له‌ پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی ڕاپۆرته‌كه‌ی هیومان ڕایتس ۆوچ '' هه‌رێمی كوردستانی عێراق: به‌ هه‌زاران هاووڵاتی هه‌ڵهاتوو له‌ چاوه‌ڕوانیدان له‌ به‌ره‌كانی پێشه‌وه‌ی شه‌ڕ'' له‌ ڕێكه‌وتی ٢١ی حوزه‌یرانی ٢٠١٧، هیومان ڕایتس ۆوچ ئه‌م لێدوانه‌ی خواره‌وه‌ی له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ پێگه‌یشت.

 

(به‌یروت)—هیومان ڕایتس ۆوچ له‌ ڕاپۆرته‌كه‌ی ئه‌مڕۆیدا ڕایگه‌یاند، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ ماوه‌ی نزیكه‌ی ٣ مانگ و له‌ خاله‌كانی پشكنین، به‌و ناوچانه‌شه‌وه‌ كه‌ له‌ هێڵه‌كانی پێشه‌وه‌ی شه‌ڕن، به‌ هه‌زاران هاووڵاتی مه‌ده‌نی هه‌ڵهاتووی ناوچه‌كانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی (ناسراو به‌ داعش)یان ڕاگرتووه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای نیگه‌رانی ئه‌منی گشتی و له‌ زۆرێك له‌ كه‌یسه‌كاندا ڕێگریان كردووه‌ له‌ گه‌یاندنی هاوكاری مرۆیی بۆیان. پێویسته‌ له‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌ستێ به‌ دابینكردنی هاوكاری مرۆیی خێراو به‌په‌له‌ بۆ هه‌موو ئه‌و هاووڵاتیانه‌ی پێویستیان به‌م هاوكاریانه‌یه‌و ڕێگه‌یان پێبده‌ن بگه‌نه‌ ناوچه‌ی ئارام.

هێزەکانی پێشمەرگە لە ئامادە باشیدان لە یەکێک لە خاڵاکانی پشکنینی باکووری عێراق.

© 2016 ڕۆیتەرز

ئه‌م هاووڵاتیانه‌ كه‌  ژماره‌یه‌كی زۆریان له‌ خێزان پێك دێن له‌ ناوچه‌ی حه‌ویجه هه‌ڵهاتوون‌ كه‌ به‌ دووری ٦٠ كیلۆمه‌تر ده‌كه‌وێته‌ باشووری موسڵ و ته‌له‌عفه‌رو ٥٥ كیلۆمه‌تر ڕۆژئاوای موسڵ كه‌ له‌ مانگی حوزه‌یرانی ٢٠١٤ وه‌ له‌ژێر كۆنترۆڵی داعشدا بووه‌. ستافی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌ هیومان ڕایتس ۆوچیان ووت، هێشتا ٨٠ هه‌زار هاووڵاتی مه‌ده‌نی له‌ ناو حه‌ویجه‌و ٢٠ هه‌زاری تر له‌ ناو ته‌له‌عفه‌ردا ماونه‌ته‌وه‌.

له‌ما فه‌قیه‌، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری هیومان ڕایتس ۆوچ بۆ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ووتی، ''ده‌بێت هه‌موو گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق زۆرترین كۆشش بكه‌ن له‌ یارمه‌تیدانی هاووڵاتیانی مه‌ده‌نی له‌ گه‌یشتنه‌ ناوچه‌ی ئارام و دابینكردنی خۆراك و ئاوی خواردنه‌وه‌و داوده‌رمان بۆیان. بارودۆخه‌كه‌ ڕوو له‌ خراپتر ده‌كات كاتێك هێزه‌كانی دژ به‌ داعش ده‌ست به‌ ئۆپراسیۆنی گرتنه‌وه‌ی حه‌ویجه‌و ته‌له‌عفه‌ر ده‌كه‌ن.''

