Skip to main content

عێراق

Events of 2013

Protestors attempting to protest against corruption and violence in Baghdad, Iraq on August 2, 3013.

© 2013 Private

Keynote

 
Rights Struggles of 2013

Stopping Mass Atrocities, Majority Bullying, and Abusive Counterterrorism

Essays

 
Putting Development to Rights

Integrating Rights into a Post-2015 Agenda

 
The Right Whose Time Has Come (Again)

Privacy in the Age of Surveillance

 
The Human Rights Case for Drug Reform

How Drug Criminalization Destroys Lives, Feeds Abuses, and Subverts the Rule of Law

لە ساڵى2013دا، بارودۆخى مافەکانى مرۆڤ لە عێراق بەردەوام ڕووى لە خراپ بوون کرد. تووندوتیژى تایفى ڕووى لە هەڵکشان کردو دۆخى ئەمنى لە قەیرانێکى خراپدا بوو. جەنگى سووریاو قەیرانى سیاسى ناوخۆى عێراق ڕێخۆشکەربوون بۆ ڕێکخراوى ئەلقاعیدەو گرووپە چەکدارەکانى تر تا ڕۆژانە هێرشى تیرۆریستى لە دژى هاووڵاتیانى مەدەنى ئەنجامبدەن. هەموو ئەم هۆکارانە وایکرد، ساڵى 2013 بە خۆێناویترین ساڵ هەژمار بکرێت لە پێنج ساڵى ڕابردووى عێراقدا. هێرشى خۆکوژى، تەقینەوەى ئوتۆمبێلى بۆمب ڕێژکراو و تیرۆرکردن بەشێوەیەکى ترسناک ڕووى لە هەڵکشان کرد، بە جۆرێک  تەنها لە نێوان مانگى ئایارو ئابدا زیاتر لە 3 هەزار کەس کوژران و 7 هەزارى تریش برینداربوون.
 
حکومەت بە تووندتیژى و هێز وەڵامى خۆپیشاندانە هێمنانەکانی دایەوە، هەروەها هەوڵیدا بۆ سەپاندنى ڕێوشوێن و یاساى زیاترى دژە تیرۆر بۆ چارەسەرکردنى خراپ بوونى بارودۆخی ئەمنى. خاڵە سنووریەکانى ژێر دەسەڵاتى حکومەتى ناوەندی  بە ڕووى ئەو ئاوارە سووریانەى لە ترسى جەنگى ناوخۆى ووڵاتەکەیان هەڵدەهاتن بە داخراوى مایەوە، ئەمە لەکاتێکدایە تا مانگى تشرینى دووەم، نزیکەى 206 هەزار ئاوارەى سوورى ڕوویان لە ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى حکومەتى هەرێمى کوردستان کردبوو. 
 
لە کانوونى یەکەمى ساڵى 2012دا، بە هەزارەها هاووڵاتى عێراقى ناوچە سوونیەکان ڕژانە سەر شەقامەکان و داوایان لە حکومەت کرد هەستتێت بە ئەنجامدانى چاکسازى لە یاساى دژە تیرۆرو ئازاد کردنى هەموو ئەو زیندانیانەى بە شێوەیەکى نایاسایى دەستگیرکراون. لە کانوونى دووەمى 2013دا،  نورى مالیکى سەرۆک وەزیرانى حکومەتى عێراق پێکهێنانى کۆمیتەیەکى تایبەتى ڕایگەیاند بە مەبەستى سەرپەرشتیکردنى چاکسازى و ئازاد کردنى زیندانییەکان و کەمکردنەوەى بەکارهێنانى زانیاریدەرانی نهێنى لەلایەن دادگاوە. تا نووسینى ئەم ڕاپۆرتە، ئاماژەیەکى ئەوتۆ نەبوو نیشانى بدات کە حکومەت  چاکسازى ئەنجامدابێت، بەپێچەوانەوە هێزە ئەمنییەکانى عێراق تووندوتیژیەکانیان لە دژى خۆپیشاندەران چڕتر کردەوە بەجۆرێک لە هێرشێکیاندا لە دژى خۆپیشاندەرانى شارۆچکەى حەویجە لە مانگى نیسان لانى کەم 51 خۆپیشاندەر کوژران. دەسەڵاتدارانى حکومەتى عێراق هیچ کەسیێکیان بە تۆمەتى ئەنجامدانى ئەو تاوانە ڕووبەڕوى لێپرسینەوە نەکرد. 
 
