(به‌یروت) هیومان ڕایتس ۆوچ له ڕپۆرتهكهی ئه‌مڕۆیدا ڕایگه‌یاند، له ڕێكه‌وتی ١٣ نیسانی ٢٠١٦ هێزه‌كانی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان هه‌ستان به داخستنی چه‌ند ڕێگایه‌ك به‌مه‌به‌ستی ڕێگریكردن له گه‌یشتنی خێزانه مه‌سیحیه‌كان به هه‌ولێری پایته‌خت و سازدانی خۆپیشاندان له‌و شاره. مه‌سیحیه‌كان له پلانیاندا بوو خۆپیشاندان سازبكه‌ن له‌دژی وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن زیاده‌ڕه‌وی و ده‌ستدرێژی كردنه سه‌ر زه‌وی و زاریان له‌لایه‌ن كورده‌وه.
هه‌شت مه‌سیحی عێراقی به هیومان ڕایتس ۆوچیان ووت، له دۆڵی ''النهل'' و ناوچه‌كانی تری باكوری عێراق كه ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له دانیشتوانی ئاشووری و مه‌سیحی لێده‌ژی هه‌ندێك له دراوسێ كورده‌كانیان هه‌ستاوون به زیاده‌ڕه‌وی كردن و ده‌ستگرتن به‌سه‌ر زه‌وی و زاری مه‌سیحیه‌كان. ئه‌و كه‌سانه ووتیان، سه‌ره‌ڕایی بوونی به‌ڵگه‌ی خاوه‌ندارێتی ئه‌و زه‌ویانه، فه‌رمانی دادگا‌و هه‌وڵی به‌رپرسان بۆ كۆتایی هێنان به‌و زیاده‌ڕه‌ویانه‌ی كه دراوسێ كورده‌كانیان له‌ناو زه‌وی و زاره‌كانیان ئه‌نجامیانداوه سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه.
جۆو ستۆرك، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری هیومان ڕایتس ۆوچ له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ووتی، ''خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ری هێمنانه چالاكیه‌كه كه ده‌بێت به‌رپرسان پارێزگای لێبكه‌ن نه‌ك ڕێگریكردن، به‌تایبه‌ت له ڕێگای قه‌ده‌غه‌كردنی و هاتوجۆو گه‌یشتنیان به شوێنی خۆپیشاندان له‌سه‌ر بنه‌مای جیاوازی ئاین.''
چه‌ند مه‌سیحیه‌ك ووتیان، له ڕێكه‌وتی ١٣ی نیسان، ئاسایشی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هه‌ستا به داخستنی ڕێگای سه‌ره‌كی دۆڵی النهل كه به دووری ١٠ كیلۆمه‌تر ده‌كه‌وێته باكووری شاری ئاكرێ و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌موو بازگه‌كانی ناوچه‌كه هه‌ستان به ڕێگریكردن له ڕۆیشتنی مه‌سیحیه‌كان بۆ شاری هه‌ولێر به‌وانه‌شه‌وه كه به‌نیازی خۆپیشاندان نه‌بوون.
عمانوئێل خۆشابا، سه‌رۆكی پارتی نیشتمانی ئاشووری، به هیومان ڕایتس ۆوچی ووت كه خۆی و هاوڕێ ئاشووریه‌كانی به‌نیازبوون له ڕێكه‌وتی ١٣ی نیسان خۆپیشاندانێكی هێمنانه له‌به‌رده‌م په‌رله‌مانی كوردستان له هه‌ولێر سازبده‌ن. خۆشابا ووتی، ئه‌م هه‌وڵه‌یان بۆ سازدانی خۆپیشاندان له‌پاش ئه‌وه هات كه به‌ر له چه‌ند ڕۆژێك كوردێك هه‌ستا به بنیاتنانی خانوویه‌ك له‌سه‌ر زه‌وی مه‌سیحیه‌كانی دۆڵی النهل. خۆشابا ووتیشی، سكاڵایان له‌لای به‌رپرسان له‌وباره‌یه‌وه هیچ ئه‌نجامێكی نه‌بووه.