چوار كه‌س كه‌ له‌گه‌ڵ خێزانه‌كانیان له‌ خاڵه‌كانی پشكنین ڕاگیرابوون و دوو كه‌س كه‌ زانیاری ڕاسته‌وخۆیان هه‌یه‌ له‌سه‌ر جموجوڵی ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی له‌ ناوچه‌كه‌ هه‌ڵدێن به‌ هیومان ڕایتس ۆوچیان ووت، له‌ هه‌ریه‌ك له‌و چوار بازگه‌یه‌ی خێزانه‌كان هه‌وڵی چوونه‌ ناو ناوچه‌كانی ژێر كۆنترۆڵی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیان داوه‌، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ هه‌ستاوون به‌ ڕاگرتنی هاووڵاتیانی مه‌ده‌نی بۆماوه‌ی چه‌ندین ڕۆژ و هه‌فته‌و ته‌نانه‌ت له‌ كه‌یسێكدا بۆ ماوه‌ی سێ مانگ. له‌ زۆرێك له‌ كه‌یسه‌كاندا، ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی خێزانه‌كان بكه‌ونه‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسی هاوه‌نه‌كانی داعش و هێرشی خۆكوژی و بێ خۆراكی و پێداویستیه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی تر بۆیان.

پیاوێك كه‌ له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی بۆ ماوه‌ی سێ ڕۆژ له‌ بازگه‌یه‌ك له‌ مه‌كته‌ب خالید ڕاگیرابوو، كه‌ گووندێكی وێرانه‌یه‌ له‌ هێڵه‌كانی پێشه‌وه‌و ده‌كه‌وێته‌ مه‌ودای تۆپبارانه‌كانی داعش، ووتی: ''ئه‌و سێ ڕۆژه‌م له‌ دڵه‌ڕاوكێدا به‌سه‌ربرد له‌ترسی ئه‌وه‌ی كه‌ داعش هه‌موومان بكوژێت و، له‌هه‌مان كاتدا، ترس له‌وه‌ی منداڵه‌كانم له‌ سه‌رمادا ڕه‌ق ببنه‌وه‌. ئه‌و سێ ڕۆژه‌ خراپترین ڕۆژه‌كانی ژیانم بوون.''

یه‌كێكی تر باسی له‌وه‌كرد كه‌ چۆن كۆرپه‌ ته‌مه‌ن ٦ مانگه‌كه‌ی له‌ بێ شیریدا گیانی له‌ده‌ستداوه‌‌ له‌كاتێكدا خێزانه‌كه‌ی چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ بوون ڕێگه‌ی په‌ڕینه‌وه‌یان پێ بدرێ.

یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ی كه‌ زانیاری ڕاسته‌وخۆی هه‌یه‌ له‌سه‌ر جموجوڵی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ ڕێگه‌ی مه‌كته‌ب خالیده‌وه‌ هه‌ڵدێن به‌ هیومان ڕایتس ۆوچی ووت، له‌ چه‌ند حاڵه‌تێكدا له‌ مانگی نیسان و مایزی ٢٠١٧دا، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه بۆ ماوه‌ی تا ١٤ ڕۆژ‌ ڕێگریان له‌ ده‌یان هاووڵاتی مه‌ده‌نی كردووه‌ له‌ په‌ڕینه‌وه‌و هه‌روه‌ها ڕێگریان له‌ ڕێكخراوه‌ مرۆییه‌كان كردووه‌ له‌ گه‌یاندنی هاوكاری مرۆیی بۆیان. هه‌روه‌ها كه‌سێكی تر كه‌ زانیاری ڕاسته‌وخۆی هه‌یه‌ له‌سه‌ر جموجوڵی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ ڕێگه‌ی بازگه‌ی داقوقی پێشمه‌رگه‌ هه‌ڵدێن كه‌ ١٧ كیلۆمه‌تر له‌ به‌ره‌كانی پێشه‌وه‌ی شه‌ڕ دووره‌، ووتی، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌وێش بۆ ماوه‌ی تا ١٦ ڕۆژ ڕێگریان له‌ په‌ڕینه‌وه‌ی هاووڵاتیان كردووه‌و گه‌یاندنی هاوكاریه‌ مرۆییه‌كانیان بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ سنووردار كردوون.

