Skip to main content

چاوپێکەوتن: ڕۆژنامەنوسان و ڕەخنەگرانی سەر تۆڕەکانی ئینتەرنێت لە عێراقدا هەڕەشەیان لێدەکرێ و هەراسان دەکرێن

حکومەتی نوێ هیوایەک بۆ گۆڕانکاری لەکاتێکدا دەسەڵاتداران سەرکوتی چالاکوانان دەکەن

لەگەڵ کۆتایی هاتنی دەیەیەک لە جەنگ و داگیرکاری، عێراقیەکان ڕووبەڕوی سەردەمێکی نوێ دەبنەوە. شەپۆلێکی بەرفراوانی خۆپیشاندان لەسەرتاسەری ووڵات بۆ کۆتایی هێنان بە گەندەڵی و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ بووە هۆی ڕووخانی حکومەت لەساڵی ٢٠١٩. ئێستا کە سەرۆک وەزیرانێکی نوێ دەستبەکاربوەو ڕاستەوخۆ باس لە نیگەرانیەکانی زۆرێک لە خۆپیشاندەران دەکات، هیوا هەیە کە ڕەنگە حکومەت هەوڵی چارەسەری هەندێک لەم کێشانە بدات. بەڵام لەکاتێکدا دەرگا لەسەر گفتوگۆیەکی لەم جۆرە دەکرێتەوە، ڕوون نیە کە ئایا حکومەتی نوێ لە توانایدا هەیە چارەسەری ئەو هەڵمەتە بەردەوامەی لەلایەن زۆرێک لە دەسەڵاتدارانەوە دەکرێ بۆ بێدەنگ کردنی ڕەخنەگران و ئەنجامدانی تووندوتیژی و هەراسانکردنی ڕۆژنامەنوسان و گرتنەبەری ڕێکاری یاسای لەدژی خەڵکانێک تەنها لەبەرەوەی دەنگی ناڕەزای دەردەبڕن. پۆڵ ئەفیۆرۆ لەگەڵ توێژەری باڵا بەڵقیس وویڵی قسە دەکات دەکات سەبارەت بە ڕاپۆرتە نوێیەکەی لەسەر هەڕەشە بۆ سەر ئازادی ڕادەربڕین لە عێراق و مانای گرنگی ئەم ساتەی ئێستا بۆ ووڵات.

چ جیاوازییەک دەبینی لەسەر ئەم ساتەی ئێستای عێراق؟

لە تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩ شەپۆلێکی گەورەی ناڕەزایی ووڵاتی گرتەوە کە تێیدا بە ملیۆنان خەڵک ڕژانە سەر شەقامەکان. گەنجەکانی باشوورو ناوەڕاستی ووڵات شانبەشانی یەکدی بەبێ ڕەچاکردنی جیاوازی تایفی داوای مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤیان بۆ هەموو عێراقیەکان کرد بەبێ ڕەچاوکردنی جیاوازی ڕەگەزو زمان و بیروباوەڕ. داواکاریەکانیان و شەپۆلی خۆپیشاندانەکان سەرۆک وەزیران عادل عەبدول مەهدیان ناچار بە دەست لەکارکێشانەوە کرد لە تشرینی دووەم ئەوەش بووە یەکەمین خۆپیشاندانی جەماوەری لە عێراق کە ببێتە هۆی گۆڕانکاری لە دەسەڵاتدا.

لە مانگی مایس، سەرۆک وەزیرانی نوێ مستەفا الکازمی دەسەڵاتی گرتە دەست. الکازیمی کە پێشتر ڕۆژنامەنوس بووە لەسەردەمی دەسەڵاتی سەدام حوسەیندا ناچار بووە لە دەرەوەی ووڵات بژی. کاتێک دەگەڕێتەوە بۆ عێراق، دەبێتە سەرۆکی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی عێراق. لەوکاتەوەی بووەتە سەرۆک وەزیرانی عێراق، بە ئاشکرا باسی لە چارەسەرکردنی هەندێک لە کێشە زۆر قورس و هەستیارەکانی مافی مرۆڤ لە عێراق کردووە کە ئەمەش جێگەی خۆشحاڵیە. بۆیە لەگەڵ هاتنی ئەم سەرکردایەتیە نوێیە، هەلێک هەیە بۆ جێبەجێکردنی یەکێک لە گرنگترین داواکاریەکانی خۆپیشاندەران کە ئەویش تێکەڵ بوونەوەی دەسەڵاتە لەگەڵ خەڵک.

