Skip to main content

عێراق

ڕووداوه‌كانی ٢٠١٩

وەک بەشێک لە ڕێوڕەسمی تەعزیە، خەڵکەکە دارەمەیتی تەرمی خۆپیشاندەرێکیان هەڵگرتووە کە لەکاتی خۆپیشاندانەکانی بەغدا کوژراوە، لە ٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩.

© 2019 Reuters/Khalid al-Mousily

لە مانگی تشرینی یەکەم و تشرینی دووەم، هێزە ئەمنیەکان هەستان بە سەرکوتکردنی خۆپیشانده‌رانی بەغداد و شارەکانی تری باشووری عێراق و بەسەدان خۆپیشاندەریان کوشت. ئەمە جگەلە پێشێلکردنی ئازادی گردبونەوەو ڕادەربڕین و مافەکانی ژنان و مافی هاووڵاتیان لە هەبوونی ئاوی پاک بۆ خواردنەوەو تەندروستی و ژینگەیەکی پاک. هەروەها حکومەت بەردەوام بوو لە جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدان.

وەک وەڵامدانه‌وه‌یه‌ك بۆ خۆپیشاندانەکان، لە ٢٩ی تشرینی دووەم، عادل عەبدول مەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست لەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستەکەی پێشکەش کرد.

سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران

لە ئەنجامی پێکدادانەکانی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنیەکان لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەم بۆ کانوونی یەکەم لانی کەم لە ٣٥٠ خۆپیشاندەر لە بەغداو شارەکانی باشوری عێراق کوژران. جگەلە تەقەکردن لە خۆپیشاندەران، لە بەغدا هێزە ئەمنیەکان هەستان بە بەکارهێنانی گازی فرمێسک ڕێژ لە دژی خۆپیشاندەران کە لە هەندێک حاڵەتدا تەقاندنیان ڕاستەوخۆ بە ئاراستەی خۆپیشاندەران بووە هۆی کوشتنی لانی کەم لە ١٦ خۆپیشاندەر. هه‌روه‌ها لە شارەکانی تری عێراق، هێزە ئەمنیەکان تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد.

بەرپرسانی حکومی بەشێوەیەکی هەڕەمەکی کەوتنە دەستگیرکردنی خۆپیشاندەران و پاشان ئازادکردنیان بەبێ ئاراستەکردنی هیچ تۆمەتێک لە دژیان. ئەمە جگەلە بێسەروشوێن بوونی چەندین خۆپیشاندەر. بەرپرسان هەستان بە دەستگیرکردنی چەندین کەس تەنها به‌هۆكاری ئه‌وه‌ی لەڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووکەوە بە پەیام پشگیری خۆیان بۆ خۆپیشاندەران دەربڕی بوو.

هێزە ئەمنیەکان هەڕەشەو تەقەیان لەو تیمە تەندروستیانە دەکرد کە بریندارانی خۆپیشاندانەکانیان چارەسەر دەکرد.

حکومەت بەردەوام بوو لە کۆنترۆڵ کردنی تۆڕەکانی ئینتەرنێت لە پێناو ڕێگریکردن لە بڵاوبونەوەی وێنەو گرتە ڤیدیۆییەکانی خۆپیشاندانەکان و بلۆککردنی ئاپەکانی نامە گۆڕینەوە.

عەدالەت بۆ قوربانیانی تاوانە گەورەکانی داعش

لە ساڵی ٢٠١٩دا، ئەم گروپە توندڕەوە بەردەوام بوو لە ئەنجامدانی هێرشەکانی لە عێراق و کوشتنی بەرپرسان و ئەندامانی هێزە ئەمنیەکان. هەندێک لەو تاوانانەی لەلایەن داعشەوە لە ساڵی ٢٠١٤وە ئەنجام دراون بە تاوانی جەنگ و ڕەنگە لە هەندێک ‌حاڵەتدا بە تاوان لەدژی مرۆڤایەتی و جینۆساید لەقەڵەم بدرێن. بەڵام، حکومەتی عێراق شکستی هێناوە لە ناساندنی تاوانی جەنگ و تاوان لە دژی مرۆڤایەتی وەک تاوان لە ناو یاساکانی عێراقدا.

