لە ساڵى ٢٠٢٥، عێراق سەقامگیرییەکى شلۆقى بەخۆیەوە بینى کە لەم چەند ساڵەى دواییدا بەوشێوەیە بووە سەرەڕاى ئاڵۆزییەکانى ناوچەکە. لە ١١ى تشرینى دووەمدا، عێراق هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى ئەنجامدا. بەڵام، خراپتربوونى خزمەتگوزارییەکانى حکومەت، تێکچوونى ژینگە، بەردەوامى فشار و سنووردارییەکان بۆسەر فەزاى مەدەنى، و دەرکردنى یاساى توندوتیژ کە پاشەکشە بە مافەکان دەکات، ئەو بابەتانە بوون کە زۆر جێگەى نیگەرانیى بوون.
لە کانوونى دووەمدا، لە ئەنومەنى مافەکانى مرۆڤى نەتەوە یەکگرتووەکان، عێراق خرایەژێر پێداچوونەوەیەکى گشتگیر لەبارەى دۆخى مافى مرۆڤەوە. دەوڵەتانى ئەندام لە ئەنجومەنەکە ڕەخنەیان لە عێراق گرت بەهۆى گرتنەبەرى سزاى لەسێدارەدان لەپاش دادگایى نادادوەرانە، سنوودارکردنى ئازادى ڕادەربڕین و گردبوونەوە، هەروەها سزاى ئەو گروپە چەکدار و هێزە ئەمنییەکانى نزیک لە دەوڵەت نادرێت کە دەستدرێژى گەورە ئەنجام دەدەن. پێشنیازە سەرەکییەکان بریتى بوون لە وەستاندنى لەسێدارەدان، چاکسازى یان هەڵوەشاندنەوەى یاسا جیاکارییەکان، تێپەڕاندنى یاساى پاراستنى توندوتیژى ناوخۆیى، دڵنیایى لە ئازادى ڕادەربڕین و خۆپیشاندانى ئاشتیانە، بەهێزکردنى سەربەخۆیى کۆمسیۆنى باڵاى مافەکانى مرۆڤى عێراق، پەسندکردنى ئەو ڕێککەوتننامە و پەیماننامانەى بە هەڵواسراوى ماونەتەوە، هەروەها گرەنتیکردنى دەستبەرکردنى یەکسان بۆ خزمەتگوزارییەکان و مافەکان بۆ کەسانى ئاوارە و دانیشتوانى هەرێمى کوردستان.
توندوتیژى و پێکدادانى سات بۆ ساتى نێوان هێزە چەکدارەکان و هێزە فیدراڵییەکان لەماوەى ئەو ساڵەدا، ژیانى هاووڵاتیانە خستە مەترسییەوە و بێدەسەڵاتى دەوڵەت دەرکەوت لەوەى ناتوانێت کە دەسەڵاتى خۆى بەسەر ئەو گروپانەدا بسەپێنێت. لە مانگى ئەیلولدا، کەتائیبى حیزبوڵا، کە گروپێکى چەکدارى عێراقییە و بەشێکە لە هێزەکانى حەشدى شەعبى، ئێلیزابێس سورکۆڤیان ئازادکرد، کە توێژەرێکى ڕووسى ئیسرائیلى بوو و لە ئازارى ٢٠٢٣دا فڕاندبوویان.
لیژنەى لێکۆڵینەوەى حکومەت لەبارەى ئاگرە گەورەکەى مۆڵى بازاڕکردنى کوت لە مانگى تەموزدا دەریخستووە هۆکارى ئاگرەکە پیادەنەکردنى ڕێکارەکانى سەلامەتى گشتی و یاساکان بووە، ئەمەش بۆجارێکى دیکە نیگەرانى لەبارەى پشتگوێخستن و گەندەڵییەوە دروست دەکات.
