هێزه‌ ئه‌منییه‌كان نه‌ك پارێزگارییان له‌ خۆپیشانده‌ران نه‌كرد، به‌ڵكو به‌شداربوون له‌ په‌لاماردانیاندا
June 30, 2011

له‌جیاتی ئه‌وه‌ی پارێزگاری له‌ خۆپیشانده‌ره‌ هێمنانه‌كان بكه‌ن، پێده‌چێت كه‌ سه‌ربازانی عێراقی ده‌ستیان له‌ناو ده‌ستی بانده‌كاندانابێت بۆ په‌لاماردانی خۆپیشانده‌ران. پێویسته‌ له‌سه‌ر حكومه‌تی عێراقی لێكۆڵێنه‌وه‌ بكات ده‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ بۆچی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ده‌سته‌وسان بوون و رۆڵی ته‌ماشاكه‌ریان ده‌بینی كاتێ كه‌ چه‌ته‌كان كه‌وتنه‌ لێدان و ئه‌تككردنی خۆپیشانده‌ران و لێپێچینه‌وه‌ به‌رامبه‌ریان ئه‌نجامبدرێت.

جۆو سترۆك، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ هیومان رایتس وۆچ

به‌غداد: هیومان رایتس وۆچ رایگه‌یاند كه‌ پێویسته‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق فه‌رمان بده‌ن به‌ ئه‌نجامدانی لێكۆڵێنه‌وه‌یه‌كی خێراو سه‌ربه‌خۆ سه‌باره‌ت به‌ رۆڵی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ په‌لاماردانی خۆپیشانده‌رانی هێمنانه‌ له‌لایه‌ن باندێكی لایه‌نگری حكومه‌ته‌وه‌ له‌ رۆژی 10ی حوزه‌یرانی 2011دا. به‌پێی ووته‌ی شایه‌تحاڵه‌كان، ئه‌و بانده‌، زۆربه‌یان نێرینه‌ی گه‌نج بوون، به‌ دارو چه‌قۆو بۆری ئاسنین و چه‌ندین جۆره‌ چه‌كی تر كه‌وتنه‌ لێدان و به‌رچه‌قۆدانی خۆپیشانده‌رانی هێمنانه‌و هه‌راسانكردنی جه‌سته‌ییانه‌ی خۆپیشانده‌ره‌ مێیینه‌كان.

له‌ رۆژانی دوای خۆپیشاندانه‌كه‌دا، هیومان رایتس وۆچ چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ زیاتر له‌ 25 خۆپیشانده‌ردا ئه‌نجامدا كه‌ ووتیان به‌ مشت و دارو چه‌كی تر لێیاندراوه‌ یان به‌ر چه‌قۆدراون له‌ هێرشه‌كه‌ی رۆژی 10ی حوزه‌یراندا. هیومان رایتس وۆچ تێبینی ئه‌وه‌ی كرد، وه‌ شایه‌تحاڵه‌كانیش دووپاتیانكرده‌وه‌، كه‌ له‌ چه‌ند حاڵه‌تێكدا هێزه‌ ئه‌منییه‌كان رۆڵی ته‌ماشاكه‌ریان ده‌بینی له‌كاتی هێرشكردنه‌سه‌ر خۆپیشانده‌راندا. چه‌ند رێكخه‌رێكی خۆپیشاندانه‌كان به‌ هیومان رایتس وۆچیان وت كه‌ ئه‌و هێرشانه‌ بوونه‌ته‌هۆی تۆقاندنی خه‌ڵك له‌ پیاده‌كردنی مافیان بۆ كۆبوونه‌وه‌ی هێمنانه‌. ئه‌وان ئه‌ڵێن كه‌ له‌ دوو خۆپیشاندانی تری رۆژانی هه‌ینی، 17 و 24ی حوزه‌یران، زۆر له‌ خۆپیشانده‌ران و رێكخه‌ران ئاماده‌ی خۆپیشاندان نه‌بوون، به‌هۆی ترسیان له‌ هێرش و په‌لاماردان.

له‌مباره‌یه‌وه‌، جۆو سترۆك، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ هیومان رایتس وۆچ، وتی، "له‌جیاتی ئه‌وه‌ی پارێزگاری له‌ خۆپیشانده‌ره‌ هێمنانه‌كان بكه‌ن، پێده‌چێت كه‌ سه‌ربازانی عێراقی ده‌ستیان له‌ناو ده‌ستی بانده‌كاندانابێت بۆ په‌لاماردانی خۆپیشانده‌ران. پێویسته‌ له‌سه‌ر حكومه‌تی عێراقی لێكۆڵێنه‌وه‌ بكات ده‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ بۆچی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ده‌سته‌وسان بوون و رۆڵی ته‌ماشاكه‌ریان ده‌بینی كاتێ كه‌ چه‌ته‌كان كه‌وتنه‌ لێدان و ئه‌تككردنی خۆپیشانده‌ران و لێپێچینه‌وه‌ به‌رامبه‌ریان ئه‌نجامبدرێت."

دوو سه‌رچاوه‌ی جیاواز له‌ وه‌زاره‌تی به‌رگری به‌ هیومان رایتس وۆچیان وت كه‌ فه‌رمانێكی وه‌زاری رێگه‌ی به‌ زیاتر له‌ 150 هێزی ئه‌منی له‌ پۆلیس و سوپا داوه‌ به‌ جلوبه‌رگی مه‌ده‌نییه‌وه‌ بچنه‌ ناو خۆپیشانده‌رانی رۆژی 10ی حوزه‌یران. سه‌رچاوه‌كان وتیان كه‌ حكومه‌ت ترسی له‌ زیادبوونی ژماره‌ی خۆپیشانده‌ران بوو له‌و رۆژه‌دا چونكه‌ ئه‌و 100 رۆژ مۆڵه‌ته‌ی كه‌ سه‌رۆك وه‌زیران نوری مالكی له‌ مانگی شوباتدا به‌ڵێنی دابوو بۆ باشكردنی رۆڵی حكومه‌ت، به‌سه‌رچووبوو.

