(هه‌ولێر): هیومان ڕایتس ۆوچ له‌ڕاپۆرته‌که‌ی ئه‌مڕۆیدا ووتی، له‌دوای ده‌ستپێکردنی ئۆپراسیۆنی موسڵ هێزه‌کانی حکومه‌تی عێراق و حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان هه‌ستاون به‌ده‌ستگیرکردنی ٣٧ پیاوی ناوچه‌کانی ده‌وروبه‌ری موسڵ و حه‌ویجه‌به‌گومانی هه‌بوونی په‌یوه‌ندی به‌گروپی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ناوسراو به‌(داعش).

هیومان ڕایتس ۆوچ له‌گه‌ڵ ٤٦ که‌س له‌خزم و که‌س و کارو شایەتحاڵ قسه‌ی کرد که‌باسیان له‌وه‌کرد چۆن هێزه‌ئه‌منیه‌کان‌له‌خاڵه‌کانی پشکنین و گونده‌کان و سه‌نته‌ره‌کانی پشکنین و کامپی ئاواره‌کان ئه‌و پیاوانه‌یان ده‌ستگیرکردووه. زۆرێکیان ووتیان،‌نازانن ئه‌و پیاوانه‌له‌کوێ به‌ندکراون و ووتیشیان هیچ په‌یوه‌ندیه‌کیان له‌گه‌ڵیان نه‌بووه‌له‌ماوه‌ی به‌ندکردنیان.

Three suspected ISIS members who travelled alongside families escaping areas around Mosul recently retaken from the group are held by KRG’s security forces at a checkpoint east of the city. November 4, 2016. 

© John Beck

لا‌ما فه‌قیه‌، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری هیومان ڕایتس ۆوچ له‌خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ووتی، ''سه‌ره‌ڕایی هه‌موو ئه‌و مه‌ترسیه‌ی ڕوبه‌ڕوی هاووڵاتیانی مه‌ده‌نی هه‌ڵهاتووی ناوچه‌کانی داعش بووه‌ته‌وه‌‌، ئێستا هه‌ندێکیان ده‌ستگیر ده‌کرێن و مەحرومده‌کرێن له‌په‌یوه‌ندیکردن به‌خێزان و که‌س و کاریان‌له‌لایه‌ن به‌رپرسانی عێراقی و حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان. مەحرومکردنی ده‌ستگیرکراوان له‌په‌یوه‌ندیکردن به‌جیهانی ده‌ره‌وه‌و به‌ندکردنیان له‌شوێنی نادیار ڕێخۆشکه‌ر ده‌بێت بۆ پێشێلکاری زیاتری وه‌ک مامه‌ڵه‌ی خراپ و ئه‌شکه‌نجه‌دان.''

پێویستە به‌رپرسانی عێراقی و هه‌رێمی کوردستان هه‌موو هه‌وڵێکی جدی بده‌ن له‌پێناو ئاگادارکردنه‌وه‌ی ئه‌ندامانی خێزانی ده‌ستگیرکراوه‌کان له‌سه‌ر شوێن و چاره‌نووسیان له‌ڕێگه‌ی به‌رپرس و ستافی کامپه‌کان. پێویستە به‌رپرسان ژماره‌ی ده‌ستگیرکراوانی مه‌ده‌نی و چه‌کداری خاڵه‌کانی پشکنین و کامپ و شوێنی سکرینه‌کان بڵاوبکه‌نه‌وه‌و ئاشکرای بکه‌ن له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌کی یاسایی و به‌چ تۆمه‌تێک ده‌ستگیر کراون. پێویستە به‌رپرسانی حکومه‌تی هه‌رێم و حکومه‌تی عێراقی هه‌ستن به‌دابینکردنی پرۆسه‌ی یاسایی و دادوه‌ری بۆ هه‌موو زیندانیه‌کان و ڕێگه‌یان پێبده‌ن له‌هه‌بوونی پارێزه‌رو  پێداویستی ته‌ندروستیان بۆ دابین بکه‌ن و کارئاسانیان بۆ بکه‌ن له‌په‌یوه‌ندیکردن به‌خێزانه‌کانیانه‌وه‌. ‌