هەروەها ئەمە یەکەم جاریشە لەدوای ساڵی ٢٠٠٣وە کە تووندوتیژی لە ووڵاتدا ئەوەندە کەمیکردووە تا ئەو ئاستەی کە عێراقیەکان دەست بکەن بە گفتوگۆکردن لەسەر بابەتێک کە پەیوەندی بە جەنگەوە نیە. چەندین ساڵ ووڵات بە جەنگ و توندوتیژیدا ڕۆیشتوە هەر لە جەنگی داگیرکاری ئەمریکاوە هەتا شەڕی ناوخۆو سەرهەڵدانی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش. لە پاش ئەم هەموو ساڵەو ئێستا عێراقیەکان دەتوانن داوا لە سیاسیەکان بکەن هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو کێشانە بدەن کە کاریگەری لەسەر مافەکانیان هەیە بەڵام نەک لە ڕوانگەی ئاسایشی نەتەوەییەوە.

بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا شتێکی تر لە ووڵاتدا دەگوزەرێ. ڕاپۆرتەکەت چۆن باسی ئەمە دەکات؟

لە پاش ڕوخانی ڕژێمی سەدام حوسەین لەساڵی ٢٠٠٣، ئەوانەی لەلایەن ئەم ڕژێمەوە سەرکوتکران هەوڵی کرانەوەی ووڵاتیان داوە لەڕووی هەڵبژاردن و ئازادی ڕادەربڕینەوە. بەڵام لە دەیەی ڕابردوودا، شتەکان ئاراستەیەکی پێچەوانەیان وەگرت. دەسەڵاتداران مامەڵەیان لەگەڵ ڕەخنەگران تەنها لەڕێگەی توندوتیژییەوە نەبووە وەک بینیمان لەکاتی لێدان و کوشتنی خۆپیشاندەران، بەڵکو لە ڕێگەی چەند هەڵمەتێکەوە لە بەکارهێنانی یاساکان لە گرتنەبەری ڕێکاری یاسای لەدژی ئەو دەربڕینانەی حەزیان پێی نیە و هەوڵی تۆقاندنی خەڵکیان داوە لە پێناو بێدەنگ کردنیان.

لەم هەڵمەتەدا کێ کراوەتە ئامانج و بۆچی؟

لە هەرێمی کوردستان لە باکوور وەک ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەغداد، هیچ پارەیەک بۆ میدیای سەربەخۆ نیە بۆیە زۆرێک لە دەزگاکانی میدیا لەلایەن یەکێک لە دوو پارتە دەسەڵاتدارە کوردیەکەوە یان گرووپی بچوکترەوە پشتگیری دارایی دەکرێن. ئە ڕۆژنامەنوسانەی کە کار بۆ میدیای یەکێک لەم پارتانە دەکەن زۆر جار دەنێردرێن بۆ ڕوماڵکردنی ئەو خۆپیشاندانانەی کە لەلایەن پارتەکەیەوە کارئاسانی بۆ سەرهەڵدانی کراوە لەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵی پارتەکەی تردایەو هەندێک جار لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی کوردەوە دەستگیر دەکرێن و لێیان دەدرێ یان تەنانەت دەشکوژرێن. هەروەها گرنتەبەری ڕێکاری یاسایی لە دژی ڕۆژنامەنوسان لە کوردستان بەپێی ئینتیمای حزبی ئەنجام دەدرێت.

بەڵام ئەمە لەسەرتاسەری ووڵاتدا ڕودەدات هەروەها لە بەغدادو ناوچەکانی باشور. دەسەڵاتداران یاساو بڕگەی ناڕوون بەکاردەهێنن بۆ کردنە ئامانجی ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانان و هەرکەسێک کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا شتێکی ڕەخنەئامێز بنوسێ بەوانەشەوە کە لەسەر لاپەڕەی فەیسبوکی خۆیان شت دەنوسن. نابێت ئەمە نایاسایی و قەدەغە بێت. 

