(بەیروت) – هیومان ڕایتس ۆوچ لە ڕاپۆرتەکەی ئەمڕۆیدا ڕایگەیاند، کەمئەندامان لە عێراق ڕووبەڕووی چەندین بەربەستی قورس دەبنەوە لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ بەهۆی جیاکاری کردن لەدژی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە یاساکان و نەگەیشتنیان بە بنکەکانی هەڵبژاردن. ئەگەر گۆڕانکاری بەپەلە نەکرێت، ڕەنگە سەدان هەزار کەس نەتوانن دەنگ بدەن.
لە ڕاپۆرتە لاپەرەییەکەیدا، لەژێر ناونیشانی کەس نوێنەرایەتیمان ناکات؛ بەربەستی بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسی بۆ کەمئەندامان لە عێراق، بە بەڵگە دەکرێت کە بەرپرسانی عێراقی شکستیان هێناوە لە چەسپاندنی مافی بەشداریکردن لە هەڵبژاردن بۆ ئەو عێراقیانەی کە کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەتن. زۆرجار کەمئەندامان بێبەش دەکرێن لە مافی دەنگدان بەهۆی جیاکاری لە یاساکاندا و بەربەست لە گەیشتن بە بنکەکانی دەنگدان و دۆخی ناو بنکەکانی دەنگدان کە پێویستیەکانی ئەوانی تێدا دەستەبەر نەکراوە لەگەڵ چەندین بەربەستی تری یاسایی و سیاسی لە بەردەم خۆکاندید کردنیان.
بەڵقیس وویڵی، توێژەری باڵای قەیران و جەنگ لە هیومان ڕایتس ۆوچ، ووتی، "دەبێت حکومەت دڵنیایی بدات لەوەی کە بنکەکانی دەنگدان گونجاوە بۆ هەموو دەنگدەران. ڕاستە هەندێک هەنگاو لەم بارەیەوە کاتی دەوێت وەک گۆڕانکاری لە یاساکاندا، بەڵام هەنگاوەکانی تر ئاسانن بۆ جێبەجێکردن و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکان هیچ بیانویەکی نیە لە بەردەوام شکستهێنان لە چارەسەرکردنیان."
لە نێوان مانگی کانوونی دووەم و ئاب، هیومان ڕایتس ۆوچ چاوپێکەوتنی لەگەڵ ١٤ کەمئەندام و چالاکوان و بەرپرس و ستافی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ئەنجامدا. هەرچەندە حکومەتی عێراقی هیچ ئامارێکی دروستی لەسەر ژمارەی کەمئەندامان و کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت کۆنەکردۆتەوە، لە ساڵی ٢٠١٩، کۆمسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت ووتی، بە هۆی چەندین دەیە لە شەڕو تووندوتیژی؛ بەشەڕەکانی دژی دەوڵەتی ئیسلامیشەوە (کە بە داعش ناسراوە) لە ساڵی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٧، عێراق بووەتە یەکێک لەو ووڵاتانەی جیهان کە زۆرترین ڕێژەی کەسانی کەمئەندامی تێدایە.
لە ساڵی ٢٠١٣، پەرلەمانی عێراق دەنگیدا بە پەسەندکردنی پەیماننامەی نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت. مادەی ١٢ی پەیماننامەکە دەڵێ دەبێت ووڵاتانی ئەندام"دان بنێن بە مافی توانای یاسای کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت بەشێوەیەکی یەکسان وەک کەسانیی تر لە هەموو بوارەکانی ژیاندا،" هەروەها مادەی ٢٩ داوا لە دەوڵەتان دەکات ڕێز لە مافە سیاسیەکانی کەمئەندامان بگرن. بەڵام، یاسا نێوخۆییەکانی عێراق لەم ڕوەوە کەموکورتی تێدایە. یاسای باری شارستانی ساڵی ١٩٥١دان نانێت بە مافی توانای یاسایی کەسانی خاون پێداویستی تایبەت و ڕێگە بە حکومەت دەدات لە بێبەشکردنی ئەو کەسانەی کێشەی عەقڵی و دەروون درووستییان هەیە وەک نەخۆشی مێشک و نابینایی و نابیستی لە مافی توانای یاسای. بەبێ مافی توانای یاسای، خەڵک ناتوانێت دەنگ بدات.