لە ساڵی ٢٠١٧، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاری دروستکردنی تیمێکی دا بۆ لێکۆڵینەوەو بەدۆکیومێنتکردنی ئەو تاوانە گەورانەی لە عێراق لە لایەن داعشەوە ئەنجام دراون. لە ساڵی ٢٠١٩، یۆنامی هاوکاری بەرپرسانی عێراقی کرد لە هەڵدانەوەی ١٤ گۆڕی بەکۆمەڵی دەستی داعش لە شنگال وەک هەنگاوێکی سەرەتایی بۆ کۆکردنەوەی بەڵگەو دروستکردنی کەیس لەدژی گومانلێکراوانی داعش.

بەپێی یاسایەکی عێراقی لە ساڵی ٢٠٠٩ کۆمسیۆنێک پێکهێنرا بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی بوونەتە قوربانی تیرۆرو ئۆپراسیۆن و هەڵە سەربازیەکان. ئەم کۆمسیۆنە بە هەزاران داواکاری قەرەبووی لەلایەن هاووڵاتیانی ئەو ناوچەکانەی پێشتر لەژێرکۆنترۆڵی داعش بوو بە دەست گەیشت، بەڵام لەدوای ساڵی ٢٠١٤وە قەرەبووی زۆرێک لەم خەڵکانە نەکراوەتەوە.

بەرپرسانی دادوەری ئەڵمانیا لە هەوڵەکانیان بەردەوام بوون بۆ لێکۆڵینەوەکردن لە تاوانەکانی داعش لە عێراق و سووریا بەپێی یاسا نێو دەوڵەتیەکان.

هەروەها دەوڵەتانی ئەندام لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ لەناوبردنی داعش بەردەوام بوون لە گفتوگۆکانیان لە سەر دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک بۆ لێپرسینەوە لە تاوانەکانی داعش. یەکێک لە ڕێگەچارەکان ئەگەری دروستکردنی دادگایەکی تاوان بوو لە ناوچەکە.

زیندانیکردنی هەڕەمەکی و ڕێکاری یاسایی و دادگایکردنی عادیلانە لەدژی پێشێلکاریەکان

هێزە ئەمنیەکانی عێراق هەستان بە دەستگیرکردن و زیندانیکردنی گومانلێکراوانی داعش بەشێوەیەکی هەڕەمەکی، لە هەندێک حاڵەتدا بۆماوەی چەندین مانگ. بەپێی ووتەی شاهێدحاڵان و ئەندامانی خێزانەکانیان، هێزە ئەمنیەکان زۆر جار بەبێ هیچ فەرمان و نوسراوێکی دادگا هەڵدەستان بە دەستگیرکردن و زیندانیکردنی گۆمانلێکراوان و لە زۆرحاڵەتیشدا هیچ بەڵگەیەکیان نیشان نەداوە لە کاتی دەستگیرکردنەکاندا.

بەرپرسانی حکوومی بەشێوەیەکی سیستماتیکی پێشێلی مافە یاساییەکانی گۆمانلێکراوانی داعش و زیندانیەکانی تریان کردووە. لەوانەش مافی ئامادەبوون لە بەردەم دادوەر لەماوەی ٢٤ کاتژمێری یەکەمی دەستگیرکردندا وەک لە یاسای عێراقیدا هاتووە لەگەڵ هەبوون یان ئامادەبوونی پارێزەر لەکاتی لێکۆڵینەوە لە دەستگیرکراو ئاگادارکردنەوەی خێزانەکانیان و ڕێگەدان بە هەبوونی پەیوەندی لە نێوان زیندانیان و خێزانەکانیان.

