(هه‌ولێر)—هیومان ڕایتس ۆوچ له‌ ڕاپۆرته‌كه‌ی ئه‌مڕۆیدا ووتی، ده‌بێت چوار ئۆپراسیۆنی سه‌ربازی توركی له‌ دژی گه‌ریلاكانی پارتی كێڕكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) له‌ باكووری عێراق كه‌ به‌ دڕێژایی ساڵ ئه‌نجامدراون لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌سه‌ر بكرێت به‌ ئه‌گه‌ری پێشێلكاری یاساكانی جه‌نگ. به‌ ووته‌ی شاهێدحاڵان و كه‌س و كاری قوربانیان، هێرشه‌كان بووه‌ته‌ هۆی كوشتنی لانی كه‌م له‌ حه‌وت هاووڵاتی مه‌ده‌نی و بریندار بوونی یه‌كێكی تر.

ماڵی شارۆ مه‌حمود ئیبراهیم له‌ گووندی سه‌ركان پاش ئه‌وه‌ی به‌ر هێرشی ئاسمانی توركیا ده‌كه‌وێت له‌ ٢٢ی مایزی ٢٠١٨و بێته‌هۆی كووشتنی چوار پیاو. 

© 2018 Private

كه‌س و كاری قوربانیان و شاهێدحاڵان له‌ ڕێگه‌ی په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنیه‌وه‌ به‌ هیومان ڕایتس ۆوچیان ووت، له‌ چوار هێرشی زه‌مینی و ئاسمانیدا كه‌ ده‌رده‌كه‌وێ له‌لایه‌ن توركیاوه‌ ئه‌نجامدرابێ له‌ نێوان مایزی ٢٠١٧ و حوزایرانی ٢٠١٨ بووه‌ته‌ هۆی كوشتنی لانی كه‌م له‌ شه‌ش پیاو یه‌ك ئافره‌ت له‌گه‌ڵ برینداربوونی پیاوێكی تر. ووتیان كه‌ هیچ ئامانجێكی سه‌ربازی ئاشكرا له‌ نزیك شوێنی هێرشه‌كانه‌وه‌ نه‌بووه‌. هیومان ڕایتس ۆوچ نه‌یتوانی سه‌ردانی شوێنی هێرشه‌كان بكات، به‌ڵام توانی وێنه‌ی فۆتۆگرافی و بڕوانامه‌ی مردنی قوربانیانی ده‌ستكه‌وێ كه‌ پشتڕاستكه‌ره‌وه‌ی ووته‌كانیان بوو.

له‌ما فه‌قیه‌، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری هیومان ڕایتس ۆوچ بۆ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ووتی، ''له‌كاتێكدا توركیا ئۆپراسیۆنه‌كانی له‌ عێراق زیاد ده‌كات، ده‌بێت هه‌موو هه‌نگاوێكی ووریایی بگرێته‌به‌ر بۆ خۆبه‌دوورگرتن له‌ زیان گه‌یاندن به‌ هاووڵاتیانی مه‌ده‌نی. ده‌بێت توركیا هه‌ستێ به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و هێرشانه‌ی ئه‌گه‌ری به‌ نایاسایی بوونیان لێده‌كرێ و بوونه‌ته‌ هۆی كوشتنی هاووڵاتیانی مه‌ده‌نی و سزای ئه‌وانه‌ بدات كه‌ له‌پشت هه‌ڵه‌ی له‌وجۆره‌وه‌ بوون و قه‌ره‌بووی خێزانه‌كان بكاته‌وه‌.''

په‌كه‌كه‌ كه‌ گرووپێكی نایاسایی چه‌كداره‌ له‌ مێژه‌ بوونی له‌ باكووری عێراق هه‌بووه‌ له‌ نزیك سنووره‌كانی توركیا و ئێران و سووریا. هێزه‌كانی توركیا بۆماوه‌ی زیاتر له‌ ده‌یه‌كه‌ ئۆپراسیۆنی سه‌ربازی له‌ عێراق له‌ دژی په‌كه‌كه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن. ده‌رده‌كه‌وێ له‌ مانگی مارسه‌وه‌، هێزه‌كانی توركیا پێگه‌و بوونیان له‌ باكووری عێراق فراوان كردبێ به‌لانی كه‌م له‌ ٣٠ كیلۆمه‌تر له‌ چوونه‌ قوڵایی خاكی باكووری عێراق و به‌ دامه‌زراندنی چه‌ندین بنكه‌ی سه‌ربازی له‌ ناوچه‌ گووندنشینه‌كانی پارێزگای دهۆك و هه‌ولێركه‌ له‌ژێر كۆنترۆڵی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندایه‌.

دانیشوانی ناوجه‌كان ووتیان، هێزه‌كانی توركیا ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری بنكه‌و باره‌گاكانیان كردووه‌ به‌ ناوچه‌ی دووره‌ ده‌ستی هاووڵاتیان. به‌ڵام بۆ كشتوكاڵ كردن خه‌ڵكی ئه‌م ناوچانه‌ پشت به‌م شوێنانه‌ ده‌به‌ستن كه‌ خه‌ڵكی تێدایه‌.

