هه‌رچه‌نده زۆرێك له به‌ره‌كانی جه‌نگ له نێوان هێزه عێراقیه‌كان و ده‌وڵه‌تی ئیسلامی (ناسراو به داعش) له ساڵی ٢٠١٨ به‌ره‌و بێده‌نگی و نه‌مان چوون، ئۆپراسیۆنه سه‌ربازیه‌كان له‌دژی شانە نووستوەکان و پاشماوەکانی داعش به‌رده‌وام بوون. داعش به‌رده‌وام بوو له ده‌ستگیركردن و كووشتنی كوێرانه‌ی هاووڵاتیانی مه‌ده‌نی و هێزه‌كانی سه‌ر به سووپای عێراق به‌درێژایی ساڵ. له‌لایه‌كی تره‌وه، له‌ژێر ناوی شه‌ڕی دژه تیرۆر، هێزه عێراقیه‌كان هه‌ستان به ڕه‌شبگیری و مامه‌ڵه‌ی خراپ و ئه‌شكه‌نجه‌دان و بێسه‌روشوێنكردنی به‌زۆری پیاوانی سوونه له‌وناوچانه‌ی كه پێشتر داعش تێیاندا چالاك بووه و ڕێزنه‌گرتن له مافه یاساییه‌كانیان له دادگایكردیی عادیالانه. چه‌ندین ساڵی جه‌نگ له‌سه‌رتاسه‌ری ووڵات بووه هۆی ئاواره‌بوونی ١.٨ ملیۆن هاووڵاتی له‌ساڵی ٢٠١٨. هێزه ئه‌منیه‌كانی عێراق ڕێوشوێنی ئه‌منیان له‌دژی ئه‌و خێزانانه گرته‌به‌ر كه باوه‌ڕوابووه كه‌س و كاریان هه‌بووه پشتگیری داعشی كردبێ له ڕابردوودا كه ئه‌وه‌ش ده‌چێته خانه‌ی سزادانی به كۆمه‌ڵ.
پێشێلكاری تری مافه‌كانی مرۆڤ به‌رده‌وام بوون، به مافی ئازادی ڕاده‌ربڕین و گردبوونه‌وه‌و مافه‌كانی ژنان و به‌رده‌وامی سزای له سێداره‌دان.
هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق له مانگی مایسی ڕابردوو ده‌ره‌نجامه‌كه‌ی گواستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بوو له حه‌یده‌ر عه‌بادیه‌وه بۆ عادل عبدولمه‌هدی بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ.
یه‌كسانی بۆ پێشێلكاریه‌كانی داعش
له‌ساڵی ٢٠١٨، چه‌كدارانی داعش هه‌ستان به ده‌ستگیركردن و كووشتنی كوێرانه‌ی خه‌ڵك و زۆرجار كردنه ئامانجی ئه‌ندامانی سووپای عێراق و سه‌رۆك هۆزو خێڵه‌كان. هه‌ستان به ئه‌نجامدانی ده‌یان هێرشی ته‌قینه‌وه له‌و ناوچانه‌ی خه‌ڵكی تێدابوو. به‌پێی یاسا نێوده‌وڵه‌تیه‌كان هه‌ندێك له‌و تاوانه دڕندانه‌ی له‌لایه‌ن داعشه‌وه له پاش ساڵی ٢٠١٤وه ئه‌نجام دراون ده‌چنه خانه‌ی تاوانی جه‌نگ و ڕه‌نگه تاوان له دژی مرۆڤایه‌تی و جینۆساید. له‌ساڵی ٢٠١٨، عێراق شكستی هێنا له تێپه‌ڕاندنی یاسایه‌ك كه تاوانی جه‌نگ و تاوان له دژی مرۆڤایه‌تی بكاته تاوان له‌ناو یاسای عێراقیدا.
له‌بری ئه‌وه، دادوه‌ره عێراقیه‌كان ته‌نها به‌پێی یاسای دژه تیرۆر سزای گومانلێكراوانی داعشیان ده‌دا. به‌شێوه‌یه‌كی گشتی، دادگایكردنه‌كان په‌له‌ی تێدا ده‌كراو ته‌نها له‌سه‌ر بنه‌مای دانپێنانی به‌رگریكاران بوو قوربانیان به هیچ شێوه‌یه‌ك به‌شداریان تێدا نه‌ده‌كرد.