له‌كاتی هێرشه‌كاندا، چوار لایه‌نگری حكومه‌ت، كه‌ هه‌ندێكیان به‌تێڵاوه‌ خۆپیشانده‌رانیان راوده‌نا، خۆیان وه‌ك ئه‌ندامی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق به‌ هیومان رایتس وۆچ ناساند. دووانی تر ناسنامه‌ی (پۆلیس) وه‌زاره‌تی ناوخۆیان نیشانی هیومان رایتس وۆچدا.

جۆو سترۆك وتی، " به‌ده‌گمه‌ن رووده‌دات كه‌ خه‌ڵكان به‌ تێڵاوه‌ ناسنامه‌ی پۆلیس پیشانی ئێمه‌ بده‌ن. پێویسته‌ حكومه‌ت لێكۆلێنه‌وه‌ بكات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ كێ به‌رپرسیاری ئه‌و هێرشانه‌بوون و به‌پێی ئاستی تاوانه‌كانیان سزایان بدات."

خۆپیشانده‌ران به‌ هیومان رایتس وۆچیان وت كه‌ كاتێ له‌ رۆژی 10ی حوزه‌یراندا گه‌یشتنه‌ ساحه‌ی ته‌حریر بۆ ئه‌نجامدانی خۆپیشاندانی هه‌ینییانه‌ دژی حكومه‌ت، بینیان كه‌ ناوچه‌كه‌ له‌لایه‌ن هه‌زاران لایه‌نگری حكومه‌ت و سه‌دان سه‌ربازه‌وه‌ داگیركراوه‌. كارمه‌ندانی هیومان رایتس وۆچ لایه‌نگرانی حكومه‌تیان بینی كه‌ هه‌ڕه‌شه‌یان له‌ خۆپیشانده‌ران ده‌كردو پاشان په‌لاماری خۆپیشاندارانیاندا.

هه‌روه‌ها په‌لامارده‌ران هێرشانكرده‌سه‌ر به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ هه‌شت خۆپیشانده‌رانی مێیینه‌ و كه‌وتنه‌ لێدانیان و پیشكنینیان و هه‌وڵدان بۆ لابردنی جلوبه‌رگیان و به‌ "قه‌حبه‌" ناویان ده‌بردن و چه‌ندین ده‌سته‌واژی تری سوكایه‌تیپێكردنیان به‌رامبه‌ریان به‌كارده‌هێنا.

سه‌رباری ئه‌و ته‌وقه‌ ئه‌منییه‌ تونده‌ی كه‌ به‌ چوارده‌وری ناوچه‌ی خۆپیشانداندا دروستكرابوو، هیومان رایتس وۆچ چه‌ندین حاڵه‌تی بینی كه‌ لایه‌نگرانی حكومه‌ت خۆپیشانده‌رانیان راوده‌ناو لێیانده‌دان وه‌ هێزه‌ سه‌بازییه‌كان ده‌سته‌وسان وه‌ستابوون و رۆڵی ته‌ماشاكه‌ریان ده‌بینی. له‌ هه‌ندێ حاڵه‌تدا، سه‌ربازه‌كان پێده‌كه‌نین كاتێ به‌ به‌رچاویانه‌وه‌ خۆپیشانده‌ران هێرشیان ده‌كرایه‌سه‌ر. سه‌ربازانی عێراقی به‌ جلوبه‌رگی فه‌رمییه‌وه‌ خواردن و خواردنه‌وه‌یان ده‌دایه‌ لایه‌نگرانی حكومه‌ت، له‌نێویاندا بوتڵه‌ ئاوی به‌ستوو. هه‌ندێ له‌و بوتڵه‌ ئاوه‌ به‌ستووانه‌ به‌كارده‌هێنران بۆ لێدانی خۆپیشانده‌ران.

هیومان رایتس وۆچ وتی كه‌ وه‌ك ئه‌ندامێكی په‌یماننامه‌ی نێوده‌ڵه‌تی مافه‌ سیاسی و مه‌ده‌نییه‌كان (ICCPR)، پێویسته‌ له‌سه‌ر عێراق كه‌ پارێزگاری له‌ مافی ژیان و ئاسایشی تاكه‌كان بكات، هه‌روه‌ها پارێزگاری له‌ مافی ئازادی راده‌ربڕین و پێكێهانی گروپ و كۆبوونه‌وه‌ی هێمنانه‌  بكات.

هیومان رایتس وۆچ چه‌ندین جار په‌یوه‌ندی به‌ ووته‌بێژێكی حكومه‌ته‌وه‌ كرد بۆ وه‌رگرتنی زانیاری ده‌باره‌ی تێوه‌گلانی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ هێرشه‌كانی رۆژی 10ی حوزه‌یراندا، به‌ڵام هیچ وه‌ڵامێك نه‌درایه‌وه‌.

جۆو سترۆك وتی، "حكومه‌ته‌كه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران نوری مالكی به‌پرسیاریه‌تی پاراستنی ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی له‌ ئه‌ستۆدایه‌ كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی هێمنانه‌ مافه‌كانی خۆیان له‌ ئازادی راده‌ربڕین و كۆبوونه‌وه‌ پیاده‌ئه‌كه‌ن. وولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكاو حكومه‌ته‌كانی تر كه‌ بانگه‌شه‌ ده‌كه‌ن هاوكاری چاكسازی دیموكراتیانه‌و به‌پرسیاریه‌تی ده‌كه‌ن، پێویسته‌ فشاربخه‌نه‌سه‌ر حكومه‌تی عێراقی كۆتایی به‌و هێرشه‌ بێ پاساوانه‌ بهێنێت."

