Skip to main content

عێراق: ترس و تۆقاندن لە ساڵڕۆژى خۆپیشاندانەکاندا

لێدان و دەست بەسەر کردن لە کوردستان: بەربەست کردنى دەروازەکان لە بەغداى پایتەخت

)بەیروت، 1ى ئازاری 2012) - هیومان ڕایتس وۆچ ئەمڕۆ رایگەیاند کە لە ساڵڕۆژى خۆپیشاندانەکانى شوباتى ساڵى ڕابردوودا کە هەفتانە لە عێراق بەڕێوە دەچوو، هێزەکانى ئاسایش جارێکى تر و لە شوباتى ئەم ساڵیشدا دەستیاندایە ترساندن و تۆقاندنى خۆپیشاندەران.هێزەکانى ئاسایش هەموو دەروازەکانى ئەو ناوچانەیان لە بەغداى پایتەخت  داخست کە خۆپیشاندانیان لێدەکرا. هەروەها  لێدان و دەستگیرکردنى خۆپیشاندەران و دەست بەسەرا گرتنى کامێراى میدیا کاران  و ڕێگری کردنیان لە ڕووماڵ کردنى خۆپیشاندانەکان لە شارى سلێمانیش بەردەوام بوو.

هیومان ڕایتس وۆچ چاوپێکەوتنى لەگەڵ زیاتر لە 15 خۆپیشاندەر و شایەتحاڵ و ڕۆژنامەنووس،  کە ئامادەى  خۆپیشاندانەکانى ساڵڕۆژى  17ى شوباتى کوردستان  و 25ى شوباتى شارى بەغداد بوون، ئەنجامدا. هەندێ لە چالاکەوانان ووتیان لەکاتى  خۆئامادەکردن بۆ خۆپیشاندانەکان هێزەکانى ئاسایش و هەروەها کەسانى نەناسراو هەڕەشەى تووند و تیژیان لێکردوون ئەگەر ئامادەبن لە خۆپیشاندانەکان.

سارا وویتسن، بەڕێوەبەرى هیومان ڕایتس وۆچ لە خۆرهەڵاتى ناوەڕاست،  ووتى،"هێزەکانى ئاسایش هێز بەکاردەهێنن بۆ کۆنترۆڵ کردن و سەرکوتکردنى خۆپیشاندەران هێمنانە. لە کاتێکدا ئاستى تووندو تیژیەکان لەم ساڵدا کەمترە بە بەراوورد بە ساڵى ڕابردوو، بەڵام کاریگەریەکانى بەهەمان شێوەیە- ئەویش بە ڕێگریکردنى هاووڵاتیانى عێراقى لە بەشداریکردنیان لە خۆپشاندانە هێمنانەکاندا."

لێدان و دەست بەسەرکردن لە شارى سلێمانى

لە شوباتى ساڵى ڕابردوودا و سەرەتای دەست پێکردنى خۆپیشاندانەکانى خەڵکى کوردستان، هێزەکانى ئاسایش لانى کەم 10 خۆپیشاندەریان کوشتوو 250ى تریشیان بریندار کرد.

لە 17ى شوباتى ئەم ساڵدا و کاتژمێر 11.30ى سەرلەبەیانى، نزیکەى 150 بۆ 200 خۆپیشاندەر لە بەردەرکى سەرایى شارى سلێمانی خۆپیشاندانێکى هێمنانەیان سازکرد ئەمە لەکاتێکدا  بە سەدان لە هێزەکانى پۆلیس و  ئاسایش لەو شوێنەدا ئامادەبوون.

یەکێک لە خۆپیشاندەران بە هیومان ڕایتس وۆچ ى ووت، "ئێمە ڕۆشتین بۆ یادکردنەوەى خۆپیشاندەرە شەهیدەکانى حەڤدەى شوباتى ساڵى ڕابردوو کە بە دەستى هێزە ئەمنیەکان شەهید کران".

بە ووتەى خۆپیشاندەران و ڕۆژنامەنووسان لە ماوەى 10 خولەکدا، بە سەدانى تر لە هێزەکانى پۆلیس و ئاسایش ڕژانە شوێنەکە و چواردەوورى ناوچەکەیان گرت ئەمە جگە لە دەیانى تر لە هێزەکانى ئاسایش کە بە جلوبەرگى مەدەنیەوە هاتبوون و کەوتبوونە لێدان و هێرش کردنە سەر خۆپیشاندەران. پیاوانى ئاسایش بە زەبرى هێزو پاڵنان زۆرێک لە خۆپیشاندەرانیان لەلایەکى بەردەرکى سەرا لە نزیک بنکەیەکى کۆنى پۆلیس، کە بۆ ماوەیەکى کاتى بەکارهێنرابوو وەک شوێنى دەست بەسەرکردنى خۆپیشاندەران، کۆکردەوە. لەو بنکەیەدا هێزەکانى ئاسایش چەندین خۆپیشاندەریان دەست بەسەر کرد.