جوتیارێك كه خۆی‌ له‌و كاته‌دا له‌وێ بووه‌ ووتی، له‌ ٣ی مایزی ٢٠١٧، به‌بێ هیچ ئاگاداركردنه‌وه‌یه‌كی پێشوه‌خت هێزه‌كانی توركیا ده‌ستیان به‌ تۆپبارانكردنی زه‌ویه‌ كشتوكاڵیه‌كانیان كرد كه‌ به‌دووری شه‌ش كیلۆمه‌تر ده‌كه‌ونه‌ باشووری سنووری توركیا ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا بووه‌ كه‌ شه‌ش جوتیار له‌سه‌ر زه‌ویه‌كانیان كاری كشتوكاڵیان كردووه‌. ئه‌و به‌ هیومان ڕایتس ۆوچی ووت كه‌ هاوه‌نی دووه‌م بووه‌ته‌ هۆی كوشتنی خاڵی و برینداربوونی ئامۆزاكه‌ی كه‌ هه‌ردووكیان هاووڵاتی مه‌ده‌نی بوون. ئه‌و ووتیشی ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌و بزانێ چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ له‌وكاته‌دا ٣٠ كیلۆمه‌تر له‌وشوێنه‌وه‌ دووربوون و گوێبیستی هیچ ده‌نگێكی ته‌قه‌كردن نه‌بووه‌ له‌ ئاراسته‌ی ئه‌و شوێنه‌ی كه‌ په‌كه‌كه‌ی لێ بووه‌.

له‌ ١٣ی تشرینی دووه‌م و له‌ ده‌ره‌وه‌ی گوندێكی ناوچه‌ی سیده‌كان، هێرشێكی ئاسمانی توركیا ئۆتۆمبێلێك ده‌كاته‌ ئامانج و پیاوێك له‌ناو ئۆتۆمبێله‌كه‌دا ده‌كوژێ، هاوسه‌ره‌كه‌ی ووتی. ئه‌و ووتیشی كه‌ به‌درێژایی ئه‌و ڕۆژه‌ گوێی له‌ ده‌نگی فڕۆكه‌ بووه‌ له‌ ئاسمانی ناوچه‌كه‌دا و ڕۆژانه‌و بۆ ماوه‌ی مانگێك هێرش بۆسه‌ر ناوچه‌كه‌ ئه‌نجام دراوه‌. هه‌روه‌ها ووتی، باره‌گایه‌كی بێ ناوی په‌كه‌كه‌ به‌ دووری ٢ كیلۆمه‌تر له‌و شوێنه‌وه‌ هه‌بووه‌، به‌ڵام مێرده‌كه‌ی به‌وشوێنه‌دا نه‌ڕۆیشتووه‌.

له‌ ٢٢ی مارسی ٢٠١٨، هێرشێكی ئاسمانی توركیا كه‌ له‌ شه‌ودا ئه‌نجام دراوه‌ ده‌بێته‌ هۆی كوشتنی چوار پیاو كه‌ هه‌موویان ئامۆزابوون و سه‌ردانی ماڵێكی خێزانه‌كه‌یان له‌ گووندێكی ناوچه‌ی چۆمان كردووه‌. به‌پێی ووته‌ی دراوسێیه‌كیان، هیچ په‌یوه‌ندیه‌كیان به‌ په‌كه‌كه‌وه‌ نه‌بووه‌و هه‌رسێكیان پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بوون كه‌ له‌ جه‌نگدا نین له‌گه‌ڵ توركیا. دراوسێ و كه‌س وكاریان ووتیان نزیكترین پێگه‌ی په‌كه‌كه‌ له‌و شوێنه‌وه‌ ٥ كیلۆمه‌تر دووربووه‌وله‌ناو چیاكه‌دا بووه‌، ئه‌وه‌ یه‌كه‌م هێرشی ئاسمانی بووه‌ بۆسه‌ر گوونده‌كه‌.

تۆپبارانێكی تری توركیا له‌ ٣٠ی حوزه‌یران ده‌وروبه‌ر كاتژمێر ٤ی پاش نیوه‌ڕۆو به‌ دووری ٧ كیلۆمه‌تر له‌ دووری سنوور به‌ر كچێكی ١٩ ساڵی مه‌ده‌نی ده‌كه‌وێ و ده‌یكوژێ. باوكی ووتی كه‌ له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌یی و گرووپێل كه‌ خه‌ڵكی گوونده‌كه‌ بووه‌ بۆ چنینه‌وه‌ی گوێزو گیا. ئه‌و ووتیشی كه‌ بنكه‌یه‌كی توركیا به‌ دووری ٣ كیلۆمه‌تر له‌ شوێنی هێرشه‌كه‌و هه‌بووه‌و ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌و بزانێ هیچ گه‌ریلایه‌كی په‌كه‌كه‌ له‌و شوێنه‌ بوونی نه‌بووه‌. 

