Skip to main content

کوردستانی عێراق: رێبگرە لە پەلاماردانی خۆپیشاندەران

بە بەرچاوی هێزەکانی ئاسایشەوە هێرشدەکرێتەسەر خۆپیشاندەران

بەیروت: رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ (هیومان رایتس ۆچ) رایدەگەیەنێت کە رۆژی 6ی ئازار بە بەرچاوی هێزەکانی ئاسایشەوە دەیان کەس کە دەموچاویان هەڵپێچرابوو هێرشیانکردەسەر خۆپیشاندەران لە شاری سلێمانی. پەلاماردەران رێگەیان پێدرا کە لە خۆپیشاندەران بدەن و دەستگیریان بکەن و ئاگر لە خێمەکانیشیان بەربدەن. لە هەمان کاتدا کۆمەڵێکی تر چەکدرا هەڵیانکوتایە سەر رادیۆی دەنگ و بە تەواوی تێکیان شکاند.

هیومان رایتس ۆچ رایدەگەینێت کە ئەرکی هێزەکانی ئاسایشە پارێزگاری بۆ ئازادی رادەربڕین و کۆبوونەوەی هێمنانە دابین بکات. 

چەند شایەتحاڵێک و رێکخەرێکی خۆپیشاندانانەکان ووتیان کە سەرلەبەیانی رۆژی 6ی ئازار، دەیان کەس کە سەروچاویان بە جامانە هەڵپێچرابوو وە دارو چەکیان پێبوو بە ئۆتۆمبیلی سەربازی هەڵیانکوتایە سەر کامپی هێمنانەی زیاتر لە 100 خۆپیشاندەر لە مەیدانی ئازادی شاری سلێمانی. هەروەها وتیان کە هێزەکانی ئاسایش، کە لە دەوروبەری مەیدانی ئازادی بوون وەک تەماشاکار وەستابوون کاتێ کە پەلاماردەرەکان، کە هەندێکیان جلو بەرگی رەشیان لەبەربوو، بە دار کەوتنە وێزەی خۆپیشاندەران و خێمەکانیان سوتاندن.

لەم بارەیەوە، سارا لی ویتسون، بەڕێوەبەری بەرنامەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقیا لە هیومان رایتس ۆچ، وتی، "ناکرێت کە هێزەکانی ئاسایشی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەوری تەماشاکار ببین لە کاتێدا کۆمەڵێک چەتە کارە دزێوەکانیان ئەنجامدبدەن. مایەی شەرمەزارییە کە دەیان ساڵ دوای سەرکوتکردن،  ئەمڕۆکورد ئەو مافە و ئازادییەی نییە کە حکومەتی هەرێم بەڵێنیدا دابینیان بکات، لەوانە مافی خۆپیشاندانی هێمنانە." 

چەند شایەتحاڵێک بە هیومان رایتس ۆچ یان ووت کە پەلاماردەرەکانیان بینی چەندین خۆپیشاندەرایان لەگەڵ خۆیان برد. رێکخەرانی خۆپیشاندانەکە دەڵێن کە بەلایەنی کەمەوە 15 خۆپیشاندەر بێسەروشوێنن. ئەمە جگە لەوەی کە پەلاماردەران بڵندگۆو کەلوپەلی تریان لە مەیدانی ئازادی تێکشکاندووە.

یەکێک لە شایەتحاڵەکان کە پارێزەرە بە هیومان رایتس ۆچی وت، "لەگەڵ چەند برادرەێکدا لە خێمەیەکدا خەریکی دەمەتەقێ بووین لە پڕ گوێم لە تەقەی دەمانچە بوو، دوو دەقە دوای ئەوە کۆمەڵێک چەتە بە تێڵا هاتنە سەرمان و هەرچی لە رێیاندابووایە پێیاندا ئەکێشا. چەندکەسێکیان لە دەبەی بچووکدا بەنزیان پێوو، ئەیانکرد بە سەر خێمەکانداو یەکسەر چەند پەلاماردەرێکی تر شقارتەیان دادەگیرساندو خێمەکانیان ئەسوتاند. بە دار لەو خەڵکانەیان ئەدا کە لە خێمەکاندا خەوتبوون."