به‌رپرسێكی حكومه‌تی عێراقی ووتی، چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ ده‌یان خێزان كردووه‌ كه‌ له‌ ساڵی ڕابردوودا به‌ناو مه‌كته‌ب خالیدا تێپه‌ڕیوون و ئه‌م خێزانانه‌ پێیان ڕاگه‌یاندووه‌ له‌كاتی گه‌یشتنیان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ ناوی خێزانه‌كانیان كۆكردۆته‌وه‌و پێیان ڕاگه‌یاندوون ته‌نها كاتێك ڕێگه‌ی په‌ڕینه‌وه‌یان پێده‌درێ ئه‌گه‌ر قه‌باره‌ی قه‌ره‌باڵغیه‌كه‌ بگاته‌ ٣٠٠ خێزان. ئه‌و به‌رپرسه‌ ووتیشی، نیگه‌رانی له‌باره‌ی ڕێگه‌نه‌دان به‌ په‌ڕینه‌وه‌ی هاووڵاتیان له‌ كاتی خۆیدا له‌گه‌ڵ پارێزگاری كەركوك و فه‌رمانده‌كانی پێشمه‌رگه‌ باسكردووه‌، به‌ڵام پێی ووتراوه‌ ئه‌م ڕێوشوێنانه‌ پێویستن بۆ ده‌ستنیشانكردنی ئه‌و هاووڵاتیانه‌ی په‌یوه‌ندیان به‌ داعشه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌رله‌ ڕێگه‌دانیان له‌ په‌ڕینه‌وه‌.

به‌ڵام، ئه‌م بیانووه‌ ئه‌منیه‌ پێچه‌وانه‌ی ووته‌ی خێزانه‌كانه‌ بۆ ئه‌و به‌رپرسه‌و هه‌روه‌ها بۆ هیومان ڕایتس ۆوچیش كه‌ ووتبوویان ته‌نها كاتێك ڕێگه‌ی په‌ڕینه‌وه‌یان پێدراوه‌ ئه‌گه‌ر ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ خێزانه‌كان له‌ بازگه‌كه كۆبونایه‌ته‌وه‌‌.  چه‌ند خێزانێكی تر ووتیان له‌ كاتی گه‌یشتنیان بینیوویانه‌ كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر خێزان له‌ بازگه‌كه‌ له‌ چاوه‌ڕوانیدا بوون و ته‌نها بۆماوه‌ی چه‌ند كاتژمێرێك چاوه‌ڕوانیان كردووه‌ به‌رله‌وه‌ی ڕێگه‌ی په‌ڕینه‌وه‌یان پێبدرێ.

به‌پێی ووته‌ی كه‌سێك كه‌ زانیاری ڕاسته‌وخۆی له‌سه‌ر جموجوڵی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ ناوچه‌كه‌ هه‌ڵدێن هه‌یه‌، له‌ ١٨ی نیسانه‌وه‌ زیاتر له‌ ٥ هه‌زار كه‌س كه‌ له‌ ته‌له‌عفه‌ر هه‌ڵهاتوون هه‌وڵی چوونه‌ ناو ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیان له‌ ڕێگه‌ی بازگه‌ی شندوكانی پێشمه‌رگه داوه‌‌، كه‌ گووندێكه‌ له‌ به‌ره‌كانی پێشه‌وه‌ی شه‌ڕ، ئه‌م كه‌سانه‌ له‌ یه‌ك ڕۆژه‌وه‌ بۆ سێ ڕۆژ به‌بێ ئاو خۆراك و شوێنی حه‌وانه‌وه‌ له‌ بازگه‌كه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ ڕاگیراون به‌رله‌وه‌ی ڕه‌وانه‌ی سه‌هێڵج بكرێن كه‌ گووندێكی نزیك له‌وشوێنه‌یه‌و ١٠ كیلۆمه‌تر له‌ به‌ره‌كانی پێشه‌وه‌ی شه‌ڕ دووره‌و ده‌كه‌وێته‌ مه‌ودای تۆپبارانه‌كانی داعش.

به‌پێی ووته‌ی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ هه‌ستاوون به‌ ڕاگرتنی نزیكه‌ی ٢٠٠ هاووڵاتی هه‌ڵهاتووی ته‌له‌عفه‌ر بۆ ماوه‌ی زیاتر له‌ دوو مانگ له‌ بازگه‌یه‌ك له‌ فازلیه‌ كه‌ به‌دووری ١٥ كیلۆمه‌تر ده‌كه‌وێته‌ باكووری موسڵ و ٢٢ كیلۆمه‌تر له‌ به‌ره‌كانی پێشه‌وه‌ی شه‌ڕ. ڕێكخراوه‌ مرۆییه‌كان و هاوكاره‌كانیان ڕاسته‌وخۆ ڕێگه‌یان پێنه‌دراوه‌ له‌ دابینكردنی هاوكاری مرۆیی بۆ ئه‌و كه‌سانه‌. سه‌رچاوه‌یه‌ك كه‌ چاودێری پێشهاته‌كان ده‌كات ووتی، له‌سه‌ره‌تای مانگی حوزه‌یران و پاش سێ مانگ له‌ چاوه‌ڕوانی كردن خێزانه‌كان ڕێگه‌یان پێدرا له‌ چوونه‌ ناوه‌وه‌ جێگر بوون له‌ كامپی ئاواره‌كان.

