(هه‌ولێر،) ئه‌مڕۆ هیومان رایتس ۆچ له راپۆرته نوێیه‌كه‌یدا وتی - ژماره‌یه‌كی به‌رچاوی كچان و ژنان له عیراق به‌ده‌ست شێواندنی ئه‌ندامی زاوزێی مێیینه (FGM)و كاریگه‌رییه وێرانكه‌ره‌كانی دواتریشییه‌وه ده‌ناڵێنن. هیومان رایتس ۆچ وتی، پێویسته حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌سبه‌جێ بكه‌وێته خۆ بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی دیارده‌ی شێواندنی ئه‌ندامی زاوزێی مێیینه‌و پلانێكی درێژخایه‌ن بۆ ریشه‌كێشكردنی پێشبخات، كه تێیدا یاسایه‌ك بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی به‌ڕێبخات.
له راپۆرته 73 لاپه‌ڕه‌ییه‌كه‌یدا، "بردیانم و هیچیان پێ نه‌وتم: شێواندنی ئه‌ندامی زاوزێی مێیینه له كوردستان،" دیكۆمێنتی ئه‌زمونه‌كانی ئه‌و كچ‌و ژنانه ده‌كات كه دووچاری شێواندنی ئه‌ندامی زاوزێیان بوون، له زه‌مینه‌یه‌كدا كه نامه‌ی ناكۆكیان له هه‌ندێك سه‌ركرده‌ی ئایینی و پسپۆڕانی ته‌ندروستییه‌وه ده‌رباره‌ی شه‌رعییه‌ت‌و سه‌لامه‌تی كرده‌وه‌كه پێده‌گات. راپۆرته‌كه وه‌سفی ئه‌و ئازار‌و ترسه ده‌كات كه كچان و ژنانی لاو له كاتی بڕینی ئه‌ندامی زاوزێیاندا تووشی ده‌بن، هه‌روه‌ها ئه‌و باجه سه‌خته‌ش كه له‌سه‌ر ته‌ندروستی جه‌سته‌یی‌و سۆزییان ده‌كه‌وێت. راپۆرته‌كه ده‌ڵێت حكومه‌تی هه‌رێم خوازیارنه‌بووه شێواندنی ئه‌ندامی زاوزێی مێیینه قه‌ده‌غه‌بكات، گه‌رچی ئاماده‌یی تێدایه بۆ چاره‌سه‌ركردنی شێواكانی تری توندوتیژی جێنده‌ریی، وه‌ك توندوتیژی خێزانی و ئه‌وه‌ی پێیده‌وترێت كوشتن له‌سه‌ر شه‌ره‌ف.
نادیه خه‌لیفه، تۆژه‌ری مافه‌كانی ژنان له خۆره‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، سه‌ر به هیومان رایتس ۆچ، وتی "شێواندنی ئه‌ندامی زاوزێی مێینه مافه‌كانی ژنان و منداڵان پێشێلده‌كات، به مافیشیانه‌وه بۆ ژیان، ته‌ندروستی و سه‌لامه‌تی جه‌سته‌ییان." وتیشی "كاتی ئه‌وه هاتووه كه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی تۆكمه بكه‌وێته خۆی و كاری جدی بكات بۆ بنه‌بڕكردنی ئه‌م كرده‌وه زیانبه‌خشه، چونكه خۆی له خۆیه‌وه له‌ناوناچێت."
تۆژه‌رانی هیومان رایتس ۆچ له ماوه‌ی نێوان مایس و حوزه‌یرانی 2009 دا، دیمانه‌ی 31 كچ و ژنیان كردووه، له چوار گوندی باكوری عیراق و شاری هه‌ڵه‌بجه ئه‌نجامداوه. تۆژه‌ره‌كان دیمانه‌ی ئاینزاكان، مامانه‌كان، كارمه‌ندانی خزمه‌تگوزاریی ته‌ندروستی و به‌رپرسه حكومییه‌كانیشی كردووه. چه‌ند رێكخراوێكی ناحكومی لۆكاڵ ده‌ڵێن كه ره‌نگه شێواندنی ئه‌ندامی زاوزێی مێیینه له ناو كۆمه‌ڵه‌كانی تری عیراقیشدا پیاده‌بكرێت، به‌ڵام هیچ داتایه‌ك ده‌رباره‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رده‌ستدا نیه.