بەڵام پرۆسەی دادگایکردنەکان لە دادگای دژەتیرۆری پارێزگای نەینەوا بەشێوەیەکی باشتر بەڕێوەچوو بە بەراورد بە دادگاکانی تر. هیومان ڕایتس ۆوچ تێبینی کرد کە پرۆسەی دادگایکردنەکان لەم دادگایەدا بەشيوەیەکی زۆر باشتر بەڕێوە دەچوو لە ساڵی ٢٠١٩دا. دادوەرەکانی ئەم دادگایە داوای بەڵگەی ڕوون و دروست تریان دەکرد بۆ دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن و دادگایکردنی گومانلێکراوان. ئەمەش وایکرد، دادگا کەمترو پشت تەنها بەدانپێنان و لیستی داواکراوی پڕ لە هەڵەو تۆمەتی بێ بەڵگە ببەستێ.

بەرپرسانی حکوومی لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی بەغداد-دا ڕێکاری یاساییان لەدژی منداڵی هەتا تەمەن ٩ ساڵی گومان لێکراو بە هەبوونی پەیوەندی لەگەل داعش ئەنجامداوە، لەگەڵ منداڵانی هەتا تەمەن ١١ ساڵ لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان. ئەمەش لە خوار ئەو تەمەنەوەیە کە لە یاسا نێودەوڵەتیەکاندا هاتووەو پێشێلکردنی ئەو ستاندەردە نێودەوڵەتیانەیە کە دەڵێ ئەو منداڵانەی لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە بە سەرباز دەکرێن دەبێت وەک قوربانی تەماشا بکرێن و پێویستە پرۆگرامی چاکسازیان بۆ دابینبکرێ لە پێناو گەڕانەوەیان بۆ ناو کۆمەڵگا.

دادوەرانی عێراقی هەستان بە دادگایکردنی گومانلێکراوانی داعش بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ گرووپەکە بەپێی یاسای دژەتیرۆری عێراقی کە یاسایەکی بەربڵاوە. بەشێوەیەکی گشتی دادگاییەکان بەپەلە دەکران و تەنها پشت بە دانپێنانی بەرگریکار دەبەستراو بەهیچ شێوەیەک ڕێگەنەدرا بە بەشداری قوربانیانی تاوانەکان لە دادگاییەکاندا. حکومەتی عێراقی و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەستان بە ئەنجامدانی هەزاران دادگاییکردنی گومانلێکراوانی داعش بەبێ هەبوونی ستراتیژێک لە ئەولەویەتدان بە تاوانە گەورەکان.

سەرەڕای چەندین داواکاری، حکومەت نەیتوانی نیشاندانی بدات چ هێزێکی ئەمنی یان سەربازی دەسەڵاتی یاسایی هەیە لە زیندانیکردنی خەڵک و لە چ زیندانێکدا.

ئەشکەنجەدان و شێوازی تر لە مامەڵەی خراپ

بەدرێژایی ساڵی ٢٠١٩ هیومان ڕایتس ۆوچ چەندین ڕاپۆرتی بەدەست گەیشت لەسەر بەربڵاوی ئەشکەنجەدان کە لە نێویاندا منداڵیش هەبووە لەلایەن هێزە عێراقیەکان و هێزەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە پێناو ناچارکردنیان بە دانپێنان. یەکێک لەو پیاوانەی ئەشکەنجەدرابوو دەبوو پزیشک قۆڵی ببڕێتەوە به‌هۆكاری ئه‌وه‌ی لەکاتی ئەشکەنجەداندا زیان بە خوێنبەرێکی گەیشتبوو.

