(هه‌ولێر، عێراق): عه‌لی ته‌مه‌ن ١٤ ساڵ كه‌ له‌سه‌ر كورسیه‌كی ئاسن دانیشتبوو كه‌ به‌ ئاسته‌م قاچه‌ باریكه‌كانی ده‌گه‌یشته‌ سه‌ر زه‌وی‌ قۆڵی فانیله‌كه‌یی هه‌ڵدایه‌وه‌و گووتی، برینه‌ بچووكه‌كه‌ی نزیك ئانیشكی له‌ئه‌نجامی لێدانی ته‌زووی كاره‌باوه‌ بووه‌و برینه‌ بازنه‌ییه‌ ڕه‌شه‌كه‌ی سه‌ر مه‌چه‌كی شوێنی سووتانی جگه‌ره‌یه‌. ئه‌و ووتی، ئه‌شكه‌نجه‌ده‌رانی ئه‌فسه‌ری ئاسایش بوون كه‌ هێزی ئه‌منی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌.

عه‌لی له‌ كوردستانی عێراق زیندانی ده‌كرێ، پاش ئه‌وه‌ی، به ووته‌ی ئاسایش، دانی به‌وه‌ناوه‌ كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ (ده‌وڵه‌تی ئیسلامی)ه‌وه‌ كردووه‌.

''له‌سه‌ره‌تاوه‌ ئیعترافم نه‌كرد،'' عه‌لی ووتی، ''هه‌تا دوا ده‌وره‌ی لێدانم. پاشان یه‌كسه‌ر ئیعترافم كرد.''

عه‌لی نكۆڵی كرد له‌وه‌ی به‌هیچ شێوه‌یه‌ك په‌یوه‌ندی به‌ ده‌وڵه‌تی ئیسلامیه‌وه‌ كردبێ. جه‌ختیكرد له‌وه‌ی ئه‌شكه‌نجه‌دان‌ ناچاری كردوه‌ ئیعتراف بكات: [پێیان گووتم، ''ده‌بێت ئیعتراف بكه‌ی.''

عه‌لی یه‌كێكه‌ له‌و ١٨٠ كوڕه‌ عێراقیه‌ی كه‌ زۆرێكیان عه‌ره‌بی سوونه‌ن و له‌ناوچه‌كانی ‌ژێر كۆنترۆڵی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ژیاون و ئێستا له‌لایه‌ن ئاسایشه‌وه‌ له‌ دوو زیندانی مێردمنداڵانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ندكراون. له‌ مانگی كانوونی یه‌كه‌م، به‌نده‌و توێژه‌رێكی هاوكارم له‌ هیومان ڕایتس ۆوچ  له‌ سه‌نته‌ری چاكسازی هه‌ولێری پایته‌ختی كوردستانی عێراق كه‌ زۆرێك له‌م منداڵانه‌ی تێدایه‌ چاوپێكه‌وتنمان له‌گه‌ڵ ١٩ له‌م كوڕانه‌ كرد كه‌ هه‌ندێكیان ته‌مه‌نیان ١١ ساڵ ‌بوو.

كاتێك چووینه‌ ناوبه‌ندیخانه‌كه‌ پێشبینی ئه‌وه‌مان ده‌كرد  ده‌رباره‌ی ژیان و گوزه‌ران له‌ژێر چنگی دڕنده‌ترین گرووپی چه‌كدار قسه‌یان له‌گه‌ڵ بكه‌ین، به‌ڵام هه‌ربه‌زووی بۆمان ده‌ركه‌وت كه‌ ئه‌م منداڵانه‌ دووجار بوونه‌ته‌ قوربانی یه‌كه‌م جار قوربانی ده‌ستی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی كه‌ ووتیان گرووپه‌كه‌ به‌ به‌رده‌وامی هه‌وڵیداوه‌ بیانكاته‌ چه‌كدار له‌ ڕیزه‌كانی، پاشان قوربانی ئه‌ندامانی ئاسایش.

