(تونس) - رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ رایگه‌یاند كه له چه‌ند رۆژی ڕابردوودا ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق چه‌ند رێكخه‌رێكی خۆپیشاندانیان له به‌غداد زیندانیكردوهو لێكۆڵینه‌وه‌یان لهگهڵداكردوون و لێیانداون. هه‌روه‌ها هیومان رایتس وۆچ رایگه‌یاند كه پێویسته ده‌سه‌ڵاتدرانی عێراق كۆتایی به‌م هێرشانهبهێنن و ئه‌وانه‌ی كه زیندانیكراون یان تۆمه‌تیان رووبهرووبكرێتهوه یان ئازادبكرێن.
له كوردستانی عێراقدا، ئیسماعیل عه‌بدوڵا، كه یه‌كێك بوو له رێكخه‌رانی خۆپیشاندان، له 27ی ئایاردا رفێنراو پاشان بهرچهقۆدرا. هیومان رایتس وۆچ رایگه‌یاند كه پێویسته حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دڵنیایی له‌وه بكاته‌وه كه ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ی كه به‌ڵێنیداوه ئه‌نجامیبدات ووردو دادپه‌روه‌رانه‌وه و شه‌فاف ده‌بێت و ده‌بێته‌هۆی ئه‌وه‌ی كه ئه‌وكه‌سانه‌ی كه هێرشیان كردوه‌ته‌سه‌ر ئیسماعیل عه‌بدوڵا رووبه‌رووی دادگا بكرێنه‌وه.
له‌م باره‌یه‌وه جۆو سترۆك، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رنامه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له هیومان رایتس وۆچ، وتی، "ده‌سه‌ڵاتدران له به‌غدادو هه‌رێمی كودرستان به‌رده‌وامن له رێگنهدان به هاووڵاتیانیان بۆ ئه‌نجامدانی خۆپیشاندانی هێمنانه. پێویسته عێراق دڵنیایی له‌وه‌بكاته‌وه كه هێزه ئه‌منییه‌كان و بانده‌كان لایه‌نگری حكومه‌ت كۆتایی به هێرشكردنه‌سه‌ر رێكخه‌رانی خۆپیشاندان و چالاكوانان و رۆژنامه‌نووسان ده‌هێنن."
چه‌ند چالاكوانێك له به‌غداد به هیومان رایتس وۆچیان وت كه باوه‌ڕیانوایه كه زیادبوونكردنی رێوشوێنی ئه‌منی له ساحه‌ی ته‌حریر له پایته‌خت و ده‌ستگیركردنی ئه‌مدواییانه هه‌وڵدانن بۆ كپكردنه‌وه‌ی خواستی خه‌ڵك بۆ دووباره ڕژانهسهر شه‌قامه‌كان و ئه‌نجامدانی خۆپیشاندان له‌وكاته‌ی كه چه‌ندین گروپی بچوك له هه‌وڵداندابوون بۆ كاركردنن پێكه‌وه. ئه‌و كه‌سانه ووتیان كه به‌رپرسانی ناوچه‌كانیان هۆشیارییان پێداون كه له ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ی پێشوودا هێزه‌ئه‌منییه‌كان فشاریان خستونهتهسهر و داوای زانیاری‌یان لێكردون له‌باره‌ی شوێن و كرده‌وه‌ی چالاكوانه‌كان.
ده‌ستگیركردن له به‌غداد
رۆژی 28ی ئایار، ژماره‌یه‌ك سه‌رباز به چوار ئۆتۆمبیلی جۆری هه‌مڤی و دوو ئۆتۆمبیلی تر چوونه ئۆفیسه‌كانی أین حقی (كوا مافه‌كانم) كه رێكخراوێكی مافه‌كانی مرۆڤه، له ناوچه‌ی باب المعڤم له به‌غداد، له كاتێكدا كه ئه‌ندامانی رێكخراوه‌كه خه‌ریكی كۆبوونهوهبوون له‌گه‌ڵ چه‌ند رێكخه‌رێكی خۆپیشاندان له گروپی 25ی شوبات. ئه‌ندامانی هه‌ردوو رێكخراوه‌كه به هیومان رایتس وۆچیان وت كه سه‌ربازه‌كان هه‌ڵیانكوتایه‌سه‌ر بیناكه، چه‌كه‌كانیان له حاڵه‌تی ئامادهییدابوو، و 13 چالاكوانیان قۆڵبه‌ست و چاوبه‌ست كردوو ده‌ستیانگرت به‌سه‌ر مۆبایل و كۆمپیوته‌رو به‌ڵگه‌نامه‌دا.