مافەکانى ژنان و کچان
ژنان و کچان لە خەباتیان بەردەوامن بۆ دژایەتیکردنى ئەو بنەما پیاوسالاریانەى کە لەناو سیستمى یاسایى عێراقدا جێگیرکراون. یاساى سزادانى عێراقى لێخۆشبوون دەبەخشێت بەو پیاوانەى کە توندوتیژیان بەرامبەر ژنان و کچان ئەنجامداوە، هەروەها ڕێگەپێدانى ئەوەى تێدایە کە هاوسەران سزاى خێزانەکانیان بدەن، باوک و دایکان سزاى منداڵەکانیان بدەن، و هەروەها سزاى سووکى تێدایە بۆ ئەو کردە توندوتیژیانەى کە لەژێر ناوى "هاندەرى تۆڵەکردنەوەى شەرەف" ئەنجام دەدرێن لەناویشاندا کوشتن. یاساى سزادان دەرفەت دەدات بەوانەى کە دەستدرێژى سێکسى و لاقەکردنیان ئەنجامداوە کە خۆیان لە سزادان دەربازبکەن یان زیندانى نەکرێن ئەگەر هاوسەرگیرى لەگەڵ قوربانییەکەدا بکەن.
لە ١٧ى تشرینى دووەم، هەموارێکى یاساى بارى کەسێتى عێراق چووە بوارى جێبەجێکردنەوە. هەموارەکە ڕێگە بەوە دەدات کە ژن و پیاو هاوسەرگیرى ئەنجام بدەن بە هەڵبژاردنى یاساى بارى کەسێتى ١٩٥٩ یان یاساى بارى کەسێتى (مەودوانە)، کە لەلایەن قوتابخانەى شەریعەتى ئیسلامیى شیعەى جەعفەرییەوە ڕێکخراوە، کە هاوسەرگیرى، جیابوونەوە، سەرپەرشتیکردن و چاودێرى منداڵ، و میرات ڕێکدەخات. لەکاتێکدا بەشێوەیەکى کاریگەر سیستمى یاسایى جیاواز دەخرێتەکار بۆ بەش و بوارە جیاوازەکان، ئەوا هەموارەکان مافى یەکسانى هەموو عێراقییەکان لەبەرچاو ناگرن کە لە ماددەى ١٤ى دەستوور و یاسا نێودەوڵەتییەکانى مافى مرۆڤدا هاتوون.
لە ٢٧ى ئابدا، پەرلەمان بەبێ گفتوگۆ و مشتومڕ یاساى بارى کەسێتى جەعفەرى تێپەڕاند. یاساکە چەندین ماددەى تێدایە کە چەندین مافى بەزەحمەت بەدەستهێنراو لە ئافرەتان وەردەگرێتەوە. بۆنمونە، لە یاساکەدا هاتووە:
- ڕێگە بە هاوسەر دەدات کە گرێبەستى هاوسەرگیرییەکەى بگۆڕێت بۆئەوەى بەپێى ئەو یاسا نوێیە بێت، لەجیاتى ئەوەى بەپێى یاساى بارى کەسێتى بێت ئەوەش بەبێ ڕەزامەندى یان زانیارى هاوژینەکەی.
- ڕێگە دەدات بە هاوسەر بۆئەوەى لە هاوژینەکەى جیا ببێتەوە بەبێ ئەوەى ئاگادارى بکاتەوە یان ڕەزامەندى ئەو وەربگرێت.
- بەشێوەیەکى ڕاستەوخۆ بەرپرسیارێتى و چاودێرى منداڵان دەگوازێتەوە بۆ باوک لەپاش تەمەنى حەوت ساڵى، بەبێ لەبەرچاوگرتنى باشترین بەرژەوەندى منداڵەکە.
- ڕێگە بە هاوژین دەدات بۆئەوەى گرێبەستى هاوسەرگیریى مەرجداربکات بۆئەوەى فرەژنى ڕوونەدات یاخود جیابوونەوە بەبێ ڕەزامەندى هاوژینەکە ئەنجام بدرێت، بەڵام ئەگەر هاوسەرەکە ئەو مەرجانە بشکێنێت، هاوسەرگیرى یان جیابوونەوەکە دانپێدانراوە، هەرچەندە ئەو بە "تاوانبار" دادەنرێت.
