Skip to main content

عێراق: هێزە ئەمنییەکان تەقە لە خۆپیشاندەرانی کەرکووک دەکەن

زیادبوونی گرژییە نەتەوەییەکان لە ناوچە جێناکۆکەکاندا

(بەیروت)- ئەمڕۆهیومان رایتس وۆچ رایگەیاند، پێدەچێت هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە 2ی ئەیلوولی 2023 بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردبێت وە بەلایەنی کەمەوە 4 کەس کوژراون و 16 کەسیش برینداربوون.

ئەم توندوتیژیانە لە کاتێکدایە کە چەند مانگێکە گرژییەکان لە نێوان دانیشتوانی کورد و عەرەب و تورکمانی کەرکووکدا ڕووی لە زیادبوون کردووە. لێکۆڵینەوەیەک لە رووداوەکە کە لەلایەن محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق پێکهێنراوە، پێویستە سەربەخۆ و بێلایەن بێت لە بەدواداچوونەکانیدا سەبارەت بە تۆمەتەکانی زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی هێزی کوشندە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە.

سارە سەنبار، لێکۆڵەری عێراق لە رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ دەڵێت: "دووبارە حکومەتی عێراق بە هێزێکی کوشندە و دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان وەڵامی ناڕەزایەتییەکانی داوەتەوە. حکومەت پێویستی بە هەنگاوی کۆنکرێتی هەیە کە لە ئەنجامدا لێپرسینەوە لەم کارانە بکات.”

گرژییە نەتەوەییەکان بەهۆی باڵەخانەیەکی شاری کەرکوکەوەیە کە پێشتر بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان بووە، گەورەترین حزبی سیاسی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان. باڵەخانەکە لە ساڵی ٢٠١٧ەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراقی فیدراڵیەوە داگیرکراوە، کاتێک هێزە فیدراڵیەکان دەستیان بەسەر کەرکوکدا گرت لە وەڵامی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان. گرژییەکان تەشەنەی سەند لە دوای ئەوەی سەرۆک وەزیران سودانی لە 1ی ئەیلوول فەرمانی کرد  بە گەڕاندنەوەی باڵەخانەکە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان، کە بەپێی ڕێککەوتنێک لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردبووی لە کاتی پێکهێنانی حکومەتەکەی لە تشرینی یەکەمی 2022دا.

ڕۆژی 28ی ئاب، خۆپیشاندەرانی عەرەب و تورکمان لە بەردەم بارەگای پێشووی پارتی دیموکراتی کوردستان دانیشتنێکیان ئەنجامدا و داوای راگرتنی رادەستکردنەوەی باڵەخانەکە و رێگری لە دەستپێکردنەوەی کارەکانی حزبەکەیان لە کەرکوک کرد. بەپێی زانیارییەکان، خۆپیشاندەران خێمەیەکیان هەڵداوە و ڕێگای سەرەکی کەرکوک و هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانیان داخستووە، ئەمەش رێگری لە هاتوچۆی نێوان کەرکوک و هەرێمی کوردستان دەکات.

بە هاتنی خۆپیشاندەرانی کورد لە دژی ئەو ناڕەزایەتیانەی کە هەیە، گرژیەکان زیاتر پەرەی سەند. بە جێگیرکردنی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و ئەگەری بەکارهێنانی هێزی زیاتر و کوشندە بۆ راوەدوونانی خۆپیشاندەران، گرژیەکان گەیشتە لوتکە.

شایەتحاڵان بە هیومان رایتس وۆچیان ڕاگەیاندوو، هێزە ئەمنییەکان لەناکاو و بەبێ ئاگادارکردنەوە تەقەیان کردووە، ڕەنگە لە وەڵامی خۆپیشاندەراندا بێت کە بەردیان بەسەر ئۆتۆمبێلەکانیاندا فڕێداوە.

