بارودۆخى مافەکانى مرۆڤ، لە ساڵى 2014 لە عیراقدا بەرەو خراپى چوو، هێرشە خۆکوژیەکان ، تەقاندنەوەى ئۆتۆمبیل و کوشتن و بڕین زیادیان کرد بە ڕادەیەک کە ژمارەى کوژراوان گەیشتە 12000 کەس و لە مانگى کانوونى دووەم تا کانوونى یەکەم ژمارەی برینداران وزیاتر لە 22000 کەس بوو.
هێرشى هێزەکانى حکومەت بۆ سەر خۆپیشاندەرانی تارادەیەک ئاشتیانە لە رۆژى 20ى کانوونى یەکەمى 2013 بووە هۆی پەرسەندنی ململانێى چەکدارى لە ناوچەى ئەنبار لە نێوان دانیشتوانى ناوچەکەو هێزە ئەمنیەکانى عیراق و چەندین گروپی چەکداری. شەڕەکان بریتى بوون لە هێرشى هەڕەمەکى حکومەت بۆ سەر ناوچە سڤیل نشینەکان کە بووە هۆی ئاوارەبوونی نزیکەى 500000 لە دانیشتوانى ئەنبار لە نێوان مانگى کانونى دووەم تا ئەیلول ، هەروەها ژمارەیەک خەڵکى سڤیل کوژران.
ململانێکە گەیشتە باکور، گروپی توندڕەوەکانی سەربە داعش توانیان دووەم شارى موسڵ، دووەم گەورە شاری عیراق لە رۆژى 10ى حوزەیران داگیر بکەن. ئەو گروپانە چەندین تاوانیان لە عیراق ئەنجامدا، وەک تەقاندنەوەى ئۆتۆمبێل و هێرشى خۆکوژى بۆ سەر ناوچەی مەدەنی، گوللەبارانکردنى هەڕەمەکى ، ئەشکەنجەدانی زیندانیان، دەست درێژیکردنە سەر ژنان، بە زۆر بە شوودان ، دەست درێژى سێکسى، بە دیل گرتنى ژن و کچى ئێزیدى، خاپورکردنى بینای و مەزاری ئایینی، کوشتن و رفاندنى ئەندامانی کەمە نەتەوەیی و ئایینەکانى وەک شیعەو ئێزیدى لە ناوچەى موسڵ.
هێزە ئەمنیەکان و میلیشیاکانى سەر بە حکومەت، هێرشیان کردە سەر خەڵکى مەدەنی لە ناوچە سوننە نشینەکان و ناوچەى هاوبەشى نێوان سونە و شیعە. ئەو هێرشانە بریتیبوون لە رفاندن و گوللە باران کردنى هەڕەمەکى و دەستگیرکردن و سەرنوگوونکردنی و ئەشکەنجەدانی هاوڵاتیان.
لە نێوان مانگى نیسان تا هەڵبژاردنى پارلەمان، دەسەڵاتدارانى حکومەت ئەو کەناڵە ئاسمانیانەیان داخست کە نەیارى حکومەت بوون، هەروەها رێنماییان دا بە ڕۆژنامەنووسان کە رووماڵی هەواڵ دژ بە پرۆسەى سەربازى و ئەمنیەکانى حکومەت نەکەن.
هەڵبژاردنەکانى رۆژى 30ى نیسان تا رادەیەکی زۆر ئاشتیانەبوو، بەڵام چەند سەرپێچیەکى تێدا کرا وەک راوەدوونان و بەرتیل دان بەو هاووڵاتیانەى کە دەنگیان دا. هاوپەیمانى دەوڵەتى یاسا بە سەرۆکایەتى نورى مالکى سەرۆک وەزیران زۆربەى دەنگەکانى بەدەست هێنا بەڵام لە 9ى ئەیلولدا حەیدەر عەبادى بووە سەرۆک وەزیران، ئەمەش لە ئەنجامى دابەزینى پاڵپشتى مالیکى پاش ئەوەی لە سەردەمى دەسەڵاتی ئەودا داعش موسڵى داگیر کرد. هەمان رۆژ عەبادى کابینەى وەزراى پێکهێنا بەڵام بۆ هەردوو وەزارەتى ناوەخۆ و بەرگرى نەیتوانى ڕەزامەندی سەرجەم بەشداربووان بەدەست بێنێت.