له‌١٧ تشرینی یه‌که‌می ٢٠١٦، هێزه‌کانی حکومه‌تی ناوه‌ندی عێراق و هێزه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به‌پشتیوانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی ئۆپراسیۆنی گرتنه‌وه‌ی موسڵیان ڕاگه‌یاند که‌دووه‌م شاری عێراقه‌و له‌حوزه‌یرانی ٢٠١٤ له‌لایه‌ن داعش ده‌ستی به‌سه‌رداگیرا. هه‌روه‌ها ئه‌م هێزانه‌گه‌مارۆی شارۆچکه‌ی حه‌ویجه‌شیان دا به‌مه‌به‌ستی کۆنترۆڵکردنه‌وه‌ی شارۆچکه‌که‌که‌به‌دووری ٥٧ کیلۆمه‌تر ده‌که‌وێته‌ڕۆژئاوای شاری کەرکوک و ١٢٠ کیلۆمه‌تر باشوری ڕۆژهه‌ڵاتی شاری موسڵ که‌داعش ئه‌م شاره‌شی له‌حوزه‌یرانی ٢٠١٤ کۆنترۆڵ کرد. له‌سه‌ره‌تای ده‌ستپێکردنی ئۆپراسیۆنه‌که‌وه‌لانی که‌م له‌٤١،٩٠٠ که‌س ئاواره‌ی باکوری سوریاو هه‌رێمی کوردستانی عێراق و ناوچه‌کانی تری عێراق بوون.

ئه‌و که‌سانه‌ی هیومان ڕایتس ۆوچ چاوپێکه‌وتنی له‌گه‌ڵ کردن به‌تاک و به‌گروپ به‌م دواییانه‌له‌ناوچه‌کانی نزیک موسڵ و حه‌ویجه‌ی ژێر کۆنترۆڵی داعش هه‌ڵهاتوون. چاوپێکه‌وتنه‌کان له‌کامپی جه‌دده‌و زێلیکان ئه‌نجامدراون.  کامپی جه‌دده‌به‌دووری ٦٥ کیلۆمه‌تر ده‌که‌وێته‌باشوری شاری موسڵ و له‌ژێر کۆنترۆڵی هێزه‌ئه‌منیه‌کانی عێراقدایه‌و‌کامپی زێلیکان به‌دووری ٤٣ کیلۆمه‌تر ده‌که‌وێته‌باکوری ڕۆژهه‌ڵاتی موسڵ و له‌ژێر کۆنترۆڵی هێزه‌ئه‌منیه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستاندایه‌.

هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌هه‌ردوو کامپه‌که‌چاوپێکه‌وتنیان له‌گه‌ڵ کرا ووتیان، ئه‌و که‌سانه‌له‌لایه‌ن هێزه‌کانی حکومه‌تی عێراقی و حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ده‌ستگیر کراون و نه‌یانتوانیوه‌په‌یوه‌ندیان پێوه‌بکه‌ن و له‌زۆرێک له‌که‌یسه‌کاندا نازانن له‌کوێ به‌ند کراون. خزمی یەکێک لە دەستگیرکراوەکان ووتی له‌یه‌کێک له‌حاڵه‌ته‌کاندا‌ئه‌ندامی خێزانی ده‌ستگیرکراوه‌که‌له‌و بینایه‌ی پرۆسه‌ی پشکنینی ئاواره‌کانی تێدا ئه‌نجام ده‌درێ ده‌ستگیر کراوه‌، به‌ڵام هه‌موو چاوپێکه‌وتن و په‌یوه‌ندیه‌کیان له‌گه‌ڵ ده‌ستگیرکراوه‌که‌لێقه‌ده‌غه‌کراوه‌و ڕێگه‌ی پێنه‌دراوه‌له‌بوونی پارێزه‌ر،.