وەک وەڵامێک بۆ خۆپیشاندان و ناڕەزاییە بەردەوامەکانى هەرێمە سوونیەکان، حکومەتى عێراق هەستا بە دەستپێکردنى هەڵمەتى دەستگیرکردن لەو ناوچانەو لە ئەنجامدا ژمارەیەک هاووڵاتی ئاسایى و چالاکەوان و سیاسەتمەدارى ناودار بەپێى یاسایى دژە تیرۆرى ساڵى 2005 دەستگیرکران.  هێزە ئەمنیەکان و لایەنگرانى حکومەت کەوتنە هەراسان کردنى ڕۆژنامەنووسان و ئەو دەزگایانەى ڕاگەیاندن کە ڕەخنەیان لە دەسەڵاتدرانى حکومى دەگرت. 
 
 
دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدان و لەسێدارەدان
بەبێ ڕەچاوکردنى هیچ یاساو پێوەرێک هێزە ئەمنیەکانى عێراق کەوتنە ئازاردانى دەستگیرکراوان. بەدرێژایی ئەو ساڵە و بەبێ هیچ پرۆسەیەکى دادگایکردن، بەندکراوان لە زیندانەکاندا مانەوەو لەکاتى لێکۆڵینەوەکردن لەگەڵیان ڕووبەڕوى ئەشکەنجەو لێدان بوونەوە. لە مانگى شوباتدا، حسین الشهرستانى، جێگرى سەرۆک وەزیرانى عێراق، بە هیومان ڕایتس وۆچى ووت، هێزە ئەمنیەکانى عێراق بەردەوامن لە هەڵمەتە ڕەشبگیریەکانیان بەبێ فەرمانى دادوەر. لەگەڵ ئەوەشدا دادگاکان بەردەوامبوون لە پشت بەستن بە زانیاری پێدەری نهێنى و دانپێنانى بەزۆر بۆ دەرکردنى فەرمانى دەستگیرکردن و تاوان بارکردن. 
 
لە 11ى ئایاردا، گوندنشینانى باشورى شارى موسڵ تەرمى چوار پیاو و مێرمنداڵێکی تەمەن 15 ساڵیان دۆزییەوە کە ئاسەوارى چەندین گولە لەسەر جەستەیان بوو. هەفتەیەک بەر لە دۆزینەوەى تەرمەکان، چەند شایەتحاڵێک ئەو کەسانەیان بە دەستگیرکراوى لەلایەن فەرماندەى سێى پۆلیسى موسڵەوە  بینیبوو، بەڵام تا کاتى نووسینى ئەم ڕاپۆرتە، حکومەت هیچ هەنگاوێکى نەنا بۆ ئەنجامدانى لێکۆڵینەوە لە کوشتنى ئەو کەسانە. 
 
تا 22ى مانگى تشرینى دووەم، حکومەتى عێراق لانى کەم 151 کەسى لە سێدارە داوە. ئەو ژمارەیەش بە بەراورد بە 129 لە سێدارەدراو لە ساڵى 2012 و 68 لە 2011 بەشێوەیەکى بەرچاو ڕووى لە هەڵکشان کردوە.
 
کاتێک حسن الشمەرى وەزیرى دادى عێراق لە ناوەڕاستى مانگى ئازاردا ڕایگەیاند کە وەزارەتەکەى بڕیارى لە سێدارەدانى 150 کەسى داوە، ناڤى پیلاى، بەرپرسی کۆمسیۆنى باڵاى مافى مرۆڤى نەتەوەیەکگرتووەکان، سیستمى دادوەرى عێراقى بە قەسابخانە ناوبرد. زۆر بە دەگمەن وەزارەتى داد زانیارى لەسەر ناسنامە و تاوانى لە سێدارەدراوان و بەڵگەکانى دادگا لە دژیان دەدات.
 
ئازادى خۆپیشاندان و گردبوونەوەى جەماوەرى
هێزە ئەمنیەکانى عێراق بە هەڕەشە و تووندوتیژى و دەستگیرکردن وەڵامى خۆپیشاندەرانى هێمنانەیان دایەوە. لە مانگى نیساندا، هێزە سەربازییەکان و پۆلیسى عێراق  زۆر بە تووندى ڕووبەڕوى کۆمەڵێک خۆپیشاندەر بوونەوە کە ماوەى پێنج مانگ بەشێوەیەکى هێمنانە گردبوونەوەیان دەکرد. لە مانگى شوبات و ئازاردا، هێزە ئەمنیەکان لە موسڵ و فەلوجە دەستڕێژى گولەیان لە خۆپیشاندەران کردو لانى کەم حەوت کەسیان لەهەردوو ڕووداوەکەدا کوشت. 
 
