Skip to main content

عێراق: نەبوونى دادوەرى بۆ مەرگى خۆپیشاندەران

بەڵێنەكانى لێپرسینەوە شكێنراون لەكاتێكدا بكوژانى پەیوەند بە دەوڵەتەوە بەئازادى دەسووڕێنەوە

ئافرەتانى گەنج لە گۆڕەپانى تەحریر گردبوونەتەوە بۆ ماتەمینى گەنجانى کوژراو لە هەفتەکانى سەرەتاى ڕاپەڕینى تشرین © ٢٠١٩ ئایڤۆر پریکێت / پانۆس پیکچەرس، بەغداد عێراق

(بەیروت) – ڕێكخراوى چاودێرى مافەكانى مرۆڤ لە ڕاپۆرتێكدا كە ئەمڕۆ بڵاویدەكاتەوە ڕایگەیاندووە، حكومەتى عێراقى لەسەردەمى سەرۆك وەزیرانى  پێشوو مستەفا كازمى شكستى خوارد لە بەدیهێنانى بەڵێنەكانى بۆ لێپرسینەوەى یاسایى لە چەكدارانى هێزە ئەمنییەكانى دەوڵەت و گروپە چەكدارەكانى پشتیوانكراو لەلایەن دەوڵەتەوە كە بەرپرسیاربوون لە كوشتن و بیریندارو پێكران و بێسەروشوێن كردنى سەدان خۆپیشاندەر و چالاكوان لە ساڵى ٢٠١٩ەوە.

ئەو ڕاپۆرتە كە لە ٤٠ لاپەڕە پێكهاتووە "خەواندنى یاسا: توندوتیژى بەرامبەر خۆپیشاندەران و نەبوونى لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانى لە عێراق،" وردەكارى دەخاتەڕوو لەبارەى دۆسیەى دیاریكراوى كوشتن، بریندار و پێكراوان، و بێسەروشوێن بوونى خۆپیشاندەران لەماوە و لەدواى ڕاپەڕینى بەربڵاوى ٢٠١٩-٢٠٢٠ لە ناوەڕاست و باشوورى عێراق. كازمى كە لە ئایارى ٢٠٢٠ دەسەڵاتى گرتەدەست بەڵێنیدا دادوەرى بەدیبهێنێت لەبارەى كوژران و بێسەروشوێن بوونى خۆپیشاندەران، بەڵام كاتێك لە تشرینى یەكەمى ٢٠٢٢ پۆستەكەى بەجێهێشت، حكومەتەكەى پێشكەوتنى دیاریكراوى بەدینەهێنا بۆ لێپرسینەوە لەوانەى بەرپرسیاربوون.

ئادەم كووگڵ، جێگرى بەڕێوەبەرى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە ڕێكخراوى چاودێرى مافەكانى مرۆڤ ڕایگەیاندووە "لەدواى دوو ساڵ و نیو لە دەسەڵات، بەڵێنەكانى كازمى بۆ بەدیهێنانى دادوەرى بۆ توندوتیژى بێڕەحمانە دژ بە خۆپیشاندەرانى ئاشتیانە وادەركەوتن بەتاڵ بوون، و بكوژان ئازادانە دەسووڕێنەوە. خۆپیشاندەران قوربانى زۆریاندا بۆئەوەى بارودۆخى وڵاتەكەیان پێشبخەن، تەنانەت بەخشینى ژیانى خۆیان، بەڵام حكومەتەكەیان نەیتوانى كەمترین عەدالەتیان بۆ بەدیبهێنێت لەبەرامبەردا."

بەپێى ئامارەكانى نەتەوە یەكگرتووەكان، نزیكەى ٥٠٠ خۆپیشاندەر تەنها لە چەند هەفتەى سەرەتاى ڕاپەڕین لەلایەن هێزە ئەمنییەكانى عێراق و گروپە چەكداریە پشتیوانكراوەكان لەلایەن دەوڵەتەوە كوژران. توندوتیژییەكان تەنانەت لەدواى خۆپیشاندانەكانیش بەردەوام بوون، ئەمەش لەڕێگەى تیرۆرکردنی ئامانجدار دژ بە چالاكوانە دیارەكان، كە زۆرێك لەوانە وەكو دەنگى كاریگەربوون لەناو بزاوتى خۆپیشاندانەكاندا.