له‌ مانگی حوزه‌یرانی ٢٠١٧، هیومان ڕایتس ۆوچ ده‌ره‌نجامی ڕاپۆرته‌كانی له‌م باره‌یه‌وه‌ خسته‌ پێش چاو كۆمیته‌ی باڵای پێداچوونه‌وه‌ی ڕاپۆرته‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و داوای له‌و كۆمیته‌یه‌ كرد لێداونی خۆی له‌وباره‌یه‌وه‌ بدات، به‌ڵام تا كاتی بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌م ڕاپۆرته‌ هیچ وه‌ڵامێكمان له‌و كۆمیته‌یه‌وه‌ پێنه‌گه‌یشتووه‌.

ڕه‌نگه‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كان نیگه‌رانی ئه‌منی دروستیان هه‌بێت و مافی خۆیانه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و هاووڵاتیانه‌ بكه‌ن كه‌ له‌ ناوچه‌كانی داعشه‌وه‌ هه‌ڵدێن. به‌ڵام، ده‌بێت به‌رپرسان پێداویستیه‌ ته‌ندروستیه‌كان به‌ فریاگوزاری سه‌ره‌تایشه‌وه‌ له‌ سه‌نته‌ره‌كانی پێشوازی بۆ هه‌موو كه‌س دابین بكه‌ن. ئه‌و به‌رپرسانه‌ی سه‌نته‌ره‌كانی پێشوازی به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن ده‌بێت دڵنیابن له‌وه‌ی ئه‌م سه‌نته‌رانه‌ دووربن له‌ ناوچه‌كانی شه‌ڕ. هه‌روه‌ها ده‌بێت به‌رپرسان له‌كاتی پرۆسه‌كه‌دا ئه‌وله‌ویات به‌ پیروپه‌ككه‌وته‌و به‌ساڵاچوو منداڵان بده‌ن به‌وانه‌شه‌وه‌ كه‌ پێویستان به‌ هاوكاری ته‌ندروستی خێرایه‌ هه‌یه‌و هه‌موو پێداویستیه‌كیان بۆ دابین بكه‌ن له‌ شوێنی حه‌وانه‌وه‌و خۆراك و شیر بۆ كۆرپه‌كان و ئاوی خواردنه‌وه‌.

به‌پێی یاسا مرۆییه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان، ده‌بێت لایه‌نه‌كانی شه‌ڕ هه‌موو هه‌نگاوێكی گوونجاو بگرنه‌به‌ر له‌ چۆڵكردنی دانیشتوانی مه‌ده‌نی له‌و ناوچانه‌ی ده‌كه‌ونه‌ مه‌ودای شه‌ڕو ئامانجی سه‌ربازی و هه‌موو ڕێگه‌یه‌ك بگرنه‌به‌ر له‌پێناو به‌رگریكردن له‌ هاووڵاتیانی مه‌ده‌نی له‌ ئازاردانیان. پێویسته‌ له‌سه‌ر هه‌موو لایه‌نه‌كان هه‌ستن به‌ كارئاسانی كردن و دابینكردنی هاوكاری مرۆیی خێرا بۆ هه‌موو ئه‌و هاووڵاتیانه‌ی پێویستیان به‌و هاوكاریانه‌یه‌. ده‌بێت به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دڵنیایی بده‌ن له‌ پرۆسه‌یه‌كی دادوه‌ری بێلایه‌ن بۆ ده‌ستگیركراوان و ڕێگه‌بده‌ن به‌ ده‌ستگیركراون پارێزه‌ریان هه‌بێت و چاودێری ته‌ندروستی و هۆكاری په‌یوه‌ندیكردنیان به‌ خێزانه‌كانیانه‌وه‌ بۆ دابین بكه‌ن. هێشتنه‌وه‌ی هه‌ركه‌سێك بۆماوه‌یه‌كی دیاریكراو به‌بێ ئه‌وه‌ی بتوانێ شوێنه‌كه‌ جێبهێڵی به‌ ده‌ستگیركراو له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێت.