لە 23ى نیساندا، سەربازانى عێراقى و هێزە تایبەتەکانی سوات و هێزەکانى پۆلیسی فیدراڵی دەستڕێژى گولەیان لە نزیکەى 1000 خۆپیشاندەرى شارۆچکەى حەویجە کرد. کۆمیتەیەکى وەزارى بە مەبەستى بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەو لەو هێرشە پێکهێنرا، بەڵام تا ئێستا ئەو کۆمیتەیە چاوپێکەوتنى لەگەڵ هیچ شایەتحاڵ و بەشدارێکى ئەو ڕووداوە نەکردوەو هیچ ئەندامێکى هێزە ئەمنیەکانیشى رووبەڕووی دادگابکەنەوە. لە مانگى ئابى هەمان ساڵدا، سەربازان وهێزەکانی سوات  و پۆلیسى عێراقى بە زەبرى هێز وەڵامى خۆپیشاندانەکانى دژى گەندەڵى و نەبوونى خزمەت گوزاری ناوچەکانى بەغداد و ناسریەیان دایەوەو لە ئەنجامدا چەندین خۆپیشاندەر دەستگیر کران و ژمارەیەکیان ڕووبەڕوى لێدان ئەشکەنجە بوونەوەو هەندێکى تریان بە "تۆمەتى گوێڕایەڵى نەکردنى یاسا و تێکدانى سەقامگیرى" درانە دادگا. وەزارەتى ناوخۆى عێراق هەستا بەجێبەجێکردنى چەند ڕێوشوێنێکى تووند بە مەبەستى بەرتەسک کردنەوەى سازدانى خۆپیشاندان وەک پێنەدانى مۆڵەت بۆ خۆپیشاندانى هێمنانە ئەوەش پێچەوانەى دەستوورى عێراقە کە گرەنتى ئازادى گردبوونەوەو خۆپیشاندانى جەماوەرى دەستەبەردەکات.
 
ئازادى ڕادەربڕین
لە ڕاپۆرتی ساڵى 2013 یدا کۆمیتەى بەرگری لە ڕۆژنامەنووسان، عێراقى وەک خراپترین ووڵات لە پشتگوێخستنى کوشتنى ڕۆژنامەنووسان هەژمار کرد. لە 10 ساڵى ڕابردوودا زیاتر لە 90 ڕۆژنامەنووس لە عێراقدا کوژراون، بەڵام  تا ئێستا هیچ کەسێک بە تۆمەتى کوشتنى ڕۆژنامەنووس لێپرسینەوەى لەگەڵ نەکراوە، سەرەڕایى ئەوەش حکومەت هیچ نیازێک لە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە کوشتنى ڕۆژنامەنووسان نیشان نادات. 
 
لە 1ى نیساندا، چەند چەکدارێکى نەناسراو هەڵیانکوتایە سەر بارەگاى چوار ڕۆژنامەى سەربەخۆ لە بەغدادو پاش تێکشکاندنى ئامێرو کەلوپەلەکانیان ئاگریانبەردایە بیناکانیان. لە ئەنجامى ئەو ڕووداوەدا چەندین کارمەندى ئەو ڕۆژنامانە بریندار بوون.  پۆلیس ڕایگەیاند کە لێکۆڵینەوە لەو  هێرشانە دەکات، بەڵام هیچ ئەنجامێکى ئەو لێکۆڵینەوانە ڕانەگەیەنرا. 
 