جگه‌ له‌ دوانیان، هه‌موو ئه‌و كوڕه‌ مێردمنداڵانه‌ی قسه‌مان له‌گه‌ڵ كردن پێیان ڕاگه‌یاندین كه‌ به‌رله‌وه‌ی بهێنرێنه‌‌ سه‌نته‌ری چاكسازی هه‌ولێر، ئه‌فسه‌رانی ئاسایش ئه‌شكه‌نجه‌یانداون یان لێیانداون تا ناچاریان بكه‌ن به‌ ئیعتراف كردن. زۆرێكیان ووتیان، له‌ دوای ده‌ستگیركردنیانه‌وه‌ بۆ ماوه‌ی چه‌ندین مانگ‌ یان چه‌ندین هه‌فته‌‌‌ نه‌یانتوانیوه‌ قسه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی خێزانه‌كانیان بكه‌ن یان بیانبینن، ئه‌گه‌ر هه‌ر ڕێگه‌یان پێدرابێت.  ئه‌مه‌ش له‌به‌ره‌وه‌یه‌ هه‌ندێك جار ئاسایش ڕێگه‌یان پێناده‌ن یان منداڵه‌كان نازانن چۆن په‌یوه‌ندی به‌ خێزانه‌كانیانه‌وه‌ بكه‌ن.  هه‌روه‌ها ده‌رده‌كه‌وێ هیچ كام له‌ منداڵه‌كان له‌كاتی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵیان له‌لایه‌ن ئاسایشه‌وه‌ پارێزه‌ریان نه‌بووه‌. ئه‌وه‌نده‌شی ئێمه‌ و منداڵه‌كان بزانین، هیچ كامیان به‌ فه‌رمی تاوانبار نه‌كراون.

هه‌مووهه‌فته‌یه‌ك ژماره‌یه‌كی زیاتر له‌ كوڕی تۆمه‌تباركراو به‌ تێوه‌گلان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ده‌گاته‌ سه‌نته‌ره‌كه‌.  ڕه‌نگه‌ هه‌ندێكیان هه‌ستابن به‌ ئه‌نجامدانی تاوان له‌گه‌ڵ گرووپه‌ جیهادیه‌كه،‌ یان بووبنه‌ هۆی دروستكردنی هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌منی جدی. به‌ڵام له‌ زۆر حاڵه‌تی تردا، ڕه‌نگه‌ هیچ بنه‌ماو به‌ڵگه‌یه‌ك نه‌بێت له‌پشت ده‌ستگیركردنیانه‌وه‌.

له‌كاتێكدا ناتوانین قسه‌ له‌سه‌ر تاوانباری و بێتاوانی ئه‌م كوڕانه‌ بكه‌ین، گوومانمان نیه‌ له‌وه‌ی كه‌ تووشی تاسانی ده‌روونی تووند بوون. دوو له‌ كوڕه‌كان ووتیان، وویستویانه‌ خۆیان بكوژن و توێژه‌رانی كۆمه‌ڵایه‌تی سه‌نته‌ره‌كه‌ پێیان ووتین، ژماره‌یه‌كی زیاتریان هه‌مان بیركردنه‌وه‌یان هه‌بووه‌.

كاتێك داوای كۆمێنتی لێكرا له‌م باره‌یه‌وه‌، دكتۆر دیندار زێباری نوێنه‌ری سه‌ره‌كی ده‌ستنیشانكراوی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ كاروباری ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان نكۆڵی له‌وه‌ كرد هیچ منداڵێك ئازار درابێ یان مامه‌ڵه‌ی خراپی له‌گه‌ڵ كرابێ. ئه‌و ووتی، ''حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك قوربانی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كات نه‌ك تاوانبار.''

زێباری بۆی نووسین، ''حكومه‌ت پاپه‌نده به‌ به‌دواداچوون كردن له‌و تۆمه‌تانه‌،'' به‌ڵام ووتیشی، ''هیچ داواكارییه‌ك له‌دژی پرۆسه‌ی ده‌ستگیركردن و ئه‌نجامدانی مامه‌ڵه‌ی خراپ له‌كاتی ده‌ستگیركردندا له‌دژی هاووڵاتیانی مه‌ده‌نی له‌لایه‌ن ئاسایشه‌وه‌ پێشكه‌ش نه‌كراوه‌.''  به‌ڵام، له‌به‌ره‌وه‌ی زۆرێك له‌ كوڕه‌كان، ئه‌گه‌ر نا هه‌موویان، ته‌نانه‌ت دوای بردنیان بۆ سه‌نته‌ری چاكسازی پارێزه‌ریان نیه، چۆن بتوانن داوای یاسایی پێشكه‌ش بكه‌ن؟

به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌ڵامی ژماره‌یه‌ك له‌ پرسیاره‌كانیان نه‌داینه‌وه‌، وه‌ك ئاشكراكردنی ژماره‌ی گومانلێكراوی تری منداڵ كه‌ له‌ شوێنه‌كانی تری وه‌ك بنكه‌كانی ئاسایش جگه‌له‌ سه‌نته‌ری چاكسازی به‌ندكراون.