رۆژى 14ى ئەیلول، عەبادى فەرمانى بە هێزە ئاسمانیەکان بۆ سەر ناوچە مەدەنییەکان رابگیرێت تەنانەت ئەو ناوچەنەی کە داعش داگیری کردبوون. بەڵام هێزەئاسمانیەکان لە فەلوجە و ناوچەکانى باکورى عیراق تاکۆتایی ساڵ لە بۆردومانکردن بەردەوام بوون.
رۆژى 7ى ئەیلول، لەسەر داوای عێراق، سەرۆک ئۆباما فەرمانى بە هێزە ئاسمانیەکانى ئەمریکادا، گورزى ئاسمانى لە داعش بوەشێنن. تا مانگى کانونى یەکەم ئەمریکا 160 گورزى سەربازى لەسەرانسەری عیراقدا وەشاند.
بە گوێرەى کۆمیسیۆنى باڵاى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆکار و بارى پەنابەران، تا مانگى ئەیلولى ساڵى 2014، نۆسەد هەزار هاووڵاتى عیراقى، لە ئەنجامى ململانێکان لە شوێنى خۆیان پەراگەندە بوون.
هێرش بۆ سەر خەڵکى مەدەنی
هێزەکانى حکومەت و گروپە چەکدارەکان بەرپرسن لەو هێرشانەى کە بێ جیاوازى خەڵکى مەدەنیان کردە ئامانج.
هێرشى ئاسمانى و تۆپبارنى هەڕەمەکى لە لایەن هێزەکانى حکومەت بووە هۆکارى کوشتنى ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکى مەدەنی لە نێوان مانگەکانى شوبات و کانونى یەکەم. هێزەکانى حکومەت لە شەڕەکانیان دژ بە گروپە چەکدارەکانى ئەنبار، بە شێوەیەکی بەردەوام بە تۆپ و گوللەهاوەن تۆپبارنى نەخۆشخانەى گشتى فەلوجەیان کرد.
لە سەرەتاى مانگى ئایارەوە، هێزەکانى حکومەت بەرمیلى پڕ لە تەقەمەنیان بەردایە سەر دانیشتوانى فەلوجە و دەوروبەرى، ئەمەش بووە هۆی مردنى چەندان کەس و ئاوارەبوون و هەڵهاتنی هەزاران لە شوێنى خۆیان.
لە نیوەى یەکەمى مانگى تەموز، لە کۆى 17 گورزى ئاسمانى، 6 گورزیان بەرمیلى تەقەمەنى بوون، 75 کەس لەو گورزانەدا گیانیان لە دەست دا.
پێشێلکاریەکانى هێزەکانى ئەمن و میلیشیاکانى سەر بە حکومەت
لە مانگى ئازار سەرۆک وەزیرانى پێشوو نورى مالکى، بە گەورە راوێژکارە ئەمنىیەکانی ڕاگەیاند کە هێزێکى ئەمنى نوێ پێکدەهێنێت کە سێ میلیشیا لە خۆدەگرێت: گروپی ئەهلى حەق، کەتیبەکانى حزبوڵڵا، هێزەکانى بەدر. لە کاتێکدا کە شەڕی نێوان هێزەکانی حکومەت و گرپو چەکدارەکان لە هەڵکشاندابوو، ئەو میلیشایانە هاوڵاتیانى سونەیان لە بەغدا و دیالە و حلە رفاند و کوشت.
