Skip to main content

عێراق

ڕووداوه‌كانی 2022

ماسیگرێک بەسەر پارچە زەوییەکی ووشکبوودا دەڕوات لە هۆڕەکانی پارێزگای زیقار لە باشووری عێراق، ٢ی ئەیلولی ٢٠٢٢. هۆڕەکانی عێراق بە خێرایی وشک دەبن بەهۆی وشکەساڵی، خراپ بەڕێوەبردنی ئاو لە ناوخۆ و بەلاڕێدانی لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە.

 

© 2022 AP وێنە/ئەنمار خەلیل

دوای ئەوەی لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢١ هەڵبژاردنی فیدراڵی ئەنجامدرا، دۆخی عێراق تێکچوو بەهۆی پرۆسەی درێژخایەنی پێکهێنانی حکوومەتەوە کە ماوەی زیاتر لە ساڵێکی پێچوو، تێکچوو. هەڵبژاردنە پێشوەختەکە داواکارییەکی سەرەکی خۆپیشاندەران بوو کە لە ڕاپەڕینێکی جەماوەری لە ناوەڕاست و باشووری عێراق کە بووە هۆی دەستلەکارکێشانەوەی حکومەتی عێراق لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩.

دیالۆگی سیاسی و چەقبەستوویی ناوبەناو بەهۆی ململانێی توندوتیژی نێوان بەهێزترین کەسایەتیە سیاسییەکان و پارتە بەشداربووەکانی دانوستاندن، لە نێویاندا موقتەدا سەدر و بزووتنەوەکەی و لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، تێکدەچوو. ئەم گروپانە لە شەڕەکەی مانگی ئابی ساڵی ڕابردوودا لە بەغدا بە توندوتیژی ڕووبەڕووی یەکتربوونەوە  و بەهۆیەوە 30 کەس کوژران و دەیان کەسی دیکەش برینداربوون. لە مانگی تشرینی یەکەمدا، کەمێک زیاتر لە ساڵێک دوای هەڵبژاردنە فیدراڵیەکەی ساڵی ٢٠٢١، دواجار نوخبە سیاسییەکان لەسەر دانانی محەمەد شیاع سودانی وەک سەرۆکوەزیران ڕێککەوتن؛ دواتر کابینەیەکی پێکهێنا.

لە ساڵی ٢٠٢٢ حکومەتی عێراق لە سەردەمی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق لە گەیاندنی جێبەجێکردنی داواکارییە سەرەکییەکانی خۆپیشاندەران تووشی کێشە بوو، ئەمەش بووە هۆی تێکچوونی زیاتری گرێبەستی کۆمەڵایەتی نێوان فەرمانڕەواکان و خەڵک؛ کە پرۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNDP)، وا باسی دەکات. لە هەولێر، دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بەردەوام بوون لە هەڕەشەکردن لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ و ئەکتەرانی کۆمەڵگەی مەدەنییان کردە ئامانج، سەرەڕای ڕاگەیاندنی پلانێکی نوێی پێنج ساڵی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان.

ڕاپەڕین، توندوتیژی و لێپرسینەوە

لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ سەدان هەزار خۆپیشاندەر لە ناوەڕاست و باشووری عێراق ڕژانە سەر شەقامەکان و داوای باشترکردنێکی سەرەتایی بۆ ژیانی ڕۆژانەیان دەکرد، لەوانەش باشترکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و هەلی کار، بەتایبەتی لە نێو گەنجاندا کە ڕێژەیان لە زیادبووندایە. هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەت و گرووپە چەکدارەکانی پەیوەندیدار بە دەوڵەت (لەوانەش ئەوانەی کە یارمەتیدەرن لە پێکهێنانی هێزەکانی حەشدی شەعبی)، تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد و لە کاتی ڕاپەڕینەکەدا لانیکەم ٤٨٧ خۆپیشاندەریان کوشت.