لەدواى شەش مانگ لەهاتنەسەر دەسەڵات، كازمى سەرۆك وەزیرانى پێشوو، لیژنەی لێكۆڵینەوەى ڕاستیەكانى پێكهێنا بۆ لێكۆڵینەوە لە توندوتیژى دژ بە خۆپیشاندەران و چالاكوانان لەلایەن هێزە ئەمنییەكانى دەوڵەت و گروپە چەكدارەكانەوە. بەڵام لیژنەكە هێشتا هیچ زانیارییەكى گرنگى بڵاونەكردووەتەوە لەبارەى ئەو دەرەنجامانەى پێیگەیشتوون، نەك تەنها باسیان لەو دۆسیانە نەكردووە كە لێكۆڵینەوەیان تێداكردووە، تەنانەت ئاماژەشیان نەداوە لەبارەى دەرەنجامى ئەو لێكۆڵێنەوانەى ئەنجامیانداون.

ڕێكخراوى چاودێرى مافەكانى مرۆڤ بەدواداچوونى كردووە بۆ دۆسیەى ١١ عێراقى كە ڕوبەڕووى توندوتیژى بوونەتەوە بەهۆى خۆپیشاندانەكان و چالاكییەكانییانەوە. پێنج لەوان كوژراون، كە دوو كەسیان ئافرەت بوون. پێنج كەسەكەى دیكە بریندارو پێكراون، و یەكێكی دیكەیشیان فڕێندراوەو بێسەروشوێنە.

قوربانییەكان و خێزانى ئەوانەى كوژراون یان بێسەروشوێن بوون سكاڵاى یاساییان لەڕێگەى پۆلیس و دەسەڵاتى دادوەرى تۆمار كردووە، بەڵام لەدواى خواستى سەرەتایى لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە، وەكو هەوڵەكانى پۆلیس بۆ كۆكردنەوەى زانیارى لەبارەى ئەو دۆسیانەوە، دەرەنجامى سكاڵا یاساییەكان بەهیچ كوێیەك نەگەیشتوون. تاڕاددەیەكى زۆر هیچ زانیارییەكى نوێ نەبووە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە لەبارەى چارەنووسى لێكۆڵینەوەكان یان هەوڵەكان بۆ دەستنیشانكردن و لێپرسینەوە لەوانەى بەرپرسیاربوون.

هەروەكو هەندێ لەوانەى چاوپێكەوتنیان لەگەڵدا كراوە جەختیان لەوە كردووەتەوە، دۆسیەكانیان بەشێوەیەكى سادە بڵێین "خەوێندراوە".

ئەمجەد ئەلدەهامات، ٥٦ ساڵ، چالاكوانێكى دیاربوو لە عەمارە، لە پایتەختى پارێزگاى میسان لە باشوورى ڕۆژهەڵاتى عێراق. لە ٦ى تشرینى دووەمى ٢٠١٩، چەند هەفتەیەك لەدواى دەستپێكى خۆپیشاندانەكان، ئەلدەهامات دواى كۆبوونەوەیەك لەگەڵ فەرماندەیەكى باڵاى پۆلیس لە بنكەى سەرەكى پۆلیس لە عەمارە لەدواى جێهێشتنى بنكەكە كوژرا، هەروەكو چالاكوانەكانى دیكەى بەشدار لەو كۆبوونەوەیە باسى لێوەدەكەن. ڕووداوى كوشتنەكەى لەدوورى چەند سەد مەترێك لە بنكەى پۆلیسەكەوە ڕوویدا.