ڕاپۆرتی میدیاكان و ووته‌ی شاهێدحاڵان كه‌ ئاراسته‌ی هاتنی تۆپه‌كان و فڕۆكه‌یان بینیووه‌ ئاماژه‌ن به‌وه‌ی كه‌ هێزی ئاسمانی توركیا سه‌رچاوه‌ی ئه‌و چوار هێرشه‌ بوون. شاهێدحاڵان ووتیان كه‌ هیچ ئاگاداركردنه‌ویه‌كی پێشوه‌ختیان له‌ عێراق و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و توركیاوه‌ ده‌رباره‌ی خۆبه‌دوورگرتن له‌و شوێنانه‌ی ئۆپراسیۆنه‌ سه‌ربازیه‌كانی لێده‌كرێ پێنه‌گه‌یشتووه‌. هه‌موو ئه‌و چوار خێزانه‌ی كه‌ كه‌س و كاریان له‌ده‌ستداوه‌ ووتیان، هیچ به‌رپرسێك په‌یوه‌ندی پێوه‌نه‌كردوون بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ هێرشه‌كان یان دابینكردنی هیچ قه‌ره‌بوویه‌ك و نازانن چۆن داوای لێكۆڵینه‌وه‌و قه‌ره‌بوو بكه‌ن.

هیومان ڕایتس ۆوچ ووتی، ڕاپۆرته‌كانی كوشتنی لانی كه‌م له‌ حه‌وت هاووڵاتی مه‌ده‌نی له‌و شوێنانه‌ی كه‌ ڕه‌نگه‌ هیچ ئامانجێكی سه‌ربازی له‌ نزیكه‌وه‌‌ نه‌بووبێ ئاماژه‌ن به‌وه‌ی كه‌ ئه‌و هێرشانه‌ نایاسایی بوون به‌پێی یاسای نێوده‌وڵه‌تی و ده‌بێت لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌باره‌وه‌ بكرێ.

بۆئه‌وه‌ی هێرشه‌كان یاسایی بن ده‌بێت توركیا ته‌نها شوێنی سه‌ربازی بكاته‌ ئامانج. هه‌روه‌ها ده‌بێت توركیا ئاگاداری پێشوه‌خت بدات و هه‌موو ڕێگایه‌ك بگرێته‌به‌ر له‌ پێناو پارێزگاریكردنی هاووڵاتیانی مه‌ده‌نی و دڵنیابێت له‌وه‌ی كه‌ هێرشه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی كوێرانه‌ زیان  به‌ هاووڵاتیانی مه‌ده‌نی و سه‌روماڵیان ناگه‌یه‌نێ.  

ئۆپراسیۆنه‌ سه‌ربازیه‌كانی توركیا له‌ عێراق له‌ ڕابردوودا كوژرانی چه‌ندین هاووڵاتی مه‌ده‌نی لێكه‌وتوه‌ته‌وه‌ به‌ هێرشێكی ساڵی ٢٠١٥ شه‌وه‌ بۆسه‌ر چیای قه‌ندیل. ڕاپۆرتی میدیاكان ئاماژه‌یان به‌ ١٥ هێڕشی تری ئۆپراسیۆنه‌ سه‌ربازیه‌كانی تورك  له‌ نێوان مانگی تشرینی یه‌كه‌می ٢٠١٥ و ئابی ٢٠١٨ كردووه‌ كه‌ قوربانی مه‌ده‌نی لێكه‌وتۆته‌وه‌. به‌رپرسانی به‌غدا نكۆڵیان له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ مۆڵه‌تیان به‌ ئۆپراسیۆنه‌كانی توركیا له‌ باكووری عێراق دابێت، به‌ڵام ڕوون نیه‌ كه‌ عێراق و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چ ڕێوشوێنێكیان گرتبه‌ته‌به‌ر بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و هێرشانه‌.

هیومان ڕایتس ۆوچ به‌ نووسراو داوای له‌ توركیاو عێراق و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌ سه‌باره‌ت به‌وه‌ی چ ڕێوشوێنێكیان بۆ كه‌مكردنه‌وه‌و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ قوربانیانی مه‌ده‌نی گرتۆته‌به‌ر له‌گه‌ڵ هاوكاری كردنی قوربانیان و خێزانه‌كانیان له‌ داواكردنی قه‌ره‌بوو. له‌ وه‌ڵامێكدا له‌ ١٦ی ئه‌یلول، دكتۆر دیندار زێباری ڕێكخه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ داكۆكیكردنی نێوده‌وڵه‌تی ووتی كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی هاریكاری له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی توركیا نیه‌ ده‌رباره‌ی ئۆپراسیۆنه‌ سه‌ربازیه‌كانیان له‌ باكووری عێراق. ئه‌و ووتی كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم هانی هه‌ردوولای داوه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ئاشتیانه‌ ناكۆكیه‌كانیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن و به‌رده‌وام ئیدانه‌ی ئه‌و هێرشانه‌ی كردووه‌ كه‌ زیان به‌ هاووڵاتیانی مه‌ده‌نی ده‌گه‌یه‌نن. وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ڕاپۆرتی ده‌ره‌نجامه‌كانی هێرشه‌كانی پێشكه‌ش به‌ حكومه‌تی فیدراڵی عێراق كردووه‌ له‌ پێناو كۆتایی هێنان به‌ هێرشه‌كان.

ئه‌و ٣٢ ڕاپۆرتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی له‌سه‌ر ئۆپراسیۆنه‌ سه‌ربازیه‌كانی ئێران و توركیا له‌ دژی په‌كه‌كه و گرووپی چه‌كداری تر له‌ باكووری عێراق له‌ نێوان كانوونی یه‌كه‌می ٢٠١٦ بۆ ته‌مووزی ٢٠١٨‌ دایه‌ هیومان ڕایتس ۆوچ. به‌ كوورتی ئاماژه‌ی به‌ گووندانه‌ كردووه‌ كه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ ژێر كاریگه‌ری ئه‌و هێرشانه‌و چۆڵكراون به‌هۆی هێرشه‌كانه‌وه‌و ووتی ته‌نها له‌ناوچه‌ی سیده‌كان زیاتر له‌ ٥٠ هاووڵاتی مه‌ده‌نی كوژراون.