بە ووتەی شایەدحاڵ و سەرچاوەحکومیەکان و پزیشکیەکان، میلیشیاکانى سەر بە حکومەت، لە 1ى حوزەیران تا 9ى تەمموزى 2014، 61 هاوڵاتى سوونەیان کوشت. هەروەها لە نێوان مانگی ئازار و نیسان لەو گوند و ناوچانەی کە ناسراون بە پشتێنەی بەغدا/ بەلایەنی کە 48 پیاوى سونیان کوشت. ژمارەیەکی بەرچاو لە دانیشتوانى پێنج شارى ناوچەى پشتێنەی بەغدا ووتیان، کە هێزە ئەمنیەکان و میلیشیاکانى حکومەت، هێرشیان کردوەتە سەر ئەو شارانە و دانیشتوانیان رفاندووە و کوشتووە ، ئاگریان لە خانوو و شوێنى مەروماڵات و کێلگەکانیان بەرداوە.
یەکێک لەوانەى کە لە هێرش بۆ سەر مزگەوتێکى سونەکان لە رۆژهەڵاتى دیالە لە مانگى ئاب رزگارى بوو، پێى راگەیاندین کە میلیشیاکانى گروپی ئەهلى حەق، لە کاتى نوێژى هەینیدا هاتنە ناو مزگەوت، تەقەیان لە پێش نوێژ کردو کوشتیان، پاشان تەقەیان لە نوێژکەران کرد و 70 کەسیان کوشت، 3 کەس لە خەڵکى دیالە رایانگەیاند کە هەمان گروپ خزمی ئەوانیان رفاندووە و کوشتووە.
هێزە ئەمنیەکان و میلیشیاکانى سەر بە حکومەت، بەر پرسن لە گوللەبارانکردنی نایاسایی بەلایەنی کە 255 زیندانیکراو لە شەش شاری عێراقدا لە مانگی حوزەیراندا. زۆربەى ئەندامانی هێزە ئەمنى و میلیشیاکان شیعەن بەڵام کوژراو دەست گیرکراوەکان سوننەبوون. بەلایەنی کەمەوە 8 لەو کوژراوانە مێردمنداڵ بوون و تەمەنیان نەگەیشتبووە 18 ساڵ.
پێشێلکارى گروپە چەکدارەکان
رۆژى 10ى حوزەیران داعش شارى موسڵى داگیرکردو دەستى کرد بە ڕفاندن و هەڕەشە لە دانیشتوانی مەدەنی و بە تایبەتى کەمە نەتەوەیی و ئایینیەکان. دەوترێت کە کە داعش بەلایەنی کەم 40 تورکمانى شیعەى کوشتووە کە منداڵیشیان تێدابووە. داعش فەرمانی دا کە فەرمانبەرانى کورد و ئێزیدى و مەسیحیەکان نەگەڕێنەوە سەر کارەکانیان لە فەرمانگەکانى حکومەت. بە گوێرەى ووتەی هەندێک لە سەرکردەکانی شەبەک و تورکمانى شیعە ، دەوڵەتى ئیسلامى 7 شەبەک و بەلانی کەم 4 تورکمانى دستگیرکراوى کوشتووە.
دەوڵەتى ئیسلامى ژمارەیەکی زۆر ئەفسەرى ئەمنى شیعەى دەستگیرکراوى گوللەبارانکرد. لە رووداوە هەرە گەورەکان ئەوە بوو کە داعش 1000 سەربازى لە سەربازگەى سپایکەرى نزیک تکریت دەستگیرکرد کاتێک کە دەیانویست ڕابکەن، و بەلاى کەمەوە 800ى گوللەبارانکرد.
گروپە سونە چەکدارەکانى تری نەیارى حکومەت بریتین بەعسیەکان، سوپاى نەقشبەندى، سوپاى ئیسلامى، سوپاى موجاهیدین، و هەندی گروپی تر کە خاوەن پێگەى کۆمەڵایەتین. ئەو گروپە چەکدارانەش چەندین پێشێلکاریان دژ بە خەڵکى مەدەنی ئەنجامداوە. ئەو گروپانە هەندێک جار شان بە شانى داعش شەڕ دەکەن و هەندێ جار دژ بە داعش شەڕ دەکەن. لە مانگى شوباتدا ، چەکدارنی ئەنجومەنى سەربازى (ئەوانە لە کۆمەڵێک ئەفسەرى سەربازى عیراقى پێکهاتوون) 17 ئەندامى هێزەکانى (SWAT) یان لە رەمادى دەستگیرکرد و دەستبەجێ گوللەبارانیان کردن.
