(به‌یروت) هیومان ڕایتس ۆوچ له ڕاپۆرته‌كه‌ی ئه‌مڕۆیدا ڕایگه‌یاند، به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له كەركوك به‌زۆر خێزانه ئاواره توركمانه سوونه‌كان ناچارده‌كه‌ن شاره‌كه جێبهێڵن.
ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌كه‌ونه ژێر كاریگه‌ری ئه‌م بڕیاره ووتیان كه هێزه‌كانی ئاسایشی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌ستیان به‌سه‌ر كارتی سوودمه‌ندی و ناسنامه‌كانیان گرتووه، یان هه‌راسانیان ده‌كه‌ن. ووتیشیان، مه‌به‌ست له‌م كاره هه‌وڵدانه بۆ ناچاركردنیان له گه‌ڕانه‌وه بۆ شارۆچكه‌كانیان كه له‌ژێر كۆنترۆڵی كه‌تیپه شیعه تۆقێنه‌ره‌كانی حه‌شدی شه‌عبی سه‌ربه حكومه‌تی عێراقه. توركمانه سوونه‌كان ووتیان، به به‌چوونی ئه‌وان ئه‌م مامه‌ڵه خراپانه په‌یوه‌سته به‌و بیروڕایه‌ی له نێو به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه توركمانه‌كان له‌و ناوچانه‌وه هاتوون كه هه‌ندێك له دانیشتوانه سوونه‌كانیان پشتگیریان له ده‌وڵه‌تی ئیسلامی (ناسراو به داعش) كردووه.
له‌ما فه‌قیه، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری هیومان ڕایتس ۆوچ له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ووتی، ‘’هه‌موو عێراقیه‌كان مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه له كه‌شێكی ئارام و سه‌لامه‌تدا بژین و ناچاركردنی خێزانه ئاواره توركمانه‌كان له جێهێشتنی ماڵه‌كانیان بۆ ئه‌و به‌شانه‌ی تری ووڵات كه ژیانیان له مه‌ترسیدا ده‌بێت جێگه‌ی شۆك و نیگه‌رانیه. ده‌بێت هێزه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ست هه‌ڵگرن له هه‌راسان كردنی توركمانه‌كان و ناچاركردنیان به‌شێوه‌یه‌كی نایاسایی له جێهێشتنی كەركوك.’’
له وه‌ڵامه نووسراوێكدا بۆ داوایه‌كی هیومان ڕایتس ۆوچ، ووته‌بێژێكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نكۆڵیكرد له‌وه‌ی كه ئاواره‌كان دوا مۆڵه‌تیان بۆ دیاری كرابێ له جێهێشتنی كەركوك كه شارێكی سه‌ره‌كیه له ‘’ناوچه جێ ناكۆكه‌كان’’ له نێوان حكومه‌تی عێراقی و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، و جیاكاری له دژی هیچ نه‌ته‌وه‌و ئاینێك كرابێت به توركمانیشه‌وه. به‌ڵام، ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، له‌سه‌ر بنه‌مای بڕیارێكی به‌رپرسانی ناوخۆیی، ئه‌و ئاوارانه‌ی ناوچه‌كانیان له چه‌ند مانگی ڕابردوو یان ساڵی ڕابردوو ئازاد كراون هاریكاری ده‌كرێن له گه‌ڕانه‌وه بۆ زێد‌و ناوچه‌كانی خۆیان.’’
له دوای هێرشێكی داعش بۆ سه‌ر كەركوك له ڕێكه‌وتی ٢١ی تشرینی یه‌كه‌می ٢٠١٦، به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌ستان به ناچاركردنی سه‌دان خێزانی عه‌ره‌بی سوونه له جێهێشتنی شاره‌كه. هیومان ڕایتس ۆوچ هیچ كه‌یسێكی به‌دینه‌كردووه كه تێیدا ئاواره‌ی كورد یان شیعه زۆری لێكرابێ له جێهێشتنی شاره‌كه.
له شوباتی ٢٠١٧، هیومان ڕایتس ۆوچ چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ ١٤ توركمان كرد كه سیانیان ژن بوون و له ساڵی ٢٠١٤وه له كەركوك ده‌ژین به‌هۆی بارودۆخی ئه‌منی ناوچه‌كانی تری عێراق. هه‌موویان له‌لای به‌پرسانی ناوخۆیی ناویان تۆماركردووه وه‌ك پێویست بووه له‌سه‌ریان. له هه‌ندێك كه‌یسدا، له‌كاتی گه‌یشتنیان ئه‌فسه‌رانی ئاسایش ده‌ستیان گرتووه به‌سه‌ر ناسنامه‌كانیان و پێیان گووتون شاره‌كه جێبهێڵن، به‌ڵام به‌دواداچوونیان بۆ نه‌كردووه هه‌تا ئه‌م دواییانه. له هه‌ندێك كه‌یسی تردا، له‌م چه‌ند مانگه‌ی دوایدا ئاسایش هه‌ستاوه به ده‌ستگرتن به‌سه‌ر ناسنامه‌كانیان و فه‌رمانیان پێكردوون كەركوك جێبهێڵن. هه‌موویان له كەركوك خۆیان حه‌شارداوه‌و زۆربه‌یان ڕزگاریان بووه له هه‌وڵی ناچاركردنیان له جێهێشتنی شاره‌كه به زۆره‌ملێ. دوو توركمان ووتیان، له كۆتایی ساڵی ٢٠١٦ ئاسایش هه‌وڵیدا به زۆر ده‌ریان بكات، دوانی تر له كانوونی دووه‌می ٢٠١٧، هه‌شتی تر له شوباتی ٢٠١٧. ئه‌وان ووتیان، ده‌ترسن له گه‌ڕانه‌وه بۆسه‌ر ماڵ و حاڵیان به‌هۆی كۆنترۆڵكردنی شارۆچكه‌كانیان له‌لایه‌ن یه‌كه‌كانی حەشدی شەعبی و كردنه ئامانجیان له‌لایه‌ن حەشدی شەعبی له‌به‌ره‌وه‌ی سوونه‌ن.