لە توێژینەوەیەکی هیومان ڕایتس ۆوچدا لەسەر بڕیارەکانی دادگای پێداچوونەوە بۆ کەیسەکانی تیرۆر دەردەکەوت کە لە نزیکەی ٢٤ کەیسدا لە ساڵی ٢٠١٨ و ٢٠١٩دا، دادوەران تۆمەتەکانی ئەشکەنجەدانیان پشتگوێ خستوەو پشتیان بە دانپێنانەکان بەستووە. بەڵام، هەندێک لە تۆمەتەکانی ئەشکەنجەدان لەسەر دەستی هێزە ئەمنیەکان لە ڕێگەی تاقیکردنەوەی پزیشکیەوە پشت ڕاستکراوەتەوەو دەرکەوتووە هەندێک لە دانپێنانەکان لە ڕێگەی زەبرو زەنگەوە کراون. لە هەریەک لەم کەیسانەدا، دادگا تۆمەتەکانی ئەشکەنجەدانی زیندانیانی بە جدی وەرگرتوەو بەڵگەکانی هەڵسەنگاندوەو بەرگریکارانی ئازاد کردووە. سەرەڕایی ئەمە، لەکاتی پێداچوونەوەی ئەم کەیسانەدا، دەردەکەوێ دادگای پێداچوونەوە تۆمەتەکانی ئەشکەنجەدانی زیندانیانی پشتگوێ خستبێ و تەنها پشتی بە دانپێنانەکانی زیندانیان بەستبێ و فەرمانی دووبارە دادگایکردنیانی دەرکردۆتەوە.

سەرەڕایی بوونی به‌ڵهه‌ی زۆر ڕوون و دیارلەسەر ئەشکەنجەدان لە زیندانەکانی عێراقدا، لە ساڵی ٢٠١٩ هێزەکانی سووریای دیموکرات لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سووریا هەستان بە گواستنەوەی لانی کەم لە ٩٠٠ زیندانی عێراقی گومانلێکراوی داعش بۆ عێراق. لەلایەکی ترەوە، لە ساڵی ٢٠١٨ و سەرەتای ساڵی ٢٠١٩هاوپەیمانی ئەمریکی دژ بە داعش و هێزەکانی سووریای دیموکرات ٤٧ پیاوی بیانی گومانلێکراوی داعشیان بۆ عێراق گواستوەتەوە بۆ لێکۆڵینەوە کە لە نێویاندا لانی کەم لە ١١ هاووڵاتی فەرەنسی هەبوون کە سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە. بەپێی دۆکیومێنتەکانی دادگاو ووتەی  بەرگریکارەکان و سەرچاوەکانی تر، لانی کەم لە ٣٠ لەو کەیسانەدا، هێزەکانی ئەمریکا هاوکاریان کردوە لە گواستنەوەی گومانلێکراوەکان لە دەستی هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە بۆ عێراق.   

دوو هاووڵاتی فەرەنسی گومانلێکراوی داعش کە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریاوە بردرابوون بۆ عێراق بۆ دادگایکردن لە بەغدا بە دادوەریان ووتوە کە هێزە ئەمنیەکانی عێراق ئەشکەنجەیان داون و بەزۆر ناچاریان کردوون بە دانپێنان.

هەروەها بەرپرسان هەستاون بە زیندانیکردنی تۆمەتباران لە زیندانی قەرەباڵغ و لە هەندێک حاڵەتدا لە بارودۆخی نامرۆڤانەدا. سەرچاوەیەک کە لە زیندانە حکومیەکان کاردەکات وێنەی چەند ژورێکی قەرەباڵغی زیندانیانی لە نەینەوا نیشانی هیومان ڕایتس ۆوچدا کە ژن و منداڵی گومانلێکراوی داعشی تێدا بوو. بارودۆخیان ئەوەندە خراپ دەردەکەوت ڕەنگە بچێتە خانەی مامەڵەی خراپ لە دژی زیندانیان.

سەرەڕایی ووتەکانی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق حەیدەر العبادی لە ئەیلولی ٢٠١٧ کە بەڵێنیدا حکومەت دەست دەکات بە لێکۆڵینەوە لە تۆمەتەکانی ئەشکەنجەدان و کوشتنی نایاسایی، بەڵام بەرپرسان تا ساڵی ٢٠١٩هیچ هەنگاوێکیان نەناوە بۆ لێکۆڵینەوە لەم پێشێلکاریانە.