سێ خۆپیشاندەر بە هیومان رایتس ۆچ یان ووت کە کاتێ هێرشیانکرایەسەر بە جیا چووبوون بۆ لای ئەو هێزەی ئاسایش کە لە نزیکیان جێگرکرابوون و داوایان کردبوو یارمەتیان بدەن دژی پەلاماردەران، بەڵام ئاسایشەکان وتبوویان کە فەرمانی دەستێوەردانیان نییە. دوابەدوای هێرشەکە گرووپی پارێزەرانی سەربەخۆ سەردانی بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتیان کربوو، ئەویش لە وەڵامدا ووتبوی کە هێزەکانی ئەو پەیوەندیان بەو هێرشەوەنییە. هەروەها بەڕێوەبەرەکە وتبووی کە "ئاسایش توانای پاراستنی خۆپیشاندەرانیان نییە ئەگەر شەقامەکان بگرن، وە ئاسایش بەرپرسیارێتی سەلامتیان لەئەستۆناگرێت." 

هەروەها ئازاد عوسمان، بەڕێوەبەری رادیۆی دەنگ، وتی کە لە بەرەبەیانی رۆژی 6ی ئازاردا، نزیکەی 10 چەکدار هەڵیانکوتایەسەر بینای رادیۆکە. ئازاد وتی کە چەکدراەکان، پاسەوانی بیناکەیان بەستوەتەوە و پاشان زۆربەی ئامێرەکانی رادیۆکەیان شکاندووە و کۆمەڵێک ئامێری تریان لەگەڵ خۆیان بردووە. هەروەها وتی کە رادیۆکە، کە لە شاری کەلار پەخشدەکرێت، رووماڵی خۆپیشاندانەکانی ئەمدواییەی کردووە.

لەو کاتەوەی کە خۆپیشاندانەکان دەستیان پێکردووە لە 17ی شوبات، بەلایەنی کەمەوە پێنج کەس بە گوللەی هێزە ئەمنییەکان کوژراون و زیاتر لە 150 خۆپیشاندەریش برینداربوون. هەزاران خۆپیشاندەر بەردەوامن لە دەربڕینی ناڕەزایی سەبارەت بە بوونی ئەوەی کە دەیڵێن گەندەڵی و کۆنترۆڵی سیاسی لەلایەن هەردوو پارتی دەسەڵات، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان.

بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی چەند هەفتەی پێشوودا، هێرشکراوەتەسەر نووسینگەکانی بزووتنەوەی ئۆپۆزسیۆنی گۆڕان و لە هەولێرو دهۆک و سۆران و سوتێنراون. رۆژی 17ی شوبات، ستافی رۆژنامەی هاوڵاتی ئۆفیسەکانیان چۆڵکرد دوای ئەوەی کە لەلایەن چەند چەکدارێکەوە کە لە نزیک لقی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە جێگیرکرابوون هەڕەشەیان لێکرا.

بەپێی ووتەی ستافی تەلەفزیۆنی نالیا، رۆژی 20 شوبات، کۆمەڵێک چەکدار هەڵیانکوتایەسەر نوسینگەی سەرەکی تەلەفزیۆنی نالیا لە سلێمانی و ئامێرەکیانیان دایە بەر دەستڕێژی گوللەو پاسەوانێکیان بریندارکردو پاشان ئاگریان لەتەواوی بیناکەبەردا. تەلەفزیۆنی نالیا دوو رۆژ پێشتر پەخشی دەستپێکردبوو. بەپێی راپۆرتی رێکخراوی رۆژنامەنووسانی بێسنوور، لەماوەی 10 رۆژی پێشوودا، هێزەکانی حکومەت و چەکداری نەناسراو هێرشیانکردوەتەسەر، یان هەڕەشەیان، لە بەلایەنی کەمەوە 40 رۆژنامەنووس کردووە یان لە هەندێ حاڵەتدا دەستگیریانکردوون.

