ده‌ستگیركردنی پیاوێك له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی هێزی ئاسایشی نیشتمانی عێراق به‌ تۆمه‌تی هه‌بوونی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ داعش له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی موسڵ له‌ ١٥ی مارسی ٢٠١٧. 

© 2017 Sam Tarling

(هه‌ولێر)—هیومان ڕایتس ۆوچ له‌ ڕاپۆرته‌كه‌ی ئه‌مڕۆیدا ڕایگه‌یاند، له‌ ساڵی ٢٠١٤وه‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كان و سووپای عێراق له‌ڕێی ئۆپراسیۆنه‌كانی دژه‌تیرۆره‌وه‌ به‌ده‌یان پیاویان بێسه‌روشوێن كردووه‌ كه‌ زۆریه‌یان عه‌ره‌بی سوونه‌ن و منداڵی تا ته‌مه‌ن ٩ ساڵیشیان تێدایه‌.

له‌ ڕاپۆرتێكی ٧٨ لاپەڕەیدا له‌ژێر ناونیشانی، ''ژیان به‌بێ باوك بێ مانایه‌: ڕه‌شبگیری و بێسه‌روشوێنكردنی زۆره‌ملێ له‌ عێراق له‌ ساڵی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٧'' كه‌ له‌ تۆێژینه‌وه‌یه‌ك وه‌رگیراوه‌ کە هیومان ڕایتس ۆوچ له‌سه‌ر بێسه‌روشوێنكردنی زۆره‌ملێ له‌ عێراق له‌ ساڵی ٢٠١٤وه‌ ئه‌نجامیداوه‌و، بڵاویكردۆته‌وه‌ له‌دوای ده‌ستپێكردنی ئۆپراسیۆنی دژ به‌ داعش له‌لایه‌ن هێزه‌كانی عێراق، له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی ڕاپۆرتی دۆكیومێنتاری بۆ ٧٤ كه‌یسی تری پیاوان و چوار كه‌یسی منداڵان كه‌ له‌لایه‌ن سوپاو هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی عێراقه‌وه‌ له‌ نێوان نیسانی ٢٠١٤ و تشرینی یه‌كه‌می ٢٠١٧ ده‌ستگیركراون و بێسه‌روشوێنكراون. ئه‌و كه‌یسانه‌ی ڕاپۆرتی دۆكیومێنتاریان بۆ كراوه‌ نموونه‌یه‌كه‌ له‌ په‌تایه‌كی فراوانترو به‌رده‌وام له‌ عێراق. به‌رپرسانی عێراق وه‌ڵامی داواكاری خێزانی بێسه‌روشوێنه‌كان و هیومان ڕایتس ۆوچیان نه‌داوه‌ته‌وه‌ ده‌رباره‌ی زانیاری له‌سه‌ر بێسه‌روشوێنكراوه‌كان.

له‌ما فه‌قیه‌، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری هیومان ڕایتس ۆوچ بۆ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ووتی، ''ئه‌و خێزانانه‌ی باوك و مێردو كوره‌كانیان بێسه‌روشوێن كراون  له‌ عێراق له‌پاش ده‌ستگیركردنیان له‌لایه‌ن هێزه‌كانی عێراقه‌وه‌ به‌په‌ڕۆشن بۆ دۆزینه‌وه‌ی خۆشه‌ویستانیان. سه‌ره‌ڕایی چه‌ندین ساڵ له‌ گه‌ڕان و داواكاری له‌ به‌رپرسانی عێراقی، حكومه‌ت هیچ وه‌ڵامێكی نه‌داونه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر شوێنیان و ئایا هێشتا لە ژیان مابن یان نا.'' 

ڕێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی بۆ بێسه‌روشوێنان كه ‌له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراقی كارده‌كات بۆ دۆزینه‌وه‌ی بێسه‌روشوێنه‌كان، ژماره‌ی بێسه‌روشوێنه‌كانی عێراقی به‌ ٢٥٠ هه‌زار بۆ ١ ملیۆن خه‌مڵاندوه‌. ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ی كه‌ ڕێكخراوی خاچی سووری نێوده‌وڵه‌تی ڕایگه‌یاندبوو كه‌ عێراق زۆرترین ژماره‌ی بێسه‌روشوێنی تێدایه‌ له‌ جیهاندا.

