ماڵێکی وێرانە لە نزیک گوندی آەشقەلە السغیر لە حەمدانیە، تەموزی ٢٠١٩. کامپی حەسەن شام لە باکگراوندی وێنەکەدا.

© 2019 بەڵقیس وویڵی/ هیومان ڕایتس ۆوچ

(به‌یروت) - هیومان ڕایتس ۆوچ له‌ ڕاپۆرته‌كه‌ی ئه‌مڕۆیدا ووتی، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌ستاوه‌ به‌ ڕێگریكردن له‌ ٤٢٠٠ عه‌ره‌بی سوونه‌ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ ١٢ گووندی ڕۆژهه‌ڵاتی موسڵ له‌ هه‌رێمی كوردستانی عێراق. لە پاش تێپه‌ڕینی زیاتر له‌ سێ ساڵ به‌سه‌ر گرتنه‌وه‌ی قه‌زای حه‌مدانیه‌ له‌ ده‌ست چەکدارانی داعش، به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تا ئێستا ته‌نها ڕێگه‌یان به‌ كورده‌كان و ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ داوە کە په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم هه‌یه‌‌ لە گەڕانەوە بۆ ناوچەکانیان ئه‌مه‌ش بە پێشێلكاری یاسا مرۆییه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانه‌ لەقەڵەم دەدرێ.  

ئه‌و خێزانه‌ عه‌ره‌بانه‌ی ڕێگریان لە گەڕانەوە بۆ ناوچه‌كانیان لێدەکرێ له‌گەڵ دەستپێکردنی شەڕەکان لە ساڵی ٢٠١٤ چوونەتە ناوچه‌كانی ژێركۆنترۆڵی داعش له‌ موسڵ.  به‌پێی ووته‌ی كارمه‌ندانی مرۆیی، نزیكه‌ی ٣٤٠٠ عه‌ره‌بی سونه‌ له‌ كامپی ئاواره‌كاندا نیشتەجێن كه‌ خزمه‌تگوزاریه‌كی ئه‌وتۆیان تێدا نیه‌. ئه‌و خێزانانه‌ ووتیان، ڕێگریان لێكراوه‌ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سەرماڵ و حاڵ و زه‌ویه‌ كشتوكاڵیه‌كانیان بۆیە ناتوانن بژێوی ژیانی ڕۆژانه‌یان پەیدا بكه‌ن. به‌رپرسێكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ نامه‌یه‌كی ئه‌لیكترۆنیدا بۆ هیومان ڕایتس ۆوچ نووسیبوی كه‌ دانیشتوانی ئه‌و ناوچانه‌ ئازادن له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانیان، به‌ڵام ناوی چه‌ند گووندێكی پارێزگای نه‌ینه‌وای بۆ هیومان ڕایتس ۆوچ نارد كه‌ به‌گووته‌ی ئه‌و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆیان قورسه‌، شه‌ش له‌و گوندانه‌ له‌ قه‌زای حه‌مدانیه‌ بوون و ڕێگری لە دانیشتوانەکانیان دەکرێ لە گه‌ڕانه‌وه‌ بۆیان.

له‌ما فه‌قیه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری كاتی هیومان ڕایتس ۆوچ بۆ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ووتی، "حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕێگری له‌ هه‌زاران عه‌ره‌ب  له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ گونده‌كانیان ده‌كات به‌بێ هیچ هۆكارێكی یاسایی. له‌به‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌ كورده‌كان و ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ داوه‌ كه‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ باشه‌، ئه‌وه‌ نیشانی ده‌دا كه‌ عه‌ره‌به‌كان به‌شێوه‌یه‌كی نایاسایی سزاده‌درێن."

له‌ ساڵی ٢٠١٦وه‌ هیومان ڕایتس ۆوچ سێ لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌ ڕێگری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌م گووندنشینانه‌ بۆ قه‌زای حه‌مدانیه‌ كردوه‌، دواترینیان له‌ مانگی حوزه‌یرانی ٢٠١٩ بوو كاتێك چاوپێكه‌وتنمان له‌گه‌ڵ ١١ عه‌ره‌بی خه‌ڵكی گوونده‌كانی حه‌سه‌ن شام و مه‌نقوبه‌و شیركان و تل ئه‌سوات کرد کە له‌ناو كامپی حه‌سه‌ن شامدا دەژیان.  

