Skip to main content

عێراق

ڕووداوه‌كانی 2023

لایەنگرانی ڕێبەری ڕەوتی سەدری عێراقی موقەتەدا سەدر بەربەستێکی کۆنکرێت دەشکێنن لەکاتی خۆپیشاندانێکدا دژ بە گەندەڵی لە بەغدا، عێراق، 30 تەممووزی 2022.

 

2022 © ڕۆیتەرز/ ئەحمەد سەعد.

دوای دەیان ساڵ لە ململانێی چەکداری و لە دوای لەشکرکێشیەکانی ساڵی ٢٠٠٣ بە سەرکردایەتی ئەمریکا، عێراق سەقامگیرترین ماوەی بەخۆیەوە بینیوە. لەگەڵ ئەوەشدا، وڵاتەکە بە لاوازی و دابەشبوونێکی قووڵەوە ماوەتەوە، و ناڕەزایەتیەکانی خۆپیشاندانە بە کۆمەڵیەکانی ساڵی ٢٠١٩ بەبێ چارەسەر ماونەتەوە، لەوانەش ناڕەزایەتی بەرامبەر بە سیستەمی سیاسی ئێستا، شکستی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، خراپتربوونی ژێرخانی ئابووری و گەندەڵی بەربڵاو. سەرکوتیکردنی توندوتیژانەی خۆپیشاندەران و دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان بۆ ڕووماڵکردنی ناڕەزایەتیەکان لە ساڵی ٢٠٢٣دا بەردەوام بووە.

لە تشرینی یەکەمی ۲۰۲۲، دوای زیاتر لە ساڵێک هەڵبژاردنی فیدراڵی ساڵی ۲۰۲۱، لە کۆتاییدا نوخبە سیاسییەکان ڕێککەوتن لەسەر دەستنیشانکردنی محەمەد شیاع ئەلسودانی وەک سەرۆک وەزیران. لە کاتی دەست بەکاربوونیەوە، سەرۆک وەزیران سودانی هەوڵی داوە کە سوود لەم ماوە نیمچە ئارام و سەقامگیرە وەربگرێت و کارنامەکەی لە دەوری ٥ پرسی سەرەکیدا کۆبکاتەوە: بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، چارەسەرکردنی بێکاری، کەمکردنەوەی هەژاری، چاکسازی لە ئابووری و دارایی و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانی حکومەت. لە حوزەیرانی ۲۰۲۳دا، پەرلەمانی عێراق بودجەیەکی ساڵانەی پەسەند کرد بە بڕی ۱۹۸.۹ ترلیۆن دیناری عێراقی (١٥٣ ملیار دۆلاری ئەمریکی) بۆ ماوەی سێ ساڵ (لە ٢٠٢٣ بۆ ٢٠٢٥) ، ئەمەش گەورەترین و یەکەمین بودجەی فرە ساڵییە کە لە مێژووی وڵاتەکەدا پەسەند بکرێت.

عێراق چەندین هەنگاوی ئەرێنی ناوە بۆ ڕێزگرتن و بەرزڕاگرتنی مافەکانی مرۆڤ، وەک گرتنەبەری هەنگاوی زیاتر بۆ جێبەجێکردنی یاسای ڕزگاربووانی یەزیدییەکان و دەرکردنی سیاسەتی پاراستنی مەدەنی. لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٣دا، دەسەڵاتدارانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەپدەیتێکیان بڵاوکردەوە تێیدا تیشکیان خستە سەر ئەو دەستکەوتە ئەرێنییانەی کە لە چوارچێوەی پلانی پێنج ساڵەی خۆیدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان بەدەستهاتووە، کە لە مانگی ئایاری ٢٠٢٢دا بڵاوکرایەوە.