ئه‌م سه‌دو هه‌شتا كوڕه‌ كه‌ له‌ مانگی ته‌مووزه‌وه‌‌و له‌ ناوچه‌ی ئه‌تۆنۆمی هه‌رێمی كوردستانی عێراق ده‌ستگیركراون له‌ ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی ئیسلامیه‌وه‌ هه‌ڵهاتون به‌ شاری موسڵیشه‌وه‌ كه‌ له‌ ئێستادا هێزه‌ عێراقیه‌كان هه‌ڵمه‌تێكی درێژخایه‌نیان ده‌ستپێكردووه‌ بۆ ده‌ركردنی ئه‌و گرووپه‌ توندڕه‌وه‌. زۆرێكیان له‌ناو ئه‌و كامپانه‌ ده‌ستگیركراون كه‌ شوێنی نیشته‌جێبوونی ئه‌و هاووڵاتیانه‌یه‌ له‌ ترسی شه‌ڕ ماڵ و حاڵیان جێهێشتوه‌و هه‌ندێكی تریان له‌كاتی هه‌ڵهاتن له‌ ناوچه‌كانی نزیك له‌ هێڵه‌كانی پێشه‌وه‌ی شه‌ڕ ده‌ستگیركراون. له‌ ناو سه‌نته‌ره‌ داخراوه‌كه‌داو به‌ جیاو دوور له‌ چاوی ستافی به‌ندیخانه‌كه، چاوپێكه‌وتنمان له‌گه‌ڵ ئه‌و ١٩ كوڕه‌ كرد. ناوه‌كانیان ده‌گۆڕین و هه‌ندێك له‌ وورده‌كاری قسه‌كانیان ده‌سڕینه‌وه‌ له‌ پێناو پارێزگاریكردنیان له‌ هه‌ر تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یه‌ك.

كوڕه‌كان ووتیان زۆرێك له‌ ئه‌شكه‌نجه‌دانه‌كان له‌ ئاسایشی هه‌ولێر كه‌ ناسراوه‌ به‌ ئاسایشی گشتی له‌كاتی لێكۆڵینه‌وه‌كان له‌گه‌ڵیان ئه‌نجامدراون. به‌رله‌ گواستنه‌وه‌یان بۆ سه‌نته‌ری چاكسازی ژماره‌یه‌كیان بۆماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێك یان هه‌فته‌یه‌ك له‌وێ‌ به‌ندبوون. هه‌ندێكیان ووتیان كه‌ له‌ بنكه‌كانی ئاسایشی كەركوك و مه‌خموورو شوێنه‌كانی تری ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش ئه‌شكه‌نجه‌دراون.

كوڕه‌كان ووتیان، ئه‌فسه‌رانی ئاساسیش چاویان به‌ستوون و به‌سۆنده‌ لێیانداون، هه‌ندێك جار به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام و بۆماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێك. هه‌ندێك ووتیان كه‌ ئه‌فسه‌رانی ئاسایش له‌ دواوه‌و زۆر به‌ تووندی ده‌ستیان كه‌له‌پچه‌ كردوون یان به‌ سه‌قفی ژوره‌وه‌ هه‌ڵیانواسیون. نۆ له‌ كوڕه‌كان ووتیان، ئه‌فسه‌رانی ئاسایش له‌كاتی ئه‌شكه‌نجه‌دانیاندا ته‌زووی كاره‌یان لێداون، له‌ دوو كه‌یسدا له‌پاش خوساندنیان بە ئاو ته‌زووی كاره‌بایان لێداون. زۆرێكیان ووتیان، ته‌زووی كاره‌بایان لێداون به‌ به‌ستنی وایه‌ر به‌ په‌نجه‌كانیانه‌وه‌. كوڕێك ووتی، وایه‌ره‌كان به‌سترابوون به‌ ئامێرێكی كاره‌باییه‌وه‌و وایلێكردم هه‌ست بكه‌م ''چاوه‌كانم دێنه‌ ده‌ره‌وه‌.''

عومه‌ری ته‌مه‌ن ١٥ ساڵ ووتی، له‌ ئازاردا بێهۆش كه‌وتم. ''چاوم به‌سترابوو، عه‌لاگه‌یه‌كیان كرده‌ سه‌رم،'' ووتی، ''زله‌یان لێده‌دام، به‌ سۆنده‌و كلكی گسك له‌ ده‌ست و پشت و سنگیان ده‌دام. دووباره‌و دووباره‌ لێیانده‌دام. ئیعترافم نه‌كرد هه‌تا ئه‌و كاته‌ی ته‌زووی كاره‌بایان لێدام. كه‌وتمه‌ سه‌ر زه‌وییه‌كه‌و بێهۆش بووم. كاتێك خه‌به‌رم بوویه‌وه‌ پێم گووتن، چیتان ده‌وێ پێتان ده‌ڵێم.''