بڵاوبوونه‌وه‌ی كرده‌وه‌ی شێواندنی ئه‌ندامی زاوزێی مێیینه له كوردستانی عیراق به‌ته‌واویی زانراو نیه، چونكه حكومه‌ت به شێوه‌یه‌كی رۆتینی زانیاری ده‌رباره‌ی كرده‌وه‌كه كۆناكاته‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، تۆژینه‌وه‌ی ئه‌نجامدراو له لایه‌ن رێكخراوه لۆكاڵه‌كانه‌وه، ئاماژه ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی كه كرده‌وه‌كه به‌ربڵاوه‌و كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ژماره‌یه‌كی به‌رچاوی كچان و ژنان هه‌یه.
ئه‌و به‌ڵگانه‌ی له لایه‌ن هیومان رایتس ۆچه‌وه كۆكراونه‌ته‌وه پیشانیده‌ده‌ن كه به نیسبه‌تی زۆرێك له كچان و ژنانی كوردستانی عیراقه‌وه، شێواندنی ئه‌ندامی زاوزێی مێینه شتێكی حه‌تمییه‌و هه‌ندێجار له ته‌مه‌نی 3 تا 12 ساڵیدا بۆیان ده‌كرێت. له هه‌ندێك حاڵه‌تدا كه هیومان رایتس ۆچ دیكۆمێنتی كردوون، فشاری كۆمه‌ڵایه‌تی ژنانی نه‌رزه (باڵغ) یشی ناچاركردووه كه ئه‌نجامی بده‌ن، هه‌ندێجار ئه‌و كرده‌وه‌یه كراوه به مه‌رجێكی پێشینه بۆ هاوسه‌رگیریكردن.
هیومان رایتس ۆچ دیمانه‌ی گوڵه‌ی بینی كه قوتابییه‌كی ته‌مه‌ن 17 ساڵانه‌و خه‌ڵكی گوندی پڵینگانه. گوڵه به هیومان رایتس ۆچی وت "له‌بیرمه كه دایكم و براژنه‌كه‌ی هه‌ردوكمانیانیان برد، چوار كچی دیكه‌شی لێ‌بوو. چووین بۆ سه‌ركه‌پكان بۆ كردنی كاره‌كه. بردیانین بۆ گه‌رماوه‌كه، قاچه‌كانمانیان به كراوه‌یی هێشته‌وه‌و شتێكیان بڕی. یه‌ك له دوای یه‌ك وایان لێكردین بێ ئه‌وه‌ی هیچ به‌نجێك به‌كاربهێنن. من ده‌ترسام، به‌ڵام به‌رگه‌ی ئازاره‌كه‌م گرت. كاتێكیش عاده بووم، ئازارێكی زۆرم له‌و شوێنه بڕراوه‌وه پێگه‌یشت."
كچانی لاو و ژنان باسی ئه‌وه ده‌كه‌ن كه چۆن دایكانیان بردوویانن بۆ ماڵی مامانی دێ، كه كه‌سێكی بێ مۆڵه‌ته‌و كاره‌كه ده‌كات. ئه‌وانه به زۆری به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له پێشه‌وه پێیان نه‌وتراوه كه چی‌یان به‌سه‌ردێت. كاتێك گه‌یشتونه‌ته جێ، مامانه‌كه، هه‌ندێجار به یارمه‌تی دایكه‌كه‌ش، قاچی كچه‌كه‌ی بڵاوكردۆته‌وه‌و به گوێزانێك قیتكه‌ی بڕیوه. زۆرجار، مامانه‌كه هه‌مان گوێزانی بۆ بڕینی چه‌ند كچێك پێكه‌وه به‌كارهێناوه.