بەڵام شەڕی سیاسی لە ناوخۆدا ڕێگری لە دەرکردنی چەند یاسایەکی سەرەکی کرد کە دەتوانێت مافەکانی هاوڵاتی عێراقی بپارێزێت، وەک ڕەشنووسی یاسای پاراستنی منداڵان و توندوتیژی خێزانی. ئەنجامدانی چاکسازی بنچینەیی کە چارسەری ناڕەزایەتییەکانی هاووڵاتیانی عێراقی بکات بۆتە پێویستیەکی دەستبەجێ بە تایبەت لە پرسی خراپتربوونی قەیرانی کەشوهەوادا، کە جەخت لەسەر پێویستی گواستنەوەی ئابووری و سەرچاوەی سەرەکی داهاتی حکومەتی عێراق دەکاتەوە بە دوورکەوتنەوە لە سووتەمەنییە بەردینیەکان.

مافەکانی ژنان و کچان

دوای ئەوەی ڕۆڵێکی سەرەکییان لە بزووتنەوەی ناڕەزایەتییەکانی ٢٠١٩-٢٠٢٠دا بینی، ژنان بەردەوام بوون لە خەباتکردن دژی نەریتەکانی پیاوسالاری کە لە سیستەمی یاسایی عێراقدا چەسپاون. یاسای سزادانی عێراق ڕێگە بە هەندێک حاڵەتی توندوتیژی پیاوان دژی ژنان دەدات بە بێ ئەنجامدانی لێپرسینەوەی یاسایی، لەوانە ئەو بڕگانەی کە ڕێگە بە مێرد دەدات هاوسەرەکەی سزا بدات، دایک و باوکان بۆ ئەوەی منداڵەکانیان دیسپلین بکەن، هەروەها کەمکردنەوەی سزاکان بۆ کردەوە توندوتیژەکان لەوانە کوشتن بەهۆی ''پاڵنەرەکانی بەناو شەرەفەوە.'' بەهەمان شێوە، یاسای سزادان ڕێگە بە ئەنجامدەرانی گێچەڵ یان دەستدرێژی سێکسی دەدات کە لە لێپێچینەوەکان هەڵبێن یان سزاکانیان هەڵبوەشێنرێتەوە ئەگەر هاوسەرگیری لەگەڵ قوربانیەکە بکەن.

گروپەکانی مافەکانی ژنان بەردەوامن لە داکۆکیکردن لە یاساکانی دژ بە توندوتیژی خێزانی، بەڵام هەوڵەکان لە پەرلەمان وەستاون. دەستڕاگەیشتنی ڕزگاربووانی توندوتیژی خێزانیی لەسەر بنەمای جێندەری بە پەناگە یان دادپەروەریی سنووردارە، و هەندێک لە ڕزگاربووانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە بە تاوانی لەشفرۆشی دادگایی کراون و سزا دراون. ئەو چەند پەناگە حکوومییەی لە هەرێمی کوردستانی عێراق هەیە تەنها بە فەرمانی دادگا ڕێگەیان بە ژنان داوە بچنە ژوورەوە یان دەربچن. لە کاتێکدا ژمارەیەکی کەم لە پەناگەی ژێرزەمینیی ژنان لە عێراقی فیدراڵیدا هەبوون، کە لەلایەن ڕێکخراوە ناحکومییە ناوخۆییەکانەوە بەڕێوەدەبران، بەڵام بە شێوەیەکی بەرفراوان پشتیوانییان لێ نەدەکرا و زۆرجار ڕەخنەیان لێدەگیرا، هەندێکجاریش یان لەلایەن خێزانەکانەوە هێرشیان دەکرایە سەر یان لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە هەڵ دەکوترایە سەریان. 