خۆپیشاندان لە دەرەوەی کوردستان:

لە سەرەتای مانگی شوباتەوە دەیان خۆپیشاندان لە ناوچەکانی تری عێراقدا روویانداوە. وە زۆربەی ئەو خۆپیشاندانانە بۆ ناڕەزایی دەربڕین دەربارەی نەبوونی خزمەتگوزاری سەرەتایی و گەندەڵی بوون. لە رۆژی 16ی شوباتەوە هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەت زیاتر لە 17 خۆپیشاندەریان کوشتوەو زیاتر لە 250 خۆپیشاندەریشان بریندارکردووە. لە بەغدادی پایتەخت، سەرکردایەتی ئۆپراسیۆنەکانی بەغداد، خۆیشاندانەکانی 4ی ئازاری و 25ی شوباتی بەرتەسکردەوە لەرێی قەدەغەکردنی هاتووچۆی ئۆتۆمبیلەوە. لە خۆپیشاندانەکانی 4ی ئازاردا، هێزە ئەمنییەکان، زۆربەی گوزەرەکانی دەوروبەری خۆپیشاندەرانیان داخست و نوێنەرانی هیومان رایتس ۆچ بینیان کە هێزە ئەمنییەکان لە خاڵەکانی پشکنیندا رێگرییان لە دەیان خۆپیشاندەر و رۆژنامەنووس کرد بەرەو ناوچەی خۆپیشاندانەکە بڕۆن.

لە خۆپیشاندانەکانی 25ی شوباتدا، هێزە ئەمنییەکان لە سەرانسەری عێراقدا بەلایەنی کەمەوە 12 خۆپیشاندەریان کوشت و زیاتر لە 100ی تریان بریندارکرد. نوێنەرانی هیومان رایتس ۆچ بینیان کە هێزە ئەمنییەکانی بەغداد لە رۆژنامەنووس و خۆپیشاندەریان دەدا و کامێرایان دەشکاند و مێمۆری کارتی کامێرایان دەبرد. بەپێی راپۆرتی رێکخراوی رۆژنامەنووسانی بێسنوور لەو خۆپیشاندانەنەدا هێزەئەمنییەکان زیاتر لە 20 میدیاکاریان دەستگیرکرد.

کچە رۆژنامەنووسێکی عێراقی، کە بەهۆی لێدانەوە رووخساری ئاوسابوو، بە هیومان رایتس ۆچ ی وت کە هێزەکانی پۆلیس بە دار لێیاندابوو کاتێ کە کەوتبوونە وێزەی خۆپیشاندەران بۆ بڵاوەپێکردنیان، "هەموو کەسێک رایئەکرد، منیش لە کۆڵانێک وەستام و وامئەزانی لێم ئەگەڕێن. نزیک بوونەوە لێم و هاواریان ئەکر کە هەموو خۆپیشاندەرەکان "بەعسین" و بەدار لێیاندەدان. من لە تەنیشت دیوارێک بووم و لە شوێنی خۆم نەجوڵام و ناسنامەی رۆژنامەنووسیم بەرزکردەوە. سەربازێک بەدار کێشای بە روخسارو سەرمدا، لەوکاتەدا کۆمەڵێک پیاو هاتن و پارێزگارییان لێکردم. ئەوانیش لێیاندرا."

بەپێی ووتەی رۆژنامەنووسانی دەستگیرکراو و شایەتحاڵی رووداوەکە،  دوابەدوای خۆپیشاندانەکان هێزە ئەمنییەکان بەردەوامبوون لە هەڵکوتانەسەر رۆژنامەنووسان. لە حاڵەتێکدا، هێزە ئەمنییەکان چوار رۆژنامەنووسیان لە چێشتخانەیەکی بەغداد دەستگیرکردو لێیاندان و چاویان بەستنەوەو و لە کاتی لێکۆڵێنەوەدا هەڕەشەی ئەشکەنجەدانیان لێکردن.