له‌٢٧ی تشرینی یه‌که‌م، هیومان ڕایتس ۆوچ ڕاپۆرتێکی کرد له‌سه‌ر پرۆسه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی لێکۆڵینه‌وه‌له‌و پیاو هه‌رزه‌کارانه‌ی له‌ناوچه‌کانی ژێر کۆنترۆڵی داعش هاڵهاتوون و ئێستا له‌سه‌نته‌ری پشکنینی کامپی دێبه‌گه‌ن له‌هه‌رێمی کوردستانی عێراق. هیومان ڕایتس ۆوچ بۆی ده‌رکه‌وت هێزه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان هه‌ستاون به‌ده‌ستبه‌سه‌رکردنی پیاوان و منداڵانی سه‌رو ته‌مه‌ن ١٥ ساڵ بۆ ماوه‌یه‌کی نادیار له‌چه‌ند هه‌فته‌یه‌که‌وه‌بۆ چه‌ند مانگێک، ئه‌مه‌سه‌ره‌ڕایی ئه‌وه‌ی ئه‌م که‌سانه‌له‌‌لێکۆڵینه‌وه‌کان ده‌رچوون له‌بوونی هه‌ر په‌یوه‌ندیه‌ک له‌گه‌ڵ داعش. له‌کاتی ده‌ستبه‌سه‌رکردنیان، ئه‌و که‌سانه‌ووتیان که‌بێبه‌ش کراون له‌هه‌بوونی پارێزه‌رو به‌بێ بوونی هیچ به‌ڵگه‌یه‌ک له‌دژیان له‌ئه‌نجامدانی تاوان و گوومانی تاوان کردن ده‌ستگیرکراون.

له‌سه‌ردانێکدا بۆ کامپی دێبه‌گه‌له‌٢٨ی تشرینی یه‌که‌م، چوار خێزان به‌هیومان ڕایتس ۆوچیان ووت، ‌پاش ئه‌وه‌ی هێزه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان حه‌وت پیاوی ئه‌ندامانی خێزانه‌که‌یان له‌سه‌نته‌ره‌کانی سکرینین و کامپه‌کان و خاڵه‌کانی پشکنین ده‌ستگیر ده‌که‌ن، هیچ کام له‌خێزانه‌کان نه‌یانتوانیوه‌وه‌ڵام له‌هێزه‌ئه‌منیه‌کانی کامپه‌که‌وه‌ربگرن سه‌باره‌ت به‌شوێنی به‌ندکردنی خزم و که‌س و کاریان. ووتیان که‌ئه‌و پیاوانه‌بۆماوه‌ی ١١ ڕۆژ ده‌ستگیرکراون.

ده‌ستگیرکردنی خه‌ڵک له‌لایه‌ن هێزه‌ئه‌منیه‌کان و ئاشکرانه‌کردنی شوێن و چاره‌نووسیان له‌ده‌ره‌وه‌ی یاسا ده‌که‌وێته‌چوارچێوه‌ی بێسه‌روشوێن کردن و ئه‌مه‌ش پێشێلکردنی یاساکانی مافی مرۆڤی نێوده‌وڵه‌تیه‌و ڕه‌نگه‌به‌تاوانی نێوده‌وڵه‌تی له‌قه‌ڵه‌م بدرێت. بێبه‌شکردنی ده‌ستگیرکراوان له‌په‌یوه‌ندیکردن به‌جیهانی ده‌ره‌وه‌و نه‌دانی زانیاری به‌ئه‌ندامانی خێزانیان له‌سه‌ر چاره‌نووس و شوێنیان ده‌کرێت بکه‌وێته‌چوارچێوه‌ی بێسه‌روشوێن کردن.

دکتۆر دیندار زێباری به‌رپرسی کۆمیته‌ی باڵای پێداچونه‌وه‌و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ڕاپۆرته‌نێوده‌وڵه‌تیه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌وباره‌یه‌وه‌ڕونکردنه‌وه‌ی دایه‌هیومان ڕایتس ۆوچ له‌سه‌ر پرۆسه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌و پشکنینی ئاواره‌کان. له‌و ڕونکردنه‌وه‌یه‌دا، زێباری ووتی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان پاپه‌نده‌به‌ئاگادارکردنه‌وه‌ی ئه‌ندامانی خێزانی ده‌ستگیرکراوه‌کان له‌سه‌ر بارودۆخ و چاره‌نوسیان، به‌ڵام ''ووتی به‌هۆی نه‌بوونی سه‌رچاوه‌ی دارایی پێویست و که‌می کارمه‌ند له‌و شوێنانه‌جێبه‌جێکردنی پرۆسه‌که‌قورس و گرانه‌.''