یاسری ته‌مه‌ن ١٤ ساڵ ووتی، له‌دوای ئه‌وه‌ی لێكۆڵه‌رێكی ئاسایش خاولی خستۆته‌ سه‌ر ده‌موچاوی و چه‌ند جارێك به‌ سۆنده‌ لێیداوه‌ ئیعترافی كردوه‌، دواتر پانتۆڵه‌كه‌یی هێناوه‌ته‌ خواره‌وه‌و پێی گووتوه‌، ''سوارت ده‌بم ئه‌گه‌ر نه‌ڵێی داعشی.''

ئه‌مه‌ یه‌كه‌م جار نیه‌ ئاسایش و هێزه‌كانی تری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تۆمه‌تبارده‌كرێن به‌ ئه‌شكه‌نجه‌دانی گۆمانلێكراوانی تیرۆر له‌پێناو ناچار كردنیان به‌ ئیعتراف كردن. هیومان ڕایتس ۆوچ له‌ ساڵی ٢٠٠٧  ڕاپۆرتێكی دۆكیومێنتاری له‌سه‌رئەم كرداره‌ كرد. هه‌رچه‌نده‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ چه‌ند ساڵی ڕابردوودا هه‌نگاوی ناوه‌  بۆ پارێزگاریكردنی زیندانیان، به‌ڵام ڕێكخراوی ئه‌منستی ئینته‌رناشناڵ دووباره‌و له‌ مانگی تشرینی یه‌كه‌م هه‌مان بابه‌تی وروژاند.

هه‌رچه‌ند زۆرێك له‌ كوڕه‌كان نكۆڵییان له‌ بوونی په‌یوه‌ندی به‌ ده‌وڵه‌تی ئیسلامیه‌وه‌ كرد، حه‌وتیان دانیان وه‌نا كه‌ په‌یوه‌ندیان به‌ گرووپه‌كه‌وه‌ هه‌بووه‌، یان به‌ فه‌رمی په‌یوه‌ندیان پێوه‌كردوه وه‌ك پاسه‌وان له‌ بازگه‌كان یان چێشتلێنه‌ر كاریان كردووه‌. هیچ كام له‌ منداڵه‌كان نه‌یانووت شانبه‌شانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی شه‌ڕیان كردووه‌. هه‌ندێكیان ووتیان به‌ خۆبه‌خش په‌یوه‌ندیان به‌ گرووپه‌كه‌وه‌ كردوه‌ یان بۆ په‌یداكردنی بژێوی و پاره‌ بۆ خێزانه‌كانیان. ئه‌وانی تر ووتیان، ده‌وڵه‌تی ئیسلامی هه‌ڵیخه‌ڵه‌تاندون یان هه‌ڕه‌شه‌ی لێكردون له‌ په‌یوه‌ندیكردن یان به‌شداریكردن له‌ خوێندنی قورئان و مه‌شقی چه‌ك. به‌ڵام، ئه‌م ئیعترافانه‌ بۆ لێكۆڵه‌ران به‌س نه‌بوون و ووتیان‌ ئه‌شكه‌نجه‌دراون ‌تا زیاده‌ڕه‌وی له‌ چیرۆكه‌كانیان بكه‌ن و بڵێن چه‌كدار بوون. هیچ كام له‌ كوڕه‌كان دڵنیا نه‌بوون له‌ ناوه‌ڕۆكی نووسراوی دانپێنانه‌كه‌ كه‌ ناچاركرابون به‌ په‌نجه‌مۆركردنی. لێكۆڵه‌رانی ئاسایش كۆپی نووسراوه‌كه‌یان پێ نه‌داون یان به‌ كوردی بوون كه‌ ته‌نها یه‌ك له‌و كوڕانه‌ی چاوپێكه‌وتنمان له‌گه‌ڵ كرد ده‌یتوانی كوردی بخوێنێته‌وه‌.