دكتۆر دیندار زێباری ڕێكخه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ داكۆكی نێوده‌وڵه‌تی له‌ ١٠ی ئاب و له‌ وه‌ڵامی نامه‌یه‌كی هیومان ڕایتس ۆوچ نووسیبوی له‌و ١٥ گونده‌ی كه‌ هیومان ڕایتس ۆوچ لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر كردبون ئاماری ژماره‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی ئه‌وه‌ نیشان ده‌ده‌ن كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر كه‌م یان هیچ كه‌س لە دانیشتوانەکەی نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ شه‌ش گوندیان و ژماره‌یه‌كی زۆر كه‌میشیان گەڕاونەتەوە بۆ دوو لە گوندەکان. لە چوار گوندیان نیوه‌ی ژماره‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌. ته‌نها سێ گوندیان نزیكه‌ی هه‌موو ژماره‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌. ئه‌و كه‌سانه‌ی ڕێگریان لێكراوه‌ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانیان وتیان كه‌ زۆرینه‌ی دانیشتوانی ئه‌و سێ گوونده‌ یان كوردن یان دانیشتوانه‌ عه‌ره‌به‌كه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كی به‌هێزیان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم هه‌یه‌.

زانیاریه‌كانی زێباری هاوتا بوون له‌گه‌ڵ شیکاری دیمه‌نی  مانگه‌ ده‌ستكرده‌كان کە له‌نێوان ساڵی ٢٠١٦ بۆ ٢٠١٩  ئاسه‌واری وێرانکاری یان پێویستی بنیاتنانه‌وه‌ له‌و ناوچانه‌ نیشان ده‌ده‌ن.

گووندنشینه‌ عه‌ره‌به‌ سوونه‌كان و كارمه‌ندانی مرۆیی ئه‌و بانگه‌شانه‌یان به‌درۆخسته‌وه‌ كه‌ گوایه‌ به‌رپرسان ئامادەن لێكۆڵینه‌وه‌ له‌كه‌یسی ڕێگریکردن له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی دانیشتوانی گوندەکان بكه‌ن. له‌پاش ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی دژه‌ داعش له‌ تشرینی یه‌كه‌می ٢٠١٦ موسڵیان كۆنترۆڵكرده‌وه‌و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سیستمێكی ئیداریی ئه‌منی و مه‌ده‌نی له‌ ناوچه‌كه‌ دروستكرد، لەو کاتەدا دانیشتوانی قه‌زای حه‌مدانیه‌ وویستیان بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر ماڵ و حاڵیان. به‌ڵام، هێزه‌ عێراقیه‌كان ئاراسته‌ی خه‌ڵكه‌كه‌یان گۆڕی بەرەو كامپی حه‌سه‌ن شام كه‌ نزیكه‌ له‌و ناوچه‌یه‌وه‌.  پاش یه‌ك مانگ له‌ مانه‌وه‌ له‌ كامپه‌كه‌دا، ئاسایشی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌بێ هیچ ڕونكردنه‌وه‌یه‌ك خه‌ڵكه‌كه‌ ئاگادار دەکاتەوە كه‌ ڕێگه‌یان پێنادرێ بگەڕێنەوە بۆ سه‌ر ماڵ و حاڵیان. خێزانه‌كان و كارمه‌ندانی مرۆیی ووتیان، له‌ كۆتایی ساڵی ٢٠١٧، ئاسایش دوباره‌ پێیان ڕادەگەیەنن كه‌ ڕێگه‌یان پێنادرێ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانیان، به‌ڵام ده‌توانن كامپه‌كه‌ جێبهێڵن و بچنە ناوچه‌كانی تری موسڵ یان هه‌ولێر ئه‌وه‌ش وادەکات چه‌ند خێزانێك كه‌مپه‌كه‌ جێبهێڵن.

عه‌ره‌بێكی ته‌مه‌ن ٦٩ ساڵی خه‌ڵكی گووندی مه‌نقوبه‌ ووتی، "ئه‌و خێزانانه‌ی وه‌ك ئێمه‌ن بوونه‌ته‌ قوربانی پێشێلكاریه‌كان له‌به‌ره‌وه‌ی كاتێك داعش هات چووینه‌ موسڵ له‌بری هه‌ڵهاتن به‌ره‌و ناوچه‌كانی كورد. ئێستا سزامان ده‌ده‌ن له‌به‌ره‌وه‌ی نه‌چوینه‌ ناوچه‌ی كه‌ڵه‌كی ژێر كۆنترۆڵی كورد."

