Skip to main content

کوردستانى عیراق: بڕگەکانى قەدەغەکردنى شێواندنى کۆئەندامى زاوزێى مێینە لە پڕۆژە یاسایى توندوتیژى خێزانى جێبەجێ نەکراوە

پاش تێپەڕبوونى ساڵێک بەسەر یاساکە، هێشتا ئەنجامدانی ئەم دیاردەیە بەردەوەمە

(هەولێر) ـ هیومان ڕایتس وۆچ ئەمڕۆ ڕایگەیاند، سەرەڕاى تێپەڕبوونى یەک ساڵ  بەسەر خستنە بوارى جێبەجێکردنى بڕگەکانى قەدەغەکردنى شێواندنى کۆئەندامى زاوزێى مێینە لە یاساى توندوتیژى خێزانى، هێشتا ئەنجامدانی ئەم نەریتە لە کوردستانى عێراق بەردەوامە، چونکە حکومەتى هەرێمى کوردستان هەنگاوى نەناوە بۆ جێبەجێکردنى یاساکە. لە 11ى ئابى ساڵى 2011 دا، یاساى توندوتیژى خێزانى کە چەند بڕگەیەک لەخۆدەگرێت بە مەبەستى کۆتایى هێنان بە دیاردەى شێواندنى کۆئەندامى زاوزێى مێینە،  خرایە بوارى جێبەجێکردنەوە. پەیڕەوکردنى ئەم نەریتە لەسەر ئاستى نێو دەوڵەتى وەک شێوازێکى توندوتیژى بەرامبەر ژنان ناسراوە.

هیومان ڕایتس وۆچ تێبینى کرد کە حکومەتى هەرێمى کوردستان دەستى کردووە بە هەڵمەتێکى هۆشیار کردنەوە  لەسەر ماددەکانى پرۆژە یاسایى توندوتیژى خێزانى لە ڕێگەى مەشق پێکردنى دادوەرەکان و ناردنى نووسراوى فەرمى بۆ بنکەکانى پۆلیس. بەڵام وادیارە کە هەنگاوى هاوشێوە نەنراوە  بۆ جێبەجێکردنى بڕگەکانى  قەدەغەکردنى شێواندنى کۆئەندامى زاوزێى مێینە. لە کۆتایى مانگى ئایارەوە تا ناوەڕاستى ئەم مانگە ، هیومان ڕایتس وۆچ چاوپێکەوتنى لەگەڵ زیاتر لە 60 گوندنشین و پۆلیس و پارێزەرو بەرپرسانى حکومى و چالاکەوانانى مافى مرۆڤ لە ناوچەکانى چەمچەماڵ و چۆمان و هەولێرو پێنجوێن و پشتدەرو ڕانیە و سۆران و شەقڵاوە سەبارەت بەم کێشەیە ئەنجام داوە.

جۆو ستۆرک، جێگرى بەڕێوەبەرى هیومان ڕایتس وۆچ لە خۆرهەڵاتى ناوەڕاست، ووتى،" بە تێپەڕاندنى پڕۆژ یاسایى توندوتیژى خێزانى پەرلەمانى هەرێمى کوردستان هەنگاوێکى گەورەى بەرەو پێشەوە نا. ئێستا لەسەر دەستەڵاتدارانى حکومەت پێویستە پرۆسە قورسەکە دەست پێبکەن ئەوەش بە ئامادەکردنى پلانێکى گشتگیرو تۆکمە بۆ جێبەجێکردنى یاساکە لە ڕێگەى هۆشیار کردنەوەى کۆمەڵگە و پۆلیس و پسپۆڕانى تەندروستى سەبارەت بە قەدەغەکردنى شێواندنى کۆئەندامى زاوزێى مێینە."

لە مانگى حوزەیرانى ساڵى 2010 دا، هیومان ڕایتس وۆچ، ڕاپۆرتێکى 81 لاپەڕەیى بە ناونیشانى "بردیانم و هیچیان پێ نەووتم: شێواندنى کۆئەندامى زاوزێى مێینە لە کوردستان" بڵاوکردەوە. لە ڕاپۆرتەکەیدا هیومان ڕایتس وۆچ، داوا لە دەستەڵاتدارانى حکومى و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى دەکات هەنگاوى بە پەلە بنێن بۆ کۆتایى هێنان بەم دیاردەیە. ڕاپۆرتەکە باس لە بەسەرهاتى ئەو کچ و ژنانە دەکات کە خەتەنەکراون و ئەو ئاسەوارە جەستەیى و دەروونیانەى لە ئەنجامى ئەم دیاردەیەوە دووچارى بوونەتەوە.  لە مانگى حوزەیرانى ساڵى 2011دا، پەرلەمانى هەرێمى کوردستان پڕۆژە یاسای توندوتیژى خێزانى تێپەڕاند.

