Skip to main content

عێراق: لەئارادابوونى داخستنى کامپەکان لە کوردستان

ئاوارەکانى ناوچەى شنگال لە مەترسیدان لەکاتێکدا قەرەبووکردنەوە و بنیاتنانەوە وەستاوە

کەمپی ئاوارەکانی چەم مشکۆ لە عیراق پێشوازی لە زۆرێك لە ئێزدییەکان کرد کە لە ناوچەی شنگال ئاوارەبوون، 3ی ئاب 2014.    © 2014 ڕەزا / گێتی ئیمەج

(بەیروت) هیومان ڕایتس وۆچ ئەمڕۆ ڕایگەیاند، پلانى داخستنى کامپى خەڵکانى ئاوارە لە هەرێمى کوردستانی عێراق کە دواهەمین مۆڵەتى بریتییە لە 30ى تەموز مافى زۆرێک لە دانیشتووانى کامپەکان دەخاتە مەترسییەوە لە قەزاى شنگال لە باکوور.

شنگال وەکو ناوچەیەکى ناسەلامەتە و خزمەتگوزارییە گشتییەکانى نەگونجاون بۆ مافى ئابوورى، کۆمەڵایەتى و کلتورى هەزاران کەسى ئاوارە کە لەوانەیە بەمزوانە فشاریان لێبکرێت بۆى بگەڕێنەوە. ئەو 23 کامپەى کە لەسەرتاسەرى هەرێمى کوردستاندا هەن، 157,000 کەسیان لەخۆگرتووە کە زۆرینەیان لە شنگالەوە هاتوون، بەپێى ئامارەکانى وەزارەتى ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان.

سارا سەنبار، توێژەرى عێراق لە هیومان ڕایتس وۆچ ڕایگەیاند: "زۆرێک لە شنگالییەکان لە ساڵى 2014ەوە لەکامپدا دەژین و ئەوان شایەنى ئەوەن بتوانن بگەڕێنەوە بۆ نیشتمانى خۆیان، بەڵام گەڕانەوە پێویستە بەشێوەیەکى سەلامەت و خۆبەخشانە بێت." هەروەها دەڵێت: "بەلەبەرچاوگرتنى نەبوونى خزمەتگوزارییەکان، ژێرخان، هەروەها ئاسایشى قەزاکە، حکومەت مەترسى دروست دەکات بۆ بارودۆخێکى خراپ کە خراپتر ببێت."

شنگال، قەزایەکى شاخاوییە لە  باکوورى ڕۆژئاواى عێراق، نیشتمانى دانیشتووانى کورد، عەرەب، و ئێزییە، کە کەمینەیەکى نەژادى و ئاینیین. هەشتا لەسەداى ژێرخان و 70 لەسەداى ماڵەکانى شارۆچکەى شنگال، کە گەورەترین شارى قەزاکەیە، لەماوەى جەنگى ڕووبەڕوونەوەى گروپە چەکدارە توندڕەوەکانى دەوڵەتى ئیسلامیى (ناسراو بە داعش) خاپووربوون، لەنێوان ساڵانى 2014 و 2017. بەپێى ڕێکخراوى کۆچى نێودەوڵەتى (IOM)، نزیکەى 183 هەزار دانیشتووى شنگال هێشتا ئاوارەن، کە لەسەدا 85ى دانیشتووانى ئێزدى ئەو قەزایە پێکدەهێنن. لەئێستادا، لەسەدا 65ى شارۆچکە و گوندەکانى شنگال تەنها نیوە یان کەمتر لە نیوەى دانیشتووانە ڕەسەنەکانى خۆیان تێداماونەتەوە، و 13 شارۆچکە و گوندى لە 2014ەوە هیچ کەسێک بۆى نەگەڕاونەتەوە.