به‌پرسان هه‌وڵێكی ئه‌وتۆیان نه‌دا له پارێزگاریكردن و كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌و به‌ڵگانه‌ی له گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كانی داعشدا ده‌دۆزرانه‌وه‌و به‌كارهێنانیان له دادگایكردنه‌كاندا.
حكومه‌تی عێراقی و هه‌رێمی كوردستان هه‌ستان به ئه‌نجامدانی هه‌زاران دادگایی گومانلێكراوانی داعش به‌بێ بوونی ستراتیژێك كه ئه‌وله‌ویات بدات به تاوانه زۆر گه‌وره‌كان به‌پێی یاسای نێوده‌وڵه‌تی و عێراقی.
به‌پێی بڕیارێكی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان كه له ئه‌یلولی ٢٠١٧ تێپه‌ڕێندرا، تیمێكی لێكۆڵینه‌وه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان دروستكرا بۆ به بەڵگەکردنی ئه‌و تاوانانه‌ی له‌لایه‌ن داعشه‌وه له عێراق ئه‌نجام دراون. تا كۆتایی ٢٠١٨، ئه‌م تیمه هێشتا هیچ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی له عێراق ئه‌نجام نه‌دابوو.
عێراق له ساڵی ٢٠٠٩ هه‌ستا به تێپه‌ڕاندنی یاسای ژماره ٢٠ بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی بوونه‌ته قوربانی ئۆپراسیۆن و هه‌ڵه سه‌ربازیه‌كان و كرده‌وه تیرۆریستیه‌كان. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا،حكومه‌ت چه‌ندین كۆمیته‌ی دروستكرد بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی زه‌ره‌رمه‌ندبوون به‌هۆی ئۆپراسیۆن و هه‌ڵه سه‌ربازیه‌كان و كرده‌وه تیرۆریستیه‌كان. كۆمیته‌كانی قه‌ره‌بووكردنه‌وه له‌و ناوچانه‌ی كه‌وتبوونه ژێر ده‌ستی داعش له ساڵی ٢٠١٤ به هه‌زاران داواكاری قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌یان پێگه‌یشتووه به‌ڵام هیچ كام له‌و داواكاریانه‌ی له دوای ساڵی ٢٠١٤وه پێشكه‌ش كراون قه‌ره‌بوو نه‌كراونه‌ته‌وه.
ڕه‌شبگیری و پرۆسه‌ی دادگایكردن و پێشلكاری دادگایكردنی عادیلانه
هێزه عێراقیه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی هه‌ڕه‌مه‌كی هه‌ندێك گومانلێكراوی داعشیان ده‌ستگیركرد كه زۆربه‌یان پیاوانی سوونه بوون بۆماوه‌ی چه‌ندین مانگ. به‌پێی ووته‌ی شاهێدحاڵان و ئه‌ندامانی خێزانه‌كانیان، هێزه ئه‌منیه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام هه‌ستاون به ده‌ستگیركردنی گومانلێكراوان به‌بێ فه‌رمانی دادگا‌و فه‌رمانی ده‌ستگیركردن و به‌ڵگه‌نامه‌ی تر‌و زۆرجار هیچ هۆكارو بیانوویه‌كیان نه‌داوه بۆ ده‌ستگیركردنه‌كان.
له‌كاتی خۆپیشاندانه‌كانی مانگی مارس له‌لایه‌ن فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كورستان به‌هۆی دواكه‌وتنی مووچه‌كانیان، هێزه ئه‌منیه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌ستان به ده‌ستگیركردنی ده‌یان خۆپیشانده‌رو ڕۆژنامه‌نووس به‌شێوه‌یه‌كی هه‌ڕه‌مه‌كی.
به‌رپرسان به‌شێوه‌یه‌كی ڕێکخراوو مافه یاساییه‌كانی گومانلێكراوانی داعش و ده‌ستگیركراوانی تریان پێشێل كردووه وه‌ك ئه‌و مافانه‌ی له یاسایی عێراقیدا هاتووه له بینینی دادوه‌ر له‌ماوه‌ی ٢٤ كاتژمێرداو ئاماده‌بوونی پارێزه‌ر له‌كاتی لێكۆڵینه‌وه‌داو ئاگاداركردنه‌وه‌ی خێزان و كه‌س و كاری ده‌ستگیركراوان له شوێن و چاره‌نووسیان و هه‌بوونی په‌یوه‌ندی له نێوانیاندا.