پێشێلكاریه‌كان هه‌رله‌وێدا نه‌وه‌ستاوه‌. زۆرێك له‌ كوڕه‌كان ووتیان له‌لایه‌ن پیاوێكه‌وه‌ له‌ ئاسایشی گشتی هه‌ولێر لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ كراوه‌ كه‌ به‌هزری ئه‌وان دادوه‌ر بووه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ هه‌میشه‌ دوای چه‌ند ڕۆژێك بووه‌ له‌ ده‌ستگیركردنیان، نه‌ك له‌ماوه‌ی ٢٤ كاتژمێری یه‌كه‌می ده‌ستگیركردنیان وه‌ك له‌ یاسای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا پێویستكراوه‌. هیچ كام له‌ كوڕه‌كان كه‌ چاوپێكه‌وتنمان له‌گه‌ڵ كردن له‌و بڕوایه‌دا نه‌بوون به‌فه‌رمی تۆمه‌تباركرابن به‌ ئه‌نجامدانی هیچ تاوانێك. دوو داكۆكیكار له‌ مافه‌كانی منداڵ كه‌ له‌ هه‌ولێر ده‌ژین و زانیاریان له‌سه‌ر ئه‌م كه‌یسانه‌ هه‌یه‌ هه‌مان شتیان ووت، به‌ڵام خوازیاربون ناویان ئاشكرا نه‌كرێت. یاسای سزادانی عێراقی به‌تایبه‌ت ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات كه‌ پێویسته‌ گومانلێكراو له‌ماوه‌ی شه‌ش مانگدا تاوانبار بكرێت، له‌ غیابی درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌كه‌ له‌لایه‌ن دادوه‌ره‌وه‌.

زۆرێك له‌ كوڕه‌كان ووتیان، ته‌نانه‌ت دوای گوێزانه‌وه‌شیان بۆ سه‌نته‌ری چاكسازی ده‌بوو بۆماوه‌ی چه‌ندین هه‌فته‌ یان چه‌ندین مانگ چاوه‌ڕوانی بكه‌ن بۆ سه‌ردانكردن یان ئه‌نجامدانی په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی به‌ ئه‌ندامانی خێزانه‌كانیان، چه‌ند منداڵێكیان هێشتا له‌ چاوه‌ڕوانیدان.  ووتیان، له‌ هه‌ندێك حاڵه‌تدا به‌رپرسانی ئاسایش به‌ بیانووی نیگه‌رانی ئه‌منی ڕێگریان لێكردون له‌ بینین یان ئه‌نجامدانی په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی به‌  کەسە خۆشه‌ویستەکانیانه‌وه‌، ته‌نانه‌ت پاش ئه‌وه‌ی ژماره‌ ته‌له‌فۆنه‌كانیشیان پێداون.

''هه‌موو ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێ دوو خوله‌ك ته‌له‌فۆن كردنه‌ له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌م و پێیان بڵێم ''من لە ژیاندا ماوم،''  ئه‌مه‌ ووته‌ی عه‌ماری ته‌مه‌ن ١٦ ساڵ بوو كاتێك پارچه‌یه‌ك كاغه‌زی چرچی خسته‌ ناوده‌ستمانه‌وه‌ كه‌ ژماره‌ ته‌له‌فۆنی باوك و دایك و مامی له‌سه‌ر بوو. عه‌ممار ووتی، كوڕێكی تری گوونده‌كه‌ی كه‌ دواتر هێنراوه‌ته‌ سه‌نته‌ره‌كه‌ سه‌ری سوڕماوه‌ كاتێك بینیوویه‌تی و پێی ووتووه‌ ''خێزانه‌كه‌ت وایانزانیوە کە تۆ مردووی.''

یانزه‌ له‌ كوڕه‌كان كه‌ چاوپێكه‌وتنمان له‌گه‌ڵ كردن ووتیان، له‌ دوای ده‌ستگیركردنیانه‌وه‌ نه‌یانتوانیوه‌‌ خزم و كه‌س و كاریان ببینن و قسه‌یان له‌گه‌ڵ بكه‌ن، له‌ هه‌ندێك حاڵه‌تدا بۆماوه‌ی چه‌ند مانگێك. ته‌نها پێنج له‌ كوڕه‌كان ووتیان كه‌ ئه‌ندامانی خێزانه‌كانیان توانیویانه‌ سه‌ردانیان بكه‌ن، كوڕی شه‌شه‌م چاوه‌ڕوانی سه‌ردان بوو له‌ هه‌فته‌ی داهاتوودا. ته‌نها چوار له‌ كوڕه‌كان كه‌ دوانیان سه‌ردانیشیان هه‌بووه‌ ووتیان، توانیویانه‌ ته‌له‌فۆن بۆ دایك و باوكیان بكه‌ن. ووتیان ئاسایش چاودێری په‌یوه‌ندیه‌ ته‌له‌فۆنه‌كانیان ده‌كاو له‌هه‌ندێك حاڵه‌تدا له‌ دوای دوو تا سێ خوله‌ك په‌یوه‌ندیه‌كانیان ده‌پچڕێنن.

