداڵەکە لەگەڵ کۆمەڵگا دەکەنەوە. دەبێ گەرەنتی جێبەجێ كردنى پرۆسەی یاسایی بو ئەم مێرمنداڵان دەستەبەر بکرێ ـ واتە لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا راوێژکاریان هەبێ، پەیوەندییان بە خێزانەکانیانەوە هەبێ و بتوانن سوود لە پەروەردە و چاودێری تەندروستی وەربگرن. 

Your tax deductible gift can help stop human rights violations and save lives around the world.

Region / Country