میخائیل بنجامین، سه‌رۆكی سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌و گه‌شه‌پێدانی نه‌ینه‌وا له دۆڵی النهل ووتی، له به‌ره‌به‌یانی ١٣ی نیسان ئاسایش هه‌ستا به دانانی بازگه‌یه‌ك له‌سه‌ر ڕێگای دوا گووندی مه‌سیحی و ئه‌فسه‌رانی ئه‌و بازگه‌یه پێیان ڕاگه‌یاند كه ڕێگه‌ی چوونه‌ده‌ره‌وه به هیچ مه‌سیحیه‌ك نادرێ. بنجامین ووتی، ته‌نانه‌ت ڕێگه‌ی چوونه‌ده‌ره‌وه له‌و خه‌ڵكانه‌ش گیرا كه به‌نیازی خۆپیشاندان نه‌بوون و ده‌بوو بچنه سه‌ر كاره‌كانیان وه‌ك شۆفێری ته‌كسیه‌كان.
پیته‌ر ئۆدیشۆ كه ئاشوریهكی تری خه‌ڵكی دۆڵی (النهل)ه به هیومان ڕایتس ۆوچی ووت، به‌نیاز بووه بڕوات بۆ به‌شداریكردن له خۆپیشاندان، به‌ڵام له بازگه‌كه ڕێگیری لێكراوه. ئۆدیشۆ پشت ڕاستی كرده‌وه كه هیچ مه‌سیحیه‌ك ڕێگه‌ی تێپه‌ڕینی به بازهگهكهدا پێنه‌دراوه. شمایل نانۆ ووتی، هێزه‌كانی ئاسایش ڕێگریان له ئه‌و چه‌ند خێزانێكی تری ئاشووری كردووه له ڕۆیشتن بۆ هه‌ولێر بۆ ئه‌نجامدانی خۆپیشاندان.
هه‌روه‌ها، به‌رپرسانی كورد ڕێگیری چوونه ناو هه‌ولێریان له مه‌سیحی ناوچه‌كانی تریش كردووه. ئێڤڵن ئهنۆیا، ئه‌ندامی پێشووی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا له‌سه‌ر لیستی ئاشووریه‌كان به هیومان ڕایتس ۆوچی ووت، بڕیاری دابوو له دهۆكه‌وه بڕواته هه‌ولێر بۆ به‌شداریكردن له خۆپیشاندانه‌كه، به‌ڵام كاتێك ده‌بیستێ هه‌موو بازگه‌كانی ده‌روازه‌ی هه‌ولێر فه‌رمانیان پێكراوه ڕێگه‌ی چوونه ناو هه‌ولێر به مه‌سیحیه‌كان نه‌ده‌ن گه‌شته‌كه‌ی هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه
ولیام بێنجامین كه له‌و كاته‌دا له ههولێردهبێت ووتی، ئه‌و به‌یانیه خزمێكی ئاشوری هه‌وڵده‌دات له دهۆكه‌وه بڕواته فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر بۆ گه‌شت كردن، به‌ڵام ئاسایش له بازگه‌ی سه‌ره‌كی هه‌ولێر بۆ ماوه‌ی چوار كاتژمێر ڕایده‌گرن.
پۆڵ مه‌لیك خۆشابا كه ڕیش سپیه‌كی دۆڵی النهله به هیومان ڕایتس ۆوچی ووت، چه‌ندین مه‌سیحی كركوك و ناوچه‌كانی تر په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنیان پێوه‌كردووه‌و پێیان ڕاگه‌یاندووه كه ڕێگری چوونه ناو هه‌ولێریان لێكراوه له‌سه‌ر بنه‌مای ئاینه‌كه‌یان.