هه‌روه‌ها، دادوه‌ران بانگه‌شه‌ی ئه‌و ژنه بیانیانەیان پشتگوێ ده‌خست كه ده‌یان گووت له دژی خواستی خۆیان و به زۆر له‌لایه‌ن مێرده‌كانیانه‌وه هێنراون بۆ عێراق و له‌ناوچه‌كانی ژێر كۆنترۆڵی داعشدا ژیاوون. منداڵانی سه‌رو ته‌مه‌ن ٩ ساڵ دادگایی كراون به تۆمه‌تی هاتنه ناو عێراق به نایاسایی سه‌ره‌ڕایی لێداوانه‌كانی دادگا سه‌باره‌ت به‌وه‌ی له‌لایه‌ن دایك و باوكیانه‌وه به‌بێ ڕه‌زامه‌ندی خۆیان هێنراون.
سه‌ره‌ڕایی چه‌ندین داواكاری، حكومه‌تی عێراقی ئاماده نه‌بوو زانیاری بدات سه‌باره‌ت به‌وه‌ی چ پێكهاته‌یه‌كی ئه‌منی و سه‌ربازی ده‌سه‌ڵاتی ده‌ستگیركردن و زیندانی كردنی هه‌یه.
ئه‌شكه‌نجه‌دان و شێوازی تری مامه‌ڵه‌ی خراپ
ده‌ستگیركراوانی نه‌ینه‌وا باسیان له ئه‌شكه‌نجه‌دانیان كرد له‌كاتی لێكۆڵینه‌وه‌كاندا له زیندانه‌كانی موسڵی ژێر ده‌سه‌ڵاتی وه‌زاره‌تی ناوخۆ. له هه‌ندێك حاڵه‌تدا، بووه‌ته هۆی مردنی ده‌ستگیركراو. ئه‌م تۆمه‌تانه هاوتان له‌گه‌ڵ ڕاپۆرتی به‌رفراوانی به‌كارهێنانی ئه‌شكه‌نجه له‌لایه‌ن هێزه عێراقیه‌كان له‌پێناو ناچاركردنی ده‌ستگیركراو به دانپێنان له‌بری ئه‌نجامدانی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی تێروته‌سه‌ل. به‌رپرسان گومانلێكراوانی داعشیان له زیندانی قه‌ره‌باڵغ و له هه‌ندێك حاڵه‌تدا له ڕه‌وشی نامرۆیانه‌دا ده‌ستگیركردووه.
سه‌ره‌ڕایی به‌ڵێنه‌كانی سه‌رۆك وه‌زیران له ئه‌یلولی ٢٠١٧ له لێكۆڵینه‌وه له تۆمه‌ته‌كانی ئه‌شكه‌نجه‌دان و كووشتنی هه‌ڕه‌مه‌كی، به‌رپرسان هیچ هه‌نگاوێكیان نه‌ناوه له لێكۆڵینه‌وه‌كردن له‌م پێشێلكاریانه.
له ١٦ دادگایكردنی تیرۆردا كه هیومان ڕایتس ۆوچ چاودێری كرد له ساڵی ٢٠١٨، به‌رگریكاران باسیان له تۆمه‌تی ئه‌شكه‌نجه‌دان كرد له پێناو ناچاركردنیان به دانپێنان، به‌ڵام زۆرێك له دادوه‌ره‌كان هیچ هه‌نگاوێكیان نه‌نا بۆ لێكۆڵینه‌وه‌كردن له‌م تۆمه‌تانه، ته‌نها له یه‌ك حاڵه‌تدا ئه‌فسه‌رێك لێكۆڵینه‌وه‌ی كردبوو ئه‌ویش سزادرابوو.
بێسه‌روشوێنكردنی زۆره‌ملێ
ڕێکخراووی نێوودەوڵەتی بۆ کەسانی بێسەروشووێن كه كار له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراقی ده‌كات بۆ دۆزینه‌وه‌و دیاریكردنی ناسنامه‌ی بێسه‌روشوێنان، ژماره‌ی بێسه‌روشوێنانی عێراق به ٢٥٠ هه‌زار بۆ ١ ملیۆن كه‌س ده‌خه‌مڵێنێ له دوای ساڵی ٢٠١٤وه.
