گرتەیەکی ڤیدیۆیی بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لەلایەن کۆمسیۆنی پەنابەرانی نەرویجی لە بەسرە لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٨. 

© 2018 کۆمسیۆنی پەنابەرانی نەرویجی

یەدەگی نەوتی عێراق لە بەسرە لە هەموو پارێزگاكانی دیكە زیاترە. مانگی كانوونی یەكەمی رابردوو، عێراق رۆژانە 3.726 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە دەكرد و لەو رێگەیەشەوە حكومەت 6.1 ملیار دۆلار لە مانگێكدا داهاتی بوو. بەڵام ئەم سامانە نەبووەتە هۆی ئەوەی بەسراوییەكان تەنانەت بە سەرەتاییترین مافی خۆیان بگەن كە بڕی ئاوی پێویست و سەلامەتە بۆ هەمووان.

نزیكەی 30 ساڵە دەسەڵاتەكانی عێراق نەیانتوانیوە ئاوی خواردنەوەی سەلامەت بۆ ژمارەیەكی زۆر لە عێراقییەكان دابین بكەن. هەر ئەم شكستەش وایكرد ساڵی رابردوو لە بەسرە قەیرانێكی جدیی ئاو بێتەئاراوە كە بووە هۆی ئەوەی بەلایەنی كەمەوە 118 هەزار كەس رەوانەی نەخۆشخانە بكرێن، وەك چۆن هۆكارێكیش بوو بۆ ئەوەی هاوینی رابردوو و ئەم هاوینەش لە هەموو شارەكە خۆپیشاندان بەڕێوەبچێ.

ئەم دۆخە لە ئەنجامی كۆمەڵێك هۆكار هاتووەتە ئاراوە و دەكرێ بگوترێ ئەگەر ئەو هۆكارانە چارەسەر نەكرێن، ئەوە بە دڵناییەوە دەبنە هۆی سەرهەڵدانی كۆمەڵێك قەیران لە داهاتوودا. هۆكارەكانیش بریتین لە دابەزینی ئاستی ئاو، زیادبوونی ئاوی دەریا لە ئاوی شیریندا، پیسبوون و بەڕێوەبردنی خراپی (تۆڕەكانی دابەشكردن)ی ئاو، بەڵام دەسەڵاتی خۆجێیی و فیدراڵی هەوڵێكی ئەوتۆیان نەداوە بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانە، لە كاتێكدا هەندێكیان ئاستی بەرزی بارانی بەهاری ئەمساڵیان كردووە بە بیانوویەك بۆ ئەوەی ساڵێكی دیكەش لەسەر دۆخەكە بوەستن.

یەكێك لە لایەنە هەرە راچڵەكێنەرەكانی قەیرانەكەی یەك ساڵی رابردووی بەسرە نەبوونی هیچ روونكردنەوەیەكی فەرمی بووە سەبارەت بە هۆكاری نەخۆشكەوتنی خەڵك و كێشەكانی ئاو. ئۆفیسی سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق، زانكۆی نەهرەین و رێكخراوی تەندروستیی جیهانی هەموویان تیمیان نارد بۆ ئەوەی نموونەی ئاوی بەسرە تاقی بكەنەوە، بەڵام راپۆرتی ئەو سێ لایەنە بە نهێنی ماوەتەوە. هەر بۆیە ئێمە لە مانگی كانوونی دووەم بۆ لێكۆڵینەوە چووینە بەسرە. 

ئێمە لەگەڵ كەرتی ئاو و بەرپرسانی نەتەوە یەكگرتووەكان چاوپێكەوتنمان كرد، بەڵام هەموو ئەوەی كە ئەوان توانییان پێمانی بڵێن، ئەوە بوو كە "ئاوەكە پیس بووە". كاتێك پرسیاری زیاترم كرد لەبارەی ئەوەی چی لە ئاوەكەدا بوو كە بووە هۆی رشانەوە، سكچوون و ژانە سكی سەخت، هیچ كەسێك نەیتوانی ئەو شتە دەستنیشان بكات كە ئاوەكەی پیس كردبوو.

بۆیە ئێمە هەوڵمان دا دەستنیشانی ئەوە بكەین چ شتێك دەشێ هۆكار بووبێت. تیمەكەی ئێمە بیری لەوە كردەوە كە بەڕێوەبردنی خراپی حكومەت بە چ رێگەیەك دەكرێ هۆكاری پیسبوونی ئاوەكە بووبێ و ئەوە چ كاریگەرییەك لەسەر ژیانی خەڵك دادەنێ. ئێمە بەڵگەمان دەستكەوت كە دانیشتووان، ناوەندە پیشەسازییەكان و كێڵگە كشتوكاڵییەكان لە بەسرە و بەرەو باكووریش، پاشماوەی پاكنەكراوە دەخەنە ناو رووبارەكان. بۆ وەستاندنی ئەمەش حكومەت هیچ رێوشوێنێكی تۆكمەی دانەناوە.

كاتێك چاومان لە وێنەكانی مانگی دەستكرد كردەوە، بەڵگەمان لەبارەی دوو حاڵەتی سەرڕێژبوونی نەوت دەستكەوت، كە هەردووكیان دێنە ناو شەتولعەرەب لە ناوەڕاستی شاری بەسرە، كەچی حكومەت هەرگیز ئەمەی بە راپۆرت ئاشكرا نەكردووە. شەتولعەرەب كە خاڵی یەكگرتنەوەی هەردوو رووباری دیجلە و فوراتە، سەرچاوەی سەرەكی ئاوی شارەكەیە. ئەمە دەشێ ئەوە روون بكاتەوە كە بۆچی هەندێك لە بەسراوییەكان دەیانگوت ئاوی بەلوعەی ماڵەوەیان بۆنی گازوایل دەدات و دەتوانن گڕی تێبەردەن. هەروەها وێنەكانی مانگی دەستكرد بەڵگەی ئەوەشیان تێدایە كە لە كاتی قەیرانەكەدا قەوزەیەكی زیانبەخش لە ناو جەرگەی شاری بەسرەدا هەبووە، ئەوەش شتێكە كە وەك بەرپرسان دەڵێن بە داخەوە هیچكات تاقیكردنەوەی لەسەر نەكراوە.