یه‌كێك له چالاكوانه‌كان پاش ئه‌وه‌ی كه رۆژی 29ی ئایار ئازادكرا به هیومان رایتس وۆچی وت كه له كاتی هه‌ڵكوتانه‌سه‌ر ئۆفیسه‌كاندا یه‌كێك له ئهفسهركان خۆی وه‌كو "فه‌وجی 43 له فیرقه‌ی 11" ناساند‌و ئه‌فسه‌رێكی تریش وتی كه سه‌ر به فه‌رمانده‌یی كردهوهسهبازییهكانی به‌غدادن "قیاده عملیات بغداد"
ئه‌و چالاكوانه وتی:
"هیچ فه‌رمانێكی گرتنیان پیشاننهداین و پێشیان نه‌وتین كه بۆچی دهستگیردهكرێین. ئافره‌تێكی چالاكوان داوای بینینی فه‌رمانی گرتنی كرد به‌ڵام پێیانوات "ده‌مت داخه‌و سواری ئۆتۆمبیلهكهبه" له‌كاتی ده‌ست و چاو بهستنماندا پێیان ئه‌وتین"ئه‌م كۆبوونه‌وانه بۆچی ئه‌كه‌ن؟ باشه به‌ڕاست باوهڕتانوایه كه حكومه‌ت ده‌ڕوخێنن؟" وه پرسیاریان لێده‌كردین كه كێ هاوكاریمان ده‌كات."
ئه‌و چالاكوانه وتی كه هێزه سه‌ربازییه‌كه كه‌سه ده‌ستگیركراوه‌كانی برد بۆ زیندانییه‌ك له باره‌گای فیرقه‌ی 11 و له‌وێ به كۆمه‌ڵ و به‌تاك لێكۆلێنه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا كرا، "كاتێ گه‌یشتینه ئه‌وێ و سه‌روچاومان به‌سترابوو به بۆكس كه‌وته سه‌روچاو مل و سنگ و قۆڵ و به‌رشه‌قیان داین. من داركاری نه‌كرام، گوێم لێبو قسه‌یان له‌گه‌ڵ یه‌كتر دهكردو ده‌یانوت نابێت ئاساری لێدان و برین به‌سه‌ر جه‌سته‌مانه‌وه بهجێبهێڵن."
ئه‌و چالاكوانه ئازادكراوهو چه‌ند ئه‌ندامێكی تری هه‌ردوو رێكخراوه‌كه وتیان كه هێزه ئه‌منییه‌كان تائێستا چوار چالاكوانیان به‌بێ رووبهرووكردنهوهی هیچ تۆمه‌تێك ئازادكردووه به‌ڵام هێشتا 9 چالاكوانیان له زینداندا هێشتوه‌ته‌وه. چالاكوانه ئازادكراوه‌كه وتی، "پرسیارم لێ‌كردن كه چ تاوانێكمان كردووه و دووباره داوای پیشاندانی فه‌رمانی گرتنم كرد، به‌ڵام وه‌ڵامی هیچیان نه‌دایه‌وه."
چه‌ند شایه‌تحاڵێك وتیان كه رۆژی 27ی ئایار، چه‌ند كه‌سێك به جلوبه‌رگی مه‌ده‌نییه‌وه چوار خوێندكاری خۆپیشانده‌رییان ده‌ستگیركرد به‌ناوه‌كانی -جیهاد جه‌لیل، عه‌لی جاف، موئه‌یه‌د فه‌یسه‌ڵ و ئه‌حمه‌د ئه‌لبه‌غدادی- له نزیك خۆپیشاندانێكی هێمنانه له ساحه‌ی ته‌حریر له به‌غداد. یه‌كێك له‌و خۆپیشانده‌رانه به هیومان رایتس وۆچی وت، "كاتێك كه خۆپیشانده‌ره‌كان خۆیاننهدابهدهستهوه هێزه ئه‌منییه‌كان به جلی (سه‌بازییه‌وه) هاتنهناوهو هاوكاری رفێنه‌ره‌كانیان كرد. جیهادم بینی رائهكێشرا به‌سه‌ر جاده‌كه‌دا و سه‌بازێك لوله‌ی كلاشینكۆفه‌كه‌ی رووكردبوویه سه‌ر سه‌ری جیهاد و میلی هێنایه‌وه‌و هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كرد كه ئه‌گه‌ر جیهاد بجوڵێته‌وه تهقهئهكات. خه‌ڵكه‌كه تۆقان و بڵاوه‌یان كرد."