لەتیف فاتیح فەرەج، نووسەری سەربەخۆی کورد کە لەگەڵ کەسوکاری قوربانییەکان کۆبووەوە ووتی، هەر چوار کەسەکەی کە کوژراوون کوردن و دوو ئەفسەری عێراقیش لە تێکهەڵچوون لەگەڵ خۆپیشاندەران برینداربوون.

فەرەج ئاماژەی بەوش کرد کە یەکێک لەو کەسانەی کە کوژراون، پێشمەرگەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بووە، کە لە دەرەوەی ئەرکدا بووە. هیومان رایتس وۆچ هەواڵی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسانی پێگەیشت کە ڕووماڵی ناڕەزایەتییەکان کردوو بەڵام نەیتوانی ژمارەکە پشتڕاست بکاتەوە.

دوای توندوتیژییەکانی 2ی ئەیلوول، سەرۆکوەزیران سودانی بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا داوای لە هەموو لایەنەکان کرد رێگری لە ململانێی زیاتر بکەن و سەقامگیری لە کەرکوک مسۆگەر بکەن، هەروەها قەدەغەی هاتووچۆی بۆ ماوەی 48 کاتژمێر سەپاند. هەروەها لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پێکهێنا بۆ ئاشکراکردنی هۆکارەکانی کوشتن و برینداربوونی خۆپیشاندەران.

هەژار ڕەمەزان کوردێکی دانیشتووی شاری کەرکوک بە هیومان رایتس وۆچی ڕاگەیاند، لە کاتی ڕووداوەکەدا براکەی تەقەی لێکراوە و کوژراوە. گوتیشی: "هاوکار عەبدوڵڵا ڕەمەزانی برام تەمەن 38 ساڵ و باوکی چوار منداڵ، لەکاتی خۆپیشاندانەکدا لە کەرکوک بەشێوەیەکی کارەساتبار گیانی لەدەستدا". ڕەمەزان ئاماژەی بەوەشکرد کە، “دوو گولەی کوشندە بەردڵی کەوتووە. تاکە 'تاوانی' براکەی ئەوە بووە کە بە شانازییەوە ئاڵای کوردستانی هەڵکردووە”.

ڕۆکان مەحموود جاف، ڕۆژنامەنووس لە ئاڤا میدیا بە هیومان ڕایتس وۆچی ڕاگەیاند، هێزەکانی دژە تیرۆری عێراق لە کاتی رووماڵکردنی ناڕەزایەتییەکان تەقەیان لە قۆڵی کردووە. ئەو لەگەڵ کامێرامانەکەیدا خەریکی پەخشی راستەوخۆ بوون، کاتێک هێزەکانی دژە تیرۆر بەبێ ئاگادارکردنەوە دەستیان بە تەقەکردن کردووە. لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە جاف لەگەڵ هیومان رایتس وۆچ شەیری کردووە، دەردەکەوێت کە بە خێرایی بەرەو ئۆتۆمبێلێک ڕادەکات کاتێک کەسێک بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری هەمەری رەش کە ئاڵای عێراقی لەسەرە، تەقەی لێدەکەن.

هەروەها جاف ووتیشی،''هەوڵمدا لە پشت ئۆتۆمبێلێکەوە پەناگە بدۆزمەوە، بەڵام فیشەکێک بەر قۆڵم کەوت، فیشەکێکی دیکەش بەر ئۆتۆمبێلەکە کەوت. تەنها چەند ساتێک پێش برینداربوونم، شاهیدی ئەوە بووم کە گەنجێک گولەیکەی کوشندە بەر سنگی کەوت لەلایەن هێزەکانی دژە تیرۆرەوە. بەهۆی ئۆتۆمبێلەکانیانەوە دەمتوانی بزانم ئەوان هێزی دژە تیرۆرن. چەند خولەکێک پێش پەرەسەندنی گرژییەکان لەگەڵیان قسەمان دەکرد”. ووتیشی، کە زیاتر لە 50 ئۆتۆمبێلی بەهێمای دژەتیرۆرەوە لە ناوچەکەدا بینیوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، خۆپیشاندەران بەپەلە گەیاندوویانەتە نەخۆشخانەیەک. بەنیازە سکاڵایەکی فەرمی لە دژی هێزەکانی دژەتیرۆر تۆمار بکات و پێشتر ووتەی خۆی پێشکەش بە لیژنەی لێکۆڵینەوەییەکەی سەرۆکوەزیران سودانی کردووە.