سوپای عێراق و هێزه ئه‌منیه‌كان هه‌ستاون به بێسه‌روشوێنكردنی زۆره‌ملێی پیاوانی عه‌ره‌بی سوونه له‌ژێر ناوی ئۆپراسیۆنه‌كانی دژ بە تیرۆر‌و كه‌یسی تر. ژماره‌یه‌ك له به‌رپرسی ئه‌منی و سه‌ربازی به‌رپرسیارن له بێسه‌روشوێنكردنی زۆره‌ملێ كه زۆرێكیان له بازگه‌كان و ماڵی گومانلێكراواندا ڕوویان داوه. سه‌ره‌ڕایی داواكاری له‌لایه‌ن كه‌س و كاری بێسه‌روشوێن كراوه‌كانه‌وه، حكومه‌تی عێراقی هیچ زانیاریه‌كی پێنه‌داون. به‌رپرسان وه‌ڵامی داوای هیومان ڕایتس ۆوچیان نه‌دایه‌وه سه‌باره‌ت به‌وه‌ی چ كه‌ناڵێك بۆ خێزانه‌كان كراوه‌یه له گه‌ڕان به‌دوای زانیاری ده‌رباره‌ی خۆشه‌ویستانیان. ده‌ستپێشخه‌ریه‌ك له ساڵی ٢٠١٥ و ٢٠١٧ بۆ تێپه‌ڕاندنی یاسایه‌كی نوێ بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی بێسه‌روشوێنی زۆره‌ملێ وه‌ك تاوانێكی جیا له په‌رله‌ماندا به‌هیچ شوێنێك نه‌گه‌یشتووه.
سزای به كۆمه‌ڵی خێزانی گومانلێكراوانی داعش
ئه‌و خێزانه عێراقیانه‌ی به هه‌بوونی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ داعش ته‌ماشا ده‌كرێن زۆرجار به‌هۆی ناوی خێزان و هۆزو شوێنی له‌دایك بوونیان، بێبه‌ش كراون له ناسنامه‌و دۆكیومه‌نته‌كانی تری باری شارستانی. ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری هه‌بووه له‌سه‌ر ئازادی هاتوچۆیان و مافی خوێندن و كاركردن و وه‌رگرتنی یارمه‌تی و خۆراك ناسنامه‌ی له‌دایك بوون و مردن كه پێویسته بۆ خاوه‌ندارێتی و میرات.
هه‌روه‌ها ئه‌مه ڕێگریش بووه له پێشكه‌شكردنی داواكاری له كۆمسیۆنه‌كانی قه‌ره‌بووكردنه‌وه بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌و عێراقیانه‌ی زه‌ره‌رمه‌ند بوون به‌هۆی ئۆپراسیۆن و هه‌ڵه سه‌ربازیه‌كان و كاره تیرۆریستیه‌كان یان له پێشكه‌شكردنی داواكاری له دادگا له‌دژی ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی ماڵ و موڵكیان له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منیه‌كانی عێراق و خێزانه‌كانی تر. له نه‌ینه‌وا هه‌ندێك خێزان كه گومان ده‌كرێت په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ داعش هه‌بووبێت ووتیان كه هه‌ندێك جار بێبه‌شكراون له وه‌رگرتنی هاوكاری مرۆیی، عاده‌ته‌ن له‌لایه‌ن به‌رپرسانی كۆمه‌ڵگه‌وه.
ئه‌و پارێزه‌رانه‌ی كه به‌رگری له گومانلێكراوانی داعش و خێزانه‌كانیان ده‌كه‌ن ووتیان كه هێزه ئه‌منیه‌كان هه‌ڕه‌شه‌یان لێكردوون و له هه‌ندێك حاڵه‌تدا بێبه‌شیان كردوون له پێشكه‌شكردنی هاوكاری و خزمه‌تیان.
سه‌ره‌ڕایی هه‌وڵی هاوبه‌شی حكومه‌ت و ڕێكخراوه مرۆییه‌كان له كارئاسانی كردن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ ئه‌و ناوچانه‌ی كه پێشتر له‌ژێر كۆنترۆڵی داعش بوون، فه‌رمانی ناوخۆیی و ڕێوشوێنی تر ڕێگری له‌و خێزانانه كردووه كه وه‌ك لایه‌نگری داعش ته‌ماشا ده‌كرێن له‌گه‌ڕانه‌وه بۆسه‌ر ماڵ و ناوچه‌كانیان له ئه‌نبارو دیاله‌و نه‌ینه‌واو سه‌ڵاحه‌دین. له هه‌ندێك حاڵه‌تدا، ئه‌م خێزانانه له‌لایه‌ن هێزه سه‌ربازیه‌كانی عێراقه‌وه ناچاركراون به جێهێشتنی ماڵ و حاڵیان و چوونه ناو كامپه‌كان یان شوێنی تر.