لە بەغداد، یاسای سزادانی عێراقی چەندین بڕگەی هەیە کە بەشێوەیەکی بەرفراون مامەڵە لەگەڵ ناوزڕاندن دەکات. بۆ نمونە ڕەنگە ڕوبەڕوی ڕێکاری یاسایی بکرێیتەوە ئەگەر شتێک بڵێی بە ''ئیهانە'' لەقەڵەم بدرێت بۆ سەر ووڵاتێکی عەرەبی یان دەسەڵاتدارێکی حکومی. بەڵام هیچ پێناسەیەکی ڕوون لە یاساکاندا نیە لەسەر ئەوەی چی بە ''ئیهانە'' لەقەڵەم دەدرێ بۆیە ئەم بڕگانە زۆر ناڕوون و ناشەفافن. چەند بڕگەیەکی تر باس لە هاندان دەکەن و دەسەڵاتداران بەکاریان دەهێنن لە دژی ئەو کەسانەی کە بە ووتەی ئەوان شتێکیان لە سەر تۆڕی ئینتەرنێت بڵاوکردۆتەوە کە ڕەنگە هانی کەسێک بدات بۆ ئەنجامدانی تاوانێک یان هەڕەشە بێت بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی. بەڵام هیچ ستاندەرێک نیە لەسەر ئەوەی بە کردارەکی مانای ئەمە چیە.

سەرەڕایی دەستگیرکردنیان، زۆرێک لەم کەسانە نامەی هەڕەشەئامێزیان پێدەگات لەڕێگەی تەلەفۆنەکانیانەوە وەک ''سەرەی تۆش دێت. دەتکوژین ئەگەر بەردەوام لەسەر ئەم [کێشەیە] بنووسی.'' هەروەها کێشەیەکی سیستماتیکی لە عێراق هەیە ئەویش ئەوەیە ئەو کەسانەی هەڕەشەیان لێدەکرێ ئەگەر داواکاری لە پۆلیس پێشکەش بکەن، پۆلیس هیچ شتێک ناکات پارێزگاریان لێبکات.

ئەگەر کەسێک لە دادگا تاوانبار کرا بە یەکێک لەم بڕگە ناڕوون و ناشەفافانە، سزاکەی چەند دەبێت؟

ئەوە پشت دەبەستێ بەو بڕگەیەی کە کەسەکەی پێ تۆمەتبار کراوە، دەکرێت ڕوبەڕوی سزای هەتا ١٠ ساڵ زیندانیکردن یان غەرامەی ٨٠٠ دۆلار ببنەوە یان هەردوکیان. هەروەها هەندێکیان دەڵێن هێزە ئەمنیەکان لەکاتی لێکۆڵینەوەدا لێیان دەدەن. بەڵام ئەوەی جێی باسە چەند کەیسێکی زۆر کەممان بە دۆکیومێنت کردووە کە تێیدا کەسێک ناچار بکرێت بە چوونە زیندان بۆ بەسەربردنی سزای زیندانیەکەی. ئاشکرایە کە دەسەڵاتداران بە نیازی ئەوە نین کە زیندانەکان پڕ بکەن لەم کەسانە. هەست دەکەم مەبەست لەم گرتنەبەری ڕێکارە یاساییانە زیاتر بۆ تۆقاندنی خەڵک بێت تا لە داهاتوودا ئەگەر وویستیان پۆستێکی ڕەخنە ئامێز لە فەیسبووک بڵاوبکەنەوە لە دژی حکومەت، نەیکەن. بۆ هەراسان کردن و بێدەنگ کردنیانە.