سزادانی به‌ كۆمه‌ڵ

ئەو خێزانە عێراقیانەی گومانی ئەوەیان لێکراوە کە پەیوەندیان لەگەڵ داعش هەبوبێ، بەهۆی ناوی خێزانی یان هۆزەکەیان یان شوێنی لەدایک بوونیان، زۆرجار بێبەش کراون لە پێدانی ئەستۆپاکی ئەمنی لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە کە پێویستە بۆ وەرگرتنی ناسنامە و دۆکیومێنتەکانی تر. ئەمەش بووەتە هۆی سنوردارکردنی ئازادی هاتوچۆو مافی خوێندن و مافی کارکردن و وەرگرتنی سوودە کۆمەڵایەتیەکان و ناسنامەی لەدایک بوون و مردن کە پێویستە بۆ سەلماندنی خاوەنداری موڵکایەتی و شووکردنەوەو ژنهێنانەوە. هەروەها پێنەدانی ئەستۆپاکی ئەمنی وایکردوە ئەم خێزانانە نەتوانن داواکاری قەرەبوو پێشکەشی ئەو کۆمسیۆنە بکەن کە لە ساڵی ٢٠٠٩ دامەزرا بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو خێزانانەی بوونەتە قوربانی تیرۆرو ئۆپراسیۆن و هەڵە سەربازیەکان. ئەمە جگەلەوەی نەبوونی ئەستۆپاکی ئەمنی وادەکات ئەم خێزانانە نەتوانن لە دادگا داوا لە دژی هێزە ئەمنیەکان و ئەو خەڵکانە پێشکەش بکەن کە هەستاون بە داگیرکردنی موڵک و ماڵیان.

بەڵام هەندێک خێزان توانیویانە ئەستۆپاکی ئەمنی وەربگرن لە پاش ئەوەی بەڵێنیانداوە کە بچنە بەردەم دادوەر بۆ کردنەوەی داوای یاسایی لەدژی ئەو خزمانەیان کە گومانیان لێدەکرێ پەیوەندیان بە داعشەوە کردبێ. ئەم پرۆسەیە ناسراوە بە تبرئە. لە پاش کردنەوەی داوای یاسایی لەلایەن ئەم کەسانەوە، دادگا نووسراوێکیان بۆ دەکات تا نیشانی هێزە ئەمنیەکانی بدەن بۆ وەرگرتنی ئەستۆپاکی ئەمنی. ئەم میکانیزمە بە تایبەت لە پارێزگای ئەنبار زۆر کاریگەر بووە. زۆرێک لەو خێزانانەی پارێزگای ئەنبار کە هیومان ڕایتس ۆوچ چاوپێکەوتنی لەگەڵ کردن لە ساڵی ٢٠١٩ ووتیان توانیویانە ئەستۆپاکی ئەمنی لەم ڕێگەیەوە وەربگرن.

هەتا ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٩ گەڕانەوەی زۆرەملێ یان ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی ئاوارەکانی ناوخۆی عێراق بەردەوام بوو. لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیران هێزە ئەمنیەکان هەستان بە لێکۆڵینەوە لە سەرجەم ئاوارەکانی ناو کامپەکانی پارێزگای نەینەوا تا بزانن لە بنەڕەتدا خەڵکی کوێن و ئایا پەیوەندیان بە داعشەوە هەبووە. لە ماوەی دوو مانگی دوای ئەو لیکۆڵینەوانە، بەرپرسانی پارێزگای نەینەواو سەڵاحەدین سەدان ئاوارەی خەڵکی پارێزگاکانی تری ناو کامپەکانی ژێر دەسەڵاتیان دەرکرد و لە هەندێک حاڵەتدا گوازتویاننتەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان سەرەڕای هەبوونی مەترسی ئەمنی جدی بۆسەر خێزانەکانیان.