سه‌ركوتكردنی خۆپیشانده‌ران به‌رفراوان ده‌بێت

هه‌روه‌ك هه‌موو خۆپیشاندانه‌كانی رۆژانی هه‌ینی كه‌ له‌ 25ی شوباته‌وه‌ ئه‌نجامده‌درێن، رۆژی 10ی حوزه‌یران سه‌دان خۆپیشانده‌ر به‌ كۆمه‌ڵی بچوك بچوك گه‌یشتنه‌ ساحه‌ی ته‌حریر له‌ به‌غداد بۆ ئه‌نجامدانی ناڕه‌زایی دژی گه‌نده‌ڵی و نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری. ئه‌و به‌یانییه‌، هه‌زاران لایه‌نگری حكومه‌ت ڕژانه‌ ساحه‌كه‌وه‌، زۆر له‌ لایه‌نگران دارو تێڵایان به‌ده‌سته‌وه‌بوو دروشمی پشتیوانیكردن له‌ سه‌رۆك وه‌زیران نوری مالكیان ده‌وته‌وه‌.

لایه‌نگرانی حكومه‌ت هۆشیارییاندایه‌ خۆپیشانده‌رانیان كه‌ ناوچه‌كه‌ به‌جێبهێڵن به‌پێچه‌وانه‌وه‌ رووبه‌ڕووی توندوتیژی ده‌بنه‌وه‌، و پاشان په‌لاماری ئه‌و كه‌سانه‌یاندا كه‌ ئاماده‌نه‌بوون داواكه‌یان جێبه‌جێبكه‌ن. كارمه‌ندانی هیومان رایتس وۆچ له‌ كاتی چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ خۆپیشانده‌ره‌ لێدراوه‌كاندا له‌ رۆژانی دوای خۆپیشاندانه‌كان، نیشانه‌ی لێدان و بڕین و پیاكێشانی په‌لاماره‌كانی له‌سه‌ر سه‌رو  سنگ و پشتی خۆپیشانده‌ره‌ لێدراوه‌كانی بینی.

یه‌كێك له‌ خۆپیشانده‌ره‌كان كه‌ رۆژی 12ی حوزه‌یران هیومان رایتس وۆچ چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵدا ئه‌نجامدا، برینێكی خۆێناوی له‌لای راستی سكیه‌وه‌ هه‌بوو:

كه‌سێك ئاگاداری كردمه‌وه‌ كه‌ ناوچه‌كه‌ به‌جێبهێڵم، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ لێمانده‌درێت. ئه‌وه‌نده‌ی پێنه‌چوو، هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ده‌وریاندابووین به‌ دار كه‌وتنه‌ گیانمان و هاواریان ده‌كرد كه‌ ئێمه‌ به‌عسی و تیرۆریستین. هاواریان ده‌كرد "مالكی، هه‌موومان له‌گه‌ڵتاین. ده‌وڵه‌تی یاسا (لیسته‌كه‌ی مالكی) هه‌موومان له‌گه‌ڵتاین." و لێیانده‌داین، من به‌رچه‌قۆ درام. سێ ئافره‌ت وایانده‌زانی لێیاننادرێت و هه‌وڵیاندا ئێمه‌ بپارێزن، به‌ڵام ئه‌وانیش به‌رچه‌قۆ دران. به‌ بڵندگۆ هاواریان ده‌كرد "ئه‌گه‌ر ئه‌م ناوچه‌یه‌ به‌جێنه‌هێڵن، ئه‌وا سه‌رتان ئه‌بڕدرێت." ئێمه‌ش ده‌ستمان به‌یه‌كه‌وه‌ گرت و رامانكرد.

یه‌كێك له‌ خۆپیشانده‌ره‌كان كه‌ دارشه‌ق به‌كارده‌هێنێت به‌هۆی لێدانییه‌وه‌ وتی كاتێ هه‌وڵیده‌دا یارمه‌تی خۆپیشانده‌رێكی تر بدات كه‌ لێیده‌درا په‌لامارده‌ره‌كان كێشایان به‌ زه‌وویداو كه‌وتنه‌ لێدانی.

سێ خۆپیشانده‌ر كه‌ له‌ هێرشه‌كاندا برینداربوبوون به‌ جیا به‌ هیومان رایتس وۆچیان راگه‌یاند كه‌ له‌ترسی ده‌ستگیركردن سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌یان نه‌كردووه‌ بۆ وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ر. ئه‌و خۆپیشانده‌ره‌ی كه‌ چه‌قۆ له‌ سكی درابوو، وتی، "ترسمان هه‌بوو له‌ به‌كارهێنانی ئۆتۆمبیلی فریاكه‌وتن یان چوون بۆ نه‌خۆشخانه‌، چونكه‌ ئێستا ئه‌وان ئۆتۆمبیلی فریاكه‌وتن به‌كارده‌هێنن بۆ ده‌ستگیركردنی خه‌ڵك."

له‌ ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌ی پێشوودا، ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراقی چه‌ندین رێكخه‌ری خۆپیشاندانه‌كانی به‌غدادیان ده‌ستگیركردوه‌و لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ كردوون و لێیانداون. له‌ حاڵه‌تێكدا، رۆژی 27ی ئایار، چه‌ند كه‌سێك به‌ جلوبه‌رگی مه‌ده‌نییه‌وه‌و به‌ هاوكاری هێزه‌ ئه‌منییه‌كان، چوار خوێندكاریان ده‌ستگیركرد، و دواتر له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه‌ هه‌تا رۆژی 7ی حوزه‌یران زیندانیكران. هه‌ر چوار ده‌ستگیركراوه‌كه‌و سێ شایه‌تحاڵی ده‌ستگیركردنه‌كه‌یان به‌ هیومان رایتس وۆچیان وت كه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ئۆتۆمبیلی فریاكه‌وتنیان به‌كارهێنابوو بۆ گرتن و گواستنه‌وه‌ی خۆپیشانده‌ران له‌ شوێنی خۆپیشاندانه‌كه‌دا.