ئه‌و كه‌سانه‌ی چاوپێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵ كرا ووتیان، ئه‌و ئه‌فسه‌رانه‌ی ئاسایش كه ده‌ستیان به‌سه‌ر ناسنامه‌كانیاندا گرتووه پێیان ڕاگه‌یاندوون، له دوای گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ شارۆچكه‌كه‌یان یا گه‌یشتنه بازگه‌ی داقوق كه به‌دووری ٣٠ كیلۆمه‌تر ده‌كه‌وێته باشووری شاری كەركوك و له‌سه‌ر سنووری پارێزگاكه‌یه ناسنامه‌كان ده‌گه‌ڕێندرێنه‌وه بۆ خاوه‌نه‌كانیان. چه‌ند توركمانێك ووتیان، به‌شێوه‌یه‌كی هه‌ڕه‌مه‌كی و بۆ ماوه‌ی چه‌ند كاتژمێرێك ئاسایش ده‌ستگیری كردوون و له‌هه‌ندێك حاڵه‌تدا لێیاندراوه ئه‌مه‌ش وه‌ك هه‌وڵێك بۆ ناچاركردنیان له جێهێشتنی شاره‌كه.
هیومان ڕایتس ۆوچ ووتی، ده‌ستگرتن به‌سه‌ر ناسنامه‌ی خێزانه توركمانه‌كان جیاكاری زیاتره له‌دژی گرووپێك كه حاڵی حازر له بارودۆخێكی هه‌ستیارو مه‌ترسیداردان. ئه‌م كارت و ناسنامانه دووانن له‌و چوار ناسنامه‌یه‌ی كه له‌سه‌ر هه‌موو هاووڵاتیه‌كی عێراقی پێویسته نیشانی بدات له‌كاتی سه‌ردانكردنی فه‌رمانگه‌كانی حكومه‌ت. نه‌بوونی ناسنامه له بازگه‌كان له كاتی داواكردنیدا ڕه‌نگه ده‌ره‌نجامه‌كه‌ی ده‌ستگیركردن بێت. به‌بێ بوونی دوو كارته‌كه، هیچ كه‌سێك ناتوانێ له هاوكاریه مرۆییه‌كان و هاوكاریه‌كانی تر سوودمه‌ند بێت. به‌بێ بوونی كارتی ناسنامه، ئه‌م كه‌سانه ناتوانن زه‌وی و زار بكڕن، یان له هه‌ڵبژاردنه‌كانی ناوخۆ‌و سه‌رتاسه‌ری ووڵاتدا ده‌نگ بده‌ن.
یاسا مرۆییه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و یاساكانی مافی مرۆڤ ده‌ركردنی زۆره‌ملێ به‌هۆی جیاوازی ئاین یان باكگراوندی نه‌ته‌وه‌یی قه‌ده‌غه ده‌كات. ڕێنمایی و پره‌نسیپی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان سه‌باره‌ت به ئاواره‌كانی ناوخۆی ووڵات ده‌ڵێ، ئه‌و كه‌سانه‌ی له ناوخۆی ووڵاتدا ئاواره ده‌بن مافی ئازادی هاتوچۆو ئازادی هه‌ڵبژاردنی شوێنی نیشته‌جێ بوونیان هه‌یه (پره‌نسیپی ١٤). هه‌روه‌ها، مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه كه بۆ پارێزگاری كردن له ژیان و سه‌لامه‌تیان بچنه به‌شێكی تری ووڵات و ناچارنه‌كرێن له گه‌ڕانه‌وه‌ی زۆره‌ملێ بۆ ئه‌و شوێنانه‌ی كه تێیدا ژیانیان له مه‌ترسیدا ده‌بێت (پره‌نسیپی ١٥). ده‌بێت هه‌موو هاوكاریه مرۆییه‌كان به‌بێ جیاكاری بۆ هه‌موو كه‌س دابین بكرێن (پره‌نسیپی ٢٤).
له وه‌ڵامه نوسراوێكدا بۆ هیومان ڕایتس ۆوچ ده‌رباره‌ی ده‌ره‌نجامه‌كانی، دیندار زێباری، سه‌رۆكی كۆمیته‌ی هه‌ڵسه‌نگاندن و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ڕاپۆرته نێوده‌وڵه‌تیه‌كان له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ووتی، ئاسایشی كەركوك جه‌خت ده‌كاته‌وه كه:
هیچ جۆره شتێكی وه‌ك دیاریكردنی دوا مۆڵه‌ت بۆ ئاواره‌كان له جێهێشتنی كەركوك نه‌بووه، به‌تایبه‌ت توركمانه سوونه‌كان چونكه هیچ جۆره جیاكاری یان مامه‌ڵه‌یه‌كی خراپ له دژی هیچ ئاین و نه‌ته‌وه‌یه‌كی جیاواز نه‌بووه. به‌پێی بڕیارێكی پارێزگای كەركوك و پارێزگارەکان و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق، ئه‌و ئاوارانه‌ی ناوچه‌كانیان له چه‌ند مانگی ڕابردوو یان ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر ئازاد كراون هاریكاری بكرێن له گه‌ڕانه‌وه بۆ ناوچه‌كانی شوێنی نیشته‌جێ بوونیان... له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره هه‌ندێك جار پێویست بووه ناسنامه‌كانیان لێوه‌ربگیرێت بۆ جێبه‌جێ كردنی پرۆسه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌یان و تاوه‌كو له بازگه‌كان ڕێگری گه‌ڕانه‌وه‌یان لێ نه‌كرێ بۆ سه‌ر زه‌وی و ماڵ و حاڵیان.