لە 28ى نیسان، کۆمسیۆنى پەیوەندیەکان و راگەیاندنی حکومەتى عێراق مۆڵەتى 10 کەناڵى تەلەفیزیۆنى ئاسمانى سەر بە پارتە ئۆپۆسیزیۆنە سوونەکانى هەڵپەساردو بەخشى بەرنامەکانیانى وەستاند. ئەمە لەکاتێکدا بوو هەمووکەناڵەکانى تر بە کەناڵە حکومیەکانیشەوە بەردەوام بوون لە پەخشى ئاسایى خۆیان. بەرپرسێکى باڵاى کۆمسیۆنى پەیوەندیەکان و راگەیاندنی حکومەتى عێراق بە هیومان ڕایتس وۆچى ڕاگەیاند کە کۆمسیۆنەکەیان هیچ بیانوویەکى یاسایى نەبوو بۆ داخستنى ئەو کەناڵانە، بەڵام هۆکارى داخستنى ئەو کەناڵانەى گەڕاندەوە بۆ هاندانى "تووندوتیژى و قوڵکردنەوەى کەلێنى تایفی". کۆمسیۆنى پەیوەندیەکان لە ماڵپەرى فەرمى خۆیدا ڕایگەیاند هەڵپەساردنى ئەو کەناڵانە وەڵامێک بوو بۆ ڕووماڵ کردنى هێرشەکەى حەویجە. 
 
ڕۆژنامەوانان ووتیان  کە هێزە ئەمنیەکان  ڕێگەی چوونە ناو خۆپیشاندانەکانیان لێگرتن و ئەوەش کاریگەریەکى هەبوو لەسەر سنووردار کردنى ڕوماڵى ڕووداوەکان لەلایەن کەناڵەکانى ڕاگەیاندنەوە. پەیامنێرى کەناڵێکى تەلەفیزیۆنى بە هیومان ڕایتس وۆچى ووت، لە 28ى کانوونى یەکەم لەکاتێکدا لە هەوڵى ڕوماڵکردنى یەکێک لە خۆپیشاندانەکانى شارى ڕومادیە بوو چەند کەسێک بە ئوتۆمبێل و جلوبەرگى سەربازییەوە، کە ناسنامەى خۆیان ئاشکرا نەکردبوو، بە چاو بەستراوى پەلکێشیان کردو بەرلەوەى ئازادى بکەن هەڕەشەى کوشتنیان لێکرد.
 
لە نێوان مانگى تەموزو ئەیلولدا لانى کەم  پێنج ڕۆژنامەنووسی شارى موسڵ لەلایەن چەکدارانى نەناسراوەوە تیرۆر کران. دووان لەو ڕۆژنامەنووسانە کاریان بۆ کەناڵى (الشرقیە) دەکردو یەکێکیان بۆ کەناڵى (الموێلیە) و دوانى تریان ووتەبێژى پارێزگارى موسڵ بوون. حکومەت هیچ ڕاگەیاندراوێکى لە بارەى ئەنجامەکانى لێکۆڵینەوەى ئەو کوشتنانە بڵاونەکردۆتەوە. 
 
مافەکانى ژنان و کچان
ژنانى زیندانى بە دەست قەرەباڵغى ناو بەندیخانەکان و نەبوونى پێداویستى تەندروستى تایبەت بە ژنانەوە دەناڵێنن. بەردەوام ژنان لەگەڵ منداڵەکانیان زیندانى دەکرێن ئەوەش ماناى بێبەش کردنى ئەو منداڵانەیە لە خوێندن و پێداویستى تەندروستى و ڕووناکى و هەواى پاک و خۆراک و ئاوى خواردنەوە. بە دەیان لەو ژنانە ووتیان کە هێزە ئەمنیەکان دەستگیریان کردوون و ئەشکەنجەو ئازاریان داون و دەستدرێژى سێکسیان کردونەتە سەر وەک سزایەک بۆ مێردو براو کەس و کاریان کە گومانى ئەنجامدانى کارى تێرۆریستیان لێدەکرێت. 
 