هیومان ڕایتس ۆوچ سوودی له‌و توێژینه‌وانه‌ وه‌رگرتووه‌ كه‌ له‌ ساڵی ٢٠١٤وه‌ له‌سه‌ر بێسه‌روشوێنكردنی زۆره‌ملێ بڵاویكردونه‌ته‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی چاوپێكه‌وتن له‌سه‌ره‌تای ساڵی ٢٠١٦ بۆ مارسی ٢٠١٨ له‌گه‌ڵ خێزانه‌كان و پارێزه‌ران و نوێنه‌رانی كۆمه‌ڵگه‌كانی ٧٨ كه‌س كه‌ حاڵی حازر به‌ زۆره‌ملێ بێسه‌روشوێنكراون، له‌گه‌ڵ سێ كه‌سی تر كه‌ خۆیان بێسه‌روشوێن بوون و دواتر ئازادكراون. توێژه‌ران بێداچوونه‌وه‌یان به‌ دۆكیومێنتی فه‌رمی دادگاو شتی تر كردووه‌ كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ كه‌یسی بێسه‌روشوێنكردنه‌وه‌.

به‌پێی یاسا نێوده‌وڵه‌تیه‌كان بێسه‌روشوێنكردنی زۆره‌ملێ بریتیه‌ له‌ ده‌ستگیركردن و به‌ندكردنی كه‌سێك له‌لایه‌ن به‌رپرسانی ده‌وڵه‌ت یان ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ی كار بۆده‌وڵه‌ت ده‌كه‌ن و له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه‌ پشتگیریان لێده‌كرێ و هیج زانیاریه‌ك له‌ له‌سه‌ر ده‌ستگیركردنی كه‌سه‌كان و شوێن و چاره‌نووسیان نه‌ده‌نه‌ كه‌س و كاریان یان نكۆڵی له‌ ده‌ستگیركردنی كه‌سه‌كان بكه‌ن‌. هه‌ر له‌ یاسا نێوده‌وڵه‌تیه‌كاندا هاتووه‌ كه‌ ده‌بێت لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ كه‌یسه‌كانی بێسه‌روشوێنكردن بكرێ و لێپرسینه‌وه‌ له‌ به‌رپرسیارانیان بكرێ.

ئه‌و كه‌یسانه‌ی بێسه‌روشوێنكردن كه‌ ڕاپۆرتی دۆكیومێنتاریان بۆكراوه‌ له‌لایه‌ن سوپاو هێزه‌ ئه‌منیه‌كان ئه‌نجام دراون. به‌ڵام، ٣٦ كه‌یسیان له‌لایه‌ن گرووپه‌كانی ناو حەشدی شەعبی كه‌ له‌ژێر فه‌رمانده‌ی سه‌رۆك وه‌زیراندایه‌ له‌ بازگه‌كانی ناوعێراقدا ئه‌نجام دراون. شاهێدحاڵان ووتیان، لانی كه‌م له‌ ٢٨ له‌م كه‌یسانه‌ له‌لایه‌ن كه‌تیبه‌كانی حزب الله‌ ئه‌نجام دراون.

ژنێك مێرده‌كه‌ی به‌ناوی 'هه‌ردان' كه‌ ته‌مه‌نی ٤٢ ساڵه‌و‌ له‌ ساڵی ٢٠١٤ ده‌ستگیركراوه‌ ووتی، مێرده‌كه‌ی له‌ وه‌زاره‌تی به‌رگری كاری كردوه‌و ئێستا ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ ته‌نها نێوه‌ی موچه‌كه‌ی ده‌ده‌نێ له‌به‌ره‌وه‌ی به‌ڵگه‌ی ده‌ستگیركردن یان بڕوانامه‌ی مردنی مێرده‌كه‌ی نیه‌. پاره‌ی پێویستی نیه‌ بۆ بژێوی خێزانه‌كه‌یی و به‌خێوكردنی كوڕه‌كانی.