هادی مەهدی، رۆژنامەنووسی رادیۆیی، رۆژی 26ی شوبات بە هیومان رایتس ۆچ ی وت، "کاتێ دەستیانکرد بە لێدانمان، پێمانووتن کە ئێمە رۆژنامەنووسین، بەڵام ئەوان وتیان "گوو بخۆن، رۆژنامەنووس هیچ نییە." چەند نیشانەیەکی لێدان لە رووخسارو مل و شان و قاچ  سکی هادی دیاربوو، "لەبەر ئەوەی چاوم بەسترابوو، هیچم نەبینی. شتێکیان لەبەردەمم دانابوو وتیان دەستی لێبدە، داەرێکی گەورە بوو، وتیان پێم کە بەو دارە ئەتکم ئەکەن."

لە کۆتایی شوباتدا، هێزەکانی پۆلیسی عێراق رێگەیان بە دەیان پەلاماردەردا، کە هێرش بکەنەسەر خۆپیشاندەرانی هێمنانە لە بەغداد. لە بەرەبەیانی رۆژی 21ی شوباتدا، دەیان کەس، هەندێکیان دارو چەقۆیان پێبوو، هێرشیانکردەسەر نزیکەی 50 خۆپیشاندەر کە لە ساحەی تەحریر لە بەغداد خێمەیان هەڵدابوو. پەلاماردەران بەچۆو دار نزیکەی 20 خۆپیشاندەریان بریندارکرد. خۆپیشاندەران بەنیازبوون لە ساحەی تەحریر بمێننەوە هەتا رۆژی 25ی شوبات، ئەو رۆژەی کە بڕیاربوو خۆپیشاندانی فراوان لەژێر ناونیشانی "رۆژی تووڕە" هاوشێوەی میسر ئەنجامبدرێت. هێرشەکەی 21ی راستەوخۆ دوای ئەوەی روویدا کە هێزەکانی پۆلیس لە ساحەی تەحریر کشانەوە، وە هەندێ لە شایەتحاڵەکان ووتیان کە پێش ئەنجامدانی هێرشەکە، پەلاماردەران قسەیان لەگەڵ پۆلیسدا کردبوو.

رۆژی 25ی حوزەیرانی 2010، لە کاردانەوەی خۆپیشاندانی هەزاران عێراقی کە ناڕەزاییان سەبارەت بە نەبوونی خزمەتگوزاری حکومی دەربڕی، وەزارەتی ناوخۆ کۆمەڵێک رێنمایی دەرکرد کە بارگرانی لەسەر رێکخستنی خۆپیشاندان دروستدەکات. بەپێی ئەو رێنماییانە رێکخەرانی خۆپیشاندان ئەبێت، "مۆڵەتی نووسراو لە وەزارەتی ناوخۆو پارێزگار" مسۆگەربکەن پێش ئەوەی پۆلیس و لایەنە پەیوەندیدارەکانی تر ئاگاداربکەنەوە. ئەو رێنماییانە هەتا ئێستا کاریان پێدەکرێت.

دەستوری عێراق مافی "ئازادی کۆبوونەوەو خۆپیشاندانی هێمنانە" ی مسۆگەرکردووە. هەروەها وەک ئەندامێک لە پەیماننامەی نێودەڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەکان، دەوڵەتی عێراق دەبێت پابەندبێت لە دابینکردنی پارێزگاری ژیان وسەلامەتی هەر هاوڵاتییەت، و مافی ئازادی رادەربڕین و پێکهێنانی رێکخراو وکۆبوونەوەی هێمنانە. دەبێت دەوڵەت پابەندبێت بە بنەما بنچینەییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەکارهێنانی هێزو چەک، کە دەڵێت هێزی کوشندە تەنها لەحاڵەتێکدا دەکرێت بەکاربهێنرێت کە بەهیچ شێوەیەک نەتوانرێت خۆی لێ لابدرێت و بۆ پاراستنی گیان بێت، وە پێویستە زۆر بە ووریایی و بە گونجاوی بەکاربهێنرێت. هەروەها بنچینەکان داوا لە حکومەت دەکات کە "تەئکید لەوە بکاتەوە کە بەکارهێنانی هێز و چەک بە شێوەیکی هەرەمەکییانەو توندوتیژیانە لەلایەن کارمەندانی جێبەجێکاری یاساوە سزای لەدوایەو وەک تاوانی جینائی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت." 

Your tax deductible gift can help stop human rights violations and save lives around the world.

Region / Country