سەرۆکوەزیرانی پێشوو، مستەفا کازمی لە مانگی ئایاری ٢٠٢٠ هاتە سەر دەسەڵات و بەڵێنی لێپرسینەوەی یاسایی لە بەرامبەر ئەو توندوتیژییە دا. لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ لیژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان دامەزرا بۆ لێکۆڵینەوە لەو توندوتیژیانەی ڕوویانداوە و ئەو کەسانەی بەرپرسیارن. بەڵام لە نێوان ساڵانی ٢٠٢٠ تا ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢، لە کەیسەکانی کوشتن، تیرۆر، ڕفاندن و برینداربووندا کە هیومان ڕایتس وۆچ لێکۆڵینەوەی لەسەر کردووە، بە دەگمەن لەو سکاڵا یاساییانەی کە لەلایەن خێزان و تاکەکانەوە تۆمارکرابوون بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری، پێشکەووتنی بەخۆیەوە دیبوو.

لە کەیسەکانی کوشتن، بریندارکردن و بێسەروشوێنکردنی خۆپیشاندەران کە لەلایەن هیومان ڕایتس وۆچ لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە، هیچ لێپرسینەوەیەکی یاسایی نەکرابوو، تەنانەت لە کەیسی تیرۆرکردنی چالاکوانانی ناسراووی وەک ڕەهام یاقوب لە بەسرە لە مانگی ئابی ٢٠٢٠. لە ساڵی ٢٠٢١، سەرۆکوەزیرانی پێشوو کازمی، باسی لە دەستگیرکردنی ئەو کەسە کرد کە گوایە بکوژی شرۆڤەکاری ناسراوی ئەمنی هیشام ئەلهاشمی بووە، بەڵام دادوەرە سەرەکیەکانی ئەو دۆسیەیە چەندین جار دادگاییکردنەکەیان دواخستووە بەبێ ئەوەی تۆمەتبارەکە دادگایی بکەن.

هەروەها حکومەتی عێراق بەڵێنی قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی دا کە ئەندامانی خێزانەکانیان کوژراون، وەهەروەها ئەو کەسانەی کە لەکاتی ناڕەزایەتی دەربڕین برینداربوون. هیومان ڕایتس وۆچ بۆی دەرکەوتووە کە حکومەت سەرکەوتوو بووە لە پێشکەشکردنی قەرەبووکردنەوە، بە شێوەیەکی بەرچاو لە شێوەی بەخشینی پارە بە یەکجار بۆ ئەوانەی کوژراون، لەگەڵ پارەی مانگانە بۆ خێزانی ئەو کەسانەی کوژراون و هەندێک لەوانەش کە برینداربوون. بەڵام پرۆسەی قەرەبووکردنەوەکە خاو و قورس بووە بۆ زۆربەی ئەوانەی داوای پارەیان دەکرد، هەندێک لە بریندارەکان ناچاربوون زیاتر لە دوو ساڵ و نیو چاوەڕێ بکەن بۆ قەرەبووکردنەوە، و تەنها دوای بەکرێگرتنی پارێزەری گرانبەها بۆ ئەوەی یارمەتی خێراترکردنی داواکاریەکانیان بدەن، پارەیان وەرگرتووە. ئەم قەرەبووکردنەوەیە هیچ کاریگەرییەکی نییە لەسەر دانپێدانان بە تاوان لەلایەن حکومەت یان هەر کارمەندێکی ئاسایشی دەوڵەتەوە کە بەشدارە لە توندوتیژییەکان.

بە ئامانجگرتنی ڕەخنەگرانی حکومەت

لە ٣ی شوباتدا، سکاڵایەکی یاسایی لە دژی ئەندامێکی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی عێرق (IHCHR)، دکتۆر عەلی ئەلبەیاتی تۆمارکرا، چونکە هەوڵیدا لێکۆڵینەوە لە تۆمەتەکانی ئەشکەنجەدانی دەستگیرکراوەکان بکات- کە بەشێکە لە ئەرکی دامەزراوەکە. دۆسیەی یاسایی ئەلبەیاتی یەکێکە لەو دۆسیە زۆرانەی کە تێیدا ڕەخنەگرانی حکومەت و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ بە یاسای ناوزڕاندن بە شێوەیەکی گشتی بەئامانجکراوون.