ژماره‌یه‌ك له شایه‌تحاڵه‌كان وتیان له‌و پشێویه‌ی كه به‌دوای گرتنی گرتنی جیهادا هات، هێزه ئه‌منییه‌كان چوار خۆپیشانده‌ریان به پاڵ خسته ناو ئۆتۆمبیلێكی فریاكه‌وتنه‌وه و ناوچه‌كه‌یان به‌جێهێشت، خۆپیشانده‌ره‌كانی تر نه‌یانزانی كه چیان به‌سه‌ر هاتووه. ئه‌ندامانی خێزانی دوو له خوێندكاره ده‌ستگیركراوه‌كان به هیومان رایتس وۆچیان وت كه سه‌رباری هه‌وڵی چه‌ند جاره‌یان به‌رپرسان پێیان ناڵێن كه خوێندكاره‌كان بۆ كوێ براون. برای یه‌كێك له ده‌ستگیركراوه‌كان وتی، "قسه‌مان له‌گه‌ڵ به‌رپرسان له وه‌زاره‌تی ناوخۆ‌و فیرقه‌ی 11 و فه‌وجی به‌غدادو گرتووخانه‌كانی تردا كرد، به‌ڵام هه‌موویان ده‌ڵێن كه (براكه‌م) لای ئه‌وان نییه‌و هیچ شتێك ده‌رباره‌ی نازانن."
هیومان رایتس وۆچ په‌یوه‌ندی به وته‌بێژێكی حكومه‌ته‌وه كرد بۆ به‌ده‌ستهێنانی زانیاری ده‌رباره‌ی شوێنی چوار ده‌ستگیركراوه‌كه، به‌ڵام هیچ وه‌ڵامێك نه‌درایه‌وه. رۆژی 31ی ئایار، ته‌له‌فزیۆنی حكومی، ئه‌لعێراقییه، راگه‌یاندنێكی فه‌رمانده‌یی كردهسهبازییهكانی به‌غدادی بڵاوكرده‌وه كه تیایدا هاتبوو هێزه ئه‌منییه‌كان چوار خوێندكاره‌كه‌یان به‌هۆی هه‌ڵگرتنی پێناسی ساخته‌وه ده‌ستگیركردوه نه‌ك به‌شداریكردنی خۆپیشاندان.
ئه‌ندامی خێزانی یه‌كێك له خوێندكاره ده‌ستگیراوه‌كان به هیومان رایتس وۆچی راگه‌یاند كه براكه‌ی، كه یه‌كێكه له‌و كه‌سانه‌ی به‌رده‌وام خۆپیشاندان رێكده‌خات، پێش ده رۆژ چه‌ند كه‌سێكی نه‌ناسراوه شوێنی كه‌وتبون و له‌و كاتهوهو له ترساندا له ماڵه‌وه نه‌ده‌نووست، "چه‌ند جارێك ته‌له‌فۆنی بۆ كردین، به‌ڵام پێی نه‌ده‌وتین له كوێ ده‌مایه‌وه چونكه باوه‌ڕیوابوو كه هێزه ئه‌منییه‌كان شوێنی كه‌وتوون و ئه‌گه‌ر تهلهلهفۆنهكهی چاودێری له‌سه‌ربێت ئه‌وا ده‌چن بۆ ده‌ستگیركردنی."
به وته‌ی شایه‌تحاڵه‌كان و راپۆرته میدیایه‌كان، بوونی هێزه ئه‌منییه‌كان له ساحه‌ی ته‌حریردا له رۆژی 27 ئایاردا به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو زیادیكردبوو به به‌راورد به رۆژانی هه‌ینی پێشووتر له‌و كاته‌وه كه خۆپیشاندانه‌كانی له 25 شوباتدا ده‌ستیانپێكردووه به‌هۆی كه‌می خزمه‌تگوزاری و ئه‌و بڕوایه‌ی كه گه‌نده‌ڵی به‌رفراوان هه‌یه.