یه‌كێك له‌ خوێندكاره‌كان وتی، "كاتێ كه‌ ده‌ستگیریان كردم توره‌كه‌یان كرده‌ سه‌رم بۆ ئه‌وه‌ی هیچ نه‌بینم. كاتێ كه‌ خرامه‌ ناو ئۆتۆمبیلێكه‌وه‌ له‌ژێر توره‌كه‌كه‌وه‌ تۆزێك شتم ئه‌بینی، سه‌یرم لێهات كه‌ بوتڵی ئۆكسجین و كه‌لوپه‌لی تری پزیشكیم بینی و بۆم ده‌ركه‌وت كه‌ له‌ ناو ئۆتۆمبیلی فریاكه‌وتندام. كاتێ كه‌ له‌ ئۆتۆمبیلی فریاكه‌وتنه‌كه‌ دایانگرتم، بینم كه‌ هه‌مان جۆری ئه‌و ئۆتۆمبیله‌بوو كه‌ له‌ نزیك خۆپیشانده‌ركانه‌وه‌ وه‌ستێنرابوو."

په‌لاماردانی خۆپیشانده‌رانی مێیینه‌

له‌نێو ئه‌و خۆپیشانده‌ره‌ مێیینانه‌ی كه‌ رۆژی 10ی حوزه‌یران هێرشی سێكسی كرابوویه‌سه‌ر، ئافره‌تێكی ته‌مه‌ن 19 ساڵ بوو، كه‌ رۆژێك دوای خۆپیشاندانه‌كان، ئاوسانی ده‌م و چوارده‌وری دانێكی شكاو و برینی سه‌ر سكی پیشانی هیومان رایتس وۆچدا. ئه‌و ئافره‌ته‌ به‌ هیومان رایتس وۆچی وت كه‌ چه‌ند پیاوێك ده‌ستیان بۆ جه‌سته‌و پانتۆڵی بردووه‌:

بینیم ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ هاواریان ده‌ركرد به‌سه‌رماندا هێرشیان كرده‌سه‌ر ژنێكی گروپه‌كه‌ی ئێمه‌. منیش هه‌وڵمدا رایكێشم بۆ لای خۆمان، به‌ڵام منیش راكێشرام و درام به‌ زه‌ویدا كه‌وتنه‌ لێدانم، به‌ زۆری له‌ سكم درا. هه‌وڵمدا هه‌ستمه‌وه‌، به‌ڵام له‌ رووخسارم درا و دانم شكێنرا. كه‌وتمه‌وه‌ سه‌ر زه‌وی و به‌رده‌وام لێمده‌درا، ده‌ستمیان گرت. یه‌كێك له‌ په‌لامارده‌ره‌كان زنجیری پانتۆڵه‌كه‌می كرده‌وه‌و هه‌وڵیدا دایكه‌نێت. من شه‌قم ئه‌وه‌شاندو هه‌وڵمده‌دا خۆم رزگاربكه‌م. پێیانده‌وتم كه‌ قه‌حبه‌م هاواریان ده‌كرد به‌سه‌رمدا كه‌ ئه‌مكه‌نه‌ عیبره‌ت بۆ ئه‌وه‌ی ئافره‌تانی تر نه‌یه‌ن بۆ خۆپیشاندان. له‌ شێوازی هێرشكردنیاندا، وا هه‌ستم ئه‌كرد كه‌ ئه‌یانویست ئیغتصابم بكه‌ن.

خۆپیشانده‌رێكی تری مێیینه‌ به‌ هیومان رایتس وۆچی وت:

دوای گه‌یشتمنان، ئه‌وه‌نده‌ی پێنه‌چوو خه‌ڵكێكی زۆر ده‌وریانداین. هه‌ندێ پیاو له‌ پشتمه‌وه‌ ده‌ستیان بۆ ئه‌بردم، و ده‌ستیان برده‌ ژێر جلوبه‌رگمه‌وه‌. هه‌وڵمدا یه‌كێك له‌وانه‌ بوه‌ستێنم كه‌ ئه‌و كاره‌ی ئه‌كرد، به‌ڵام مه‌چه‌كی گرتم و ده‌ستمی كێشایه‌وه‌ دواوه‌. كاتێ كه‌ ده‌ستبه‌سه‌ربووم هاواریان ده‌كرد به‌سه‌رمدا كه‌ قه‌حبه‌م  و پرسیاریان لێده‌كردم كه‌ به‌چه‌ند كرده‌وه‌ی جنسی ئه‌نجامده‌ده‌م. ئه‌زانم كه‌ هێزه‌كانی سوپا ئێمه‌یان ده‌بینی كه‌ چونكه‌ سه‌یری یه‌كترمان ده‌كرد.

خۆپیشانده‌رێكی مێیینه‌ كه‌ برین به‌سه‌ر شان و ڕان و پشتییه‌وه‌ بوو، وتی "یه‌كه‌مجار ئه‌و لافته‌یه‌یان برد كه‌ به‌ده‌ستمه‌وه‌ بوو، وتیان كه‌ ئێمه‌ هه‌موومان قه‌حبه‌ین. دوای ئه‌وه‌ كێشرام به‌ زه‌ویدا و راكێشرام و لێدرام. وا هه‌ستمكرد كه‌ ده‌مڕفێنن."