ئازادی ڕاده‌ربڕین و گردبوونه‌وه
هێزه ئه‌منیه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌ستان به ده‌ستگیركردنی ده‌یان خۆپیشانده‌رو ڕۆژنامه‌نووس به‌شێوه‌یه‌كی هه‌ڕه‌مه‌كی له‌كاتی خۆپیشاندانه‌كانی مانگی مارس له‌لایه‌ن فه‌رمانبه‌ران به‌هۆی نه‌دانی مووچه‌كانیان. هه‌ندێك خۆپیشانده‌ر بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان كرد كه هێزه ئه‌منیه‌كان لێیان داون.
ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ی كه له ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق له مانگی حوزه‌یران ده‌ستیان پێكرد بۆ داواكاری چاكسازی له ئاوی خواردنه‌وه‌و كاره‌باو هه‌لی كار‌و له هه‌ندێك ناوچه‌دا تووندوتیژیان لێكه‌وته‌وه به تایبه‌ت له به‌سره كه تێیدا هێزه‌كانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ له ڕێگه‌ی به‌كارهێنانی هێزه‌وه به دەیان خۆپیشانده‌ریان برینداركردو چه‌ند كه‌سێكیان كووشت له‌كاتی هه‌وڵدان بۆ بڵاوه‌پێكردنی خۆپیشانده‌ران و ده‌ستگیركردنیان. خۆپیشاندانه‌كانی شاری به‌سره تا مانگی ئه‌یلول به‌رده‌وام بوون و زیادبوونی تووندوتیژیه‌كان له‌لایه‌ن هه‌ردوولاوه به سووتانی چه‌ند بینایه‌ك و كوژرانی ١٥ كه‌س كۆتایی هات.
مافه‌كانی ژنان و خواستی ڕه‌گه‌زی و یاسای ئه‌خلاقی
هیومان ڕایتس ۆوچ و چه‌ند ڕێكخراوێكی تر سیستمێك له ده‌ستدرێژی سێكسی و به كۆیله‌كردنی سێكسی و به شوودانی به‌زۆری ژنان و كچانی یه‌زیدی له‌لایه‌ن داعشه‌وه بەبەڵەگەکردووە. به‌ڵام هیچ ئه‌ندامێكی داعش دادگایی و سزانه‌دراوه به‌تایبه‌تی بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌م تاوانانه.
یاسایی زۆر نیه بۆ پارێزگاریكردنی ژنان له تووندوتیژی خێزانی. یاساكانی سزادانی عێراقی بڕگه‌ی تێدایه كه لێدانی جه‌سته‌یی به تاوان له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت باس له تووندوتیژی خێزانی ناكات. هه‌رچه‌نده، ده‌ستدرێژی سێكسی قه‌ده‌غه‌كراوه، به‌ڵام مادده‌ی ٣٩٨ ده‌ڵێ تاوانبار سزانادرێت ئه‌گه‌ر هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ قوربانیه‌كه‌دا بكات. هه‌رچه‌نده هیچ توێژینه‌وه‌یه‌كی نیشتمانی نوێ له‌سه‌ر تووندوتیژی خێزانی ئه‌نجام نه‌دراوه، ڕێكخراوه‌كانی ژنان باس له ڕێژه‌یه‌كی زۆری تووندوتیژی خێزانی ده‌كه‌ن.
یاسای عێراقی ڕێگه به په‌یوه‌ندی هاوڕه‌گه‌زبای نادات و مادده‌ی ٣٩٤ خیانه‌تكردن له هاوسه‌ر قه‌ده‌غه ده‌كات. په‌ره‌گرافی ٤٠١ له یاسای سزادانی عێراقی ده‌ڵێ هه‌ركه‌سێك كاری به‌دڕه‌وشتی ئه‌نجام بدات له شوێنه گشتیه‌كا، ده‌كرێت بۆماوه‌ی تا شه‌ش مانگ زیندانی بكرێت. له‌به‌ره‌وه‌ی یاساكه ناڕوونه ده‌كرێت به‌كاربهێنرێ بۆ كردنه ئامانجی ڕه‌گه‌زه كه‌مایه‌تیه‌كان، به‌ڵام هیچ كه‌یسێكی له‌م جۆره تۆمار نه‌كراوه.