رفاندن له كوردستان
ئیسماعیل عه‌بدوڵا، 28، یه‌كێك له رێكخه‌رانی خۆپیشاندانه‌كانی سلێمانی كه رۆژانه ووتاری ده‌خوێنده‌وه، وتی كه كاتژمێر و 12:05 خوله‌كی نیوه‌شه‌وی 27ی ئایار له‌كاتێكدا خه‌ریكی كڕینی كارتی مۆبایل بوو هه‌شت كه‌سی ده‌مامك به‌سه‌ر، كه هه‌ندێكیان جلی سه‌بازییان له‌به‌ر بوو، دهستگیریانكردو خستیانه ناو ئۆتۆمبیلێكی نیسان پاترۆڵهوه. ئیسماعیل به هیومان رایتس وۆچی وت كه دوای ئه‌وه‌ی كه ئۆتۆمبیله‌كه بۆ ماوه‌ی نیو كاتژمێر رۆشت، هێرشبه‌ره‌كان له ئۆتۆمبیله‌كه رایانكێشایه ده‌ره‌وه‌و بریانه ناو كێڵگه‌یه‌كه‌وه، له وێ سه‌روچاوی (ئیسماعیلیان) داپۆشی و چه‌ند چه‌قۆیه‌كیان له قۆڵی دا و به بۆكس و قۆناغه تفه‌نگ و مشتی ده‌مانچه كه‌وتنه گیانی.
ئیسماعیل وتی كه له‌كاتی لێدانیدا كاتێ كه یه‌كێك له په‌لامارده‌ره‌كان پێشنیازی ئه‌وه‌یكرد كه بیكوژن، ئه‌وانی تر وتیان "پێویستمانی به ئه‌مری سه‌ره‌وه‌یه." یه‌كێك له په‌لامارده‌ره‌كانی دووركه‌وته‌وه بۆ ئه‌نجامدانی په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی و كاتێ گه‌ڕایه‌وه وتی به‌وانی تر "نهمكوژن به‌ڵام شتێكی زۆر خراپ له سه‌روچاوم بكه‌ن." ئینجا هێرشبهركان ئه‌و پهرۆیهیان لابرد كه سه‌روچاوی ئیسماعیلی پێداپۆشرابوو و یه‌كێك له په‌لامارده‌ره‌كان ،"به قۆناغه تفه‌نگ كه‌وته لێدانم هه‌تا لوتم شكا."
ئیسماعیل وتی كه كاتژمێر نزیكی 2ی شه‌و هێرشبهركان له ناوچه‌یه‌كی ده‌ره‌وه‌ی شار فڕهیاندا. هه‌روه‌ها وتی كه پێش ئه‌ویه بڕۆن، "هه‌ڕه‌شه‌یان لێكردم كه هه‌رگیز به‌شداری هیچ خۆپیشاندانێك نه‌كه‌م و ئه‌بێت مهمنونبم كه ئه‌مجاره نهیانكوشتم."
ئیسماعیل وتی كه رۆژی ده‌وای هێرشه‌كه ده‌عوایه‌كی له‌لای پۆلیس تۆماركردوه‌و به‌رپرسانی حكومی و ئه‌منی به‌ڵێنیان پێداوه كه لێكۆلێنه‌وه ده‌كه‌ن.
رۆژی 29ی ئایار، حاكم قادر حه‌مه‌جان، به‌ڕێوه‌به‌ری هێزه‌كانی ئاسایش له سلێمانی، به هیومان رایتس وۆچی وت، "ئێمه سه‌ركۆنه‌ی هه‌موو جۆره كرده‌وه‌یه‌كی توندوتیژی له‌م جۆره‌ین. لێكۆڵینه‌وه به‌رده‌وامه، ناكرێت هیچ زانیارییه‌ك له‌و باره‌یه‌وه بڵاوبكرێته‌وه، به‌ڵام سه‌رگه‌رمی ئه‌وه‌ین بزانین كێ ئه‌و كاره‌ی كردوه بۆ ئه‌وه‌ی بیده‌ینه ده‌ست دادگا بۆ دادگاییكردنی."
ئیسماعیل وتی كه له ناوه‌ڕاستی مانگی نیسانه‌وه خۆی حه‌شاردابوو دوای ئه‌وه‌ی كه چه‌ندین هه‌ڕه‌شه‌ی له رێی ته‌له‌فۆن و تێكسته‌وه پێگه‌شت به‌هۆی به‌شداریكردنی له خۆپیشاندانه‌كاندا. هه‌روه‌ها وتی كه به‌م دواییانه وورده‌ورده چووه‌ته‌ده‌ره‌وه چونكه باوه‌ڕیوابوو كه ژیانی لهمهترسیدانهبوو پاش ئه‌وه‌ی بیستی كه به‌رپرسان و پارته ئۆپۆزسیۆنه‌كان له گفتوگۆدان ده‌رباره‌ی قه‌یرانه سیاسییه‌كانی كوردستان.