ئافره‌تێكی تر وتی:

له‌ خاڵی پشكنینی هێزه‌ ئه‌منییه‌كاندا كه‌ له‌سه‌ر رێگادابوو، یه‌كێك له‌و ئافره‌تانه‌ی كه‌ پشكنینی ئه‌مجامده‌دا وتی پێمان ئه‌و رۆژه‌ نه‌چین بۆ ساحه‌كه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر بچین زۆر خراپ ئه‌بێت بۆمان. به‌ڵام ئێمه‌ نه‌مانزانی كه‌ تا ئه‌و ئه‌ندازه‌یه‌ خراپ ئه‌بێت، و به‌رده‌وام خراپتریش ئه‌بوو. پاش ئه‌وه‌ی ده‌ستیانكرد به‌ لێدانمان و منیش هه‌وڵمده‌دا خۆم له‌ده‌ستیان رزگاربكه‌م، گوێم له‌ كه‌سێك بوو ئه‌یوت، "ئه‌م قه‌حبه‌یه‌ له‌گه‌ڵیانه‌، لێیبده‌ن."

ئافره‌تێكی ته‌مه‌ن 51 ساڵی به‌ هیومان رایتس وۆچی راگه‌یاند كه‌ چه‌ند كه‌سێك به‌ بۆكس كه‌وتنه‌ لێدانی سنگی و ئه‌و تابلۆیه‌یان لێسه‌ند كه‌ به‌ ده‌ستییه‌وه‌ بوو. ئافره‌تێكی تر وتی كه‌ كاتێی ویستوویه‌تی خۆی رزگاری بكات، به‌ دار به‌ پشتیدا كێشراوه‌.

به‌هاناوه‌نه‌هاتنی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان

هیومان رایتس وۆچ تێبینی كرد كه‌ سه‌دان ئه‌ندامی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ده‌وڵه‌ت رۆژی 10ی حوزه‌یران ته‌قی شوێنی خۆپشاندانه‌كانیان گرت، به‌ڵام كاتێ كه‌ په‌لامارده‌ران هێرشیانكرده‌سه‌ر خۆپیشانده‌ران ئه‌و هێزانه‌ نه‌هاتنه‌ ده‌نگ بۆ به‌رگریكردن له‌ خۆپیشانده‌ران. هیومان رایتس وۆچ شایه‌تحاڵی چه‌ندین حاڵه‌ت بوو كه‌ تێیدا لایه‌نگرانی حكومه‌ت خۆپیشانده‌رانیان راوه‌دوده‌ناو لێیانده‌دان به‌ڵام هێزه‌ سه‌ربازییه‌كان ده‌سته‌وسان بوون و له‌ هه‌ندێ حاڵه‌تدا پێده‌كه‌نین.

ئه‌و خۆپیشانده‌ره‌ی كه‌ چه‌قۆ له‌ سكی درابوو، وتی "له‌ رێگای چونمان بۆ خۆپیشاندان چه‌ندین جار له‌ لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌مانه‌وه‌ پشكنراین، و ئه‌وان رێگرییان لێكردن له‌ هێنانی تابلۆو لافیته‌- ته‌نانه‌ت ئاڵای عێراقیش- بۆ ناو خۆپیشاندانه‌كه‌. به‌ڵام لایه‌نگرانی مالكی به‌بێ ئه‌وه‌ی بپشكنێرن هاتوچۆیان ده‌كرد."

زیاتر له‌ 20خۆپیشانده‌ر به‌ هیومان رایتس وۆچیان وت كه‌ لایه‌نگرانی حكومه‌تیان بینییوه‌ چه‌قۆی بچوك و بۆری ئاسنین و كه‌ته‌ر و ده‌مانچه‌ی كاره‌بایی و ته‌نانه‌ت ده‌مانچه‌ی بچوكیشیان پێبووه‌. ئه‌و چه‌كه‌ی كه‌ زۆر به‌رچاو ده‌كه‌وت و له‌ لایه‌ن په‌لامارده‌رانه‌وه‌ به‌كارهێنرا بریتیبوو له‌و دارانه‌ی كه‌ لافیته‌یان پێ به‌رزده‌كرێته‌وه‌، وه‌ په‌لامارده‌ران ئه‌و دارانه‌یان به‌ به‌رچاوی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ هه‌ڵگرتبوو. هیومان رایتس زۆچ تێبینی ئه‌وه‌ی كرد كه‌ چه‌ند دانه‌یه‌ك له‌و دارانه‌ جێ بزمار كاپیسه‌یان پێوه‌نه‌بوو كه‌ به‌كارده‌هێنرێن بۆ داكوتینی لافیته‌.

له‌ حاڵه‌تێكدا، كارمه‌ندێكی هیومان رایتس وۆچ خۆپیشانده‌رێكی بینی كه‌ له‌ كاتی لێدانیدا په‌نای برد بۆ كۆمه‌ڵێك سه‌رباز، به‌ڵام سه‌بازه‌كان پشتیان لێهه‌ڵكرد. پاشان خۆپیشانده‌ركه‌ له‌ رێی بۆشاییه‌كه‌وه‌ كه‌ له‌ دیواره‌ كۆنكرێتییه‌كاندابوو رایكرد بۆ بازاڕێكی نزیك له‌ شوێنی خۆپیشاندانه‌كه‌.له‌و كاته‌دا سه‌بازه‌كان رێگه‌یان بۆ په‌لامارده‌ره‌كان كرده‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دوای خۆپیشانده‌ره‌كه‌ بكه‌ون، و پاشان گه‌ڕانه‌وه‌ شوێنه‌كه‌ی خۆیان و هه‌ندێ له‌ سه‌بازه‌كان له‌نێو خۆیاندا پێده‌كه‌نین.