 هیومان ڕایتس ۆوچ هیچ وه‌ڵامێكی له‌ به‌رپرسانی عێراقی و توركه‌وه‌ پێنه‌گه‌یشتووه‌.

ده‌بێت توركیاو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌ستن به‌ ئه‌نجامدانی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی شه‌فاف و بێلایه‌ن له‌وباره‌یه‌وه‌ تابزانن كه‌ هێرشه‌كان یاسایی بوون یان نا. ده‌بێت به‌رپرسانی تورك قه‌ره‌بووی قوربانیانی هه‌ر هێرشێكی نایاسایی بكه‌نه‌وه‌و هه‌موو ڕێوشوێنێكی گونجاو بگرنه‌به‌ر له‌پێناو كه‌مكردنه‌وه‌ی قه‌ربانیانی مه‌ده‌نی. هه‌روه‌ها ده‌بێت عێراق و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان فشار بخه‌نه‌سه‌ر توركه‌كان بۆ لێكۆڵینه‌وه‌و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌و هێرشانه‌ی نایاسایی بوون.

فه‌قیه‌ ووتی، ''له‌كاتێكدا ئه‌نجامدانی لێكۆڵینه‌وه‌و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی قوربانیان ئه‌ركی سه‌رشانی توركیایه‌، ده‌بێت به‌غداو هه‌ولێریش هه‌موو هه‌نگاوێكی پێویست بگرنه‌به‌ر له‌ پێناو به‌رگریكردن له‌ هاووڵاتیانی عێراقی له‌ ئۆپراسیۆنه‌ سه‌ربازیه‌ نایاساییه‌كان.''

تۆپبارانی گووندی سنجی له‌ ٣ی مایزی ٢٠١٧

ئیسماعیل سوبحی ته‌مه‌ن ٢٠ ساڵ برازای سوبحی ئیسلام حه‌فیزوڵای ته‌مه‌ن ٤٠ ساڵ كه‌ دوكاندارێكه‌ ووتی، خۆیی و خاڵی و شه‌ش خزمی تری ته‌نها خێزان بوون له‌ناو گوندی سنجی له‌ ناحیه‌ی ئامێدی مابوونه‌وه‌، پاش ئه‌وه‌ی زۆرینه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی له‌ ده‌وروبه‌ری ساڵی ٢٠٠٠ و له‌پاش ده‌ستپێكردنی هێرشه‌كانی توركیا بۆسه‌ر ناوچه‌كه‌یان به‌بیانووی بوونی په‌كه‌كه‌ له‌ ناوچه‌كه‌یان گونده‌كه‌یان جێده‌هێڵن.

سوبحی ووتی تا مایزی ٢٠١٧ سووپای توركیا به‌ دووری ٥٠٠ مه‌تر له‌ ماڵه‌كه‌یانه‌وه‌ دوور بووه‌. ئه‌و ووتی كه‌ بینیوویه‌تی هێزه‌كانی توركیا ده‌ستیان به‌ تۆپبارانكردنی زه‌ویه‌ كشتوكاڵیه‌كانیان كردووه‌ له‌كاتێكدا كاریان تێدا كردووه‌ له‌ ده‌وروبه‌ر كاتژمێر ١٠ی سه‌رله‌به‌یانی ٣ی مایز به‌بێ هیچ ئاگاداركردنه‌وه‌یه‌كی پێشوه‌خت و به‌بێ هیچ هۆكارێك. ئه‌و ووتیشی ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌و زانیبێتی كه‌ چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ ٣٠ كیلۆمه‌تر له‌ شوێنه‌كه‌ی ئه‌وانه‌وه‌ دووربوون. سوبحی گوێی له‌ ده‌نگی هیچ ته‌قه‌كردن و ته‌قینه‌وه‌یه‌ك نه‌بووه‌ له‌و ئاراسته‌یه‌وه‌ بێت. ئه‌و ووتی كه‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ بینیوویه‌تی‌ هاوه‌نێك به‌ دووری ٣٠٠ مه‌تر كێشاویه‌تی به‌ زه‌ویه‌كه‌داو پاشان هاوه‌نی دووه‌م زۆر نزیكتر بووه‌ كه‌ حه‌فیزوڵای كووشتووه‌و ئامۆزاكه‌ی به‌ناوی بێوار نایف سدیقی ته‌مه‌ن ٣٢ ساڵ بریندار كردووه‌ كه‌ پارچه‌ به‌رسه‌رو باڵ و سنگی كه‌وتووه‌. ئه‌و ووتی، هیچ كام له‌ ئه‌ندامانی تری خێزانه‌كه‌ی به‌رنه‌كه‌وتوون.

سوبحی ووتی، به‌هۆی تۆپبارانی به‌رده‌وام ناچاربوون بۆ ماوه‌ی ٣ ڕۆژ ته‌رمی حه‌فیزوڵا جێبهێڵن تا ئه‌و كاته‌ی چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ له‌ ناوچه‌یه‌كی دراوسێی ئه‌و شوێنه‌وه‌ هاتوون بۆ یارمه‌تیدانیان له‌ هێنانه‌وه‌ی ته‌رمه‌كه‌. هه‌روه‌ها هاوڕێكانیان له‌ گوونده‌كانی دراوسێی ئه‌و شوێنه‌وه‌ هاتوون و سدیقیان بردوه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌.

له‌ ٤ی مایز، میدیاكانی توركیا ووتیان كه‌ له‌ هه‌ڵمه‌تێكی ئاسمانیدا له‌ باكووری عێراق ''چوار شوێنی چه‌ك و جبه‌و دوو ئه‌شكه‌وت و په‌ناگای تێرۆریستان وێران كردووه‌.'' هیچ ڕووماڵێكی میدیایی له‌وكاته‌دا له‌سه‌ر تۆپبارانی توركیا له‌ناوچه‌كه‌دا نه‌بووه‌.

هێرشی نزیك گووندی بارمیزا له‌ ١٣ی تشرینی دووه‌می ٢٠١٧

هاوسه‌ری ئه‌مداد عوسمان ده‌روێش حه‌سه‌نی ته‌مه‌ن ٢٤ ساڵ ووتی، خۆیی و مێرده‌كه‌ی كه‌ كاری بازرگانی كردووه‌ له‌ نێوان عێراق و توركیادا له‌ به‌رمیزه‌ ژیاون كه‌ گووندێكه‌ به‌ دووری ٥٠ كیلۆمه‌تر ده‌كه‌وه‌ته‌ باكووری ڕۆژئاوای هه‌ولێر. ئه‌و ووتی، له‌ ١٣ی تشرینی دووه‌م ده‌وروبه‌ر كاتژمێر ٤.٥٠ خوله‌كی پاش نیوه‌ڕۆ ته‌له‌فۆن بۆ حه‌سه‌ن ده‌كات تا پرسیاری لێبكات كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ تا خواردنی بۆ ئاماده‌ بكات. ئه‌و ووتی، ته‌نها ٢ كیلۆمه‌تر له‌ ماڵه‌كه‌وه‌ دوور بووه‌.

ئه‌و ووتی، دوو خوله‌ك له‌ پاش ئه‌وه‌ی ته‌له‌فۆنه‌كه‌م داخست، گوێم له‌ ده‌نگی ته‌قینه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ بوو ڕام كرده‌ ده‌ره‌وه‌و دوكه‌ڵێكی ڕه‌شم بینی و ده‌ستبه‌جێ زانیم مێرده‌كه‌م به‌ركه‌وتووه‌. ته‌له‌فۆنم بۆ باوكی كرد تا پێی بڵێم كه‌ چی ڕوویداوه‌، به‌ڵام بڕوای پێنه‌كردم و ووتی كه‌ خۆیی به‌ره‌و دوكه‌ڵه‌كه ده‌ڕوات‌ تابزانێ جێ بووه‌.

ئه‌و ووتی، باوكی حه‌سه‌ن و گووندنشینه‌كان گه‌یشتنه‌ شوێنه‌كه‌و له‌وێ چاڵێكی گه‌وره‌یان له‌سه‌ر ڕێگاكه‌ به‌دیكردو ئۆتۆمبێله‌كه‌ی حه‌سه‌نیان به‌ هه‌ڵگه‌ڕاوی دۆزیه‌وه‌. خه‌زووری پێی ده‌ڵێ كه‌ ته‌رمه‌كه‌ی حه‌سه‌نیان به‌ دووری دوو مه‌تر له‌ شوێنی ئۆتۆمبێله‌كه‌ دۆزیوه‌ته‌وه‌. دوو وێنه‌ی نیشانداین كه‌ له‌لایه‌ن یه‌كێك له‌ گووندنشینه‌كانه‌وه‌ گیرابوون و له‌ وێنه‌كاندا چاڵێكی گه‌وره‌و ئۆتۆمبێلێكی وه‌رگه‌ڕاوی تێدابوو.

ئۆتۆمبێله‌كه‌ی ئیمداد عوسمان ده‌روێش له‌ پاش به‌ركه‌وتنی هێرشێكی ئاسمانی توركیاو كووشتنی ئیمداد له‌ ١٣ی تشرینی دووه‌می ٢٠١٧ له‌ نزیك گووندی به‌رمیزه‌. 

© 2017 Private

هاوسه‌ره‌كه‌ی حه‌سه‌ن كه‌ نه‌یوویست ناوی بڵاوبكرێته‌وه‌ ووتی،‌ به‌درێژایی ئه‌و ڕۆژه‌ گوێی له‌ ده‌نگی فڕۆكه‌ بووه‌ له‌ ئاسمانی ناوچه‌كه‌دا و ڕۆژانه‌و بۆ ماوه‌ی مانگێك هێرش بۆسه‌ر ناوچه‌كه‌ ئه‌نجام دراوه‌ له‌گه‌ڵ هێرشی ناوه‌ ناوه‌ بۆ بۆ ماوه‌ی چه‌ندین ساڵ. ئه‌و ووتی كه‌ باره‌گایه‌كی په‌كه‌كه‌ به‌ دووری ٢ كیلۆمه‌تر له‌ گوونده‌كه‌وه‌ هه‌بووه‌و ڕه‌نگه‌ هێرشه‌كه‌ بۆ سه‌ر ئه‌و باره‌گایه‌ بووبێ. ووتیشی، به‌هۆی هێرشه‌ ئاسمانیه‌كانه‌وه‌ دانیشتوانی گوونده‌كه‌ زۆر نه‌چوونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ی ماڵه‌كانیان، به‌ڵام مێرده‌كه‌ی پێویست بوو بچێ بۆ كاری بازرگانیه‌كه‌ی بۆ په‌یداكردنی بژێوی خێزانه‌كه‌ی. ئه‌و ووتی، ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌و بزانێ نه‌ به‌رپرسانی عێراقی و نه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و توركیا  هیچ ئاگاداركردنه‌وه‌یه‌كی پێشوه‌ختیان به‌ دانیشتوانی گوونده‌كه‌ سه‌باره‌ت به‌ هێرشه‌كان نه‌داوه‌.

ژنه‌كه‌ی حه‌سه‌ن ووتی كه‌ سوپای توركیا به‌ دووری ٥ كیلۆمه‌تر له‌ گوونده‌كه‌وه‌ بنكه‌ی هه‌بووه‌ به‌ڵام ناوی بنكه‌كه‌ی نه‌زانی. ڕووماڵی میدیای ناوخۆیی له‌سه‌ر هێرشه‌ ئاسمانیه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد سه‌ره‌ڕایی كوشتنی حه‌سه‌ن، هێرشه‌ ئاسمانیه‌كانی تووركیا له‌ هه‌مان كاتداو له‌ هه‌مان ناوچه‌ ئۆتۆمبێلێكیان كردووه‌ته‌ ئامانج و چه‌ند چه‌كدارێكی په‌كه‌كه‌یان تێدا كووشتووه‌.

هێرشێكی سه‌ر گووندی سه‌ركان له‌ ٢٢ی مایزی ٢٠١٨

ڕه‌سول ئاغا عه‌لی ته‌مه‌ن ٤٩ ساڵ كه‌ جوتیارێكی گووندی سه‌ركانه‌ له‌ ناحیه‌ی قه‌سرێی سه‌ربه‌ چۆمان به‌ هیومان ڕایتس ۆوچی ووت، ماڵه‌كه‌ی ٢٠٠ مه‌تر له‌ خانوویه‌كی چۆڵكراوی دراوسێكه‌ی دووربووه‌ به‌ناوی شارۆ مه‌حمود برایمی ته‌مه‌ن ٣١ ساڵ كه‌ ئه‌ندامی هێزی پێشمه‌رگه بووه‌‌. عه‌لی ووتی، له‌ ٢١ی مایز، بینیوویه‌تی كه‌ برایم و ئامۆزاكانی ڕۆشتوونه‌ته‌وه‌ ماڵه‌وه‌ بۆ سه‌یران كردن له‌ باخچه‌كه‌یاندا بۆ به‌سه‌ربردنی ئه‌و شه‌وه‌ له‌وێ.

ماڵی شارۆ مه‌حمود ئیبراهیم له‌ گووندی سه‌ركان به‌رله‌وه‌ی به‌ر هێرشی ئاسمانی توركیا بكه‌وێت له‌ ٢٢ی مایزی ٢٠١٨و بێته‌هۆی كووشتنی چوار پیاو. 

© 2018 Private

له‌ ده‌وروبه‌ر ١ی سه‌رله‌به‌یانی ٢٢ی مایز، عه‌لی به‌ده‌نگی فڕۆكه‌كان له‌ ئاسماندا به‌خه‌به‌ر دێته‌وه‌و ده‌نگی ته‌قینه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ ده‌بیستێ. هه‌ڵده‌ستێت و له‌گه‌ڵ كوڕه‌كه‌ی ڕاده‌كاته‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌و ووتی، بینیان كه‌ خانووه‌ یه‌ك قاته‌كه‌ی برایم وێران بووه‌، به‌ڵام هیچ شوێنێكی تری ناوچه‌كه به‌رنه‌كه‌وتبوو. ‌ به‌ناو پاشماوه‌ی خانووه‌ وێرانبووه‌كه‌دا ده‌گه‌ڕێن و لاشه‌ی چوار پیاو ده‌دۆزنه‌وه‌ كه‌ له‌ سووتاویدا ناناسرێنه‌وه‌. عه‌لی و كوڕه‌كه‌ی لاشه‌كان ده‌گوێزنه‌وه‌ بۆ نزیكترین نه‌خۆشخانه‌ له‌ قه‌سرێ كه‌ ٩ كیلۆمه‌تر دووربووه‌. عه‌لی وێنه‌ی ته‌رمه‌كانی نیشانی هیومان ڕایتس ۆوچ دا.

بڕوانامه‌ی مردنی شارۆ مه‌حمود ئیبراهیم كه‌ له‌ هێرشێكی ئاسمانی توركیادا له‌ ٢٢ی مایزی ٢٠١٨ له‌ ناو ماڵه‌كه‌یدا له‌ گووندی سه‌ركان گیان له‌ده‌ست ده‌دات. 

© 2018 Private

ئامۆزایه‌كی تری برایم كه‌ ته‌مه‌نی ٣٠ ساڵه‌و یاریده‌ده‌ری پرۆفیسۆره‌ له‌ زانكۆیه‌كی ناوچه‌كه‌و داوای كرد ناوی بڵاونه‌كرێته‌وه‌ ووتی،‌ برایم و ئامۆزاكانی به‌ناوی بێژه‌ن مسته‌فا ئه‌بوبه‌كری ته‌مه‌ن ٢١ ساڵ و محه‌مه‌د ئیسماعیل حه‌مه‌دی ٢٠ ساڵ كه‌ هه‌ردووكیان پێشمه‌رگه‌ بوون له‌گه‌ڵ ده‌رباز محه‌مه‌د یونسی ته‌مه‌ن ٢٤ ساڵ كه‌ پارێزه‌ر بووه‌ له‌ ٢١ی مایز ڕۆیشتوون بۆ گوونده‌كه‌. ئه‌و ووتی، پاش شه‌ش كاتژمێر له‌ بردنی ته‌رمه‌كان بۆ نه‌خۆشخانه‌ی قه‌سرێ، پزیشكه‌كان په‌یوه‌ندیان پێوه‌كردوون و پێیان گووتون كه‌ هه‌موویان مردوون. ئامۆزاكه‌ی برایم بڕوانامه‌ی مردنی قوربانیه‌كانی نیشانی هیومان ڕایتس ۆوچدا كه‌ تێیاندا هاتووه‌‌ ئه‌و كه‌سانه‌ له‌ كاتژمێره‌ سه‌ره‌تاكانی ٢٢ی مایزدا له‌ ته‌قینه‌وه‌یه‌كدا گیانیان سپاردووه‌. له‌ بڕوانامه‌كاندا ناو ته‌مه‌ن و پیشه‌ی كه‌سه‌كان هاتووه‌. میدیایه‌كی ناوخۆیی ڕووماڵی ئه‌و هێرشه‌ ئاسمانیه‌ی كردبوو.

بڕوانامه‌ی مردنی ده‌رباز محه‌مه‌د یونس كه‌ له‌ هێرشێكی ئاسمانی توركیادا له‌ ٢٢ی مایزی ٢٠١٨ له‌ ناو ماڵه‌كه‌یدا له‌ گووندی سه‌ركان گیان له‌ده‌ست ده‌دات. 

© 2018 Private

عه‌لی و ئامۆزاكه‌ی برایم ووتیان كه‌ ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌وان بزانن په‌كه‌كه‌ له‌ چیاكان بوون كه‌ ٥ كیلۆمه‌تر له‌ گوونده‌كه‌وه‌ دووربووه‌و هه‌ندێك له‌ چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ سه‌ردانی گوونده‌كانی تری دراوسێیان كردووه‌ به‌ڵام نه‌چوونه‌ته‌ سه‌ركان. هه‌روه‌ها ووتیان هیچ كام له‌ قوربانیه‌كان په‌یوه‌ندیه‌كیان به‌ په‌كه‌كه‌وه‌ نه‌بووه‌. ئه‌وه‌ یه‌كه‌م جار بووه‌ گوونده‌كه‌ بكرێته‌ ئامانج هێرشی ئاسمانی، ووتیشیان، كه‌ هه‌فتانه‌ هێرشی ئاسمانی بۆسه‌ر ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ر‌ ئه‌و گوونده‌ به‌رده‌وامه‌.

بڕوانامه‌ی مردنی بێژان مسته‌فا ئه‌بوبه‌كر كه‌ له‌ هێرشێكی ئاسمانی توركیادا له‌ ٢٢ی مایزی ٢٠١٨ له‌ ناو ماڵه‌كه‌یدا له‌ گووندی سه‌ركان گیان له‌ده‌ست ده‌دات. 

© 2018 Private

ئۆفیسی ڕاوێژكاری سووپای توركیا له‌ توویتێكدا له‌ ٢٧ی مایز ڕایگه‌یاند كه‌ ''له‌ ٢٢ی مایزی ٢٠١٨ له‌ئه‌نجامی هه‌ڵمه‌تێكی هێرشی ئاسمانی له‌ دژی ڕێكخراوه‌ تێرۆریسته‌ جوداخوازه‌كان كه‌ خۆیان بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر هێزه‌كانیان له‌ به‌شی باكووری عێراق له‌ ناوچه‌ی قه‌ندیل ئاماده‌كردبوو، ٤١ تێرۆریست له‌ناوبراون.'' ئه‌و ئۆپراسیۆنه‌ به‌ دوورودرێژی له‌ میدیای توركیدا ڕووماڵی بۆ كراوه‌. هیچ كام له‌ ڕووماڵی میدیا توركیه‌كان ئاماژه‌یان به‌ مردنی هیج هاووڵاتیه‌كی مه‌ده‌نی نه‌كردبوو هه‌روه‌ها  ئاماژه‌یان به‌وه‌كردبوو كه‌ فه‌رمانده‌ی ئه‌ركانی سووپای توركیا، هۆڵوسی ئاكار قسه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و سه‌ربازانه‌ كردووه‌ كه‌ ئۆپراسیۆنه‌كه‌دا به‌شداربوون ووتبووی هیچ زیانێك به‌ هاووڵاتیانی مه‌ده‌نی نه‌گه‌یشتووه‌.

بڕوانامه‌ی مردنی محه‌مه‌د ئیسماعیل حه‌مه‌د كه‌ له‌ هێرشێكی ئاسمانی توركیادا له‌ ٢٢ی مایزی ٢٠١٨ له‌ ناو ماڵه‌كه‌یدا له‌ گووندی سه‌ركان گیان له‌ده‌ست ده‌دات. 

© 2018 Private

له‌پاش هێرشه‌كه‌، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق ئیدانه‌ی ئه‌و ئۆپراسیۆنه‌ سه‌ربازیانه‌ی كرد.

تۆپبارانكردنی نزیك گووندی هاڵانیان له‌ ٣٠ی حوزه‌یرانی ٢٠١٨

باوكی دونیا ڕه‌شید مه‌جیدی ته‌مه‌ن ١٩ ساڵ ووتی،‌ له‌ ٣٠ی حوزه‌یران له‌ كاتژمێر ٤ی پاش نیوه‌ڕۆ، خۆیی و كچه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ خزمه‌كانی به‌ ئۆتۆمبێل ڕۆیشتن بۆ ناوچه‌یه‌كی ده‌ره‌وه‌ی گووندی هاڵانیا‌ به‌ دووری ٧ كیلۆمه‌تر له‌ سنووری توركیا بۆ كۆكردنه‌وه‌ی هه‌ندێك گوێزو گیا. به‌پێی ووته‌ی تیمی ئاشتی مه‌سیحی كه‌ گرووپێكی ناحكومیه‌و له‌ناوچه‌كه‌ ئاماده‌یی هه‌یه‌، به‌رله‌ دوو ڕۆژ ناوچه‌كه‌ له‌لایه‌ن توركیاوه‌ تۆپباران كرابوو. باوكه‌كه‌ كه‌ داوای كرد ناوی بڵاونه‌كرێته‌وه‌ ووتی،  خۆیی و خێزانه‌كه‌ی به‌رده‌وام چوونه‌ته‌ ناوچه‌كه‌و له‌ ٣٠ی حوزه‌یران زیاتر له‌ ٣٠ گووندنشین كه‌ منداڵیشیان تێدابووه‌ ڕۆیشتوونه‌ته‌ ئه‌و شوێنه‌ بۆ كۆكردنه‌وه‌ی گوێزو گیا.

ئه‌و ووتی كه‌ نزیكه‌ی ٣٠٠ مه‌تر له‌ دونیاوه‌ دوور بووه‌ كاتێك هاوه‌نێك له‌ نزیكیانه‌وه‌ ده‌یدا به‌ زه‌ویداو دووه‌م هاوه‌ن به‌ر دونیا ده‌كه‌وێ. پارچه‌ به‌ر لاشه‌ی كچه‌كه‌ی ده‌كه‌وێت و ده‌ستبه‌جێ ده‌یكوژێ. به‌ ئۆتۆمبێل لاشه‌كه‌ی ده‌باته‌ گووندی هاڵانیاو له‌وێوه‌ ئۆتۆمبێلێكی فریاگوزاری ده‌یگوازێته‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ی ئاشتی له‌ مێرگه‌سووری قه‌زای سۆران. بڕوانامه‌ی مردنی كچه‌كه‌ی نیشانی هیومان ڕایتس ۆوچ دا كه‌ تێیدا نووسرابوو ته‌قینه‌وه‌ هۆكاری مردنه‌كه‌ی بووه‌.

بڕوانامهی مردنی دونیا ڕهشید نهجیب بهگ كه له تۆپبارانێكی سووپای توركیا له ٣٠ی حوزهیرانی ٢٠١٨ له زهوییهكی كشتوكاڵی نزیك گووندی هاڵانیا گیان لهدهست دهدات.

© 2018 Private

باوكی ووتیشی،‌ بنكه‌یه‌كی توركه‌كان به‌ دووری ٣ كیلۆمه‌تر له‌ شوێنی هێرشه‌كه‌وه‌ هه‌بووه‌و ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌و بزانێ هیچ چه‌كدارێكی په‌كه‌كه‌ له‌وناوچه‌یه‌ بوونی نه‌بووه‌. هه‌روه‌ها به‌رله‌ هێرشه‌كه‌ گوێی له‌ ده‌نگی هیچ ته‌قه‌كردنێك نه‌بووه‌. ڕێكخراوێكی مرۆیی نێوده‌وڵه‌تی كه‌ وێنه‌یه‌كی شوێنی هێرشه‌كه‌ی بڵاوكردبوویه‌وه‌و ووتبووی‌ له‌شوێنی هێرشه‌كه‌ هاوه‌نی دۆزیوه‌ته‌وه‌.

ئه‌كاوونتی تویته‌ری سووپای توركیا باسی له‌ ئۆپراسیۆنێكی ئاسمانی له‌ باكووری عێراق و ناوچه‌ی توركیا له‌ ٣٠ حوزه‌یران و ١ی ته‌مووز كردبوو كه‌ تێیدا باسی له‌ له‌ناوبردنی ٨ تێرۆریست كردبوو.'' ڕوون نیه‌ كه‌ ئایا مه‌به‌ستیان له‌ تۆپباران كردنه‌كه‌ی هالانیا بووه‌.