لاما فه‌قیه‌ووتی، پێویستە به‌رپرسانی عێراقی و حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان هه‌نگاو بنێن له‌دڵنیابوون له‌وه‌ی که‌هه‌وڵه‌کانیان بۆ پارێزگاریکردن له‌هاووڵاتیانی مه‌ده‌نی له‌هێرشه‌کانی داعش نه‌بێته‌هۆی پێشلکردنی مافه‌سه‌ره‌تاییه‌کانیان.''

كامپی جه‌دده‌

چوار پیاوی خه‌ڵكی ناحیه‌ی الشورا كه‌ به‌دووری ٤٠ كیلۆمه‌تر ده‌كه‌وێته‌ باشوری ڕاۆژهه‌ڵاتی شاری موسڵ به‌ جیا به‌ هیومان ڕایتس ۆوچیان ووت، له‌ ٢٩ی تشرینی یه‌كه‌م كاتێك پۆلیسی فیدراڵی عێراق ناوچه‌كه‌ی كۆنترۆڵ كرد، دوو پیاویان به‌ تۆمه‌تی هه‌بوونی په‌یوه‌ندی به‌ داعش ده‌ستگیركرد. ئه‌و چوار شایه‌تحاڵه‌ ئێستا له‌ چوار خێمه‌ی ته‌نیشت یه‌ك له‌ كامپی جه‌دده‌ ده‌ژین و له‌ په‌یوه‌ندیدان له‌گه‌ڵ خێزانی ئه‌و دوو پیاوه‌ له‌ ناو كامپه‌كه‌دا. ئه‌و چوار پیاوه‌ ووتیشیان، خزم و كه‌س و كاری پیاوه‌ ده‌ستگیركراوه‌كان نازانن ئه‌و پیاوانه‌ له‌ كوێ به‌ندكراون و ده‌ستگیركراوه‌كان به‌ ته‌له‌فۆن په‌یوه‌ندیان پێوه‌ نه‌كردوون و خزم و كه‌س و كاریان ده‌ترسن پرسیار له‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كان بكه‌ن له‌سه‌ر شوێن و چاره‌نووسیان. هه‌ندێك له‌و كه‌سانه‌ی تر كه‌ چاوپێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵ كرا هه‌مان نیگه‌رانیان ده‌ربڕی.

ئه‌و چوار پیاوه‌ ووتیان، به‌رله‌وه‌ی ڕێگه‌ی چوونه‌ ناو كامپی جه‌دده‌یان پێبدرێت، پۆلیسی فیدراڵی ئه‌وان و باقی تری پیاوان كوڕانی سه‌رو ته‌مه‌ن ١٥ ساڵی گونده‌كه‌ ده‌به‌نه‌ سه‌نته‌ری سكرینین (پشکنین)  له‌ مزگه‌وتێك له‌ شارۆچكه‌ی قه‌یاره‌ كه‌ به‌دووری ٦ كیلۆمه‌تر ده‌كه‌وێته‌ باكوری كه‌مپه‌كه‌ و له‌لایه‌ن هێزی ئه‌منی نه‌ته‌وه‌یی به‌ڕێوه‌ده‌چێ.

له‌وێ، هێزی ئه‌منی نه‌ته‌وه‌یی ده‌یان پشكنين و لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن و ته‌ماشای ناسنامه‌كانیان ده‌كه‌ن و ده‌ست به‌سه‌ر سیم كارته‌كانیاندا ده‌گرن.  ئه‌و كه‌سانه‌ ووتیشیان ئه‌وان ئه‌و كه‌سانه‌ی تر بۆماوه‌ی چه‌ند كاتژمێرێك له‌ ناو سه‌نته‌ره‌كه‌دا مانه‌وه‌ به‌رله‌وه‌ی هێزی ئه‌منی نه‌ته‌وه‌یی ڕێگه‌ به‌ زۆرێكیان بده‌ن بچنه‌ ناو كامپی جه‌دده‌و به‌ ئه‌ندامانی تری خێزانه‌كانیان شادببننه‌وه‌. چوار پیاوه‌كه‌ ووتیان، به‌ڵام چه‌ند پیاوێك بردران بۆ شوێنێكی نادیار.

ووتیان كه‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كان لانی كه‌م له‌ سێ پیاوی گروپه‌كه‌یان له‌ مزگه‌وته‌كه‌وه‌ برد بۆ شوێنێكی نادیار. چوار له‌ خزم و كه‌س و كاری ئه‌و سێ پیاوه‌ له‌ ڕێكه‌وتی ٣١ی تشرینی یه‌كه‌م ووتیان هێشتا هیچ شتێك ده‌رباره‌ی شوێن و چاره‌نووسیان نازانن وهیچ هه‌واڵێكیان ده‌رباره‌یان نه‌بیستووه‌. هه‌روه‌ها ووتیشیان هێشتا هیچ پرسیارێكیان ده‌رباره‌ی شوێنی پیاوه‌كان له‌ به‌رپرسانی ئه‌منی نه‌كردووه‌ له‌به‌ره‌وه‌ی دڵنیان له‌وه‌ی كه‌ به‌رپرسان ده‌ستبه‌جێ ئه‌و كه‌سانه‌ ئازاد ده‌كه‌ن له‌به‌ره‌وه‌ی هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان به‌ داعشه‌وه‌ نه‌بووه‌.

پێنج پۆلیسی كامپی جه‌دده‌ كه‌ خه‌ڵكی حمام عه‌لیل بوون به‌ دووری ٣٠ كیلۆمه‌تر ده‌كه‌وێته‌ باشوری ڕۆژهه‌ڵاتی شاری موسڵ ووتیان،‌ هێزی ئه‌منی نه‌ته‌وه‌یی دوو پۆلیسیان ده‌ستگیركردوه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وان گه‌یشتونه‌ته‌ كامپه‌كه‌ له‌ ٢٩ی تشرینی یه‌كه‌م. نه‌یانزانی ئه‌و دوو پۆلیسه‌ بۆ كۆێ بردراون و دوای ئه‌وه‌ نه‌یانبینیونه‌ته‌وه‌. هه‌موو ئه‌م پیاوانه‌ پێكه‌وه‌ له‌ ناوچه‌كانی ژێر كۆنترۆڵی داعش هاڵهاتوون به‌بێ خێزانه‌كانیان و له‌ چه‌ند خێمه‌یه‌كی ته‌نیشت یه‌كدا ده‌ژین و ووتیان هاوڕێی نزیكی یه‌كن. ووتیان ئه‌گه‌ر ده‌ستگیركراوه‌كان ڕێگه‌ی په‌یوه‌ندیكردنیان به‌ده‌ره‌وه‌ پێدرابێت پێدرابێت‌ ئه‌وا ئه‌وان ده‌یانزانی. ووتیشیان كه‌ هێشتا پرسیاریان له‌ به‌رپرسان نه‌كردووه‌ ده‌رباره‌ی شوێن و چاره‌نووسی ده‌ستگیر كراوه‌كان له‌به‌ره‌وه‌ی له‌و باوه‌ڕه‌دان كاتێك به‌رپرسان بۆیان ده‌رده‌كه‌وێ ئه‌م پیاوانه‌ له‌ دوو ساڵی ڕابردوودا له‌لایه‌ن داعش ده‌ستگیركراون و مامه‌ڵه‌ی خراپیان له‌گه‌ڵ كراوه‌و بێتاوانن ده‌ستبه‌جێ ئازادیان ده‌كه‌ن و ده‌یانگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆناو كامپه‌كه‌.

ڕۆژنامه‌نوسێكی نێوده‌وڵه‌تی كه‌ له‌ ٢٦ی تشرینی یه‌كه‌م و له‌ ده‌وروبه‌ری ٤ی پاشنیوه‌ڕۆ سه‌ردانی كه‌مپه‌كه‌ی كردووه‌ به‌ هیومان ڕایتس ۆوچی ووت هه‌شت پیاوی بینیووه‌ له‌سه‌ر چۆكیان بوون له‌سه‌ر زه‌وی له‌ده‌ره‌وه‌ی خێمه‌یه‌ك كه‌ چه‌ند ئه‌فسه‌رێكی هێزی ئه‌منی نه‌ته‌وه‌یی تێدا بووه‌ له‌گه‌ڵ لاپتۆپی كۆمپیوته‌ر. ئه‌و پیاوانه‌ چاو ده‌ستیان به‌سترابوو له‌ پشتیانه‌وه‌ ئه‌فسه‌رێك به‌ دارێكی ڕه‌شه‌وه‌ وه‌ستابوو به‌ هێواشی له‌سه‌ری ده‌دان و دوو ئه‌فسه‌ری تر له‌سه‌ر دوو كورسی پلاستیكی دانیشتبوون و ته‌ماشای گروپه‌كه‌یان ده‌كرد. ستافی به‌ڕێوه‌بردنی كامپه‌كه‌ به‌ هیومان ڕایتس ۆوچیان ووت،‌ هێزی ئه‌منی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌و پیاوانه‌یان له‌ كامپه‌كه‌ بردووه‌ كه‌ گومانیان لێكراوه‌ به‌ هه‌بوونی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ داعش، به‌ڵام نه‌یانزانی له‌كوێ ده‌ستبه‌سه‌ر كراوون.

كامپی زێلیكان‌

له‌ ٧ی تشرینی دووه‌م، هیومان ڕایتس ۆوچ سه‌ردانی كامپی زێلیكانی كرد كه‌ به‌دووری ٢٩ كیلۆمه‌تر ده‌كه‌وێته‌ باكوری ڕۆژهه‌ڵاتی شاری موسڵ و قسه‌ی له‌گه‌ڵ ١٨ كه‌س كرد، به‌ خێزان و خزم و كه‌س و كاری حه‌وت پیاویشه‌وه‌ كه‌ ده‌ستگیركراون و پێنج پیاو كه‌ ئازاد كراون. ووتیان له‌كاتی پاشه‌كشه‌ی داعش له‌ ١ی تشرینی دووه‌م ئه‌وان و دوو سه‌د خێزانی تر له‌ گوندی ابو جوربا هه‌ڵهاتوون.

پاشان ووتیان هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان خێزانه‌كانیان بردووه‌ بۆ سه‌نته‌ری سكرینینی كامپی زێلیكان و له‌وێ بۆ ماوه‌ی دوو شه‌و ماونه‌ته‌وه‌ به‌رله‌وه‌ی هێزه‌ ئه‌منیه‌كان بیانگوێزنه‌وه‌ بۆ كامپه‌كه‌.

پێنج ده‌ستبه‌سه‌ركراو كه‌ بینیبویان پیاوه‌كان براوون ووتیان، له‌ سه‌نته‌ری پشکنین، هێزه‌كانی ئاسایشی حكومه‌تی هه‌رێم ٢٢ پیاویان له‌ گروپه‌كه‌ بردو پاش دوو شه‌و ١١ كه‌سیان لێ ئازادكردن، به‌ڵام یانزه‌ی تریان به‌ده‌ستبه‌سه‌ر كراوی ده‌مێننه‌وه‌. یه‌ك كاتژمێر به‌رله‌ سه‌ردانی هیومان ڕایتس ۆوچ بۆ كامپه‌كه‌ هێزه‌كانی ئاسایش گوندنشینێكی ناو كامپه‌كه‌ ده‌ستگیر ده‌كه‌ن كه‌ به‌شێك بووه‌ له‌ گروپه‌كه‌، باوكی ووتی. ئه‌و ووتی، نه‌یزانی بۆچی كوڕه‌كه‌ی بردراوه‌و بۆ كوێ بردراوه‌. كاتێك پرسیار له‌ ئه‌فسه‌رێكی ئاسایش ده‌كات، ئه‌فسه‌ره‌كه‌ پێی ده‌ڵێ، ''ئه‌وه‌ ئیشی تۆ نیه''.

كامپی دێبه‌گه

ژنێكی خه‌ڵكی حه‌ویجه‌ كه‌ به‌ پێنج له‌ منداڵه‌كانی له‌ كوڕو كچ ده‌وره‌درابوو به‌ هیومان ڕایتس ۆوچی ووت:

مێرده‌كه‌م له‌ فه‌رمانگه‌ی ئاو ئیشی ده‌كردو چه‌كدارانی داعش جارێك هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنیان لێكرد له‌به‌ره‌وه‌ی وویستبوی واز له‌ كاركردن بهێنێت. كاتێك گه‌یشتینه‌ مه‌خموور، هێزه‌كانی ئاسایش بردیان. نازانم بۆچی. دواتر بیستم له‌ خاڵكانی تری گروپه‌كه‌ كه‌ له‌گه‌ڵیان هه‌ڵهاتین یه‌كێكیان ووتی كه‌ مێرده‌كه‌ی داعش بووه‌، كێ ده‌زانێ بۆچی. نازانم چی بكه‌م. لێره‌ هه‌موو ڕۆژێك  پرسیار له‌ ئاسایش ده‌كه‌م ده‌رباره‌ی شوێنی مێرده‌كه‌م، به‌ڵام ده‌ڵێن هیچ كه‌سێك له‌ ئاسایشی مه‌خموور ناناسن. نه‌خۆشی دڵی هه‌یه‌و ده‌رمانه‌كانیم پێیه‌. نازانم چی بكه‌م.

چه‌ند پیاوێك له‌ سه‌نته‌ری سكرینینی كامپی دێبه‌گه‌ به‌ هیومان ڕایتس ۆوچیان ووت كه‌ تێبینیان كردووه‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی كامپه‌كه‌ ڕۆژی دوو تا سێ پیاویان له‌ سه‌نته‌ری سكرینی كامپه‌كه‌ ده‌برد له‌ نزیكه‌ی ٤٠٠ كه‌س كه‌ ئێستا ده‌ستبه‌سه‌ر كراون.

پیاوێك له‌ ١٥ی تشرینی یه‌كه‌م له‌گه‌ڵ ژنه‌كه‌ی ده‌گاته‌ كامپی دێبه‌گه‌و له‌ سه‌نته‌ری سكرینینه‌كه‌ جیاده‌كرێته‌وه‌وه‌ ڕۆژێك دواتر ده‌برێت بۆ زیندانێك له‌ هه‌ولێر. ووتی له‌ كاتی زیندانیدا نه‌یتوانیوه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ژنه‌كه‌یه‌وه‌ بكات و بێبه‌ش كراوه‌ له‌ بوونی پارێزه‌رو له‌ زیندانێكدا له‌گه‌ڵ ٣٥ تا ٤٠ گومانلێكراوی تری داعش به‌ندكراوه‌. هه‌رگیز لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌كراوه‌و پاش پێنج ڕۆژ ده‌گه‌ڕێندرێته‌وه‌ بۆ ناوچه‌ی سكرینینه‌كه‌و تێنه‌گه‌یشتووه‌ له‌وه‌ی بۆچی ئازادكراوه‌ به‌ڵام هێشتا له‌ ژنه‌كه‌ی جیاكراوه‌ته‌وه‌.

كامپی حه‌سه‌ن شام

له‌ ٧ی تشرینی دووه‌م، هیومان ڕایتس ۆوچ سه‌ردانی كامپی حه‌سه‌ن شامی كرد كه‌ به‌دووری ٣٠ كیلۆمه‌تر ده‌كه‌وێته‌ ڕۆژهه‌ڵاتی موسڵ. توێژه‌ران چاوپێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵ ١١ گوندنشینی شه‌به‌ك كرد كه‌ خه‌ڵكی شارۆچكه‌ی جێلوهان بوون به‌ دووری ٥ كیلۆمه‌تر له‌ باشووری ڕۆژهه‌ڵاتی شاری موسڵ. ئه‌و كه‌سانه‌ ووتیان له‌ ٣ی تشرینی دووه‌م له‌كاتێكدا داعش له‌ ناوچه‌كه‌ كشایه‌وه‌ ئه‌وان و لانی كه‌م له‌ ١٥٠ خێزانی تر به‌ره‌و عه‌لی ئارش هه‌ڵهاتن  به‌دووری‌ ٤.٥ كیلۆمه‌ترو یه‌كه‌م گوند له‌سه‌ره‌ ڕێگاكه‌یاندا.