سزای له سێداره‌دان
له مێژه عێراق یه‌كێك بووه له‌و ووڵاتانه‌ی كه زۆرترین ڕێژه‌ی له سێداره‌دانی تێدا بووه‌و له دوای چین و ئێران و سعودیه به چواره‌م ووڵات دێت له ڕیزبه‌ندیه‌كه‌دا. یاسای سزادانی عێراقی ڕێگه به له سێداره‌دانی خه‌ڵكانی ته‌مه‌ن گه‌وره ده‌دات به چه‌ند تاوانێك. به‌رپرسانی عێراقی سزای له سێداره‌دانیان به‌سه‌ر سه‌دان كه‌سدا سه‌پاندووه به‌پێی یاسای دژه‌تیرۆرو سزای له سێداره‌دانیان جێبه‌جێ كردووه به‌بێ بڵاوكردنه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی فه‌رمی یان پێدانی هیچ زانیاریه‌ك به ئه‌كته‌ره نێوده‌وڵه‌تیه‌كان له‌م باره‌یه‌وه. پاش هێرشێكی داعش له مانگی حوزه‌یران، سه‌رۆك وه‌زیران داوای ده‌ستبه‌جێ له‌سێداره‌دانی ئه‌و تیرۆریستانه‌ی كرد كه سزای له سێداره‌دانیان هه‌یه له پاش ئه‌وه به‌رپرسان ڕایانگه‌یاند كه ١٢ كه‌سیان له‌سێداره‌داوه.
له هه‌رێمی كوردستانی عێراق، به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیارێكی ساڵی ٢٠٠٨ جێبه‌جێ ده‌كه‌ن كه ڕێگری له جێبه‌جێكردنی سزای له سێداره‌دان ده‌كات له چه‌ند حاڵه‌تێكی كه‌مدا نه‌بێت كه به زه‌روور له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێ، به‌پێی ووته‌ی ووته‌بێژه‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم. یاسای سزادانی عێراقی سه‌پاندنی سزای له سێداره‌دان له‌دژی منداڵان قه‌ده‌غه ده‌كات.
ئۆپراسیۆنه سه‌ربازیه‌كانی ووڵاتانی بێگانه
له‌كاتێكدا هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی به ڕێبه‌ری وویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا به‌رده‌وام بوو له ئۆپراسیۆنه سه‌ربازیه‌كانی له دژی داعش له عێراق، توركیا ئۆپراسیۆنه سه‌ربازیه‌كانی له باكووری عێراق زیاد كرد له دژی پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه) كه گرووپێكی چه‌كداری چالاكی نایاساییه له توركیا ، وە بوونیان هه‌یه له ناوچه سنووریه‌كانی ئێران و توركیا و سووریا له باكووری عێراق.
هێزه‌كانی توركیا بۆماوه‌ی دوو ده‌یه‌یه‌و له چه‌ند كاتی جیاوازدا ئۆپراسیۆنی سه‌ربازیان له دژی په‌كه‌كه ئه‌نجام داوه. له مانگی مارسه‌وه، هێزه‌كانی توركیا به قوڵایی لانی كه‌م له ٣٠ كیلۆمه‌تر بوونیان له باكووری عێراق فراوان كردووه‌و چه‌ند بنكه‌یه‌كی سه‌ربازیان دامه‌زراندووه له ناوچه گووندنشینه‌كانی پارێزگای هه‌ولێرو دهۆك. له مانگی مارس و حوزه‌یران، دوو ئۆپراسیۆنی سه‌ربازی توركیا بووه هۆی كووشتنی ٥ هاووڵاتی مه‌ده‌نی له‌و شوێنانه‌ی كه هیچ ئامانجێكی سه‌ربازی ئاشكرا نه‌بووه.
له مانگی ئه‌یلول، هێزه‌كانی ئێران هه‌ستان به ئه‌نجامدانی هێرشێك بۆسه‌ر باره‌گاكانی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و حزبی دیموكراتی ئێران له كۆیه‌ی باكووری عێراق و كه لانی كه‌م كوژرانی ١٣ كه‌س و بریندربوونی ٣٩ كه‌سی تری لێكه‌وته‌وه.