لانی کەم ٣٠ هەزار عێراقی کە لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٧ لە عێراق هاڵهاتون بەوانەشەوە کە داعش بوون و لەدوای پاشەکشەی گروپەکە لەناوچەکانی عێراق ڕویان کردۆتە سووریا لە ناو کامپی الهولی باکوری ڕۆژهەڵاتی سووریا نیشتەجێن. لە ساڵی ٢٠١٩، حکومەتی عێراقی ئامادەبوو بۆ هێنانەوەی هاووڵاتیەکانی ودەستبەسەرکردنیان لە ناو کامپێکی داخراودا. حکومەت هەستا بە تاوتوێی کردنی پلانێکی بەرفراوانتربۆ کۆکردنەوەی ئەو خێزانانەی کە پەیوەندیان بە داعشەوە هەبووە لە کامپی داخراوی گەورەدا، بەڵام هێشتا ڕەزامەندی لەو بارەیەوە نیشان نەداوە.

لە ساڵی ٢٠١٩، بە هەزاران منداڵ ڕێگەیان پێنەدرا بچنە قوتابخانە حکومیەکان بەو قوتابخانانەشەوە کە لەناو کامپەکاندا هەن بەهۆی نەبونی ناسنامەی شارستانی هۆكاری هه‌بوونی كه‌سوكاری گومان لێكراوه‌ به‌ داعش.

ئەو پارێزەرو کارمەندە مرۆییانەی هاوکاری ئەم خێزانانە دەکەن ووتیان کە هێزە ئەمنیەکان هەڕەشەیان لێکردون و لەهەندێک حاڵەتدا دەستگیریان کردون به‌هۆكاری ئه‌وه‌ی كه‌‌ خزمەت گوزاریان پێشکەشی ئەم خێزانانە کردوە.

ئاوی خواردنەوە

بۆ ماوەی نزیکەی ٣٠ ساڵە بەرپرسانی حکومی شکستیان هێناوە لە دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ دانیشتوانی باشووری عێراق بەتایبەت دانیشتوانی پارێزگای بەسرە. لە ساڵی هەشتاکانەوە بەهۆی کەمتەرخەمی حکومەتەوە وەک خراپ بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاویەکان و نەبوونی یاسایی پێویست بۆ کەمکردنەوەی پیسی و پاشماوەی زێرابەکان و پشگوێ خستنی بەردەوام و خراپ بەڕێوەبردنی پرۆژە ئاویەکان دەرەنجامەکەی خراپ بونی بۆری و ڕێڕەوەکانی ئاوی خواردنەوە بووە. ئەم کەموکورتیانە بووەتە هۆی ئەوەی ئەو ئاوەی جوتیاران بۆ ئاودێری دەغڵ و دانەکانیان بەکاری دەهێنن پیس و خوێیاوی بێت و بێتەهۆی خراپ بوونی زەویە کشتوکاڵیەکانیان و لەناوچوونی دانەوێڵەو مەڕوماڵاتەکانیان.    

بەردەوام خراپبوونی سەرچاوە ئاوییەکانی بەسرە لە هاوینی ٢٠١٨ قەیرانێکی گەورەی لێکەوتەوەو لانی کەم لە ١١٨ هەزار کەس برانە نەخۆشخانەکان کە بەپێی ووتەی پزیشکەکان پەیوەندی بە کوالێتی ئاوی خواردنەوەو هەبووە. بەهۆی زۆری بارانبارین و توانەوەی بەفر لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٨ و سەرەتای ٢٠١٩، قەیرانە تەندروستیەکە دووبارە نەبوەوە، بەڵام بەرپرسان هیچ هەنگاوێکی ئەرینیان نەناوە بۆ چارەسەرکردنی هۆکارەکانی قەیرانە تەندروستیەکە. هەروەها بەرپرسان شکستیان هێناوە لە بڵاوکردنەوەی دەرەنجامی لێکۆڵینەوەی هۆکارەکانی پشت دروستبونی قەیرانەکە و دۆزینەوەی ڕێگەچارە بۆ چارەسەرکردنی هۆکارە ڕیشەییەکان. ئەم کەمتەرخەمیانە مایەی نیگەرانیەکی زۆرە بە تایبەت لەکاتێکدا هۆکارەکانی پیسبونی ئاو لە زیادبوندایە و ڕێژەی بارانبارین لە کەمبونەوەدایە بەهۆی گۆڕانکاری لە ئاوهەوادا.