''ژیان به‌بێ باوك بێ مانایه‌،'' ئه‌و ژنه‌ ووتی، ''منداڵه‌كان یاخی ده‌بن و گه‌وره‌كردنیان قورس ده‌بێت. ئه‌م منداڵانه‌ چ گوناهێكیان كردووه‌ كه‌ باوكیان لێسه‌ندراوه‌ته‌وه‌ بۆ ماوه‌ی چوار ساڵه‌.''

هیومان ڕایتس ۆوچ چه‌ند پرسیارێك و لیستێك له‌ ناوی ئه‌و كه‌سانه‌ی بێسه‌روشوێنكراون له‌گه‌ڵ به‌روارو دوا شوێنی بینینیان كه‌ ڕاوێژكاری هیومان ڕایتس ۆوچ دۆكیومێنتی بۆ كردوون ناردووه‌ بۆ ئه‌نجوومه‌نی ڕاوێژكاری سه‌رۆك وه‌زیران له‌ به‌غدا و داکۆکیکاری نێوده‌وڵه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان. هیچ كامیان وه‌ڵامیان نه‌داوه‌ته‌وه‌و هیچ زانیاریه‌كیان ده‌رباره‌ی ئه‌و ده‌ستگیركراوانه‌ نه‌داوه‌. لە ١٨ ی ئەیلولدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەڵام وزانیاری  لەسەر شێوازی دەستگیرکردن و ژمارەی ئەو کەسانەی دەستگیرکراوون خستەڕوو. بەڵام ووەڵامی هیچ پرسیارێکی دیاریکراووی هومان ڕایتس وۆچ ی نەداتەوە دەربارەی شووێن ی ئەو کەسانەی کە لە ڕاپۆرتەکەدا ناویان هاتبوو. بەرپرسانی بەغداد هیچ ووەڵامێکیان نەداوەتەوە.  

زۆرینه‌ی كه‌یسی ئه‌و ٧٨ كه‌سه‌ی كه‌ هیومان ڕایتس ۆوچ ڕاپۆرتی دۆكیومێنتاری بۆ كردوون له‌ ساڵی ٢٠١٤ ده‌ستگیركراون. به‌ڵام، هیومان ڕایتس ۆوچ به‌رده‌وام ڕاپۆرتی كه‌یسی بێسه‌روشوێنكردنی زیاتری له‌ عێراق پێده‌گات. كه‌یسی سێ پیاو له‌ ساڵی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ ده‌ستگیركراون و دواتر ئازادكراون. ئه‌وان ئاماژه‌یان به‌وه‌كرد كه‌له‌لایه‌ن حەشدی شەعبی و ده‌زگای ئه‌منی نیشتمانی له‌ زیندانی نافه‌رمیدا به‌ندكرابوون و هه‌موویان ووتیان، له‌ كاتی به‌ندكردنیان به‌رده‌وام لێیان دراوه‌.

سووپاو هێزه‌ ئه‌منیه‌كان ٣٤ له‌و كوڕو پیاوانه‌یان‌ له‌ بازگه‌كان ده‌ستگیر كردووه‌ له‌ چوارچێوه‌ی پرۆسه‌ی پشكنین و هه‌ڵمه‌تی دژه‌ تیرۆری دژ به‌ ده‌وڵه‌تی ئیسلامی (داعش) و ٣٧ی تریان له‌ناو ماڵه‌كانیان ده‌ستگیركراون. هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ بازگه‌كان بێسه‌روشوێنكراون جگه‌ له‌ یه‌كێكیان نه‌بێت بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ بووه‌ كه‌ له‌ناوچه‌كانی ژێر كۆنترۆڵی داعش ژیاون. بۆ زۆرێك له‌و كه‌یسانه‌ی له‌ناو ماڵه‌كانیان ده‌ستگیركراون هێزه‌ ئه‌منیه‌كان هیچ هۆكارێكی ده‌ستگیركردنه‌كانیان به‌ خێزانه‌كانیان نه‌داوه‌، به‌ڵام خێزانه‌كانیان پێیان وایه‌ هۆكاری ده‌ستگیركردنه‌كان له‌به‌ره‌وه‌ بووه‌ كه‌ عه‌ره‌بی سوونه‌ بوون. له‌لانی كه‌م له‌ شه‌ش له‌م كه‌یسانه‌دا، ئه‌و ئه‌فسه‌رانه‌ی هه‌ستاون به‌ ده‌ستگیركردنیان پێیان ووتون كه‌ ده‌ستگیركردنیان په‌یوه‌ندی به‌ شه‌ڕی داعشه‌وه‌ هه‌یه‌.