به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و كارمه‌ندانی مرۆیی و هیومان ڕایتس ۆوچ هۆكاریان دەبینی له‌ ڕێگریكردنی هاووڵاتیان له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ قه‌زاكه‌ وه‌ك نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری و بوونی ته‌قه‌مه‌نی و مین و وێرانكاری و ناكۆكی كۆمه‌ڵایه‌تی و كێشه‌ی خاوه‌ندارێتی زه‌وی و ماڵ و موڵك له‌گه‌ڵ ئه‌گه‌ری په‌لاماردانی ئه‌و گووندنشینانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندیان به‌ داعش كردبوو له‌ ڕابردوودا، ئەمە جگەلەو نیگه‌رانیه‌ ئه‌منیانه‌ی له‌ دوای ریفراندۆمه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان بۆ سه‌ربه‌خۆیی لە ناوچەکە سه‌ریان هه‌ڵدابوو كه‌ ناوچه‌كه‌ ده‌كاته‌ هێڵی پشه‌وه‌ی شه‌ر ئه‌گه‌ر له‌ داهاتوودا شه‌ڕ له‌نێوان كوردو هێزه‌ عێراقیه‌كان دروست بێ.

به‌پێی یاسا مرۆییه‌ نێو ده‌وڵه‌تیه‌كان ده‌ركردنی زۆره‌ملێی هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی له‌ ناوچه‌كانیان قه‌ده‌غه‌یه‌ ته‌نها له‌ حاڵه‌تێكدا نه‌بێ بۆ سه‌لامه‌تی هاوڵاتیان خۆیان بێت یان هۆكاری سه‌ربازی لەپشتەوە بێت ئه‌وه‌ش دەبێت ته‌نها بۆ ماوه‌یه‌كی کاتی بێت. ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانی شه‌ڕو ناكۆكی له‌ داهاتوودا بنه‌مای یاسایی نیه بۆ ڕێگریکردنی خەڵک لە چوونەوە سەر ماڵ و حاڵیان‌. به‌پێی په‌یمانامه‌ی ڕۆمای دادگای تاوانه‌كانی نێوده‌وڵه‌تی، ده‌ربه‌ده‌ركردنی نایاسایی هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی له‌سه‌ر ماڵ و حاڵیان به‌ تاوانی جه‌نگ له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێ. زیاد له‌وه‌ش، ده‌بێت خه‌ڵك بە ئەنجامدانی ئه‌و تاوانانه‌ سزا بدرێن كه‌ به‌رپرسن لێی له‌دوای دادگایكردنێكی عادیلانه‌. سه‌پاندنی سزای به‌ كۆمه‌ڵ به‌سه‌ر خێزانه‌كان و گوونده‌كان و كۆمه‌ڵگه‌كان پێشێلكاریه‌ له‌ یاسا مرۆییه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و به‌ تاوانی جه‌نگ له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێت.

هیومان ڕایتس ۆوچ ووتی، سه‌پاندنی فه‌رمان به‌سه‌ر خه‌ڵكدا له‌به‌ر هۆكاری ئه‌منی پێویسته‌ به‌پێی یاسا بێت و به‌پێی قه‌باره‌ی مه‌ترسیه‌كه‌ بێت و ئامانجێكی شه‌رعی هه‌بێت. جگە له‌وه‌ش، هیومان ڕایتس ۆوچ بۆی ده‌ركه‌وت كه‌ كامپی ئاواره‌كان ده‌كه‌ونه‌ ناوچه‌كانی به‌ناو هێڵی پێشه‌وه‌و هه‌روه‌ها حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕێگه‌ی داوه‌ به‌ هه‌ندێك لە گوندنشین له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ چه‌ند گوندێكی دیاریكراو. سه‌باره‌ت به‌ بوونی مین له‌ ناوچه‌كه‌، ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان بۆ هەڵگرتنەوەی مین له‌ دوای ساڵی ٢٠١٦وه‌ بەچڕی هه‌ڵمه‌تی پاككردنه‌وه‌ی مینیان له‌ ناوچه‌كه‌ ئه‌نجامداوه‌و ئه‌گه‌ر مین هه‌ڕه‌شه‌ بێت بۆ سەر ناوچه‌كه‌ ئه‌وا نەدەبوو هیچ گووندنشینێك ڕێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی پێبدرایە.