هێمن دەلۆ، پەیامنێری کوردستان24 بە هیومان رایتس وۆچ-ی ڕاگەیاند، دوای ئەو توندوتیژییانە، تیمەکەی فەرمانی ئامادەبوونیان لەلایەن دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراقەوە پێگەیشتووە بۆ ئەوەی لە نووسینگەکەیان لە کەرکوک ئامادەبن. دەلۆ وتی: "ئێمە هەڵمانبژارد پابەند نەبین." دەلۆئاماژەی بەوەشکرد، “لە ساڵی ٢٠١٧ەوە ستافەکەمان رووبەڕووی چەندین حاڵەتی هەراسانکردن بووەتەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکان و دەسەڵاتە خۆجێیەکانی کەرکوکەوە”

لە وەڵامی توندوتیژییەکاندا، دادگای باڵای عێراق فەرمانەکەی سودانی بۆ رادەستکردنەوەی باڵەخانەکە بە پارتی دیموکراتی کوردستان راگرت. مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیارەکەی بە "گاڵتەجاڕیی" ناوبرد.

لە 3ی ئەیلوولدا، سودانی دووپاتی کردەوە کە هێزە ئەمنییەکان لە کەرکوک بە توندی پابەندن بە پاراستنی مافەکانی دانیشتوانی کەرکوک بۆ ژیانێکی شکۆمەندانە، ئازادی رادەربڕین و چێژبینین لە ژینگەیەکی ئارام.

شاری کەرکووک، شارێکی فرە نەتەوەیی و فرە ئایینییە، یەکێکە لە ناوچە جێناکۆکانەی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی عێراقی. یەکێکە لەو شوێنانەی وڵات، کە بەشێک لە خراپترین توندوتیژییەکانی دوای-داعش تێیدا ڕووی داوە. هەروەها پارێزگاکە شوێنی کۆنترین کێڵگە نەوتییەکانی عێراقە کە بەردەوامە لە بەرهەمهێنان. مادەی ١٤٠ی دەستووری عێراق داوای چارەسەرکردنی دۆخی ناوچە جێناکۆکەکانی عێراق دەکات، لەنێویاندا کەرکوک، لەڕێگەی ریفراندۆمەوە. لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی یەکلاکەرەوە بۆ جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ نەکراوە.

هیومان رایتس وۆچ ڕایگەیاند، پێویستە حکومەتی عێراق بە زووترین کات دەرئەنجامە سەرەتاییەکانی لێکۆڵینەوەکە ئاشکرا بکات و لەو شوێنانەی بەڵگەی هەڵەکردن دۆزراوەتەوە، ئەو کەسانەی بەرپرسیارن لە دادگاییکردنی دادپەروەرانەدا رووبەڕووی یاسا بکرێنەوە.

حکومەتی عێراقی تاوەکو ئێستا دادپەروەری بەدی نەهێناوە بۆ کوژرانی زیاتر لە 600 خۆپیشاندەر و برینداربوونی 20 هەزاری دیکەی خۆپیشاندانەکانی ئۆکتۆبەری 2019 لەسەر گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری، کە بە بزووتنەوەی تشرین ناسراوە.

سەنبار وتی: "وەڵامی ستانداردی حکومەتی عێراق بۆ حاڵەتەکانی توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران، کردنەوەی لێکۆڵینەوەیە،  بەڵام بە دەگمەن دەگەنە هیچ شتێک. بەڵام ئەم لێکۆڵینەوە نوێیە پێویستە ستانداردێکی نوێ و باشتر بچەسپێنێ، و دڵنیابێت لەوەی کە دادپەروەری بۆ قوربانییەکان و خێزانەکانیان بەدی دێت."

Your tax deductible gift can help stop human rights violations and save lives around the world.

Region / Country