لەهەرێمی کوردستانی عێڕاق، دەسەڵاتدارانی کورد لە ساڵی ٢٠٢٢دا یاسای ووشە-ناڕوونیان بەکارهێنا بۆ کردنە ئامانجی ڕەخنەگران بەهۆی دەربڕینی ڕەخنە و بۆچوونەکانیان کە ناڕەزایەتیان بەرامبەریان هەیە. لە مانگی ئابدا دەسەڵاتدارانی کوردی، دەیان ڕۆژنامەنووس و چالاکوانیان دەستگیرکرد لە پێش خۆپیشاندانێکی ڕێکخراو کە لەلایەن ڕەخنەگرانی حکومەتی هەرێم داوا کرابوو. سێ کەس لەوانەی دەستگیرکراون و بۆ ماوەیەکی کورت ڕاگیراون، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بوون. بە هەمان شێوە، لە ساڵی ٢٠٢١ دادگای تاوانەکانی هەولێر سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەر سێ ڕۆژنامەنووس و دوو چالاکواندا سەپاند، لە پرۆسەیەکی دادگاییکردندا کە پێشێلکاریی جدی دادگایکردنی دادپەروەرانە و دەستتێوەردانی سیاسیی هەبوو - شێوازێک کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانێک لەمەوبەر لە هەرێمی کوردستانی عێراق.

مافەکانی ژنان

جگە لەوەی کە ژنان بەهۆی ڕۆڵی سەرەکی لە بزووتنەوەی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٢٠١٩-٢٠٢٠دا دەکرێنە ئامانج، ژنان بەردەوامن لە خەباتکردن دژی نەریتە پیاوسالاریەکان کە لە سیستەمی یاسایی عێراقدا چەسپاون. هەندێک لە ڕزگاربووانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە بە تاوانی لەشفرۆشی دادگایی دەکرێن و سزا دەدرێن. بە شێوەیەکی گشتیتر، ئەو ژنانەی کە ڕزگار بووی توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەرین، دەستڕاگەیشتنیان بە پەناگە یان دادپەروەری سنووردارە. لە کاتێکدا ژمارەیەکی کەم لە پەناگەی نهێنی ژنان لە عێراقی فیدراڵیدا هەن، کە لەلایەن ڕێکخراوە ناحکومییە ناوخۆییەکانەوە بەڕێوەدەبرێن، بەڵام پشتگیرییەکی بەرفراوانیان لێناکرێت و زۆرجار ڕەخنەیان لێدەگیرێت و هەندێکجاریش لەلایەن خێزان و دەسەڵاتداران هێرشیان دەکرێتە سەر چونکە بە یاساییان نازانن.

گروپەکانی مافی ژنان پابەندن بە دەرکردنی یاسای دژ بە توندوتیژی خێزانی، بەڵام ئەم هەوڵانە بەشێکی بەهۆی پرۆسەی درێژخایەنی پێکهێنانی حکومەتەوە کە لە مانگی ئۆکتۆبەردا یەکلایی بووەوە، وەستاون. یاسای سزادانی عێراق ڕێگە بە توندوتیژی پیاوان دژی ژنان دەدات بە بێ لێپێچینەوەی یاسایی، لەوانەش ئەو بڕگانەی کە ڕێگە بە مێرد دەدات سزای هاوسەرەکەی بدات، دایک و باوک دیسپلینی منداڵەکانیان بکەن، هەروەها سزای ئاسانکراو بۆ کردەوەی توندوتیژی لەوانەش کوشتن بە مەبەستی بەناو شەرەف، یان ئەگەر مێردێک ژنەکەی یان خزمێکی مێینەی لە کردەوەی سێکسکردن لە دەرەوەی هاوسەرگیری بگرێت. هەروەها یاسای سزادان ڕێگە بە ئەنجامدەرانی ئەتککردن یان دەستدرێژی سێکسی دەدات لە لێپێچینەوە ڕزگاریان بێت یان سزاکانیان هەڵبوەشێنرێتەوە ئەگەر هاوسەرگیری لەگەڵ قوربانیەکەیان بکەن.