له‌و خێزانانه‌ی چاوپێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵ كرا، ٣٨یان داوای زانیاریان ده‌رباره‌ی كه‌س و كاره‌ بێسه‌روشوێنه‌كانیان له‌ به‌رپرسانی عێراقی كردووه‌، به‌ڵام هیچ زانیاریه‌كیان پێنه‌دراوه‌. خێزانه‌كانی تر داوای زانیاریان ده‌رباره‌ی بێسه‌روشوێنكراوه‌كان نه‌كردووه‌ له‌ ترسی ئه‌وه‌ی ڕه‌نگه‌ داواكردنی زانیاری سه‌لامه‌تیان بخاته‌ مه‌ترسیه‌وه‌. هیچ كام له‌ خێزانه‌كان نه‌یانده‌زانی به‌ ڕوونی په‌یوه‌ندی به‌ چ به‌رپرسێكه‌وه‌ بكه‌ن بۆ وه‌رگرتنی زانیاری ده‌رباره‌ی كه‌س و كاره‌ بێسه‌روشوێنه‌كراوەکانیان.

بەپێی یاسای سزادانی عیڕاقی ، پۆلیس لە کاتیکتدا دەتوانێ گوومانلێکراوان دەستگیربکات کە بەپێی بڕیاری دادگا فەرمانی دادوەری بۆ دەرچووبێت و وە پێوویستە گوومانلێکراو لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا بهێنرێتە بەردەم دادوەری لێکۆڵەر بۆ بە یاسایکردنی بەردەوامیدان بە دەستگیرکردنەکان. لەوکەیسانەی کە بە دۆکوومێنتکراون ، خیزان و شاهێدحاڵەکان دەڵێن کە ئەفەسەرەکان هیچ فەرمانی دەستیکردن و بەدووادا گەڕانیان پێنەبووە. وە هیچ لەو خێزانانە نازانن کا ئایا ناسیاوەکانیان لەو ماووە دیاریکراوەدا هێنراوونەتە بەردەم دادوور یان نا.

له‌ سێ كه‌یسدا، ئه‌ندامانی خێزانی بێسه‌روشوێنكراوه‌كان بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان كرد كه‌ ئه‌و ئه‌فسه‌رانه‌ی هه‌ستاون به‌ ده‌ستگیركردنی كه‌س و كاریان هێزیان به‌كارهێناوه‌و له‌ یه‌كێك له‌ كه‌یسه‌كاندا بووه‌ته‌ هۆی مردنی خزمێكی تریان.

په‌یماننامه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ پارێزگاریكردنی هه‌موو خه‌ڵكان له‌ بێسه‌روشوێنكردنی زۆره‌ملێ كه‌ عێراق ئه‌ندامه‌ تێیدا، بێسه‌روشوێنكردنی زۆره‌ملێ قه‌ده‌غه‌ ده‌كات و له‌سه‌ر ده‌وڵه‌تی ناچارده‌كات ڕێگری له‌ بێسه‌روشوێنكردنی زۆره‌ملێ بكات و لێكۆڵینه‌وه‌و لێپرسینه‌وه‌ له‌ هه‌موو كه‌یسێكی بێسه‌روشوێنكردنی زۆره‌ملێ بكات.  چاوەڕوان دەکرا لە ١٨ی ئەیلوولی ٢٠١٨  عیراق ڕاپۆرتێک لەسەر جێبەجێکردنی ئەم یاسایە بنووسێ. هەتا ئیستا هیومان ڕایتس وۆچ نەیتووانیوە بزانێ کە ئایا ئەم ڕاپۆرتە نیردراووە بۆ لیژنەی بێسەرووشووێنکردنی بەزۆرەملێ یان نا.  