ئازادى گردبوونەوە
لە 30ى کانونى یەکەمى ساڵى 2013، هێزە ئەمنیەکان، هێرشیان کردە سەر گۆرەپانێکى گشتى لە شارى رەمادى، کە تێیدا سونەکان دواى نوێژى هەینى ، ماوە ساڵێک بوو دژ بە پێشێلکاریەکانى حکومەت خۆپیشاندانیان دەکرد. لەو هێرشەدا 17 خۆپیشاندەران کوژران سەر لە نوێ ململانێ لە ناوچەى ئەنبار سەرى هەڵدایەوەو ساڵێکى خایاند. سوپا دەروازە سەرکیەکانى رۆژهەڵات و باکوور و باشورى فەلوجە و هەندێ شوێنى ئەنبارى داخست، لێنەگەرا کەل و پەلى پزیشکى و خواردەمەنیان بۆ بچێت و هەروەها لێنەگەرا هاوڵاتى بچنە ناو فەلوجەوە یاخود بڕۆنە دەرەوە.
حکومەت هیچ لێکۆلینەوەى لە هێرشەکەى رۆژى 23ى نیسانى 2013 نەکرد کە تیایدا لە حەویجە سەرباز و پۆلیسى فیدراڵى و هێزەکانى سوات، هێرشیان بردە سەر خۆپیشاندەران کە ژمارەیان هەزار خۆپیشاندەر دەبوو 50 خۆپیشاندەریان کوشت.
ئازادى رادەربڕین
کۆمیتەی بەرگری لە رۆژنامەنووسان رایگەیاند کە عیراق خراپترین ووڵاتە لە لیستى تاوان دژ بە رۆژنامەنووسان لە ساڵى 2014دا، ئەو دەستەیە دەڵێت زۆربوونى گروپە چەکدارەکان بووەتە هۆکارى زیادکردنى کوشتنى رۆژنامەنووسان.
رۆژى 18ى حوزەیران، دەستەى پەیوەندیەکان و راگەیاندنى حکومەت، رێنمایی رێکخستنى کارى راگەیاندنى لە ماوەى شەڕى دژە تیرۆر دەرکرد. مادەى یەکەم بڵاوکردنەوەى هەر هەواڵێک کەوا لێکبدرێتەوە دژ بە هێزە ئەمنیەکانە قەدەغەدەکات. هەر لە رێنماییەکەدا هاتووە جەخت لەسەر دەسکەوتى هێزە ئەمنەیکان بکرێتەوە و رۆژانە بەردەوام بڵاوبکرێتەوە، لە نێویاندا، "بەشکۆمەندکردنی کردەوە پاڵەوانیەکانی هێزە ئەمنیەکان."
لە 21 حوزەیران، ئەو دەستەیە هۆشیارکردنەوەیەکی دایە تۆرێکى راگەیاندن کە ڕەخنەى لە حکومەت گرتبوو. لە هۆشیارکردنەوەکەدا هاتووە ئەگەر بێت و ئەو کەناڵە شتى وا دووبارە بکاتەوە ئەوا مۆڵەتەکەى پوچەڵدەکرێتەوە. لە 24ى حوزەیران ، دەستەى چاودێری پەخش لە میسرى رێگریکرد لە دوو کەناڵی تەلەفزیۆنى عیراقى لە قاهیرە لە بەکارهێنانی سیستەمی پەخشی ئاسمانی سەرەکی میسر پاش ئەوەى حکومەتى میسر سکاڵایەکی لە حکومەتى عیراقەوە بەدەست گەیشت سەبارەت بە ناوەرۆکى ئەو بابەتانەی کە ئەو دوو کەناڵە ئاسمانیە پەخشیان کرد. بە گوێرەى قسەى فەرمانبەرانى کەناڵی بەغدادیە، کە یەکێک بوو لە دوو کەناڵە،رۆژی 20ی حوزەیران، 16 ئەفسەرى پۆلیس ، دەورى وێستگەى تەلەفزیۆنەکەیان لە بەغدا داو هێرشیانکردە سەر دوو پاسەوان بەڕادەیەک کە ڕەوانەی نەخۆشخانە کران ، پاشان دەستیان بە سەرکەلپەلی وێستگەکەدا گرت.