ئاراستەی سێکسی و ناسنامەی جێندەری

هاوڕەگەزخۆازانی نێرینە و مێینە، دوو ڕەگەزخوازان، ڕەگەزگۆڕەکان  و کەسانی سەر بە کۆمەڵەی پەلکە زێڕینە لە عێراق، تووشی بە ئامانجکردن و توندوتیژی ڕێکخراو دەبنەوە بەهۆی ئاراستەی سێکسیانەوە. ئەم توندوتیژییانە کوشتن، ڕفاندن، ئەشکەنجەدان وتوندوتیژی سێکسی دەگرێتەوە. سروشتی خولگەیی و ڕێکخرراوەیی ئەم توندوتیژییانە دۆخێکی لێپێچینەوە نەکردن دەردەخەن کە ئەنجامدەرانی توندوتیژییەکان سوودی لێ وەردەگرن. 

ئەم لێپێچینەوە نەکردنە لە ڕێی زەمینەیەکی سیاسییەوە کە ئەو نوخبە سیاسییانەی کۆنترۆڵی گروپە چەکدارەکانیان کردووە- هەندێکیان پەیوەندیدارن بە هێزەکانی حەشددی شەعبیەوە، کە بە ناو لەژێر دەسەڵاتی سەرۆکوەزیراندایە- هاوکاری دەکرێت و ڕێگەیان بە هێرشی توندوتیژانە دژی کەسانی سەر بە کۆمەڵەی پەلکە زێڕینە داوە. بە هەمان شێوە دەسەڵاتدارانی عێراق بە بەکارهێنانی کۆمەڵێک بڕگەی ناڕوون لە یاسای سزادانی عێراقدا کە ئامانجیان لێی بە پۆلیسکردنی ڕەوشت و ناشایستەیی گشتی و سنووردارکردنی ئازادی ڕادەربڕینە کۆمەڵەی پەلکە زێڕینە بە ئامانج دەکات.

ڕۆژی ٤ی ئەیلول، ئەندامانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پرۆژە یاسایەکیان بۆ پەرلەمانی کوردستان پێشنیاز کرد کە سزای هەر تاک یان گرووپێک دەدات کە داکۆکی بکەن لە مافەکانی کەسانی سەر بە کۆمەڵەی پەلکەزێڕینە. زۆرینەی پەرلەمانتارە کوردەکان واژۆیان لەسەر ئەو پڕۆژە یاسایە کرد، کە ئەگەر ببێت بە یاسا، سزای زیندانیکردن و غەرامەکردنی ئەو کەسانە دەدات کە کار لەسەر ''بەرەوپێشبردنی'' مافەکانی کەسانی سەر بە کۆمەڵەی پەلکە زێڕینە دەکەن.

بەڵگەنامە مەدەنییەکان

لە مانگی ئەیلولی ڕابردوودا، حەوت گروپی فریاگوزاری بۆیان دەرکەوت کە نزیکەی پێنج ساڵ دوای ڕاگەیاندنی سەرکەوتنی حکومەت بەسەر گروپی چەکداری توندڕەوی دەوڵەتی ئیسلامی (کە بە داعشیش ناسراوە)، تا یەک ملیۆن عێراقی - کە بەهۆی دەستبەسەرداگرتنی ڕووبەرێکی خاکی عێراق لەلایەن ئەو گرووپە توندڕەوەوە و شەڕەکردن بۆ گرتنەوەی ناوچەکان ئاوارەبوون - نەتوانن بەڵگەنامە مەدەنییە سەرەتاییەکان بەدەستبهێنن. ئەو بەڵگەنامانەی کە ناتوانن بەدەستی بهێنن بریتین لە بڕوانامەی لەدایکبوون، هاوسەرگیریکردن، مردن و ناسنامەی نوێی نیشتمانی عێراقی.