چه‌ند خۆپیشانده‌رێكی تر به‌ هیومان رایتس وۆچیان وتی كه‌ كاتێ په‌نایان بۆ هێزه‌ ئه‌مه‌نییه‌كان بردووه‌و داوای به‌هاناوه‌ هاتنیان لێكردوون، هێزه‌ ئه‌منییه‌كان گاڵته‌یان پێكردوون. ئه‌و ئافره‌ته‌ ته‌مه‌ن 19 ساڵه‌ی كه‌ وتی په‌لامارده‌ره‌كان ده‌ستیان بۆ بردووه‌، به‌ هیومان رایتس وۆچی راگه‌یاند:

یه‌كێك له‌ پیاوه‌كانی گروپه‌كه‌مان توانی من له‌ ده‌ستی په‌لامارده‌كان ده‌ربهێنێت و ڕامانكرد، له‌و كاته‌دا چه‌ندین كه‌س لێیانده‌داین. كاتێ كه‌ له‌ په‌لامارده‌ره‌كان رزگارمان بوو، من زۆر توڕه‌بووم و پرسیارم له‌ سه‌بازه‌كان كرد كه‌ بۆچی به‌هانامانه‌وه‌ نه‌هاتن. یه‌كێك له‌ سه‌ربازه‌كان وتی، "ئێمه‌ ده‌ستوه‌رناده‌ین- ئه‌وه‌ له‌ نێوان خۆتاندایه‌." كاتێ كه‌ دووركه‌وتینه‌وه‌، ئه‌و سه‌ربازانه‌ی كه‌ ده‌وری ساحه‌كه‌یان دابوو به‌ زاره‌كی سوكایه‌تییان پێده‌كردین. هه‌ندێكیان پێده‌كه‌نین به‌وه‌ی كه‌ من لێمدرابوو، وه‌ یه‌كێكیان وتی، "لێیان گه‌ڕێ هه‌موو رۆژێكی هه‌ینی بێن و لێیان بدرێت. وا ئه‌زانم ئیتر نایه‌نه‌وه‌ به‌م شوێنه‌دا."

خۆپیشانده‌رێكی تر به‌ هیومان رایتس وۆچی وتی، "كاتێ كه‌ له‌ ساحه‌ی ته‌حریر چوینه‌ ده‌ره‌وه‌، زۆر له‌ خه‌ڵكه‌ په‌لامارده‌ره‌كان دوامان كه‌وتن، هه‌ڕه‌شه‌یان لێده‌كردین و دارو بۆری ئاسنیان به‌ده‌سته‌وه‌ بوو، به‌ به‌رچاوی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌."

تێوه‌گلانی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان

له‌ پێش خۆ پیشاندانه‌كه‌دا، له‌ رۆژانی 3 و 6ی حوزه‌یراندا، دوو سه‌رچاوه‌ له‌ وه‌زاره‌تی به‌رگری، یه‌كێكیان ئه‌فسه‌رێكی پله‌ به‌رز، به‌ جیا به‌ هیومان رایتس وۆچیان وت كه‌ فه‌رمانێكی وه‌زاری ده‌ركراوه‌ بۆ ناردنی زیاتر له‌ 150 پۆلیس و سوپا به‌ جل و به‌رگی مه‌ده‌نییه‌وه‌ بۆ ناو خۆپیشانده‌ران له‌ رۆژی 10ی حوزه‌یراندا. ئه‌فسه‌ره‌ پله‌ به‌رزه‌كه‌ وتی كه‌ ترسی له‌ سه‌لامه‌تی گیانی خۆپیشانده‌ران هه‌یه‌ و رایگه‌یاند كه‌ سروشتی ناردنه‌ ناوه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ له‌ رۆژی 10ی حوزه‌یراندا "جیاواز" ده‌بێت له‌ هه‌فته‌كانی پێشوو، چونكه‌ رۆژی 10ی حوزه‌یران مۆڵه‌تی ئه‌و 100 رۆژه‌ ته‌واو ده‌بێت كه‌ مالكی له‌ دوای خۆپیشاندانه‌كانی 25ی شوبات رایگه‌یاند بۆ باشكردنی ئه‌دائی حكومی. ئه‌فسه‌ره‌كه‌ وتی كه‌ حكومه‌ت "زۆر هه‌ستیاره‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ خۆپیشانده‌ران له‌ رۆژی 10ی حوزه‌یراندا به‌ ژماره‌ی زۆر بێنه‌ ده‌ره‌وه‌" و حكومه‌ت شه‌رمه‌زار بكه‌ن.

له‌كاتی خۆپیشاندانه‌كاندا، چوار كه‌س كه‌ لایه‌نگری حكومه‌ت بوون به‌ جلوبه‌رگی مه‌ده‌نییه‌وه‌ به‌ جیا خۆیان وه‌ك ئه‌ندامی هێزه‌ ئه‌منییه‌مانی عێراق به‌ هیومان رایتس وۆچ ناساند. دوو له‌و كه‌سانه‌ ناسنامه‌ی (پۆلیس) وه‌زاره‌تی ناوخۆیان پیشانی هیومان رایتس وۆچ دا.

جیاواز له‌ هه‌ینییه‌كانی پێشوو، هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی عێراق خواردن و خواردنه‌وه‌یان ده‌به‌خشییه‌ لایه‌نگرانی حكومه‌ت، له‌نێویاندا بوتڵه‌ ئاوی به‌ستوو. هه‌ندێ له‌ خۆپیشانده‌ران به‌ هیومان رایتس وۆچیان وت كه‌ لایه‌نگرانی حكومه‌ت ئه‌و بوتڵه‌ ئاوه‌ به‌ستووانه‌یان به‌كارهێناوه‌ بۆ لێدانیان یان بوتڵه‌ ئاوی به‌ستوویان تێگرتوون.