مادەی ٢٩ی پەیماننامەکە لەسەر دەوڵەتانی پێویست دەکات دڵنیایی بدەن لەوەی کە بنکەکانی دەنگدان و پێداویستییەکانی هەڵبژاردن "گونجاو و بەردەست و ئاسانن بۆ تێگەیشتن و بەکارهێنان." بەڵام، بەرپرسانی عێراقی هیچ یان زانیاریەکی زۆر کەمیان لەم بارەیەوە بۆ ئەو کەسانەی کێشەی عەقڵ و بینین و بیستنیان هەیە دابین کردوە. لە بڵاوکردنەوەی بابەتەکانی هەڵبژاردن ڕەچاوی پێداویستیەکانی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت نەکراوە وەک تۆمارکردنیان بە دەنگی بۆ نابیناکان و نوسینیان بە شێوازێک کە نابیناکان بتوانن بیخوێننەوە لەگەڵ نوسینیان بە پیتی گەورە و ئاسان و دابینکردنی پێداویستییەکان بە زمانی نیشانە بۆ نابیستەکان. بابەتەکانی هەڵبژاردن لەسەر ماڵپەڕی کۆمسیۆنی باڵا بەردەست نیە بۆ ئەو کەسانەی کێشەی بینین و بیستنیان هەیە. بەهۆی سەپاندنی قەدەغەی هاتوچۆ لە ڕۆژی هەڵبژاردندا بەمەبەستی پاراستنی ئاسایش، ئەو کەسانەی کورسی کەمئەندامی و ئامێری تر بەکاردهێنن بۆ هاتوچۆ ڕووبەڕووی بەربەست دەبنەوە لە گەیشتنیان بە بنکەکانی دەنگدان.
کۆمسیۆنی هەڵبژاردن بەزۆری و بەشێوەیەکی سەرەکی بینای قوتابخانەکان وەک بنکەی دەنگدان بەکاردەهێنێ کە زۆرێکیان بۆ کەمئەندامان لەبار نین. ژمارەیەکی زۆر لە سندوقەکانی هەڵبژاردن دەخاتە نهۆمی دووەمی بیناکان کە مەسعەدیان تێدا نیە. کۆمسیۆن بنکەی دەنگدانی گەڕۆک و دەنگدانی ئەلیکترۆنی و دەنگدانی لەڕێگەی پۆستەوە نیە بەهۆی لاوازی سیستمی پۆستە لە عێراق.
سوها ئەمین خەلیل تەمەن ٤٤ ساڵ کە کورسی کەمئەندامی بەکاردەهێنێ و هەرگیز بەشداری لە هەڵبژاردن نەکردوە ووتی، "ڕۆژی هەڵبژاردن دڵتەنگترین ڕۆژە بۆ من. هەموو کەس دەچێت بۆ هەڵبژاردن بەڵام من لە ماڵەوە گیرم خواردوە و چاوەڕێم ڕۆژەکە کۆتایی بێت."
کەمئەندامان ووتیان هەندێک جار دەبێت پشت بە هاوکاری کەسانی تر ببەستن بۆ گەیشتن بە بنکەکانی دەنگدان. کاتێک ئەم هاوکارییە لەلایەن ئەندامانی پارتە سیاسیەکانەوە پێشکەش دەکرێت، هەندێک جار هەوڵدەدەن کاریگەری لەسەر دەنگەکانیان دروست بکەن. پێویستی هاوکاریی بۆ هەندێک کەس لەکاتی دەنگدان یان بۆ گەیشتن بە سندوقەکانی دەنگدان نیگەرانی نەبوونی تایبەتمەندیی کەسی درووست دەکات.
ئەحمەد الجیزی، بەڕێوەبەری کۆمەڵەی دەنگی کەمئەندامانی عێراق کە ڕیکخراوێکە لە بەغدا بنکەی هەیە ووتی ڕاپرسیەکی گروپەکەی بۆ هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی ساڵی ٢٠١٨ دەریخستووە کە تەنها ٢٠٠ ئەندامی ڕێکخراوەکەی لە ٥٠٠٠ کەس کە وەڵامی ڕاپرسیەکەیان دابویەوە بەشداریان لە دەنگدان کردبوو.
بەڵگەی بەردەست نیشانی دەدا کە کەمئەندامان ڕووبەڕووی بەربەستێکی زۆر دەبنەوە لە خۆ کاندید کردن بۆ هەڵبژاردن. سەرەڕایی توێژینەوەیەکی زۆر، هیومان ڕایتس ۆوچ توانی تەنها هەشت کەس بدۆزێتەوە کە خۆیان کاندید کردبێ لە ساڵی ٢٠٠٥ وە، کە شەشیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و دوانیان بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکان بووە. هەموو کاندیدەکان پیاو بوون و کەمئەندام بوون. بەربەستەکان لە دەرئەنجامی یاسا جیاکاریەکانەوەیە، وەک ئەو بڕگانەی کە پێویستی دەکەن لەسەر کاندید "توانای تەواو"ی هەبێت یان "هەموو مەرجەکانی" تێدا بێت، یان نەبوونی سەرچاوەی دارایی و نەبوونی خۆاستی پارتەکان لە گەڕان و دۆزینەوە و پشتگیریکردنی کەمئەندام وەک کاندید بۆ پارتەکانیان.