لە 27ى تشرینى یەکەم، وەزارەتى دادى عێراق ڕایگەیاند کە ڕەشنووسی پرۆژە یاسایەکى لەسەر پەیڕەوکردنى مەزهەبى جەعفەرى لە یاساى بارى کەسى (الاحوال الشخێیە) خستۆتە بەردەم کابینەى سەرۆک وەزیران بۆ پەسەندکردن و پاشان ناردنى بۆ پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەری. بەپێى پرۆژە یاساکە، یاساکانى بارى کەسى وەک هاوسەرگیرى و تەڵاق و میرات و تەبەنى کردن بۆ شیعەکانى عێراق بەپێى بنەماکانى مەزهەیى جەعفەرى شەریعەتى ئیسلام دەبێت. ڕێکخراوە مەدەنیەکانى ناوخۆى عێراق نیگەران بوون لە پێشنیازکردنى پرۆژە یاسایەکى لەو جۆرە و لەو بڕوایەدان ئەو پرۆژە یاسایە دەبێتە هۆى قوڵکردنەوەى جیاوازى مەزهەبی، چونکە ئەگەر ئەو پرۆژە یاسایە بخرێتە بوارى جێبەجێکردن ماناى ئەوەیە نەتەوەو تایفەى جیاواز بەپێى یاساى بارى کەسى جیاواز مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێ. پرۆژە یاساکە چەندنین بڕگە لەخۆ دەگرێ کە پێشێلى مافەکانى ژنان و منداڵان دەکات. بە تایبەت ئەو بڕگانەى کە تەمەنى هاوسەرگیری لە 18 ساڵەوە کە لە یاساى بارى کەسى عێراقیدا هاتووە کەم دەکانەوە بۆ تەمەنى 9 ساڵ بۆ کچان و 15 ساڵ بۆ کوڕان. هەروەها بڕگەیەکى ترى یاساکە هاوسەرگیرى پیاوى موسڵمان لەگەڵ  ژنى غەیرە موسڵمان قەدەغە دەکات، تەنها لە حاڵەتێکدارێگەی پێدەدرێت کە بۆماوەیەکی کاتی بێت. لەلایەکى ترەوە مەرجەکانى فرەژنى ئاسان دەکات و ماف بە پیاوان دەدا ڕێگە بە ژنەکانیان نەدەن لە چوونە دەرەوە بەبێ مۆڵەت، ئەمە جگە لەوەى مافى ژنان سنووردارتر دەکات لە بابەتەکانى وەک تەڵاق و میرات         . 
 
بەردەوام بوونى جەنگ و تووندوتیژی و ئاوارەبوون وایکردوە ژمارەیەکى زۆر لە ژنانى عێراقى مێردەکانیان لە دەست بدەن. سەختى بارى ئابوورى ئەم ژنانەى کردۆتە قوربانى بازرگانی لەشفرۆشى. لە مانگى نیسانى 2012دا، پەرلەمانى عێراق  یاسایەکى دژ بە بازرگانیکردن بە ئافرەتانەوە دەرکرد، بەڵام دەسەڵاتدارانى عێراقى هەنگاوێکى ئەوتۆیان نەناوە لە جێبەجێکردنى یاساکەو ڕێگریکردن لەو دیاردەیە. لە مانگى شوباتدا، بەرپرسێکى حکومى بە هیومان ڕایتس وۆچى ووت کە دادوەران و ئەفسەرانى هێزە ئەمنیەکان زانیاریەکى ئەوتۆیان لەسەر بڕگەکانى یاساکە نیە و دادگاکان بەردەوامن لە سزادانى قوربانیانى ئەو دیاردەیە بەپێى یاساى قەدەغەکردنى لەش فرۆشى. 
 
لە ساڵى 2011دا، حکومەتى هەرێمى کوردستان یاساى تووندوتیژى خێزانى تێپەڕاند، بەڵام دەسەڵاتدارانى ئەو هەرێمە هەنگاوێکى ئەوتۆیان نەناوە لە جێبەجێکردنى ئەو بڕگانەى کە کوشتن و تووندوتیژى لە دژى ژنان قەدەغەدەکات. لە پاش دەرچوونى یاساکەوە بە دەیان پیاو هەستاون بە کوشتن و ئازاردانى ژنان. ڕێکخراوە ناوخۆییەکان ڕایانگەیاند کە حکومەت هەڵنەستاوە بە دروستکردنى دادگایەکى تایبەت بۆ سزادان و دادگایکردنى حاڵەتەکانی تووندوتیژى خێزانى. ووتیشیان وەک لە یاساکەدا هاتووە دەبێت حکومەت ئەفسەرانى ژن لە بنکەکانى پۆلیس دابمەزرێنێ و ئەفسەرانى ئاسایش لەسەر بڕگەکانى یاساکە هۆشیار بکاتەوە ، بەڵام ئەم هەنگاوانە جێیەجێ نەکراوە. 
 
ئاوارەبوون
بەپێى ئامارى کۆمسیۆنى باڵاى پەنابەرانى نەتەوەیەکگرتووەکان، زیاتر لە 206 هەزار ئاوارەى سوورى لە ساڵى 2011وە هاتوونەتە ناو خاکى عێراق، ئەو ژمارەیەش بەشێوەیەکى بەرچاو ڕووى لە هەڵکشان کردوە  بە بەراورد بە ساڵى 2012 کە تەنها 30  هەزار ئاوارەى سوورى لە عێراقدا بوون.
 
