Skip to main content

بۆچی دادگاییەکانی تایبەت بە چەکدارانی داعش قوربانیان لە مافەکانیان بێبەش دەکات؟

Published in: Rudaw

لە کاتێکدا شەڕی دژی داعش خەریکە کۆتایی دێت، هێزەکانی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا خەریکی پشکنین، تۆمەتبارکردن و بڕیاردانن لەسەر هەزاران کەسن کە پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووە، کە زۆربەشیان پیاو و کوڕن، یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر داوای بڕیاری توند لەدژی ئەو کەسانە دەکات، لەوانەش بڕیاری لەسێدارەدان یان زیندانی هەتاهەتایی.

داعش هەڕەشەیەکی جیدی لەسەر دەوڵەتی عێراق دروستکردبوو، لەوانەش هێرش بۆ سەر هاووڵاتیانی مەدەنی و ژمارەیەک تاوانی دیکە کە لەسەرانسەری عێراق ئەنجامیان دەدان. دەسەڵاتداران مافی خۆیانە لە پێناو پاراستنی ئاسایشی دانیشتووان و گەرەنتیکردنی مافی رەوای قوربانیان سزای ئەو تاوانانە بدەن. بەڵام دادوەرەکانی عێراق و کوردستان پێیان راگەیاندم کە هیچ ستراتیژێکی نیشتمانی لەئارادا نییە بۆ ئەوەی ئەم دادگاییانە بە هاوئاهەنگی رێکبخرێن و ئەولەوییەت بە دادگاییکردنی ئەو کەسانە بدرێت کە بەرپرسیارن لە تاوانە زۆر گه‌وره‌كان. شێوازی مامەڵەکردنی دادگاییەکانیش بە جۆرێکە کە قوربانیانی هەندێک لە خراپترین تاوانەکانی ئەم دەیەیە لە مافەکانیان بێبەش دەکات.

روون و ئاشکرایە کە ئەو خێزانانەی ماوەی سێ ساڵ لە ژێر دەسەڵاتی داعشدا مەینەتییان بینیوە حەز دەکەن ئەنجامدەرانی تاوانەکان سزا بدرێن و تۆڵەیا لێ بکرێتەوە. بەڵام شێوازی ئێستای مامەڵەکردن (واتە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەکان) لەبری ئەمە مەترسی چاندنی تۆوی نەهامەتیی زیاتر لە داهاتوودا دەهێنێتە ئاراوە.

یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر رێگە بە دادوەرەکان دەدات رێژەیەکی بەرفراوان لە گومانلێکراوان تۆمەتبار بکات، لەوانەش ئەو چەکدارانەی دەستدرێژی سێكسی و تاوانی كوشتنیان ئه‌نجام داوه‌، هەروەها ئەو پزیشکانەش کە لە نەخۆشخانەکانی ژێر کۆنتڕۆڵ و ئیدارەی داعشدا کاریان دەکرد یانیش ئەو چێشتلێنەرانەی خواردنیان بۆ چەکدارانی داعش ئامادەدەکرد. زۆر جار سەلماندنی تۆمەتەکانی پەیوەندیدار بە پێشێلکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ئاسانترە لە پێشێلکارییەکانی دیکە. دادوەرەکان هەر ئەوەندەیان لەسەرە بیسەلمێنن گومانلێکراوەکە ئەندامی داعش بووە یان لە سیستەمی ئیداری داعشدا بەشدار بووە یانیش هێزی چەکداریی داعش بووە، نەک ئەوەی بیسەلمێنن گومانلێکراوە دەستی لە کردەیەکی تاوانکارانەی دیاریکراودا هەبووە ـ کە بێگومان ئه‌مه‌ش قورسه‌ لە کاتێکدا ئەم تاوانانە لە ئاڵۆزییەکانی کاتی شەڕدا روویانداوە.

رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ (هیومان ڕایتس ۆوچ) ئاگادارە لەوەی زیاتر لە ٧،٣٧٤ گومانلێکراوی داعش هەن کە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە یان ئەوەتا دادگاییکراون یانیش سزادراون، لەو ژماره‌یه‌ش ٩٢ کەسیان لەسێدارە دراون. لەو کەیسانەدا دادگاکانی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئەو کەسانەیان کۆکردووەتەوە کە وەکوو بەشدار، پلاندانەر، هاوکاری دارایی و کردەیی کردنەوە لە تیرۆردا دەستیان هەبووە. هەندێک لە دانیشتنەکانی دادگا تەنیا ١٥ بۆ ٢٠ خولەکیان خایاندووە، بێ ئەوەی قوربانیانی ئەو تاوانەی نراوەتە ئەستۆیان ئامادەی دادگاییەکە بن.