پارێزەر هیلال ئیبراهیم بە هیومان ڕایتس وۆچی وت لەو کاتەى خەریکى گرتنى تەکسى بوو پاش رۆشتنی بۆ بازارێکی نزیک لە بەردەرکی سەرا لەلایەن چەند کەسێکەوە هێرشى کرایە سەر کە جلوبەرگى مەدەنیان لەبەردا بوو. هیلال ووتى، لە دواوە بە بۆکس لێیدراو هاوار دەکرا بە سەریدا: "بۆچى هاتووى بۆ خۆپشاندان؟"

هیلال ووتى بە بەرچاوى هێزەکانى ئاسایشەوە چەند کەسێک بە جل و بەرگى مەدەنیەوەز داریان بەدەستەوە بوو کەوتنە ڕاکێشانی بۆ گەراجێکى نزیک ئەو شوێنە. پاشان یەکێک لە پیاوەکان فەرمانى کرد کە وای لێبهێنن و ئینجا پیاوەکە پێى ووت، "بڕۆرەوە بۆ ماڵەوە ئەگینا دەتکوژین."

هێزەکانى ئاسایش چەندین ڕۆژنامەنووس و وێنەگریان دەست بەسەر کرد کە خەریکى ڕووماڵکردنى ڕووداوەکان بوون. دوایى گرتنى چەند وێنەیەکى ڕووداوەکان ڕەحمان غەریب، ڕێکخەرى سەنتەرى میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە ڕۆژنامەنووسان، هێزەکانى ئاسایش دەستیان گرت بەسەر کامێرکەیدا و کەوتنە لێدانى. سەنتەرى میترۆ ژمارەیەکى زۆر حاڵەتی پێشێلکاری بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان تۆمارکردووە. ئەمە جگە لە زیاتر لە 200 حاڵەتى هێرش و هەراسان کردنى خۆپیشاندەران لە خۆپیشاندانەکانى شوبات تا مایزى ساڵى ڕابردوودا

ڕەحمان غەریب، کە لەکاتى ڕووماڵکردنى خۆپیشاندانەکاندا چاکەتێکی پرتەقاڵى لەبەرکردبوو وەک ئاماژەیەک کە ئەو تەنها چاودێرە، ووتى، "یەکێک لە هاوڕێکانم هەوڵیدا ڕزگارم بکات لە دەستى هێزەکانى ئاسایش لەکاتێکدا خەریکى لێدانم بوون. هاوڕێکەم بە پیاوانى ئاسایشی ووت کە من کار بۆ سەنتەرى میترۆ ئەکەم. لەوکاتەدا، یەکێک لە هێزەکانى ئاسایش هاوارى کرد "لە .... تۆ و سەنتەرى میترۆش بەم" ئینجا هاوڕێکەشمیان دەستگیر کرد."

رەحمان ووتی"جێگەى لێدان و شین بوونەوە لەسەر قاچى چەپ و دەستى ڕاستم دیارە. سەرم لە چەند شوێنێکەوە هەڵئاوساوە. هەروەها هێشتا تەلەفۆنەکەمیان بۆم نەگەڕاندۆتەوە."

هەروەها چەند شایەت حاڵێک ووتیان، هێزەکانى ئاسایش لە پێاوێکی تریان داوە کە هەوڵى داوە قەناعەتیان پێبکات تا ڕەحمان غەریب ئازاد بکەن و لە ئەنجامى لێدانەکەدا بەشى خوارەوەى چاوى چەپى پیاوەکە تووشى خوێن بەربوون بووە.

جگە لە لێدان و سووکایەتى کردن بە ڕەحمان غەریب  لە ناو قەرەباڵخیەکەدا، هێزەکانى ئاسایش کەوتوونەتە لێدان و سووکایەتى کردن بە سێباسچن مایەر، کە فوتۆگرافەرێکى ئەمریکیە و کار بۆ ئاژانسی مێترۆگرافى دەکات، لە کاتێکدا مایەر خەریکى گرتنى وێنەى دەستگیرکردنەکان بووە.