جارێکى دیکە پەرلەمانى عێراق لە ٢٠٢٥دا شکستى هێنا لەوەى کە یاساى رووبەڕوو بوونەوەى توندوتیژى خێزان تێپەڕێنێت کە ماوەیەکى زۆر بوو لەچاوەڕوانیدا بوو. ئەو یاسایە بۆماوەى زیاتر لە دەیەیەک دەبێت کە ڕاگیراوە، سەرەڕاى پشتیوانیى بەردەوامى گروپەکانى کۆمەڵگاى مەدەنى و ڕێکخراوەکانى مافى ئافرەتان. قوربانیانى توندوتیژى جێندەرى دەرفەتێکى سنوورداریان هەیە بۆ دەستکەوتنى پەناگە و شێڵتەر و سەروەرى یاسا. لەکاتێکدا ژمارەیەکى کەم لە شێڵتەرى شاراوە بۆ ئافرەتان هەیە لە عێراقى فیدراڵ کە لەلایەن ڕێکخراوە مەدەنییەکانەوە بەڕێوەدەبرێت، ڕووبەڕووى ڕەخنە و نەبوونى پشتیوانیى دەبنەوە، هەروەها لەماوەى چەند ساڵى ڕابردوو ڕووبەڕووى هێرش و بەسەردادان بوونەتەوە لەلایەن خێزانەکان و هێزە ئەمنییەکان.
مووچە و خزمەتگوزارییە گشتییەکانى هەرێمى کوردستان
لە ئایارى ٢٠٢٥دا، حکومەتى هەرێمى کوردستان نەیتوانى مووچەى فەرمانبەرانى کەرتى گشتیى بدات لەدواى ئەوەى کە حکومەتى فیدراڵیى لە بەغدا پشتیوانییە داراییەکانى ڕاگرتن. لە ٢٠١٤ەوە، بەغدا جاربۆجار بەشە بودجەى هەولێر لە بودجەى فیدراڵى ڕادەگرێت، ئەو پارەیە وەکو کارتێک بەکاردەهێنێت لە دانوستانەکانیان لەسەر داهاتى نەوت.
لە ١٥ى ئەیلولدا، مووچەى مانگى ئایار و حوزەیران بە درەنگەوە دابەشکران، هەروەها مووچەى مانگى تەموز و ئاب هێشتا لەچاوەڕوانیدایە کە دابەش بکرێت. ڕاگرتنى مووچەى کەرتى گشتیى لەلایەن بەغداوە، کاریگەرى هەبووە لەسەر چۆنیەتى و بڕى خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە هەرێمى کوردستانى عێراق، لەناویشیاندا کەرتى تەندروستى و پەروەردە.
شکستى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە دابینکردنى مووچەى فەرمانبەرانى کەرتى گشتیى مەترسیشى دروست کردووە لەسەر مافى خوێندکاران بۆ چوونەبەر خوێندن. بەهۆى دابەشنەکردنى مووچەکانیانەوە، مامۆستایان و بەڕێوەبەرانى قوتابخانەکان بەشێوەیەکى بەردەوام ماندەگرن، قوتابییان لە دەرەوەى پۆلەکان دەمێننەوە. کارمەندانى تەندروستیش بەهەمانشێوە، بەشێوەیەکى بەردەوام ماندەگرن بەهۆى پێنەدانى مووچەکانیانەوە، ئەمەش خزمەتگوزارییەکانى چاودێرى فریاگوزارى خێراى سنووردارکردووە. زۆرێک لە دکتۆرەکان، لەژێر فشارێکى سەختى داراییدا، ڕوویان کردووەتە نۆڕینگە تایبەتەکان، ئەوەش تواناى نەخۆشخانە و نۆڕینگە گشتییەکانى لاوازکردووە و ئاستى خزمەتگوزارى تەندروستى بۆئەو نەخۆشانە دابەزاندوووە کە ناتوانن پارەى خزمەتگوزارى تەندروستى تایبەت بدەن.