نەغیم قادر ئەلیاسی تەمەن ٤٧ ساڵ کە کورسی کەمئەندامی بەکاردەهێنێت ووتی، "زۆر دڵتەنگ دەبم کاتێک ئەو هەموو ئەندامەی پەرلەمان دەبینم بەڵام کەسێک نیە نوێنەرایەتی ئێمە بکات."
کۆمسیۆنی باڵا بەرگری لە یاساو ڕێنماییەکی دەکات. لەوەڵامی ڕاپۆرتێکی ڕەخنەئامێزی کۆمسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت، کۆمسیۆنی باڵا بە وەزارەتی کارو کارباری کۆمەڵایەتی ووت، "دامەزراوەکەمان دامەزراوەیەکی جێبەجێکردنە و تەنها ئەرکی جێبەجێکردنی یاساکانی هەڵبژاردنە بۆ ڕێکخستنی هەموو وردەکاریەکانی پرۆسەی هەڵبژاردن." بەڵام لە ڕاستیدا کۆمسیۆنی باڵا دەسەڵاتی هەیە لە دابینکردنی هۆکاری هاتوچۆو لە ڕۆژی هەڵبژاردن و دیاریکردنی بنکەکانی دەنگدان و بڵاوکردنەوەی زانیاریەکانی هەڵبژاردن بە جۆرێک ڕەچاوی پێویستیەکانی کەم ئەندامانی تێدا بکرێ.
بۆ ڕۆژی هەڵبژاردن، دەبێت کۆمسیۆنی باڵا دڵنیایی بدات لە هەبوونی هۆکاری هاتوچۆ و ڕەچاوکردنی پێداویستیەکانی کەمئەندامان لە ناو بنکەکانی هەڵبژاردن. دەبێت کۆمسیۆن دڵنیایی بدات لەوەی کە بابەتەکانی تایبەت بە هەڵبژاردن بەردەستن و ئاسانن بۆ تێگەیشتن بۆ ئەو کەسانەی کێشەی عەقڵ و بینین و بیستنیان هەیە. هەروەها دەبێت کۆمسیۆنی باڵا دڵنیایی بدات لە دابینکردنی هاوکاری بۆ ئەوانەی پێویستیان بە هاوکاریە و هاوکاریەکان نەبێتە هۆی دەستوەردان لە مافی دەنگدان بە نهێنی و سەربەخۆیی.
دەبێت پەرلەمانی هەڵبژێردراوی نوێی عێراق هەستێ بە ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە یاسا پەیوەندیدارەکان و بیگۆڕێت بەجۆرێک کە بەتەواوی هاوتابن لەگەڵ پەیماننامەی نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی کەمئەندامان. دەبێت گۆڕانکاری بکات لە یاسای باری شارستانی لەسەر توانای یاسایی تا مافی توانای یاسای کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت ڕێزی لێبگیرێت و هاوکاری پێویستیان بۆ دابینبکرێت لەکاتی بڕیارداندا ئەگەر پێویستیان بوو.
دەبێت کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و ئەو ڕێکخراوانەی نوێنەرایەتیان دەکەن ڕاوێژو بەشداریان پێبکرێت لە هەموو ئەم هەوڵانەدا.
دەبێت دامەزراوەکانی چاودێری هەڵبژاردنی نەتەوە یەکگرتوەکان و یەکێتی ئەوروپا بەشداری بە کەمئەندامان بکەن وەک چاودێر لە بنکەکان و هەستن بە بەڵگەکردنی مامەڵەی جیاکاری لەدژی کەمئەندامان و سنوردارکردنی کەسانی کەمئەندام، لە ئەرکی نوسینی ڕاپۆرتەکانیان لە کاتی چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکاندا.
وویڵی ووتی، "دەبێت ئەو ووڵاتانەی کە پشتگیری دارایی و چاودێری هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکەن، بەو ووڵاتانەشەوە کە بەشێک بوون لە ناکۆکییەکان، یارمەتیدەر بن لە گۆڕینی عێراق، بە سیستمە سیاسیەکەشیەوە، بە شوێنێکی لەبار بۆ کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت."