(به‌یروت)--هیومان ڕایتس ۆوچ له‌ ڕاپۆرته‌كه‌ی ئه‌مڕۆیدا ڕایگه‌یاند، له‌ مانگی حوزه‌یرانی ٢٠١٧وه‌ هێزه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان (KRG) هه‌ستاون به‌ ده‌ركردنی لانی كه‌م له‌ چوار خێزانی یه‌زیدی و هه‌ڕه‌شه‌ كردن له‌ چه‌ندینی تر، ئه‌مه‌ش له‌به‌ره‌وه‌ی خزم و كه‌س و كاریان په‌یوه‌ندیان به‌ هێزه‌كانی سه‌ر به‌ حكومه‌تی عێراقیه‌وه‌ كردووه‌. هێزه‌كانی ئاسایشی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌ستاون به‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی خێزانه‌ ئاواره‌كان بۆ شنگال ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ خۆراك و خزمه‌تگوزایه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان له‌و ناوچه‌یه‌ زۆر كه‌من.

سەربازێکی یەزیدی لە شنگال،عیراق، ١٦ ی تشرینی دووەم ی ٢٠١٥

© ٢٠١٥ ڕیتەرز

هیومان ڕایتس ۆوچ ووتی، ده‌ركردنی خێزانه‌ یه‌زیدیه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستانی عێراق (KRI)  بە هۆکاری پەیوەندیکردنی یه‌كێك له‌ كه‌س و كاریان  به‌ حەشدی شەعبیەوە‌ ده‌چێته‌ خانه‌ی سزادانی به‌ كۆمه‌ڵ كه‌ ئه‌مه‌ش پێشێلكردنی یاسا نێوده‌وڵه‌تیه‌كانه‌.

له‌ما فه‌قیه‌، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری هیومان ڕایتس ۆوچ بۆ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ووتی، ''ده‌بێت به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وازبهێنن له‌ ده‌ركردنی خێزانه‌ یه‌زیدیه‌كان به‌هۆی چالاكی خزم و كه‌س و كاریان كه‌ جۆرێكه‌ له‌ سزادانی گشتی. ئه‌م خێزانه‌ ئاوارانه‌ مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ به‌ زۆره‌ملێ نه‌گه‌ڕێندرێنه‌وه‌ بۆ ماڵ و گوونده‌ وێرانه‌كانیان.''

هیومان ڕایتس ۆوچ له‌گه‌ڵ سێ فه‌رمانده‌ی یه‌زیدی قسه‌ی كرد كه‌ گووتیان هێزە یه‌زیدیەکان له‌ژێر ناوی (كه‌تیبه‌ی ئێزیدخان) په‌یوه‌ندیان به‌ حەشدی شەعبیەوە‌ كردووه‌و له‌ چوار ناوچه‌ی شنگال جێگیر كراوون. له‌ ڕووی ته‌كنیكیه‌وه‌ شنگال له‌ژێر كۆنترۆڵی ئیداره‌ی حكومه‌تی ناوه‌ندی عێراقه‌، به‌ڵام هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ناوچه‌كه‌ چالاكن و كۆنترۆڵی ڕێگای سه‌ره‌كی نێوان شنگال و هه‌رێمی كوردستانی عێراقیان كردووه‌.

له‌ كۆتایی مانگی حوزه‌یران و سه‌ره‌تای مانگی ته‌مووز، هیومان ڕایتس ۆوچ چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ ٩ ئاواره‌ی یه‌زیدی خه‌ڵكی گوونده‌كانی كۆچۆو تل كساب و سیباو شێخ قادری شنگال كرد كه‌ حەشدی شەعبیەوە‌ له‌ مانگی مایز ئه‌م گووندانه‌ی له‌ ده‌وڵه‌تی ئیسلامی (ناسراو به‌ داعش) پاكرده‌وه‌. هه‌موو ئه‌م نۆ كه‌سه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستانی عێراق ژیاوون و خوازیار نه‌بوون بگه‌ڕێنه‌وه‌ گوونده‌كانیان به‌هۆی وێرانكاری به‌رفراوانی ماڵ و موڵكیان و گۆڕی به‌ كۆمه‌ڵ و بۆمبی نه‌ته‌قاوه‌ و نه‌بوونی ئاو كاره‌با. له‌ پاش هێرشه‌كانی داعش بۆ ناوچه‌كه‌و كۆمه‌ڵكوژی و به‌ كۆیله‌كردنی هه‌زاران یه‌زیدی، خێزانه‌كانیان له‌ مانگی ئابی ٢٠١٤ له‌ شنگال هه‌ڵهاتوون. هه‌موو ئه‌وانه‌ی چاوپێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵ كرا ووتیان، ئاسایش هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ركردنی لێكردوون به‌هۆی بوونی خزم و كه‌س و كاریان له‌ناو كه‌تیبه‌ی ئێزیدخان و به‌ گووته‌ی ئه‌وان به‌م دوایانه‌و له‌ ٥ی ته‌موزی ٢٠١٧هێزه‌كانی ئاسایش به‌ زۆره‌ملێ چوار خێزانیان گه‌ڕاندۆته‌وه‌ بۆ شنگال.

پیاوێكی  یه‌زیدی كه‌ له‌ كامپێكی نزیك زاخۆی هه‌رێمی كوردستانی عێراق ژیابوو ووتی، له‌ كۆتایی مانگی مایز سێ له‌ كوڕه‌كانی په‌یوه‌ندیان به‌ كه‌تیبه‌ی ئێزیدخان سه‌ربه‌  حەشدی شەعبیەوە‌ كردووه‌. له‌ ١٢ی حوزه‌یران، ئه‌فسه‌رێكی ئاسایش پێی گووتوه‌ بڕواته‌‌ بنكه‌ی ئاسایش بۆ ڕۆژی داهاتوو. ئه‌و گووتی، كاتێك ده‌گاته‌‌ بنكه‌ی ئاسایش، له‌وێ ئه‌فسه‌ره‌كان پێی ڕاده‌گه‌یه‌نن ئه‌گه‌ر كوڕه‌كانی نه‌هێنێته‌وه‌ ناو كامپه‌كه‌و واز حەشدی شەعبی نه‌هێنن، ئه‌وا ده‌بێت خۆیی و ١٥ له‌ ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی تا ٢١ی حوزه‌یران هه‌رێمی كوردستانی عێراق جێبهێڵن و بگه‌ڕێنه‌وه‌ كۆچۆ.

كوڕه‌كانی واز له‌ گرووپه‌كه‌ ناهێنن بۆیه‌ له‌ ٢٩ی حوزه‌یران ئه‌فسه‌رانی ئاسایشی كامپه‌كه‌ فه‌رمان به‌ خۆیی و خێزانه‌كه‌ی ده‌كه‌ن ده‌ست به‌جێ كامپه‌كه جێبهێڵێ‌. ئه‌و پیاوه‌ داوای ٢٤ كاتژمێری زیاتر ده‌كات بۆ ئاماده‌كردنی خێزانه‌كه‌ی، به‌ڵام ئه‌فسه‌ره‌كان داواكه‌ی ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌. ئه‌فسه‌رێك خۆیی و خێزانه‌كه‌ی به‌ ئۆتۆمبێل ده‌باته‌ شنگال. ئه‌و ووتی، ''نازانم چیبكه‌م له‌وێ. گوونده‌كه‌م به‌ ته‌واوی خاپوور بووه‌و ئاو كاره‌با له‌ ناوچه‌كه‌ نیه‌.''

پیاوێكی تری یه‌زیدی كه‌ له‌ كامپێكی نزیك دهۆك ژیابوو ووتی، له‌ كۆتایی مانگی مایس باوكی په‌یوه‌ندی به‌ كه‌تیبه‌ی ئێزیدخان كردووه‌. له‌ ٢١ی حوزه‌یران، ئه‌فسه‌رانی ئاسایشی كامپه‌كه‌ پێیان ڕاگه‌یاندووه‌ كه‌ خێزانه‌ ١٠ كه‌سیه‌كه‌یان یه‌ك هه‌فته‌یان هه‌یه‌ له‌ قه‌ناعه‌ت كردن به‌ باوكیان بگه‌ڕێته‌وه‌ ماڵه‌وه‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌موویان له‌ هه‌رێمی كوردستانی عێراق ده‌رده‌كرێن. له‌ ٣٠ حوزه‌یران، ئه‌فسه‌ره‌كان پێی ده‌ڵێن له‌به‌ره‌وه‌ی باوكیان نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، ده‌بێت خێزانه‌كه‌ هه‌مان ڕۆژ كامپه‌كه‌ جێبهێڵن.

ئه‌و ووتی، له‌به‌ره‌وه‌ی مامێكی په‌یوه‌ندی نزیكی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ ئه‌فسه‌ره‌كان پێیان ووتوه‌ خێزانه‌كه‌ شه‌رمه‌زار ناكه‌ن له‌ پێچانه‌وه‌یان له‌ خێمه‌كه‌دا له‌بری ئه‌وه‌ ڕێگه‌ به‌ خزمێكیان ده‌ده‌ن به‌ ئۆتۆمبێل بیانباته‌‌ شنگال. ئه‌و ووتی، '' ئێستا له‌ ماڵی خزمێكمان له‌ خانه‌سوورلە ( شنگال ) ده‌ژین له‌به‌ره‌وه‌ی گوونده‌كه‌مان هێشتا پڕه‌ له‌ مین. نازانین چیبكه‌ین.''

پیاوێكی یه‌زیدی كه‌ له‌ كامپێكی نزیك زاخۆ ده‌ژی ووتی، له‌ ١٧ حوزه‌یران، دوو ئه‌فسه‌ری ئاسایش له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئۆفیسی كامپه‌كه‌ پێیان گووتوه‌ كه‌ ده‌زانن براكه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ كه‌تیبه‌ی ئێزیدخانەوە كردووه‌ و ئه‌گه‌ر براكه‌ی له‌ ماوه‌ی چوار ڕۆژدا گرووپه‌كه‌ جێنه‌هێڵێ، خێزانه‌ ١٠ كه‌سیه‌كه‌یان ده‌گه‌ڕێندرێنه‌وه‌ بۆ كۆچۆ له‌ شنگال. ئه‌و پیاوه‌ ووتی، دوو برای په‌یوه‌ندیان به‌ كه‌تیبه‌ی یه‌زیدی كردووه‌و نایانه‌وێ ئه‌و گرووپه‌ چه‌كداره‌ جێبهێڵن. لانی كه‌م ١٠ خێزانی تری كامپه‌كه‌ به‌و پیاوه‌یان گووتوه‌ كه‌ ئاسایش هه‌مان داواكاری له‌وانیش كردووه‌. ئه‌و ووتی، ئه‌و خێزانه‌كانی تر چاوه‌ڕێن له‌ هه‌ر ڕۆژێكدا ده‌ربكرێن.

فه‌رمانده‌یه‌كی كه‌تیبه‌ی ئێزیدخان ووتی، له‌ ٢٤ی حوزه‌یران، ئه‌فسه‌رانی ئاسایش ته‌له‌فۆنیان بۆ خێزانه‌كه‌ی كردووه‌ كه‌ له‌ گووندێكی نزیك دهۆك ده‌ژین و پێیان ڕاگه‌یاندوون بچنه‌‌ بنكه‌ی ئاسایشی ئه‌و شاره‌. ئه‌فسه‌رێك به‌ڵێننامه‌یه‌ك به‌ ژنه‌كه‌ی واژوو ده‌كات كه‌ خۆیی و دوو كچه‌كه‌ی له‌ ماوه‌ی حه‌وت ڕۆژدا هه‌رێمی كوردستانی عێراق جێده‌هێڵن به‌هۆی ڕۆڵی مێرده‌كه‌ی له‌ناو حەشدی شەعبی، فه‌رمانده‌كه‌ ووتی. ئه‌و ووتی، '' نازانم خێزانه‌كه‌م به‌رمه‌ كوێ. ناتوانم بیانهێنمه‌ ئێره‌ بۆ شنگال. كچه‌ گه‌وره‌كه‌م خوێندكاری كۆلێژی ئه‌ندازیاریه‌ له‌ زانكۆی ئه‌مریكی له‌ دهۆك و ناتوانین خوێندنه‌كه‌ی پێ ببڕین.''

ژنێكی یه‌زیدی كه‌ بۆماوه‌ی ساڵ و نیوێك له‌لایه‌ن داعش ده‌ستگیر كرابوو ئێستا له‌گه‌ڵ دوو خزمی له‌ شارۆچكه‌یه‌كی نزیك دهۆك ده‌ژی ووتی، براكه‌ی له‌ ناوه‌ڕاستی مانگی مایس په‌یوه‌ندی به‌ كه‌تیبه‌ی ئێزیدخان  كردووه‌. له‌ ١٤ی حوزه‌یران، ئه‌فسه‌رێكی ئاسایش ده‌چێته‌ ماڵه‌كه‌یی و پێی ده‌ڵێ كه‌ بۆ به‌یانی داهاتوو بڕواته‌ بنكه‌ی ئاسایش. كاتێك ده‌گاته‌ ئه‌وێ، ئه‌فسه‌رێك پێی ده‌ڵێ ئه‌گه‌ر براكه‌ی نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌وا ده‌بێت خۆیی و دوو خزمه‌كه‌ی بگه‌ڕێنه‌وه‌ كۆچۆ. ئه‌و ووتی كه‌ قه‌ناعه‌تی به‌ براكه‌ی كردووه‌ له‌ جێهێشتنی كه‌تیبه‌ی ئێزیدخان و ئاسایشی له‌م هه‌وڵه‌ی ئاگادار كردۆته‌وه‌.

هیومان ڕایتس ۆوچ  ڕاپۆرتی ده‌ركردن و گه‌ڕانه‌وه‌ی  له‌سه‌ر كه‌یسی ١٥ خێزانی تری یه‌زیدی بۆ شنگال له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئاسایش له‌ چالاكاوانانی یه‌زیدیه‌وه‌ پێگه‌یشت، به‌ڵام نه‌یتوانی ئه‌و ڕاپۆرتانه‌ پشت ڕاست بكاته‌وه‌.

له‌ ٢٣ی حوزه‌یران، هیومان ڕایتس ۆوچ كۆمه‌ڵێك پرسیاری سه‌باره‌ت به‌م تۆمه‌تانه‌ بۆ دكتۆر دیندار زێباری به‌رپرسی كۆمسیۆنی باڵای پێداچوونه‌وه‌و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ڕاپۆرته‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نارد. به‌ڵام، هیومان ڕایتس ۆوچ هیچ وه‌ڵامێكی پێنه‌گه‌یشتووه‌.

له‌ ساڵی ٢٠١٦، هیومان ڕایتس ۆوچ ڕاپۆرتی دۆكیومێنتاری له‌سه‌ر سنوورداركردنی جموجوڵی شتومه‌ك و خۆراك بۆ ناوه‌و ده‌ره‌وه‌ی شنگال كردو تێیدا ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو كه‌ ئه‌و كاره‌ كاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر ژیان و گوزه‌رانی دانیشتوانه‌كه‌یی و توانایان له‌ ده‌ستكه‌وتنی خۆراك و ئاو چاودێری ته‌ندروستی هه‌بووه‌.

سێ كارمه‌ندی مرۆیی به‌ هیومان ڕایتس ۆوچیان ووت، له‌ دوای مانگی مایسە ‌وه‌ بارودۆخه‌كه‌ پێشكه‌وتنی به‌رچاوی به‌خۆوه‌ بینیوه‌. به‌ڵام، له‌كاتێكدا شتومه‌كی زیاتر دێته‌ ناو شنگال به‌هۆی گه‌ڕانه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی زیاتر له‌ خێزانه‌كان له‌ ساڵی ٢٠١٧، زۆرێك له‌ شتومه‌كه‌كان باجی زۆریان ده‌خرێته‌سه‌ر، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ كڕینی ئه‌و شتومه‌كانه‌ به‌ده‌ر له‌ توانای زۆرێك له‌ خێزانه‌كان بێت.

له‌ ساڵی ٢٠١٦، هیومان ڕایتس ۆوچ هه‌روه‌ها ڕاپۆرتی دۆكیومێنتاری له‌سه‌ر چه‌ند كه‌یسێك كرد كه‌ تێیاندا هێزه‌كانی ئاسایش فه‌رمانیان به‌ چه‌ند خێزانێك كردبوو له‌ جێهێشتنی هه‌مان ئه‌م كامپ و ناوچانه‌ له‌ ده‌وروبه‌رو ناو شاری دهۆك و هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ركردنیان له‌ خێزانی تر كردبوو له‌ هه‌رێمی كوردستانی عێراق پاش ئه‌وه‌ی بۆیان ده‌ركه‌وتبوو كه‌ منداڵه‌كانیان په‌یوه‌دنیان به‌ هێزه‌كانی سه‌ربه‌ پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه)‌ له‌ شنگال كردبوو. 

یاسا مرۆییه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان سزادانی به‌ كۆمه‌ڵ قه‌ده‌غه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش هه‌رجۆره‌ سزاو هه‌راسان كردن و كردنه‌ ئامانجی گرووپێكی دیاریكراو له‌ خه‌ڵك له‌لایه‌ن به‌رپرسانه‌وه‌ ده‌گرێته‌وه‌ به‌هۆی ئه‌نجامدانی چالاكی و كارێك كه‌ خۆدی خۆیان ئه‌نجامیان نه‌دابێت.

له پره‌نسیپه‌كانی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان سه‌باره‌ت ئاواره‌بوونی نێوخۆیی ووڵات هاتووه‌ هه‌موو ئاواره‌یه‌كی نێوخۆیی مافی ئازادی هاتوچۆو ئازادی هه‌ڵبژاردنی شوێنی نیشته‌جێبوونی هه‌یه‌ (پره‌نسیپی ١٤). هه‌روه‌ها مافی چوونه‌ به‌شێكی تری ووڵاتیان هه‌یه‌ له‌ پێناو سه‌لامه‌تی ژیانیان و ده‌بێت پارێزراوبن له‌ هه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی زۆره‌ملێ بۆ ''هه‌رشوێنێك كه‌ ژیان و سه‌لامه‌تی و ئازادی و ته‌ندروستیان له‌ مه‌ترسیدا بێت'' (پره‌نسیپی ١٥).

فه‌قیه‌ ووتی، ''ڕه‌نگه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چاره‌ی حەشدی شەعبی نه‌وێت، به‌ڵام سزادانی ئه‌ندامانی  خێزانی چه‌كدارانی حەشدی شەعبی شێوازێكی هه‌ڵه‌و نایاساییه‌ بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌م بابه‌ته‌.''