بەڵام ئەگەر پشت بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ببەسترێت، ئەوە ئەلەوییەت پێدان و سزادانی جیدیترین تاوانەکانی داعش دەبێت بە کارێکی سەخت. جیا لەمە هەندێک کەسیش نابێت لە هیچ هەلومەرجێکدا دادگایی بکرێن، یەک لەوانەش پزیشکەکانن کە تەنیا کاری خۆیان کردووە (واتە چارەسەری نەخۆش).

ئەو دادگاییە بەربڵاوانەی بە پێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەڕێوەدەچن واده‌كات تۆمارکردنی دادوه‌ری ئەو تاوانانەی داعش لەدژی هاوڵاتییانی عێراق کردوونی ئەستەم بێت، هەروەها کۆکردنەوەی بەڵگەش لە رێگەی قسەکردن لەگەڵ شایەتحاڵ و قوربانیانیش دەکات بە کارێکی چەتوون. لە کاتێکدا کۆمەڵگا جیاجیاکانی عێراق داوای دادپەروەری دەکەن و دادگاکانیش بە شێوەیەکی گشتی رێگە بە بەشداریی قوربانیان و شایەتحاڵەکان دەدەن، دەسەڵاتدارانی دادوەری و ئەمنی هیچ هەوڵێک نادەن بۆ ئەوەی قوربانیان لە دادگاییەکاندا بەشدار بن. قوربانیان هان نادرێن لە دادگاییەکاندا بەشدار بن، وەکوو شایەتحاڵ لە دادگاییەکەدا دەرکەون، یانیش باسی چیرۆکی بەسەرهاتی خۆیان بکەن، یانیش پرسیارەکانی خۆیان ئاراستەی گومانلێکراوەکە بکەن.

نموونەیەک کە بەتایبەتی بێڕەحمانە و بێزارکەر بۆ ئەمە: لە دادگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری نەینەوا، تۆمەتبارێک دانی بەردا نا کە چوار ئافرەتی وەکوو کۆیلەی سێکس راگرتبوو، کە هەر شەوێک دەستدرێژی دەکردە سەر یەکێکیان. بەڵام دادوەرەکە تەنیا بە تاوانی ئەندامێتی لە داعش سزای بۆ دیاریکرد. بۆچی دەسەڵاتی دادوەری و ئەمنی هەوڵی دۆزینەوەی ئەو ئافرەتانەی نەدا کە ئەو تاوانبارە دەستدرێژی کردبوونەسەر؟ یانیش ئەگەر ئافرەتەکان زیندوو نین بۆچی هەوڵی دۆزینەوەی خێزانەکانیان نەدرا، بۆ ئەوەی چانسی ئەوەیان هەبێت لە ژووری دادگاییەکەدا دانیشن و لە تاوانبارەکە بخوازن داوای لێبوردنیان بکات، یانیش هەر هیچ نەبێت بۆ ئەوەی چانسی ئەوەیان هەبێت دادوەرەکە ببینن کە بڕیار لەسەر گومانلێکراوەکەدا دەدات بۆ ئەوە تاوانانەی لەدژی کچ یان هاوژینەکەیان کردوویەتی؟

تەنانەت ئەگەر گومانلێکراوەکان تاوانی جەنگی، تاوانی دژی مرۆڤایەتی یانیش جینۆسایدیان کردبێت، ئەوە لەو دادگایانەدا لەسەر بنەمای ئەو تاوانەوە بڕیاریان لەسەر نادرێت، چونکە لەبنەڕەتدا لە یاسای تاوانی عێراقیدا ئەو جۆرە تۆمەتە نییە. بەڵام خۆ دادوەرەکان دەتوانن لەسەر بنەمای کۆمەڵێکی بەربڵاو لە تاوانی دیکە  بڕیاریان لەسەر بدەن، لەوانەش کوشتن و دەستدرێژی سێکسی، لە کاتێکدا ئەمە هەنگاوێکی گەورە دەبێت بۆ ئەوەی قوربانیانی ئەو تاوانانە هەست بکەن دادپەروەریان بۆ به‌رقه‌رار بووه‌.