لە چەند مانگى ڕابردوودا هیومان ڕایتس وۆچ  چاوپێکەوتنى لەگەڵ زیاتر لە 20 گوندنشین کرد کە کچەکانیان لە نێوان تەمەنى 4 تا 12 ساڵیدا خەتەنەکراون. هەندێکیان ووتیان چیتر بە نیازنین کچەکانیان خەتەنە بکەن، ئەمەش لە ژێر کاریگەرى ئەو هەڵمەتانەدا بووە کە نوێنەرانى ڕێکخراوە ناحکومیەکان بۆ هۆشیار کردنەوەى ئەو گوندنشینانە لە ناوچەکانیان ئەنجامیان داوە. بەڵام  هەندێکى کەمیشیان ووتیان، بەردەوامن لەسەر پەیڕەو کردنى نەریتەکە. هەموو ئەوانەى چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کرا ووتیان کە هیچ هەنگاوێک یان هەوڵێکى حکومەتیان بەدی نەکردووە لە هۆشیار کردنەوەى خەڵکى لەسەر ئەم دیاردەیە.

ژنێکى خەڵکى ڕانیە ووتى، "باشە، لەبەرەوەى ئێستا یاساکە هەیە، خەڵکى زۆر باسى دیاردەکە ناکەن، بەڵام ئەگەر کەسێک لە گوندەکەى من یان هەر گوندێکى تر بیەوێت کچەکەى خەتەنە بکات، ئەوا زۆر بە ئاسانى بە نهێنى دەتوانێ ئەنجامى بدات."

چەندین پۆلیس بە هیومان ڕایتس وۆچیان ووت کە هیچ ڕوون کردنەوەو فەرمانێکیان لە بەرپرسەکانیانەوە سەبارەت بە قەدەغەکردنى شێواندنى کۆئەندامى زاوزێى مێینە پێ نەگەیشتووە. بەڕێوەبەرى بەشى بەدواداچوونى تووندوتیژى دژ بە ژنان لە وەزارەتى ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ هیومان ڕایتس ووچى پشت ڕاستکردەوە کە هیچ جۆرە زانیارى و ڕوونکردنەوەیەک لەسەر قەدەغەکردنى دیاردەکە بۆ بنکەکانى پۆلیس نەنێرراوە.

لە تەمووزى 2010 دا، لیژنەى فتواى یەکێتى زانایانى ئاینى ئیسلامى کوردستانى  فتواى دەرکرد کە خەتەنە کردنى مێینە لە ئیسلامدا فەرز نیە. بەڵام هەر لەدواى تێپەڕاندنى یاساى توندوتیژى خێزانى لەلایەن پەرلەمانى کوردستانەوە، مەلا ئیسماعیل سۆسێى لە ووتارى هەینیدا داواى لە مەسعود بارزانى سەرۆکى هەرێم کرد کە پرۆژە یاساکە ئیمزا نەکات. هەرچەندە مەسعود بارزانى پرۆژە یاساکەى ئیمزا نەکرد، بەڵام  لە بەروارى 11ى ئابى  2011 دا، بەڵام ڕێگەیدا پرۆژە یاساکە بخرێتە بوارى جێبەجێکردنەوە لە ڕۆژى بڵاوکردنەوەى یاساکە لە ژمارە 132ى وەقائع، رۆژنامەی فەرمى حکومەت. هەندێک پێیان وابوو ئەمە هەوڵێکى بارزانى بوو بۆ خۆبەدوور گرتن لە ڕووبەڕوبوونەوە لەگەڵ مەلا ئاینیەکانى وەک سوسێى، بەڵام ئەم شێوازە ناردنى پەیامێک بوو بۆ  ئەو کەسانەى دژى یاسا دەوەستنەوە دەتوانین بەردەوامبن لە کەمکردنەوەى بەهای ئەو یاسایە.