وەزارەتى کۆچ و ئاوارەکان لە 24ى کانوونى دووەمدا 30 تەموزى وەکو دواهەمین وادە ڕاگەیاند. بۆئەوەى گەڕانەوە هانبدات، وەزارەتەکە پاکێجێکى هاندانى دارایى ڕاگەیاندووە، کە بۆیەکجار بڕى 4 ملیۆن دینارى عێراقى بە هەر خێزانێک دەدرێت (نزیکەى 3,000 دۆلارى ئەمەریکى دەکات)، هەندێک دەرفەتى کارى حکومیى، سوودمەندبووونى ئاسایشى کۆمەڵایەتیى، هەروەها قەرز بۆ پڕۆژەى بچووک بەبێ ئەوەى هیچ زیادەیەکى بچێتەسەر.

لە 19ى ئازاردا، شاندێکى نوسینگەى سەرۆکوەزیران سەردانى کامپى چامیشکۆى کرد لە دهۆک. مامۆستایەک کە دانیشتووى کامپەکەیە و بەشداربووە لە کۆبوونەوەى ئەو شاندەدا بە هیومان ڕایتس وۆچى ڕاگەیاند: "ئەوان سێ بژاردەیان خستەڕوو بۆ ئاوارەکان: گەڕانەوە بۆ شنگال، چوون بەرەو هەر شارێکى دیکەى ژێر دەسەڵاتى حکومەتى فیدراڵیى، یان مانەوە لە هەرێمى کوردستانى عێراق لە دەرەوەى کامپەکە." هەروەها دەڵێت: "بەڵام دەبێت حکومەت قەرەبوومان بکاتەوە بۆ دووبارە بنیاتنانەوەى ماڵەکانمان و خزمەتگوزاریمان بۆ دابین بکات ئینجا چاوەڕوانیى ئەوەمان لێبکات بگەڕێینەوە."

ڕێکخراوى هیومان ڕایتس وۆچ لە ڕاپۆرتێکدا لە ساڵى 2023 ئەوەى بۆ دەرکەوتووە کە ڕێگرى سەرەکى لە گەڕانەوەى شنگالییەکان شکستى حکومەت بووە بۆ دابینکردنى قەرەبوو بۆ ئەو زیانانەى بەر ماڵ و موڵک و ژیانیان کەوتووە، دواکەوتنى دووبارە بنیاتنانەوە، ناسەقامگیرى ئەمنیى، هەروەها نەبوونى دادوەرى و لێپرسینەوە لە تاوان و دەستدرێژییەکان لەدژى ئەوان.

لە ئایارى 2023دا، هیومان ڕایتس وۆچ ئەوەى ئاشکراکرد کە تەنانەت یەک کەس لە خەڵکى شنگال قەرەبووى وەرنەگرتووە بۆ ئەو زیانانەى بەر ماڵ و موڵک و ژیانیان کەوتووە، لەکاتێکدا بەپێى یاسایى ژمارە 20ى 2009 دەبوو ئەنجام بدرێت، کە 3,500 داواکارى پەسندکراو چاوەڕێى پارە دەکەن لەلایەن بەڕێوەبەرایەتى دارایى نەینەواوە. لە شوباتى 2024دا ژمارەى ئەوانەى داواکارییەکانیان تەواوە بەرزبووەتەوە بۆ 8,300، هێشتا تاکە کەسێک هیچ پارەیەکى وەرنەگرتووە، ئەوەش بە وتەى دادوەر عەمار محەمەد بۆ هیومان ڕایتس وۆچ، کە سەرۆکى لیژنەى قەرەبووکردنەوەى تەلعفەرە، لەهەمانکاتدا سەرپەرشتى قەرەبووکردنەوەى نوسینگەى لاوەکى قەرەبووکردنەوەى شنگال دەکات.

لە ماوەى چەند مانگى ڕابردوودا، ژمارەیەک لە بەرپرسانى حکومەت بە توێژەرێکى هیومان ڕایتس وۆچیان ڕاگەیاندووە کە هاوکارییە داراییەکان بۆ قەرەبووکردنەوەى شنگال بەمزوانە خەرج دەکرێن، یەکێکیان ئاماژەى بەوەداوە کە "بەزووترین کات لە هەفتەى داهاتوودا"، هەروەها پڕۆژەکانى بنیاتنانەوە لە پلانى خێرادان کە بەزوویى دەستپێبکەن. بەڵام دواى ساڵێک، تەنها چەند پێشکەوتنێکى کەم هەبوون.