ئەم جۆرە بەڵگەنامانە زۆر گرنگن بۆ دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە گشتییە گرنگەکان بۆ هاوڵاتیانی ئاوارە، لەوانەش خەرجیکردنی مانگانەی خۆراک و دەستڕاگەیشتن بە خوێندنی منداڵانیان. سەختی دەستڕاگەیشتن بە بەڵگەنامە مەدەنییەکان پەیوەندییەکی نزیکی هەیە بەو تێڕوانینە بەردەوامانەی دەسەڵاتدارانی عێراق و توێژەکانی خەڵکەوە کە ئاوارەکان پەیوەندیدارن یان پەیوەندیداربوون بە داعشەوە. زۆرجار ئەم جۆرە تێڕوانینانە ئەو ڕاستییە پشتگوێ دەخەن کە زۆربەی ئاوارەکان بۆ ئەوەی خۆیان لە دەسەڵاتی گروپە چەکدارەکە دوور بکەونەوە یان خۆیان دەرباز بکەن، ماڵەکانیان بەجێهێشتووە.

گەڕاندنەوە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریاوە

عێراقییەکان ڕێژەی زۆرینە لەو ٦٦ هەزار دەستگیرکراوە سووریی و بیانییانە پێکدەهێنن کە بۆ ماوەیەکی نادیار و هەڕەمەکیانە وەک گومانلێکراو، و ئەندامانی خێزای داعش لە کەمپ و زیندانەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕاگیراون. تا مانگی ئەیلول، بە مەزەندەکراویی، ٢٨ هەزار عێراقی کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون، لە کەمپەکاندا ڕاگیراون و سێ هەزاری دیکەش لە زیندانەکاندا ڕاگیراون، هەموویان لە دۆخێکی مەترسیدار بۆ سەر ژیان و زۆرجاریش نامرۆڤانەدا بوون.

عێراق بەردەوامە لە گەڕاندنەوەی عێراقییەکان بە هێواشی لە سوریاوە، لە ساڵی ٢٠٢١ و ٢٠٢٢دا نزیکەی ٣١٠٠ هاوڵاتییان قبوڵکردوە یان هاوکاری کراون بۆ گەڕاندنەوەیان. بۆ نموونە، حکومەت لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا ڕایگەیاند کە نزیکەی ٥٠٠ خێزانی گەڕاندۆتوە بۆ کەمپی جەدا لە باشووری موسڵ و دوای مانگێک ڕایگەیاند ئامادەیە ١٥٠ خێزانی دیکە بگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتەکەی.کارمەندانی فریاگوزاری بە هیومان ڕایتس وۆچیان ڕاگەیاندووە، ئەو منداڵانەی گەڕێنراونەتەوە وڵاتەکەیان زیاتر لە ٢٥٠ کوڕ لەخۆدەگرن کە لە زیندانێکی پیاوی پێگەیشتوودا ڕاگیراون و هەموویان یان زۆربەیان دەناڵێنن بەهۆی نەخۆشی سیلەوە.

کۆمەڵگەی یەزیدی

ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ و ڕێکخراوەکانی دیکە ئەتککردنێکی ڕێکخراو، کۆیلایەتی سێکسی و هاوسەرگیری زۆرەملێی لەلایەن هێزەکانی داعشەوە بۆ ژنان و کچانی یەزیدی بە بەڵگە کردووە. بەڵام هیومان ڕایتس وۆچ هیچ کەیسێکی نەدۆزیەوە کە ئەندامێکی داعش لەسەر ئەو تاوانانە دادگایی کرابێت یان سزای بەسەردا سەپێنرابێت، لەوانەش تاوانەکانی دژی ئەوان یەکسان بوون بە تاوانی جەنگ، تاوانی دژی مرۆڤایەتی، یان جینۆساید دژی یەزیدیەکان. نزیکەی سێ هەزار ژن و منداڵی یەزیدی دوای ڕفاندنیان لەلایەن داعشەوە بێسەروشوێنن، بەڵام تا ئێستا هیچ هەوڵێکی ڕێکخراویی دەسەڵاتدارانی عێراق بۆ ڕزگارکردنیان یان دڵنیابوون لە گەڕانەوەیان نەدراوە. بەڵکو خێزانەکان و خۆبەخشانی یەزیدی تا ڕادەیەکی زۆر هەموو هەوڵەکانی ڕزگارکردنی ئەوانیان پاڵپشتی کردووە.