دیندار ووتی، له كاتی تێپه‌ڕینی ئاواره‌كان به خاڵه‌كانی پشكنیندا، عاده‌ته‌ن به‌رپرسان له بازگه‌ی داقوق ناسنامه‌كانیان بۆ ده‌گه‌ڕێننه‌وه.
هیومان ڕایتس ۆوچ ووتی، ده‌بێت به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به ئاشكرا پاپه‌ندبوونیان ڕابگه‌یه‌نن له ده‌ستبه‌جێ كۆتایی هێنان به هه‌موو جۆره ده‌ركردنێكی زۆره‌ملێی نایاسایی و گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و كارت و ناسنامانه‌ی به‌هه‌ڵه ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه. ده‌بێت به‌رپرسان قه‌ره‌بووی هه‌موو ئه‌و خێزانانه بكه‌نه‌وه كه له ئه‌نجامی زۆره‌ملێی نایاساییه‌وه بۆ جێهێشتنی كەركوك زیانیان لێكه‌وتووه وه‌ك دابینكردنی هاوكاری و شوێنی نیشته‌جێ بوون بۆیان.
فه‌قیه ووتی، ‘’خێزانه توركمانه‌كان وه‌ك هه‌ر عێراقیه‌كی تر مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه له كەركوك بژین به‌بێ ترس له ده‌ستگرتن به‌سه‌ر ناسنامه‌كانیان یان ده‌ركردنیان به زۆره‌ملێ.’’
هەموو ئەو ناوانەی کە چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا ئەنجام دراوە گۆڕدراوون لەبەر پاراستنیان.
ترس له‌گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵ و حاڵیان
ئه‌و توركمانانه‌ی له‌لایه‌ن هیومان ڕایتس ۆوچه‌وه چاوپێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵ كرا ووتیان، له‌به‌ر ترسی گه‌ڕانه‌وه بۆسه‌ر ماڵ و حاڵیان، ڕازیبوون ژیانێكی مه‌ترسیدار له كەركوك گوزه‌ر بكه‌ن له دوای ده‌ستگرتن به‌سه‌ر ناسنامه‌كانیان له‌لایه‌ن به‌رپرسانی كورده‌وه.
زۆرینه‌ی ئه‌وانه‌ی چاوپێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵ كرا خه‌ڵكی ينكجة بوون كه شارۆچكه‌یه‌كی توركمان نشینه له پارێزگای سه‌لاحه‌دین و به دووری ٦٢ كیلۆمه‌تر ده‌كه‌وێته باشووری شاری كەركوك. له حوزه‌یرانی ٢٠١٤ ينكجة كه‌وته ژێر ده‌ستی داعش و سێ مانگ دواتر‌و له كۆتایی ئه‌یلولی ٢٠١٤ هێزه‌كانی حه‌شدی شەعبی و پێشمه‌رگه ده‌ستیان به‌سه‌ر شاره‌كه‌دا گرته‌وه.
ئاواره‌كانی ينكجة ووتیان، كه‌تیبه‌ی خۆراسانی كه یه‌كه‌یه‌كی حەشدی شەعبیه ده‌ستبه‌جێ بنكه‌یان له‌ناو شاره چۆڵه‌كه‌دا دانا. توركمانه‌كان ده‌ترسن له گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵه‌كانیان به‌هۆی مامه‌ڵه‌ی خراپی حەشدی شەعبی له‌دژی سوونه‌كان له ناوچه‌كانی تر. هیومان ڕایتس ۆوج دۆكیومێنتی ئه‌م جۆره مامه‌ڵه خراپانه‌ی له فه‌للوجه‌و نه‌ینه‌واو ناوچه‌كانی تر كردووه.
پیاوێكی خه‌ڵكی بسطاملی، كه گووندێكی توركمان نشینه‌و به دووری ٦ كیلۆمه‌تر ده‌كه‌وێته باشووری ينكجة ووتی، ترس له‌وه‌ی له‌لایه‌ن حه‌شدی شەعبیه‌وه بكرێته ئامانج وایلێكردووه نه‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆی. ئه‌و ووتی، چه‌ند ماڵێكی توركمانی شیعه گه‌ڕاونه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌و بزانێ خێزانه سوونه‌كان له ترسی هێرشی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه له‌لایه‌ن حه‌شدی شەعبیه‌وه نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه.
پیاوێكی تری خه‌ڵكی دوز خورماتوو كه شارۆچكه‌یه‌كی تێكه‌ڵه له كورد‌و عه‌ره‌ب و توركمان له پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین و به دووری ٨٠ كیلۆمه‌تر ده‌كه‌وێته باشووری شاری كەركوك، ووتی، له‌وە دەترسێ بگەڕێتەوە بەهۆی ئەوەی ''ته‌نگژه‌ی نه‌ته‌وه‌یی'' هەیە، وه‌ك ته‌قینه‌وه‌و فڕاندن و هێرشی سووتاندن له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه‌و حه‌شدی شه‌عبیه‌وه.
ده‌ستگرتن به‌سه‌ر ناسنامه
هه‌ندێك له توركمانه ئاواره‌كانی كەركوك ووتیان، له‌دوای گه‌یشتنیان بۆ شاره‌كه له ساڵی ٢٠١٤ ئه‌فسه‌رانی ئاسایش ده‌ستیان به‌سه‌ر ناسنامه‌كانیاندا گرتووه‌و داوایان لێكردوون شاره‌كه جێبهێڵن، به‌ڵام لێیان گه‌ڕاون هه‌تا ئه‌م دواییانه. هه‌ندێكی تریان، كارت و ناسنامه‌كانیان له‌لای خۆیان پاراستووه له‌كاتی گه‌یشتنیان.