چه‌ند پزیشكێك له كوردستانی عیراق به هیومان رایتس ۆچیان وت كه باوترین جۆری شێواندنی ئه‌ندامی زاوزێی مێیینه كه باوه‌ڕوایه له‌وێ ئه‌نجامبدرێت بریتیه له لێكردنه‌وه‌ی به‌شێك یان هه‌موو قیتكه و / یان لچی گه‌وره‌ی زێدانی مێیینه، كه به‌ناوی قیتكه‌بڕینه‌وه ناسراوه. كارمه‌ندانی خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی وتیان كه هه‌ندێجار كرده‌وه‌كه به‌شێوه‌یه‌كی قورستریش بۆ ژنانی نه‌رزه (باڵغ) له نه‌خۆشخانه ئه‌نجامده‌درێت. ئه‌م كرده‌وه‌یه هیچ مه‌به‌ستێكی پزیشكی له‌پشته‌وه نیه‌و بۆی هه‌یه ده‌ره‌نجامی جه‌سته‌یی‌و سۆزییانه‌ی مه‌ترسیداری لێبكه‌وێته‌وه.
حكومه‌تی پێشووی هه‌رێم چه‌ند هه‌نگاوێكی نا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كرده‌وه‌ی شێواندنی ئه‌ندامی زاوزێی مێیینه، له‌وانه بڕیارێكی وه‌زاره‌تی داد، كه ده‌بوو هه‌موو بنكه‌كانی پۆلیس پابه‌ندبكات به‌وه‌وه كه ئه‌نجامده‌ری كرده‌وه‌ی شێواندنی ئه‌ندامی زاوزێی مێیینه ده‌ستگیربكرێت و سزابدرێت. به‌ڵام بوونی ئه‌م بڕیاره به‌شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان زانراو نه‌بووه، هیومان رایتس ۆچ هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی نه‌دۆزییه‌وه كه ئه‌و بڕیاره وه‌گه‌ڕخرابێت.
له 2008 دا، زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستان پشتیوانی‌یان كرد له به‌ڕێخستنی یاسایه‌ك بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی كرده‌وه‌ی شێواندنی ئه‌ندامی زاوزێی مێیینه، به‌ڵام پڕۆژه‌یاساكه هه‌رگیز نه‌گۆڕا بۆ یاسایه‌ك‌و چاره‌نوسی زانراو نیه. له سه‌ره‌تای 2009، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی به هاوكاری رێكخراوێكی ناحكومی ستراتیژێكی گشتگیری بۆ به‌گژداچوونه‌وه‌ی كرده‌وه‌ی شێواندنی ئه‌ندامی زاوزێی مێیینه‌دا داڕشت. به‌ڵام دواتر وه‌زاره‌ته‌كه پشتیوانی خۆی كێشایه‌وه‌و هه‌وڵه‌كانی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كرده‌وه‌ی شێواندنی ئه‌ندامی زاوزێی مێیینه‌ی په‌كخست. هه‌روه‌ها هه‌ڵمه‌تێكی به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی هوشیاری ده‌رباره‌ی كرده‌وه‌ی شێواندنی ئه‌ندامی زاوزێی مێیینه‌و ده‌ره‌نجامه‌كانی به‌شێوه‌یه‌كی پاساونه‌دراو دواخراوه.
حكومه‌تی نوێ، له ته‌موزی 2009 دا هه‌ڵبژێردراوه‌و هیچ هه‌نگاوێكی نه‌ناوه بۆ ریشه‌كێشكردنی كرده‌وه‌كه.