ژنانی هاوسەرگیری تۆمارنەکراو (هاوسەرگیری کە لەلایەن ڕابەرە ئاینییەکانەوە ئەنجام دەدرێن بەڵام لە دادگای باری کەسیدا تۆمار نەکراون) ڕووبەڕووی ئاستەنگی توند دەبوونەوە لە دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە حکومییەکان و پاراستنی کۆمەڵایەتی، ئەگەر هاوسەرگیریەکەیان یاسایی نەکرێت. زۆرجار هاوسەرگیری تۆمارنەکراو وەک ڕێگەیەک بوو بۆ دەربازبوون لە سنووردارکردنە یاساییەکان لەوانەش بۆ هاوسەرگیری منداڵان، فرەژنی، هاوسەرگیری زۆرەملێ و خۆدزینەوە لە پێدانی پارەی نەفەقەی هاوسەرگیری لە ئەگەری جیابوونەوەدا. بەبێ بڕوانامەی هاوسەرگیری مەدەنی، ژنان ناتوانن لە نەخۆشخانەکانی حکومەت منداڵیان ببێت، دەستیان بە پلانەکانی پاراستنی کۆمەڵایەتی بگات کە بەندە بە باری هاوسەرگیری کەسەکەوە، بڕوانامەی لەدایکبوون بۆ منداڵەکانیان بەدەستبهێنن، یان بژاردەی یاساییان هەبێت بۆ داواکردنی نەفەقەی هاوسەرگیری یان پشتگیری بۆ منداڵ لە ئەگەری جیابوونەوەدا.

بەڵگەنامە مەدەنییەکان

لە مانگی ئەیلولی ٢٠٢٢، حەوت گروپی فریاگوزاری بۆیان دەرکەوت کە نزیکەی پێنج ساڵ دوای ڕاگەیاندنی سەرکەوتنی حکومەت بەسەر گروپی چەکداری توندڕەوی دەوڵەتی ئیسلامی ( ناسراو بە داعش)، ژمارەی تا یەک ملیۆن عێراقی کە ئاوارەبوون بەهۆی دەستبەسەرداگرتنی ئەو گروپە چەکدارە بۆ سەر ناوچەیەکی خاکی عێراق یان شەڕی کۆنترۆڵکردنەوەیان، نەیانتوانیوە بەڵگەنامە مەدەنییە سەرەتاییەکان بەدەستبهێنن.ئەو بەڵگەنامانەی کە ناتوانن بەدەستی بهێنن بریتین لە بڕوانامەی لەدایکبوون، هاوسەرگیری، مردن و ناسنامەی نوێی یەکگرتووی نیشتمانی. ئەم جۆرە بەڵگەنامانە زۆر گرنگن بۆ دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە گشتییە گرنگەکان، لەوانەش خەرجکردنی مانگانەی بەشە خۆراک و دەستڕاگەیشتن بە خوێندن بۆ منداڵان.

ئەو ژنانەی کە بەبێ بەڵگەنامە و ناسنامەی یاسایی خۆیان لە خێزانە دەستدرێژیکارەکانیان هەڵهاتوون، کێشەیان هەبوو لە دووبارە وەرگرتنەوەیاندا. هەروەها بەبێ ناسنامەی مەدەنی، ژنان ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە لە هاتووچۆکردن بە ئازادی و ناو تۆمارکردن بۆ کارتی نیشتەجێبوونیان، کە پێویستە بۆ بەکرێگرتنی شوێنی نیشتەجێبوون یان دەستبەرکردنی کار.

ئەو منداڵانەی کە لە هاوسەرگیری تۆمارنەکراو لەدایکبوون یان لە دەرەوەی هاوسەرگیری لەدایکبوون، لەوانەش ئەوانەی کە بەهۆی دەستدرێژی سێکسییەوە لەدایک بوون، لەوانەیە نەتوانن بڕوانامەی لەدایکبوون بەدەستبهێنن، بەهۆی ئەمەشەوە ناتوانن بەڵگەنامە مەدەنییە سەرەکییەکانی دیکە بەدەستبهێنن، ئەمەش دەستڕاگەیشتنیان بە خزمەتگوزارییە حکومییەکان و پاراستنی کۆمەڵایەتی سنووردار دەکات.  ئەگەر کێشەی بەڵگەنامەی ئەو کەسانەی لە ژێر کاریگەری ئەم دۆخەدان چارەسەر نەکرێن، ئەوا ناتوانن ناوی خۆیان لە قوتابخانە تۆماربکەن، دەستیان بە دەرفەتی کارکردن بگات و لەوانەیە دواتر لە ژیانیاندا ناچار بکرێن بڕۆنە هاوسەرگیری تۆمارنەکراوەوە.