لە مانگی ئازاری ساڵی ٢٠٢١ پەرلەمانی عێراق یاسای ڕزگاربووانی مێینەی یەزیدی دەرکرد. یاساکە زۆرێک لە تاوانەکانی داعش وەک جینۆساید ناساندووە لەوانە ڕفاندن، بە کۆیلەکردنی سێکسی، هاوسەرگیری زۆرەملێ، دووگیانی، لەباربردنی منداڵ بە زۆرەملێ لەسەر ژنان و کچانی یەزیدی، تورکمان، مەسیحی، یان شەبەک. یاساکە قەرەبووکردنەوەی ڕزگاربووان، ڕێوشوێنی چاکسازیی و تێکەڵبوونەوەیان لەگەڵ کۆمەڵگادا دیاریکردووە.

بەڵام هێشتا جێبەجێکردنی کاریگەرانەی ئەم یاسایە بەدەست نەهاتووە، بەشێکی بەهۆی چەقبەستوویی پێکهێنانی حکومەتی نوێ و بەشێکیش بەهۆی نەبوونی بودجەی پێویست. لە مانگی ئابی ڕابردوودا ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندبوو، زیاتر لە ٢٠٠ هەزار ڕزگاربووی یەزیدی لە ماڵ و حاڵی خۆیان ئاوارە ماونەتەوە.

زەنگی ژینگەیی و تەندروستی

بەگوێرەی زانیارییەکان، عێراق پێنجەمین وڵاتە کە بەرکەوتەی گەرمبوونی گۆی زەوی و گۆڕانی کەشوهەوا یە. کاریگەرییەکانی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، خراپتربوونی وشکەساڵی و زیادبوونی ژمارەی زریانی خۆڵاوی بەهۆی بارودۆخی سیاسییەوە خراپتر دەبێت. خراپی حوکمڕانی، لەوانەش خراپ بەڕێوەبردنی ئاو، پشکداریی کردووە لە کاریگەرییەکانی وشکەساڵی.

هاوکات نزیکەی تەواوی بودجەی عێراق وابەستەی داهاتی نەوتە. پێشبینییەکانی بەرهەمهێنانی نەوت ئەوە پیشان دەدەن کە عێراق ئەم وابەستەییە قووڵتر دەکاتەوە لە کاتێکدا کە چالاکیە جیهانیەکان لە دەوری گۆڕانی کەشوهەوا و پاڵنانی دورکەوتنەوە لە سووتەمەنی بەردینی لە گەشەکردندایە. هەروەها زیادبوونی بەرهەمی نەوت نیگەرانییەکان لە دەوری سووتانی غاز لە عێراقدا دروست دەکات، کە بریتیە لە سووتانی بەرهەمە لاوەکییە گازیەکان کە لە کاتی پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوتدا ڕوودەدات. خراپتربوونی باری تەندروستی دانیشتووانی  دەوروبەری ئەو شوێنانەی سووتانی غاز لێی ڕوودەدات، حکومەتی عێراق و کۆمپانیا نەوتییە هاوبەشەکانی دەخاتە ژێر پرسیارەوە سەبارەت بە بەردەوامبوونی ئەم کارە و کێ یان چی لەوانەیە بەرپرسیار بێت.

ئەکتەرە سەرەکییە نێودەوڵەتییەکان

دوو دەیە تێپەڕیوە بەسەر لەشکرکێشییەکەی ئەمریکا و بەریتانیا بۆ سەر عێراق لە مانگی ئازاری ٢٠٠٣، ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکان بەردەوام بوون لە تێوەگلان لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە وڵاتەکەدا. لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢١، ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، بە پشکنینی تۆمارەکانی پنتاگۆن، بۆی دەرکەوت کە بۆردومانەکانی سوپای ئەمریکا بۆ سەر عێراق لە شەڕی دژی داعشدا بووەتە هۆی “کوژرانی هەزاران هاوڵاتی مەدەنی کە زۆربەیان منداڵن”. ڕاپۆرتەکە هاوتەریبە لەگەڵ دۆزینەوەکانی پێشووی هیومان ڕایتس وۆچ کە باس لەوە دەکەن ئەمریکا شکستی هێناوە لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی ژیانی هاوڵاتیانی مەدەنی لەکاتی بۆردومانکردنی ئەو ئامانجانەی کە گوایە داعشن.