ره‌گوڕیشه‌ی شێواندنی ئه‌ندامی زاوزێی مێیینه له كوردستان روون نیه. هه‌ندێك له‌و كچان و ژنانه‌ی هیومان رایتس ۆچ دیمانه‌ی كردوون، رایانگه‌یاند كه پێیانوتراوه كه ره‌گی ده‌چێته‌وه بۆ ناو ئیمان، چونكه ئه‌گه‌ر ئه‌و كرده‌وه ژاناوییه ئه‌نجامنه‌ده‌ن، ئه‌وه هه‌رشتێك ئه‌وان ده‌ستی لێبده‌ن، حه‌رام ده‌بێت یان خاوێن نابێت، له كاتێكدا كه هه‌ندێكی تر وتیان كه شێواندنی ئه‌ندامی زاوزێی مێیینه نه‌ریتێكی دێرینه. زۆربه‌ی ژنان پێیانوابوو كه شێواندنی ئه‌ندامی زاوزێی مێیینه، سوننه‌ته، واته كرده‌یه‌كه بۆ به‌هێزكردنی ئاینیان ئه‌نجامده‌درێت و فه‌رز نیه.
بردنه‌وه‌ی شێواندنی ئه‌ندامی زاوزێی مێیینه بۆ ئیسلام له لایه‌ن گه‌لێك له دانایان و ئاینزایانی ئیسلامه‌وه ره‌تكراوه‌ته‌وه، ئه‌وان ده‌ڵێن شێواندنی ئه‌ندامی زاوزێی مێیینه له قورئاندا باسنه‌كراوه‌و له‌گه‌ڵ دابوده‌ستوری ئیسلامدا ناكۆكه.
ئه‌و ژن و كچانه‌ی دیمانه‌یان له‌گه‌ڵ كراوه، نامه‌ی تێكه‌ڵ‌وپێكه‌ڵیان له لایه‌ن ئاینزاكانه‌وه ده‌رباره‌ی ئایا ئه‌وه فه‌رزێكی ئاینییه یان نا، پێگه‌یشتووه. چه‌ند ئاینزایه‌ك كه دیمانه‌یان له‌گه‌ڵ كراوه، وتیان كه هه‌ر كرده‌وه‌یه‌ك پێی بوترێت سوننه‌ت و مه‌ترسی بۆ سه‌ر ژیانی خه‌ڵك هه‌بێت، ئه‌وه ئه‌ركی سه‌رشانی ئاینزاكانه كه رایبوه‌ستێنن.
كارمه‌ندانی بواری ته‌ندروستی كه دیمانه‌یان له‌گه‌ڵ كرا، باسی نیگه‌رانی خۆیان به‌رامبه‌ر زیانه‌كانی شێواندنی ئه‌ندامی زاوزێی ژنان و ئه‌ركی سه‌رشانی خۆشیان بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی هوشیاری ده‌رباره‌ی كرده‌وه‌ی شێواندنی ئه‌ندامی زاوزێی مێیینه خسته روو.
له‌م نزیكانه‌دا دوو لێكۆڵینه‌وه ئه‌نجامدراوه بۆ زانینی راده‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی كرده‌وه‌كه. له كانونی دووهه‌می 2009 دا، وه‌زاره‌تی مافی مرۆڤی حكومه‌تی پێشوو لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی له قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ له‌گه‌ڵ 521 خوێندكاری ته‌مه‌ن نێوان 11 ساڵ و 24 ساڵ ئه‌نجامدا . بۆی ده‌ركه‌وت كه 40.7 له‌سه‌دی نمونه‌كه كرده‌وه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ كراوه - 23 له‌سه‌دی ئه‌وانه‌ی كرده‌وه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ كراوه كچانی خوار ته‌مه‌نی 13 ساڵن و 45 له‌سه‌دیان 14 ساڵ و به‌ره‌وژوورن.