''عه‌مار''ی ته‌مه‌ن ٣٠ ساڵ كه كارمه‌ندی ته‌ندروستی بووه له ينكجة له حوزه‌یرانی ٢٠١٤ و له پاش كۆنترۆڵ كردنی شارۆچكه‌كه‌ی له‌لایه‌ن داعش له گه‌ڕه‌كی ڕووناكی كەركوك كه گه‌ڕه‌كێكی كوردنشینه جێگیربووه. ئه‌و ووتی، له ١٩ی شوباتی ٢٠١٧ كاتێك له‌ماڵه‌وه نه‌بووه دوو ئه‌فسه‌ری ئاسایش هاتوونه‌ته ماڵه‌كه‌یی و ده‌ستیان به‌سه‌ر ناسنامه و كارتی سوودمه‌ندیه‌كه‌ی دایكی‌دا گرتووه‌و پێیان ڕاگه‌یاندووه ده‌بێت بگه‌ڕێنه‌وه ينكجة چونكه شارۆچكه‌كه ئازاد كراوه‌و ده‌توانن له خاڵی پشكنینی داقوق كارت و ناسنامه‌كانیان وه‌ربگرنه‌وه. كاتێك چاوپێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵ كرا له ٢٢ی شوبات، خێزانه‌كه هێشتا له ماڵه‌كه‌یاندا به‌بێ كارت و ناسنامه‌كه‌ی دایكیان ده‌ژیان.
''نورا''ی ته‌مه‌ن ٤٥ ساڵ كه ژنی ماڵه‌وه‌یه‌و خه‌ڵكی ينكجةیه ووتی، له حوزه‌یرانی ٢٠١٤ هاتوونه‌ته كەركوك. له كۆتایی كانوونی دووه‌می ٢٠١٧، ئه‌و ووتی، ئه‌فسه‌رانی ئاسایش دێنه ماڵه‌كه‌یی و پێی ده‌ڵێن ده‌بێت مێرده‌كه‌ی كه له‌و كاته‌دا له ده‌ره‌وه ده‌بێت بڕواته بنكه‌ی ئاسایشی گه‌ڕه‌كی ڕه‌حیم ئاوا بۆ ڕۆژی داهاتوو. خۆیی و مێرده‌كه‌یی و چوار ژن و مێردی تری ناوچه‌كه كه هه‌موویان بانگهێشتی ئاسایش كرابوون بۆ ڕۆژی داهاتوو ده‌چنه بنكه‌ی ئاسایش. له‌وێ ئه‌فسه‌ره‌كان ده‌ست به‌سه‌ر كارتی ناسنامه‌ی مێرده‌كه‌یی و چوار پیاوه‌كه‌ی تر ده‌گرن و پیان ده‌ڵێن له‌كاتی چوونه‌ده‌ره‌وه‌یان له شاره‌كه ده‌توانن كارته‌كانیان وه‌ربگرنه‌وه. له ٢٠ی شوبات، ئه‌فسه‌رانی ئاسایش ده‌گه‌ڕێنه‌وه ماڵه‌كه‌یان و دووباره پێیان ده‌ڵێن كه شاره‌كه جێبهێڵن. ئه‌مه‌ش وایكردووه ئه‌و خێزانه له شوێنێكی تری كركوك خۆیان حه‌شار بده‌ن.
''قاسمی'' ته‌مه‌ن ٣٧ ساڵ كه كرێكارێكی خه‌ڵكی ينكجةیه له ناوه‌ڕاستی ساڵی ٢٠١٤ له گه‌ڕه‌كی شاطرلوی كەركوك جێگیر ده‌بێت. له كۆتایی تشرینی دووه‌می ٢٠١٦، دوو ئه‌فسه‌ری ئاسایش ده‌چنه ماڵه‌كه‌یی و ده‌ست به‌سه‌ر ناسنامه‌و كارتی سوودمه‌ندیه‌كه‌یدا ده‌گرن و پێی ده‌ڵێن كاتێك ده‌یده‌نه‌وه ئه‌گه‌ر شاره‌كه جێبهێڵێ. پاش سێ ڕۆژ، قاسم ووتی، چووه‌ته بنكه‌ی ئاسایش له ناوه‌ڕاستی بازاڕ تا هه‌وڵی وه‌رگرتنه‌وه‌ی كارت و ناسنامه‌كانی بدات، به‌ڵام له‌وێ ئه‌فسه‌ره‌كان پێیان ووتوه كه ناسنامه‌كانیان وون كردووه. له ٢٢ی شوبات، دوو ئه‌فسه‌ره‌كه ده‌گه‌ڕێنه‌وه ماڵه‌كه‌یی و هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ستگیركردنی لێده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر شاره‌كه جێنه‌هێڵێ. كاتێك چاوپێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵ كرا، هێشتا خۆیی و خێزانه‌كه‌ی له ماڵه‌كه‌یاندا ده‌ژیان.