ئەندامانى پەرلەمان و چالاکەوانانى کۆمەڵگەى مەدەنى ڕەخنەی ئەوەیان لە حکومەت گرت کە هیچ هەنگاوێکى نەناوە بۆ کەمکردنەوەى دیاردەکە. هەروەها ووتیان دیاردەى شێواندنى کۆئەندامى زاوزێى مێینە بە شێوەیەکى بەربڵاو ئەنجام دەدرێت بە تایبەت لە ناوچەکانى وەک ڕانیە و حاجى ئاوا و قەڵا دزە.

کوێستان عەبدوڵا، ئەندامى لیژنەى کاروبارى ژنان لە پەرلەمانى کوردستان، ووتى، "تێپەڕاندنى یاسا لە کوردستان ئاسانە، بەڵام جێبەجێکردنەکەى مەسەلەیەکی ترە بە تایبەت یاسایەکى لەو جۆرە کە لەلایەن هەموو چین و توێژەکانى کۆمەڵگەوە قبوڵ ناکرێت." کوێستان ووتى، "یاساى توندوتیژى خێزانى بە هەموو لایەنەکانیەوە هێشتا نەیتوانیوە لە ڕووى پراکتیکیەوە پشتگیرى لە ژنان بکات، بەتایبەت بڕگەکانى قەدەغەکردنى شێواندنى کۆئەندامى زاوزێى مێینە. هیچ شتێک لە ئارادا نیە و لە ڕاستیدا هیچ کەسیش باس لە پلانەکانى جێبەجێکردنەکەى ناکات." 

هیومان ڕایتس وۆچ  رایگەیاند کە پێویستە حکومەتى هەرێمى کوردستان هەنگاوى جدى بنێت لە پێناو جێبەجێکردنى بڕگەکانى قەدەغەکردنى شێواندنى کۆئەندامى زاوزێى مێینە ئەمەش لە ڕێگەى مەشق کردن بە پۆلیس و  دادگاکان و لێپرسراوانى حکومى . هەروەها هیومان ڕایتس وۆچ ئاماژە بەوە دەدات کە هەندی لە مامانەکان، ئەوانەى هیچ خولێکى زانستیان نەبینیوەو مۆڵەتى وەزارەتى تەندروستیان نیە بەردەوامن لە خەتەنەکردنى کچان، هەر هەوڵێک بدرێت بۆ بنبڕ کردنى بۆ ئەم نەریتە پێویستە مامانەکانى لێ بێ بەش نەکرێت و سەرچاوەیەکى دارایى دیکەیان بۆ بدۆزرێتەوە بۆ پەیداکردنى بژێوى ژیانیان.

هیومان ڕایتس وۆچ ووتى، پێویستە لەسەر وەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئاینى هەرێمى کوردستان مەشق و ڕاهێنان و خولى هۆشیار کردنەوە بۆ مامۆستایانى ئاینی دابین بکات لە پێناو کۆتایى هێنان بە توندوتیژى دژى ژنان بەتایبەت  نەهێشتنى نەریتى شێواندنى کۆئەندامى زاوزێى مێینە. پێویستە لەسەر وەزارەتەکە زانیاریەکانى فتواکەى حوزەیرانى ساڵى 2010 بخاتە نێو بەرنامەى ئەو خول و ڕاهێنانانەوە. لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە وەزارەتى ئەوقاف کەناڵێکى گەیاندنى ناڕەزایى  دابمەزرێنرێت  تا لەم ڕێگەیەوە خەڵکى بتوانن وەزارەتەکە ئاگادار بکەنەوە لەو مەلایانەى بەردەوام لە ووتارەکانیاندا بانگەشەى ئەوە دەکەن کە شێواندنى کۆئەندامى زاوزێى مێینە فەرزێکى ئاینیە.

بۆ زانیارى زیاتر لەسەر چاوپێکەوتنەکان لەگەڵ گوندنشینان و لێپرسراوانى حکومى هەروەها ئەو گرووپانەى لە ناوچەکەدا کاردەکەن، تکایە تەماشاى راثؤرتةكةي لاى خوارەوە بکە.