له 2010 دا رێكخراوی هاوكاری قه‌یران و گه‌شه‌پێدان (وادی) كه رێكخراوێكی ناحكومیی ئه‌ڵمانی - عیراقییه، ئه‌نجامه‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه كه له ماوه‌ی نێوان ئه‌یلولی 2007 و مایسی 2008 دا له پارێزگاكانی هه‌ولێر و سلێمانی و ناوچه‌ی گه‌رمیان / كه‌ركوك ئه‌نجامدراوه. دیمانه‌ی 1.408 ژن و كچی كردووه كه ته‌مه‌نیان 14 ساڵ و به‌ره‌وژوور بووه، ده‌ركه‌وت كه 72.7 له سه‌دیان كرده‌وه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ كراوه. 77.9 له‌سه‌د له سلێمانی و 81.2 له‌سه‌د له گه‌رمیان، هه‌روه‌ها 63 له‌سه‌د له هه‌ولێر.
ره‌نگه به‌رینی ئه‌و پانتاییه ته‌مه‌نییه‌ی دیمانه‌یان له‌گه‌ڵ كراوه، تا راده‌یه‌ك هۆی به‌رزیی رێژه گشتییه‌كه بێت. به‌ڵام رێژه‌ی 57 له‌سه‌دی ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه، هی ئه‌و كچانه بووه كه ته‌مه‌نیان له نێوان 14-18 ساڵیدا بووه.
هیومان رایتس ۆچ بانگهێشتنی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی ده‌كات تا پلانێكی درێژخایه‌ن دابنێن كه حكومه‌ت، كارمه‌ندانی ته‌ندروستی، ئاینزاكان، هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵه‌كانیش بگرێته‌وه بۆ ریشه‌كێشكردنی ئه‌و كرده‌وه‌یه. ده‌بێت ستراتیژه‌كه‌ی یاسایه‌كی تێدابێت بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌ی شێواندنی ئه‌ندامی زاوزێ بۆ منداڵان و ئه‌و ئافره‌ته نه‌رزانه‌ش كه پێی رازی نین، هه‌روه‌ها به‌رنامه‌كانی به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی هوشیاری ده‌رباره‌ی ده‌ره‌نجامه ته‌ندروستییه‌كانی شێواندنی ئه‌ندامی زاوزێی مێیینه و تێكه‌ڵكردنی ره‌وتی قه‌ده‌غه‌كردنی كرده‌وه‌ی شێواندنی ئه‌ندامی زاوزێی مێیینه به سیاسه‌ته‌كان و به‌رنامه‌كانی ته‌ندروستی زاوزێ و منداڵبوون، هه‌روه‌ها په‌روه‌رده‌و گه‌شه‌پێدانی خوێنده‌واری.
هیومان رایتس ۆچ وتی، هه‌روه‌ها پێویسته حكومه‌ت له نزیكه‌وه كار له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵه‌كان و كه‌سه خاوه‌ن كاریگه‌رییه‌كانی ناو ئه‌و كۆمه‌ڵانه بكات بۆ هاندانی گفتوگۆكردن ده‌رباره‌ی كرده‌وه‌كه له نێوان پیاوان و ژناندا.
نادیه خه‌لیفه وتی "نابێت حكومه‌ت هه‌رئه‌وه‌نده وه‌خۆبكه‌وێت بۆ كۆتاییهێنان به‌و كرده‌وه‌یه‌و به‌س، به‌ڵكو ده‌بێت كاربكات بۆ چه‌سپاندنی ستانداردێكی نوێی جه‌ماوه‌ریی - ئه‌ندامی زاوزێی كچه‌كانیان نه‌شێوێنن."
نادیه خه‌لیفه وتی "شێواندنی ئه‌ندامی زاوزێی مێیینه پرسێكی ئاڵۆزه، به‌ڵام زیانگه‌یاندنی به كچان و ژنان، ئاشكرا‌و روونه," وتیشی "ریشه‌كێشكردنی له كوردستانی عیراق پێویستی به سه‌ركردایه‌تییه‌كی خۆته‌رخانكردووی به‌هێز هه‌یه له دیوی حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه، كه رێ‌و شوێنی راشكاوانه‌ی هه‌بێت ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی كه چیتر چاو له شێواندنی ئه‌ندامی زاوزێی مێیینه ناپۆشرێت."