''عومه‌ر''ی ته‌مه‌ن ٥٠ ساڵ كه جووتیارێكه ووتی، له مانگی ئابی ٢٠١٤ ماڵه‌كه‌یی له ينكجة جێهێشتووه‌و له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌یی و خێزانی پێنج برا‌ی له‌گه‌ڕه‌كی قوڕیه‌ی كەركوك نیشته‌جێ بووه. له‌سه‌ره‌تای كانوونی دووه‌می ٢٠١٥، دوو ئه‌فسه‌ری ئاسایش كه ووتویانه خه‌ڵكی ڕه‌حیم ئاوان چوونه‌ته ماڵه‌كه‌یی و داوای ناسنامه‌و كارتی سوودمه‌ندی ته‌واوی خێزانه‌كه‌یان كردووه‌و پێیان ڕاگه‌یاندوون ده‌بێت بگه‌ڕێنه‌وه ينكجةو له خاڵی پشكنینی داقوق ناسنامه‌و كارته‌كانیان وه‌ربگرنه‌وه. پاش مانگێك، خۆیی و براكانی كه ناسنامه‌كانی ئه‌وانیش ده‌ستی به‌سه‌ردا گیرابوو، ده‌چنه بنكه‌ی ئاسایشی ڕه‌حیم ئاوا بۆ داواكاری گه‌ڕانه‌وه‌ی ناسنامه‌كانیان.
عومه‌ر ووتی، ئه‌فسه‌رێك له‌وێ پرسیاری لێكردوون ئه‌گه‌ر ئاماده‌ن شاره‌كه جێبهێڵن، به‌ڵام ڕه‌تیكردۆته‌وه پێیان بڵێ بۆچی ئه‌م داوایه‌یان لێده‌كات و به‌ده‌نگێكی به‌رز فه‌رمانی پێكردوون بنكه‌كه جێبهێڵن. عومه‌ر ووتی، پاش ١٠ ڕۆژ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌و ئه‌فسه‌ره‌كان ووتویانه ناتوانن كارت و ناسنامه‌كانیان بدۆزنه‌وه. دواتر عومه‌رو براكانی ده‌ڕۆنه بازگه‌ی داقوق بۆ داواكردنی ناسنامه‌و كارته‌كانیان و له‌وێ ئه‌فسه‌رێكی ئاسایش پێی ووتوه كه ناسنامه‌كانیان سووتێنراون.
له ١٧ی شووباتی ٢٠١٧، عومه‌ر دووباره ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بنكه‌ی ئاسایشی ڕه‌حیم ئاوا بۆ هه‌وڵدان بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ناسنامه‌كانیان، به‌ڵام له‌وێ ئه‌فسه‌ری به‌رپرس پێی ده‌ڵێ پێویسته خۆیی و خێزانه‌كه‌ی تا ١٥ شوبات كەركوك جێبهێڵن. پاش ئه‌وه‌ی عومه‌ر لێی ده‌پاڕێته‌وه، ئه‌فسه‌ره‌كه پێی ده‌ڵێ ده‌توانن تا ٢٥ شوبات بمێننه‌ووه‌و له‌دوای ئه‌و ماوه‌یه هێزه‌كانی به زۆره‌ملێ ده‌یانبه‌نه خاڵی پشكنینی داقوق. ئه‌فسه‌ره‌كه نووسراوێكی به زمانی كوردی پێ واژوو ده‌كا، عومه‌ر ووتی، به‌بێ ئه‌وه‌ی بزانێ چی تێدا نووسراوه. له‌وكاته‌وه خۆیی و خێزانه‌كه‌ی له گه‌ڕه‌كێكی تری كركوك خۆیان حه‌شارداوه.
ده‌ستگیركردنی هه‌ڕه‌مه‌كی و مامه‌ڵه‌ی خراپی وه‌ك هه‌راسان كردن
چه‌ند ئاواره‌یه‌كی توركمانی ووتیان، له سه‌ره‌تای ساڵی ٢٠١٧ ئه‌فسه‌رانی ئاسایش له كەركوك بۆ ماوه‌یه‌كی كورت ده‌ستگیریان كردون و مامه‌ڵه‌ی خراپیان له‌گه‌ڵ كردوون ئه‌وه‌ش وه‌ك هه‌وڵێك بۆ ناچاركردنی خۆیان و خێزانه‌كانیان له جێهێشتنی كەركوك.
''زه‌كی'' ته‌مه‌ن ٥٥ ساڵ كه كرێكارێكی خه‌ڵكی ينكجة ووتی، له ئه‌یلولی ٢٠١٥ ئه‌فسه‌رێكی ئاسایش دێته ماڵه‌كه‌یی و داوای كارت و ناسنامه‌كه‌یی ده‌كات. ئه‌فسه‌ره‌كه پێی ووتوه ده‌توانێ ناسنامه‌و كارته‌كه‌ی له بازگه‌ی داقوق وه‌ربگرێته‌وه. ئه‌و ووتی، له ٢١ شوباتی ٢٠١٧، له كاتێكدا زه‌كی خه‌ریكی بنێشت فرۆشتن ده‌بێت له بازاری سه‌ره‌كی، دوو ئه‌فسه‌ری ئاسایش كه یه‌كێكیان جلوبه‌رگی مه‌ده‌نی له‌به‌ردا ده‌بێ و ئه‌ویتریان جلوبه‌رگی ئاسایش ده‌ستگیری ده‌كه‌ن و ده‌یبه‌نه بنكه‌ی ئاسایشی ڕه‌حیم ئاوا له‌وێ ئه‌فسه‌ره‌كان بۆ ماوه‌ی پێنج كاتژمێر له توالێتێكدا ده‌ست به‌سه‌ری ده‌كه‌ن. یه‌كێك له ئه‌فسه‌ره‌كان به‌بێ هیچ هۆكارێك بۆكزێكی لێده‌دا. یه‌كێكی تریان لایەنی كه‌م ١٠ شه‌قازله‌ی لێده‌داو پێی ده‌ڵێ ده‌بێت تا نیوه‌ڕۆی سبه‌ینێ شاره‌كه جێبهێڵێ. پاش یه‌ك كاتژمێر له به‌ندكردنی له‌ناو توالێته‌كه‌دا، ئه‌فسه‌ره‌كان ئامۆزاكه‌ی ده‌هێنن كه ئه‌ویش ووتی سێ ئه‌فسه‌ر له شوێنی كاره‌كه‌ی ده‌ستگیریان كردووه. زه‌كی و ئامۆزاكه‌ی ووتیان، ئه‌فسه‌ره‌كان پێیان ڕاگه‌یاندوون ته‌نها كاتێك ئازاد ده‌كرێن ئه‌گه‌ر واژوی نووسراوێكی كوردی بكه‌ن كه له ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی نه‌گه‌یشتوون. ئه‌فسه‌رێك هه‌ردووكیان ئاگادار ده‌كاته‌وه له‌وه‌ی ''ئه‌گه‌ر شاره‌كه جێنه‌هێڵن، له‌دادگا نووسراوه‌كه له دژیان به‌كارده‌هێنێ،'' دواتر ڕێگه‌یان پێده‌درێ بنكه‌كه جێبهێڵن. بۆ ڕۆژی داهاتوو زه‌كی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بنكه‌كه‌و داوا ده‌كات قسه له‌گه‌ڵ ئه‌فسه‌ری به‌رپرس بكات، به‌ڵام ستافه‌كه ڕێگه‌ی پێناده‌ن و پێی ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر تا نیوه‌ڕۆ شاره‌كه جێنه‌هێڵێ ده‌ستگیری ده‌كه‌ن. ئێستا له كەركوك خۆی حه‌شارداوه.