مایەر بە هیومان ڕایتس وۆچی ووت، هێزەکانى ئاسایش دەستیان گرت بەسەر کامێراو تەلەفۆنەکەیدا و پاشان لەگەڵ وێنەگرێکى کورد بە ناوى پەژار محمد دەستگیریان کردن.  ڕۆژنامەنووسانى ناوخۆ ووتیان کە هێزەکانى ئاسایش چەندین میدیا کارى تریان دەستگیر کردووە لەوانە تیمى کەناڵى ئاسمانى (کەى. ئێن. ئێن)، تیمى کەناڵى نالیا، هەروەها چەندین ڕۆژنامەنووسى تر.

شایەتحاڵان  بە هیومان ڕایتس وۆچیان ووت، لەناو بنکە کاتیەکەى هێزەکانى ئاسایش لە نزیک بەر دەرکى سەرا، هێزەکانى ئاسایش لێکۆلینەوەیان لەگەڵ 25 تا 30 خۆپیشاندەرو ڕۆژنامەنووس کردووە هەروەها ئازاریان داوون، هەندێکیان بە کۆمەڵ و هەندێکى تریان بە تەنها لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە. چەند خولەکێک پێش کاتژمێر 1ى نیوەڕۆ، هێزەکانى ئاسایش دەست بەسەر کراوەکانیان بە پاس گواستووەتەوە بۆ بەندیخانەى سەرەکى فەرماندەى هێزى پێشمەرگە لە ڕۆژئاواى شارى سلێمانى.

لە بەندیخانەى فەرماندەیى، هێزەکانى ئاسایش مایەر و مامۆستایەکى ترى ئەمریکى کە بە ڕێکەوت لە شوێنى خۆپیشاندانەکاندا بووەو بە هەڵە وەک ڕۆژنامەنووسى بیانى تەماشاکراوە، لە دەست بەسەر کراوەکانى تر جیاکراونەتەوە. مایەر بە هیومان ڕایتس وۆچى ووت، نزیکەى کاتژمێر 2ى پاش نیوەڕۆ یەکەم جار  بردوویانن بۆ مەکتەبى سیاسى یەکێتى نیشتمانى کوردستان پاشان هێزەکانى ئاسایش لەوێوە بردوویانن بۆ فەرمانگەى نیشینگەى سلێمانى لەوێ کارتى مانەوەکەى (ئیقامە) لێسەندراوەتەوە ئینجا پێى ووتراوە  مافى مانەوەى لە کوردستان نەماوە.  کاتژمێر 4ى پاش نیوەڕۆ هێزەکانى ئاسایش مایەر و مامۆستا ئەمریکیەکەیان ئازاد کردووە. لە کۆتایدا، کامێرا و تەلەفۆنەکەى مایەر یان گەڕاندۆتەوە بەڵام کارتى مانەوەکەیان هێشتا بۆ نەگەڕاندۆتەوە

یەکێکى تر لە خۆپیشاندەرە دەستگیر کراوەکان بە هیومان ڕایتس وۆچى ووت، "لەکاتى دەستگیر کردنمدا لەبەر دەرکى سەرا، هێزەکان بە بۆکز لەسەر و پشتیاندام، وەک خۆپیشاندەرەکانى تر، بەڵام لە ڕووى جەستەییەوە ئازار نەدرام کاتێک لە بەندیخانەدا دەست بەسەربووم. ئەفسەرانى لێکۆڵینەوە بەردەوام و هەر جارە بۆ ماوەى 90 خولەک پرسیاریان لێدەکردین. پرسیاریان دەکرد کێ هانى داوم خۆپیشاندان بکەم. فەرمانیان کرد بە هەموو خۆپیشاندەران کە دەبێت  بەڵێن نامەیەک ئیمزا بکەن جارێکى تر بەشدارى هیچ خۆپیشاندانێک نەکەن، پێیان ووتین ئازاد ناکرێین هەتا بەڵێن نامەکە ئیمزا نەکەین. هەندێک ئیمزایان کرد بەڵام هەندێکى ترمان ڕەتمانکردەوە ئیمزاى بکەین.  پاش ماوەیەکى زۆر لە مانەوە، پێیان ووتین دەتوانین بەڵێن نامەیەک ئیمزا بکەین کە دەڵێت بەشدارى لە هیچ خۆپیشاندانێکدا ناکەین کە مۆڵەتى حکومى نەبێت. پاشان پێمەش ئیمزامان کرد بەڵام تا کاتژمێر 9ى شەو ئازاد نەکراین." 