بەربڵاوى شێواندنى کۆئەندامى زاوزێى مێینە لە کوردستانى عیراق

بەپێى  ڕێکخراوى تەندروستى جیهانى شێواندنى کۆئەندامى زاوزێى مێینە بریتیە لە "بڕینى بەشێک یان تەواوى بەشى دەرەوەى کۆئەندامى زاوزێى مێینە یان  بریندارکردنی بەشەکانى  تری کۆئەندامى زاوزێى مێینە بەبێ بوونی هیچ هۆکارێکى تەندروستى." شێواندنى کۆئەندامى زاوزێى مێینە پێشێل کردنى مافەکانى ژیان و تەندروستى و جەستەیى و جیاکارى ڕەگەزیە بۆسەر ژنان، هەروەها دەچێتە قاڵبى مامەڵەکردنى توندوتیژى و ئەشکەنجەدان و کەمکردنەوەى بەهاکانى ئەو کەسە. سەرەڕایى ئەمانەش لەبەرئەوەى ئەم نەریتە لەسەر کچانى خوار تەمەن 18 ساڵ ئەنجام دەدرێ بۆیە دەچێتە خانەى پێشێل کردنى مافەکانى ژیان و جەستە و تەندروستى بۆسەر منداڵان.

بەر لە دەرچوونى پرۆژە یاساى توندوتیژى خێزانى، توێژینەوەى ڕێکخراوە حکومى و ناحوکمیەکانەوە دەریان خست کە لانى کەم لە %40 ى ژنان و کچانى هەرێمى کوردستان دووچارى شێواندنى کۆئەندامى زاوزێى مێینە بوونەتەوە، توێژینەوەکان دەریان خست لە %80 ى کچان و ژنانى ناوچەی گەرمیان خەتەنەکراون. پاش بڵاوکردنەوەى ڕاپۆرتەکەى هیومان ڕایتس وۆچ لە ساڵى 2010 دا، وەزارەتى تەندروستى هەرێمى کوردستان لە راپرسییەکدا  کە 5000 ژن و کچ  بەشدارییان تێداکرد، رایگەیاند کە %41 ئەو ژن و کچانە خەتەنەکراون. ئامارەکەى وەزارەتى تەندروستى ئاماژەى بەوەکرد کە بەربڵاووى ئەنجامدانی نەریتەکە لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکى تر جیاوازە.

لە مانگى نیسانى 2012دا، ڕێکخراوى وادى، گرووپێکى ئەڵمانیە بۆ بەرگریکردن لە مافەکانى مرۆڤ  کە چەندین هەڵمەتى هۆشیارکردنەوەى دژى شێواندنى کۆئەندامى زاوزێى مێینە لە کوردستان ئەنجام داوە، بەهاوکارى سەنتەرى "پەنا" بۆ بەرگریکردن لە مافەکانى ژنان ڕاپۆرتێکیان بڵاوکردەوە. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتبوو کە شێواندنى کۆئەندامى زاوزێى مێینە لە نێو نەتەوە جیاوازەکانى کەرکوکدا بەشێوەیەکى بەرچاو بەربڵاوە، ڕێژەى 65.4% ژنانى کورد  25.7% ژنانى عەرەب هەروەها 12.3% ژنانى تورکمان.

نەبوونى هەنگاوی  فەرمى

کوردە عومەر، بەرێوەبەرى بەشى بەدواداچوونى توندوتیژى دژى ژنان لە وەزارەتى ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لە ڕێکەوتى 8ى ئابى ئەم مانگە بە هیومان ڕایتس وۆچى ووت، "بە گشتى، یاساکە جێبەجێ نەکراوە." هەروەها ووتى، "تا ئێستا نزیکەى 68 نامیلکەى بچووکمان لەسەر بڕگەکانى یاساکە ئامادە کردووەو لە نێو ئەفسەرەکانى پۆلیس و قوتابخانە و کۆلێجەکاندا بڵاومان کردونەتەوە. هەروەها خولى ڕاهێنانمان بۆ ئەفسەرانى فەرمانگەکەمان کردۆتەوە تا بەشێوەیەکى گونجاو مامەڵە لەگەڵ کەیسەکانى  توندوتیژى بەرامبەر ژنان بکەن. کوردە ووتى،" فەرمانێک هەیە بۆ دامەزراندنى نزیکەى 100 فەرمانبەر لە فەرمانگەکەى ئێمە و فەرمانگەکانى ترى حکومەت بۆ مامەڵە کردن لەگەڵ ئەم کێشانەدا. بە نیازین زۆرێک لەوانەى دایان دەمەزرێنین لە ڕەگەزى مێ بن."  