له‌ نێو لایه‌نگرانی حكومه‌تدا، زیاتر له‌ 1000 كه‌س له‌ ده‌ره‌وه‌ی شاره‌وه‌ به‌ پاس هێنرابوون، هه‌ندێ له‌ پاسه‌كان ژماره‌ی حكومییان پێوه‌بوو. یه‌كێك له‌ خۆپیشانده‌ره‌كان كه‌ خه‌ڵكی به‌غداد بوو به‌ هیومان رایتس وۆچی راگه‌یاند كه‌ كاتێ كه‌ چووه‌ بۆ ساحه‌ی ته‌حریر خزم و كه‌سوكاری خۆی بینیوه‌ كه‌ له‌ ناسرییه‌وه‌ هاتبوون. هه‌روه‌ها وتی كه‌ له‌گه‌ڵ بینینیدا خزمه‌كانی ده‌ستبه‌جێ ئه‌و ئاڵایه‌یان لێكرده‌وه‌ كه‌ له‌ خۆی ئاڵاندبوو، له‌ خۆپیشاندان رایانكێشایه‌ ده‌ره‌وه‌، "وتیان كه‌ ئه‌گه‌ر لایه‌نگرانی مالكی بزانن خۆپیشانده‌رم ئه‌وا ئازار ئه‌درێم."

پێده‌چوو لایه‌نگرانی حكومه‌ت باش رێكخرابن- چه‌ندین خێمه‌ كه‌ ئامێری فێنككه‌ره‌وه‌یان تێدابوو ئاماده‌كرابوون ، و لافیته‌كان به‌شێوه‌یه‌كی پرۆفێشناڵانه‌ چاپكرابوون، هه‌ندێك له‌ لافیته‌كان نیشانه‌ی (X) له‌سه‌ر ناوچه‌وانی فیراس ئه‌لجه‌بوری پێوه‌بوو. ناوبراو چالاككارێكی پێشووی مافه‌كانی مرۆڤه‌و تۆمه‌تباركراوه‌ به‌ به‌شداریكردن له‌ هێرشێكی تائیفی بۆ سه‌ر كه‌ژاوه‌یه‌كی زه‌ماوه‌ند له‌ ساڵی 2006دا له‌ شارۆچكه‌ی دوجه‌یل.

له‌گه‌ڵ نزیك بوونه‌وه‌ی 10ی حوزه‌یراندا، كه‌ناڵی حكومی ئه‌لعێراقییه‌، چه‌ندین جار دانپێدانانی فیراس ئه‌لجه‌بوری و دیمه‌نی شوێنی تاوانه‌كه‌ی بڵاوكرده‌وه‌، و به‌رده‌وام ئاماژه‌ی به‌وه‌ ده‌دا كه‌ چالاككاری مافه‌كانی مرۆڤه‌. به‌رگریكارانی مافه‌كانی مرۆڤ له‌ عێراق به‌ هیومان رایتس وۆچیان وت كه‌ ترسیان له‌وه‌یه‌ فیراس ئه‌لجه‌بوری له‌ژێر فشاردا ئیعترافی كردبێت و حكومه‌ت تۆمه‌ته‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ گوایه‌ تێوه‌گلابێت له‌ هێرشه‌كه‌ی دوجه‌یلدا به‌كاربهێنێت بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ چالاككارانی ئۆپۆزسیۆن و خۆپیشانده‌ران وه‌ك تیرۆریست وێنه‌ بكات.

له‌ رۆژی 10ی حوزه‌یراندا، لایه‌نگرانی حكومه‌ت له‌ ساحه‌ی ته‌حریر، هاواریانده‌كرد بۆ له‌سێداره‌دانی فیراس ئه‌لجه‌بوری و كاغه‌زێكیان بڵاوده‌كرده‌وه‌و كه‌ پێده‌چوو به‌یاننامه‌ی فه‌رمی وه‌زاره‌تی مافه‌كانی مرۆڤی عێراقی بێت و تێیدا داوای "توندرین سزا" ی ده‌كرد بۆ فیراس و هاوكاره‌كانی.

رۆژی 16ی حوزه‌یران، هه‌ر 15 تۆمه‌تباره‌كه‌ی رووداوه‌كه‌ی دوجه‌یل، له‌نێویاندا فیراس ئه‌لجه‌بوری، له‌لایه‌ن دادگای ناوه‌ندی تاوانه‌كانی عێراقه‌وه‌ به‌ سزای له‌سێداره‌دان حوكمدران.

بێده‌نگكردنی ره‌خنه‌گران

به‌ ووته‌ی عامر ئه‌لقه‌یسی، موحه‌ریری جێبه‌جێكاری رۆژنامه‌ی ئه‌لمه‌دا، رۆژی 20ی حوزه‌یران، رۆژنامه‌كه‌ ئاگادارییه‌كی پێگه‌یشتووه‌ كه‌ قاسم عه‌تا، وته‌بێژی فه‌رمانده‌یی كرده‌ سه‌ربازییه‌كانی به‌غداد، چه‌ند داوایه‌كی یاسایی دژی ستافی رۆژنامه‌كه‌ تۆماركردووه‌ دوابه‌دوای ئه‌وه‌ی رۆژنامه‌كه‌ زنجیره‌یه‌ك بابه‌ت و ستوونی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی ده‌باره‌ی شێوازی مامه‌ڵه‌كردنی هێزه‌كانی حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتدران له‌گه‌ڵ خۆپیشانده‌ران بڵاوكرده‌وه‌. فه‌رمانده‌یی كرده‌ سه‌ربازییه‌كانی به‌غداد كاروباری ئه‌منی به‌غداد رێكده‌خات و په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆی به‌ نوسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانه‌وه‌ هه‌یه‌. سه‌رجه‌می بڕی قه‌ره‌بوو كه‌ له‌ هه‌ر چوار داوا یاساییه‌كه‌ هاتووه‌ بریتییه‌ له‌ 8 ملیار دیناری عێراقی (6 ملیۆن و 850 هه‌زار دۆلاری ئه‌مه‌ریكی). رۆژی 11ی حوزه‌یران، دامه‌زراوه‌ی ئه‌لمه‌دا، كه‌ رێكخراوێكی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی تۆماركراوه‌ و رۆژنامه‌كه‌ ده‌رده‌كات، كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌گه‌ری سازكرد، كه‌ تێیدا حه‌وت خۆپیشانده‌ر وتیان كه‌ له‌ خۆپیشاندانی رۆژی پێشتردا له‌ لایه‌ن لایه‌نگرانی حكومه‌ته‌وه‌ برینداركرابوون.