مافى کارەبا
لە ٢٠٢٥دا، کەرتى کارەباى عێراق ڕووبەڕووى سنوورداریى توند بویەوە، بەتایبەت لەماوەى مانگەکانى هاویندا، مافى عێراقییەکانى بۆ بەدەستهێنانى کارەبا سنووردارکرد. لە تەموزدا، وەزارەتى کارەبا ڕایگەیاند کە بەهۆى کەمبوونەوەى دابینکردنى گازى ئێران، بڕى ٣٨٠٠ مێگاواتیان لە بەرهەمهێنانى کارەبا لەدەستداوە، ئەوەش بووە هۆى کوژاندنەوەى بەشێک لە وێستگەکانى بەرهەمهێنانى کارەبا یان کەمکردنەوەى بەرهەمهێنان. لە ١١ى ئابدا، بەهۆى هاتنى شەپۆلێکى ڕیکۆرد شکێنى گەرماوە کە پلەى گەرمى تاوەکو ٥٢ پلەى سیلزى بەرزبوویەوە، خواست لەسەر بەکارهێنانى وزە لەناکاوێکدا زیادیکرد، ئەمەش فشارى زۆرى خستەسەر سیستمى کارەبا و بووە هۆى کوژانەوەى کارەبا لە پارێزگاکانى ناوەڕاست و باشوور.
شکستى حکومەت لە دابینکردنى کارەبا بووەتە هۆى ئەوەى کە عێراقییەکان پشت ببەستن مۆلیدەى گازوایل کە بەشێوەیەکى زۆر هەوا پیس دەکەن و تێچوویەکى زۆریان هەیە. ئەو مۆلیدە گەورانە، بەزۆرى لەو ناوچانەن کە چڕى دانیشتووانیان زۆرە، کە مافى عێراقییەکان دەخەنە مەترسییەوە لە بوونى ژینگەیەکى پاک و تەندروست، هەروەها مافە تەندروستییەکانیان. ڕێکخراوى تەندروستى جیهانیى گازوایل وەکو جۆرى یەکەمى شێرپەنجەیى پۆلێن دەکات.
حکومەتى هەرێمى کوردستان بەردەوام بووە لە دابینکردنى پڕۆژەى ڕووناکى، کە لە کۆتایى ٢٠٢٤دا دەستیپێکرد، کە ئامانجى ئەوەیە کارەباى بەردەوام لەڕێگەى سیستمى کارەباى نیشتمانییەوە بۆ هەموو هەرێمى کوردستانى عێراق دابین بکات. تاوەکو مانگى ئەیلول، ٣ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار کەس لە هەرێمى کوردستانى عێراق، کە دەکاتە نیوەى دانیشتووان، کارەباى بەردەوامیان بۆدابین کراوە.
ژینگە و مافەکانى مرۆڤ
عێراق لەناو ئەو وڵاتانەیە کە لاوازترینە لەڕووى گەرمبوونى زەوى و ڕووبەڕووى ژمارەیەک قەیرانى ژینگەیى بووەتەوە، لەوانە ووشکەساڵى، بەبیابانبوون، زیادبوونى بەردەوامیى و توندى زریانى خۆڵ، پیسبوونى هەوا، و بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرمیى.
تەنانەت کە عێراق کاریگەرە بە گۆڕانکاریی ژینگە، بەردەوام بووە لەوەى هۆکارێک بێت بۆ ئەوە. عێراق شەشەم گەورەترین بەرهەمهێنى نەوتە، بەڵام سێیەمە لەدواى ڕووسیا و ئێران لە سووتاندنى گاز، کە پڕۆسەیەکى بەفیڕۆدانى گازى میسانە لەکاتى دەرهێنانى نەوت. سووتاندنەکەى دەبێتە هۆى دەردانى گازى دوانەئۆکسیدى کاربۆن و میسان بۆ بەرگەهەوا و سوتاندنى ئەو گازە لە عێراق نزیکەى لەسەدا ١٠ى بڕى گازى دەردراوى سوتانى تەواوى جیهانن.