رۆژى 13ى حوزەیران ، حکومەتى مەرکەزى و هەرێمى کوردستان، بە جیا تۆرەکانى پەیوەندى وەک فەیسبووک و تویتەر و سکایپ و یوتیوبیان داخست ، لە هەندێک شوێن هەوڵیاندا بە تەواوەتى ئینتەرنێت دابخەن. پاش ئەوە تۆڕەکان کرانەوە.
مافى ژنان و کچان
رۆژى 6ى شوبات، چاوەدێرى مافەکانى مرۆڤ راپۆرتێکى بڵاوکردەوە و تیایدا روونى کردبۆوە کە چۆن دەسەڵاتداران بە شێوەیەکى نایاسایی ژنانیان دەستگیرکردووە و ئەشکەنجەیان داون و هەڵسوکەوتى نابەجێیان بەرامبەر کردون، لە نێویاندا دەستدرێژى سێکسی. دادگاکانی عێراق لە زۆر حاڵەتدا بۆ دەرکردنى حوکمەکانى پشتى بەستوە بە دانپێدانانى، ئەمەش دوورە لە نەریتە نێودەوڵەتیەکان.
دەسەڵاتداران، بۆ ماوەى چەندین مانگ و بگرە ساڵ، ژنانیان دەستگیرکردووە بێ ئەوەى بهێنرێنە بەردەم دادگا. زۆرجار ژنان بە منداڵەوە دەستگیرکراون و ئەمەش بووتەهۆی بێ بەش بوونى ئەو منداڵانە لەفێربوون و چاوەدێرى پزیشکى. حکومەت لەو پێشێلکاریە تۆمارکراوانەی نەکۆڵیوەتەوە.
لە 25ى شوبات ئەنجومەنى وەزیرانى عیراق، بە رەشنووسى یاسایی بارى کەسێتى (جەعفەرى) رازیبوو. هەتا مانگی کانوونی یەکەم دەستپێشخەری نەکرد بۆ دەنگدان بەو رەشنووسە یاساییەی کە جیاکاری دەکات لە مافى ژن لە میرات و دایکایەتى و مافى پەیوەندیدار بە تەڵاق. لە رەشنووسی یاسایەکەدا بە فرەژنی دراوەو و رێگەش بە کچان دراوە لە تەمەنى 9 ساڵیدا شوو بکەن.
ژمارەیەکی زۆر لە ژنانەى کە مێردەکانیان لەدەستداوە لە ئەنجامى ململانێ ى چەکدارى و توندوتیژى و ئاوارەبوونەوە بوونەتە ئامانجى دەست درێژى سێکسى و بازرگانى پێکردن و لەشفرۆشى. پەرلەمان لە نیسانى 2012، بۆ بەرنگاربوونەوەى ئەو دیاردەیە یاسایەکى دەرکرد بەڵام دەسەڵات بە جددى جێ بەجێ ى نەکرد.
دواى داگیرکردنى موسڵ، داعش سەدان ژن و منداڵى ئێزیدى رفاندن و کچانی ئێزیدی ناچارکرد کە شو بە ئەندامانی داعش بکەن. ئەوانەى تەمەنیان لە 12ساڵ تێنەپەرى بوو لە گەورەکان جیاکرانەوە. هەروەها ئەو ئافرەتانە ڕووبەڕووی دەست درێژى سێکسی و کۆیلەیی بوونەوە. لە تشرینى یەکەمدا داعش راستی بەکۆیلەکردنی ئافرەتانی دووپاتکردەوەو هەواڵیدا پاساوی ئایینی بۆ ئەو کردەوەیە بهێنێتەوە.