عمانوئێل خۆشابا ووتی، مه‌سیحیه‌كانی عین كاوه‌ش له‌لایه‌ن به‌رپرسانه‌وه په‌یامیان پێگه‌یشتووه كه نه‌چن بۆ خۆپیشاندان، به‌ڵام ووتی هیچ بازگه‌یه‌ك له ده‌ره‌وه‌ی عه‌ین كاوه دانه‌نرا. سه‌ره‌ڕایی ئه‌مانه‌ش، چه‌ند مه‌سیحیه‌كی كه‌م توانیبوویان له‌ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان خۆپیشاندان ئه‌نجام بده‌ن. گالێتا شابا كه سیاسیه‌كی مه‌سیحیه له ڕێگه‌ی جه‌عفه‌ر ئیمنیكی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان نامه‌یه‌كی داواكاری ئاراسته‌ی مه‌سعود بارزانی ده‌كات و تێیدا داوای چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌یه له‌ماوه‌ی ٧٢ سه‌عاتدا ده‌كات. وه‌حیده یاقو هورمز، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان و سه‌رۆكی لیستی كلدان ئاشووری به هیومان ڕایتس ۆوچی ووت، له ساڵی ٢٠١٠ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ڵێنی چاو خشانهوهی به‌و كێشه‌یه‌و قه‌ره‌بوو كردنه‌وه‌ی زیان لهكهوتووان دا به‌ڵام ئه‌و به‌ڵێنه جێبه‌جێ نه‌كراوه.
ئه‌و كه‌سانه ووتیان، هۆكاری ناڕه‌زاییه‌كانیان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ زیاده‌ڕه‌ویه‌كی تر له‌ناو زه‌وییه‌كانیان سه‌ره‌ڕایی فه‌رمانی پۆلیس به ڕووخان و چۆڵكردنی پێشلكاری و زیاده‌ڕه‌ویه‌كانی ڕابردوو كه له زه‌ویه‌كانیاندا كراوه.
بنجامین ووتی، كوردێك له گووندێكی دراوسێی دۆڵی النهل هه‌ستاوه به دروستكردنی خانوویه‌ك له‌سه‌ر زه‌ویه‌كی كشتوكاڵی هاوبه‌شی ئاشووریه‌كانی گووندی هیزانی و زول و خالیلانی خوارو سه‌روو. بنجامین و گووندنیشینهكانی تر ناڕه‌زاییان له‌وباره‌یه‌وه به پارێزگار‌و فه‌رمانگه‌ی كشتوكاڵ و پۆلیس ڕادهگهیاندووه و له‌به‌رامبه‌ردا پۆلیس فه‌رمانی به‌و هاووڵاتیه كورده كردووه ده‌ستهه‌ڵگرێ له دروستكردنی بیناكه‌ی، به‌ڵام ، به‌پێی ووته‌ی چوار ئاشووری، ئه‌و كورده كه كار بۆ به‌رپرسێكی باڵای خێڵه‌كه‌ی سه‌رۆك ده‌كات به‌رده‌وام ده‌بێت له دروستكردنی خانووهكهیی و له‌سه‌ره‌تای مانگی نیسان و له‌نیوه‌ی شه‌ودا هه‌ڵده‌ستێ به تێكردنی سه‌قفی خانووه‌كه‌ی.
ڕیش سپیی گوونده‌كه پۆڵ خۆشابا ووتی، ٤٢ پێشێلكاری و زیاده‌ڕه‌وی له‌دژی زه‌وی و زاری ئاشووریه‌كان له‌لایه‌ن كورده‌وه له دۆڵه‌كه ئه‌نجامدراوه‌و به‌ڵێنه‌كانی سه‌رۆك بارزانی كه سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر پێیدا بوو له چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌یه جێبه‌جێ نه‌كراوه.
ولیام بنجامێن كه قوتابیه‌كی ئاشووریه له هه‌ولێر ووتی، زیاتر له ٥٠ كه‌یسی زیاده‌ڕه‌وی و پێشلكاری له‌به‌رامبه‌ر زه‌وی و زاری ئاشووریه‌كان له‌لایه‌ن كورده‌وه له گووندهكهی خۆی ''سارسینگ'' تۆمار كراوه، ئه‌مه سه‌ره‌ڕایی به‌ڵێنی به‌رپرسه باڵاكان له ساڵی ٢٠٠١ له چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌یه له سارسینگ، به‌ڵام هیچ هه‌نگاوێك له‌وباره‌یه‌وه نه‌نراوه.