مافەکانی ژنان و جێندەرو یاسا ئەخلاقیه‌كان

هیومان ڕایتس ۆوچ و ڕێکخراوەکانی تر ڕاپۆرتی دۆکیومێنتاریان ئەنجامداوە لەسەر دەستدرێژیە سیستماتیکیەکانی داعش بۆسەر ژنان و کچانی یەزیدی وەک بە کۆیلەکردنی سێکسی و مارەکردنی بەزۆرەملێ لە نێوان ساڵەکانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٧. بەڵام، تائێستا هیچ ئەندامێکی داعش لە عێراق بە تۆمەتی ئەنجامدانی ئەم تاوانانە دادگایی نەکراوە.

لە هەرێمی کوردستانی عێراق یاسای تووندوتیژی خێزانی لە ساڵی ٢٠١١ تێپەڕێندرا، بەڵام لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی بەغدا یاسایەکی لەو جۆرە نیە بۆ پارێزگاریکردنی ژنان لە توندوتیژی خێزانی. هەوڵە پەرلەمانیەکانی ساڵی ٢٠١٩ بۆ تێپەڕاندنی پرۆژە یاسایەک لە دژی توندوتیژی خێزانی بە بنبەست گەیشت. یاسای سزادانی عێراقی کە لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی بەغداو حکومەتی هەرێمی کوردستانیش جێبەجێ دەکرێ لێدانی جەستەیی بە تاوان لەقەڵەم دەدات، بەڵام بە ڕوونی باس لە هیچ جۆرە تووندوتیژیەکی خێزانی ناکات. لەبری ئەوە، ماددەی (١) ی به‌ندی٤١ دەڵێ مێرد مافی یاسایی هەیە لە سزادانی ژنەکەی، و دایک و باوکان دەتوانن دیسیپلنی منداڵەکانیان بکەن لەو چوارچێوەیەی کە دیاریکراوە لەلایەن یاساو عادات و تەقالیدەوەو، هەروەها یاسای سزادانی عێراقی سزا بۆ تووندوتیژیەکانی وەک کوشتن بەناوی شەرەفەوە یان کوشتن لەکاتی گرتنی ژن یان کچی خزمێک لە کاتی ئەنجامدانی زینا لەگەڵ پیاوێک کە مێردی نەبێت کەم دەکاتەوە.

لەکاتێکدا دەستدرێژی سێکسی بەپێی یاسا قەدەغەکراوە، ماددەی ٣٩٨ دەڵێ یاسا لە هێرشکەر خۆش دەبێت، ئەگەر هاوسەرگیری لەگەڵ قوربانیەکە بکات. لەکاتێکدا هیچ توێژینەوەیەکی نیشتمانی لەسەر توندوتیژی خێزانی ئەنجام نەدراوە، ڕێکخراوەکانی مافی ژنان باس لە ڕێژەیەکی زۆر لە توندوتیژی خێزانی لە ووڵات دەکەن.