شیكاری دیمه‌نی مانگه‌ ده‌ستكرده‌كان نیشانی ده‌ده‌ن كه‌ له‌ ساڵی ٢٠١٦وه‌ پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌ستاون به‌ دروستکردنی چه‌ندین بنكه‌ی سه‌ربازی له‌ چوار له‌ گونده‌كاندا و هیچ کام له‌م چوار گونده‌ ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ دانیشتوانه‌كه‌ی نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌. هیومان ڕایتس ۆوچ ووتی، ده‌بێت حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستبه‌جێ هه‌موو ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ هه‌ڵگرێ كه‌ بونه‌ته‌ ڕێگر له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی هاووڵاتیان بۆ ئه‌و شوێنانه‌ی هیچ پێویستیه‌كی سه‌ربازی تێدا نیەو ده‌بێت لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و به‌رپرسانه‌ی حكومه‌ت بكرێ كه‌ ڕێگریان  له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی یاسایی هاوڵاتیان كردوه‌.

فه‌قیه‌ ووتی، "نابێت به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕێگری له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی خێزانه‌كان بۆ گونده‌كانیان بكه‌ن له‌به‌ره‌وه‌ی ده‌یانه‌وێ سزای هەموو كۆمه‌ڵگاكه‌ بده‌ن. ئه‌م گووندنشینانه‌ مافی گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ سه‌ر ماڵ و موڵكیان هه‌یه‌."

هه‌ڵهاتن و كاریگه‌ری ئاواره‌بوون

له‌ پاش گرتنی شاری موسڵ له‌ ساڵی ٢٠١٤، داعش ده‌ستی به‌سه‌ر حه‌سه‌ن شام و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری گرت كه‌ له‌ دوای ساڵی ٢٠٠٣وه‌ له‌ژێر كۆنترۆڵی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا بوون. دانیشتوانی گونده‌كه‌ ووتیان، هه‌ركه‌ شه‌ڕ له‌ نێوان پێشمه‌رگه‌و داعش ده‌ستی پێكرد ده‌ستبه‌جێ گونده‌كه‌یان جێهێشتووە. ئه‌وان ووتیان زۆربه‌ی خێزانه‌ عه‌ره‌به‌كان به‌ره‌و موسڵ هه‌ڵهاتن له‌به‌ره‌وی داعش پێی گوتون موسڵ سه‌لامه‌تتره‌. به‌ڵام، هه‌موو خێزانه‌ كورده‌كان به‌ره‌و هه‌ولێر هه‌ڵهاتن له‌ كه‌ڵه‌ك و ناوچه‌كانی تری ژێر كۆنترۆڵی حكومه‌تی هه‌رێم نیشته‌جێ بوون.

پیاوێكی ته‌مه‌ن ٥٠ ساڵی خه‌ڵكی گوندی شیركان ووتی، خێزانه‌ كورده‌كان به‌ره‌و ناوچه‌كانی ژێر كۆنترۆڵی حكومه‌تی هه‌رێم هه‌ڵهاتن له‌كاتێكدا زۆرینه‌ی خێزانه‌ عه‌ره‌به‌كان به‌ره‌و موسڵ ڕۆیشتن. پیاوه‌كه‌ ووتی، ''له‌ ساڵی ٢٠١٧دا له‌ پاسه‌وانی كه‌مپه‌كه‌م بیست كه‌ پشمه‌رگه‌ ڕێگه‌ی به‌ ٢٠ خێزانی كوردی گونده‌كه‌م داوە له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆسه‌ر ماڵ و حاڵیان. هیومان ڕایتس ۆوچ گه‌ڕانه‌وه‌ی كورده‌ گوندنشینه‌كانی بۆ شیركان پشت ڕاستكرده‌وه‌ له‌كاتی سه‌ردانێكی بۆ ناوچه‌كه‌ له‌ مانگی ته‌مووز. ئه‌و ووتی كه‌ به‌رپرسانی كامپه‌كه‌ پێیان وتوه‌ كه‌ ڕێگه‌ی پێنادرێ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ناوچەکەی به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ هۆكارێكی ڕوونی لەوبارەیەوە بدەنێ.