له نامه‌یه‌كدا له ١٣ی نیسان بۆ سه‌رۆك بارزانی، نوێنه‌رانی پارتی نه‌ته‌وه‌یی ئاشووری و پارتی دیموكراتی النهرین و لیستی دیموكراتی واركا و فیدراسیۆنی نه‌ته‌وه‌یی النهرین و قه‌واره‌ی ڕۆڵه‌كانی النهرین و هه‌موو گرووپه سیاسیه مه‌سیحیه‌كان ده‌نووسن كه ''ئه‌و زیاده‌ڕه‌وی و پێشێلكاریانه‌ی له به‌رامبه‌ر زه‌وی و زاری خه‌ڵكه‌كه‌مان و گووندهكانمان له پارێزگای دهۆك و هه‌ولێر ئه‌نجامده‌درێت ڕۆبه ڕۆژ له زیدبووندایه.''
هیومان ڕایتس ۆوچ چه‌ند دۆكیومێنتێكی فه‌رمی به‌رده‌ستكه‌وت كه به‌رواره‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی ١٩٩٢ و ١٩٩٤. له‌و دۆكیومێنتانهدا فه‌رمان به كۆتایی هێنان به پێشێلكاری و زیاده‌ڕه‌وی له به‌رامبه‌ر زه‌وی و زاری مه‌سیحیه‌كان له گوونده‌كانی كاشكاواو ڕابیتكی و دۆڵی النهل له‌لایه‌ن كورده‌وه ده‌كرێت. پۆڵ خاشاباو شامیڵ نانۆ و میخائیل بنجامین ووتیان، ئه‌و پێشێلكاریانه به‌رده‌وامه.
له ڕاپۆرتێكی ساڵی ٢٠٠٩ له‌سه‌ر ''جێگا‌و پایه‌ی مه‌سیحیه‌كان له كوردستانی عێراق'' حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێ كه ''ده‌ستگرتن به‌سه‌ر موڵك و ماڵ و زه‌وی و زاری مه‌سیحیه‌كان به‌هیچ شێوه‌یه‌ك سیاسه‌تی حكومه‌ت نه‌بووه‌و حكومه‌تی هه‌رێم پێی وایه كێشه‌ی زه‌وی و زار له‌نێو خه‌ڵكدا ده‌بێت له‌ڕێگه‌ی دادگاوه چاره‌سه‌ر بكرێت.''
له ڕپۆرتهكهدا هاتووشه كه نه‌مروت بهیتۆی وه‌زیری گه‌شت و گوزاری ئه‌و كاته‌و سه‌رۆكی پارتی نیشتمانی ئاشووری، به‌تووندی ڕه‌تیكردۆته‌وه كه هیچ مه‌رامێكی سیاسی له‌پشت داگیركردنی زه‌وی و زاری مه‌سیحیه‌كان هه‌بوو بێت، به‌ڵام دانی به‌وه‌ناوه كه وه‌ك شوێنه‌كانی تر هه‌ندێك پێشێلكاری و تاوان هه‌بووه.
به‌پێی ووته‌كانی به‌یتۆ له‌م ڕاپۆرتهداو قسه‌كانی هۆرمزی ئه‌ندام په‌رله‌مان بۆ هیومان ڕایتس ۆوچ، چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی زه‌وی و زاری ئاشووریه‌كان و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و زه‌ویانه بۆ خاوه‌نه‌كانیان له گووندی فیشخاپووری سه‌ر سنووری سوریا له‌لایه‌ن كۆمیته‌یه‌كی تایبه‌ت له دهۆك كه ئه‌ركی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ئه‌و زه‌ویانه بووه نموونه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتووی حكومه‌تی هه‌رێمه له چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ئه‌و زه‌ویانه. به‌ڵام، هۆرمز ووتی كاری ئه‌و كۆمیته‌یه له ناوچه‌كانی تر سه‌ركه‌ووتوو نه‌بووه.