مافی منداڵان

لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٣، پەرلەمانی عێراق ڕەشنووسی یاسای پاراستنی منداڵانی خستەڕوو، کە یەکەمین یاسای لەم جۆرەیە لە وڵاتەکەدا و هەنگاوێکی گرنگە بۆ پاراستنی مافەکانی منداڵان لە عێراق. ئەگەر یاساکە پەسەند بکرێت، دەبێتە ڕێگایەک بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پرسە گرنگەکانی وەک کاری منداڵان، بەکارهێنان (ئیستغلالکردن) و مامەڵەی خراپ . هەروەها بە ڕوونی مافە بنەڕەتییەکانی منداڵان لەڕێی یاساییەوە دەچەسپێنێت، لەوانەش مافەکانی ژیان، تەندروستی، پەروەردە وهاووڵاتیبوون.

لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا، ڕێژەی هاوسەرگیری منداڵان لە عێراق وردە وردە زیادی کردووە. لێکۆڵینەوەیەک کە لە ساڵی ٢٠٢١ لەلایەن وەزارەتی پلاندانان و ڕێکخراوی ئاماری ناوەندییەوە ئەنجامدراوە، دەریخستووە، کە لەسەدا ٢٥.٥ی ژنانی خێزاندار لە عێراق لە پێش تەمەنی ١٨ ساڵی هاوسەرگیریان کردووە، هەروەها لەسەدا ٥.٢ی ژنان پێش تەمەنی ١٥ ساڵی هاوسەرگیریان کردووە. هەژاری، هەست نەکردن بە پارێزی و کەمبوونەوەی ڕێژەی خوێندن بۆ کچان هەموویان پەیوەندییان هەبووە بە زیادبوونی ڕێژەی هاوسەرگیری منداڵان لە عێراقدا. هاوسەرگیری منداڵان و دووگیانی هەرزەکاران دەتوانن کاریگەری نەرێنی جددییان لەسەر تەندرووستی و دەستڕاگەیشتن بە خوێندن هەبێت، هەلی کار سنوورداربکات و مەترسییەکانی توندوتیژی سێکسی و خێزانی زیاتر بکات.

ئازادی ده‌ربڕین

لە کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٣، حکومەتی عێراق هەڵمەتێکی دەستپێکرد بۆ بەئامانجگرتنی''ناوەڕۆک و بابەتی ناپەسەند'' کە ئۆنلاینن  . هەر لەو مانگەدا وەزارەتی ناوخۆ پلاتفۆرمێکی خستەگەڕ کە ڕێگە بە عێراقییەکان دەدات هەر ناوەڕۆک و بابەتێکی سۆشیال میدیا سەرکۆنە یان ڕیپۆرت بکەن کە "ڕەوشتی گشتی پێشێلدەکات، پەیامی نەرێنی و ناڕەوایی لەخۆدەگرێت یان سەقامگیری کۆمەڵایەتی لاواز دەکات''. لە ماوەی مانگێکدا زیاتر لە ٩٦٠٠٠ سکاڵا وەرگیراوون. لە ئەنجامدا شەش کەس سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێندرا بەڵام لەو کاتەوە ئازادکراون.

هەڵمەتەکە کەڵک لە مادەی ٤٠٣ی یاسای سزادانی عێراقی وەردەگرێت، کە ئەو بابەتە بڵاوکراوانە بە تاوان دەکات کە ''پێشێلی ڕاستگۆیی یان ڕەوشتی گشتی دەکەن''. لەگەڵ ئەوەی دەستووری عێراق ئازادی دەربڕین بۆ ئەندامانی ڕۆژنامەوانی و میدیاکانی دیکە دەستەبەر دەکات، بەڵام سنووردارکردنی دەربڕینیشی تێدایە کە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە هەڵدەسەنگێندرێت بۆ پێشێلکردنی سیستەم و رەوشتی گشتی.