بە هەمان شێوە ڕاپۆرتێکی (پاکس فۆر پیس) کە لە مانگی نیساندا بڵاوکرایەوە، دەریخست کە چۆن دانیشتوانی حەویجە، لە باکووری عێراق، بەردەوامن لە ئازارکێشان بەهۆی بۆردومانێکی هۆڵەندی لە مانگی حوزەیرانی ٢٠١٥ بۆ سەر کارگەیەکی تەقەمەنی کە بووە هۆی کوژرانی لانیکەم ٨٥ هاوڵاتی مەدەنی و برینداربوونی دەیان کەسی دیکە. دانیشتووان داوای لێبوردنکردن، قەرەبووکردنەوە و ڕوونکردنەوەی مانادار دەکەن لەسەر ئەوەی کە ڕوویداوە.

لە مانگی ئایاردا حکومەتی بەریتانیا هەوڵیدا بە فڕۆکەیەکی بەکرێگیراو تا ٣٠ ئاوارە و پەنابەری کورد بگەڕێنێتەوە بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق، کە بەشێکیان زیاتر لە ٢٠ ساڵ بوو لە بەریتانیا نیشتەجێ بوون. حکومەتی بەریتانیا هێشتا عێراق ئەوەندە بە مەترسیدار دەزانێت کە ئامۆژگاری لە دژی هەموو گەشتێک بۆ وڵاتەکە بە هەرێمی کوردستانیشەوە دەدات. دواجار حکومەتی بەریتانیا ناچار بوو لە کاتژمێری یازدەهەمدا دەستبەرداری هەوڵەکانی بێت بەهۆی نیگەرانییەکانی سەلامەتی و ناڕەزایەتی بەرفراوانی گروپەکانی مافی مرۆڤ لە بەریتانیا و عێراق، و بەگژداچوونەوەی دەسەڵاتدارانی عێراقی فیدراڵی لە بەغدا.

لە مانگی تەمموزی ڕابردوودا، لە ئەنجامی تۆپبارانکردن بۆ سەر هاوینەهەوارێکی ئاوی لە پارێزگای دهۆک، ٩ گەشتیار کوژران و لانیکەم ٢٠ی دیکەش برینداربوون. ئەنجامدانی هێرشەکە بە شێوەیەکی بەرفراوان بۆ تورکیا دەگەڕێنرایەوە، کە گومان دەکرێت ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ی کردبێتە ئامانج، کە ئەنقەرە بە گرووپێکی تیرۆریستی ناوی دەبات. تورکیا بەرپرسیارێتی خۆی لە ڕووداوەکە ڕەتکردەوە و تاوانەکەی خستە ئەستۆی پەکەکە.

لە مانگی ئەیلولی ڕابردوودا، هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی ئێران کە ‌حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردستانی ئێرانیان- لە ناوخۆی عێراق دا کردبووە ئامانج، بووە هۆی کوژرانی ١٣ کەس و برینداربوونی چەندین کەسی تر. هیومان ڕایتس وۆچ  بۆی دەرکەوت کە هەندێک لەو مووشەکبارانانەی، وەک ئەوەی کە لە کۆیە لە ڕۆژهەڵاتی هەولێر ڕوویدا، هاوڵاتی مەدەنی تیادا کوژراون. ئەم هێرشانە چەند هەفتەیەک دوای ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ناوخۆی ئێراندا دەستپێکرد کە دوای مردنی مەهسا (ژینا) ئەمینی لەلایەن “پۆلیسی ڕەوشت”ی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو بە تۆمەتی ئەوەی“نادروست” حیجابەکەی بەستبوو.