هەڵبەت هۆكاری دیكەش هەن، وەكو كەمبوونەوەی باران كە بە ئەگەری هەرە زۆر گۆڕانی كەشوهەوا هۆكارەكەیەتی و لێدانی بەنداو لە دیوی سەرەوەی رووبارەكان، لەوانەش لە توركیا و ئێران. ئەو فاكتەرانە‌ بوونەتە هۆی كەمبوونەوەی ئاوی ئەو رووبارانەی دێنە ناو شەتولعەرەبەوە و رێگەش خۆش دەكەن بۆ ئەوەی بە هاوینان ئاوی سوێری زیاتر لە كەنداوەوە بێتە ناو دیوی سەرەوەی رووبارەكان. لە ماوەی قەیرانەكەدا، هەموو ئەو شتەی كە وێستگەكانی پاككردنەوەی ئاو كردیان، ئەوە بوو هەندێك كلۆر بڕژێننە ناو ئاوی رووبارەكەوە، ئەوەش بۆ لادانی پیسیی لە ئاوی سوێر كاریگەریی نییە.

بۆچی دەسەڵات بەردەوام بوو لە ناردنی ئاوی پیسی شەتولعەرەب بۆ ماڵی بەسراوییەكان؟ چونكە لەو كەناڵانەوە كە حكومەت دروستی كردوون، ئاوی پاك بە رێژەی پێویست نایەت. یەكێك لە هۆكارەكان ئەوەیە كە دەسەڵات بۆ ساڵانێكی زۆر رێگەی بە بازرگان و جووتیارەكان دابوو ڕێڕەو لەسەر ئەو كەناڵانە لێبدەن و ئاو بدزن، ئەوەش پێش ئەوەی حكومەت هەڵمەتێك لەدژی دەستپێبكات.

لەكاتێكدا هۆكارەكانی پیسبوونی ئاوی بەسرە و تەنانەت قەیرانە جدییەكەی 2018ش ئاڵۆزن، بەڵام هۆكارەكانی بەشێوەیەكی دڵتەزێن روونن. ماوەیەكی زۆرە دانیشتووانی بەسرە وازیان لە بەكارهێنانی ئاوی بەلوعەكان بۆ خواردنەوە و چێشتلێنان هێناوە. لەبری ئەمە ئاوی وێستگەكانی پاڵاوتن دەكڕن كە بە تانكەر بۆیان دێ، بەڵام بۆ خەڵكانی كەمدەرامەت سەختە پارەی ئەم ئاوی خواردنەوەیان پێ بدرێ. 

 وادیارە دانیشتووانی بەسرە مەترسی نەخۆشییان لەسەرە بەهۆی بەكارهێنانی ئەو ئاوەی بۆ شۆردنەوەی خۆراك و خۆشووشتن بەكاری دەهێنن، لەكاتێكدا دەسەڵات تەنانەت بۆ ئاوێك كە بۆ ئەو مەبەستانەش بەكاردەهێنرێ، هیچ پێوەرێكی نەخستووەتە بواری جێبەجێكردنەوە.

نەبوونی ئاوی پاك لەسەر ناوبانگی بەسرەش قورس كەوتووە كە بە گەورەترین بەرهەمێنەری خورما لەو وڵاتەدا ناسراوە. ساڵانێكی زۆرە جووتیاران بە ئاوی سوێری شەتولعەرەب كێڵگەكانیان ئاو دەدەن، ئەوەش زۆربەی دانەوێڵە و ماڵاتی لەناوبردووە.

عێراقییەكان دەبێ پرسیار لە حكوومەتی فیدراڵ و كاربەدەستانی بەسرە بكەن بۆچی ئاو تووشی نەخۆشییان دەكات. ئەوان مافی خۆیانە هۆكارەكان بزانن و دەسەڵاتدارانیش دەبێ لە كاتی قەیرانەكەدا ئەنجامی بەدواداچوونەكانی خۆیان بڵاوبكەنەوە. دەسەڵات دەبێ هەنگاوی پێویست بۆ چارەسەكردنی هۆكارە ریشەییەكانی قەیرانەكە بنێ و خەڵك ئاگادار بكاتەوە لەو هەنگاوانەی كە ناویەتی بۆ ئەوەی دڵنیاببنەوە ئەو قەیرانە جارێكی دیكە رووناداتەوە.

حكومەت پێویستە سیستەمێكی نیشتمانی بۆ راوێژكاریی تەندروستیی گشتیش دابمەزرێنێ، بۆ ئەوەی ئەگەر پیسبوونێك لە ئاوی گشتی و ژینگەدا روویدا، خەڵك ئاگادار بكاتەوە و راوێژیان پێبدات كە چۆن پارێزراو بن. عێراقییەكان دەبێ داوا لە دەسەڵات بكەن مافی ئەوان لە تەندروستی و پاككردنەوەی ئاو و چارەسەركردنی كێشەكانی دابینكردنی ئاو بپارێزێ و لە كاتی سەرهەڵدانی كێشەدا ئاگاداریان بكاتەوە.