ده‌بێت حكومه‌تی نوێی عێراق كه‌ وا پێشبینی ده‌كرێت له‌ چه‌ند هه‌فته‌ی داهاتوودا پێك بهێنرێ له‌دوای هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی مانگی ئازاری ڕابردوو به‌ره‌نگاری بێسه‌روشوێنكردنی زۆره‌ملێ بێته‌وه‌و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ كه‌یسه‌كانی ڕابردوو بكاته‌ ئه‌وله‌ویاتی حكومه‌ته‌كه‌ی تا نیشانی بدات‌ پاپه‌نده‌ به‌ ڕێزگرتن و پارێزگاریكردن له‌ هه‌موو دانیشتوانی عێراق. ده‌بێت ئه‌و حكومه‌ته‌ كۆمیته‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ دروست بكات بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ كه‌یسه‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ بێسه‌روشوێنكردنی زۆره‌ملێ و مردنی زیندانیان له‌ هه‌موو زیندانه‌ فه‌رمی و نافه‌رمیه‌كانی ووڵاتدا.

ئه‌وانه‌ی كه‌ هێشتا له‌ زینداندان ده‌بێت یان به‌فه‌رمی سزابدرێن یان ئازادبكرێن. ئه‌گه‌ر مردوون، ده‌بێت به‌رپرسان لاشه‌كانیان بگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ خێزانه‌كانیان و ڕوونكردنه‌وه‌یان له‌وباره‌یه‌وه‌ بده‌نێ. ده‌بێت لێكۆڵینه‌وه‌ له‌هه‌ر هێزێكی ده‌وڵه‌ت بكرێ كه‌ له‌و پێشێلكاریانه‌وه‌ گلاوه‌و سزا بدرێن و قه‌ره‌بووی خێزانی بێسه‌روشوێنه‌كان بكرێته‌وه‌.

ده‌بێت وولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاو به‌ریتانیا و فه‌ره‌نساو ئه‌ڵمانیاو ووڵاتانی تر كه‌ هاوكاری سه‌ربازی و هه‌واڵگری پێشكه‌شی عێراق ده‌كه‌ن داوای به‌په‌له‌ له‌ به‌رپرسان بكه‌ن بۆ لێكۆڵینه‌وه‌كردن له‌ تۆمه‌ته‌كانی بێسه‌روشوێنكردنی زۆره‌ملێ و هه‌روه‌ها لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ڕۆڵی خۆیان له‌م پێشێلكاریانه‌دا. ده‌بێت هاوكاری سه‌ربازی و ئه‌منی و هه‌واڵگری بۆ ئه‌و یه‌كه‌ سه‌ربازیانه‌ هه‌ڵپه‌سێرن كه‌ له‌و پێشێلكاریانه‌ گلاون هه‌تا ئه‌وكاته‌ی حكومه‌ت ڕێوشوێنێك ده‌گرێته‌به‌ر بۆ به‌جدی كۆتایی هێنان به‌ پێشێلكاری  مافه‌كانی مرۆڤ. 

فه‌قیه‌ ووتی، ''هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی به‌ پێشه‌نگی ئه‌مریكا ملیاره‌ها دۆلاری له‌ یه‌كه‌ ئه‌منی و سه‌ربازیه‌كانی سووپای عێراقدا خه‌رج كردووه‌. ئه‌م ووڵاتانه‌ به‌رپرسیارێتیان هه‌یه‌ له‌سه‌ر پێداگری كردن له‌وه‌ی كه‌ ده‌بێت حكومه‌تی عێراق كۆتایی بهێنێ به‌بێسه‌روشوێنكردنی خه‌ڵك و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی خێزانه‌كانیان.''