سەبارەت بە جێبەجێ کردنى بڕگەکانى قەدەغە کردنى شێواندنى کۆئەندامى زاوزێى مێینە لە یاسای توندوتیژى خێزانى، کوردە ووتى، "وەزارەتەکەیان هێشتا هیچ ڕێنمایى و فەرمانێکى لەسەر ئەم بابەتە دەرنەکردووە، بەڵام لە کۆبوونەوەکەى 8ى ئابى ئەم مانگەدا، نێچیرەڤان بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، "پێداگرى لەسەر جێبەجێ کردنى یاساکە کردووە." هەروەها ووتى، نێچیرەڤان بارزانى لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیەکانى ترى وەک داد، کە بەرپرسیارە لە دامەزراندنى دادگایەکى تایبەت بە یاساکە، کۆبووەتەوە.

کوردە ووتى، "بەرپرسانى وەزارەتى داد  بڕوایان وایە بە دەستهێنانى پلانێکى لەو جۆرە ئاسان نیە و پێویستى بە دادوەرو فەرمانبەرى زۆر شارەزایە،" هەروەها ووتى، "خەڵکى سکاڵاکانیان لەسەر شێواندنى کۆئەندامى زاوزێى مێینە بۆ ئێمە ناهێنن. ئەگەر کەسێک بینی یان بیستی ئەم نەریتە لە شوێنێکدا پەیڕەو دەکرێ و پۆلیسى لێ ئاگادار بکاتەوە، ئەوکات پۆلیس ڕێوشوێنى تایبەت دەگرێتە بەر."

لە 13ى حوزەیراندا، ئەفسەرێکى پۆلیس بە هیومان ڕایتس وۆچى ووت، کە بەڕێوەبەرایەتیەکەیان هیچ تێبینى و ڕێنماییەکى سەبارەت بە جێبەجێ کردنى یاساکە پێنەگەیشتووە. ئەفسەرەکە ووتى،" ئێمە دەربارەى یاساکە دەزانین، چونکە ساڵى پار کاتێک یاساکە دەرچوو زۆرێک لە میدیاکان باسیان کرد." ئەفسەرەکە ووتیشى، "لە ڕاستیدا نازانم ئەو شتانە چین دەبێت قەدەغە بکرێن. هیچ فەرمانێکمان لەسەر یاساکە پێنەگەیشتووە."

لە 25ى حوزەیراندا، ئەفسەرێکى پۆلیس لە سلێمانى بە هیومان ڕایتس وۆچى ووت، "پێمان ووترا کە فەرمانێکى تازە هەیە بۆ گرتنى ئەو پیاوانەى بە خراپى لە ژنەکانیان دەدەن، چونکە ئەم یاسایە دەرچووە، بەڵام هیچ شتێکمان لەسەر شێواندنى کۆئەندامى زاوزێى مێینە پێنەگەیشتووە."

ڕێکخراوەکانى مافى مرۆڤ لە کوردستان ووتیان بەپێى ئەزموونیان، ئەوانیش بەردەوام ئەم جۆرە وەڵامانە وەردەگرن.

لەنێو ئەو دادوەرو فەرماندانەى پۆلیس، کە ژمارەیەکى کەمن و ئاگاداری ناوەرۆکی یاساکەن، ووتیان هیچ ڕوون کردنەوەو ڕێنماییەکیان لەسەر چۆنیەتى جێبەجێ کردنى یاساکە پێنەگەیشتووە.

هەڵمەتى هۆشیار کردنەوەى لەلایەن گرووپە ناحکومیەکانەوە

فەلاح مورادخان، ڕێکخەرى پڕۆژەکان لە ڕێکخراوى وادى ئەڵمانى، ووتى،" هەڵمەتى هۆشیار کردنەوە لەلایەن حکومەتەوە بۆ بڕگەکانى ترى یاساى توندوتیژى خێزانى هەبووە، بەڵام هیچ هەڵمەتێکى لەو جۆرانە بۆ بڕگەکانى قەدەغەکردنى شێواندنى کۆئەندامى زاوزێى مێینە ڕێک نەخراوە چونکە ئەم بابەتە بە تابوو تەماشا دەکرێت." هەروەها ووتى، " وەزارەتى تەندروستى و پەروەردەوە هیچ هەڵمەتێکى  هۆشیار کردنەوەیان لەسەر ئەم بابەتە ڕێک نەخستووە."

"ئێمە تێدەگەین مامەڵە کردن لەگەڵ ئەم کێشەیەدا هەندێک کاتى پێویستە، بەڵام نابینین حکومەت هیچ شتێک لەم بارەیەوە بکات. ئەو مامانانەى لەلایەن وەزارەتى تەندروستیەوە مۆڵەتیان پێدراوە دووبارە مەشقى نوێیان پێنەکراوەتەوە هەروەها هیچ ڕێنماییەک بە پۆلیس نەدراوە بۆ جێبەجێ کردنى یاساکە."