عەلى براى، ٥٢ ساڵ، سكاڵاى یاسایى لەلایەنە پەیوەندیدارەكان تۆماركرد كە ئەنجامێكى ئەوتۆى نەبووە. هیچ كەسێك بەهۆى دۆسیەكەوە دەستگیر نەكراوە. عەلى ئەلدەهامات كە شەڕى دادوەرى دەكات بۆ براكەى، هەڕەشەى كوشتنى لێكراوە و ناچاربووە كە عەمارە جێبهێڵێت، لە شارێكەوە دەچێت بۆ شارێكى دیكە لەترسى ئەوەى ئەویش بكوژرێت.

سەرەڕاى نەبوونى پێشكەوتن لە لێكۆڵێنەوە و لێپرسینەوەى یاسایى، حكومەتى عێراقى بەشێوەیەكى دارایى قەرەبووى زۆربەى ئەو خێزانى كوژراوانى كردووەتەوە. بەپێى ڕاپۆرتى نەتەوە یەكگرتووەكان، زۆرێك لە خێزانى خۆپیشاندەرە كوژراوەكان قەرەبووى داراییان لە دامەزراوەى شەهیدانى عێراق وەرگرتووە، كە دامەزراوەیەكى سەربە دەوڵەتە.

هەروەها حكومەت بەڵێنیداوە كە قەرەبووى هەزاران خۆپیشاندەر بكاتەوە كە پێكراون یان برینداربوون لەماوەى خۆپیشاندانەكاندا. بەڵام ژمارەیەكى كەم لە قوربانیان ئەو قەرەبووەیان وەرگرتووە بەهۆى پێكران و برینەكانیانەوە، و ئەوەش دواى چاوەڕوانییەكى زۆر ڕوویداوە – لە هەندێ حاڵەتدا دوو ساڵ و نیوى پێچووە – و ئەمەش سەرەڕاى خەرجییەكى دارایى زۆر بۆ بەدەستهێنانى. زۆرێكیان پارێزەریان گرتووە بۆئەوەى یارمەتیدەریان بێت لە داواكارییەكەیاندا، و هەندێكى دیكە وتوویانە پێویست بووە كە بەرتیل بدەنە بەرپرسان بۆئەوەى داواكارییەكەیان ڕایى بكرێت.

دەبێت حكومەتى نوێى سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع ئەلسودانى، زانیارى بڵاوبكاتەوە لەبارەى لیژنەى لێكۆڵینەوەى ڕاستییەكان بۆ لێكۆڵینەوە لە كوژران، برینداربوون و پێكران، و بێسەروشوێن بوونى خۆپیشاندەران لەماوەى ڕاپەڕینەكان و دواتریشدا. هەروەها دەبێت حكومەت دەسەڵاتى دادوەرى هانبدات كە زانیارى بڵاوبكاتەوە لەبارەى ئەنجامى پڕۆسەى بەردەوامى لێكۆڵینەوە و دۆسیەكان.

دەبێت حكومەتى سودانى هەوڵەكانى دووهێندە بكات بۆ قەرەبووكردنەوەى قوربانیان توندوتیژى، لەوانەش بە ئامادەكردنى ڕێكارێكى ڕوون و دیاریكراو بۆ قەرەبووكردنەوەى برینداران، و خستنەڕووى ڕێكارى دیاریكراو كە ڕێگرییە بیرۆكراتییەكان سنوورداربكرێن لە وەرگرتنى قەرەبووەكاندا.

كووگڵ دەڵێت "ڕاپەڕینى ٢٠١٩-٢٠٢٠حكومەتێكى ڕووخاند و هەڵبژاردنى پێشووەختى بەدواى خۆیدا هێنا، و خۆپیشاندەران داواى لێپرسینەوەیان كرد لە ئەنجامدەرانى ئەو توندوتیژییانەى بەرامبەریان كرابوو. سەرۆك وەزیرانى نوێ دەتوانێت و دەبێت كاربكات بۆ بەدیهێنانى ئەو دادوەریەى كە سەرۆك وەزیرانى پێشوو نەیتوانى بەدیبهێنێت.

Your tax deductible gift can help stop human rights violations and save lives around the world.

Region / Country