ترس و تۆقاندن لە بەغداد

ئەندامانى چەند گرووپێکى خۆپیشاندەر بە هیومان ڕایتس وۆچیان ووت  کە هەوڵیانداوە  لە 25ى شوبات ساڵڕۆژى خۆپیشاندانەکەى ساڵى ڕابردووى "ڕۆژى توڕەیى" لە ساحەی تەحریرى بەغداد خۆپیشاندان ئەنجام بدەن. لەو ڕۆژەى شوباتى ساڵى ڕابردوودا، بە هەزاران خۆپیشاندەر لەو بازنەیە کۆبوونەوە بە مەبەستى خۆپیشاندانێکى بەربڵاوو دژى گەندەڵى و زیاد کردنى مافە سیاسى و مەدەنیەکان لە عێراقدا.

ساڵێک لەمەوبەرو لەکاتى خۆپیشاندانە سەرتاسەریەکەى ووڵاتدا، هێزەکانى ئاسایش لانى کەم 12 خۆپیشاندەریان کووشتوو 100ى تریشیان بریندار کرد. هیومان ڕایتس وۆچ بینى کە چۆن هێزەکانى ئاسایش لە بەغداد کەووتبوونە وێزەى هاوڵاتیانى خۆپیشاندەرو شکاندنى کامێراى ڕۆژنامەنووسان و دەست بەسەرا گرتنى مێمۆرى کامێراکانیان.

لە 25ى شوباتى ئەمساڵیشدا، دووبارە هێزەکانى ئاسایش بە چەندین شێوازى جیاواز هەوڵى وەستانى خۆپیشاندەرانیاندا لە گەیشتن بە ساحەی تەحریر لە بەغداد. هەندێک لە خۆپیشاندەران بە هیومان ڕایتس وۆچیان ووت، کە هێزەکانى ئاسایش چەندین ڕێگە و دەروازەى ساحەی تەحریریان  لە خۆپیشاندەران گرت لەو ڕۆژەدا  بە بیانووى تەقینەوەى ئۆتۆمبێلى بۆمبڕێژکراو لە ناوچەکەدا. بەڵام خۆپیشاندەران ووتیان کە خاوەن دووکان و فرۆشیارانى ناوچەکە ووتوویانە کە گوێبیستى هیچ جۆرە تەقینەوەیەک نەبوون. لەگەڵ ئەوەش دەسەڵاتدارانى عێراقى هیچ زانیاریەکى دروستیان بە میدیاکان نەداوە لەوبارەیەوە.

هەروەها هێزەکانى ئاسایش بەو خۆپیشاندەرانەی کە بەرەو ساحەی تەحریر ڕۆیشتوون ڕگەیاندووە گوایە زانیارى هەواڵگریان هەیە کە چەندین تێرۆریست لە شوێنەکەدان وهەروەها 11 بۆمبى تەوقیتکراویش لە چەند جێگایەکى جیاوازى ساحەکەدا چێنراون. پاشان بە خۆپیشاندەرانیان ووتوە کە ئەوان ناتوانن گرەنتى سەلامەتى ژیانى خۆپیشاندەران بکەن.  هیومان ڕایتس وۆچ بینى  لە نێوان شوبات و مایزى ساڵى ڕابردوودا هێزەکانى ئاسایش  هەمان بیانوویان بەکارهێنا بۆ ڕێگریکردن لە ڕۆژنامەنووسان و خۆپیشاندەران  لە چوونە ناوەوەیان بۆ ساحەی تەحریر.

هەندێک لەو خۆپیشاندەران کە گەیشتبوونە ساحەکە ووتیان لە ترسى پروپاگەندەکانى هێزەکانى ئاسایش نەیانوێراوە بچنە ناو ساحەی تەحریرەوە. بەپێى گووتەى چاودێران، ژمارەى هێزەکانى ئاسایش، کە هەموویان چەکیان پێبووەو بەشێوەى گرووپ گرووپ لەسەر شەقامەکان بوون لە نێوان 600 تا 1000 کەسدا بووە.

لەو بەیانیەدا و لە کاتێکدا خۆپیشاندەران ڕووبەڕوى چەندین بازگەى کاتى دەبوونەوە لەسەر شەقام و دەروازەکانى ساحەی تەحریر، هێزەکانى ئاسایشى بازگەکان بە خۆپیشاندەرانیان دەووت  لیستێک لە ناوى خۆپیشاندەرانیان لەلایە کە فەرمانى گرتنیان هەیە. هەر خۆپیشاندەرێک کە بە بازگەکاندا تێدەپەڕى دەبوو ناسنامەکەی نیشان بدات تا ناوەکەى بەراوورد بکرێت بە ناوەکانى لیستەکە سەرەنجام ڕێگەى پێبدرێت یان نا بۆ چوونە ناو ساحەی تەحریر. چالاکەوانێکى گەنج، کە نەیوویست ناوى ئاشکرا بکرێت لە ترسى سزاى حکومەت، بە هیومان ڕایتس وۆچى ووت، "سەربازێک بە زەردەخەنەوە بە خۆپیشاندەرانى دەووت، پێدەچێت ناوى تۆمان لابێت لە لیستەکەدا، بۆ نایەیتە پێشەوەو خۆت بە گرتن بدەى؟"