پیاوێكی ته‌مه‌ن ٦٣ ساڵی خه‌ڵكی ئیحسار ووتی، ته‌نها ئه‌و دراوسێ عه‌ره‌بانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ هه‌بووه‌ ڕێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌یان پێدراوه‌ بۆ گوونده‌كه‌ی. به‌پێی ئاماری ژماره‌ی دانیشتوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ته‌نها ٨ كه‌س له‌ ٦٠ كه‌س له‌ دانیشتوانەکەی ئیحسار گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.

به‌پێی ووته‌ی به‌رپرسانی كامپه‌كه‌، سێ كامپی ئاواره‌ له‌ ناوچه‌ی حه‌سه‌ن شام و خازر نزیكه‌ی ٣٤٠٠ ئاواره‌ی ١١ گووندی ئه‌و ده‌وروبه‌ره‌یان تێدایه‌. كارمه‌ندانی مرۆیی ووتیان، نزیكه‌ی ٨٠٠ كه‌سی تر كه‌ له‌ نێویاندا هه‌ندێكیان خەڵکی گوندی دوازده‌هه‌من له‌ده‌ره‌وه‌ی كه‌مپه‌كه‌ له‌ ناوچه‌یه‌كی تر ده‌ژین. هه‌ندێك له‌ گونده‌كان له‌ مێژه‌ عه‌ره‌بیان تێدا بوه‌و هه‌ندێكی تریان تێكه‌ڵ بوون له‌ كوردو عه‌ره‌ب. كامپه‌كان له‌لایه‌ن ڕێكخراوێكی ناحكومی په‌یواندیدار به‌‌ پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ڕێوه‌ ده‌چێ و ئاسایش ئه‌منیه‌تی كامپه‌كان ده‌پارێزن. به‌ڕێوه‌به‌رایەتی هه‌رسێ كامپه‌كه‌ ووتیان، له‌ دوو ساڵی ڕابردوودا كه‌می بووجه‌ وایکردوە ڕێكخراوه‌ مرۆییه‌كان هاوكاریه‌كانیان بۆ دانیشتوانی كامپه‌كان ڕابگرن یان كه‌م بكه‌نه‌وه‌.

زۆرینه‌ی ئه‌و خێزانانه‌ی چاوپێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵ كرا ووتیان، به‌رله‌دەربەدەربونیان کاری كشتوكاڵی سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی بژێوی ژیانیان بووه‌. هه‌مویان ووتیان، له‌ پاش ساڵی ٢٠١٤وه‌ نه‌یانتوانیوه‌ کاری كشتوكاڵی سەرەڕایی ئەوەی حكومه‌تی هه‌رێم ناوچه‌كانی گرتۆته‌وه‌و شه‌ڕ وه‌ستاوه‌. زۆرینەی خێزانه‌كان ووتیان، له‌وكاته‌وه‌ی هاتوونه‌ته‌ ناو كامپه‌كان‌ نه‌یانتوانیوه‌ هیچ كارێك بدۆزنه‌وه‌.

كوڕێكی ته‌مه‌ن ٣٦ ساڵ كه‌ پشتر له‌ كامپێکدا بووه‌ له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌یی چووه‌ته‌ موسڵ و له‌ بینایه‌كی ڕوخاودا له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی ده‌ژی و كاری شۆفێری ته‌كسیه‌. پێشتر له‌ گونده‌كه‌ی خۆی ڕۆژی ١٦ دۆلاری په‌یدا ده‌كرد به‌ڵام ئێستا ڕۆژی له‌ ٨ دۆلار زیاتر په‌یدا ناكات. كچه‌ ته‌مه‌ن ١٤ ساڵه‌كه‌ی ناتوانێ بگه‌ڕێته‌وه‌ قوتابخانه‌ له‌به‌ره‌وه‌ی ناتوانێ كتێب و جانتاو جل وبه‌رگی بۆ بكرێت.

كرێكارێكی ته‌مه‌ن ٤٥ ساڵی خه‌ڵكی حه‌سه‌ن شام كه‌ ڕێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی پێنه‌دراوه‌ ووتی، له‌ خێمه‌ی كامپه‌كه‌یه‌وه‌ خانوه‌ وێرانه‌كه‌ی ده‌بینێ. ئه‌و ووتی، ''ده‌مه‌وێ بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ گونده‌كه‌م له‌به‌ره‌وه‌ی له‌م كه‌مپه‌دا هیچ داهاتویه‌كمان نیه‌. دەبێت بۆماوه‌ی چه‌ند لێره‌ بین؟ ئیش نیه‌، خوێندن خراپه‌، ته‌ندروستی نیه‌، هیوامان نیه‌”.