رێكخراوی ئازادیه‌كانی ژنانی عێراق كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌نووسی رێكخست بۆ رۆژی 13ی حوزه‌یران بۆ ئه‌وه‌ی چه‌ند خۆپیشانده‌رێكی ئافره‌ت كه‌ قوربانی هه‌راسانكردنی جه‌سته‌ییبوون و لێیاندرابوو له‌ رۆژی 10ی حوزه‌یراندا به‌سه‌رهاتی خۆیان بگێڕنه‌وه‌. ستافی رێكخراوی ئازادیه‌كانی ژنانی عێراق و دوو رۆژنامه‌نووس كه‌ ئاماده‌بوون وتیان كه‌ سێ كه‌س به‌ جلوبه‌رگی مه‌ده‌نییه‌وه‌ پێش ئه‌وه‌ی كۆنفرانسه‌كه‌ ده‌ستپێبكات خۆیان كردووه‌ به‌ ژووره‌وه‌داو به‌شێوه‌یه‌كی هه‌ڕه‌شه‌ئامێز پرسیاریان له‌ رۆژنامه‌نووسان كردووه‌. زۆربه‌ری رۆژنامه‌نووسه‌كان كۆنفرانسه‌ رۆژنامه‌نووسییه‌كه‌یان به‌جێهێشتوو و كۆنفرانسه‌ رۆژنامه‌نووسییه‌كه‌ هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه‌.

پاشان، سێ كه‌سه‌كه‌ بۆ ماوه‌ی زیاتر له‌ كاتژمێرێك له‌ ئۆفیسه‌كه‌دا مانه‌وه‌. ستافی رێكخراوه‌كه‌ وتیان كه‌ كاتێ پرسیاریان له‌ ئه‌و سێ كه‌سه‌ كردووه‌ بۆ نیشاندانی ناسنامه‌یان، یه‌كێكیان ناسنامه‌ی فیرقه‌ی 6ی سوپای نیشانداون. رۆژنامه‌نووسان و به‌شداربوونی كۆنفرانسه‌ رۆژنامه‌نووسییه‌كه‌ وتیان كه‌ كاتێ له‌ ده‌روازه‌ی بیناكه‌ چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ سه‌ربازی سوپاو ئۆتۆمبیلیان بینی كه‌ جاده‌كه‌یان داخستبوو.

له‌باره‌ی خۆپیشاندانه‌كانه‌وه‌

ده‌سه‌ڵاتدرانی عێراق چه‌ند هه‌نگاوێكیان هاویشتووه‌ بۆ بنبڕكردنی خۆپیشاندان له‌شوێنه‌ گشتییه‌كانی پایته‌ختدا. رۆژی 13ی نیسان، به‌رپرسان چه‌ند رێنمایه‌كیان ده‌ركرد كه‌ خۆپیشاندانی له‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان قه‌ده‌غه‌كرد و سێ یاریگای تۆپی پێیان بۆ خۆپیشاندان ته‌رخانكرد.

له‌ كۆتایی شوباتدا، هێزه‌كانی پۆلیسی عێراق رێگه‌یان به‌ ده‌یان په‌لامارده‌ردا، كه‌ هێرش بكه‌نه‌سه‌ر خۆپیشانده‌رانی هێمنانه‌ له‌ به‌غداد. له‌ به‌ره‌به‌یانی رۆژی 21ی شوباتدا، ده‌یان كه‌س، هه‌ندێكیان دارو چه‌قۆیان پێبوو، هێرشیانكرده‌سه‌ر نزیكه‌ی 50 خۆپیشانده‌ر كه‌ له‌ ساحه‌ی ته‌حریر له‌ به‌غداد خێمه‌یان هه‌ڵدابوو. له‌ خۆپیشاندانه‌كانی 25ی شوباتدا، هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ سه‌رانسه‌ری عێراقدا به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ 12 خۆپیشانده‌ریان كوشت و زیاتر له‌ 100ی تریان برینداركرد. نوێنه‌رانی هیومان رایتس ۆچ بینیان كه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی به‌غداد له‌ رۆژنامه‌نووس و خۆپیشانده‌ریان ده‌دا و كامێرایان ده‌شكاند و مێمۆری كارتی كامێرایان ده‌برد.

ده‌ستوری عێراق مافی "ئازادی كۆبوونه‌وه‌و خۆپیشاندانی هێمنانه‌" ی مسۆگه‌ركردووه‌. هه‌روه‌ها وه‌ك ئه‌ندامێك له‌ په‌یماننامه‌ی نێوده‌ڵه‌تی مافه‌ مه‌ده‌نی و سیاسییه‌كان، ده‌وڵه‌تی عێراق ده‌بێت پابه‌ندبێت له‌ دابینكردنی پارێزگاری ژیان وسه‌لامه‌تی هه‌ر هاوڵاتییه‌ت، و مافی ئازادی راده‌ربڕین و پێكهێنانی رێكخراو وكۆبوونه‌وه‌ی هێمنانه‌.