له‌لایه‌كی تره‌وه‌، له‌گه‌ڵ چه‌ند ئه‌ندامێكی خێزانی كوڕه‌ ده‌ستگیركراوه‌كان قسه‌مان كرد. چه‌ند كه‌سێكیان زۆر نیگه‌ران و تامه‌زرۆ بوون و هیچ زانیاریه‌كیان له‌سه‌ر شوێنی منداڵه‌كانیان نه‌بوو. دایكێك به‌ گریان و تاسه‌وه‌ ده‌یووت، مه‌حموود له‌ كوێیه‌؟ ده‌توانم قسه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌م؟ نه‌خۆشه‌؟ پیاوێك كه‌ مامی یه‌كێك له‌ ده‌ستگیركراوه‌كان بوو ووتی، برازاكه‌ی ئه‌ندامی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی بووه‌و ته‌له‌فۆنه‌كه‌ی داخست.

ئوم عه‌لی كه‌ دایكی عه‌لی ته‌مه‌ن ١٦ ساڵه‌ ووتی، پاش چوار مانگ له‌ ده‌ستگیركردنی كوڕه‌كه‌ی له‌ كامپی ئاواره‌كانی نزیك موسڵ ته‌نها یه‌ك ته‌له‌فۆنی له‌لایه‌ن به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ بۆ كراوه‌. هه‌رچه‌نده‌، خزم و كه‌س و كاری له‌ هه‌ولێر هه‌یه‌و ده‌توانن هاوكاری بكه‌ن له‌ سه‌ردان كردن، مانگێكی تری خایاندوه‌ له‌ وه‌رگرتنی مۆڵه‌ت بۆ بینینی كوڕه‌كه‌ی. ئوم عه‌لی ووتی، له‌ یه‌كه‌م سه‌رداندا، عه‌لی كوڕه‌كه‌ی جاران نه‌بوو كه‌ ئه‌و ده‌یناسی. لاوازو بێ تاقه‌ت و په‌شۆكاو بوو.''

ئوم عه‌لی گاڵته‌ی به‌و قسه‌یه‌ هات كه‌ كوڕه‌كه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ ده‌وڵه‌تی ئیسلامیه‌وه‌ كردبێت. چه‌كدارانی گرووپه‌كه‌ هه‌ڕه‌شه‌یان له‌ باوكی كردوه‌و ناوچاریان كردوه‌ له‌ ماڵ و حاڵی هه‌ڵبێ؛ ماڵه‌كه‌یان تاڵانكراوه‌و ئۆتۆمبێله‌كه‌یان له‌ناوبراوه‌. ته‌قینه‌وه‌ی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌ عێراق له‌ ساڵی ٢٠٠٨ براكه‌ی عه‌لی ده‌كوژێ كه‌ پۆلیسی عێراقی بووه‌.

ئوم عه‌لی ووتی، هه‌ندێك له‌ هاوڕێكانی عه‌لی په‌یوه‌ندیان به‌ ده‌وڵه‌تی ئیسلامیه‌وه‌ كردوه‌و ئه‌ندامانی گرووپه‌كه‌ چه‌ند جارێك هه‌وڵیان له‌گه‌ڵ عه‌لی داوه‌ بۆ په‌یوه‌ندیكردن پێیانه‌وه‌، به‌ڵام كاتێك ده‌هاتنه‌ ماڵه‌كه‌ كوڕه‌كه‌یی ده‌شارده‌وه‌. ووتی، جارێكیان كاتێك دۆزییانه‌وه‌ به‌لكێشی به‌ندیخانه‌یان كردو به‌ شیلاق لێیاندا.

ئو‌م عه‌لی ووتیشی، ''كوڕه‌كه‌م له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ئازاردراو پاشان له‌لایه‌ن ئاسایشه‌وه‌ ئه‌شكه‌نجه‌درا. بۆچی په‌یوه‌ندی به‌ داعشه‌وه‌ ده‌كات؟ بۆچی ئه‌شكه‌نجه‌دراوه‌؟ ئه‌و ته‌نها منداڵێكه‌.''

عه‌لی و دایكی به‌شێك بوون له‌و چه‌ند كوڕو دایك و باوكه‌ی كه‌ گووتیان ئه‌فسه‌رانی ئاسایش له‌سه‌ر بنه‌مای زانیاری هه‌ڵه‌ له‌ خه‌ڵكی ناوچه‌كانیانه‌وه‌ كه‌ ناكۆكیان له‌گه‌ڵیان هه‌بوون ئه‌و منداڵانه‌یان بردووه‌. عه‌لی ووتی، سه‌باره‌ت به‌ خۆی، ئه‌و كه‌سه‌ی زانیاری له‌سه‌رداوه‌ كوڕێكی گه‌نج بووه‌ كه‌ پێشتر شه‌ڕی له‌گه‌ڵ كردوه‌ كاتێك هه‌وڵیداوه‌ كۆتره‌كانی ماڵه‌كه‌ی بدزێ و هه‌روه‌ها ٢١٣ دۆلاریان قه‌رزار بووه‌و نه‌یداوه‌ته‌وه‌.