فه‌قیه‌ ووتی، ''ئه‌م خێزانانه‌ بۆماوه‌ی چه‌ندین ساڵ له‌ژێر مامه‌ڵه‌ی خراپی داعش ژیانیان گوزه‌ر كردوه‌و بۆ ماوه‌ی چه‌ندین مانگ به‌ده‌ست كه‌می خۆراك و ئاوی خواردنه‌وه‌و داوده‌رمان ناڵاندویانه‌ و له‌پێناو گه‌یشتنه‌ ناوچه‌یه‌كی ئارام ژیانیان خستۆته‌ مه‌ترسیه‌وه‌. دواخستنی ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی له‌ داعش هه‌ڵدێن له‌ گه‌یشتنه‌ ناوچه‌ی ئارام و سه‌لامه‌ت و دواخستنی گه‌یاندنی هاوكاری بۆیان نامرۆڤانه‌یه‌.''  

خێزانه‌كان باس له‌ چاوه‌ڕوانیكردنیان له‌ بازگه‌كان ده‌كه‌ن

زۆرێك له‌ خێزانه‌كان كه‌ له‌ حه‌ویجه‌و ته‌له‌عفه‌ره‌وه‌ هه‌ڵهاتوون هه‌وڵیانداوه‌ له‌ڕێگه‌ی چه‌ند بازگه‌یه‌كی سه‌ره‌كیه‌وه‌ بچنه‌ ناوچه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك مه‌كته‌ب خالید كه‌ به‌ دووری ١٥ كیلۆمه‌تر ده‌كه‌وێته‌ ڕۆژئاوای كەركوك؛ داقوق به‌ دووری ٣٠ كیلۆمه‌تر له‌ باشووری كەركوك؛ شندوخان به‌ دووری ٤٠ كیلۆمه‌تر له‌ باكووری ڕۆژئاوای موسڵ؛ فازلیه‌ به‌ دووری ١٥ كیلۆمه‌تر له‌ باكووری موسڵ.

هیومان ڕایتس ۆوچ چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ چوار پیاو كرد كه‌ گووتیان خۆیان و خێزانه‌كانیان له‌ مه‌كته‌ب خالید له‌ ڕۆژێكه‌وه‌ تا سێ ڕۆژ ڕاگیراون.

پیاوێكی خه‌ڵكی حه‌ویجه‌ ووتی، له‌ مانگی تشرینی دووه‌می ٢٠١٦ له‌گه‌ڵ شه‌ش ئه‌ندامی خێزانه‌كه‌ی كه‌ به‌شه‌ خۆراكی یه‌ك ژه‌میان پێبووه‌ گه‌یشتونه‌ته‌ مه‌كته‌ب خالید. ئه‌و ووتی كه‌ ئه‌فسه‌رانی پێشمه‌رگه بۆ ماوه‌ی ٣ ڕۆژ‌ ڕێگریان له‌ خۆیی و ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌یی و سه‌دانی تر له‌ په‌ڕینه‌وه‌ كردووه‌، پێیان ڕاگه‌یاندوون ته‌نها كاتێك ڕێگه‌ به‌په‌ڕینه‌وه‌ی خێزانه‌كان ده‌ده‌ن ئه‌گه‌ر ژماره‌یان زیاد بكات. ئه‌و خێزانه‌ له‌ بینایه‌كی وێرانه‌و به‌بێ به‌تانی له‌و شوێنه‌دا ده‌مێننه‌وه‌. له‌و ماوه‌یه‌داو له‌ چه‌ند حاڵه‌تێكی كه‌مدا، ئه‌فسه‌ره‌كان نانی ووشكی ده‌ده‌نێ و ئه‌ویش ده‌یداته‌ منداڵه‌كانی.

سه‌ره‌ڕایی باسكردنی نیگه‌رانیه‌كانی بۆ ئه‌فسه‌رێكی پێشمه‌رگه‌ی بازگه‌كه‌ سه‌باره‌ت به‌ هێرشه‌كانی داعش و سه‌لامه‌تی خێزانه‌كه‌ی، ئه‌و ووتی، ئه‌فسه‌ره‌كه‌ نیگه‌رانیه‌كانی پشتگوێی خستووه‌و ووتویه‌تی، ''ئێمه‌ به‌رپرسیارنین له‌ سه‌لامه‌تی ئێوه‌. ئێمه‌ به‌رپرسیارنین ئه‌گه‌ر داعش هێرش بكاته‌ سه‌رتان له‌به‌ره‌وه‌ی ئێوه‌ له‌ ناوچه‌ی ئێمه‌دانین.''