چەندین یاسای ڕێنووسکراوی ناڕوون بەکارهێنراوە بۆ بە ئامانجگرتن و بێدەنگکردنی ڕۆژنامەنووسان، چالاکوانان و سیاسەتمەدارانی ڕکابەر، بە هەرێمی کوردستانی عێراقیشەوە. لە زۆربەی کەیسەکاندا، سکاڵای ساختەی دژ بە ناوزڕاندن کەمتر دەربارەی سەلماندنی ئەنجامدانی تاوانە، بەڵکو دەربارەی بەکارهێنانی پرۆسە یاساییەکانە وەک سزایەک یان ڕێگایەک بۆ کۆنترۆڵکردنی چالاکییەکانی ئەو کەسەی تۆمەتبار دەکرێت. 

گۆڕانی کەشوهەوا و خراپبوونی ژینگە

نەتەوە یەکگرتووەکان عێراقی بە پێنجەم لاوازترین وڵات بەهۆی گەرمبوونی زەوی و گۆڕانی کەشوهەواوە ڕیزبەندکردووە، و قەیرانی ژینگەیی لە ڕووی قەبارە و توندییەوە بە بەردەوامی ڕووی لە خراپتر کردووە. وشکەساڵی، بە بیابانبوون، زیادبوونی ڕوودان و توندی زریانی لمی،  پیسبوون و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە نیشانەکانی ئەم قەیرانەن. لە چەند ساڵ یان دەیەی داهاتوودا، چاوەڕوان دەکرێت بەشێکی گەورەی عێراق بۆ نیشتەجێبوون نەشێت. یاسای لاوازیی پاراستنی ژینگە و کردارە پیشەسازییە پیسەکان وەک سووتاندنی گاز، بۆتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی شێرپەنجە.

بزووتنەوەیەکی ژینگەیی گەشەسەندوو هەوڵدەدات کە باس لەو خراپبوونە ژینگەییانە بکات کە بەهۆی ململانێ و خراپ بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانەوە دروست بووە، هەروەها دەیەوێت عێراق ئامادە بکات بۆ ڕاستییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، و برەوبدات بە دوورخستنەوەی عێراق لە ئابووریەکی پشەبەستوو بە ووزە. وەک چالاکوانانی بواری کۆمەڵگەی مەدەنی، هەوڵەکانیان ڕووبەڕووی هەراسانکردن، ترساندن و هەڕەشە بونەتەوە. لە شوباتی ۲۰۲۳، چالاکوانێکی بەناوبانگی ژینگەیی ڕفێندرا، ئەشکەنجە درا و بۆ ماوەی دوو هەفتە لەلایەن گروپێکی چەکداری نەناسراوەوە بەندکرا. لە ئازاری ۲۰۲۳، سەرۆک وەزیرانی سودان بەڵێنیدا ڕێوشوێنی گشتگیر بگرێتەبەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، لەوانە پلانی دابینکردنی یەک لەسەر سێی کارەبا بە بەکارهێنانی وزەی دووبارە بەکارهێنراو.

گەڕانەوەی ئاوارەکان

شەش ساڵ دوای ئەوەی دوایین ناوچەی ژێر کۆنترۆڵی داعش لەلایەن هێزەکانی عێراق و هاوپەیمانێتی سەربازیی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتی ئەمەریکا کۆنترۆڵکرایەوە، نزیکەی ١.٦ ملیۆن عێراقی هێشتا لە ناوخۆدا ئاوارەن، زۆربەیان لە هەرێمی کوردستانی عێراقن. لە نیسانی ٢٠٢٣، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران بە شێوەیەکی خێرا و بە ئاگادارکردنەوەیەکی ماوە کەمی پێشوەخت، و سەرەڕای نیگەرانییەکان سەبارەت بە سەلامەتی دانیشتوانی کەمپەکە لە ئەگەری ناچارکردنیان بۆ گەڕانەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان، کەمپی 5ی جەدای داخست؛کە دواین کەمپی فەرمی بوو بۆ ئاوارە ناوخۆییەکان لە عێراقی فیدراڵ.