چاودێرانی ته‌ندروستی كه‌ چارەسەری ده‌روونی و سایكۆلۆجی بۆ دانیشتوانی كامپه‌كه‌ دابین ده‌كه‌ن ووتیان، خراپی باری ده‌روونی و بێتاقه‌تی له‌ناو خێزانه‌كاندا زیادی کردوە بەهۆی ڕێگری لێکردنیان له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ماڵ و حاڵیان، ئه‌و ووتانه‌ پشتڕاست کەرەوەی دەرەنجامەکانی ڕاپۆرتێك بوون كه‌ به‌م دواییانه‌ له‌سه‌ر خێزانه‌ ئاواره‌كانی ناو عێراقدا بڵاوکرابویەوە.

داكۆكیكردن له‌ مافی گه‌ڕانه‌وه‌ی گوندنشینه‌كان

ژماره‌یه‌ك له‌ كارمه‌ندانی مرۆیی ناو كامپه‌كان به‌ هیومان ڕایتس ۆوچیان ووت،  به‌رپرسانی پله ‌باڵای ڕێكخراوه‌ مرۆییه‌كان له‌ ساڵی ٢٠١٨وه‌ داوا له‌ به‌رپرسانی باڵای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و قایمقامه‌كان و پارێزگاری نه‌ینه‌واو به‌رپرسانی پێشمه‌رگه‌و ئه‌ندامانی په‌رله‌مان له‌ به‌غداد ده‌كه‌ن لە ڕێگه‌دان به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و ٤٢٠٠ كه‌سه‌ بۆ گوندەکانیان.  به‌ ووته‌ی دوو كارمه‌ندی مرۆیی كه‌ خۆیان له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئاماده‌بوون، له‌ حوزه‌یرانی ٢٠١٨، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌وكاته‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نێچیر‌ڤان بارزانی پشتگیری له‌ داوای ڕێكخراوه‌ مرۆییه‌كان كردوە سه‌باره‌ت به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌موو خێزانه‌ عه‌ره‌به‌كان بۆ سه‌ر ماڵ و حاڵیان و فه‌رمانی به‌ وه‌زیری ناوخۆ كردوە به‌دواداچوون له‌و باره‌یه‌وه‌ بكات.  سه‌نته‌ری هاوبه‌شی هاریكاری و قه‌یران كه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ناوخۆیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ له‌ دوای ساڵی ٢٠١٤ دامه‌زرا بۆ ڕێكخستنی هه‌موو ئەو بابه‌تانه‌ی په‌یوه‌ندیان بە چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كانه‌وه‌  له‌ كوردستان هه‌یه ‌له‌ مانگی ئه‌یلولی ٢٠١٨ هاوبه‌شه‌كانی له‌ ڕێكخراوه‌ مرۆییه‌كان ئاگادار دەکاتەوە كه‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆیی حكومه‌تی هه‌رێم و به‌رپرسانی به‌غدا ڕێكه‌وتون له‌سه‌ر گەڕانەوەی خێزانه‌كان بۆ گونده‌كانیان. كارمه‌ندانی مرۆیی ووتیان، به‌ڵام له‌ مانگی تشرینی یه‌كه‌م، به‌رپرسێكی باڵای پێشمه‌رگه‌ به‌ به‌رپرسانی باڵای ڕێكخراوه‌ مرۆییه‌كان ده‌ڵێ، ته‌نها له‌كاتێكدا ڕێگه‌ به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی خێزانه‌كان ده‌درێ ئه‌گه‌ر ڕێكه‌وتنی سیاسی له‌ نێوان به‌غداد و هه‌رێمی كوردستان بکرێت بۆ دڵنیابوون له‌وه‌ی هیچ شه‌ڕو ئاژاوه‌یه‌ك له‌ ناوچه‌كه‌دا دروست نابێت.