جیا لەمەش پێشێلکارییه‌كی زۆر لە مافه‌كانی تۆمەتبار له‌م دادگاییكردنانه‌دا به‌دی ده‌كرێ، کە لە یاسای نێودەوڵەتی و عێراقیدا هەن. ئێمە هەندێک دۆسیەمان بە دۆکۆمێنت کردووە کە تێیدا گومانلێکراوەکانی داعش باسی ئەوە دەکەن هێزە ئەمنییەکان بۆ چەندین مانگ ئەوانیان بە دەستبەسەری راگرتووە و لێپێچینەوەیان له‌گه‌ڵ كردوون به‌بێ ئاماده‌بوونی پارێزه‌ر له‌كاتی لێپێچینه‌وه‌كان، هەندێکجاریش ئەشکەنجەیان داون بۆ ئەوەی لەژێر گوشار دان بەوەدا بنێن کە بەڕاستی ئەندامی داعش بوون.

ئێمە لەگەڵ ١٠٠ خێزان قسەمان کردووە کە کوڕ و مێردەکانیان لە کاتی پشکنیندا لێ دوور خستوونەتەوە، بەڵام دوای تێپەڕینی چەندین مانگ هێشتا نازانن کوڕ و مێردەکانیان لە کوێ دەستبەسەرن. لەسەرەتادا ئەوان زۆر دڵخۆش بوون بەوەی لەدەست داعش رزگاریان بووە. ئافرەتێک پێی گوتم “خۆزگە لە مووسڵ ماباینەوە و لە هێرشێکی ئاسمانیدا کوژراباین، چونکە ئەوە باشترە لەو ژیانەی تێیدا نازانم چی بەسەر مێردەکەم هاتووە”. ئێمە ئەوەشمان بینی کە لە ژوورێکی چوار بە شەش مەتردا ١١٤ بەندکراو هەن کە ماوەی چوار مانگ بوو هەوایان نەگۆڕیبوو و دەرفەتی ئەوەشیان نەبوو قاچیان رابکێشن.

لە هەمانکاتدا، ئێمە لەگەڵ ئەو ئافرەتانەش قسەمان کرد کە وەکوو کۆیلەی سێکس (لای داعش) راگیرابوون، زیاتر لە ١٠ جار لە لای پیاوێکەوە بۆ پیاوێکی دیکە کڕین و فرۆشتنیان پێکرابوو و بەردەوام دەستدرێژییان کرابووە سەر. ئەو ئافرەتانە باسی ئەوەیان بۆ کردین کە حکومەت هیچ پەرۆشییەکی نییە بۆ ئازارەکانی ئەوان و هیچ ناکات بۆ ئەوەی تاوانکارەکان بە سزای خۆیان بگەن.

عێراق دەبێت پیشانی بدات کە دەتوانێت قۆناغی دەسەڵاتی داعش بقۆزێتەوە بۆ بەدیهێنانی قۆناغێکی باشتر. دەبێ بیسەلمێنێت کە حکومەتی عێراق، بە پێچەوانەی داعش، بە بایەخەوە لە قوربانییەکان دەڕوانێت، گرنگی بەوە دەدات تاوانکارەکان بە سزای خۆیان بگەن و پەرۆشە بۆ دەسەڵاتی یاسا. بۆ ئەوەی ئەمەش بکات پێویستە یاسا بەکاربهێنێت بۆ دادگاییکردن و سزادانی کامڵی ئەوانەی دەستیان هەبووە لە تاوانی جەنگی و تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی، ئەمەش دەبێت لە دادگایەکدا بکرێت کە لەگەڵ پێوەرە بنچینەییە نێودەوڵەتییەکاندا یەکبگرێتەوە. حکومەتی عێراقی پێویستە رێگە بە قوربانیان بدات هەڵسن و باسی ئازار و مەینەتی خۆیان بکەن.

بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق بتوانێت بە شێوازێکی دروست بڕیار لەسەر کەسەکان بدات، پێویستە واز لە بەفیڕۆدانی سەرچاو و وزەی خۆی بهێنێت و هێندە بڕیار لەسەر ئەو پیاوانە نەدات کە چارەسەری پزیشکیان پێشکەش کردووە یانیش یارمەتییەکەیان بۆ داعش بریتی بووە لەوەی نەهێڵن سیستەمی ئاو و ئاوەڕۆکانی مووسڵ لەکار بکەوێت، لەبری ئەمە حکومەتی عێراق پێویستە بەدوای تاوانبارانی جەنگدا بگەڕێت. 

Your tax deductible gift can help stop human rights violations and save lives around the world.

Region / Country