لە کانوونی دووەمی ٢٠٢١ ەوە، دەسەڵاتدارانی عێراق نزیکەی ١٠،٠٠٠هاوڵاتی عێراقییان بە شێوەیەکی نایاسایی وەک گومانلێکراو، یان ئەندامانی خێزانی داعشیان لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریاوە گەڕاندوەتەوە، نزیکەی ٧ هەزار کەسیان لە کەمپی ئەلهەولەوە کە زۆرینەیان ژن و منداڵن و نزیکەی ٣ هەزار پیاو لە زیندانەکاندا دەستگیرکراون، کە عێراق دەڵێت دادگایی دەکرێن. زۆربەی گەڕێنراوەکان دەنێردرێن بۆ جەدعا ۱، کە "کەمپێکی کاتی چاکسازاییە"یە لە نزیک موسڵ، پێش ئەوەی بگەڕێنرێنەوە بۆ شوێنەکانی خۆیان. سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس و بەرپرسانی ئەمەریکا ستایشی گەڕانەوەکە دەکەن، هەرچەندە هەندێک لە ڕێکخراوە ناحکومییەکان و کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکان پرسیاری ئەوەیان لا درووست بووە  کە ئایا گەڕانەوەکان لەگەڵ بنەماکانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە گەڕانەوەی سەلامەت و خۆبەخش دەگونجێن. هەروەها نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە سەبارەت بەو خێزانانەی کە کەمپەکە جێ دەهێڵن بەبێ بەڵگەنامەی پێویست، کە لەوانەیە توانای دەستگەیشتنیان سنووردار بکات بۆ خزمەتگوزارییەکانی حکومەت لە شوێنەکانی خۆیان.

لە ساڵی ٢٠١٤وە لە سەدا شەستی دانیشتوانی شەنگال لە کەمپ و ماڵەکاندا ئاوارە بوون، کە لە هێرشەکانی داعش و بەرپەرچدانەوەی هێزەکانی عێراق هەڵهاتوون. بەردەوامی نەبوونی سەلامەتی لە شەنگال لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا و کێبڕکێی نێوان گروپە چەکدارەکان بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکە، ئاوەدانکردنەوەی خزمەتگوزارییە پێویستەکان و ژێرخانی ئابووری دواخستووە. دابین نەکردنی قەرەبوو لەلایەن حکومەتی عێراقیەوە بۆ ئەو ماڵ و شوێنە بازرگانیانەی کە لەکاتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا لەدەستچوون، بەربەستی سەرەکی بوون بۆ گەڕانەوەیان .

ئاراستەی سێکسی و شوناسی جێندەری

لە ساڵی ٢٠٢٣دا بارۆدۆخی سیاسی بەرامبەر کەسانی هاوڕەگەزخوازی مێینە و نێرینە، جووت ڕەگەزخواز و ڕەگەزگۆڕاوەکانی سەر بە کۆمەڵەی پەلکەزێڕینە لەعێراق، بەشێوەیەکی بەرچاو دووژمن کارانەتر بوو. ڕۆژی ١٥ی ئاب، ڕەعد مالیکی، ئەندامی سەربەخۆی پەرلەمان، پڕۆژە یاسایەکی پێشکەش کرد، کە سزای لەسێدارەدان یان زیندانی هەتاهەتایی لەسەر ڕەفتاری هاوڕەگەزخوازی و زیندانیکردن لەسەر دەربڕینی ڕەگەزگۆڕاوی دەسەپێنێت. سەرەتای ئەو مانگە کۆمیسیۆنی پەیوەندییەکان و میدیایی عێراق ڕێنماییەکی دەرکرد و فەرمانی بە سەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندن کرد کە لە زمانی بڵاوکراوە و پەخشکراویاندا دەستەواژەی "هاوڕەگەخوازی" بگۆڕن بە "لادانی سێکسی" و قەدەغەکردنی بەکارهێنانی دەستەواژەی "جێندەر".