دوو بەرپرسى حکومیى بە هیومان ڕایتس وۆچیان ڕاگەیاندووە کە دواکەوتنى قەرەبووکردنەوەکان بەهۆى "کێشەى بودجەوە" بووە کە ڕێگربووە لە قەرەبووکردنەوە بەپێى ئەو پارە دیاریکراوى تەرخانکراوە، بەبێ ئەوەى زیانرى زیاتر بخەنەڕوو.

دکتۆر دڵشاد عەلى، بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى گشتیى شنگال، ڕۆژى 4ى نیسان بە هیومان ڕایتس وۆچى ڕاگەیاند کە نەخۆشخانەکە بەوێرانەیى و پشتگوێخراوى ماوەتەوە، ستافى پزیشکى هێشتا لەشوێنێکدا کاردەکەن کە بڕیاروابوو بەشێوەیەکى کاتیى بەکاربهێندرێت. ئەو دەڵێت: "ئێمە چاوەڕێین پڕۆژەى بنیاتنانەوە ئاڕاستەى لایەنى جێبەجێکاربکرێت بۆئەوەى دەست بە پڕۆسەى بنیاتنانەوە بکەین. ڕێکخراوى ناحکومیى Chain of Hope لە شوێنە کاتییەکەدا باڵەخانەیەکى دیکە بنیات دەنێت کە 27 جێگا لەخۆى دەگرێت، ئەوەش تواناى لەخۆگرتنمان زیاتر دەکات و خەریکە تەواو دەبێت. بەڵام ئەوەندە بەس نییە، بەتایبەت ئەگەر خەڵکى زیاتر بگەڕێتەوە."

دکتۆر عەلى وتیشى یەک ناوەندیى تەندروستى سەرەتایى لە گوندى گوهبەل، لە باکوورى چیاى شنگال، بنیاتنراوەتەوەو لەئێستادا بەکاردەهێندرێت.

لە 2ى ئایاردا کارمەندێکى بەڕێوەبەرایەتى پەروەردەى نەینەوا بە هیومان ڕایتس وۆچى ڕاگەیاند کە چوار لەکۆى 24 قوتابخانەى خاپوور و تێکدراو لەکاتى ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا بنیانراونەتەوەو بەمزوانە دووبارە دەکرێنەوە. بەڵام وتیشى تەنها 86 قوتابخانە خزمەتگوزارییەکانیان تەواوە ئەمەش لەکۆى 206 قوتابخانە کە بەرلە 2014دا بوونیان هەبوو، هەروەها ئەوانەش زۆر قەرەباڵغن و کێشەى کەمیى مامۆستایان هەیە. ئەو دایک و باوکانەى چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا کراوە وتوویانە ئەوان 5,000 دینارى عێراقى دەدەن (نزیکەى 3.82 دۆلارى ئەمەریکى دەکات) لەبەرامبەر هەر منداڵێک بۆ هەر وەرزێکى خوێندنى قوتابخانە، بەوشێوەیە قوتابخانەکان دەتوانن مامۆستا دامەزرێنن، ئەوەش لە وڵاتێکدایە کە خوێندنى بێ بەرامبەر پێویست کراوە.

کارمەندێک دەڵێت: "لە دواهەمین سەردانى سەرۆکوەزیراندا پێم وت ئێمە پێویستمان بە بنیاتنانى بەلایەنى کەمەوە 100 قوتابخانە هەیە ئەگەر ئاوارەکان بگەڕێنەوە، چونکە 100 قوتابخانە لەناو کامپەکاندا هەن."