یاسای سزادانی عێراقی هاوڕەگەزبازی قەدەغە ناکات، بەڵام ماددەی ٣٩٤ سێکس کردن لەدەرەوەی هاوسەرگیری قەدەغە دەکات. پەرەگرافی ماددەی ٤٠١ لە یاسای سزادانی عێراقی دەڵێ هەرکەسێک لە شوێنی گشتیدا "کاری نادروست" ئەنجام بدات دەکرێت بۆ ماوەی تا شەش مانگ زیندانی بکرێ. ئەمە بڕگەیەکی ڕوون نیە ودەکرێت بەکاربهێنرێت بۆ کردنە ئامانج و سزادانی ئەو کەسانەی لە ڕەگەزی کەمینەن، بەڵام تا ئێستا هیچ کەیسێکی لەم جۆرە تۆمار نەکراوە.

سزای لە سێدارەدان

وەک چین و ئێران و سعودیە، عێراق یەکێک بووە لەو ووڵاتانەی جیهان کە زۆرترین ڕێژەی لە سێدارەدانی تێدا ئەنجامدراووە. دادوەرانی عێراق بەردەوام بوون لە سەپاندنی سزای لە سێدارەدان بەسەر زۆرێک لەوانەی کە تاوانبار بوون بە هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ داعش بەپێی یاسای دژەتیرۆرو چەندین کەسیان لەسێدارەدا بەبێ بڵاوکردنەوەی ژمارەی فەرمی لە سێدارەدراوان. لە مانگی ئابی ٢٠١٩، بەرپرسانی وەزارەتی داد داتایەکیان بڵاوکردەوەو تێیدا دەرکەوت کە ٨٠٢٢ کەس سزای لە سێدارەدانیان هەبووەو لە نێوان مانگی کانوونی دووەم و ئابی ٢٠١٩، دەوڵەت زیاتر لە ١٠٠ کەسی لە سێدارە داوە.

بەپێی ووتەی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەرێمی کوردستانی عێراق ‌حکومەت لە ساڵی ٢٠٠٨وە بەشێوەیەکی کاتی سزای لە سێدارەدانی قەدەغەکردوە "تەنها لە چەند حاڵەتێکی کەمدا نەبێت کە ئەنجامدانی پێویستە."

یاسای سزادانی عێراقی، سزای لەسێدارەدان لە دژی منداڵان قەدەغە دەکات.

کارەکتەرە سه‌ره‌كیه‌ نێودەوڵەتیەکان

هاوپەیمانی نێوده‌ووڵه‌تی له‌ دژی داعش به‌سرۆكایه‌تی ئه‌مریكا، کە لە نێویاندا ووڵاتانی ئوسترالیاو بەلجیکاوکەنەداودانیمارک وفەرەنساو هۆڵەنداو بەریتانیا هەیە لەگەڵ هێزە ئێرانی و تورکیەکان بەردەوام بوون لە پشتگیریکردنی هێزەکانی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئۆپراسیۆنە سەربازیەکانیاندا لە دژی داعش. لە ساڵی ٢٠١٩، ووڵاتانی هاوپەیمانی زۆر بەدەگمەن زانیاریان لەسەر مەودای هاوکاریەکانیان و ئەو لایەنانەی هاوکاریان بۆ دەنێرن بڵاوکردەووە.

تورکیا ئۆپراسیۆنەکانی لە دژی پارتی کرێکارانی کوردستان لە باکووری عێراق زیاد کرد. پارتی کرێکارانی کوردستان کە گروپێکی چەکداری چالاکی قەدەغەکراوە لە تورکیا لە مێژە لە ناوچە سنوریەکانی تورکیاو ئێران و سووریا لە ناو باکووری عێراق بوونیان هەبووە. تورکیا هەستا بە ئەنجامدانی چەندین هێرشی ئاسمانی لە پاش ئەوەی چەند چەکدارێکی نەناسراو هەستان بە کوشتنی دیپلۆماتکارێکی تورکی لە هەولێر لە حوزەیرانی ٢٠١٩. هەروەها لە پاش ئەو ڕووداوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان گەمارۆی هاتوچۆی خستە سەر دانیشتوانی ناو کامپێکی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کە کوردی تورکیای تێدایە و بەشێوەیەکی گشتی بە لایەنگری پارتی کرێکارانی کوردستان ناسراون.