تارا عەلى، ئەندامى سەندیکاى پارێزەرانى ژنان لە سلێمانى(WOLA)، بە هیومان ڕایتس وۆچى ووت، "یاسایەکى باشە، بەڵام هیچ هەوڵێکى جدى لەلایەن حکومەتەوە نادرێت بۆ جێبەجێ کردنى یاساکە- تەنانەت لە قۆناغى سەرەتایشدا نین."

تارا بەشێوەیەکى گشتى ئاماژەى بە یاساى توندوتیژى خێزانى کردوو ووتى، "یاساکە دەڵێ پێویستە فەرمانبەرى ژن لە بنکەکانى پۆلیس دابمەزرێنرێن  تا کارئاسانى بکەن لە مامەڵە کردن لەگەڵ ئەم کێشەیەدا. " هەروەها ووتى، "لە کۆى شەش بنکەى پۆلیس لە سلێمانى کە سەردانمان کردوون، هیچ کام لەم بنکانە هیچ فەرمانێکیان پێنەگەیشتووە بۆ دامەزراندنى فەرمانبەرى ژن لە بنکەکانیان."

ڕێکخراوى وادى ئەڵمانى بە هیومان ڕایتس وۆچى ووت، ئەم بارودۆخەى ئێستا تەنها هاندەرە بۆ پەیڕەو کردنى نەریتەکە بەشێوەیەکى نهێنى. فەلاح ووتى، "لە ڕابردوودا زۆر ئاسانتر بوو، وا لە ژنێک بکرێت باس لە دیاردەکە بکات." هەروەها ووتى، " ئێستا کە زۆرجار پێیان دەڵێین، پەیڕەوکردنى  نەریتەکە  قەدەغەکراوە، دەترسن و چیتر نایانەوێت هیچ لەو بارەیەوە بڵێن."

ئێستا ئەگەر ژنێک دان بەوەدا بنێ کە کچەکەى خەتەنە کراوە پێمان ناڵێ کێ خەتەنەى کردووە." فەلاح ووتیشى، "ئێستا نەریتەکە بە نهێنى پەیڕەو دەکرێ  تەنانەت لەو ناوچانەشى کە بە ئاشکرا دژى یاساکە دەوەستنەوە لە دواى دەرچوونیەوە."  

ئامینە ڕەسول موسا، لێپرسراوى هۆبەى گوندنشینەکان لە یەکێتى ژنانى کوردستان، ئەنجامدانى نەریتەکەى بە نهێنى پشت ڕاست کردەوە. بەپێى زانیاریەکانى  ئامینە ، شێواندنى کۆئەندامى زاوزێى مێینە هێشتا بەشێوەیەکى بەربڵاوو لە ناوچە گوندنشینەکان پەیڕەو دەکرێ. ئامینە بە هیومان ڕایتس وۆچى ووت، "کاتێک زانیارى لەسەر ژنێک وەردەگرین کە خەریکى خەتەنەکردنى کچانە، سەردانى دەکەین و پرسیارى لەسەر بابەتەکە لێدەکەین. بەڵام ژنەکەو دراوسێکانیشى  نکۆڵى لە ڕاستیەکە دەکەن. ئیتر ئێمە دەستمان دەبەسترێتەوە. ئێمە پۆلیس نین. خەڵکى هەست دەکەن پۆلیس لێکۆڵینەوە لەم بابەتە ناکات ئەگەر بە نهێنى ئەنجام بدرێت، لەبەرەوە ئێستا زۆرێکیان هیچ ناڵێن لەسەر شێواندنى کۆئەندامى زاوزێى مێینە، بەڵام بەردەوامن لە پەیڕەو کردنى نەریتەکە."

چاوپێکەوتن لەگەڵ گوندنشینەکان

ئەو گوندنشینانەى کە چاوپێکەوتنیان لەگەڵ هیومان ڕایتس وۆچ کرد ووتیان ئەو زانیاریانەى لەسەر یاساکە بیستوویانە لە ڕێگەى نوێنەرانى ڕێکخراوە ناحکومیەکانەوە بووە کە سەردانى ناوچەکانیان کردوون وەک بەشێک لە هەڵمەتى هۆشیارکردنەوەى شێواندنى کۆئەندامى زاوزێى مێینە.