بۆ ڕۆژی سێیه‌م، كچه‌ ته‌مه‌ن ٩ ساڵه‌كه‌م چیتر نه‌ده‌یتوانی بجوڵێ و قسه‌ بكا به‌هۆی تووندی سه‌رماو نه‌بوونی خۆراك. كاتێك له‌ كۆتایدا ڕێگه‌یان پێداین بپه‌ڕینه‌وه‌، ده‌بوو به‌درێژای هه‌موو ڕێگاكه‌ هه‌ڵی گرم. له‌ كۆتایدا، ئه‌فسه‌رێك هه‌ندێك ئاوی ده‌داتێ.''

پیاوێكی تری ته‌مه‌ن ٢٥ ساڵی خه‌ڵكی حه‌ویجه‌ كه‌ له‌ ڕێكه‌وتی ٢٤ی كانوونی یه‌كه‌م له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌یی و ٣٠٠ كه‌سی تر ده‌گاته‌ مه‌كته‌ب خالید ووتی، ئه‌فسه‌رانی پێشمه‌رگه‌ ئاگاداریان كردۆته‌وه‌ ته‌نها كاتێك ڕێگه‌ی په‌ڕینه‌وه‌ به‌ خێزانه‌كان ده‌ده‌ن ئه‌گه‌ر ژماره‌یان بگاته‌ زیاتر له‌ ٥٠٠ كه‌س. ئه‌و ووتی كه‌ توانیبووی ته‌له‌فۆن بۆ كه‌س و كاری له‌ كەركوك بكات و له‌ ڕێگه‌ی ئه‌فسه‌رانی پێشمه‌رگه‌وه‌ له‌وێ خواردنیان بۆ ناردوون، به‌ڵام له‌ ماوه‌ی ئه‌و سێ ڕۆژه‌ی له‌وێ بوون ژماره‌یه‌كی زۆری خێزانه‌كان بێ خۆراك بوون. ''ئێمه‌ به‌خته‌وه‌ر بووین، به‌ڵام زۆرێك له‌ خێزانه‌كان ئه‌و ڕۆژانه‌یان به‌بێ خۆراك به‌سه‌ربرد،'' ئه‌و ووتی، ''له‌ دوا ڕۆژدا ژن و پیاوی پیرم ده‌بینی ئه‌وه‌نده‌ لاواز بوون نه‌یانده‌توانی به‌پێ بڕۆن.''

پیاوێكی تری خه‌ڵكی حه‌ویجه‌ ووتی له‌ مانگی كانوونی دووه‌م له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌یی و ٢٠٠ كه‌سی تر گه‌یشتنه‌ حه‌ویجه‌ كه‌ له‌وێ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ بۆ ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێك به‌بێ خۆراك ڕایانگرتوون، ئه‌و ووتی.

ڕۆژی یه‌كه‌م كۆرپه‌ ته‌مه‌ن ٦ مانگه‌كه‌م به‌ ناوی خالید ده‌ستی به‌ گریان كرد، زۆر سارد بوو هیچ شیریشمان نه‌بوو بیده‌ینێ له‌به‌ره‌وه‌ی خێزانه‌كه‌م بۆماوه‌ی سێ ڕۆژبوو هیچی نه‌خواردبوو. ڕۆیشتم بۆلای ئه‌فسه‌رانی پێشمه‌رگه‌و داوای خواردن و شیرم لێكردن، به‌ڵام ووتیان هیجیان لانیه‌. لێیان پاڕامه‌وه‌ ڕێگه‌مان پێبده‌ن تێپه‌ڕین، به‌ڵام ڕه‌تیانكرده‌وه‌ ڕێگه‌مان بده‌ن و ووتیان ده‌بێت ژماره‌كه‌ زیاد بكات به‌رله‌وه‌ی ڕێگه‌ی په‌ڕینه‌وه‌تان پێبده‌ین. ده‌مزانی خالید ده‌مرێ و بۆ ڕۆژی داهاتوو مرد. ئه‌و ووتی، ڕۆژێكی زۆر خه‌مناك بوو بۆمن، له‌ ده‌ست داعش هه‌ڵهاتین تا هه‌لی ژیان به‌ منداڵه‌كانم بده‌م و ژیانێكی باشتریان هه‌بێت، به‌ڵام كۆرپه‌كه‌م له‌ده‌ستدا. ده‌بوو له‌و بیابانه‌دا له‌وێ بینێژم.''