له‌باره‌ی خۆپیشاندانه‌كانه‌وه
ده‌سه‌ڵاتدرانی عێراق چه‌ند هه‌نگاوێكیان هاویشتووه بۆ بنبڕكردنی خۆپیشاندان له‌شوێنه گشتییه‌كانی پایته‌ختدا. رۆژی 13ی نیسان، به‌رپرسان چه‌ند رێنمایهكیان ده‌ركرد كه خۆپیشاندانی له سه‌ر شه‌قامه‌كان قه‌ده‌غه‌كرد و سێ یاریگای تۆپی پێیان بۆ خۆپیشاندان ته‌رخانكرد.
له كۆتایی شوباتدا، هێزه‌كانی پۆلیسی عێراق رێگه‌یان به ده‌یان پهلاماردهردا، كه هێرش بكه‌نه‌سه‌ر خۆپیشانده‌رانی هێمنانه له به‌غداد. له به‌ره‌به‌یانی رۆژی 21ی شوباتدا، ده‌یان كه‌س، هه‌ندێكیان دار‌و چه‌قۆیان پێ‌بوو، هێرشیانكرده‌سه‌ر نزیكه‌ی 50 خۆپیشانده‌ر كه له ساحه‌ی ته‌حریر له به‌غداد خێمه‌یان هه‌ڵدابوو. له خۆپیشاندانه‌كانی 25ی شوباتدا، هێزه ئه‌منییه‌كان له سه‌رانسه‌ری عێراقدا به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه 12 خۆپیشانده‌ریان كوشت و زیاتر له 100ی تریان برینداركرد. نوێنه‌رانی هیومان رایتس ۆچ بینیان كه هێزه ئه‌منییه‌كانی به‌غداد له رۆژنامه‌نووس و خۆپیشانده‌ریان ده‌دا و كامێرایان ده‌شكاند و مێمۆری كارتی كامێرایان ده‌برد.
له‌و كاته‌وه‌ی كه خۆپیشاندان له 17ی شوبات له سلێمانی ده‌ستیپێكرد، و دواتر به شێوه‌یه‌كی رۆژانه به‌رده‌وامبوو، كه تێدا خۆپیشانده‌ران داوای كۆتاییهێنان به گه‌نده‌ڵی و مافی مه‌ده‌نی و سیاسی زیاتریان كرد، هێزه ئه‌منییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و پارته دهسهڵاتدرهكان رێوشوێنی سه‌ركوتكه‌رانه‌یان دژی رۆژنامه‌نووسان و خۆپیشانده‌ران به‌كارهێناوه
رۆژی 6ی ئازار، ژماره‌یه‌ك په‌لامارده‌ری دهماكدار هێرشیانكرده‌سه‌ر خۆپیشانده‌ران و ئاگریان به‌ردایه خێمه‌كانیان له سلێمانی. رۆژی 18ی نیسان هێزه ئه‌منییه‌كان به زه‌بری هێز كۆنترۆڵی به‌رده‌ركی سه‌را، كه رۆژانه خۆپیشاندانی تێدا ئه‌نجامده‌درا، كرد‌و له‌وكاته‌وه رێگه‌یان له ئه‌نجامدانی خۆپیشاندان گرتووه.
رۆژی 27ی نیسان، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راپۆرتێكی 19 لاپه‌ڕه‌یی لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر ئه‌و توندوتیژییانه بڵاوكرده‌وه كه له‌ماوه‌ی 60 رۆژی خۆپیشاندانه‌كان روویاندابوو، كه تیایدا گهیشتووبویه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه توندوتیژی له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كان و خۆپیشانده‌رانه‌وه ئه‌نجامدرابوو وه پۆلیس و هێزه ئه‌منییه‌كان به‌باشی مه‌شقیان پێنه‌كرابوو بۆ مامه‌ڵه‌كردنی گونجاو له‌گه‌ڵ بارودۆخه‌كه.
ده‌ستوری عێراق مافی "ئازادی كۆبوونه‌وه‌و خۆپیشاندانی هێمنانه" ی مسۆگه‌ركردووه. هه‌روه‌ها وه‌ك ئه‌ندامێك له په‌یماننامه‌ی نێوده‌ڵه‌تی مافه مه‌ده‌نی و سیاسییه‌كان، ده‌وڵه‌تی عێراق ده‌بێت پابه‌ندبێت له دابینكردنی پارێزگاری ژیان وسه‌لامه‌تی هه‌ر هاوڵاتییهت، و مافی ئازادی راده‌ربڕین و پێكهێنانی رێكخراو وكۆبوونه‌وه‌ی هێمنانه.