هەموویان ووتیان کە  چاوەڕوانى ئەوە نین ڕووبەڕوى سزایى یاسایى ببنەوە لە ئەنجامى نەریتەکەوە. ژنێکى خەڵکى ڕانیە ووتى، "باشە، لەبەرەوەى ئێستا یاسایەک هەیە،  خەڵک زۆر باسى ئەم بابەتە ناکەن، بەڵام ئەگەر خەڵک لە گوندەکەى من یان لە گوندەکانى تر بیانەوێت کچەکانیان خەتەنە بکەن، زۆر بە ئاسانى دەتوانن بە نهێنى ئەنجامى بدەن." هەروەها ووتى، "کەس بیر لەوەناکاتەوە کە ڕووبەڕوى سزایى یاسایى ببێتەوە، چونکە هیچ شتێک نە لە تەلەفیزیۆنەکانەوە نە لەلایەن پۆلیسەوە ناوترێ.تەنها ئەوانەى بە ئاشکرا باسى ئەم دیاردەیە دەکەن مەلاکانن ئەوانیش دژى یاساکە قسەدەکەن. "

هەندێک لە ژنەکان ئاماژەیان بەوەکرد هەڵمەتى هۆشیار کردنەوە لەلایەن حکومەتەوە کاریگەرى دەبێت لەسەر بڕیارەکانیان سەبارەت بە دیاردەکە.

 ژنێکى خەڵکى ناوچەى پشدەر بە هیومان ڕایتس وۆچى ووت، "ئەم ڕێکخراوە ناحکومیانە دێن بۆ ئێرەو پێمان دەڵێن خەتەنەکردن بۆ کچەکانمان خراپە، بەڵام مامۆستایانى ئاینى لە مزگەوتەکانەوە پێمان دەڵێن شتێکى باشە." ژنەکە ووتى، "نازانم باوەڕ بەکێ بکەین." لە وەڵامى پرسیارێکدا ئایا یاساى قەدەغەکردنى شێواندنى کۆئەندامى زاوزێى مێینە کاریگەرى هەبووە لەسەر بڕیارەکەى، ژنەکە ووتى، "ڕێکخراوە ناحکومیەکان پێمان دەڵێن پەیڕەو کردنى ئەو نەریتە دژى یاسایە، بەڵام لە هیچ کەسى تر ئەمەمان نەبیستووە جگە لەوان نەبێت."

ژنێکى ترى خەڵکى ڕانیە بە هیومان ڕایتس وۆچى ووت، هێشتا بڕیارى نەداوە کە کچەکەى بۆلاى مامان بەرێ بۆ خەتەنەکردن، "لە ناخى دڵمەوە نامەوێت ئەمە بکەم، بەڵام زۆربەى خەڵکانى دەووروبەرم پێم دەڵێن زۆر گرنگە لەسەر تەقالیدى کۆمەڵگەکەمان بەردەوام بین."  ژنەکە  ووتیشى، "تا ئێستا، هیچ شتێکم لە حکومەتەوە نەبیستووە. لەبەرەوە ئێستا ناتوانم بڕیار بدەم، بەڵام ئەگەر کەسێک لە حکومەتەوە بێت و پێمان بڵێ ئەنجامدانى ئەم کارە قەدەغەیە و هۆکارەکانیمان بۆ ڕوون بکاتەوە، ڕەنگە ئەمە یارمەتیم بدات لە پاراستنى کچەکەم لە خەتەنە کردن."

ژنێکى تر لە ڕانیە بە هیومان ڕایتس وۆچى ووت کە هیچ کام لە دوو کچەکەیى ئەنجام خەتەنەنەکردووە، بەڵام ئەمەى لە خزم و دراوسێکانى شاردۆتەوە. ژنەکە ووتى، "نامەوێت هیچ کەسێک قسە بکات و کێشەم بۆ دروست بکات لەلاى دراوسێکانم و مامۆستایانى ئاینى."