''ئارسانی'' ته‌مه‌ن ٥٢ ساڵ كه كرێكارێكی خه‌ڵكی ينكجةیه ووتی، له مانگی ئابی ٢٠١٤ هاتووه‌ته گه‌ڕه‌كی قوریه‌ی كەركوك كه دانیشتوانه‌كه‌ی تێكه‌ڵه له كورد‌و توركمان. ئه‌و ووتی، له ١٢ی شوباتی ٢٠١٧، ئه‌فسه‌رێكی ئاسایش ته‌له‌فۆنی بۆ كردووه‌وه پێی گووتوه بڕواته بنكه‌ی ئاسایشی ڕه‌حیم ئاوا. له‌وێ، ووتی، ئه‌فسه‌ره‌كان داوای ناسنامه‌و كارتی سوودمه‌ندیه‌كه‌ی ده‌كه‌ن و پێی ده‌ڵێن ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته‌ی هه‌یه له جێهێشتنی شاره‌كه‌و گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵه‌كه‌ی خۆی له‌به‌ره‌وه‌ی قه‌زاكه‌یان له داعش پاككراوه‌ته‌وه. له ٢١ی شووبات، له‌كاتێكدا ئه‌رسان له ده‌ره‌وه ده‌بێت، ئه‌فسه‌رانی ئاسایش ده‌چنه ماڵه‌كه‌یی و به ژنه‌كه‌ی ده‌ڵێن ''جه‌هه‌نمتان نیشان ده‌ده‌ین'' ئه‌گه‌ر شاره‌كه جێنه‌هێڵن.
ئه‌و ووتی، دواتر ئه‌و شه‌وه، له پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌رسان بۆ ماڵه‌وه، زیاتر له ١٠ ئه‌فسه‌ر دێنه ماڵه‌كه‌یی و به چاوبه‌ستراوی ده‌یبه‌نه‌وه بنكه‌كه‌و له‌وێ له ژوورێكی بچو‌وكدا بۆ ماوه‌ی سێ كاتژمێر به‌ندی ده‌كه‌ن، تا ئه‌و كاته‌ی درواسێیه‌كی به‌هانایه‌وه دێت. پاش ئه‌وه‌ی نووسراوێكی پێ واژو ده‌كه‌ن كه له ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی تێنه‌گه‌یشتووه له‌به‌ره‌وه‌ی به زمانی كوردی بووه، ئه‌فسه‌ره‌كان ڕێگه‌ی پێده‌ده‌ن بنكه‌كه جێبهێڵێ. فه‌رمانیان پێكردووه بۆ ڕۆژی داهاتوو بگه‌ڕێته‌وه بۆ بنكه‌كه‌و له‌وێ پێیان ووتووه كه پاش نیوه‌ڕۆ شاره‌كه جێبهێڵێ. ئێستا ئه‌و له‌ناو كەركوك خۆی حه‌شارداوه.
ده‌ستگیركردنی كوێرانه‌و مامه‌ڵه‌ی خراپ له‌دژی گومانلێكراوانی داعش
له ڕابردوودا هێزه‌كانی ئاسایش هه‌ستاون به ده‌ستگیركردنی هه‌ڕه‌مه‌كی و له‌چه‌ند حاڵه‌تێكدا ئه‌نجامدانی مامه‌ڵه‌ی خراپ له‌دژی ئاواره توركمانه‌كانی ناو كەركوك به گوومانی هه‌بوونی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ داعش. هه‌ندێك له‌م كه‌سانه به هیومان ڕایتس ۆوچیان ووت، بۆ ماوه‌ی چه‌ند مانگێك به‌م هۆكاره ده‌ستگیركراون، به‌ڵام هه‌موویان ووتیان له كۆتایدا ئازادكراون به‌بێ ڕوبه‌ڕوكردنه‌وه‌ی هیچ تۆمه‌تێك له دژیان.