ئه‌و خێزانانه‌ی داوای مۆڵه‌تیان له‌ به‌رپرسانی به‌غداو حكومه‌تی هه‌رێم كردوه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ ووتیان، به‌رپرسان پێیان وتون كه‌ بڕیاره‌كه‌ له‌ ده‌ستی ئه‌واندانیه‌ به‌ڵكو له‌ ده‌ستی پێشمه‌رگه‌دایه‌.

مین و تەقەمەنی لە ناوچەکە

به‌پێی ووته‌ی چه‌ند كارمه‌ندێكی مرۆیی، له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی مانگی ته‌موزی ٢٠١٨دا له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ڕێكخراوه‌ مرۆییه‌كان، به‌رپرسێكی باڵای پێشمه‌رگه‌ نیگه‌رانی ئه‌وه‌ ده‌رده‌بڕێ كه‌ گونده‌كانی قه‌زای حه‌مدانیه‌ پڕن له‌ مین و ته‌قه‌مه‌نی. هەروەها له‌ نامه‌ ئه‌لیكترۆنیه‌كه‌ی زێباریدا بۆ هیومان ڕایتس ۆوچ ئاماژه‌ به‌ بوونی مین و ته‌قه‌مه‌نی له‌ ناوچه‌كه‌دا كراوە. به‌ڵام ده‌رناكه‌وێ ئه‌م نیگه‌رانیانه‌ هۆكاربن له‌ پشت ئه‌وه‌ی كه‌ به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌رێم ڕێگه‌ به‌ خێزانه‌كان نه‌ده‌ن له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ گوونده‌كانیان.

سێ ڕێكخراوی هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی مین نه‌خشه‌ی چالاكیه‌كانی پاككردنه‌وه‌ی ناوچه‌كه‌یان له‌ مین دایه‌ هیومان ڕایتس ۆوچ كه‌ ئه‌وه‌یان نیشان ده‌دا لە دوای ساڵی ٢٠١٦وە ناوه‌و ده‌ره‌وه‌ی گوونده‌كان به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو له‌ مین و ته‌قه‌مه‌نی پاككرابوونه‌وه‌. هه‌روه‌ها هیومان ڕایتس ۆوچ تێبینی ئه‌وه‌ی كرد كه‌ چه‌ندین شوان مه‌ڕوماڵاته‌كانیان له‌ ناوچه‌كه‌دا ده‌له‌وه‌ڕاند به‌و گوندانه‌شه‌وه‌ كه‌ چۆڵكرابون، ئەمە جگەلەوەی هێزەکانی پێشمەرگە به‌ ئۆتۆمبێل به‌ناو گوونده‌كاندا هاتوچۆیان ده‌كرد. به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕێگه‌یان به‌ هه‌ندێك گوندنشین داوه‌ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ چه‌ند گووندێكی دیاریكراو بۆیه‌ ڕوون نیه‌ بۆچی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ هه‌ندێك سه‌لامه‌ته‌، به‌ڵام بۆ هه‌ندێكی تر نا.

ئه‌گه‌ر مه‌ترسی هه‌بوونی مین و پاشماوه‌ی ته‌قه‌مه‌نی مه‌ترسیان له‌سه‌ر ئه‌و گووندانه‌ دروستكردوه‌ كه‌ ڕێگه‌ به‌ دانیشتوانه‌كه‌یان نادرێ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌، ده‌بێت به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌رێم فه‌رمان بە ڕێكخراوه‌كانی هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی مین بکەن لە دابینکردنی وانەی‌ هۆشیاركردنه‌وه‌ی زیاتر بۆ خێزانی ناو كامپه‌كان له‌ مه‌ترسیه‌كانی مین و ته‌قه‌مه‌نی.  هه‌روه‌ها ده‌بێت دڵنیایی بده‌ن له‌وه‌ی كه‌ كارمه‌ندانی هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی مین ئه‌وله‌ویه‌ت ده‌ده‌ن به‌ پاككردنه‌وه‌ی شوێنه‌ گرنگه‌كانی وه‌ك ڕێگا سه‌ره‌كیه‌كان و شوێنه‌ گشتیه‌كان و نیشانه‌كردنی ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ مینیان تێدایه،‌ له‌گه‌ڵ فه‌رمان كردن به‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كان له‌ یاوه‌ریكردنی دانیشتوانی كامپه‌كان له‌ سه‌ردانكردنی شوێنه‌كانیان و هاوكاریكردنیان له‌ خۆبه‌دورگرتن له‌ مین و تەقەمەنی.