ئه‌كته‌ره سه‌ره‌كیه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان
هاوپه‌یمانی نێودوه‌ڵه‌تی به پێشه‌نگی ئه‌مریكا له دژی داعش كه ووڵاتانی ئوسترالیا‌و به‌لجیكاو كه‌نه‌داو دانیمارك و فه‌ره‌نساو هۆڵه‌نداو به‌ریتانیا پێك دێت له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ئێران و توركیا پشتگیری سووپای عێراق و كورده‌كانیان كردووه له جه‌نگی دژ به داعش له ساڵی ٢٠١٤وه. ئه‌م پشتگیریانه به ملیاره‌ها دۆلار ده‌خه‌مڵێنرێ له خه‌رجكردنی مه‌شق و كه‌ره‌سه‌ی سه‌ربازی و چه‌ند هاریكاریه‌كی تر بۆ هێزه ئه‌منی و سه‌ربازیه‌كان. ئه‌م ووڵاتانه زۆر ڕوون نه‌بوون له خستنه‌ڕووی زانیاریه‌كان له‌سه‌ر قه‌باره‌و سروشتی هاوكاریه‌كانیان و ئه‌و كه‌سانه‌ی هاوكاریه‌كانیان پێده‌گات له ساڵی ٢٠١٨.
هه‌روه‌ها له ساڵی ٢٠١٨، عێراق به ملیاره‌ها دۆلاری خه‌رج كرد له كڕینی چه‌ك له ووڵاتانی ئه‌ندامی هاوپه‌یمانی ئه‌مریكا و ئێران و ڕووسیا.
له مانگی شوبات، وه‌زیرانی به‌رگری په‌یماننامه‌ی باكووری ئه‌تله‌سی (ناتۆ) كۆك بوون له‌سه‌ر زیادكردنی ''مەشقپیکرن و ڕاوێژکاری'' له عێراق. هه‌روه‌ها هاوپه‌یمانی ئه‌مریكا ڕه‌زامه‌ندی نیشانداوه له‌سه‌ر مانه‌وه‌یان له عێراق بۆماوه‌یه‌كی نادیار‌و له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی له ئه‌نجامدانی ئۆپراسیۆنی سه‌ربازی له‌دژی ئامانجه‌كانی داعش له عێراق.
له‌ژێر ڕۆشنایی ئه‌و پێشێلكاریانه‌ی هێزه ئه‌منیه‌كانی عێراق ئه‌نجامی ده‌ده‌ن بێباكانه، هیومان ڕایتس ۆوچ داوا له حكومه‌ته بێگانه‌كان ده‌كات كۆتایی بهێنن به هاوكاریه سه‌ربازیه‌كانیان بۆ ئه‌و یه‌كانه‌ی كه تێوه‌گلاون له تاوانی جه‌نگ و پێشێلكاری له‌گه‌ڵ ڕوونكردنه‌وه‌ی هۆكاری كۆتایی هێنان به‌و هاوكاریه سه‌بازیانه بۆ ڕای گشتی.
له مانگی كانوونی دووه‌م، وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا بڕیاریان به په‌یڕه‌وكردنی ستراتیژێكی نوێ له عێراق دا كه ئاماژه به پێویستی به‌رقه‌راركردنی هاوكاری مرۆیی و سه‌قامگیری و چاكسازی و ئاشتبوونه‌وه ده‌كات. له مانگی ته‌مووز، په‌رله‌مانی ئه‌وروپا ڕه‌زامه‌ندی نیشاندا له‌سه‌ر ڕێكه‌وتنامه‌ی هاریكاری په‌یوه‌ندی نێوان عێراق و یه‌كێتی ئه‌وروپا.
له مانگی ته‌مووزی ٢٠١٨، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا مایك په‌مپێیۆ هه‌ستا به ئه‌نجامدانی یه‌كه‌مین و گه‌وره‌ترین كۆنفرانس له‌سه‌ر ئازادی ئاین كه تێیدا به‌رپرسانی باڵای ئه‌مریكی ئاماژه‌یان به نه‌هامه‌تی مه‌سیحی و یه‌زیدی و كه‌مایه‌تیه ئاینیه‌كانی تر له عێراق كرد‌و له‌و كۆنفرانسه‌دا ١٧ ملیۆن دۆلار كۆكرایه‌وه بۆ پاككردنه‌وه‌ی ده‌شتی نه‌ینه‌وا له ئه‌ڵغام.