''محمه‌د''ی ته‌مه‌ن ٤٥ ساڵ كه كارمه‌ندی ته‌ندروستیه، ووتی، خۆیی و خێزانه‌كه‌ی هاتوونه‌ته گه‌ڕه‌كی قوڕیه‌ی كەركوك پاش ئه‌وه‌ی له ئابی ٢٠١٤ ماڵه‌كه‌یی له ينكجة جێهێشتووه. ئه‌و ووتی، له هه‌فته‌یه‌كدا سێ ڕۆژ ده‌چووه دوز خورماتوو بۆ سه‌ر كار له نه‌خۆشخانه. له به‌یانی ٢٩ی كانوونی یه‌كه‌می ٢٠١٤، ئه‌فسه‌رانی ئاسایش له بازگه‌یه‌كی ده‌ره‌وه‌ی دوزخورماتوو ده‌ستگیری ده‌كه‌ن و به‌چاو به‌ستراوی بۆ ماوه‌ی ٢٤ كاتژمێر به‌ندی ده‌كه‌ن به‌بێ ڕونكردنه‌وه‌ی هۆكاره‌كه‌ی. محمه‌د ووتیشی، ئه‌و ڕۆژه پاسه‌وانێك بۆ ماوه‌ی یه‌ك كاتژمێر به سۆنده له ده‌ست و قاچی داوه له‌كاتێكدا پرسیاری لێكردووه ده‌رباره‌ی هه‌بوونی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ داعش.
بۆ ڕۆژی داهاتوو پاسه‌وانه‌كان ده‌یبه‌نه بنكه‌یه‌كی ئاسایش كه ووتویانه له گوندی قه‌ره هه‌نجیره كه به دووری ٢٠ كیلۆمه‌تر ده‌كه‌وێته ڕۆژئاوای شاری كەركوك و له‌وێ له زیندانی بنكه‌كه له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ری ٦٠ پیاوی تر بۆماوه‌ی یه‌ك مانگ به‌ندی ده‌كه‌ن، هه‌موو پیاوه‌كان پێیان ووتووه كه به تۆمه‌تی هه‌بوونی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ داعش ده‌ستگیركراون. له‌وێ پاسه‌وانه‌كان چه‌ند جارێك به شه‌قازله و بە بۆكز لێیانداوه‌وه تۆمه‌تباریان كردووه به بردنی خواردن بۆ داعش و ته‌واوی ماوه‌ی ده‌ستگیركردنه‌كه‌ی به چاوبه‌ستراوی ماوه‌ته‌وه، ئه‌و ووتی. ڕێگه‌ی پێنه‌دراوه په‌یوه‌ندی به خێزانه‌كه‌یه‌وه بكات و پارێزه‌ری نه‌بووه.
له كۆتایی كانوونی دووه‌می ٢٠١٥، پاسه‌وانه‌كان ده‌یگوێزنه‌وه بۆ ئۆفیسی هه‌واڵگری وه‌زاره‌تی ناوخۆ‌و له‌وێ ڕێگه‌ی پێده‌ده‌ن ته‌له‌فۆن بۆ خێزانه‌كه‌ی بكات و پێیان بڵێ له كوێیه. خێزانه‌كه‌ی پارێزه‌رێكی بۆ ده‌گرن كه بۆ ڕۆژی داهاتوو له‌به‌رده‌م دادوه‌ری لێكۆڵه‌ر له‌گه‌ڵی ئاماده ده‌بێت، ئه‌و ووتی. دادوه‌ر پێی ده‌ڵێ كه پێویست بووه وه‌زاره‌تی ناوخۆ پرۆسه‌ی لێكۆڵینه‌وه هه‌واڵگریه‌كه‌یان ته‌واو بكه‌ن، به‌ڵام ده‌كرێ له‌ماوه‌ی دوو هه‌فته‌دا ئازاد بكرێت. له‌بری ئه‌وه، له چه‌ند شوێنێكی جیاواز به‌ند ده‌كرێت به‌رله‌وه‌ی به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ له ١٥ی مایزی ٢٠١٥ به‌بێ هیچ تۆمه‌تێك له‌دژی ئازادی بكه‌ن، ئه‌و ووتی.
ووتیشی دوو هه‌فته له پاش ئازادكردنی ئه‌فسه‌رێكی ئاسایش ته‌له‌فۆنی بۆ ده‌كاو پێی ده‌ڵێ بچێته بنكه‌ی ئاسایش و ناسنامه و كارتی سوودمه‌ندیه‌كه‌ی خۆی و خێزانی له‌گه‌ڵ خۆیی بهێنێ. ئه‌فسه‌ره‌كه ده‌ست به‌سه‌ر ناسنامه‌ی هه‌موو خێزانه‌كه‌دا ده‌گرێ و پێی ده‌ڵێ یه‌ك هه‌فته‌یان هه‌یه بۆ جێهێشتنی كەركوك. محه‌مه‌د ووتی، ئه‌فسه‌ره‌كه پێیشی ده‌ڵێ كه ده‌توانن ناسنامه‌كانیان له بازگه‌ی داقوق وه‌رگرنه‌وه له‌كاتی چوونه ده‌ره‌وه‌یان له شاره‌كه. ئه‌فسه‌ره‌كه هیچ هۆكارو نووسراوێك له پشت ئه‌و فه‌رمانه‌وه نیشان نادات. نزیكه‌ی دوو ساڵه هه‌وڵی وه‌رگرتنه‌وه‌ی ناسنامه‌و دۆكیومێنته‌كانی ده‌دات، به‌ڵام سه‌ركه‌وتو نه‌بووه. نایه‌وێت كەركوك جێبهێڵێ و بگه‌ڕێته‌وه ماڵه‌كه‌ی كه به گووته‌ی ئه‌و سه‌لامه‌ت نیه و ئێستا به‌بێ بوونی هیچ ناسنامه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی له كەركوك ژیان گوزه‌ر ده‌كات.