کارمەندەکە دەڵێت دوو قوتابخانە لە گوندى خانەسور لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە داگیرکراون، یەکێکیان لەلایەن پۆلیس و ئەوی دیکەشیان لەلایەن یەکینەکانى پاراستنى شنگال (یەبەشە)، کە گروپێکى میلیشیاى ئێزدیە و پەیوەندى ئاشکراى لەگةڵ پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە) هەیە. سێیەم قوتابخانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى عێراقەوە داگیرکرابوو تاوەکو کۆتایى 2023، دواى ئەوە ڕادەستى بەڕێوەبەرایەتى پەروەردەیان کردەوە.

تەنها یەک لەو 14 ئاوارانەى شنگال ئەوانەى هیومان ڕایتس وۆچ چاوپێکەوتنى لەگەڵدا کردبوون لە 2023دا گەڕانەوە بۆ نیشتمانى خۆیان، ئەویش خەلیل حەسەن بوو. حەسەن دەڵێت: "گەڕانەوەم بۆ شنگال لە تەموزى 2023دا بڕیارێک بوو کە لە ئاسوودەبوونى تاکەکەسى خۆمەوە سەرچاوەى گرتبوو، من هەستم دەکرد کە ژیانى کامپ چیتر بۆمن سەقامگیر نەبوو." هەروەها دەڵێت "پشتیوانی حکومیى بۆ گەڕانەوەمان هیچ بوونى نەبوو. هۆکارى سەرەکى بەدەستهێنانەوەى نیشتمانەکەم و سەربەخۆیانە بنیاتنانەوەى ژیانم بوو."

ئەوانى دیکە، کەسانى وەکو عەبدۆ عەلۆ، هێشتا لە کامپەکاندا دەژین. ئەو دەڵێت "من هێشتا لە کامپى خانکێ-م. چەند هۆکارێک ڕێگرى کردووە لە گەڕانەوەم، بۆنمونە نەبوونى خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان، ناسەقامگیرى ئەمنیى، هەروەها خاپووربوونى ماڵەکەم." ئەو نیگەرانى خۆى خستەڕوو لەبارەى داهاتوویەکى نادیارەوە کە داخستنى کامپەکە زۆر نزیک بووەتەوە، و لەحاڵەتى فشارکردن لێیان بۆ گەڕانەوە بۆ شنگال هیچ شوێنێک نییە بۆى بچێت.

یاساى نێودەوڵەتى مافەکانى مرۆڤ و دەستوورى عێراق گرەنتیى مافەکانى هاووڵاتیان دەکات لەبوارەکانى تەندورستیى، پەروەردە، نیشتەجێکردن، هەروەها ستانداردێکى گونجاوى ژیان. بنەما ڕێکارییەکانى ئاوارەبوونى ناوخۆیى ئاماژە بەوە دەدەن کە دەسەڵاتدارانى خاوەن توانا دەبێت قەرەبووى ماددى یان هەر جۆرێکى دیکەى گونجاو لە قەرەبوو ببەخشن بە کەسانى ئاوارە کاتێک ناتوانن ماڵ و موڵکى خۆیان بەدەستبهێننەوە. بنەما ڕێکارییەکان بەپێویستى دەزانێت کە دەسەڵاتداران شێڵتەرى سەرەتایى و شوێنى نیشتەجێبوون دابین بکەن.

سەنبەر دەڵێت: "هیچ کەسێک نایەوێت بۆهەمیشە لەکامپى ئاوارەکاندا بژى، بەڵام داخستنى کامپەکان لەکاتێکدا نیشتمانەکەیان سەلامەت نییە، ئەوە چارەسەرێکى سەقامگیرنییە بۆ ئاوارەبوون." هەروەها دەڵێت: "پشتیوانییە داراییەکانى بنیاتنانەوەى شنگال ئامادەن، پێویستە حکومەت خەرجى بکات بۆ شنگیالییەکان بۆئەوەى بتوانن بگەڕێنەوە و ژیانى خۆیان بنیات بنێنەوە."

Your tax deductible gift can help stop human rights violations and save lives around the world.

Region / Country