ئه‌و پیاوه‌ ووتی، كچه‌كه‌ی كه‌ دووانه‌ بوو له‌گه‌ڵ خالید نه‌مرد، به‌ڵام تووشی ووشك بوونه‌وه‌یه‌كی زۆر هات. هێشتا چاره‌سه‌ری ته‌ندروست بۆ ده‌كرا كاتێك هیومان ڕایتس ۆوچ له‌ ڕێكه‌وتی ٢٣ی مایز چاوپێكه‌تنی له‌گه‌ڵ كرد.

ئه‌و كه‌سه‌ی زانیاری هه‌بوو له‌سه‌ر ڕێگریكردنی خه‌ڵك له‌ مه‌كته‌ب خالید ووتی، ١٤٠ هاووڵاتی مه‌ده‌نی له‌ ٣ی نیسان بۆ ماوه‌ی ١٤ ڕۆژ له‌وێ ڕاگیران ته‌نها له‌ ڕۆژی ده‌یه‌مدا هاوكاری مرۆییان پێگه‌یشت؛ ٨١ هاووڵاتی له‌ ڕێكه‌وتی ١٨ی نیسان بۆ ماوه‌ی ٦ ڕۆژ ڕاگیران و ٣١ كه‌س له‌ ٥ی مایز بۆ ماوه‌ی ١٢ ڕۆژ كه‌ ئه‌وانیش پاش ٩ ڕۆژ هاوكاری مرۆییان پێگه‌یشت و هه‌روه‌ها ٦١ كه‌س له‌ ٢٧ی مایز كه‌ هه‌شتیان باری ته‌ندروستیان زۆر خراپ بوو؛ دوو كه‌س كه‌ باری ته‌ندروستیان زۆر خراپ بووه‌ له‌ ٣٠ مایز ڕێگه‌ی په‌ڕینه‌وه‌یان پێدراوه‌، به‌ڵام باقیه‌كه‌ی تریان بۆ ماوه‌ی ٩ ڕۆژ ڕاگیراون.

یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ی كه‌ زانیاری له‌سه‌ر بازگه‌ی داقوق هه‌بوو ووتی له‌ ڕێكه‌وتی ٣ی نیسان ٨ خێزان بۆماوه‌ی ١٦ ڕۆژ ڕاگیران كه‌ ڕێكخراوه‌ مرۆییه‌ نێوخۆییه‌كان توانیبویان ته‌نها ١٠ كارتۆن هاوكاریان له‌ خۆراك و ئاوی خواردنه‌وه‌ پێبگه‌یه‌نن.

پاشان، له‌ ١٥ی مایز، ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ووتی، پێشمه‌رگه‌ خێزانێكیان ڕاگرتووه‌ كه‌ یه‌كێك له‌ ئه‌ندامه‌كانی به‌ساڵاچوویه‌كی نه‌خۆش بووه‌. ژنه‌ به‌ساڵاچووه‌ نه‌خۆشه‌كه‌ له‌ ٢٠ مایز بردراوه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌، به‌ڵام هه‌مان ڕۆژ گه‌ڕێندراوه‌ته‌وه‌. له‌ ٢٤ی مایز،  بارودۆخی به‌ ته‌واوی به‌ره‌و خراپی چووه‌و خێزانه‌كه‌ داوایان كردووه‌ كه‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ بیبه‌نه‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌، به‌ڵام پێشمه‌رگه‌ ئه‌و داوایه‌یان ڕه‌تكردۆته‌وه‌. ئه‌و كه‌سه‌ ووتیشی، پێشمه‌رگه‌ مۆڵه‌تی گه‌یاندنی هاوكاریان له‌ كۆتایی مانگی مایز تا ٦ی حوزه‌یران بۆ خێزانه‌كه‌ ڕه‌تكردۆته‌وه‌و خێزانه‌كه‌ له‌وێ گیریان خواردبوو پاشان دوو خێزانی تر په‌یوه‌دنیان پێوه‌كردوون.

به‌رپرسێكی حكومه‌تی عێراقی بوونی ئه‌و سێ خێزانه‌ی پشتڕاستكرده‌وه‌و ووتی كه‌س و كاریان په‌یوه‌ندیان پێوه‌كردوه‌و و هه‌مان نیگه‌رانیان ده‌ربڕیوه‌. ‌