ئه‌گه‌ر ئه‌م چیرۆكه‌ی عه‌لی ڕاست بێت، ئه‌وا باجی ناكۆكیه‌کەی ده‌ستگیركردنی بووه‌ له‌لایه‌ن ئاسایش له‌ كامپه‌كه‌و چاوبه‌ستنی و لێدانی به‌ سۆنده‌ له‌ ئاسایشی گشتی و چه‌ند جارێك ئه‌شكه‌نجه‌دانی بۆماوه‌ی سێ ڕۆژ له‌ ئاسایشی گشتی له‌ هه‌ولێر.

عه‌لی ته‌نها كوڕێك بوو كه‌ چاوپێكه‌وتنمان له‌گه‌ڵ كرد ووتی‌ زاتی ئەوەی كردووه‌ ‌کە به‌ دادوه‌ر یان لانی كه‌م ئه‌و پیاوه‌ی كه‌ بۆماوه‌یه‌كی كورت له‌ ئاسایشی گشتی لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ كردوه‌ و به‌هزری ئه‌و دادوه‌ر بووه‌ بڵێ ئه‌شكه‌نجه‌دراوه‌. ''پرسیاری لێكردم چۆن مامه‌ڵه‌م له‌گه‌ڵ كراوه‌،'' عه‌لی ووتی، ''پێم گووت كه‌ بێتاوانم و ئیعترافم كردوه‌ له‌به‌ره‌وه‌ی لێیانداوم.''

وه‌ڵامی پیاوه‌كه‌، ووتی، ئه‌مه‌ بوو: ''تازه‌ ئیعترافت كردووه‌.''

تێبینیمان كرد له‌ هه‌ر ژوورێكدا ١٥ تا ٢٢ منداڵی تۆمه‌تباركراو به‌ بوونی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ئاخێنرابوون و ژوورێكیان په‌نجه‌ره‌ی تێدا نه‌بوو، زیاد له‌ شه‌ش ئه‌وه‌نده‌ له‌ توانای خۆی پڕكرابوو. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، عه‌لی و كوڕه‌كانی تر ووتیان به‌ به‌راوورد به‌ شوێنه‌كانی تر لێره‌ ئاسووده‌ترو سه‌لامه‌ت ترن. عه‌لی ووتی، به‌ڵام، هه‌ركاتێك ئه‌فسه‌رانی ئاسایش دێن و ئه‌و یان منداڵه‌ به‌ندكراوه‌كانی تر ده‌به‌ن بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ئاسایشی گشتی هه‌ولێر، كوڕه‌كان تووشی شڵه‌ژان و تۆقین ده‌بن. ''كاتێك ده‌مانخه‌نه‌ ناو ئۆتۆمبێله‌كانیان گاڵته‌مان پێده‌كه‌ن و زله‌مان لێده‌ده‌ن و ئیهانه‌ به‌ باوكمان ده‌كه‌ن،'' ئه‌و ووتی.

ده‌بێت به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆتایی بهێنن به‌ به‌ندكردنی ئه‌وانه‌ی به‌ فه‌رمی تاوانیان نه‌دراوه‌ته‌ پاڵ. هه‌روه‌ها ده‌بێت هه‌موو هه‌وڵێكیان بخه‌نه‌گه‌ڕ له‌ پێناو چاكسازیكردنی ئه‌و منداڵانه‌ی له‌گه‌ڵ گرووپه‌ چه‌كداره‌كان بوون، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌شی به‌ فه‌رمی تۆمه‌تی ئه‌نجامدانی تاوانیان دراوه‌ته‌ پاڵ. ئه‌مه هاوتایه‌ له‌گه‌ڵ ستاندارده‌ یاساییه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان بۆ مێردمنداڵان كه به‌رله‌ زیندانیکردنیان ئه‌وله‌ویات به‌ به‌دیلی تر ده‌دات، وه‌ك چاكسازی كردنیان و گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ ناو كۆمه‌ڵگا. توێژینه‌وه‌كان له‌سه‌ر عه‌داله‌تی مێردمنداڵان نیشانیده‌دا عاده‌ته‌ن ئه‌و منداڵانه‌ی چوونه‌ته‌ به‌ندیخانه‌ ئاستی خوێنده‌واریان كه‌مه‌و ئیشی باش نادۆزنه‌وه‌وه‌و ڕێژه‌ی خۆكوشتن و ژماره‌ی ده‌ستگیركردن له‌نێویاندا زیاتره‌ به‌ به‌راورد به‌و منداڵانه‌ی ده‌خرێنه ژێر‌  پرۆگرامی به‌دیل و ناو كۆمه‌ڵگا.