لە مانگى ئابى ساڵى 2012 وە خاڵە سنووریەکانى (الربیعە و القائم) ى ژێر دەسەڵاتى ئیدارەى حکومەتى ناوەندى بەڕووى ئاوارە سووریەکاندا داخراون. پاش داخستنى خاڵى سنوورى (فیشخاپوور) بۆ ماوەى زیاتر لە مانگێک، حکومەتى هەرێمى کوردستان لە 15ى ئابى 2013دا ئەو خاڵە سنووریەى کردەوە. پاش دوو مانگ لەکردنەوەى خاڵى سنووری فیشخاپوور زیاتر لە 60 هەزار ئاوارەى سوورى گەیشتنە ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى حکومەتى هەرێم.
 
بە هەزارەها هاووڵاتى عێراقى لەناوخۆى ووڵاتەکەیاندا ئاوارەن و لەو شوێنانەدا دەژین کە هیچ خزمەت گوزارییەکى سەرەتایى  وەک ئاوى پاک و کارەبا و توالێتی تێدا نیە، لەگەڵ ئەوەشدا حکومەت هیچ پلانێکى بۆ گەڕانەوەی ئەو ئاوارانە نیە. لە مانگى تەمووز، بە سەدان خێزانى ناوچەى میقدادیەى پارێزگاى دیالە ماڵ و حاڵیان جێهێشت پاش ئەوەى گرووپى (عێائب اهل الحق) کە میلیشیایەکى شیعەى لایەنگیری حکومەتە هەستا بە بڵاوکردنەوەى  نامە و بڵاوکراوە بەسەر دانیشتوانى سوونەى ئەو ناوچەیەو هەڕەشەی کوشتنی لێکردن. دانیشتوانى دیالە ووتیان، هێزە ئەمنیەکان هیچ ڕێوشوێنێکیان نەگرتووەتەبەر بۆ پارێزگارى کردنیان و ئاسان کارى بۆگەڕانەوەیان.
 
لە مانگى ئەیلولى 2012دا، ڕێکخراوى یۆنامى سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان  سەرپەرشتی گوێزانەوەى نزیکەى سێ هەزارو دوو سەد ئەندامى ڕێکخراوى موجاهیدینى خەلقى لە کامپى ئەشرەفەوە، کە پێشتر کامپێکى سەربازى بوو ئەندامانى ئەم گرووپە لە ساڵى 1986وە تێیدا نیشتەجێن، کرد بۆ کامپى ئازادى. لە 9ى شوبات و 15ى خوزەیراندا، گرووپێک چەکدارى نەناسراو هێرشیان کردە سەر کامپى ئازادى و یانزە کەسیان کوشت و ژمارەیەکیشیان بریندار کرد. ڕێکخراوى موجاهیدینى خەلق ڕایگەیاند لە هێرشێکى تردا بۆ سەر کامپى ئەشرەف لە 1ى ئەیلول 52 ئەندامیان کوژراون.  گرووپەکە ووتى، هێزە ئەمنیەکانى عێراق بەرپرس بوون لە ئەنجامدانى ئەو هێرشە، بەڵام  بەرپرسانى حکومى ئەو تۆمەتانەیان ڕەتکردەوەو ڕایانگەیاند کوژرانى ئەو کەسانە لە ئەنجامى هەڵگیرسانى شەڕ لە نێوان ئەندامانى ناو کامپەکەوە بووە.
 
لە کاتى ووتارى ماڵئاوایى لەبەردەم ئەنجومەنى ئاسایشى نەتەوە یەکگرتووەکان، مارتن کۆبلەرى نوێنەرى پێشووى یۆنامى لە عێراق نیگەرانى خۆى دەربڕى لەبارەى ڕێگریکردنى دانیشتوانى ناو کامپەکە بۆ ناو تۆمارکردن لە کۆمسیۆنى باڵاى پەنابەرانى نەتەوە یەکگرتووەکان و هەلى نیشتەجێ بوون لە یەکێک لە ووڵاتانى دەرەوە، لەلایەن سەرکردایەتى ئەو گرووپەوەو هەڕەشە لێکردن و بێ بەش کردنیان لە چارەسەرى تەندروستى ئەگەر گۆێڕایەڵى لێپرسراوانى ناو کەمپەکە نەکەن و هەوڵى ڕۆیشتن بۆ ووڵاتانى دەرەوە بدەن.
 