چالاکەوانێکى تر ووتى، یەکێکى تر لە ئەفسەرەکان بە خۆپیشاندەرانى دەووت، تەنانەت  ئەو کەسانەى ناوەکانیان لێکچوون لە ناوەکانى ناو لیستەکە هەر دەستگیر دەکرێن. چالاکەوانەکە ووتى، "کاتێک ئەفسەرەکە ئەمەى ووت، لە دڵى خۆمدا ووتم گرنگ نیە چ ناوێکم هەیە هەر دەستگیرم دەکەن بۆیە شوێنەکەم بەجێهێشت."

خۆپیشاندەرێکى تر، کە لەترسى پۆلیسەکان هەوڵى نەدابوو بە بازگەکاندا تێپەڕێت، ووتى، "لە دەرەوەى ساحەی تەحریر وەستا بووم و چاودێریم دەکرد. بەهیچ شێوەیەک ڕێگەیان بە کەس نەدەدا وێنە بگرێت. ژمارەیەکى زۆر لە سەربازانى سوپا لە شوێنەکەدا بڵاوبووبونەوە  بە جۆرێک هەر نیو مەترێک سەربازێکى لێبوو بە دارەکەى دەستیەوە." 

ڕۆژنامەنووسان بە هیومان ڕایتس وۆچیان ووت، هێزەکانى ئاسایش ڕێگریان لێکردوون لە ڕووماڵ کردنى  خۆپیشاندانەکان ئەوەش بە ڕێگەپێنەدانیان لە چوونە ناو ساحەی تەحریرەوە  بە هەموو ئامێرێکى  وەک کامێرا، تۆمارى دەنگى، مۆبایل و تەنانەت قەڵەمیش. ئاژانسێکى هەواڵى عێراقى بڵاوى کردەوە کە هێزەکانى ئاسایش  بۆ ماوەیەکى کورت چەند ڕۆژنامەنووسێکیان دەست بەسەر کردووە  بە بیانووى "شکاندنى یاساکانى خۆپیشاندان و چوونە شوێنە قەدەغە کراوەکان و وروژاندنى خۆپیشاندەران."  هیومان ڕایتس وۆچ تێبینى کرد  کە هێزەکانى ئاسایش خۆیان هەڵدەقورتاند لە کارى ڕۆژنامەنووساندا لە زیاتر لە 20 خۆپیشاندانى بازنەى تەحریرى  ساڵى ڕابردوودا.

لە دەستوورى نوێى عێراقدا مافى "ئازادى کۆبوونەوەى جەماوەرى و خۆپیشاندانى هێمنانە " دەستەبەر کراوە. وەک ووڵاتێکى بەشدار لە بەڵێن نامەى نێودەوڵەتى دەستەبەر کردنى مافە مەدەنى و سیاسیەکان، پێویستە لەسەر حوکومەتى عێراق پارێزگارى لە مافى ژیان و سەلامەتى هاوڵاتیانى بکات هەروەها پارێزگارى لە مافەکانى ئازادى ڕادەربڕین و دەزگا و کۆبوونەوەى هێمنانەکانیش بکات. لە مانگى مایزى ساڵى  ڕابردوودا، ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق پرۆژە نووسراوێکى پەسەند کرد بە ناوى "یاساى ئازادى ڕادەربڕین، کۆبوونەوەى جەماوەرى و خۆپیشاندانى هێمنانە" پڕۆژە نوسراوەکە دەستەڵات دەدات بە بەرپرسانى ووڵات  لە سنوردار کردنى ئازادى کۆبوونەوەى جەماوەرى، بە بیانووى پارێزگارى کردن لە" بەرژەوەندى گشتى" و بەرژەوەندى "پاراستنى دۆخى ئاسایشى ووڵات  یان بەها گشتتیەکان." یاساکە بە شێوەیەکى ڕوون هەموو پێوەر و لایەنەکان دیارى ناکات. چاوەڕێ دەکرێت پرۆژە نووسراوەکە لەلایەن پەرلەمانى عێراقەوە دەنگى لەسەر بدرێت.

Your tax deductible gift can help stop human rights violations and save lives around the world.

Region / Country