ئەو کۆمەڵگایانەى لەنزیک ناوچەکانى سووتانى گازن، بەشێوەیەکى زۆر باس لە کاریگەربوون بە زیانى تەندروستى دەکەن، لەناویاندا نەخۆشییەکانى هەناسەدان، نەخۆشیەکانى دڵ و خوێنەبەرەکان، شێرپەنجە، ئەمەش پرسیارى زیاتر دروست دەکات لەبارەى حکومەتى عێراق و کۆمپانیاکانى هاوبەشى نەوتى لەبارەى بەردەوامى ئەو کردانە یان کێ و چى بەرپرسیارە لەوبارەیەوە.
فراوانبوونى جوڵانەوەى ژینگەیى لە عێراق بەئامانجى چارەسەرى پاشەکشە ژینگەییەکانە، یارمەتیدەرى عێراق دەبێت بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ گەرمبوونى جیهان، هەروەها هاندانى گۆڕانکارى لە عێراق بۆ دوورکەوتنەوە لەئابوورییەک کە پشتى بەستووە بە ووزەى بەردبوو. هەوڵەکانیان، هاوشێوەى چالاکییەکانى بوارى فەزاى کۆمەڵگاى مەدەنى، بەردەوام ڕوبەڕووى هەراسانکردن، هەڕەشە و مەترسى دەبێتەوە.
ئاڕاستەى سێکسى و ناسنامەى جێندەرى
لە ٢٧ى نیسانى ٢٠٢٤، پەرلەمانى عێراق هەموارێکى "یاساى ڕووبەڕوو بوونەوەى لەشفرۆشى" تێپەڕاند بۆ یاساى ژمارە ٨ى ١٩٨٨، کە سزاى نیوان ١٠ بۆ ١٥ ساڵ دەسەپێنێت بەسەر پەیوەندى هاوڕەگەز. هەروەها یاساکە ڕێگە دەدات بەوەى کە ماوەى زیندانیکرد لەنێوان ١ بۆ ٣ ساڵ بێت بۆ ئەو کەسانەى کە نەشتەرگەرى گۆڕانکارى پزیشکیى بۆ بوارى جێندەرى ئەنجام دەدەن یان خۆیان ئەنجامى دەدەن و بەهۆى "لاسایکردنەوەى ئافرەتانەوە." یاسا زیندانیکردنى ٧ ساڵ و سزاى دارایى ١٠ ملیۆن دینارى عێراقى (٧ هەزار و ٧٠٠ دۆلار) و ١٥ ملیۆن دینار (١١ هەزار و ٥٠٠ دۆلار) بۆئەوانەى "بانگەشەى هاوڕەگەزخوازى،" دەکەن، کە یاساکە پێناسەى بۆ نەکردووە. میدیاکان بەردەوام بوون لە پابەندبوون بە ڕێنماییەکى کۆمسیۆنى ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانى عێراق لە ئابى ٢٠٢٣ کە فەرمانیکردووە هەموو میدیاکان زاراوەى "هاوڕەگەزخوازى" بگۆڕن بۆ "لادانى سێکسى" لە بڵاوکراوەکانیان و زمانى ڕاگەیاندن و قەدەغەکردنى بەکارهێنانى زاراوەى "جێندەر".
بەئامانجگرتنى دیجیتاڵى کەسانى لێزبیەن، گەى، دووڕەگەز، ترانسجێندەر (ئێڵ جى بى تى) و توندوتیژى لەدژیان، لەوانەش کوشتن، فڕاندن، ئەشکەنجەدان، و توندوتیژى سێکسى لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە لە عێراق بەردەوام بووە و ئەو گروپانە سزا نەدراون. هەروەها دەسەڵاتدارانى عێراق کەسانى ئێڵ جى بى تى-یان بەئامانج گرتووە، ئەمەش لەڕێگەى ژمارەیەک ماددەى ناڕوون لە یاساى سزادانى عێراقى بە مەبەستى کۆنترۆڵکردنى ئەخلاقیى گشتیى و هەر ناشایستەییەک و سنووردارکردنى ئازادى ڕادەربڕین.