ئاوارەبوون و کۆچ پێکردن
بە گوێرەى راپۆرتى کۆمیسیۆنى باڵاى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران ، عیراق بەردەوامە لە پێشوازى کردنى ژمارەیەکى زۆر لە پەنابەرانی سووریا. لە ساڵى 2011 وە ژمارەیان گەیشتۆتە000 500 پەنابەر جگە لەو عیراقیانەى کە لە سووریا گەڕاونەتەوە. ململانێ ى لە ئەنبار بووە هۆکارى ئاوارەبوونى 000 500 عیراقى. هەرچەندە دەسەڵاتدارانى عیراق رێگەی هەڵهاتنیان لە دانیشتوانى ناوچەیەکى زۆرى ئەنبار گرت، کە شوێنى پرۆسە سەربازیەکان، و گەیشتنی یارمەتى مرۆییان لێ قەدەغە کردن.
ئەوانەى لە عیراق لە شوێنى خۆیان بەدەر نراون لە مانگى کانوونى یەکەم گەیشتە 1،9ملیۆن کەس و زۆربەیان لە بارودۆخێکى خراپدا دەژین و لە سەرجەم خزمەتگوزارى کارەبا و ئاوو پزیشکى بێبەشن. حکومەت تا ئێستا نیازى دانانی پلانێکی نییە بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنى خۆیان.
لایەنە سەرەکیە نێو دەوڵەتیەکان
سەرەڕاى بوونى بەڵگەیەکى زۆر کە هێزە ئەمنیە عیراقیەکان بە شێوەیەکى رێکخراو دەست درێژیان کردۆتە سەر دەستگیرکراوان و لێدانی ناوچە مەدەنییەکان بە بێ جیاوازى- لەگەڵ ململانێى داعش و گروپە چەکدارەکان ئەو کردەوانە زیادیان کرد- بەڵام ئەمەریکا دوو باری وەجبەی چەکی دا بە عیراق کە موشەکى (هیلفاییر)ى تێدابوو دواى سەردانەکەى نورى مالکى بۆ واشنتن لە کانونى یەکەمى 2013.
لە 7ى ئاب سەرۆک ئۆباما مۆڵەتى دا گورزى سەربازى لە هێزەکانى داعش لە خاکى عراقدا بوەشێنێت. بە ووتەی پنتاگۆن هەتا 20ى ئەیلولەوە ئەمەریکا 160گورزى ئاسمانى ئاراستەى هێزەکانى داعش لە نزیک هەولێر و سنجار و بەنداوى موسڵ و حەدیسە کردووە. هەروەها لە مانگی ئەیلولدا فەرەنساو ئوردن و ئیمارات بەشداریان لەو گورزانەى دژ بە داعش کردووە.
ئەمەریکا بە فەرمى داواى لە حکومەتى عیراق نەکردووە کە لێکۆڵینەوە لەو پێشێلکاریانە بکات کە هێزە ئەمنیەکان و میلیشیاکانی سەربە حکومەت ئەنجامیانداون، هەروەها ئەو مەرجەشى لەسەر عیراق دانەناوە ئەگەر بێتوو چاکسازی لە دۆسییەی مافى مرۆڤ نەکات ئەوا یارمەتى سەربازى نادات وەک لە یاساى ئەمەریکادا هاتووە.
رۆژى 1ى ئەیلول ، ئەنجومەنى مافەکانى مرۆڤ لە نوسینگەى کۆمیسیۆنى باڵاى مافەکانى مرۆڤ، داواى ناردنى لێژنەیەکى کرد تا زانیاری لە بارەی ئەو تاوانانە کۆبکاتەوە کە داعش و هاوپەیمانانى ئەنجامیانداون.، ئەم داواکاریە باسى ئەو پێشێلکاریانەى تێدانەبوو کە هێزەکانى حکومەتى عیراق و میلیشیا هاوپەیمانەکانی ئەنجامیانداون.