هێرش لە دژى هاووڵاتیانى مەدەنى لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە
ڕێکخراوى ئەلقاعیدە لە عێراق لە ڕێگەى بڵاوکردنەوەى بەیاننامەوە بەرپرسیارێتى  چەندین هێرشى خۆکوژی و تەقینەوەى ئۆتۆمبێلى بۆمبڕێژکراوى لەئەستۆ گرت لەوانەش تەقینەوەى بۆمبێک لە یاریگایەکى تۆپى پێ لە 30ى حوزەیران کە بووە هۆى کوشتنى 12 کەس کە زۆربەیان تەمەنیان لە خوار 16 ساڵەوە بوو. ئەمە جگە لە تەقینەوەى ئۆتۆمبێلێکى بۆمبڕێژکراو لە پرسەى هاووڵاتیەکى شیعە لە مقدادیەى ڕۆژئاواى بەغداد لە 12 حوزەیران کە بووە هۆى کوشتنى 10 کەس بە چەند کارمەندێکى فریاگوزارى سەرەتایشەوە کە کرابوونە ئامانجى هێرشێکى خۆکوژى لەکاتى بەهاناوە چوونى  قوربانیەکان. هەروەها هێرش کردنە سەر دوو گرتووخانە لە 21 حوزەیران کە بەپێى ووتەى وەزارەتى دادى عێراق لە ئەنجامى ئەو دوو هێرشە 68 ئەندامى هێزە ئەمنیەکان و ژمارەیەک زیندانى بوونە قوربانى. ئەم هێرشانە سیاسەتێکى سیستماتیک و بەردەوامن بۆ کوشتنى هاووڵاتیان کە دەکرێ وەک تاوان لە دژى مرۆڤایەتى هەژمار بکرێت. 
 
میلیشیا شیعییەکان هەستان بە تیرۆرکردنى چەندین کەس لە ناوچە جیاجیاکان. لێپرسراونى باڵاى حکومى ووتیان کە ئەندامانى گرووپى شیعەى (عێائب اهل الحق) بە شێوەیەکى بەردەوام و بە فەرمى تێکەڵى دام دەزگا حکومیەکان دەبن بە تایبەت لە ڕێگەى وەرگرتنى پۆستەوە لە وەزارەتە ئەمنیەکان. دانیشتوانى ئەو گەڕەکانەى تێکەڵن لە سوونە و شیعە ووتیان کە گرووپە شیعیەکانى وەک (عێائب اهل الحق) و (کتائب الحزب اللە) هەڕەشەى کوشتنیان لە دانیشتوانى سوونى ئەو گەڕەکانە کردووە ئەگە ئەو شوێنانە جێنەهێڵن.
 
لایەنە نێودەوڵەتیەکان
پاش تێپەڕبوونى 10 ساڵ بەسەر داگیرکردنى عێراق، هێشتا حکومەتى ئەمریکا بەردەوام بووە لە چاوپۆشى کردن لە پێشێلکاریەکان. تائێستا هیچ لێپرسینەوەیەک نەکراوە لەسەر ئەو پێشێلکاریانەى لەلایەن هێزى هاوپەیمانەکانەوە لە عێراق ئەنجامدران.
 
پاش تێپەڕبوونى دوو ساڵ بەسەر یەکەمین سەردانى بۆ وویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا ، لە 1ى تشرینى یەکەم نورى مالیکى سەرۆک وەزیرانى عێراق چاوى بە باراک ئۆباماى سەرۆکى ئەمریکا کەوت. لە میانەى ئەو چاوپێکەوتنەدا نورى مالیکى داواى هاوکارى ئەمنى وەک چەکى قورس و زیادکردنى زانیارى هەواڵگرى و پشتگیرى شەڕى دژە تیرۆرى لە ئەمریکا کرد. لە کاتى ئەو سەردانەدا، چەند ئەندامێکى ئەنجوومەنى پیرانى ئەمریکا لە نامەیەکدا بۆ باراک ئۆباماى سەرۆکى ووڵاتەکەیان نیگەرانى خۆیان لە بەرامبەر ئەجێندا تایفى و تاکڕەویەکانى مالیکى دەربڕى و جەختیان کردەوە لەسەر پێویستى ئامادەکردنى پلانێک لەلایەن نورى مالکیەوە بۆ ئاشتبوونەوە لەگەڵ دانیشتوانى سوونەى عێراق.