له‌وێوه‌، ئه‌و كه‌سانه‌ی چاوپێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵ كرا ووتیان، هێزه‌كانی حشدی شعبی سه‌ربه‌ حكومه‌تی عێراقی كه‌ له‌ چه‌كداری شه‌به‌ك پێكهاتبون به‌ پاڵ ژنان و كچان و منداڵانیان برده‌ نهۆمی دووه‌می قوتابخانه‌كه‌و پیاوان و كوڕانی سه‌رو ته‌مه‌ن ١٥ ساڵیان له‌ نهۆمی یه‌كه‌می ناو پۆله‌كان كۆكرده‌وه‌.

چه‌كداره‌كان ناوی سێ پیاویان خوێنده‌وه‌و پاشان بردیاننه‌ ژورێكی تر. نۆ له‌ پیاوه‌كان ووتیان،  بۆ ڕۆژی داهاتوو كاتژمێر ١٠ی سه‌رله‌ به‌یانی، ئه‌فسه‌رانی سه‌ربازی سووپای عێراق گه‌یشتنه‌ قوتابخانه‌كه‌و چوونه‌ پۆله‌كانه‌وه‌و ووتیان، ''بۆچی لێره‌ن؟ ئازادن بڕۆن!'' له‌و كاته‌داو له‌ ٨ی تشرینی دووه‌م خێزانه‌كان ڕێگه‌یان پێدرا بڕۆنه‌ كامپی حه‌سه‌ن شام، به‌ڵام به‌پێی ووته‌ی هه‌موو ئه‌وانه‌ی چاوپێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵ كرا، سێ پیاوه‌كه‌ به‌ ده‌ستبه‌سه‌ری مانه‌وه‌.

هیومان ڕایتس ۆوچ چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ گوندنشینێك كرد كه‌ ڕاسته‌وخۆ له‌ قوتابخانه‌كه‌وه‌ له‌ ٧ تشرینی دووه‌م گه‌یشتبووه‌ كامپه‌كه‌. ئه‌و گوندنشینه‌ ووتی كه‌ بینیبوی تا ئه‌و به‌یانیه‌ش سێ‌ پیاوه‌كه‌ له‌ناو پۆله‌كه‌دا ده‌ستبه‌سه‌ر بوون. دایك و برای یه‌كێك له‌ پیاوه‌ ده‌ستبه‌سه‌ره‌كان ووتی، كه‌سێكی ناسراویان له‌ به‌غدا كه‌ په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی شه‌به‌ك ووتویه‌تی كوڕه‌كه‌ی ده‌ستگیركراوه‌ له‌به‌ره‌وه‌ی تۆمه‌تباركراوه‌ به‌ تاڵانكردنی ماڵی چه‌كداره‌كان له‌كاتی گه‌یشتنی داعش بۆ ناوچه‌كه‌. خێزانه‌كان هیچ ڕێگه‌یه‌كی په‌یوه‌ندیكردنیان  به‌ سێ پیاوه‌ ده‌ستگیركراوه‌كه‌وه‌ نیه‌. 

هیومان ڕایتس ۆوچ ووتی، نابێت هێزه‌كانی حكومه‌تی عێراق وهێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و به‌رپرسانی كورد هه‌ستن به‌ به‌كارهێنانی قوتابخانه‌كان به‌مه‌به‌ستی ئه‌منی و سه‌ربازی وه‌ك دامه‌زراندنی سه‌نته‌ری سكرینین و شوێنی ده‌ستبه‌سه‌ر كردن، ته‌نها له‌ حاڵه‌تێكدا نه‌بێت كه‌ هیچ شوێنێكی تر نه‌بێت. به‌كارهێنانی قوتابخانه‌كان به‌وجۆره‌‌ ده‌بێته‌ هۆی دواكه‌وتنی كردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌و وانه‌ ووتنه‌وه‌و دابینكردنی خزمه‌تگوزاری تر بۆ منداڵان و كه‌وتنی زه‌ره‌وزیان به‌ پۆله‌كان و كه‌لوپه‌له‌كانی ناویان.