لە 9ى حوزەیرانى ئەم ساڵدا، هیومان ڕایتس وۆچ ئامادەى سیمینارێکى پەروەردەى بوو لەسەر یاساى توندوتیژى خێزانى کە بۆ ژنانى ناحیەى حاجى ئاوا سازکرابوو. حاجى ئاوا یەکێکە لەو ناوچانەى کە دانیشتوانەکەى هەر لە  کاتی دەرچوونى یاساکەوە بە ئاشکرا دژایەتى بڕگەکانى قەدەغەکردنى شێواندنى کۆئەندامى زاوزێى مێینەیان کرد. سیمینارەکە بە هاوکارى هەردوو ڕێکخراوى وادى ئەڵمانى و یەکێتى ژنان سازکرابوو. بەپێى ئەو پرسیارانەى ژنانى ئامادەبووى سیمینارەکە دەیان کرد لەسەر قەدەغەبوون یان قەدەغەنەبوونى بەشوودانى بەزۆر یان بەشوودانى منداڵ، توندوتیژى خێزانى و ئەنجامدانی نەریتى خەتەنەکردنى کچان، وا دەردەکەوت ئەو ژنانە هیچیان دەربارەى یاساکە نەدەزانى ئەوە یەکەم جار بوو لەو سیمینارەدا ووردەکاریەکانى یاساکە ببیستن.  

هیومان ڕایتس وۆچ تێبینى کردووە کە هەندێ لەو مامانانەى هەڵدەستان بە خەتەنەکردنى کچان، وازیان لە کارەکەیان هێناوە لەو ناوچانەى ڕێکخراوە ناحکومیەکان هەڵمەتى هۆشیارکردنەوەیان ئەنجامداوە دەربارەى یاساکە، بەڵام بێدەنگى و قسەنەکردن لەسەر بابەتەکە  وادەکات سەلماندنی ئەم بۆچووونە  ئاسان نەبێت. لە 14ى حوزەیران، ژنێکى ناوچەى پشدەر بە هیومان ڕایتس وۆچى ووت، "ئەگەر بمەوێت کچەکەم بەرم بۆ خەتەنەکردن، هیچ مامانێک ناناسم لەم ناوچەکەیەدا. بۆیە دەبێت بڕۆم بۆ ڕانیە یان شوێنێکى تر تا کەسێک بدۆزمەوە."

قەدەغەکردنى شێواندنى کۆئەندامى زاوزێى مێینە و دژایەتى کردنى لەلایەن خەڵکانى ئاینیەوە

لە 6ى تەمووزى ساڵى 2010 دا، پاش بڵاوکردنەوەى ڕاپۆرتەکەى هیومان ڕایتس وۆچ لەسەر شێواندنى کۆئەندامى زاوزێى مێینە لە حوزەیرانى هەمان ساڵدا، لیژنەى باڵاى فتواى یەکێتى زانایانى ئاینى ئیسلامى کوردستان، کە باڵاترین دەستەڵاتە بۆ دەرکردنى فەتوا ئاینیەکان، فتوایەکى دەرکردو تێیدا ڕایگەیاند شێواندنى کۆئەندامى زاوزێى مێینە لە ئیسلامدا فەرزنیە. فتواکە  بە ئاشکرا داواى قەدەغەکردنى نەریتەکەى نەکرد بەڵام هانى دایکان و باوکانى دا کە ئەم نەریتە لەسەر کچەکانیان پەیڕەو نەکەن بەهۆى دەرەنجامە خراپەکانى لەسەر تەندروستى لەشیان. بەڵام لەبەرەوەى گوندنشینەکان تەنها لە ڕێگەى هەڵمەتى هۆشیارکردنەوەى ڕێکخراوە ناحکومیەکانەوە فتواکەیان بیستووە، بۆیە هەندێکیان گومانیان لە دروستى فتواکە هەیە و ڕێگرنەبووە لەسەر بڕیارەکانیان بۆ خەتەنەکردنى کچەکانیان.

لە نێوان کۆتایى مانگى ئایار تا ناوەڕاستى ئاب، هەموو ئەو کەسانەى هیومان ڕایتس وۆچ لە هەرێمى کوردستان قسەى لەگەڵ کردن، زۆربەیان هاوبۆچوون بوون لەسەر ئەوەى کە ئاستەنگى هەرە سەرەکى لەبەردەم جێبەجێ کردنى یاساى توندوتیژى خێزانى دژایەتیەکانى مامۆستایانى ئاینیە. بۆیە پشتگیرى ئەوان لە داهاتوودا کلیلى سەرەکیە بۆ سەرکەوتنى یاساکە. بەڵام هەروەک چالاکەوانێکى مافى مرۆڤ ووتى، "مامۆستایانى ئاینى هەموویان مووچە لە حکومەتەوە وەردەگرن، بۆیە حکومەت ناتوانێت بڵێ کە بێ دەستەڵاتە لە دروست بوونى  کاریگەرى لە سەریان."

Your tax deductible gift can help stop human rights violations and save lives around the world.

Region / Country