لە ٣١ی ئایاردا لە هەرێمی کوردستانی عێراق، دادگایەک بڕیاری داخستنی ڕێکخراوی ڕاسان، کە ڕێکخراوێکی مافی مرۆڤە دەرکرد، بەهۆی ''چالاکییەکانی لە بواری هاوڕەگەزخوازیدا''. لە مانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠٢٢ ئەندامانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان پڕۆژەیاسایەکیان پێشکەش کرد کە سزای هەر تاکێک یان گروپێک دەدات کە داکۆکی لە مافەکانی کەسانی سەر بە کۆمەڵەی پەلکەزێڕینە بکات.

بەئامانجکردنی کەسانی سەر بە کۆمەڵەی پەلکەزێڕینە بە شێوەی ئۆنلاین و توندوتیژی دژی کۆمەڵەکە، لەوانەش کوشتن، ڕفاندن، ئەشکەنجەدان، توندوتیژی سێکسی لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە لە عێراق بەردەوامە بەبێ ئەنجامدانی لێپرسینەوەی یاسایی. هەروەها دەسەڵاتدارانی عێراق کەسانی سەر بە کۆمەڵەی پەلکەزێڕینەیان کردۆتە ئامانج بە بەکارهێنانی کۆمەڵێک بڕگەی ناڕوون لە یاسای سزادانی عێراقیدا کە ئامانج لێی بەپۆلیسکردنی ڕەوشت و ناشایستەیی گشتی و سنووردارکردنی ئازادی دەربڕینە.

ئەکتەرە سەرەکییە نێودەوڵەتییەکان

دوای بیست ساڵ لە لەشکرکێشییەکەی ئەمریکا بۆ سەر عێراق، حکومەتی ئەمریکا شکستی هێناوە لە دابینکردنی قەرەبوو یان چاکسازی دیکە بۆ ئەو عێراقییانەی کە تووشی ئەشکەنجە و پێشێلکاری دیکە بوون لەو زیندانانەی کە لە عێراقدا لەلایەن ئەمریکاوە بەڕێوەدەبرێت. هێشتا ڕزگاربووان ڕێگایەکی ڕوونیان نیە بۆ بەرزکردنەوەی داواکاریی بۆ حکومەتی ئەمریکا بۆ داوای قەرەبووکردنەوە یان دانپێدانان، لەگەڵ ئەوەی کاریگەرییەکانی ئەشکەنجەدان واقیعێکی ڕۆژانەیە بۆ زۆرێک لە ڕزگاربووانی عێراقی و خێزانەکانیان.

تورکیا بەردەوامە لە ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی و تیرۆرکردنی بەئامانجکراو لە باکووری عێراق، کە بە شێوەیەکی سەرەکی پارتی کرێکارانی کوردستان و یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال (یە بە شە) دەکاتە ئامانج، و هەندێکجار خەڵکی مەدەنیش دەکوژرێن. لە مانگی تەمموزی ٢٠٢٣ چوار ڕزگاربوو یان شایەتحاڵی هێرشە ئاسمانیەکانی تورکیا، کە گوایە نەخۆشخانەیەکی مەدەنی لە شنگال کردۆتە ئامانج و هەشت کەس کوژراون، سکاڵایەکی فەرمییان ئاراستەی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد. عێراق چەندین جار ئەو هێرشانەی بە پێشێلکردنی سەروەری وڵاتەکەی ئیدانەکردووە بەڵام تاڕادەیەکی زۆر خۆی لە لێکۆڵینەوە لە هێرشەکان یان قەرەبووکردنەوەی قوربانییەکان بەدوور گرتووە.