به‌یتۆ وه‌ڵامی داواكاریه‌كی نه‌داینه‌وه بۆ كۆمێنتدان له‌وباره‌یه‌وه. دكتۆر دیندار زێباری جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ووتی كه قایمقامی ئاكرێ مه‌زین سه‌عد پێشوازی له وه‌فدێكی مه‌سیحیه‌كان كردووه‌و فه‌رمانی به كورده‌كان كردووه ده‌ست هه‌ڵگرن له‌و پێشێلكاریانهو دووركه‌ونه‌وه له گووندی مه‌سیحیه‌كانی دۆڵی النهل. دكتۆر زێباری ووتیشی ئێستا ئه‌و كه‌یسه له‌به‌رده‌م وه‌زیری ناوخۆیه و كۆمیته‌یه‌ك له ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای دهۆك و وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ به‌دواداچوون بۆ ئه‌و كێشه‌یه ده‌كه‌ن و دادگا بڕیاری كۆتایی ئه‌و كه‌یسه ده‌دات.
سه‌باره‌ت به ڕێگریكردن له ئه‌نجامدانی خۆپیشاندان، دكتۆر زێباری ووتی، حكومه‌تی هه‌رێم له له‌بارودۆخێكی ئه‌منی جدیدایه. ووتیشی كه قایمقامی ئاكرێ داوای له خۆپیشانده‌ره مه‌سیحیه‌كان كردووه چاوه‌ڕێی هه‌نگاوی فه‌رمی بكه‌ن به‌رله بڕیاری سازدانی خۆپیشاندان و یه‌ك كه‌یس كیفایه‌ت نیه بۆ سازدانی خۆپیشاندان له هه‌ولێری پایته‌خت كه له بارودۆخێكی هه‌ستیاری ئه‌منیدایه.
بڕگه‌ی ٢١ له په‌یمانامه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ مافه سیاسی و مه‌ده‌نیه‌كان كه عێراق ئه‌ندامه تێیدا گره‌نتی ئازادی گردبوونه‌وه ده‌دات و بڕگه‌ی ٢٦ جیاكاری له‌سه‌ر بنه‌مای ئاین قه‌ده‌غه ده‌كات. برگه‌ی ١٧ له په‌یمانامه‌ی ڕاگه‌یاندنی مه‌فه‌كانی مرۆڤ ده‌ڵێ، هه‌موو كه‌س مافی موڵكداری هه‌یه‌و نابێت هیچ كه‌س و لایه‌نێك به‌شێوه‌ی هه‌ڕه‌مه‌كیانه موڵك و زه‌وی و زاری كه‌س داگیر بكات. بڕگه‌ی ٢ گره‌نتی مافی قه‌ره‌بووكردنه‌وه ده‌دات.
بڕگه‌ی ١٤ی ده‌ستووری عێراق گره‌نتی یه‌كسانی له به‌رامبه‌ر یاسا به هه‌موو هاووڵاتیه‌كی عێراقی ده‌دات به‌بێ جیاكاری له‌سه‌ر بنه‌مای ئاین. له مانگی مایزی ٢٠١٥، سه‌رۆك بارزانی یاسای پارێزگاریكردنی له كه‌مینه‌كانی كوردستان ئیمزا كرد. په‌ره‌گرافی پێنجه‌می بڕگه‌ی ٣ی ئه‌و یاسایه، یه‌كسانی ته‌واو بۆ هه‌موو كه‌مینه‌كان دابین ده‌كات له كۆتاییهێنان به زیاده‌ڕه‌وی و پێشێلكاری له دژیان له ناوچه‌كانی خۆیان و گه‌ڕانه‌وه بۆ پێگه‌ی جارانیان.