به‌هۆی ئامادەنەبوونی له كاره‌كه‌ی له ماوه‌ی ده‌ستگیركردنیدا، كاره‌كه‌ی له‌ده‌ست داوه‌و نه‌یتوانیوه كارێكی تر بدۆزێته‌وه.
''عیزه‌دینی'' ته‌مه‌ن ٦٣ ساڵ كه پێشتر سه‌رباز بووه ووتی، له ته‌مووزی ٢٠١٤ ينكجةی جێهێشتووه تا له‌گه‌ڵ دوو براكه‌ی له گه‌ڕه‌كی قوریه‌ی كەركوك بژی. ئه‌و ووتی له مانگی ئابی ٢٠١٤ ژماره‌یه‌كی زۆر له هێزه‌كانی ئاسایش و وه‌زاره‌تی ناوخۆ‌و پۆلیس دێنه ماڵه‌كه‌یی و داوا ده‌كه‌ن سێ براكه له‌گه‌ڵیان بڕۆنه بنكه‌ی پۆلیسی ناوخۆ. له‌وێ بۆ ماوه‌ی ١٣ ڕۆژ پیاوه‌كان له ژوورێكی بنكه‌كه‌دا به‌ند ده‌كرێن و دوو جار لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێ و پرسیاریان لێده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندیان به داعشه‌وه كردبێ. پاش چوار ڕۆژ له به‌ندكردن، پۆلیس عیزه‌دین و براكانی ده‌هێننه به‌رده‌م دادوه‌ری لێكۆڵه‌ر. عێزه‌دین ووتی، ڕه‌تیكردۆته‌وه وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی دادوه‌ر بداته‌وه.
ئه‌و ووتی كه ئاسایش ڕێگه‌یداوه به خێزانه‌كانیان له بنكه‌ی پۆلیس سه‌ردانیان بكه‌ن. ووتیشی، پاش ١٣ ڕۆژ، پۆلیس خۆیی و براكانی ده‌گوێزنه‌وه بۆ به‌ندیخانه‌یه‌كی به‌رله دادگایكردن له كەركوك و له‌وێ له زیندانێكدا له‌گه‌ڵ ٦٥ ده‌ستگیركراوی تر بۆ ماوه‌ی ٤٥ ڕۆژ به‌ند ده‌كرێن. لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ نه‌كراوه‌و نه‌براونه‌ته به‌رده‌م دادوه‌رو ڕێگه‌یان پێنه‌دراوه خێزانه‌كانیان ببینن، به‌ڵام له كۆتایدا به‌بێ هیچ تۆمه‌تێك ئازاد ده‌كرێن. پاش هه‌فته‌یه‌ك، ئه‌فسه‌رێكی هه‌واڵگری وه‌زاره‌تی ناوخۆ ده‌ڕواته ماڵی براكان و داوای ناسنامه‌كه‌ی عێزه‌دین ده‌كاو ده‌یباته بنكه‌ی هه‌واڵگری قوریه. عێزه‌دین ووتی، ئه‌فسه‌ره‌كه پێی ده‌ڵێ ئه‌گه‌ر گه‌ڕه‌كه‌كه جێبهێڵێ ئه‌وا ناسنامه‌كه‌ی وه‌رده‌گرێته‌وه.
عیزه‌دین شاره‌كه‌ی جێنه‌هێشتووه، به‌ڵام له ماوه‌ی ساڵی ڕابردوودا له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی له دوو گه‌ڕه‌كی جیاواز بیشته‌جێ بوون. هه‌موو جارێك، پۆلیس و ئاسایش و ئه‌فسه‌رانی هه‌واڵگریان ئاگادار كردۆته‌وه. له‌و ماوه‌یه‌دا ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ی ناسنامه‌كه‌یی بردبوو، ناسنامه‌كه‌ی بۆ گه‌ڕاندۆته‌وه.
له تشرینی دووه‌می ٢٠١٦، عیزه‌دین له‌خانوویه‌كی گه‌ڕه‌كی (فه‌یله‌ق)دا ده‌ژیا كه دانیشتوانه‌كه‌ی تێكه‌ڵه له كورد‌و عه‌ره‌ب و توركمان، تا ڕۆژێك چوار ئه‌فسه‌ری ئاسایش دێنه ماڵه‌كه‌یی و داوای ناسنامه‌و كارتی سوودمه‌ندیه‌كه‌یی خۆیی و كوڕه‌كه‌یی و ژنی كوڕه‌كه‌ی ده‌كه‌ن. ئه‌فسه‌ره‌كه پێیان ده‌ڵێ، بۆ ڕۆژی داهاتوو بڕۆنه بنكه‌ی ئاسایش. ئه‌و ووتی، كاتێك گه‌یشتنه ئاسایش، ئه‌فسه‌رێك پێی ووتن فه‌رمانی گه‌ڕانه‌وه بۆ عیزه‌دین و خێزانه‌كه‌ی بۆ ينكجة هه‌یه، ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێنه‌وه ئه‌وا ده‌توانن له بازگه‌ی داقوق ناسنامه‌كانیان وه‌رگرنه‌وه. خۆیی و خێزانه‌كه‌ی به‌بێ ناسنامه له كەركوك ماونه‌ته‌وه. ووتیشی كوڕێكی تری له مانگی تشرینی یه‌كه‌می ٢٠١٦ به تۆمه‌تی هه‌بوونی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ داعش ده‌ستگیركراوه پاش ئه‌وه‌ی گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ ينكجةو ئێستا له تكریت ده‌ستگیركراوه. به‌ڵام، له‌به‌ر نه‌بوونی ناسنامه عێزه‌دین ناتوانێ بڕوات سه‌ردانی كوڕه‌كه‌ی بكات.