لەکاتی توێژینەوەکەتدا، هیچ کەیسێک هەبوو کە سەرەنجی تۆی ڕاکێشا بێت؟

پیاوێک بوو بەناوی هەیسەم سولەیمان کە تەمەنی ٤٨ ساڵەو یەکێکە لە ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکان لە نزیک بەغداد دەژی و هەوڵی بنبڕکردنی گەندەڵی لە عێراق دەدات. لە سەرەتای مانگی نیسان، پاش ئەوەی دەبیستێ کە فەرمانگەیەکی ناوخۆی تەندروستی ڕەنگە هەستابێ بە کۆکردنەوەی قازانجێکی زۆر لە زیادەڕەوی لە نرخی دەمامکی کاغەز لە ناوەڕاستی بڵاوبونەوەی پەتای کرۆنا، تۆمەتەکە لە فەیسبووک بڵاودەکاتەوەو داوا لە دەسەڵاتداران دەکات کە لێکۆڵینەوە لەو بارەیەوە ئەنجام بدەن. بۆ ڕۆژی داهاتوو، ئەفسەرانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ دێنە ماڵەکەیی و ئاگاداریەکی بۆ جێدێڵن لەسەر ئەوەی چیتر لە سەر گەندەڵی شت نەنوسێ. پاش چەند ڕۆژێکی کەم، چوار پیاو بە جلوبەرگی مەدەنیەوە دەستگیری دەکەن و ده‌یبه‌نه‌ بنکەی هەواڵگری و لەوێ لێی دەدەن و ناچاری دەکەن بە واژووکردنی دۆکیومێنتێک کە تێیدا نووسراوە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠١٩ لەلایەن وویلاتەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە پشتگیری دارایی کراوە. پاشان بە تۆمەتی ''هەڕەشە لەسەر سەلامەتی گشتی'' بەپێی یاسای سزادان لە بە ئەنقەست بڵاوکردنەوەی زانیاری هەڵە تاوانباری دەکەن.

ژنێک بە ناوی ئەمەل (کە ئەمە ناوی ڕاستەقینەی نیە) کە بۆ ماوەی چەندین ساڵ لە بەسرە لە دژی گەندەڵی خۆپیشاندانی کردووەو بە ئاشکرا لە سەر تۆڕەکانی ئینتەرنێت ڕەخنە لە چەند پارتێکی سیاسی دەگرێت و گرتەی ڤیدیۆیی خۆی بڵاو دەکاتەوە لەکاتی خۆپیشاندانەکانی باشووری عێراق لە ساڵی ٢٠١٨. لە دەوروبەری ئەو کاتەداو شەوێکیان لەکاتێکدا لە ماڵەوە دەبێت، دەبینێ سێ پیاوی دەمامکدار تەقە لە ماڵەکەی دەکەن. لەگەڵ منداڵەکانی لە شارەکە هەڵدێ بەڵام لە پاش سێ هەفتە دەگەڕێتەوە. پاش چەند ڕۆژێکی کەم لە گەڕانەوەی، پیاوێکی چەکدار دێتە ماڵەکەیی و هەڕەشەی لێدەکات و دەڵێ ئەگەر لەگەڵ خێزانەکەی شار جێنەهێڵن هەموویان دەکوژرێن. لەوکاتەوە لە ووڵات هەڵهاتووە.

چ هیوایەک هەیە ئەم حکومەتە نوێیە پێشکەشی بکات بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە؟

یەکەم شت کە دەبێت حکومەت بیکات ئەویش چاکسازی کردنە لە یاساکاندا و گۆڕانکاریکردنە لە یاسای سزادان و ئە یاسایانەی تر کە کێشەی زۆریان هەیە لە پێناو سنوردارکردنی دەرەنجامەکانی خراپ بەکارهێنانی بڕگە ناڕوون و ناشەفافەکانیان. دەبێت هێزە ئەمنیەکان لێکۆڵینەوە لە هەڕەشەو تووندوتیژیەکان لە دژی ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانان و ئەو کەسانەی لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ڕەخنە دەگرن بکەن.

بەڵام دەبێت سەرۆک وەزیران کە خۆی هێزو کاریگەری خۆپیشاندانەکانی ووڵاتی بینیوە پەیامێک بنێرێ بۆ هەموو پێکهاتەو دامودەزگاکانی حکومەت و پێیان ڕابگەیەنێت کە چیتر ناتوانێ لەو کەسانەی قبوڵ بکات کە دەسەڵات و پێگەو پلەیان بەکاردەهێنن بۆ تۆڵەکردنەوە لەو کەسانەی کە شتێک دەڵێن بە دڵی ئەوان نیەو سزایان بدات. ڕەنگە بۆ یەکەم جار لە مێژووی عێراقدا ئەنجامدانی شتێکی لەم جۆرە مەحاڵ نەبێت.   

Your tax deductible gift can help stop human rights violations and save lives around the world.

Region / Country