ئه‌م منداڵه‌ گومانلێكراوانه‌ له‌ هه‌رشوێنێك بن، ده‌بێت حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دڵنیایی بدات له‌ هه‌بوونی پارێزه‌ر بۆیان و ڕێگه‌دان به‌سه‌ردانیكردنیان له‌لایه‌ن خۆشه‌ویستانیانه‌وه‌.

له‌هه‌مانكاتدا، ده‌بێت به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕوونبن له‌سه‌رئه‌وه‌ی كه‌ ڕێگه‌ به‌ ئه‌نجامدانی مامه‌ڵه‌ی خراپ له‌گه‌ڵ گومانلێكراوان ناده‌ن، به‌و منداڵانه‌شه‌وه‌ كه‌ گومانده‌كرێ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ئیسلامی بوون. ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه،‌ ده‌بێت ده‌ستبه‌جێ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ تۆمه‌ته‌كانی ئه‌شكه‌نجه‌دان و مامه‌ڵه‌ی نامرۆییانه‌ بكرێ و سزای پێویستی ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی ئاسایش یان هێزه‌كانی تر بدرێت ئه‌گه‌ر ده‌ركه‌وت تاوانبارن به‌وكارانه‌. وە مانای ئه‌وه‌شه‌، کە‌ ده‌بێت ڕێگری لە بەکارهێنانی ئەو دانپێدانانانەی کە له‌ ڕێگه‌ی ئه‌شكه‌نجه‌وه بەدەستهێنراون‌.

هه‌روه‌ها ئه‌مه‌ كێشه‌یه‌كه‌ كه‌ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له‌دژی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ناتوانێ پشتگوێی بخات. فه‌رامۆشكردنی مامه‌ڵه‌ی خراپ له‌گه‌ڵ گومانلێكراوان ووێنەیەکی ناڕوون و ناشرین دەداتە وویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاو ووڵاتانی ئه‌وروپاو ئه‌ندامانی تری هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌ كه‌ به‌ هێرشی ئاسمانی و پشتگیری تری سه‌ربازی هاوكاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی ناوه‌ندی به‌غدا ده‌كه‌ن. بۆیه‌، ده‌بێت هاوپه‌یمانان ڕوونبن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ڕێگه‌ به‌ ئه‌نجامدانی مامه‌ڵه‌ی خراپ ناده‌ن بە به‌رپرسانی به‌غداش كه‌ ئه‌وانیش ژماره‌یه‌كی نه‌زانراو له‌ منداڵیان به‌ گوومانی هه‌بوونی په‌یوه‌ندی به‌ ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ده‌ستگیركردووه‌.

ڕه‌نگه‌ هه‌ندێك پێداگیری لەسەر ئەوە بکەن كه‌ ئه‌مه‌ داوایه‌كی ڕه‌وا نیه‌ له‌ کاتێکدا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌یی ناردوه‌ته‌ به‌ره‌كانی شه‌ڕ له‌ دژی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی و هەروەها  ده‌رگای کردۆتەوە به‌ڕووی نزیكه‌ی ٢ میلۆن ئاواره‌ی جه‌نگی عێراق و دراوسێكانی. به‌ڵام، ئه‌نجامدانی مامه‌ڵه‌ی خراپ له‌گه‌ڵ ئه‌م مێردمنداڵانه‌ شه‌ری دژ به‌ داعش ئاسته‌م ترده‌كاو ڕه‌نگه‌ كاردانه‌وه‌ی نه‌خوازراوی هه‌بێ و بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی عه‌ره‌بی سوونه‌ زیاتر ڕووبكه‌نه‌ نێو ڕیزه‌كانی گرووپه‌ توندڕه‌وه‌كه‌.

پارێزگاریكردنی منداڵان، كه‌ حاڵی حازر زۆرێكیان بوونه‌ته‌ قوربانی ده‌ستی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی، ته‌نها وه‌ڵامێكی دروستی ئه‌خلاقی و یاسایی نیه،‌ به‌ڵكو وه‌ڵامێكی زیره‌كانه‌شە.